واتای دەوڵەت (stete) پێکهاتووە لە جەماوەر، سەرزەوین، دەسەڵات(حکومەت) و بابەتی سەرەکیەکەشی هێزە. دەوڵەت بابەت و بناغەدانەری پهیوەندیەکانی نێونەتەویی و سیاسەتی جیهانییەو لە پهیماننامەکانی وستفالی ١٦٤٨، وین١٨١٥، ورسال١٩١٩و پوتسدام ١٩٤٥ و هەروەها لە یاسای نێونەتەوییدا ڕەنگی دادوەتەوە و بە پێی ئەم یاسایانە جیهانی سەردەم بەڕێوەدەبرێت. لە لایەکی ترەوە دەسەڵات لەم دواییانەداو لە ڕوانگەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانەوە توشی گۆڕان هاتووە (هێشتا ڕووسیە و چین پەسندیان نه‌کردوە)، و بە شیوەیه‌کی جیاوازتر لە پێش‌و پێناسە دەکرێت. بە پێی ئه‌م دیارده، چەمکی حکومەت وەک جاران هەڵگری مافی تایبەتی دەسەڵاتداران نییە و وەکوو ئەرک و بەرپرسیاییەتی بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوه‌یی شیکاری دەکرێت. وێدەچێت که ئەم شرۆڤە تازەیە لە سەر بنەمای تێڕوانینی «ژان لاک» هاتبێتە ئاراوە، هه‌روه‌ک لاک ده‌ڵێت: خۆ «حکومەت سەر نییە کە نەتواندرێت لە جەستەی مروڤ جیابکرێتەوە، به‌ڵکه کڵاوێکە کە دەتواندرێت جێگری کڵاوێکی دیکە بێت».1
بە پێی ئەم بۆچوونە، ئەگەر ڕێبەرایەتی یەکەیه‌کی سیاسی هێزو توانایی بەڕێوەبردنی وڵاتی نەبێت، ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستتێوردانی دەرەکی، چ لە لایەن وڵاتانی هاوساو چ لە لایەن گەورە هیزەکانی جیهانیەوە ـ سوریە وێنەێکی زەق‌و بەرچاوی ئەم ڕاستییەیە.
دەوڵەتی نەتەویی
مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌کان بۆ دامه‌زراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، له باسه‌کانی چارتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا په‌یوه‌ندییان به چه‌ند مه‌رجی سه‌ره‌کییه‌وه هه‌یه، وه‌ک: به ڕه‌سمی ناسینی ده‌وڵه‌تگه‌لی ناوچه‌و، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی جیهانی. لە بورای ناوەکیەوە بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی(ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی)، متمانەو داکۆکی زۆرینەی خەڵک لە ڕێبەرایەتێکی بەهێزو یەکگرتوی خاوەن پڕۆگرام و ستڕاتیژێکی پتەو چڕ‌وپڕ، دەبێتە پاڵپشتێکی دڵنیا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. هاوئاهەنگی و ڕێکهاتنەوەی ئەم دوو فاکتەرە چاوەکی و زه‌ینییە، ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌و گه‌وره‌هێزه‌کانی جیهانی له به‌رامبه‌ر واقیعی هه‌بوونی ویستێکی مێژوویی نه‌ته‌وه‌که داەدەنێ که خوازیاری پێکهاتنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له ناوچه‌که‌دان. وێنەی تیمووری ڕۆژئاوا، سودانی باشور‌و، کۆزڤۆ و وڵاتانی ئاسیای ناوەند، هێمای ئەم ڕاستیەن. لە لایه‌کی دیکەوە، باشوری ئاسیتینیاو ئابخازیا لە باشوری قەفقازو قەرەباخ بە هۆی دانپێدانەنانی دەوڵەتانی ناوچەکەو وڵاتانی گەورەهێزی جیهانییەوە، سەرکەوتوو نەبوون.
