گفتوگۆیه‌ک له گەڵ دوکتۆر مه‌نسور سوهرابی – بەشی ١
دیدار و گفتوگۆیه‌ک له ته‌ک به‌ڕێز دوکتۆر مه‌نسور سوهرابی سه‌باره‌ت به «ئێکۆسۆسیالیزمی دیموکڕاسی». ئه‌م گفتوگۆیه له سه‌ره‌تای مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٢− دا له لایه‌ن دوکتۆر هیوا عه‌لیدوسته‌وه سازدراوه. ئه‌و گفتوگۆ پێکهاتووه له چه‌ند به‌ش، به‌شی دووه‌م له ژوماره‌ی سێی گۆڤاری هێمادا بڵاو ده‌بێته‌وه.
هێما: دوکتۆر مه‌نسووری به‌ڕێز، من کاتێک سه‌رنجی کۆمه‌ڵیک له نووسراوه‌کانی جه‌نابتم دا، به خێرایی پرسیارێکی جیددیم لا درووست بوو، ئه‌ویش ئه‌و پرسیاره‌یه: ئه‌مرۆ له دونیای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی‌دا، یاخۆ دونیای فیکر و ئه‌ندێشه‌دا، ئاماژه به خاڵێکی سه‌رنجڕاکێش ده‌درێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له‌و بازنه‌دا که‌لێنێکی به‌رچاو درووست بووه، که‌لێنی ده‌رفه‌تێک که ده‌بێ و ده‌بوا پۆته‌نسیالی باش بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له جیهانی بێڕه‌حمی سه‌رمایه‌داری بخوڵقینێ. به‌واتایه‌کی دیکه دونیای فیکریی ئه‌مڕۆ هه‌ژار ماوه‌ته‌وه، خاوه‌ن ڕوئیایه‌کی قورس و کهرهسهداری گونجاو نییه، که خولیا و ئاره‌زو و خۆزگه‌کانمان بۆ داهاتوویه‌کی باشتر، جوانتر و دادپه‌روه‌رانه‌تر بگوێزێته‌وه، مه‌گه‌ر ده‌بێ ئه‌و هیوای ده‌ربازبوونه له نیزامی سه‌رمایه‌داری به خاک بسپێرین؟ زۆر جار له‌و به‌ستێنه‌دا پرسی ژینگه دێته ئاراوه، واته ئاشتبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له ته‌ک سروشتدا، گه‌ڕانه‌وه بۆ دۆخێکی پایه‌دار و به‌رده‌وامیی له ته‌ک سروشتدا، کاتێک من داڕشتنێکی جه‌نابتم خوێنده‌وه، به خێرایی هاته به‌رچاوم که ئێوه ئاماژه به شێوه‌یه‌ک له دیموکڕاسی ده‌ده‌ن، واته دیموکڕاسی وه‌ک نه‌زمێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. جا له سه‌ره‌تاوه به شیاوی ده‌زانم که ئاماژه به‌و ده‌سته‌واژه بده‌ین و له‌و ده‌سپێکه‌وه بڕۆینه نێو گفتوگۆکه‌مان، ئێوه به گشتی چۆن پێناسه‌ی ئه‌و ئایدیای خۆتان ده‌که‌ن؟ ئه‌و شێوه دیموکڕاسیه چۆن ده‌توانێ له جیهانی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌داریدا کاریگه‌ر بێ؟
د. مه‌نسوور: ڕه‌نگه شیاو بێ که من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاماژه به پێناسه‌ی ئه‌و ئایدیا بده‌م. من خۆم باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه، که دیموکڕاسی ته‌نیا ده‌سه‌ڵات دابه‌شکردن نییه، یاخۆ ته‌نیا ئه‌وه‌ی که له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار بی. هه‌ندێک ڕێکخراوه‌ی سیاسی قه‌ناعه‌تیان به‌وه هه‌یه که به‌شداربوونیان له ده‌سه‌ڵاتدا خۆی سه‌لماندنی هه‌بوونی دیموکڕاسییه، یا خۆ که فره‌حیزبی هه‌بوو، ئه‌وه دیموکڕاسی هه‌یه. ئه‌مه هه‌مووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێناسه‌کردن و تێگه‌یشتنی مرۆڤ له زۆر دیارده، دیارده‌ی وه‌ک خاک و واوه‌تر، ئه‌مه دیدێکی هومانیستی به‌رزه، چونکه مرۆڤ خۆی به سه‌رتۆپی هه‌موو هه‌بووه‌کان ده‌بینێ. جا مرۆڤ دیموکڕاسیشی به هه‌مان تێگه‌یشتن پێناسه کردووه، کۆی هه‌موو هه‌بووه‌کان ته‌نیا له خزمه‌ت مرۆڤدا هه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ن که مرۆڤ به‌خته‌وه‌ر بێ. واوه‌تر ئه‌م تێگه‌یشتنه له هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کاندا هاوشێوه‌یه، له چه‌پی چه‌په‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته ڕاستی ڕاست. ڕه‌نگه جه‌مسه‌ری چه‌پ هه‌ندێ تێبینی باش و باشتری له جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه هه‌بێ، به‌ڵام به گشتی ئه‌و وته ئایینیه که ده‌ڵێت: به‌شه‌ر ئه‌شره‌فی مه‌خلووقاته هێشتا هه‌ر باڵاده‌سته، ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه هه‌م له دونیای سه‌رمایه‌داری، له دونیای سوسیالیستی و هه‌م له