ئه‌مڕۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران به گشتی به نێو دۆخێکی تازه‌ی سه‌رنجڕاکێشدا تێئه‌په‌ڕن. زیاتر له چل ساڵه که ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی ناسهردهمیی و فه‌رهه‌نگێکی سیاسی به‌سه‌رچوو باڵیان به سه‌ر که‌ش و چوارچێوه‌ی جوگرافیای ئه‌و وڵاته‌دا کێشاوه؛ ده‌سه‌ڵاتێک که له هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆیی و سیاسی و ئیخلاقیی بێبه‌رییه. نه‌ته‌وه پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان له ده‌یه‌کان و سه‌ده‌کانی ڕابردوودا به کۆمه‌ڵێک بزووتنه‌وه و شۆڕش و فیداکاری، هیچ نه‌بێت بۆ چوارچێوه‌ی جوگرافیای خۆیان، پێکهاته و فه‌رهه‌نگێکی سیاسی و مرۆییان داهێناوه که تێیدا ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو نه‌فه‌س ده‌ده‌ن. ڕه‌نگه به‌راوردکردنی هه‌ندێ فه‌رهه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شیاو نه‌بێت، به‌ڵام پرسیارێکی سه‌ره‌کی که ڕوو به هه‌موو پێکهاته و ده‌سه‌ڵات و نه‌زمێک دێته ئاراوه، ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌و نه‌زمه چ دیارده‌یه‌کی که‌لتوری و سیاسی و ئیخلاقیی به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه. له‌م ڕوانگه‌وه نه‌ک هه‌ر ئێران، به‌ڵکه وڵاتانی ده‌وروبه‌ری ئێران هیچ په‌یامێک و هیچ بانگه‌شه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش و تازه‌یان به دونیای ئه‌مڕۆ و به کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌به‌خشیوه. چ له بواری زانست، فه‌رهه‌نگ، که‌لتور، هونه‌ر، ئه‌ده‌بییات و واوه‌تر، هیچ کام له‌م دیاردانه نه خزمه‌ت به گه‌شه‌یان کراوه وه نه ده‌رفه‌تی گه‌شه‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه. له زۆرینه‌ی بواره‌کاندا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی زه‌قی به‌رچاو بۆ دواوه ده‌بینرێ. ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا قه‌واره‌ی سیاسی، ده‌سه‌ڵاتێکی کۆنی چه‌قبه‌ستووی نامرۆڤانه‌یه، بانگه‌شه‌ی په‌یامگه‌لێک ده‌کات، که دیارده‌ی هه‌ڵقوڵاوی چه‌رخی تاریکی ناوه‌ڕاستن. له سێداره‌دانی گه‌نج و لاو و ڕه‌خنه‌گرانی نیزام و هتد.. ته‌نیا هه‌ژاری و داماویی ئه‌و نیزامه ده‌خاته ڕوو. گه‌شه‌ی ئازادیی فه‌رهه‌نگ و ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌ی ده‌وێ، نه‌ترسی و وره و خولیای ئه‌وێ، به‌ڵام له چل ساڵی ڕابردوودا هه‌موو ئه‌م دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیانه له گه‌ڵ سێداره و خنکان و سڕینه‌وه‌دا ڕووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه. خودی ئه‌م گه‌شه نه‌رێنیه هه‌ژاری و په‌ککه‌وتوویی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌رزۆکه ئه‌خاته ڕوو. ته‌نیا شتێک که له به‌ستێنی ناوی ئێران‌دا شایانی باس بێت، خودی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆ له ماسمێدیادا له ژێر ناوی “شۆڕشی ژینادا” شوناسی خۆی دۆزیوه‌ته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی من بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه جۆرێکی دیکه‌یه و له ته‌ک ڕای گشتیدا ته‌واو کۆک نیم؛ به‌ڵام با هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌رنج و ڕوانگه‌م بڕۆم. هه‌ر بۆیه له پله‌ی یه‌که‌مدا ئاماژه به به‌سه‌رچوویی نه‌زمی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ده‌م، هه‌تا بیخه‌مه ڕوو که بۆچی ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته خۆی چاڵی مه‌رگ بۆ خۆی هه‌ڵده‌که‌نێ (١). له هه‌نگاوی دووه‌مدا ئهپهرژێمه سه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی که خۆم بۆ دۆخی ئه‌مڕۆی