سەرۆکایەتی جوڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان تا هەنووکە توانا‌و بههرەی شیاوی بۆ زاڵبوون بە سەر گرفت و تەنگەژی ڕیزەکانی خۆیدا نیشاننداوە؛ کەرتبوونو لێک بڵاوبوونەوەی پەیتا، پەیتاو لەدوایەک، وێنەیەکی ئاشکراو ڕوونە کە هەڵگرو زایڵەی قەیرانێکی پێکهاتەییو لاوازی‌و سەرلێشێواوی هۆکاری زێنی جوڵانەوەکە، بەرجەستە دەکاتەوە ـ لە کۆتایی وتارەکە ئەم دیاردەیە فرەتر شیکاری دەکرێت.
ناکۆکیەکانی یاسای نێونەتەویی
لە ڕێکەوتننامەی وێستفالدا چەند خاڵی بنەڕەتی پەسند کرا کە تا هەنووکە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە؛ لەوانە:
ـ مافی سەربەخۆیی نەتەوەکان بە ڕەسمی دەناسرێت.
ـ هەموو یەکە سیاسییەکان بەرانبەرنو دەبێ تەواویهتی خاکەکەیان خەوشدار نکرێت.2
ئەمانە و فرە بەندی تر لەم رێکەوتننامەو گرێبەستەکانی دواتر کە سروشتی جیهانییان بوو و پاش شەڕە گەورەکان، بە تایبەت لە ڕوژئاوادا دەرکەوتبوون؛ نەخشە ڕێگایێکە کە تا سەردەمی ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانییدا کاری پێدەکریتو یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانە. ڕاڤەکاری ڕێزگرتن لە تەواویەتی خاک لە هەلوومەرجێکدا سەری هەڵداوەو پەسەندکراوە کە کێشەو ڕکابەری نێوان ئیمپراتوریەکانی بۆ بڕوپێدانی سیاسی و سەربازی لە ڕێگەی داگیرکردن‌و کۆلۆنی کردنی وڵاتانی ئاسیا‌و ئەفریقا لە ئارادابووە. بۆ وێنە، ئەگەر بریتانیا و فەڕانسە دەستدریژیان بکردایەتە سەر کۆلۆنیەکانی یەکتر، ئەم چەشنە کردارە لە لایەن هەر دوو زلهێزەکەوە، مانایه‌کی نەدەبوو، جگە لە تێکدانی تەواویەتی خاکی “خۆیان” و دژی دەوستانەوە و شەڕ و پێکدادان دەستی پێدەکرد. ئەم بەندە لە یاسای نێونەتەوییدا بە ڕوونی نیشانی دەدات کە کاراکته‌رێکی بە تەواویی دەرەکیی و کۆلۆنیالیستی هەیەو گشتگیرکردنی بە سەر وڵاتانی فرە نەتەوییدا، جگە لە شێواندن و چەواشەکردنی هوکارە میژووییەکان، بنەمایه‌کی لوژیکی نییە.
لە سۆنگەێکی دیکەوە، مافی چارەنووسی نەتەوەکان بۆ دامه‌زراندنی دەوڵەت، پەسندکراوەو ئەم ڕویکردە لە خاڵی هەوەڵی بڕیارنامەی ڕێکخراوە نێونەتەوییەکاندا لە ساڵی ١٩٦٦، لە بەڵگەنامەکانی هاوکاری ئه‌ورووپا، لە هێلسینکی ١٩٧٥، لە وین ١٩٨٦، لە کۆپێنهاک١٩٩٠ ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام هەر لەم خاڵەدا و لە بەندی چواردا، ڕوبەڕووی واتایه‌کی دیکە دەبینەوە کە بانگهێشتی هەموو ئەندامانی ڕێکخراوە نێونەتەوییەکان دەکات کە لە «بکاربردنی هێز دژی تەواویەتی خاکی یەکتر خۆبپارێزن».3 ئەگەرچی ئەم بۆچوونە لە تەک نۆرم‌و ڕەگەزەکانی جیهانی ئەمڕۆ بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی‌و سازان، رێکدێنەوە و کۆکن، بەڵام لە هەمان کاتیش‌دا لێل‌و ئالۆز دەکەونە بەرچاو، چونکە ڕوونی ناکاتەوە گەر لە وڵاتێکی فرە نەتەویی‌و فرە ئێتنیکیدا مەیلو بریان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تا ئاستی جیابوونەوە لە یەکەیه‌کی سیاسی سەریهەڵدابێ، ئایە وەکو خەوشدارکردنی تەواویەتی خاک پیناسەی دەکەن، یان وەکو مافێکی سەرتایی نەتەوەکان بۆ سازکردنی کیانێکی نەتەویی؟
ئەم ناسازگاریە لە یاساکانی نێونەتەوییدا، هەوێنی «گونجاوی» بۆ وڵاتانی کاریگەر لە ئاستی جیهانیدا فەراهه‌م کردگە کە کار بە «پێوەری دوفاقە بۆ کێشەو ناتەباییەکانی دونیای هاوڕۆژگار بکەن»4 و هەروەها یاریدەر و ڕێگاخۆشکەر بن بۆ ڕژیمە سەرەڕۆەکان کە بەدووای کەلەبەرو دەرتانێکدا دەگەڕێن کە پرسی نەتەویی و چارەسەرکردنی هێمەنانەی، چەواشەو تەفروتوونای بکەن.