دونیای ئاینییشدا هه‌ر جێگیره، هه‌موو لاکان ته‌نیا له دیدی مرۆڤه‌وه ده‌ڕوانن و مرۆڤ له خودی ئه‌و سیسته‌مه‌ی که تێیدایه جودا ده‌که‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌که ده‌خه‌نه خزمه‌ت مرۆڤه‌وه، ئه‌مه‌یه کێشه‌ی سه‌ره‌کی، به‌شه‌ر نه‌هاتووه خۆی وه‌ک به‌شێک له سیسته‌مه‌که ببینێ، به‌ڵکه خۆی به ئاغا و به ڕه‌ئیس و به‌وه‌ی که سیسته‌مه‌که ته‌نیا له خزمه‌تی ئه‌ودایه پێناسه کردووه. دواتر مرۆڤ هاتووه ده‌ستکاری ئه‌و سیسته‌مه‌ی کردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات، خۆی ئه‌مه شێوه‌یه‌ک له ئیستیعمار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی »ئێکۆسیسته‌مه» له لایه‌ن مرۆڤه‌وه. ئێوه بڕوانن بۆ دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت: بۆ وێنه بۆ ئیستیعمار له نێو ئیستیعماردا، بۆ ڕاسیزم له نێو ڕاسیزمدا، بۆ وێنه گه‌ر بڕوانینه ژنێکی کورد له کوردستاندا، ئه‌وه‌ک کورد ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، وه‌ک موسڵمان به هه‌مان شێوه، وه‌ک سونیی، وه‌ک ژن دیسانه‌وه گوشاری له سه‌ره، له جیهانی ئه‌مڕۆدا مرۆڤیش به گشتی تووشی هه‌مان ده‌رد بووه، خۆی به بۆنه‌ی پێکهاته‌ی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه، هه‌ربۆیه به شێوه‌یه‌ک به‌ره‌نگاری جیهانی سه‌رمایه‌داری ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خۆی خه‌ریکه به شێوه‌یه‌کی دیکه و له به‌ستێنێکی دیکه‌دا هه‌مان کار ده‌کات و به ته‌واویش له دۆخ و له کرده‌وه‌ی خۆی تێنه‌گه‌یشتووه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه مرۆڤ ده‌بێ بگات به‌و قه‌ناعه‌ته که خۆی به‌شێکه له‌و سیسته‌مه، له‌و سیسته‌مه به‌رزتر نییه و ئه‌و سیسته‌مه‌ش ته‌نیا له خزمه‌ت ئه‌ودا نییه، به‌ڵکه مانه‌وه‌ی خودی خۆی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا هه‌یه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بۆ ڤایڕوسێک بڕوانین، ڤایڕوس عه‌قڵیه‌تی به‌م شێوه‌یه، واته ڤایرۆس زۆر جار له به‌شه‌ر باشتر فیکر ده‌کاته‌وه، ڤایرۆس بۆ ئه‌وه‌ی له ژینگه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه، بۆ وێنه کڕۆنا، کاتێک که هات کێشه‌ی زۆر ساز کرد، به‌ڵام ڤایرۆس زوو زوو خۆی ده‌گۆڕێت، ئه‌م خۆگۆڕانهش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که بژی و بمێنێته‌وه، ئه‌و ڤایرۆسه هه‌وڵ ده‌دات که کاریگه‌ریی کوشتنی خۆی که‌م بکاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگا‌و ژینگه‌ی خۆی که له‌شی مرۆڤه، له ناوی نه‌بات و نه‌یکوژێ. با ئێمه بڕوانینه ئه‌و ئۆمیکڕۆنهی ئێستا، کاریگه‌ری کوشتن و له ناوبردنی ته‌واو که‌م بووه‌ته‌وه، ئێستا بووه‌ته هاوشێوه‌ی ڤایرۆسێکی هه‌ڵامه‌ت، به‌ڵام به‌شه‌ر هێشتا به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتووه، ئه‌و شوێنه‌ی که تێیدا ده‌ژی، به‌ره‌و کاولبوون و نابوودکردن ده‌با، هه‌تا خۆیشی تێدا له‌ناو ببات، ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه هیچ نه‌بێت پێنج هه‌زار ساڵه درێژه‌ی هه‌یه و له ته‌ک مرۆڤدا هاتووه. هه‌ر له ئایینه‌وه بڕوانه، چونکه مرۆڤ توانیویه‌تی ئاخافتنی هه‌بێ، چونکه توانیویه‌تی فیکر بکاته‌وه، کارێکی کردووه خۆی به باشتر و به‌رزتر له هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کان بزانێ، هه‌موو ئایینه ئیبڕاهیمیهکان. هه‌ر له سه‌رده‌می موساوه، به‌شه‌ر خۆی به جیاواز بینیوه، ئه‌م کرده‌وه داستانی زۆری لێ که‌وتۆته‌وه، ئه‌م بیرۆکه چینایه‌تییه درێژه‌ی بووه، کاتێکێش که مرۆڤ خۆی به‌گژ ئه‌و هزره چینایه‌تییدا ده‌چێته‌وه، واته له سه‌رده‌می مانیفیستی “مارکس” و “ئێنگڵس”ه‌وه، هێشتا ئه‌م هزره هه‌ر درێژه‌ێ هه‌یه و ده‌مێنێته‌وه. هیچ سات به‌شه‌ر خۆی له ته‌ک سروشت و ژینگه‌دا به ئاوێته‌یی پێناسه نه‌کردووه، به‌ڵکه به‌رده‌وام به‌شه‌ر له گه‌ڵ به‌شه‌ردا.