ئیران و ڕۆژهه‌ڵات هه‌مه و ئاوڕ له هه‌ندێ به‌های کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌ده‌مه‌وه که جێگای سه‌رنجن و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کانی دونیاش به سه‌رنجی ورده‌وه بۆی ده‌ڕوانن، چونکه ئه‌و به‌هاگه‌له ده‌رفه‌ت و پۆتهنسیالیان بۆ شۆڕش و ڕاپه‌رینێکی سه‌رده‌میی تێدایه و پێیه (٢)؛ واوه‌تر له دوایین هه‌نگاودا هه‌وڵ ئه‌ده‌م که له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌م پێشبینیه‌ک بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهه‌ڵات بکه‌م (٣).
(١) نوسه‌ری ئه‌مریکایی “فڕانسیس فوکویاما” له ساڵی ١٩٨٩−دا به‌رهه‌مێکی به ناوی “به کۆتایی گه‌یشتنی مێژوو” بڵاو کرده‌وه که زۆر به باشی ده‌نگی دایه‌وه؛ داڕشتنێک که زۆر به ده‌قیقی ئاماژه به یهکجهمسهربوونی دونیا ده‌دات و ماڵئاوایی له ڕوانگه‌ی سۆسیالیزم، وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی جیددی، ده‌کا. ئه‌وه بوو که پاش داڕمانی سۆفییه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه بیرۆکه‌ی لیبڕالیزم و نیزامی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری کاپیتالیزم “سه‌رکه‌وتنی” بۆ خۆی تۆمار کرد و به گشتیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چه‌شنی براوه له دۆخی شه‌ڕی سارددا هاته‌ده‌ره‌وه. کاتێک “فوکویاما” باس له کۆتایی مێژوو ده‌کات، په‌یامی سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که بێجگه له نه‌زم و نیزامی دیموکڕاسی هیچ نیزامێکی دیکه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وی خواست و ویسته‌کانی جیهانی سه‌رده‌م بێ؛ چونکه خه‌ڵک له پڕۆسه‌ی به‌تاکبووندا زۆر پێشکه‌وتووه، چونکه شارۆمه‌ندان خوازیاری به‌شداری و مافدارین له ده‌سه‌ڵاتدا، چونکه هه‌رکه‌س ده‌نگێک و هه‌ر که‌س ڕایه‌کی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، چونکه کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌بێ، چونکه هیچ هێزێک ناتوانێ به‌ر به پرۆسه‌ی به‌خه‌ڵکیکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگرێت، چونکه به‌سه‌ر خواستی به‌شداربوون له‌ده‌سه‌ڵاتدا، چه‌ند دانه ویستی تازه ئاڕاسته‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌کرێن، ئازادی ته‌نیا له چوارچێوه و فۆڕمولی ئازادی نه‌رێنیدا نامێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڕوات، جا ئه‌و داواکاریه‌ش ستڕاکتهر و پێکهاته‌ی نیزام و کۆمه‌ڵگه به ته‌واوه‌تی ده‌گوڕێ. خاڵێک که لێره‌دا پاڕادۆکس دیاره و هه‌ر ماوه‌ته‌وه، ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تیه که کاکڵی بیرۆکه‌که‌ی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سۆسیالیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته ئازادی که‌ی و چۆن ده‌توانێ مانای ڕاسته‌قینه‌ی ئازادی هه‌ڵبگرێت که چین و توێژێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگه له بواری ئابووریدا هه‌ر کۆیله و نه‌دار بمێننه‌وه؛ خۆ ئازادی ده‌رفه‌تی زۆری ده‌وێ: فه‌رهه‌نگ، پێکهاته و ئیمکاناتی ماڵی و هتد.. هه‌ربۆیه ئه‌وه زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپای ناوه‌ندی بوون که زیاتر به‌ره‌و ئه‌و په‌یامه تازه ڕۆیشتن و به‌شی زۆریشیان پڕاکتیزه و مه‌یدانی کرد.
ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی ئێران له به‌ستێنه‌ی خودی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا له ده‌ره‌وه‌ی کات و مه‌کان هه‌بوونی خۆی به‌سه‌ر ده‌بات؛ سه‌ران و رابه‌ران و بیرۆکه و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تدارییان ناتوانێ له گه‌ڵ خواست و ویست و جیهانبینی جیلی گه‌نجی ئه‌مڕۆدا ته‌با بێ، ئه‌وه زیاتر له چل ساڵه که گه‌شه‌ی سیاسی دونیای پێشکه‌وتوو به لایه‌کدا ده‌ڕوات و “گه‌شه‌ی” سیاسی ئێرانیش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هێڵه‌دا بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه. سیاسه‌تی مۆدێڕن، کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێڕن ئه‌وه‌یه که ده‌نگ و خواستی هه‌ر شارۆمه‌ندێک و ویست و داواکاری هه‌ر چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگه به جیددی بگرێت و پشتگوێی نه‌خات، نه‌زمێک که بایه‌خ به که‌مینه نه‌دات، نه‌زمێک که بایه‌خ به شێوه ژیانی جیاواز نه‌دات، نه‌زمێک که ده‌رفه‌تی ڕه‌خنه له ڕه‌خنه‌گرانی خۆی بگرێت و بسێنێته‌وه، نه‌زمێک که خه‌ڵکخۆشه‌ویست نه‌بێت، نه‌زمێک که هێز و مانای خۆی به هێز و مانای شارۆمهندانیهوه گرێ نه‌دات، به واتایه‌کی دیکه، نه‌زمێک که خۆی به خزمه‌تگوزاری کۆمه‌ڵگه‌که‌ی نه‌زانێ، زوو یا دره‌نگ له نه‌زمه‌وه ده‌کرێ به به‌زم. ئێران ئه‌مڕۆ که‌وتۆته ئاوا دۆخێکه‌وه، ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تێکی خه‌ڵکی و مه‌ده‌نی نیه، ده‌وڵه‌ت له سه‌ر بنه‌مای هێز و زه‌بروزه‌نگ مامه‌ڵه‌ی خۆی له گه‌ڵ که‌مینه و ڕه‌خنه‌گرانی خۆیدا رێک ئه‌خات. ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی ئێران له ڕێگای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و له ڕێگای ئینته‌رنێت و له ڕێگای به‌جیهانی بوونی سه‌رده‌مه‌وه کۆمه‌ڵێک پێشبینی و پێشنیاری تازه‌ی بۆ شێوه ژیانی تازه و ئازاد هه‌یه؛ به‌ڵام کۆماری ئیسلامی له سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆجیه‌کی کۆن و داخراو ده‌وڵه‌تداری ده‌کات. ڕه‌نگه زۆر که‌س بڵێن خۆ سیاسه‌ت هه‌موو حه‌وزه‌یه‌ک ناگرێته‌وه و مه‌رج نییه کاریگه‌ری له سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیان دابنێت. من به پێچه‌وانه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌دام که سیاسه‌ت ده‌بێ و ده‌کرێ کاریگه‌ری له سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیان دابنێت، سیاسه‌ت ده‌بێ له نێو کۆی کۆمه‌ڵی خه‌ڵکدا خۆی پێناسه بکات و ببێته وه‌ڵامده‌ره و ڕێگاچاره‌ی پرس و کێشه گشتیه‌کان، له‌وه زیاتریش سیاسه‌ت ده‌بێ مانا و واتا به ژیانی نێو حه‌وزه‌ی گشتی بدات، مه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌نگ و ڕای گشتیی نیه که چاره‌سه‌ری کێشه گشتیه‌کان ده‌کات؟ بێگومان ئه‌م شێوه تێفکرینه بۆ بیرۆکه‌ی دیموکڕاسی و مۆدێڕن ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ ئه‌و گه‌شه‌ی که له چل ساڵی ڕابردوودا ئێرانی به‌جێهێشتووه. ئه‌م شێوه نیزامانه ده‌توانن له خه‌ڵک و شارۆمه‌ندان دابڕێن، به‌ڵام ناتوانن درێژماوه په‌یوه‌ندیه‌کی ساخ و شیاوی نێوان خۆیان و خه‌ڵک رابگرن. کۆماری ئیسلامی له ساڵانی ڕابردوودا به‌رده‌وام له خه‌ڵک دوور که‌وتۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا خۆی به‌و قه‌ناعه‌ته نه‌گه‌یشته‌وه که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته به ته‌واوی قه‌ناعه‌تیانه‌وه ڕه‌تی ئه‌که‌نه‌وه. مێژوو پیشانی داوه که ئه‌و شێوه ده‌سه‌ڵاتانه ڕۆژ به رۆژ به‌ره‌و مه‌رگ و کۆتایی خۆیان ده‌ڕۆن. دونیای ئه‌مڕۆ ژیانی دیموکڕاسی به شیاوترین شێوه‌ژیان له قه‌ڵه‌م ئه‌دات، ئێران له‌و دۆخه زۆر دووره، خه‌ڵکی ئێران له‌و شێوه فه‌رهه‌نگه زۆر دوورن، په‌روه‌رده و ڕاهێنان و خوێندی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یان ئه‌زموون نه‌کردوه، به‌ڵام خولیا و خواستی ئاوا شێوه ژیانێک هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی به‌ئاگاهاتوو ده‌گرێته‌وه. ئێرانی ئه‌مڕۆ ئێرانێکی ئازادیخواز و دادپهروهرخوازه، خه‌ڵك