ڕژیمە سیاسییەکان، نەتەوە ـ خێل
نەتەوە بەرهەمی کۆمەڵگای پیشەسازی و پاش پیشەسازیەو ڕەوتی هۆشیاری و خۆباوەڕی لە خۆدەگرێ، لە سەر بنەڕەتێکی ئاوێتە بە توخمگەلێکی کۆن‌و نوێ دەردەکەوێ. ئەم دیاردەیە وەکو، واتایەکی هەراوەو یەکخەرە و لە بستێنیی بەرژەوەندیەکانی نەتەوییدا هاتوەتەوە ئاراوە، دیاردیه‌کی بەتەواوی چاوەکییە(Objective) و لە تەک دیسیپلینی کۆمەڵایەتی(دەوڵەت) پەیوەندی چڕوپڕی هەیەو پێچەوانەی لێکدانەوەی بنەدیک ئاندرسون وەک کومەلگەێکی خەیالی Imajind communite)) وەسف ناکرێت.5 ئەم فاکتەرانە، مێژوو، زمان، سەرزەوینو لەبڕێک کاتدا ئایین(پاکستان، بەنگڵادیش) خاڵەکانی هاوبەشن کە خەڵکانێک پیکەوە گرێدەدات. خیڵ، عەشیرە لە سەر پهیوەندیەکانی خوێن و خزمایەتی پێکهاتوەو، مێژووەکەشی دەگڕێتەوە بۆ سەردهمانێکی پێش فۆرماسیۆنی سەرمایەداریو لە هه‌مان کاتیش‌دا لە مەر زمان و یان بڕێک لە دابونەریتەکانی کۆمەڵایتی، ئاسەواری تا ڕادیەک لە پێکهاتەی نەتەوەدا بەجێماوە.
ڕەوتی گواستنەوە لە عەشیرەوە بو نەتەوە لە کوردستاندا لە بەراوردکردن لە تەک نەتەوەکانی دیکەی هاوسامان لە ناوچەکەدا، بە خیرایی و هاسانی ڕێنەکردوەو و لە هەمان کاتیش‌دا، ڕێگەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی مۆڵکداری لە زۆربەی زۆری بەشە جیاکراوەکانی کوردستان داخراوە. بەم هۆیەوە شوبهاندنی نەتەوی کورد بە خیڵ ـ عەشیرە، خاونی بنەماێکی زانستی و لۆژیک نییە و به‌کارهێنانی عەشیرە لە جیاتی نەتەوە بۆ وەسفکردنی کورد، بە تەواوی ڕویکردێکی سیاسی و لە لایەکی ترەو سروشتی ئایدیۆلۆژیکی لەخۆگرتوە و دەسەڵاتدارانی ڕژیمە نادێمۆکراتیکەکان بۆ مەبەستی تایبەت بکاری دەهێنن.