هێما: من له‌و به‌ستێنه‌دا بیرمه‌ند و فه‌یلسووفی ئاڵمانی “فڕیدڕیش ڤیلهێلم یۆسڤ شێلینگ”−م دێته زه‌ین که ڕه‌نگه وه‌ک زۆر که‌م له فهیلسووفهکان ئاماژه‌ی به ئاواها پێناسه‌یه‌ک دابێ و به‌رده‌وام له هه‌وڵدا بووبێ، مرۆڤ و سروشت پێکه‌وه ببینێ و پێکه‌وه پێناسه بکات. هه‌ربۆیه زۆر جار ئاماژه‌ی به‌وه داوه که مرۆڤ ده‌بێ بۆ شێوه ژیانێکی دیکه بڕوانێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نیزامی سه‌رمایه‌داری ئه‌و گه‌شه نه‌رێنییه‌ی به ئه‌وجی خۆی گه‌یاندووه و کاردانه‌وه‌که‌ی بووته خاپووربوونی سروشت، هه‌ربۆیه ڕه‌نگه ئه‌و پرسه‌ی ئێوه ئه‌مڕۆ زۆر گرینگتر و زه‌روورتر له جاران و له مێژووی چه‌ند سه‌د ساڵی ڕابردوو بێ.
د. مه‌نسوور: دروسته، مرۆڤ چونکه خۆی له‌و سیسته‌مه‌دا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، کێشه‌ی خولقاندووه. بۆ وێنه تیئۆری “گایا” ده‌ڵێ: ئێمه ده‌بێ کوره‌ی زه‌وی وه‌ک بوونه‌وه‌رێک چاو لێبکه‌ین، جا ئێمه‌ش به‌شێکین له‌و جه‌سته، ئێستا مرۆڤ له ناخ و له زۆر شوێنی جه‌سته‌یدا چه‌ندان باکتریای جیاوازی تێدایه که هه‌موو ئه‌وانه ده‌بنه هۆی زیندوومانه‌وه‌ی مرۆڤ. مرۆڤ بۆ هه‌بوونی خۆی کۆمه‌ڵیک هه‌بووی دیکه‌ی پێویسته، واته هه‌بووه‌کانی دیکه کردوویانه به مرۆڤ، به‌ڵام ئێمه به مرۆڤ ده‌ڵێین مرۆڤ و ته‌واو، جا تیئۆری گایاش ئاماژه به‌وه ده‌دات و ده‌ڵێ گه‌ر زه‌وی ئۆرگانیزمێک (بوونه‌وه‌رێک) بێت، ئه‌وه ئێمه‌ی مرۆڤ ته‌نیا یه‌ک له‌و باکتێریانهین له نێو ئه ئۆرگانیزمه مه‌زنه‌دا. یانی بوونی ئێمه‌ش یارمه‌تی هه‌بوونی سروشت ده‌دات، چونکه ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بێ، ئه‌وه سروشت ده‌گۆڕێ، به‌ڵام مرۆڤ پێویسته هه‌بوونی خۆی ته‌نیا به‌و گوێره‌یه پێناسه بکات، دواتر ئه‌مه خۆی ده‌چێته حه‌وزه‌ی ڕه‌وشت و ئه‌خلاقه‌وه، ئه‌خلاقی ژینگه‌یی، من لێره‌دا ناچمه نێو ئه‌و باسه‌وه تا له باسه سه‌ره‌کیه‌که لانه‌ده‌م، به‌ڵام ئه‌و دیموکڕاسییهی که باسمان لێکرد، به‌و شێوه پێناسه‌کراوه که مرۆڤ خۆی به به‌رزتر له هه‌موو شت ده‌زانێ. به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا، ئازادی بیروڕا گۆڕینه‌وه، مافی مرۆڤ، هه‌مووی مرۆڤ مرۆڤ و مرۆڤ، به‌ڵام نه‌هاتووین تاریفێکی ئه‌وه بکه‌ین که ئێمه له شوێنێکدا ده‌ژین، که مانه‌وه‌ی درێژماوه‌ی ده‌بێته هۆی مانه‌وه‌ی ئێمه‌ش، خۆ کاتێک که ئه‌و سروشته نه‌ما، ئێمه‌ی سروشتیش نامێنین. چۆن ده‌بێ که دیموکڕاسیهکهش ئاوێته به‌و سروشته پێناسه بکه‌ین، ئه‌مه‌یه که زۆر جار به دیموکڕاسی سه‌وز له قه‌ڵه‌م ده‌درێ، دیموکڕاسی ژینگه‌یی، دیموکڕاسیهک که مافی هه‌موو هه‌بووه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات.
