یه‌کسانی ئابووری و یه‌کسانی سیاسی
گوفتمانی یه‌کسانیی ناوچه‌ی ئیگلیزی زمان به گشتی له ژێر کاریگه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی “جۆ ڕۆڵس” دایه. ئه‌گه‌ر به گشتی ناوه‌رۆک و سه‌بکی ئه‌و گوفتمانه لێکبده‌مه‌وه، ئه‌وه ده‌توانم به‌م شێوه ئه‌نجامگیری بکه‌م: به گشتی له‌و به‌ستێنه‌دا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێت که نایه‌کسانی سیاسی له نایه‌کسانی ئابووری جودا بکرێته‌وه و نایه‌کسانی ئابووری به بوارێکی بێمانای ئیخلاق له قه‌ڵه‌م بدرێ. من له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ئه‌و تیئۆرییه ده‌ناسێنم که “دانیێله ئالێن” پاش “ڕۆڵس” دایڕشتووه و له ژێر ناوی تیئۆری “ده‌سه‌ڵات به‌بێ جیاوازی” ناوی ده‌رکردووه. له هه‌نگاوێکی دیکه‌دا پێشنیاری خۆم ئاڕاسته ده‌که‌م، پێشنیارێک که خۆی به که‌مکردنه‌وه‌ی نایه‌کسانی ئابووری و چه‌قبه‌ستوویی ئابووری نه‌ته‌وه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌کات و له ئاکامدا هه‌وڵ بۆ مه‌شرووعیه‌تی دیموکڕاسی ده‌دات، هه‌تا سیاسه‌ت به ئه‌رکی خۆی بزانێ که یه‌کسانی ئابووری واقعی بکات. هه‌ربۆیه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌نا ده‌به‌مه به‌ر تیئۆریه ئاڵۆزه‌که‌ی “جۆن ڕۆڵس” که سه‌باره‌ته به دادپه‌روه‌ری، دواتر تیئۆریه‌که‌ی “ئالێن”ش تاوتوێ ده‌که‌م و له هه‌نگاوێکی دیکه‌دا ئایدیاکانی خۆم سه‌باره‌ت به یه‌کسانیی سیاسی به‌یان ده‌که‌م. واوه‌تر به زه‌رووری ده‌زانم که ئاماژه به هۆکاره‌کانی نایه‌کسانی بواری ئابووری بده‌م و به پشتبه‌ستن به به‌رهه‌مه‌کانی کۆمه‌ڵناسی ئاڵمانی “ڤۆلفگانگ شترێک” جیاوازی نێوان بازاڕ و نه‌ته‌وه بخه‌مه ڕوو، هه‌تا بتوانم سنووره‌کانی تیئۆریه‌که‌ی “ئالێن” سه‌باره‌ت به یه‌کسانیی ده‌ستنیشان بکه‌م و بیسه‌لمێنم که ئه‌و ڕوانگه له هه‌ندێ شوێندا بڕی که‌مه. له دوایین خاڵدا هه‌وڵ ده‌ده‌م که ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بخه‌مه به‌رده‌ست، ڕێگه‌یه‌ک که به وه‌لانانی نایه‌کسانی ئابووری ڕێگه بۆ یه‌کسانی زیاتری سیاسی خۆش ده‌کات.
خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانی تیئۆریه‌کەی “جۆن ڕۆڵس” و سه‌رنجه به نرخه‌کانی “ئالێن”
کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی زانستی مه‌یدانیی سه‌لماندوویانه که په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر نزیک و به‌رچاو له نێوان نایه‌کسانی ئابووری، سه‌بکی بیرکردنه‌وه له سیاسه‌ت و به‌شداریکردن له پڕۆسه و دیسکورسی دیموکڕاسییدا هه‌یه. هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی نۆڕماتیڤی “پێشنیازی” زۆر به نرخن، چونکه ئه‌و شێوه فه‌لسه‌فه له پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ نایه‌کسانی ده‌ڕوانێت و به که‌مڕه‌نگکردنه‌وه‌ی ئه‌و نایه‌کسانیانه، هه‌وڵ ده‌دات ڕێگاچاره‌یه‌ک و ده‌رفه‌تی باش بۆ هه‌رچی چالاکبوونی شارۆمه‌ندان له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا بخولقێنێ. تا به ئه‌مڕۆ گوفتمانی یه‌کسانی له ژێر کاریگه‌ری تیئۆری دادپه‌روه‌ری “جۆن ڕۆڵس”دایه. له ڕوانگه‌ی “ڕۆڵسه‌وه” په‌رده‌ی شاردنه‌وه‌ی دۆخی واقعی ده‌توانێ به باشترین شێوه خاڵی سه‌ره‌تا و خاڵی سفری دۆخی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌ستنیشان بکات؛ له هه‌نگاوێکی دیکه‌دا به‌و شێوه چوارچێوه و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه هێڵکێشی ده‌کات. هه‌ر شت که زانیاری له سه‌ر دۆخی واقعی بخاته ڕوو و ببێته هۆکار بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌ستێن و دۆخێکی باش و باشتری شه‌خسی، ئه‌وه ده‌خرێته پشت ئه‌و په‌رده‌وه و ده‌کرێته نه‌هێنی سه‌ره‌تایی. ئه‌م دۆخه وادارمان ده‌کات که ته‌نیا نوێنه‌رێک هه‌ڵده‌بژێرین و ئه‌ویش ته‌نیا به‌و زانیاریه‌وه ده‌بێته نوێنه‌ری خاوه‌ن مه‌شروع که به له‌بەرچاوگرتنی ڕیسک که‌مکردنه‌وه نوێنه‌رایه‌تی عام بکات. لێره‌دا به باشی دێته به‌رچاو که ئه‌و نوێنه‌ره و ئه‌و عامه‌ی که باسی لێده‌کرێت دور له هه‌موو مێژوویه‌ک و که‌لتورێک پێشبینی ده‌کرێت، واته تاكێک که بیروڕا و هزری دادپه‌روه‌ری خۆی دوور له هه‌موو مێژوویه‌ک و دوور له هه‌موو به‌ستێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کامڵ کردووه. واوه‌تر ئه‌و پشتپه‌رده‌ی که باسی لێده‌کرێت ده‌بێته تریبوونی تاکێک و گروپێک که بیروبۆچونی خۆی سه‌باره‌ت به دادپه‌روه‌ری دوور له هه‌موو هه‌بوونێکی واقعی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌روه‌رده کردووه. ئه‌م شاردنه‌وه و ئه‌م هه‌ژاری زانیارییه ده‌بێته هۆکار بۆ دابینکردنی یه‌کسانیی زیاتر. ئه‌م خاڵی سفر و سه‌ره‌تایه ده‌بێته هێڵێکی مه‌نتیقی که هه‌موو شارۆمه‌ندێک ده‌توانێ باش بیخوێنێته‌وه و به شێوه‌یه‌کی مه‌نتیقی تێیبگات. “جۆن ڕۆڵس” دوو دانه پڕه‌نسیپی سه‌ره‌کی ده‌کاته بنه‌ما و خاڵی زه‌رووری تیئۆرییه‌که‌ی. یه‌که‌م پڕه‌نسیپ بریتییه له یه‌کسانی مافه بنه‌ڕه‌تیه‌کان و ئه‌رکه ئیخلاقیه‌کانی هه‌ر تاکێک له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا، دووه‌م پڕه‌نسیپ په‌نجه ده‌نێته سه‌ر نایه‌کسانییه‌کان، لێره‌دا “ڕۆڵس” ده‌ڵێ: هه‌ر نایه‌کسانیه‌ک