دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه و له هه‌موو کۆمه‌ڵگه و نه‌زمێکی سیاسیی‌دا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه. ڕه‌نگه ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به شێوه‌یه‌ک و له سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه به ناوه‌رۆک و واتا پڕ ئه‌که‌نه‌وه. له کۆمه‌ڵگه سوونهتییهکاندا ئایین و فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیک پێوه‌ر و ستاندا‌رت بۆ ناوه‌رۆکی دادپه‌روه‌ری دیاری ئه‌که‌ن؛ له کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کاندا کۆمه‌ڵێک فیکر و ئه‌ندیشه‌ی سیستهماتیکین که به یه‌که‌وه هزر و ئایدیایه‌ک بۆ دادپه‌روه‌ری ده‌قۆزنه‌وه و ده‌یکه‌نه سه‌رچاوه و مه‌رجه‌ع، ئه‌و پێوه‌ر و پێناسه کات به کات ئه‌گۆڕێ. به واتایه‌کی دیکه بیرۆکه‌ی دادپه‌روه‌ری به‌رده‌وام به‌دوا ئه‌و پێوه‌رانه‌دا ئه‌گه‌ڕێ که توانای هزری ئه‌وه‌یان هه‌یه پێناسه‌ی “ژیانێکی باش” و گونجاو و دادخواز بکه‌ن. گومان له‌وه‌دا نییه که کۆمه‌ڵگه هاوچه‌رخه‌کان ئاڵۆز و فره‌چه‌شنن و هه‌روا به ئاسانی له سه‌ر ده‌قێک و پێوه‌رێک رێکناکه‌ون. هه‌ر ده‌قێک که ئیدیعا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکات که توانای داڕشتنی تیئۆریه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێ، ئه‌وه ده‌بێ سێ خاڵی بنه‌ڕه‌تی ره‌چاو بکات: له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌بێ دۆخی واقعی کۆمه‌ڵگه به باشی بخوێنێته‌وه، چاوی ڕه‌خنه و هزری بیره‌وه‌ری بۆ رابردووی ئه‌و کۆمه‌ڵگه تیژ و به‌توانا بێ، هه‌تا له پله‌ی سێیه‌مدا وره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێ پێشبینی داهاتوویه‌ک بکات که له دۆخی ئه‌مڕۆ و ئێستا باشتر بێ، یا هیچ نه‌بێ به قه‌ناعه‌ته‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌و داهاتووه بکات. ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ زۆر سیاسه‌تووان و روناکبیر به‌وه ئاماژه ده‌ده‌ن که ته‌نیا سیاسه‌تی ئه‌مڕۆیی و کورتماوه سه‌مه‌ری هه‌یه، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی لاوازیی و بێده‌سه‌ڵاتییه‌ک له‌و شێوه هه‌ڵوێستانه‌دا به‌دی ئه‌کا. هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵگه‌کان له گه‌ڵ نه‌بوونی نه‌مانی ئیده‌ئالی گه‌وره‌دا رووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه. بێگومان ئه‌و دیارده بۆ خودی لاوازیی میکانیزمی دیموکڕاسی ئه‌گه‌ڕێته‌وه که پێویسته له جێگه و ده‌رفه‌تی گونجاو‌دا باسی بکرێ، من ئه‌و گه‌شه نه‌رێنییه به کاره‌ساتێکی گه‌وره ئه‌بینم. تیئۆریه جێکه‌وتووه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه که‌م تا زۆر له سه‌ر سێ خاڵ، یان سێ کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی داد کۆکن، هه‌ر هه‌موویان داواکاریه‌کانیان ڕوو له په‌یکه‌ر و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌که‌ن، دواتر زۆرینه‌یان باس له دابه‌ش و دابه‌شکاری یه‌کسانیی کاڵا و سه‌رمایه و سامان ئه‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و یه‌کسانییه هیچ سات ناچێته چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنی سۆسیالیزمه‌وه بۆ دابه‌شکاریی؛ پاشان له خاڵی سێیه‌مدا هه‌ر هه‌موویان باوه‌ڕیان به پڕۆسه‌ی دیموکڕاسی و به‌شداریکردن له پرسی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه هیچ کام له‌و ئاست و له‌و بوارانه ناتوانن به ته‌واویی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواکاریی دادپه‌روه‌ری بن. هه‌ربۆیه من ئه‌لته‌رناتیڤێکی دیکه به شیاو و باشتر ده‌زانم، ئه‌و تهوهرهشم