هێما: زۆر سه‌رنجڕاکێشه، چونکه ئه‌گه‌ر ئێمه دیموکڕاسی به کۆمه‌ڵگه و مرۆڤه‌وه گرێ بده‌ین، ئه‌وه دیموکڕاسی پرۆسه‌یه‌کی ڕانه‌وه‌ستاوه، پڕۆسه‌یه‌ک که ده‌بێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه له خۆدا هه‌ڵبگرێت، به‌رده‌وام مۆڵه‌ت بدات تا که‌م و کوڕییهکانی که‌مڕه‌نگ بکه‌ینه‌وه، ئه‌م کرده‌وه پێویستیی به په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت هه‌یه. که وابوو ئه‌و خۆ دۆزینه‌وه‌ی که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا، ئه‌و شێوه له پێناسه‌ی گۆی زه‌وی، ئه‌و گشتیی سه‌یرکردنه، مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو داواکاریه پێشنیاریانه پێویستی به په‌روه‌رده‌یه‌کی تایبه‌ت نییه، ڕه‌نگه په‌روه‌رده‌یه‌ک که ئێمه هێشتا هه‌ر ده‌ستیشمان پێنه‌کردبێ؟
د. مه‌نسوور: به‌ڵێ، ئه‌م ڕوانگه ده‌که‌وێته‌وه هه‌مان بازنه‌وه که من به کورتی ئاماژه‌م پێدا و له ژێر ناوی ڕه‌وشت و ئێخلاقدا باسم کرد، واته چۆن ده‌کرێ ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببێ. وایه په‌روه‌رده، پرسی ئایین، پرسی نیزامی سیاسی، بنه‌ماڵه، هه‌موو ئه‌مانه کاریگه‌رییان هه‌یه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که چ مرۆڤێک دروست ده‌که‌ین، مرۆڤێک که خاوه‌ن ئه‌و شێوه فیکر و کرده‌وه بێت. ته‌نانه‌ت خودی ئایینیش به هه‌مان شێوه بووه، بۆ وێنه گوناح، چۆن به‌شه‌ر هه‌ست به گوناح ده‌کات، بۆچی ده‌بێ کرده‌وه‌یه‌ك له کوردستان گوناح بێت، به‌ڵام هه‌مان کرده‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئاڵمان‌دا گوناح نه‌بێ. واته هه‌ست و تێگه‌یشتنه‌کان له به‌رابه‌ر کرده‌وه‌کاندا له کۆمه‌ڵگه بۆ کۆمه‌ڵگه جیاوازن. جیاوازیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌روه‌رده و باوه‌ڕ بوون به ڕه‌وشتێک، ڕه‌وشتیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کامڵ‌بوون و پێگه‌یشتنی خودی کۆمه‌ڵگه‌کان. بۆ ئه‌و کامڵبوونه، هه‌م مێژوو، هه‌م عه‌قڵییه‌ت و خوێندن، زانست، بنه‌ماڵه و ئایین، هه‌موو ئه‌م دیاردانه ده‌ور ده‌گێڕن. که‌وایه ئێمه ده‌بێ کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئه‌و گه‌شه ئه‌رێنیه به‌رین و بیروباوه‌ڕێکی ساخی بۆ درووست بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌م داستانه هه‌ندێک مه‌ترسی له گه‌ڵ خۆیدا دێنێ و هه‌روا ساکار نییه، چونکه خودی ئه‌م پرسه ده‌چێته خانه‌ی ئیدئۆلۆجییهوه، ڕه‌نگه ئه‌و دۆخه ببێته دۆخێکی ئیدئۆلۆجیی و ته‌نانه‌ت موتڵه‌قیش. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر فیلیمێکی فه‌ڕه‌نسی بڵاو بووه‌وه، له‌و فیلمه‌دا کابراێک له ته‌ک ژنێکی دووگیاندا قسه ده‌کات، کابرا به شێوه‌یه‌ک تووندڕه‌وه که به ژنه دووگیانه‌که دێژێ، ئه‌تۆ خه‌ریکی جهنایهتیت، دونیا به‌ره‌و خاپووربوون ده‌ڕوات و سروشت ئاوا و ئاوای لێدێت و به‌ره‌و وێرانکاری ده‌ڕوات، کابرا کارێک ده‌کات که ئه‌و ژنه به عینی به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌یێنێت که منداڵه‌که‌ی نه‌وێت. جا لێره‌دا زۆر زۆر زه‌رووره که تۆ په‌روه‌رده و ڕه‌وشت و کرده‌وه‌ت به شێوه‌یه‌ک پیاده بکه‌یت که هیچی نه‌چێته خانه‌ی تووندڕهویهوه.