بۆ ئاسۆ و بۆ داهاتوویه‌كی باشتر هه‌وڵ ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌وڵه فه‌لسه‌فه‌یه‌کی گه‌وره و قوڵی شه‌فافی له پشته‌وه نییه، به‌ڵام ئاره‌زووی گۆڕانکارییه‌ک له ئێران‌دا چه‌که‌ره‌ی کردووه، ئه‌و ئاواته ئاواتێکه بۆ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تازه، تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک که هێشتا ناوه‌رۆکه‌که‌ی که‌م تا زۆر نادیاره، ئه‌وه هیوای ژیانێکی باشتره که خه‌ڵک به‌ره‌و ئه‌و تاقیکردنه‌وه هان ده‌دات. خاڵێک که نابێت له یاد بکرێت ئه‌وه‌یه که ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌بێ هێڵه، هیچ ڕاوڕوانگه و ئایدیایه‌کی سیاسی نه‌بووته جه‌وهه‌ر و لوتکه‌ی شه‌فافی ئه‌و دیارده، بێجگه له‌وه‌ی که به هه‌موو شێوه و هه‌وڵێک وه‌لانانی کۆماری ئیسلامی، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هاوده‌نگ و هاوڕا ده‌کات. به‌ڵام پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆر ده‌مێکه که پرسێکی سه‌ربه‌خۆیه و له زۆرینه‌ی پرسه‌کانی دیکه‌ی ئێران ته‌واو جیاوازه. نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌ن بیرۆکه‌یه‌کی دێرینه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی، هه‌ربۆیه نه‌ته‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له به‌ستێنه‌ی هه‌موو بزوتنه‌وه و “ڕاپه‌ڕین” و خۆ پیشاندانێکی جه‌ماوه‌ریدا رێگا‌و مه‌به‌ستی خۆی زۆر به باشی ده‌ناسێ و ته‌واو بوێرانه‌ش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات. په‌یامی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی کورده؛ خودی ئه‌م په‌یامه بووه‌ته کاكڵ و وزه‌ی یه‌کگرتوویی، هه‌ربۆیه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌ن هێڵ و خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ڕه‌وان و به بنه‌مایه.
(٢) ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی که له ئێران‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه نه بزووتنه‌وه‌یه‌کی فیمینیستی و نه بزووتنه‌وه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگیی شه‌فافه، ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیش نیه که له پێناو فه‌لسه‌فه‌یه‌ک و ئایدیۆلۆجیه‌کی پێناسه‌کراودا به‌ڕێوه بچێ. دیاره زۆر شرۆڤه‌کار باس له شۆڕشی “ژینا” ده‌که‌ن و به شۆڕشی ژنانی له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن؛ له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و شێوه لێکدانه‌وه ته‌واو کورت و ساده‌یه. چونکه خه‌ڵکی ئێران به گه‌نج و به به‌ساڵاچوو، به ژن و به پیاویه‌وه گیرۆده‌ی نه‌زم و شێوه ژیانێک کراوه که هه‌موو لایه‌ک و هه‌موو “چین و توێژ و کۆمه‌ڵێکی” تێدا ده‌چه‌وسێته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و گروپ و لایه‌نگر و هێزه دهوڵهتیهشی که له ناوه‌ندا ژیانی خۆی ده‌ژی، له ئازادی ڕه‌ها به‌دووره. چونکه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات تاریکستانێکیان دروست کردووه که قه‌واره و سێبه‌ره‌که‌ی به‌ری به خۆر و خۆرهه‌ڵاتن گرتووه. کێ ده‌توانێ ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا خۆی به ئازاد بزانێ؟ هه‌رکه‌س خۆی به ئازاد بزانێ، ئه‌وه به هیچ شێوه له واتای ئازادی نه‌گه‌یشتووه؛ له سه‌ر بنه‌مای ئایین و ده‌قی کتێبی ئایینی هێڵکێشی زۆرینه‌ی بواره‌کانی ژیان کراوه، کێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه مانا و واتایه‌کی جیاواز له واتا و مانای ئایینی بۆ ژیانی هه‌ڵبژێرێ؟ ته‌نیا کاتێک ئازادی په‌ره ده‌سێنێ و ده‌بێته ئازادیه‌كی پڕواتا و به بنه‌ما که کۆمه‌ڵگه به گشتی ئازاد بێ، که یه‌ک به یه‌کی شارۆمه‌ندان بتوانن له ڕووی ئازادی گشتییه‌وه بۆ ئازادی خۆیان بڕوانن و پێوه‌ر بۆ ئازادی تازه تۆمار بکه‌نه‌وه. ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا هه‌زارها ده‌رفه‌ت و پۆته‌نسیالی مرۆیی به هه‌ده‌ر ده‌ڕۆن، ڕۆژ به ڕۆژ ده‌نگی کپکراوی زۆر که‌سی نوێخواز و ئازادیخواز له کیس ده‌چن، ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و فیکره‌ی که ده‌توانن داهێنه‌ری چه‌ند شێوه له هزر و بیری تازه بن؛ هه‌ر بۆیه پێشتر ئاماژه‌م به‌وه دا که ئه‌م جۆره نه‌زم و ده‌وڵه‌تانه ڕۆژ به رۆژ کفنی خۆیان ده‌دروون و چاڵی مه‌رگی خۆیان هه‌ڵده‌که‌نن. هه‌موو بزوتنه‌وه‌کانی ده‌یه‌کان و سه‌ده‌کانی ڕابردوو، جا له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه سه‌ریان هه‌ڵدابێت، له پێناو ئازادی، یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییدا بوون. من ئه‌م دیارده‌ی ئه‌مڕۆی ئێران به دیارده‌یه‌کی تازه و بێهاواتا نازانم، ڕه‌نگه له فۆڕم و سه‌بکی بهڕێوهچونییدا تا ڕاده‌یه‌ک تازه‌یی پێوه دیاربێ، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا تازه نیه. له کوردستان که هیچ نوێگه‌رییه‌کی پێوه دیار نیه، په‌یامی ئه‌م بزوتنه‌وه له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا هه‌ر به‌رچاو بووه، ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕێکی تازه به سه‌ر دۆخی ئه‌مڕۆی رۆژهه‌ڵاتدا نه‌یه‌ت، هه‌مان په‌یام و هه‌مان ناڕه‌زایی و هه‌مان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌رایی درێژه‌ی ده‌بێ. له شاخه‌ی زانستی کۆمه‌ڵناسییدا زۆر به باشی ئاماژه به به‌رنگاربوونه‌وه‌ی چین و توێژی تایبه‌تی نێو هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌درێت. هه‌رکۆمه‌ڵگه‌یه‌ک خۆی بۆ خۆی شێوه ژیانێک به شێوه ژیانی باش له قه‌ڵه‌م ده‌دات و هاوکات هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌دات که ئه‌و شێوه ژیانه بۆ زۆرینه‌ی شارۆمه‌ندان ته‌رخان بکرێت. ئه‌و چین و توێژه‌ی که هه‌م به مانا و واتای ئه‌و شێوه ژیانه سه‌ره‌کییه ڕازین و به ته‌واویی ده‌رفه‌ت و ئیمکانی ئه‌وه‌شیان هه‌یه که به‌ره‌و ئه‌و شێوه ژیانه هه‌نگاو هه‌ڵبگرن، ئه‌وه باشترین و وه‌فادارترین کۆمه‌ڵن به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت. کۆمه‌ڵێکی دیکه هه‌یه که به هێما و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و شێوه ژیانه ڕازیه، به‌ڵام ده‌رفه‌ت و ئیمکانی گه‌یشتنی به‌و شێوه ژیانه نیه، هه‌ربۆیه ده‌ست ده‌داته کار و کرده‌وه‌ی نایاسایی. کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ش هه‌یه که نه قه‌ناعه‌تی به هێمای ئه‌و شێوه ژیانه هه‌یه و نه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شی هه‌یه که به‌ره‌و پیری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و شێوه ژیانه بڕوات، ئه‌م کۆمه‌ڵه به ته‌واوی گۆشه‌گیر ده‌بێ و له حه‌وزه‌ی گشتیی‌دا نادیار ده‌مێنێته‌وه. کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ش هه‌یه که ده‌رفه‌ت و ئیمکانی مادی و ماڵی هه‌یه که تیئۆری ئه‌و شێوه ژیانه بۆ خۆی پیاده بکات، به‌ڵام به پێویستی نازانێت و له گه‌ڵ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌دا ناڕوات. ئه‌وه له ئاکامدا چین و توێژ و کۆمه‌ڵێک ده‌مێنێته‌وه که نه به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و شێوه ژیانه رازییه وه نه ئاماده‌یه که سه‌رمایه و ئیمکاناتی خۆی له‌و چوارچێوه‌دا بۆ گه‌یشتن به‌و شێوه ژیانه سه‌رف بکات، ئه‌م کۆمه‌ڵه ده‌بێته کۆمه‌ڵێکی شۆڕشگێر، کۆمه‌ڵێک که گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تازه‌کاری پێکهاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌دات. ئه‌مڕۆ چ کۆمه‌ڵێک، چ توێژێک و چ چینێکی به‌رچاوی نێو ئێران، هه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی کۆماری ئیسلامی و هه‌م پێکهاته سیاسی و فه‌لسه‌فه سیاسییه‌که‌ی به ته‌واوی ڕه‌تده‌کاته‌وه؟ ڕه‌نگه له وه‌ڵامدا بڵێین ئه‌وه زۆرینه‌ی چین و توێژه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ن که هه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆی کۆماری ئیسلامی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه و هه‌م ڕێگای به‌ره‌وپیرچوونی ئه‌و فه‌لسه‌فه به ناشیاو و ناپه‌سه‌ند له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به‌ڵام به سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌تکردنه‌وه‌شدا من بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران به بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌بێ هێڵ پێناسه ده‌که‌م، چونکه نه هێڵێکی سیاسی شه‌فاف دیاری کراوه که نوێنه‌ر و لایه‌نگری هه‌بێ، وه نه ئایدیا و پڕۆگرامێکی تازه خۆی نواندوه، ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی کورده که زۆر ڕاشکاوانه به‌دوا پرسی نه‌ته‌وه‌ی و سیاسی خۆیدا ده‌ڕوات و هه‌موو ئاڵ‌وگۆڕێک به‌و پرسانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؛ واوه‌تر من له به‌ستێنه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه و نائارامیه‌ی ئێران‌دا به هیچ شێوه بزووتنه‌وه‌یه‌کی فیمینیستی به دی ناکه‌م، چونکه ئاواها بزووتنه‌وه‌یه‌ک هه‌م شوعار و هه‌م فه‌لسه‌فه و هه‌م هێڵی دیاریکراوی ئه‌وێت. ئه‌مڕۆ له بواری زانستی و لێکدانه‌وه‌ی مه‌یدانیدا بزوتنه‌وه‌ی فیمینیزم چه‌ند دانه هێڵی پێناسه‌کراو هه‌ن، جا هه‌ر هێڵێکیش له‌و هێڵانه به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه و خۆی له ڕوی پڕۆگرامه‌وه له هێڵه‌کانی دیکه جودا ده‌کاته‌وه: فیمینیزمی لیبڕاڵ، فیمینیزمی جیاواز، فیمینیزمی ڕادیکاڵی جیاواز، فیمینیزمی سوننه‌تی، فیمینیزمی سۆسیالیستی، فیمینیزمی گواستنه‌وه، فیمینیزمی ئوێکۆ یاخۆ فیمینیزمی پۆستکۆلۆنیالی. گومان له‌وه‌دا نیه که ژنان ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیان بۆ خۆیان دیاری کردووه و ته‌نانه‌ت زۆریش مایه‌ی خۆشحاڵی و گه‌شبینییه که وه‌ک پێشڕه‌وی ئه‌و بزووتنه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و به‌شداری ئه‌و گۆڕانکارییه‌ن. ئه‌م دیارده دیارده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش و جوانه، چونکه ژنانیش چیدیکه بێمافی و کهممافی خۆیان قه‌بوڵ ناکه‌ن، چونکه ژنانیش خۆیان به شارۆمه‌ندێکی خاوه‌ن ماف ده‌زانن و خۆیان له حه‌وزه‌ی سیاسی‌دا وه‌ک بکه‌ر ده‌بینن. به‌ڵام ئه‌م دیارده به دیارده‌یه‌کی فیمینیستی پێناسه بکه‌ین، خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌کی که‌م و کورته. پاشان له کوردستان ئه‌وه زیاتر له چ ساڵه که ژنان شان به شانی پیاوان له به‌ره‌ی خه‌باتی سیاسی‌دا به‌شداریان کردووه، ئه‌گه‌رچی هێشتا ده‌ستوپه‌نجه‌یان به گوێره‌ی پێویست له سیاسه‌تدا کاریگه‌ر نه‌بووه؛ ئه‌مه‌ش خۆی بۆ فه‌رهه‌نگی سیاسی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ فه‌رهه‌نگێک که به بۆنه‌ی بارودۆخی سیاسییه‌وه به ئاستی ڕه‌وای خۆی نه‌گه‌یشتووه. که‌ی و له چ به‌ستێنێکی سیاسی و فه‌رهه‌نگییدا نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساوه کار له سه‌ر گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی سیاسی خۆی بکات؟ سیاسه‌ت له کوردستان ته‌نیا به بیرۆکه‌ی شه‌ڕ و به‌ره‌نگاریه‌وه گرێدراوه، سیاسه‌ت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی واتای ڕوخان و شێوان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناڕه‌وای موتڵه‌قی ناوه‌ندگه‌رایی خۆی پێناسه کردووه؛ به واتایه‌کی دیکه له کوردستان هێشتا کات و فازی ئه‌وه نه‌هاتووه که سیاسه‌ت وه‌ک وزه‌ی سازێنه‌ر و داهێنه‌ر کاریگه‌ر بێ. گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسه سه‌ره‌کیه‌که‌ی بڕگه‌ی دووه‌می داڕشتنه‌که‌م، ئه‌و دیارده تازه‌ی که ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا ده‌بینرێ و کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کانی دونیاش بۆی ده‌ڕوانن و ئیلهامی لێوه وه‌رده‌گرن، بوێری و یه‌کگرتوویی خه‌ڵکه. خه‌ڵکی ئێران له به‌رامبه‌ر ڕژیمێکی دڕنده‌ی بێڕه‌حمدا به‌و په‌ڕی بوێریه‌وه ڕاوه‌ستاوه و ته‌وێڵی ڕوبه‌ڕووی چه‌ک و هێزی نیزامی ده‌سه‌ڵات کردۆته‌وه و داوای مافی ئازادیی خۆی ده‌کات. خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کان به ته‌واویی وزه‌ی ڕادیکاڵبوونیان له ده‌ست داوه، فه‌رهه‌نگی دیالۆگ و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منیه‌تی ژیان ته‌واو کاریگه‌رن. ئاستی گه‌شه‌ی ئه‌و دیاردانه جۆرێک مرۆڤیان بارهێناوه و ڕاهێناوه که هه‌روا به ئاسانی ژیان و ئه‌منیه‌تی ژیانی ناخاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا ده‌بینرێ ڕێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیارده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌یه که له ڕۆژئاوا هاوشێوه‌ی سروشتی دووه‌می خه‌ڵک بۆی ده‌ڕواندرێ. ئه‌گه‌رچی خودی ئه‌م پرسه‌ش شایانی لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر و زیاتره، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ی که بۆ من جێگای سه‌رنجه ته‌نیا ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کانی جیهان به سه‌رسامیه‌وه بۆ ئێران ناڕوانن که گوایه داهێنه‌ری فه‌لسه‌فه و په‌یامێکی جیاواز و تازه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچه‌رخ بن، به‌ڵکه ئه‌وه ته‌نیا نه‌ترسی و بوێری خه‌ڵکه که ئیلهام به‌خشه، ئه‌وه وزه و ڕادیکاڵ بوونی خه‌ڵکه که له ڕۆژئاوا جێگه‌ی باسه، هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیاندا به‌دی ناکرێن. گومان له‌وه‌دا نیه که ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران شایانی پشتگیریه و ته‌واو ڕه‌وایه، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌کی به بێ هێڵ ده‌کرێ به هه‌نگاوی دووه‌می خۆی بگات، ئه‌وه‌ی که زۆر زه‌رووره هه‌نگاوی سێیه‌میه‌تی. هه‌ربۆیه با له بڕگه‌ی سێهه‌می داڕشتنهکهمدا هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه و بۆ دۆخی نه‌گه‌یشتووی داهاتوو هه‌ڵبگرم؛ ئه‌م هه‌نگاوه ته‌نیا پێشبینیه‌که که له ڕووی خوێندنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌مڕۆوه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
(٣) هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و ئابووری که هێڵێکی فه‌لسه‌فی دیاریکراوی له پشته‌وه نه‌بێت، ئاکامه‌که‌ی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نادیاره، چونکه له به‌ستێنه‌ی گه‌شه‌ی خۆیدا هه‌ندێ وزه و هێز دێنه ئاراوه که یا به لارێیدا ده‌به‌ن یا بۆ ئایدیا و مه‌به‌ستی خۆ که‌ڵکی خراپی لێوه‌رئه‌گرن. مێژوو پیشانی داوین که چۆن ئاقاری زۆر بزووتنه‌وه به لاڕێدا براون. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره‌چه‌شنه، بیروڕای جیاواز و خواستی سیاسی جیاواز ئه‌مڕۆ ته‌نیا بۆ له‌ناوبردنی کۆماری ئیسلامی کۆده‌نگ و هاوده‌نگن. به تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورد له سه‌رده‌می ڕژیمی پاشایه‌تی و له چل ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیشدا هه‌موو وزه‌ی وهخۆهاتن و وزه‌ی خه‌باتی خۆی له پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی سه‌روه‌ری خۆیه‌وه وه‌رگرتووه؛ ئایا ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خواسته سه‌ره‌کییه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بێ؟ من خۆم گه‌وره‌ترین گومانم هه‌یه. هه‌ربۆیه ئاماژه‌م به‌وه دا که پرسی سه‌ره‌کی داهاتووی ئێران و کوردستان پاش نه‌مانی کۆماری ئیسلامی ده‌ست پێده‌کا، ئه‌گه‌ر ئه‌وکات نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خواسته سیاسیه بنه‌ڕه‌تیه‌ی کورد نه‌بن، ئه‌وه ده‌ستکه‌وتی سیاسی و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی کورد له به‌راورد له گه‌ڵ قوربانیه مرۆییه‌کانیدا نه‌ک هه‌ر زۆر که‌م ده‌بێ، به‌ڵکه ئه‌وکاتیش ڕێگای خه‌باتی سیاسی نه کورت ده‌بێته‌وه و نه کۆتایی پێدێت؛ ڕه‌نگه له به‌ستێنه‌یه‌کی دیکه و جیاوازدا، ڕه‌نگه به هه‌ندێ ده‌رفه‌تی زیاتر و گه‌وره‌تره‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر به ئازادی ڕه‌های خۆی ناگات. هه‌ربۆیه ده‌بێ روناکبیران، بیرمه‌ندان و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان زیاتر بایه‌خ به خوێندنه‌وه‌ی سیاسی داهاتووی ئێران بده‌ن. هه‌ربۆیه ده‌بێ حه‌وزه‌ی گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران گوێبیستی په‌یامی شه‌فافی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی کورد بێ، واوه‌تر کوردیش زیاتر و زیاتر و خولیا سیاسیه‌کانی خۆی پێناسه بکات؛ کورد نابێ له‌وه زیاتر ببێته سووته‌مه‌نی و خۆی بکاته گیانفیدای بزووتنه‌وه‌یه‌ک که خێروبێره‌که‌ی بڕواته گیرفانی لایهنگهلێکهوه که به هیچ شێوه‌یه‌ک له ته‌ک سه‌روه‌ری کورددا ته‌با نین و نابن. ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ له مێدیا و دام و ده‌زگای په‌خش و حه‌وزه‌ی گشتیی‌دا به‌دی ده‌کرێ، جۆرێک له هه‌ڵوێستی نوێنه‌رانی کورد پیشان ده‌دات، که له باوه‌ڕبه‌خۆبوونی جیددی و گه‌وره‌وه دووره. زه‌مینه و ده‌رفه‌ته سیاسیه‌که بۆ کورد زۆر له‌باره، چونکه کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاگاداری زۆر شته، کۆماری ئیسلامی له زۆر لایه‌نه‌وه ئیدانه ده‌کرێ، به‌ڵام لۆبیی و په‌یوه‌ندی سیاسی کورد له گه‌ڵ گه‌وره هێزه‌کانی جیهاندا هێشتا هه‌ر لاوازه. له ڕووی دیپلۆماسی و کاریگهربوونهوه کورد هێشتا ساکار و کهمورهیه؛ پێده‌چێ که باوه‌ڕی پته‌و و جیددی به ڕوخانی کۆماری ئیسلامی له ئارادا نه‌بێ. گومان له‌وه‌دا نیه که هیوا هه‌یه، به‌ڵام کورد هێشتا هیچ هاوپه‌یمان و دۆستێکی سیاسی له پشته‌وه نیه، ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردستان ته‌نیا له مێدیا پهڕوایزخراوهکان و مێدیا خۆجێیه‌کاندا ده‌نگیان ده‌ڕوا. ئه‌م دیارده تازه نیه و له مێژووی کورددا چه‌ندا جار هاتۆته پێشه‌وه، چونکه له گه‌مه‌ی سیاسی و دیپلۆماسییدا لاواز بووه، باجی ئه‌م که‌م ئه‌زموونی و ناشاره‌زاییه به قورسی و به گرانی دراوه؛ هه‌ربۆیه من هێشتا گه‌شبین نیم و ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران به بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌بێ هێڵ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی دووه‌می ئه‌و بزووتنه‌وه بێته ئاراوه، ئه‌وه ئه‌وکات گه‌وره‌ترین و ئاڵۆزترین پرسه سیاسیه‌کان داوای وه‌ڵامی خۆیان ده‌که‌ن و وه‌ڵامی خۆیان وه‌رده‌گرنه‌وه؛ ئه‌گه‌ر کورد له ڕۆژهه‌ڵات زۆر وریا و ته‌یار نه‌بێ، ئه‌وه وه‌ڵامی خۆی وه‌رناگرێته‌وه، به‌ڵکه هێزه زهبوونهکانی ئه‌مڕۆ له سه‌ر بنه‌مای ڕێژه‌ی زۆرینه، ناوه‌ندگه‌رایی و ناسیۆنالیستییه‌وه وه‌ڵامی خۆیانی ئاڕاسته ده‌که‌ن.
د. هیوا عه‌لیدوست، مانگی ژانیوهی ٢٠٢٣