که له به‌ستێنه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه و کاریگه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییدا دێته به‌رچاو، ته‌نیا ئه‌و کات جێگه‌ی وه‌رگرتن و قه‌بووڵکردنه که بتوانێ له ئاکامدا دۆخی هه‌ژاران و توێژی خواره‌وه باش و باشتر بکات. به واتایه‌کی دیکه ته‌نیا نایه‌کسانییه‌ک له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێته جێگای په‌سه‌ند که ئه‌و نایه‌کسانییه دۆخ و ژیانی ده‌ستکورتترینه‌کان باشتر به‌کات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و باشتر و له‌بارتربوونه ته‌نیا به ڕێژه‌یه‌کی که‌میش بێت. به‌ڵام له‌و ڕیزبه‌ندیه‌دا ده‌بێ قورسایی له سه‌ر پڕه‌نسیپی یه‌که‌م دابنرێت، له کاتی به‌ربه‌ره‌کانێ و ناته‌بایی نێوان ئه‌و دوو پڕه‌نسیپه‌دا، ده‌بێ پڕه‌نسیپی یه‌که‌م به‌رده‌وام باڵاده‌ست و حه‌یاتی بێت. که‌وایه له سه‌ره‌تاوه ده‌بێ مافی بنه‌ڕه‌تی و مافی ئازادی بنه‌ڕه‌تی ده‌سته‌به‌ر بکرێن، ئه‌وکات له هه‌نگاوێکی دیکه‌دا باس و پرسی نایه‌کسانیی ئابووری ده‌بێته باس. مافی مافهه‌بوون ده‌که‌وێته پێش مافی خۆشگوزه‌رانی و دۆخی ئابووری باشتر و یه‌کسانتر. هیچ سات نابێ مافه سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تییه‌کان بۆ مافی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی زیاتر وه‌لابنرێن. له ڕابردوویه‌کی نزیکدا “دانیێلێ ئالێن”، له یه‌کێک له کۆبوونه‌وه‌کانی فڕانکفۆرت و له به‌سیتێنی باس له سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی “ئادۆڕنۆ” زۆر به سه‌رنجه‌وه ئاماژه‌ی به تیئۆریه‌که‌ی “رۆڵس” داوه. به سه‌ر هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کدا که ئه‌و خاتوونه له “ڕۆڵسی” ده‌گرێت، ده‌توانین تیئۆریه‌که‌ی ئه‌ویش هاوشێوه‌ی به‌دیلێک بۆ به‌رنامه‌که‌ی “ڕۆڵس” ببینین. “ئالێن” ڕه‌خنه له‌وه ده‌گرێ که هه‌موو نه‌قد و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی بابه‌ته‌که‌ی “ڕۆڵس” قورسایی له سه‌ر پڕنسیپی دووه‌م داده‌نێن. زۆرینه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کان ئاماژه به ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی و پڕه‌نسیپی یه‌که‌م ناده‌ن، به‌ڵکه زیاتر تیشک دەخەنە سه‌ر نایه‌کسانیی ئابووری و پڕه‌نسیپی دووه‌م. دیاره که‌م کردنه‌وه‌ی نایه‌کسانی خاڵێکی زۆر گرینگه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی خودی “ڕۆڵسه‌وه”، “ئاڵێن” هێشتا ته‌واو به شه‌فافی پشتگیری له‌و ڕیزبه‌ندیه ده‌کات که پڕنسیپی یه‌که‌م له پڕه‌نسیپی دووه‌م زه‌روورتره. “ئالێن” ئاماژه به‌وه ده‌دات که ڕێزگرتن و بایه‌خدان به مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان ده‌بێته هۆکاری نایه‌کسانیی زیاتر، بۆ وێنه کاتێک ده‌وڵه‌تێک مافی مالکیت ده‌دات و ئه‌و مافه‌ش به هه‌موو که‌س ڕه‌وا ده‌بینێ که به حه‌ز و خواستی خۆیانه‌وه له ته‌ک ماڵ و مڵکی خۆیاندا مامه‌ڵه بکه‌ن، بۆ وێنه مافی ئازادی خۆت بۆ هێزی کار و تواناکانی خۆت، ئه‌وکات ماف به هێشتنه‌وه و سه‌قامگیرکردنی نیزامی سه‌رمایه‌داری