هێما: به‌ڵێ، به‌ڵام با ئێمه هێشتا له پاڕادایمی بیرکردنه‌وه‌ی خۆمانادا بمێنینه‌وه، چونکه ئه‌و بیرۆکه‌ی که ئێوه ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، ڕه‌نگه بیرۆکه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک تازه بێ، واته ئه‌و سیسته‌مه گشتگیره که ئاوڕ له هه‌موو بواره‌کانی ژیان و ژینگه ده‌داته‌وه، واوه‌تر ڕه‌نگه هه‌مان بیرۆکه شێوه‌یه‌ک به‌دیل بێت بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له نیزامی زاڵی ئه‌مڕۆ. پێشتر ده‌گوترا، که نیزامی فیکری سۆسیالیزم هیچ نه‌بێت دوو سه‌د ساڵ به‌ربه‌ره‌کانێی جیددی له ته‌ک نیزامی سه‌رمایه‌داریدا کرد، ئێستا به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووین که سۆسیالیزم پاش ساڵی ١٩٨٩ ئه‌و کاریگه‌ری و ئه‌و بڕه‌ی نه‌ماوه، هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ زۆر ڕه‌خنه‌گرانی نیزامی سه‌رمایه‌داری هه‌ڵوه‌دای به‌دیلێکی گه‌وره و جیددین، پێتان وانییه که ئه‌و بیرۆکه توانای ئاوه‌ها کاریگه‌ریه‌کی هه‌بێ؟ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کۆمه‌ڵێک له پاڕادایمی بیرکردنه‌وه‌مان هه‌ڵوه‌شێنێت؟
د. مه‌نسوور: به‌ڵی، به‌ڵی، من وا بیرده‌که‌مه‌وه، چونکه مێژوو هێشتا ته‌واو نه‌بووه، من وای نابینم که به‌شه‌رییه‌ت به ئاستێک گه‌یشتبێ که عه‌قڵیه‌تی به ئه‌وجی گه‌شه‌ی خۆی گه‌یشتبێت. ڕه‌نگه به که‌ڵک وه‌رگرتن له زۆرینه‌ی سیسته‌مه فیکریه‌کان ده‌رفه‌ت بۆ سازاندنی ئایدیایه‌کی تازه‌ی وه‌ک ئێکۆسۆسیالیزمی دیموکڕاسی بخولقێنین. واته تۆ بتوانیت ئێکۆسوسیالیزمێکی دیموکڕاسی دابمه‌زرێنی، به‌ڵام نه‌ک ئه‌و ئێکۆسۆسیالیزمهی که په‌که‌که خوازیاریه‌تی، چونکه ئه‌وان وشه‌که‌یان له شوێنێکی دیکه‌وه هێناوه. بۆ من ئێکۆسوسیالیزمی دیموکڕاتیک ده‌بێ پێش هه‌موو شت به‌ر به ڕه‌هه‌ندی تووندڕه‌وی بگرێت، به مه‌رجێ مرۆڤ هێشتا هه‌ر خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئایدیادا ببینێته‌وه، بۆ مانه‌وه له‌و چوارچێوه‌دا په‌روه‌رده‌یه‌کی تایبه‌ت پێویسته، په‌روه‌رده‌یه‌ک که یارمه‌تیمان بدات تا له‌و دیارده تێبگه‌ین، جا یه‌که‌م هه‌نگاو ئه‌وه‌یه که ئێمه چیدیکه خۆمان به ئه‌شڕه‌فی مه‌خلوقات نه‌زانین، خۆمان به ئه‌رباب نه‌زانین، زۆر باشتر ئه‌وه‌یه که ئێمه خۆمان به پازلێکی ئه‌و چوارچێوه بزانین. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پازله هه‌موو پارچه‌کانی له جێگه‌ی خۆیاندا بن، که‌م و که‌سری نه‌بێ، ئێمه ده‌بێ بتوانین که ئه‌و پازله پێناسه بکه‌ین و به‌شه‌ریش ته‌نیا به به‌شێک له‌و پازله بزانین.
هێما: دروسته، به‌ڵام بۆ ته‌واوکاری ئه‌و پازله، بۆ هاوئاهه‌نگی له‌و وێنه‌دا کاری زۆرمان پێویسته، واته دروستبوونی ئه‌و پازله ڕێکوپێکه، چالشێکی زۆر گه‌وره ده‌خاته به‌ر ده‌ممان.
د. مه‌نسوور: به‌ڵێ، به‌ڵی، چونکه تۆ ده‌بێ هه‌موو شوێنه‌کان بدۆزیه‌وه و هه‌موو شوێنه‌کان به شیاویی پڕ بکه‌یته‌وه، تۆ ده‌بێ هاڕمۆنیهکی باش بسازێنی، به سه‌ر ئه‌وه‌شدا وه‌ڵامده‌ره‌وه و ماندگار بێ، واوه‌تر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌کانیش ڕه‌چاو بکات.
هێما: باشه ئێوه مێتۆدێکی فه‌لسه‌فی تایبه‌ت شک ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکه ڕیالیزه بکات؟ بۆ وێنه ئێمه کۆمه‌ڵێک مێتۆدی جێکه‌وتووی فه‌لسه‌فییمان هه‌یه که هه‌ریه‌ک به شێوه‌ێه‌ک بۆ واقعییه‌ت ده‌ڕوانن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان به کۆمه‌ڵێک کهرهسهوه بۆ داهاتووش ده‌ڕوانن، بۆ وێنه «هێگل»، که ڕابردوو به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌خوێنێته‌وه و له خودی ئه‌و خوێندنه‌وه‌دا پۆته‌نسیال و ده‌رفه‌تی ئه‌وه به‌دی ده‌کات که تێیدا ڕوانین بۆ داهاتووش خۆ به ده‌سته‌وه بدات. بۆ وێنه له خوێندنگه‌ی ئه‌مڕۆی فڕانکفۆرتدا «ڕاینه‌ر فۆرست» که‌سێکی به‌رچاوه که مرۆڤی کۆمه‌ڵگه له ته‌ک سێ دونیای جۆراوجۆردا ڕووبه‌ڕوو ده‌کاته‌وه، سێ دونیا که مرۆڤ تێدا ده‌ژی: دونیای یه‌که‌م دونیای واقعییه، که بتوانیت به هه‌موو لایه‌نه لاواز و لایه‌نه ئهرێنییهکانییهوه بیخوێنیته‌وه، دونیای سێهه‌م پێشبینیکردنی داهاتوویه‌کی باش و باشتر و ڕێکوپێکه، دونیایه‌ک که تا بکرێ که‌م ئیرادتر بێت، له ئاکامدا دونیای دووه‌م هه‌یه، که خۆی به دونیای ڕه‌خنه له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ئه‌و دونیایه که دوو دونیاکه‌ی دیکه پێکه‌وه گرێ ده‌دات. جا ڕه‌نگه ئه‌و ئایدیای که ئێوه کاری له سه‌ر ده‌که‌ن به‌هه‌مان شێوه پێویستی به مێتۆدێکی به‌هێز بێت که بتوانێت کاریگه‌ری درێژماوه‌ی هه‌بێ، واوه‌تر ئێوه چۆن بۆ ئه‌و مێتۆده کلاسیکیانه ده‌ڕوانن؟