لەم سۆنگەوە ڕژیمە دەسەڵاتخوازەکان بە شێواندنی سنوری واتاکانی نەتەو و خێڵ، هەوڵدەدەن لە دوو بواردا پێگەی لەرزۆکی کۆمەڵایتی دەسەڵاتەکەیان کە توشی ناسەقامگیری بەردوامە، ڕزگار بکەن. سەرەتا جیاوازیەکانی نەوتەویی(سەرزەوین، مێژوو، زمان، فەرهەنگ…) بە ڕەسمی ناناسن و شوناسی نەتەویی تا ڕادەی ناکۆکیەکانی ئتنیکی(خیل، عەشیرە) نزمدەکنەوەو دەیشکێننەوەو ئەم رویکردە لە سەر بنەمای یەک نەتەوە ـ یەک وڵات، یەک زمان، هەم لەباری ئایدیۆلۆژیەوەو هەم لەباری ستراتیژیەوە کاری پێدەکرێ بۆ مۆبالیزەکردنی دواکەوتووترین توێژەکانی کۆمەلگاێکی داخراوە کە به‌هرەو توانایی جیاکردنەوەی ناسیونالیزمی توندڕەو لە نیشتمانپەروەریان نییە و لە ئاکامدا دەبنە سووتەمەنی کوانوویی گڕو قینی ڕژیمە دەسەڵاتخۆازەکان. مەبەستی دوواتری پێکهاتەیه‌کی نادێموکراتیک لە یەکەیه‌کی سیاسی فرەنەتەویی وەکو ئیران و هاوچەشنەکانی، لە پەڕاوێزخستن، نکوڵیکردن‌و سەرکوتکاری سیستماتیکی جوڵانەوی نەتەوییەو لە ئاستی سیاسەتی دەرکیشدا ڕەنگدەداتەوە.
ئەم ڕژێمە ئاماژەپێکراوانە لە ڕەواڵتدا ڕیکەوتننامەکان و بەڵگەکانی پهیوەنددار بە مافی نەتەوەکان بۆ سەربەخۆییان واژوکردوەو لە ئەگری قه‌بوڵکردن و دانپێدانانی پێکهاتەکانی کومەڵگا فرە نەتەویەکان، دەبێ نوێنەرانی رێکخراوە و حزبەکانی ئەم نەتەوانە بەڕەسمی بناسن و لەم ریگەیەوە بواریان بۆ ئامادە بکرێت کە لە ڕەوتی سیاسی وڵات‌دا بەشدار ببن‌و لەم ڕوەوە سەرچاوەکانو ناوەندی دەسەڵات کە لە چوارچێوەی تەسکو تروسکی ناوەندا چەقی بەستوە، هەڵوەشێتەوە؛ هۆی سەرکی و بنەڕەتی شێواندن و چەواشەکردنی چەمکی نەتەوە، لێرەدا سەرچاوەی گرتوەو، لە لایەکی دیکەوە هاودەنگی و هاوئاراستەیی زۆربەی زۆری بەرههڵستکارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە تەک خویندنەوە و پیناسەکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران لە مەڕ، خێل و عەشیرە، نە تەنیا جێگای سەرسوڕمانە، بەڵکو دەبێیتە جێگه‌ی پرسیار و تا ڕادیەک، شک‌و گومان دەخاتە سەر ئامانجە واقعیەکانی ئەم دژبەرانە.
ڕۆڵی گەوەرە هێزەکانی جیهان
ڕووداوەکانی کۆتایی دەیەی سه‌دەی بیستم، گاریگەری هەراوەو قووڵی لە سەر جیهانی هاوڕۆژگار دانا. ڕوخانی دیواری بڕلین و پاشان هەڵوەشانەوەی شەوڕەوی جاران، جیهانی بە شێوەیه‌کی پێکهاتەیی گۆڕا بە جیهانی یەک جەمسەری بە رێبەرایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. لێکەوتەی ئەم گۆڕانکاریە نوێ و مێژووییە هەلومەرجێکی سیاسی ـ ئابوری، کۆمەڵایەتی ـ فەرهه‌نگی گشتگیری لە ڕۆژئاوای ئاسیا خولقاند و کوردستان به گشتی و باشوری کوردستان بە تایبەت کەوتنە نێو ئەم بازنەیەو ناچار بوون بە داڕشتنی رویکردێکی هاوئاراستە و کۆک لەتەک ئەم هێلە نویەدا.