ده‌دات، ده‌رفه‌ت به نه‌زم و نیزامێک که له ئاکامدا نایه‌کسانی ئابووری زۆر و زیاتر ده‌کات. “ئالێن” بۆ ڕزگاربوون له‌و کێشه گه‌وره ڕێگه‌چاره‌یه‌ک ده‌خاته به‌رده‌ست و ئه‌و به‌رنامه‌که‌ی خۆی به “جیاوازی به بێ ده‌سه‌ڵات” له قه‌ڵه‌م ده‌دات. له ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه نابێ هیچ سات نایه‌کسانی بواری ئابووری به‌و دۆخه بگات که شارۆمه‌ندان له به‌شداری کردنی پڕۆسه و پرسی سیاسیی‌دا بێده‌سه‌ڵات بکا. نایه‌کسانی بواری مڵک و ماڵ و داهاتی ئابووری نابێ ڕێگه له ئازادی به‌شداریکردنی پڕۆسه‌ی سیاسیی دژوار بکا یا بگرێ. ئه‌گه‌ر بیرۆکه‌کانی “ئالێن” لێره‌دا کۆبکه‌مه‌وه، ئه‌وه ناوبراو جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه دەکاتەوە که ده‌سه‌ڵات و بێده‌سه‌ڵاتی ئابووری نابێ کاریگه‌ری به‌رچاو له سه‌ر ئازادی سیاسی دابنێ. چونکه بۆ زۆر بیرمه‌ند، بۆ وێنه “ئه‌نده‌رسۆن” مه‌به‌ستی نه‌رێنی دادپه‌روه‌ری یه‌کسانخوازیی ته‌نیا سڕینه‌وه و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زه‌ق و به‌رچاوه، کاتێ نایه‌کسانی له سه‌ربنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی دیموکڕاسی دێته پێشه‌وه، ئه‌وه هه‌وڵ و تێکۆشانی سیاسی بۆ دۆخی یه‌کسانی زیاتر مانایه‌کی ئه‌وتۆی نیه، به مه‌رجێ ده‌رفه‌ت و مه‌یدان به شارۆمه‌ندان بدرێت خۆیان له‌و پڕۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدابه‌شه‌کاریه‌دا په‌ڕواێز بخه‌ن.
ڕزگاربوون له ده‌سه‌ڵات به بۆنه‌ی په‌یوه‌ندی تۆڕئاساوه
بالێره‌دا بۆ ئه‌وه بڕوانین که به چ شێوه‌یه‌ک ده‌سه‌ڵات به بێ‌جیاوازی خۆی پیشان ده‌دات. ئه‌گه‌رچی “ئالێن” له زۆر شوێن و جێگه‌دا پێناسه‌ی ئه‌و پڕۆگرامه‌ی خۆی کردووه، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و چه‌ند ڕسته‌ی خواره‌وه به باشترین شێوه پێناسه‌ی مه‌به‌سته‌که‌ی ده‌که‌ن. “کاتێک باس له ده‌سه‌ڵات به‌بێ‌جیاوازی ده‌که‌ین که فۆڕمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی شه‌فاف بیهێنێته به‌رچاومان، که چۆن به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تی گروپێک یا خۆ تاکێک نابێته هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ئه‌وه‌ی گروپ و کۆمه‌ڵێکی دیکه بخاته ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، واته هیچ سات نابێ کۆمه‌لێکی تایبه‌تی نێو کۆمه‌ڵگه به بۆنه‌ی پێشینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به مه‌بستی دیاریکراوه‌وه کۆمه‌ڵێکی دیکه له هه‌ربوارێکدا بێت (ئابووری، سیاسی، که‌لتووری)، کۆنتڕۆڵ بکات”. به‌ڵام کاتێک پرسی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ناکرێته پرسێکی حه‌یاتی ژیان و کۆمه‌ڵگه، ئیتر چۆن ده‌توانین به‌ر به ده‌سه‌ڵاتی گروپێک به سه‌ر گروپێکی دیکه‌دا، یاخۆ به‌ر به ده‌سه‌ڵاتی تاکێک به دسه‌ر تاکێکی دیکه‌دا بگرین؟ که‌وایه خاڵه سه‌ره‌کیه‌کی چوارچێوه و ستڕاکته‌ری پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک دابڕێژرێت که ده‌رفه‌ت به په‌یوه‌نده تۆڕئاساکان بدات. ئه‌م په‌یوه‌ندیه تۆڕئاسایه ده‌بێ کارێک بکات که پڕنسیپی یه‌که‌م − واته ئازادی و مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان ڕه‌چاو بکات − به ئاکام بگات. هه‌ر هه‌ڵه‌چنی و باشکاریه‌ک، جا له هه‌ر ئاستێک‌دا بێ، ده‌بێ نه‌بێته هۆکار بۆ خولقاندن و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م گروپ به سه‌ر ئه‌و گروپی دیکه‌دا. ئه‌وکات ده‌کرێ کۆمه‌ڵگه له ڕووی په‌یوه‌ندی ئابووری سڵامه‌ته‌وه به‌روه‌و ئابووریه‌کی یه‌کسان و سڵامه‌تتر بڕوات. من به پێچه‌وانه‌ی “ئالێن”−وه ئه‌و شێوه بیره ته‌نیا به تیئۆریه‌کی ده‌رفه‌تخولقاندن له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م. چونکه ئابووری نایه‌کسان به دابه‌شکاری نابێته ئابووریه‌کی یه‌کسان و یه‌کسانتر. من زیاتر له‌و بڕوایه‌دام که ده‌بێ تاک و گروپه‌کان ئه‌و مۆڵه‌ته‌یان پێبدرێ که ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ده‌سه‌ڵاتداران شل بکه‌نه‌وه. به واتایه‌کی دیکه، خۆ ئه‌وه ئه‌رکی سیاسه‌ت نییه که نایه‌کسانی که‌م بکاته‌وه، تا ئه‌وه‌ی مافی تاکه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات و بتوانن که‌ڵک له مافی سیاسی خۆیان وه‌ربگرن. پۆته‌نسیالی ده‌سه‌ڵات که له ئاکامی ده‌سه‌ڵاتی نایه‌کسانی ئابوورییدا دێته ئاراوه، ناکرێ به ده‌وڵه‌ت شل و که‌مڕه‌نگ بکرێته‌وه، به‌ڵکه ئه‌وه ته‌نیا په‌یوه‌ندی ساخی نێو شارۆمه‌ندانه که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته که‌م و که‌م کاریگه‌رتر ده‌کاته‌وه. “ئالێن” به باوه‌ڕێکی پته‌وه‌وه باس له کاریگه‌ری سیاسه‌تی نایه‌کسانی ئابووری ده‌کات و هۆکاره سه‌ره‌کیه‌که‌ی ئه‌و دیارده‌ش بۆ په‌یوه‌ندی ناکامڵی شارۆمه‌ندان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و تێزه‌ش ئاماژه به دۆخی وڵاتانی جیهانی سێ و زۆرینه‌ی وڵاته هه‌ژاره‌کان ده‌دا. ناوبراو له‌و به‌ستێنه‌دا به به‌ڵگه‌وه ده‌دوێ و ده‌ڵی که ئه‌و ئاوڕ له چڵ ساڵی ڕابردووی زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه ده‌داته‌وه و ده‌توانێ به یارمه‌تی کۆمه‌ڵێک ئامار و به‌ڵگه‌ی مه‌یدانیی پیشانی بدات که ئه‌وه خودی سیاسه‌ت نییه که له پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ زیاتربوونی نایه‌کسانی به‌رپرسه، به‌ڵکه ئه‌وه که‌مڕه‌نگبوونه‌وه و که‌م کاریگه‌ر مانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سه‌ندیکاکانه. منیش گومانم له‌وه‌دا نییه که په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌وی نێوان کاریگه‌رنه‌مانی سه‌ندیکاکان و په‌ره‌سه‌ندی نایه‌کسانی ئابووری به‌دی ده‌کرێ. به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ ئاوڕێکی جیددیش له که‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیکاکان بده‌ینه‌وه، مه‌گه‌ر که‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیکاکان بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه که نیزامی سه‌رمایه‌داری قورسایی زیاتر له سه‌ر پڕه‌نسیپی یه‌که‌می “ڕۆڵس” داده‌نێ و به‌و شێوه مه‌یدان بۆ خۆی خۆش و خۆشتر ده‌کات.