د. مه‌نسوور: خۆی مرۆڤ هه‌م له باری فیکرییه‌وه و هه‌م له باری مێژووه‌وه گه‌شه ده‌کات، بۆ وێنه گه‌شه‌ی مرۆڤ هاوشێوه‌ی ماراسۆنێکی هاوبه‌شه که کۆمه‌ڵێک ڕاکه‌ر بۆ بڕینی رێگایه‌ک دابه‌شکاری ده‌که‌ن، که‌سیان هه‌یه پێنج کیلۆمه‌تر ده‌ڕوا و که‌سی دیکه‌شیان زیاتر، یا ڕه‌نگه که‌متریش، لێره‌دا که‌سی پێشتر ڕێگا بۆ که‌سی دوا خۆی ده‌سازێنێ. ئێمه‌ی مرۆڤیش ده‌بێ مێژوو بخوێنینه‌وه و به باشی له ڕابردووی خۆمان بگه‌ین، دواتر ئێستهشمان باش بخوێنینه‌وه، هه‌تا خوێندنهوهیهکیشمان بۆ داهاتوو هه‌بێ، هه‌تا بتوانین ئه‌و چڵه داره‌ی که له ماڕاسۆنهکهدا به ده‌ستمانه‌وه‌یه به شوێنی خۆی بگه‌یێنین. به واتایه‌کی دیکه خۆ هیچ که‌س ناتوانێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایی ڕاکات و ئه‌و چڵه داره‌ی ده‌ستی بگه‌یه‌نێت. خۆی تێکنۆلۆجی ئێستا به‌ره‌و دونیایه‌ک ده‌ڕوات که ناڕوونه، به تایبه‌ت بۆ ئه‌م جیله‌ی ئێمه، ئه‌مڕۆ باس له دونیای مه‌جازییه، باس له هۆش و عه‌قڵی ده‌ستکرده، هه‌موو ئه‌م گه‌شه زۆر له ڕابردوو جیاوازتره و له داهاتووشدا زۆر ده‌گۆڕێ، یانی له په‌نجا ساڵی داهاتوودا کۆمه‌ڵگه ته‌واو شتێکی دیکه‌یه، ڕه‌نگه زۆر ده‌سته‌واژه‌یه‌ی تازه کاریگه‌ر بن. له داهاتوودا ده‌کرێ کابرا له ژوورێکی تاریک‌دا به چاویلکه‌یه‌که‌وه دانیشێ و له‌و شوێنه‌وه بۆ زۆر شوێنی دونیا بڕوانێ، یا ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌بێ که زۆر شوێنی دونیا ده‌بینێ. دونیای سه‌رمایه‌داری کارێک ده‌کات که مرۆڤ ئالووده‌ی شێوه ژیانێک بێت که تێیدا بچه‌وسێته‌وه، ته‌نانه‌ت ڕێگای ده‌ربازبوونی نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه تیئۆریه، ئه‌مه پێشبینییه، چونکه دونیای سه‌رمایه‌داری زۆر شتی ناشه‌فافه، به قه‌وڵی دۆستێکم ده‌یگوت، خۆ دونیای ئه‌مڕۆ به ده‌ست ئه‌و که‌سانه‌وه‌یه که به لاپ تهپهکهیانهوه له فڕۆکه‌خانه‌کان دانیشتوون و به په‌نجه‌یان ده‌ست له دونیا وه‌رده‌ده‌ن، زۆرجار ته‌واو نادیاریشن و زۆر که‌م که‌سیش ده‌یانناسێ. واته ئه‌و که‌سانه‌ی که به په‌نجه‌کانیان په‌نجه له کارتێل و بۆرس و هه‌موو پێکهاته جیهانییه‌کان وه‌رده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت په‌نجه له داهاتووی خه‌ڵک وه‌رده‌ده‌ن، خۆ ده‌وڵه‌ته‌کان نیین که ئه‌وه‌نده ده‌ستیان ده‌ڕوات، ده‌وڵه‌ت و مه‌جلیس و هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه پیاوی ئه‌وانه‌ن. حیزبه سیاسییه‌کان خۆی ئامڕازن که به ده‌ستی ئه‌و جۆره که‌سانه‌وه‌ن، که‌س هه‌ن که له سه‌ر حیزب شه‌ڕ ده‌کات و خۆی به کوشت ده‌دا و که‌س ده‌کوژێ، که‌چی به خۆی نازانێ که ئه‌و ته‌نیا که‌ره‌سه‌یه‌که، که له کۆی نه‌زمێکدا به کار دێت. دواتر تێگه‌یشتن له‌م دیارده فیکر و عه‌قڵێکی قووڵی ده‌وێ، تا تۆ بتوانی خه‌ڵک به قه‌ناعه‌ت بگه‌یێنی، تا خه‌ڵک هاوڕات بێ، به‌ڵام با زۆر نه‌چینه نێو ئه‌و خانه‌وه، چونگه گێژاوه درووست ده‌کات، با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه تایبه‌ته‌که‌ی خۆمان. بیرۆکه‌یه‌کی دیمۆکڕاسی سه‌وز، یا بیرۆکه‌ی ئێکۆسۆسیالیزمی دیموکڕاتیک، ئه‌وه ده‌بێ ئێمه خوازیاری ئاوه‌ها بیرۆکه‌یه‌ک بین، با ئێمه ئه‌و ڕوانگه‌ی خۆمان له گه‌ڵ سۆسیالیزمدا یا له گه‌ڵ لیڕالیزمدا به‌راورد بکه‌ین، یاخۆ له گه‌ڵ ئاییندا، ئه‌وکات بیرۆکه‌که‌ی ئێمه ده‌توانێ درێژخایه‌نی و مانه‌وه‌ی بوێ.