دەرئەنجامی ترازانی دۆخی بوون(status quo) بە سوودی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا و بە زەرەری شەوڕەوی، سروشتێکی جیهانی هەبوو و هەڵگری ناتەباییەکانی پەنگخواردوی شەڕی سارد بوو.(٥) ڕێکەوتنامەی ژمارە ٦٦٨ بۆ هەوەڵین جار پرسی کوردی هەژاند و کێشەی کورد و کوردستان بووە فاکتەرێکی چاوەکیو تا ڕاده‌یه‌ک کاریگەر بوو لە ئاستی پەیوەندیەکانی نێونەتەوییدا، ئه‌م کاریگه‌رییه بەرژەوەندیەکانی کوردستان به گشتی و باشوری کوردستانی بە تایبەت گرته‌وه، چونکه پرسی کورد هاوئاڕاستەی ئاسایشی نەتەوەیی(بەرژەوەندی نەتەوەیی) وڵاتانی مەزنی جیهان کرا. ڕووداوەکانی دوواتر، گرژی و ناتەبایی و تێکه‌ڵچوون (عێراق، لیبی، تونس، سوریە …)، و هەروەها چالاکی‌و خۆهەڵدانی ڕووسیە 6 وەک ئه‌کته‌رێکی تازەپێگەیشتو و کارامە بۆ بەشداریکردن لە رێبەرایەتی سیاسەتی جیهانیو سیسته‌می تازه دامزراوی په‌یوه‌ندیە نێونەتەوییەکانی دووای شەڕی ساردی کۆن، ڕۆڵی ئەمریکای وه‌کوو تاکە هێزێکی یەکلاکەرهوە لە ناوچەکەدا (سوریە)، کەم کردوەتەوه. لەم بازنە پڕ لە ئاڵۆزی‌و ناتەباییەدا بەشێکیتر لە کوردستان(ڕۆژئاوا) بووەتە هۆکارێکی گرنگ و کاریگەر لە ئاستی سیاسەتی ناوەکی و دەرەکی سوریەدا. ئەمریکا سەرەتا بە شێوەی ماڵی و سەربازی داکۆکی لە ی.د.پ دژی داعەشی دەکرد و دواتر دوای بەزاندنی چەکدارانی ئەم گروپە خۆفناکە ڕۆڵی ئەوتۆی لە سوریەدا نەما وبەم هۆیەوە لە داگیرکردنی بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایه‌ن تورکییەوە بیدەنگ بوو. ڕووسیەش کە بە پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆی (سەربازی، دیپلوماتیک، ماڵی) توانیویەتی باری خواری ڕه‌ژیمی سەرەڕۆی ئەسەد ڕاست بکاتەوە، هەوڵدەدات لە ڕێگای بەڕەسمی ناسینی بڕێک لە داخوازیەکانی ڕۆژئاوا لە لایەکەوە، گوشارەکان لە سەر دەمشق لاواز‌و کز بکاتەوەو لە لایەکی ترەوە ببێتە بەربەستیک بۆ هەر چەشنە نزیکتربونەوەیهکی زیاتر و چڕبونەوەی په‌یوه‌ندیەکانی نێوان ی.د.پ و ئەمریکا.
بەرپرسایەتی کۆمەڵایه‌تی و
ئازادی ئەخلاقیی
قەیرانە لە کۆتایی نەهاتووکانی کۆمەڵگای تورکیە بە کورد‌و تورک و نەتەوەکانی ترەوە، بە تایبەت پاش سەرنەکەوتنی کودەتای سەربازی، دورەوێنای چارەسرکردنی کێشەی کوردی تەماوی و لێڵتر لە ڕابردوو کردوە. ڕویکردی نگاتیڤ و سەرەڕۆیانەی ئانکارا کە بە تەمای گەڕانەوەی تورکیە بۆ دابونەریتەکانی سەردەمی پیاوە نەخۆشەکەی ئه‌ورووپایە، بووەتە کۆسپ و بەربەستێکی سەرەکی لە ئەهوەنکردنەوەی دۆخەکەدا.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لە سۆنگەی گەشەی سیاسی و فەرهەنگیەوە و بە تایبەت ڕێژەی خویندەواران و هەروەها سەرچاوەکانی مرۆیی لە تەک بەشەکانی تری کوردستان تا ڕادیەکی بەرچاو پێشکەوتوو و گەشەکردوتر دەنوێنی، بەڵام لە هەمان کاتیش‌دا کەمترین سوودی وەدەست کەوتووە لەم هەراوە نوێیەدا کە سروشتی جیهانی بە ڕوخساریەوە دیارە.