هۆکاری ئابووری وه‌ک هۆکاری نایه‌کسانی
من لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی هێڵکێشی ئه‌وه دیارده بکه‌م که چۆن له کۆمه‌ڵگه بازاڕیه‌کاندا ئازادی تاک په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه نایه‌کسانی ئابووری و نایه‌کسانیی سیاسیی زیاد کردووه. به‌ڵام به گشتی فیکر و لێکدانه‌وه‌که‌م تایبه‌ته به کۆمه‌ڵگه پیشه‌سازیه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی جیهان. بۆ وڵاتانی جیهانی سێ و نیوه پیشه‌سازییه‌کان دیارده‌که جۆرێکی دیکه‌یه، چونکه دۆخی نایه‌کسانی له زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه بواری ئابووری ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵکه ئه‌وه ئاوێته‌یه‌کی سیاسه‌ت و ئابوورییه که ئه‌و دۆخه‌ی خولقاندووه. زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی که له نیزامی دیموکڕاسییه‌وه دورن به‌هره‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ندن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده نادیموکڕاسییانه به‌ره‌و دیموکڕاسی بڕۆن، ئه‌وه گومانم نییه که نایه‌کسانییه ئابووریه‌کان که‌م نابنه‌وه، به‌ڵکه به شێوه‌یه‌کی دیکه خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ر له ئێسته‌وه خۆمان به‌و هۆکارانه‌وه سه‌رگه‌رم بکه‌ین، ئه‌وه خاڵێکی ته‌واو کاریگه‌ر دێته به‌رچاو. ئه‌ویش ناته‌بایی نێوان کار (وزه‌ی کار) و خودی سه‌رمایه‌یه. سه‌رمایه ده‌رفه‌ت ده‌دا که تاکی کۆمه‌ڵگه داهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر بێ. زیادبوونی خودی سه‌رمایه دۆخێکی ئابووری ده‌خولقێنێ که زۆر شارۆمه‌ند و وزه‌ی کار بخرێته پڕۆسه‌یه‌کی ئیش و داهێنانه‌وه، ئه‌و پڕۆسه‌ش ده‌توانێ وزه‌ی گه‌وره‌تر به هه‌موو تاکێکی به‌رهه‌مهێنه‌ر ببه‌خشێ، به‌ڵام له نه‌زمی ئابووری ئه‌مڕۆماندا، ئه‌وه قه‌رز و ئیعتباره که سه‌رمایه ده‌خاته خزمه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ ڕێژه‌یه‌کی که‌م له کامپانیه گه‌وره‌کان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه که گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌که‌یان ته‌نیا به داهاتی خۆیان ئیداره بکه‌ن. هه‌ربۆیه سه‌رمایه‌داره‌کان له ژێر گوشاری ئه‌وه‌دان که به‌رده‌وام سه‌رمایه‌که‌یان سه‌رف بکه‌ن و بگێڕن. سه‌رمایه‌داره‌کان ته‌نیا کاتێک ده‌توانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قه‌رزه‌کانیان بن که ستافی باش و شیاویان هه‌بێت. ستافێک که بتوانن به باشی ڕێژه‌ی داهات له ئاستێکی باش‌دا ڕابگرن، ڕاگرتنی ئه‌و ئاسته ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی داهات و حه‌قده‌ستی خودی خۆیان، ئه‌مه خۆی دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵگه ئازاده‌کانه. هه‌ربۆیه به پێی ئه‌زموونی مه‌یدانیی سه‌لمێندراوه که ڕێژه‌ی به‌رز و ئاڵۆزی په‌یوه‌ندی نێوان هێزی کاری ستاف و توانای مه‌کینه ده‌بێته هۆکار بۆ داهاتی باش و زیاتر. لێره‌دا ئاماژه‌مان به یه‌که‌م سه‌رچاوه و هۆکاری نایه‌کسانی ئابووری دا، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانای تاک و شه‌خسیی شارۆمه‌ندان، هه‌ر شارۆمه‌ندێک بتوانێت له‌و دۆخه ئازاده‌دا به باشترین شێوه تواناکانی له بازاڕی کاردا بخاته کار، ئه‌وه ده‌کرێ سه‌ر به براوه‌کانی ئه‌و به‌ستێنه ئابوورییه بێ. نایه‌کسانی