هێما: من ده‌قاوده‌ق له ته‌ک ئه‌و ڕوانگهدام، به‌ڵام شتێک که له‌و به‌ستێنه‌دا دێته پێشه‌وه ئه‌وه‌یه، که ئێمه هه‌موومان گیرۆده‌ی نیزامی سه‌رمایه‌دارین، هه‌ربۆیه هه‌موو ڕه‌خنه‌کانمان ڕوو ده‌که‌نه ئه‌و نیزامه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر دیموکڕاسی سه‌وز، یا ژینگه‌پارێزی، یا سه‌ر بیرۆکه‌یه‌کی قووڵ و شیاو و به‌رده‌وام که داهاتوو له یاد نه‌کات، یا خۆ بیرۆکه‌یه‌ک که له‌و شێوه ژیانه‌ی ئه‌مڕۆمان دوور بخاته‌وه. ڕووبهڕووهکهمان نیزامی سه‌رمایه، با بڕوانینه گه‌وره‌ترین کامپانیهکان، خۆی ئه‌وانه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کان، ئه‌وانن که هێڵی سیاسی داهاتوو دیاری ده‌که‌ن. ئایا ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕش، جا شۆڕشێکی فیکری بێت، یاخۆ شۆڕشێکی تێکنۆلۆجی تازه‌تر، ئێمه چۆن ده‌توانین که خزمه‌ت به درووستبوونی شۆڕشێک بکه‌ین که ئه‌و نیزامه بێڕه‌حمه له بنه‌وه هه‌ڵته‌کێنێ؟ یا خۆ هیچ نه‌بێت ده‌ربیجه‌یه‌کی تازه‌مان به سه‌ردا بکاته‌وه، هه‌تا ئێمه به‌ره‌و داهاتوویه‌کی باشتر بڕۆین، خۆ زۆر سیسته‌می فیکری دیکه هه‌بوون که له به‌رامبه‌ر نیزامی سه‌رمایه‌داریدا دۆڕان، نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتوو بن.
د. مه‌نسوور: به‌ڵێ، نیزامی سه‌رمایه‌داری ڕاناوه‌ستێت، ئه‌ویش کاری خۆی ده‌کات و به‌ره‌نگاری زۆر گه‌شه و دیارده‌ی دیکه‌ش ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش له به‌دیل و ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌گه‌ڕێ، دیارده‌ی دژی خۆی لاواز ده‌کات، واته ئه‌و نیزامه‌ش بۆ خودی خۆی زۆر باش کار ده‌کات. من وه‌ک خۆم گه‌شبین نیم، من خۆشبین نیم، چونکه پێم وایه که مرۆڤ له ئاکامدا هه‌م خۆی و هه‌م زه‌وی و هه‌م سروشت نابوود ده‌کات. ڕه‌نگه پێنجسه‌د یاخۆ شه‌شسه‌د ساڵی دیکه به‌م شێوه‌یه درێژه‌ی هه‌بێ، یاخۆ ڕه‌نگه ئێره به‌جێ بهێڵێت و به‌ره‌و هه‌ساره‌یه‌کی دیکه بڕوات. من وه‌ک خۆم گه‌شبین نییم. چونکه مرۆڤ به‌و شێوه‌ی که ئه‌مڕۆ له سه‌ر زه‌وی ده‌ژی هێشتا به گوێره‌ی پێویست عاقڵ نییه، ئه‌مه خۆی گرفتێکی گه‌وره‌یه، به مه‌رجێ من خۆم به شێوه‌یه‌کی نیسبی له عاقڵبوون ده‌ڕوانم. ئه‌مڕۆ هیچ نه‌بێت پێنج میلیارد خه‌ڵک هێشتا هه‌ر وابه‌سته و گیرۆده‌ی دینه، من که ته‌نیا باس له موسڵمانه ته‌واو تووندڕهوهکهش ناکه‌م، ئه‌وه یه‌هوودیه که به شێوه‌یه‌کی دیکه، یاخۆ مهسیحیهکهش به شێوەی خۆی، واته ته‌نیا یه‌ک له هه‌شتی مرۆڤی سه‌ر ڕووی زه‌وی بیرێکی تا ڕاده‌یه‌ک باش و بێگه‌ردی هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش مه‌حاڵه. ئه‌گه‌ر واقعبین بین، ڕه‌نگه ته‌نیا سه‌د میلیۆن یا هه‌شتا میلیۆنی خه‌ڵک بیری جوان و باشی هه‌بێ. جا چۆن بتوانی بیری به‌شێکی زۆر که‌م له خه‌ڵک به سه‌ر بیری ههرهزۆرییدا زاڵ بکه‌ین، به مه‌رجێ تۆ که‌ره‌سه‌ی پێویستیشت نه‌بێ، خۆ ئێمه ده‌رفه‌تی هاوشێوه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌دارییمان نییه، هه‌تا جه‌زابیه‌تی خێرا بخولقێنین، ئێمه ده‌بێ ته‌نیا پێشنیار بکه‌ین و داوا بکه‌ین، هه‌ی ئه‌مه مه‌که و هه‌ی سروشت خاپوور مه‌که و ئه‌م جۆره شتانه، ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵێک که‌سیش ئه‌و داواکاریه ده‌که‌نه ده‌غده‌غه‌ی خۆیان، له به‌ر ترسه، له