هۆکاره‌کانی ئەم ڕاستییە ئەگەرچی بەشی هەرەگەوەرەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕژیمی دەسەڵاتخوازی ئێرانەوە؛ به‌ڵام سڕینەوەی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایتی و ئازادی ئەخلاقی لە ڕوومەتی نەتەوەکانی دانیشتوی ئیران بە کوردیشەوە (سەرەرای دەربڕینی ناڕەزایی و بە گژداچوونەوەکانی کاتی خەڵك دژی ڕژیم)، دەرکێکی خاو‌و سەرلێشێواوەو ناتەبایە لە تەک ڕەگو ڕیشەی زانستداو دەکەوێتە خانەی پۆپۆلیسمی»دادپەرورانەوە». هۆکارێکیتر کە کاره‌کته‌ری مێژوویی و فەرهه‌نگی به ناوچاوانییەوە دیارە، ململانێ و کێشەی نێو فەرهەنگی شێعەو سونییە. ئەگەرچی ئەم دیاردەیە ئەوەندە زهقو بهرجستە دەرنەکەوتووە، بەڵام هێشتا بەشێکی بەرچاوی کومەڵگە لە پەڕاوێزی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ماونەتەوە.
لە بواری فاکتەری دەرەکیەوە، کۆمەڵگەی جیهانی لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا کە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی تێپەریوە، جگە لە کۆنتڕوڵی تاران کە بە ستراتیژێکی کارامە و شوێندانەریان هەڵسهنگاندوەو هیچ هەوڵێکی دیکەیان بۆ هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران نەداوە ـ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش و سازانی ئەم وڵاتانە لە تەک تاران (بەرجام) بەرهەمی پڕاگماتیستی ئەم شیوازە سیاسیەیە. لە لایه‌کی ترەوە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای رێنوێنیەکانی خومەینی مانەوه‌ی ڕژیمەکەیان بۆ گرنگترە، تەنانەت لە پڕهنسیپو بەهاکانی بنەڕەتی دینەکەیان، بۆیە کاتێک کە تەنگیان پێهەڵدەچندریت و (بە پێچەوانەی ئەو بیروکەیە کە هەر چەشنە گۆڕانێک بە «ڕفۆرم « توێکاری دەکات) قورسایی قیرانەکان و گوشارەکانی دەرکی و ناوەکی تانوپوی سیسته‌م و پێکهاتەکانی ڕژیم دەهۆنێتەوە، چاریان ناچار دەبێت‌و لە ڕویکردە ماڵوێرانکەرکانیان پاشگەزدەبنەوە.
ئەو دیووی دیکەی دراوەکە ڕاستەوخۆ بستراوەتەوە بە سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و یەکێکیتر لە هۆیەکانی دۆخی نالەباری هەلوومەرجی هەنووکەی ئەم بەشەی کوردستان دەخاتە ڕوو.
تاک، کۆمەڵ، کۆمەڵگه
سەرەتا هەروه‌ک کە پێشووتر ئاماژەی پێکرا، فاکتەری ناوەکی لە مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەکانی جیهان، ڕۆڵی بەرچاو و تەنانەت، یەکلاکەرەویان لە کۆمەڵگادا گێڕاوە…
خالێکی گرنگ و پڕبایخ کە سەرچاوەو بناژۆی سیاسەتی لە نێو تاک، کۆمەڵ و کۆمەلگای کوردەواریدا پێکهێناوە نەبوونی دەوڵەت، بە واتای گشتگیر و هەمەچەشنەکەیەتیو بۆیە هەر رێکخراوە، تاقم، و حزبێ کە هەڵگری ئاراستەێکی سیاسی بێت (ڕاست، چەپ، ناوەند) هاوتاو هاوچەشنی دەوڵەت وێنادەکرێت. ئەم شێوە بیرکردنەوە، جیا لەوەی چەندە بەڵگەهێنانەویهکی «لوژیکی» بێت و یان زایڵەی تێڕوانینێکی خاو و سەرتایی و لەسەر بنەمای ناهۆشیاری کۆمەڵایتی دامه‌زرابێ و لە بەرتەسکی زانستی سیاسی سەرچاوەی گرتبێ، واقعێکی چاوەکی کۆمەڵگای ئێمەیەو شیاوی هەڵسنگاندنێکی هەمەلاینەو چڕوپڕە.