حه‌قده‌ستی ئه‌و بازنه‌یه ده‌بێته نایه‌کسانیی ئابووری. له کۆمه‌ڵگه‌کانی ڕۆژئاوادا ئه‌و نایه‌کسانییه ده‌بێته هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی که چین و توێژی ده‌ستکورت نه‌توانن به گوێره‌ی پێویست به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسی و دیموکڕاسی بکه‌ن. سه‌رکه‌وتنی ئابووری ئه‌و چینه تایبه‌ته ناڕاسته‌وخۆ مه‌شروعیه‌تیی ئه‌وه‌یان پێده‌دا که نوێنه‌رایه‌تی چینی نه‌دارو ده‌ستکورت بکه‌ن، زۆرجار ده‌گوترێ که نوێنه‌رایه‌تی چینی نه‌زان و بێ‌ئاگا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی له زۆر بابه‌ت و به‌رهه‌می بازنه‌ی خوێندنگای فڕانکفورتدا باس له ڕێز و مافی یه‌کسانی مرۆڤ ده‌کرێ، به‌ڵام سه‌رکه‌وتن و توانای ئه‌رێنی ئابووری ده‌بێته هۆکار بۆ خولقاندنی دۆخی نایه‌کسانی سیاسی و په‌ڕاویزکردنی کۆمه‌ڵێک له شارۆمه‌ندان، ئه‌ویش له جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵگه دیموکڕاسییه وێنه‌یه‌کاندا. له به‌ستێنی باسی حه‌قده‌ستی نایه‌کساندا پشتگوێ ده‌خرێ که هۆکاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌و نایه‌کسانیه له کۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ فاکته‌ری کار به گشتی به گوێره‌ی پێویست ئاوڕی لێنادرێته‌وه. گرفته کۆمه‌ڵایه‌تیه سه‌ره‌کیه‌که ئه‌وه‌یه که گه‌شه‌سه‌ندی ئابووری هه‌ندێک شارۆمه‌ند په‌ڕاوێز ده‌خات، ئه‌و شارۆمه‌ندانه‌ی که توانای هزریی و ده‌رک و تواناییان به گشتی که‌مه و له گه‌ڵ گه‌شه‌ی سه‌رده‌میی بازاڕی سه‌رمایه‌دارییدا هه‌نگاو هه‌ڵناگرن. زۆریان ناتوانن که‌ڵک له کاڵا و سه‌رمایه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رمایه‌ی داهاتوو وه‌ربگرن، خۆی ئه‌مه هه‌م توانای ئابووری ده‌وێ و هه‌م هزری سه‌رده‌میی بۆ تێگه‌یشتن و به‌کارهێنانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری مۆدێڕنی ده‌وێ. گه‌شه‌ی تێکنۆلۆجی به‌و ئاسته گه‌یشته که زۆر ئه‌رک و کاری ڕۆژانه ته‌نیا له ڕێگای تکنیکه‌وه به ئاکام ده‌گه‌ن، خۆی ئه‌م دیارده ده‌بێته هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان ته‌نیا له بواره ئاڵۆزه‌کاندا کار بکه‌ن و وزه‌و زانیاریه‌که‌یان به سوود بێ. هه‌ربۆیه هه‌رچه‌ند زۆر وزه‌ی کاری مرۆڤ بخرێته کار، ئه‌وه خۆی گوزارشدانه له دواکه‌وتوویی ئه‌و نه‌زمه ئابوورییه. هه‌رکه‌سیش خوازیاری ئه‌وه بێ که حه‌قده‌س که‌م و که‌متر ڕابگرێ، ئه‌وه سه‌رکه‌وتوو نابێ و ئه‌و پڕۆسه‌یه ڕاناگرێت، به‌ڵكه ته‌نیا هێواشی ده‌کاته‌وه و خودی به‌ربه‌ره‌کانێی سڵامه‌تی بواری ئابووری ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. چونکه ئه‌و شێوه کرده‌وه ته‌نیا به‌ر له سه‌رف و سه‌رفکاری کامپانیا گه‌وره‌کان ده‌گرێت. گفتوگۆی سه‌باره‌ت به ته‌واوبوونی کار و نه‌مانه‌وه‌ی کار ده‌بێ به وردی تاوتوێ بکرێ. “ڕیک” زۆر به باشی ئاماژه به‌و دیارده ده‌دات. ناوبراو ده‌ڵێ: گه‌وره‌ترین گرفت ئه‌وه نییه که بۆ به‌رهه‌مهێنان وزه‌ی کار پێویست نه‌ماوه، به‌ڵکه گه‌وره‌ترین گرفت ئه‌وه‌یه که ئێمه به شێوه‌یه‌ک دابه‌شکاری ده‌که‌ین، که هێشتا هه‌ر له‌و بڕوایه‌داین که ده‌بێ هه‌موو مرۆڤه‌کان هێزی کاریان بۆ به‌رهه‌مهێنان بخه‌نه کار. به‌ڵام که کار که‌متر وه‌ک داهات و حه‌قده‌ست ده‌ور بگێڕێ، ئه‌وه به‌هه‌مان شێوه‌ش ناتوانێت فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی دابه‌ش و دابه‌شکاری بێ. واوه‌تر ئه‌و پرۆسه پرسی ئازادی سیاسیش به‌دوا خۆدا ڕاده‌کێشێ. ئه‌گه‌ر به کورتی و به وردی بۆ ئه‌و لێکدانه‌وه بڕوانین، ئه‌وه ده‌توانین به ڕوونی و به بێ په‌رده ئاماژه به‌وه بده‌ین که درێژماوه نابێ و سه‌رناگرێ که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد‌دا نایه‌کسانی ئابووری به‌رچاو بێ و ئه‌و کۆمه‌ڵگه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئارام و پڕ له ئاسایش و ئازاد بمێنێته‌وه. ئه‌و ئازادیه‌ی که له پڕە‌نسیپی یه‌که‌مه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ده‌کرێ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئاڵۆز و پارادۆکسی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕه‌نسیپه پیاده بکرێ و به ئاکام بگات، ئه‌وه کۆمه‌ڵێک مافی ئازادی سیاسی ده‌سڕێته‌وه. ئه‌و بانگه‌شه بریقه‌داره‌ی که گوایه یه‌کسانی سیاسی ده‌توانێ له ته‌ک گه‌شه‌ی ئه‌رێنی به‌رده‌وامی ئابووریدا ته‌با بێت و یه‌کبگرن، ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌کی بریقه‌داری خه‌یاڵیه. هیوای گه‌وره ته‌نیا ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵانی هه‌ژار و ده‌ستکورت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ و نایه‌کسانیه ئابووریه‌که که‌م ده‌کرێته‌وه، هه‌تا ئازادی سیاسیش تا ڕاده‌یه‌ک به‌ره‌و یه‌کسانی بڕوات. ئه‌گه‌ر به جیددی به‌دوا ڕێگه‌چاره‌یه‌کدا بگه‌رێێن بۆ ئه‌وه‌ی نایه‌کسانیی ئابوری که‌م بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه ده‌بێ بۆ ئه‌و پرسه بڕوانین که چۆن نایه‌کسانی ئابووری نایه‌کسانی ده‌سه‌ڵات، واته ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان و ده‌سه‌ڵاتی کاریگه‌ربوون به‌دوا خۆدا راده‌کێشێت. ئه‌وکات بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که په‌یوه‌ندی تۆڕئاساش، واته پێشنیاره‌که‌ی “ئالێن”، ناتوانێ چاره‌سه‌ر بێ و ئه‌و نایه‌کسانییه که‌مڕه‌نگ بکاته‌وه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه “ئالێن” خاڵێکی ته‌واو سه‌ره‌کی ڕه‌چاو ناکات. له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد‌دا که یه‌کسانی سه‌رمایه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک به‌رچاو بێت، دیسانه‌وه ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا هه‌ر ده‌بێ، ده‌سه‌ڵاتێک که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیشی چه‌وساندنه‌وه نه‌بێ. ئه‌وه‌ی که “ئاڵین” ئاماژه‌ی پێده‌دات ده‌سه‌ڵاتێکی ڕا‌سته‌وخۆ و شه‌فافی مرۆڤه به سه‌ر مرۆڤه‌وه. ناوبراو نایبینێ که میکانیزمی ئابووری هه‌ندێک ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی سیستماتیکی ده‌گوێزێته‌وه، واته بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی ده‌ستپێنه‌گه‌یشتوو. هه‌ربۆیه ئه‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته نادیاره له لایه‌ن زۆر تازه‌لیبڕالێکه‌وه، بۆ وێنه “هایه‌ک” به مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م نادرێ و ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان که ئه‌و شێوه نه‌زمه ئازادی به‌رته‌سک ناکاته‌وه.
نووسینی: د. یه‌نس گڕالکه، مانگی ژولای ٢٠٢٢
وه‌رگێڕانی له سه‌ر زمانی ئاڵمانییه‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی: د. هیوا عه‌لیدوست