به‌ر له‌ناوچوونی خۆیه‌تی، به‌ڵام هێشتا وا بیرناکاته‌وه که دانیشیت و دیسانه‌وه خۆی له‌و نه‌زمه‌دا پێناسه بکات. وته‌کان ئه‌مه‌ن: کاکه ئاو نامێنێ، وه‌ڵات خاپوور ده‌بێ، له کۆتایدا ئێمه‌ش له‌ناو ده‌چین، واوه‌تر فیکری ئه‌وه‌ی نییه که ژینگه به گشتی له ناو ده‌چێ، به‌ڵکه هەر ده‌ڵێت ئێمه له‌ناو ده‌چین، ئێمه ده‌بێ کۆچ بکه‌ێن. مرۆڤ هێشتا هه‌ر له سه‌ر ئه‌و عه‌قڵه دێرینه‌ی خۆی بیرده‌کاته‌وه، چۆن له‌لای ئێمه بیرۆکه‌ی پیاوسالاری کۆنه و ماوه، ئه‌و شێوه بیرۆکه‌ش که مرۆڤ باشترین و گه‌وره‌ترین بوونه‌وه‌ره (هه‌بووه)، به‌شێوه‌یه‌ک له ناخی هه‌موو مرۆڤایه‌تییدا ڕه‌گی داکوتاوه. هه‌ربۆیه له‌و به‌ستێنه‌دا چالاکی زۆر گه‌وره و کاریگه‌ر پێویستن، جا له په‌روه‌رده‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته زۆر ئاستی دیکه، بیرمه‌ندی باش و باشترت ده‌وێ، ئه‌گه‌رچی بیرمه‌ند هه‌بوون و هه‌ن که ئاماژه‌یان به‌و پرسه گرینگه داوه، «سپینۆزا» شتی باشی وتووه، واته گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی نێو سروشت، ئه‌و دوو گه‌شه به جۆرێک هاوشێوه‌ی یه‌کن. بۆ وێنه کۆمه‌ڵگای فره‌ڕه‌نگ که ده‌بێ هه‌ر شتێک له جێگه‌ی خۆیدا جێگیر بێ و ته‌بایی و هاڕمۆنی تێیدا باڵاده‌ست بێ. به‌ڵام جه‌زابیه‌تی دونیای سه‌رمایه‌داری بۆ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، بۆ سه‌رمایه‌داره‌کان، دواتر تاریفکردن و پێناسه‌کردنی ژیان که ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیاندا قه‌تیس ده‌کرێته‌وه، چونکه زۆر جار وه‌ک مرۆڤ چاو له دیارده‌کان ناکه‌ین، به‌ڵکه ته‌نیا وه‌ک من و وه‌ک خۆم، واته خۆ منێک حه‌فتا یاخۆ نه‌وه‌د ساڵ ده‌ژیم، ئیتر پێناسه‌ی ژیان بۆ ئه‌و نه‌وه‌د ساڵه ده‌که‌م. من چی که‌م که ئه‌و نه‌وه‌د ساڵه باش بژیم و خۆش بژیم، نه‌ک وه‌ک مرۆڤێک که ژێنۆمت هه‌بێ و ئه‌و ژێنۆمانه ده‌مێننه‌وه و درێژه به هه‌بوونی خۆی ده‌دات. ئه‌مه‌یه که ئێمه کارمان زۆر ئه‌سته‌مه، به‌ڵام خۆ نابێ کۆڵبده‌ین، ئێمه ده‌بێ درێژه به هه‌وڵه‌کانمان بده‌ین، به کاری په‌روه‌رده، ڕاهێنان، خوێندن، باسکردن و نووسین و ئه‌وه‌ی که له ده‌ستمان دێت.
هێما: به‌ڵێ، من له‌و خاڵه‌دا پرسیارێکم بۆ هاته پێشه‌وه، زۆر جار له پرسی گه‌شه‌دا ده‌گوترێ: مرۆڤ ئه‌وه‌ی که خۆی بۆ خۆی ده‌سازێنێ، ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌شی ڕایهدهکهوێ، واته ئه‌و گه‌شه‌ی که ئه‌مڕۆ به ڕێگه‌یه‌کی تایبه‌تدا ده‌ڕوا، ئه‌وه به‌بێ هۆ نیه و مرۆڤیش ته‌نیا ئه‌مه‌ی قابیله. کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندیش هه‌ن که به گشتی ڕه‌شبینن و ده‌ڵێن، مرۆڤ له کۆتاییدا هه‌ر خۆی به ده‌ستی خۆی خۆ له ناو ده‌بات، له‌و لاشه‌وه گه‌شبینه‌کان ده‌ڵێن، نا مرۆڤ قابیلی گۆڕان و گه‌شه‌ی ئه‌رێنییه، ڕه‌نگه ئه‌و گه‌شه ئه‌رێنییه بۆ ژیان و ته‌مه‌نی من و تۆ و تاک زۆر بخایه‌نێت، به‌ڵام خۆ قهزهیهی سه‌ره‌کی ته‌نیا من و تۆ و ته‌مه‌نی ئێمه نییه، که‌وایه با به هیچ شێوه واز له‌و بیرۆکه جوانه نه‌هێنین که مرۆڤ ده‌توانێ به ئه‌وجی گه‌شه‌ی جوان و ئه‌رێنی خۆی بگات.
د. مه‌نسوور: من وه‌ک خۆم پێم وایه که ده‌بێ به‌رده‌وام بین، به‌ڵام به‌و خوێندنه‌وه‌ی که من بۆ به‌شه‌ر بۆ مرۆڤ هه‌مه، دواتر به‌پێی ئه‌و فاکتانه‌ی که ئه‌مڕۆ له به‌رده‌ستدان، گه‌شبین نینم.