لێکەوتەی وەها بۆچوونێک لە لایەن خەڵکەوە، هیواو چاوەڕوانی لە لایەکەوەو و بەرپرسایەتی قووڵ لە هەموو بوارەکانی پیوەست بە ژیانەوە، لە لایهکیترەوە، دەخاتە ئەستۆی پێکهاتەکانی سیاسیەوە ـ بەم شێویە، جێگا‌و ئەرکی دەوڵەتـ حزب و ڕوڵی حزب ـ دەوڵەت جێبەجی و لە ناوەرۆک بیمانا دەکرێت.
مێژووی سەرهەڵدانی ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردی به بێ ده‌رهاویشتنی (چه‌پ، ڕاست، ناوه‌ند) له سه‌ر ماکه‌و بناغه‌ی دوو چه‌مک و ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بنیاتنراوە.
سەرەتا: په‌یوه‌ندیه‌کانی خوێنی ـ خیڵایه‌تی (Tribalism) پاشماوه‌کانی كۆن و ڕوو له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌ریتی، بووەتە بەربەستو ڕێگرێکی گەوەرە لە کوردستاندا کە له سیما‌و قه‌واره‌ی حزبی سیاسیی‌دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه و ئه‌م «دیارده‌یه» لە ئەگەری گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها، دەبێتە کۆسپ و تەگەرێکی ترسێنەر له سه‌ر ڕێگای په‌ره‌سندنی بونیاتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بۆ وه‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگیه‌کی مه‌ده‌نی و گه‌شه‌کردوو. دوواتر حزبته‌وه‌ری له ڕه‌وتی مێژوویی خۆیدا له سه‌ر بناغه‌ی دوو چه‌مکی سه‌ره‌کی، کاریزماتیک (Charismatic) و ڕه‌وایی شۆرش پێکهاتوه.
که‌سایه‌تی کاریزما له لایه‌ن هۆگرو لایەنگرەکانییەوە تا پله‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌در له به‌هره‌و و هێز وتوانایەکانیەوە، هەڵدهکیشرێت و گه‌وره ده‌کریته‌وه‌و به‌هاکان و پڕنسیپه‌کانی سیاسی و مۆراڵی حزب تا ئاستی جهماورهیهکی بی هه‌ڵویست، بێ ئیراده و ته‌نیا فه‌رمانبه‌ری بیروڕای که‌سی کاریزما، نزم ده‌کرێته‌وه‌و له‌م ڕێگایه‌وه ئاوه‌زی گشتی ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه‌و مانوونهمانی رێکخراویه‌کی سیاسی دەبسترێتەەوە به که‌سێکه‌وه یا لانیکه‌م به که‌سانێکه‌وه و به‌م جۆره بوار بۆ پاوانخوازی و بڕیاردانی سه‌ره‌ڕۆیانه خۆش ده‌بێت. دیوه‌که‌ی دیکه‌ی حزبته‌وه‌ری له ته‌ک کونسێپتی ڕه‌وایی شۆڕش سازگارو ته‌بایه. حزبه‌کانی کوردستان به گشتی ڕه‌وایی خۆیان له شۆڕشه‌کانه‌وه وه‌رگرتوه‌و له نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت (بە مانا گشتگیرەکەی)، خۆیان له سیمای یه‌که‌ی سیاسی‌و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی سازنهکراوی داهاتوی کورد ده‌بینن.
به‌م جوره حزب که ئامڕاز و لاهێزی جیبه‌جێکردنی ئامانجه‌کانی دیاریکراوی گروپ و دسته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه، ده‌بێته خودی ئامانجه‌که… ئاکامی لۆژیکی ئه‌م نیگا‌و و ڕوانگه‌یه، شهڕهخۆکوژیهکانی نێو جۆڵانه‌وه‌کانی کورده، که سروشتی تراژیکیان له بیرناچێته‌وه… سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه لایه‌نه نێگاتیڤه‌کانی ئه‌م جۆره نیگا‌و بۆچوونانه که له تەک خوێندنه‌وه‌ی زانستیانه‌و ئاکادیمیک هاوخوان نیین، هۆکارێکی بەرچاون بۆ پارچه پارچه بوون و لێکترازان له نێو ڕیزه‌کانی ئه‌م حزبانه‌و وه‌کو وێنه‌یه‌کی زه‌ق و نهشاردراوه ده‌تواندرێت ئاماژه‌ی پێبدرێت.
قوناخی گوازتنه‌وه
هاژی نکردن به گۆرانکاریه قووڵ و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌م دووایانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری که (به به‌رزبوون و گه‌شه‌کردنی ئاستی خۆینده‌واری و ڕۆشنبیری مه‌زه‌نده ده‌کریت)، ئاسته‌نگیه‌کی گرنگ و له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ی بۆ حزبه‌کان فه‌راهه‌م کردوه که بتوانن له‌م فه‌زا نوێ و (رێکخراوه ناحکۆمهتیهکانی فه‌رهەنگی و مافی مروڤ) لەبارەدا، بوارێک و پهڕاوێزیهکی شیاو بدۆزنه‌وه که کاروباری سیاسی و رێکخراویی خۆیان ڕاپه‌رێنن.
ئه‌م فه‌زا نوێیه که قۆناخێکی گواستنەوەیە، فرە کەم کاردانه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌م حزبانه بووە. دهرکپێنهکردن و پێناسه‌نه‌کردنی قۆناخی گواستن چ له بواری تێۆری و چ له بواری پڕاکتیکدا، شوێنەوارێکی نیگاتیڤی له ڕه‌وتی سیاسی و پیکهاته‌ی رێکخستنی حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به‌جێهێشتوه‌و مه‌یدانی کاری سیاسی و چالاکی کۆمه‌ڵاتیی تەسک و تروسک و سنوردارکردوهتهوهو بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی قه‌یرانی سیاسی و ڕیکخراوه‌یی له ڕیزکانی حزب و دهوروپشتیهوه. به‌رین و ههراوهبوونی ئه‌م ڕه‌وته قه‌یراناویه یه‌کێکه له هۆکاره بنه‌ڕه‌تی و سه‌رکیه‌کانی دابه‌ش و کهرتبوونهوهی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران.
بێ لەبەرچاوگرتنو سەرکەوتن بە سەر ئەم دیاردە نێگاتیڤانەدا، فرە ئەستەمە کە کۆمەڵگەی جیهانی (یەکەکانی سیاسی، بێرورای کومەلگەی جیهانی) بە شیوەیه‌کی شیاو و کارامە لە بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا داکۆکی بکەن.
ئەم خاڵە ئاماژەپێکراوانە تەنیا په‌یوەندی بە حزب‌و ڕێکخراە سیاسیەکانەوە نییە؛ به‌ڵکه ڕووناکبیرو چالاکانی ڕیگای ڕووناک‌بیری(لە ناوه‌و دەرەوی) حزبەکانیش لە خۆ دگرێ و باری گرانی بەرپرسیارێتی و بە تایبەت مۆڕالی سیاسی ـ کۆمەڵایه‌تی و فەرهەنگیی ئه‌وان دەخاتەڕوو.
بە کورتی، تاک، کۆمەل و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارن لە بارودۆخی وڵاتەکەیاندا؛ وێدەچێت، لە کاناڵی ڕخنەگرتنی دادپەروەرانە، چڕ‌وپڕ و زانستییەوە ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی‌و خاشەبڕکردنی کێشەکانی نێو کۆمەڵگه فەراهه‌م بکرێت.
پەڕاویز:
1-ЛебедеваМ.М.Политикообразующая функция высшего образования в современном мире//МЭ и МО. 2006№ 10.С 69-75.
2-П.А.Цыганков. Теория международных отношений.c.12
3. هەمان سەرچاوە
4-Андерсон. Б. Воображаемые сообщества. Перевод с английского, В. Николаева, с, 14
5-Я.А.Пляйс.о новой кофигурации системы международных отношений . с.191
6. تا چ رادیەک ئەم بەرزەفرینەی کرمڵین کۆک و رێکدێتەوە لە تەک بارودۆخی جیهانی هاورۆژگارا، بابەتێکی جیاوازەو مەبەستی ئەم نووسینە نییە.