کردۆته تێزی سه‌ره‌کی به‌رهه‌مێکی خۆم که له حه‌وتووه‌کانی داهاتوودا به زمانی ئاڵمایی بڵاو ده‌بێته‌وه. من به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووم که زۆرینه‌ی تیئۆریه‌کانی ئه‌مڕۆ ته‌نیا ئاوڕ له‌و بابه‌ت و پرسانه ئه‌ده‌نه‌وه که هاتوونه‌ته حه‌وزه‌ی سیاسییه‌وه و له کۆمه‌ڵگه‌دا که‌وتوونه‌ته به‌ر پرس و لێکۆڵینه‌وه. خۆی ئه‌مه یه‌که‌م هه‌نگاوه بۆ پهنجهسهرنانی گه‌شه هه‌ڵه و نه‌رێنییه‌کان، کاتێ یه‌كه‌م هه‌نگاو هه‌ڵگیردرا، ئه‌وه پڕۆسه‌یه‌ک وه‌ڕێخراوه و بێدادی تا ڕاده‌یه‌ک ڕیسوا کراوه. به‌ڵام ئه‌و کێشه‌و ئه‌و پرسانه‌ی که له پشت په‌رده‌وه هه‌ن و که‌س نییه، یاخۆ نوێنه‌ری خۆیان له حه‌وزه‌ی عموومییدا په‌یدا نه‌کردووه، ناکرێنه پرس، باس و بابه‌تی جیددی دادپه‌روه‌ری، خۆی ئه‌مه کاره‌ساته. هه‌ربۆیه من له سێ ئاستی جیاوازدا بۆ پرسی دادپه‌روه‌ری ئه‌ڕوانم و هه‌وڵ ئه‌ده‌م له هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌رنامه و کۆنسێپتێک بکه‌مه پێوه‌ر که بتوانێ به چاوی ڕه‌خنه‌وه ئه‌و ئاسته جیاوازانه شرۆڤه بکات و بیهێنێته به‌رچاو که له چ خاڵێکدا دادپه‌روه‌ریی جێکه‌وتووه و له چ لایه‌که‌وه کاری زۆرمان له پێشه. ئه‌و به‌رنامه‌ی من که له لام شیاوه “خواستی هاوسه‌نگیی دوو لایه‌نه” ده‌کاته پێوه‌ر. دیاره به‌م به‌رنامه ته‌نیا هێڵکێشی کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کان ئه‌کرێ، ئه‌و کۆمه‌ڵگانه که خاوه‌ن نه‌زمێکی دیموکڕاسین و ده‌روازه‌ی ئاڵ‌وگۆڕیان بۆ هه‌موو دیارده‌کان کردۆته‌وه. به سه‌ر ئه‌وه‌شدا گومانم نییه که ئه‌و به‌رنامه ده‌توانێ به هه‌مان شێوه بۆ کۆمه‌ڵگه غه‌یره دیموکڕاسییهکانیش سوودی خۆی هه‌بێ. من له ئاستی یه‌که‌مدا ئاوڕ له په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کان ئه‌ده‌مه‌وه، چونکه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه گه‌وره‌ترین ده‌ور له په‌روه‌رده و له بهکۆمهڵایهتیبوونماندا ئه‌گێڕن و بۆ شوناس و پرسی که‌سایه‌تی درووستبوونمان بنه‌ڕه‌تین؛ واوه‌تر به هه‌موو خواست و حه‌ز ئاره‌زووه‌کانمان ئاشنامان ده‌که‌ن و ده‌توانن هۆکاری ئه‌وه بن که خۆمان له نێو خۆدا بدۆزینه‌وه و ته‌بایی شه‌خسیی به‌ده‌ست بێنین. دواتر ڕوو ده‌که‌مه سیاسه‌ت و پێکه‌وه ژیان، به واتایه‌کی دیکه نه‌زمی دیموکڕاسی و به‌شداری کردنی هه‌موو شارۆمه‌ندان له پڕۆسه‌ی به‌ده‌ست هێنان و پێناسه‌کردنی خواستی گشتیی‌دا، واته ئه‌و خواسته گشتییه که ده‌بێته ژێربه‌نای سیاسه‌تێکی دیاریکراوی جێگای په‌سه‌ندی زۆرینه، سیاسه‌تێک که هه‌ڵاواردن نه‌کات و سیاسه‌تێک که هیچ که‌س نادیار و شاردراوه نه‌هێڵێته‌وه، به‌ڵکه سیاسه‌تیك که ته‌نیا له قوڵایی خواستی شارۆمه‌ندانه‌وه سه‌رچاوه بگرێ و له ئاکامدا ته‌نیا له خزمه‌ت شارۆمه‌نداندا بێت. هه‌تا له پله‌ی سێیه‌مدا بۆ بواری ئابووریی بڕوانم و شیکاری ئه‌وه بکه‌م که بۆچی له‌م سه‌رده‌مه‌دا مۆڕاڵ له حه‌وزه‌ی ئابووری دورخراوه‌ته‌وه و لۆژیکێکی سارد و مهنتهقیی جێکه‌وتووه که خۆی به زۆری زۆرداری ئاوێته‌ی بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان کردووه؛ من ئه‌و گه‌شه به مه‌ترسییه‌کی جیددی له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌م و ئهیخهمهڕو که له بواری ئابووریدا که‌مترین ڕێژه له دادپه‌روه‌ریی به‌دی ئه‌کرێ. ئه‌م ره‌خنه ره‌خنه‌یه‌که له نیزامی سه‌رمایه‌داری و بیرمه‌ند و هاوڕاش زۆرن که به هه‌مان شێوه بۆ ئه‌و گه‌شه مه‌ترسیداره ده‌ڕوانن؛ واوه‌تر هه‌ر یه‌ک به شێوه‌یه‌ک ریسوای ئه‌کا.
(١). هه‌ر له سه‌رده‌می “ئاریستۆوه” په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی، واته ره‌فاقه‌ت به په‌یوه‌ندیه‌کی جوان و حه‌یاتیی له قه‌ڵه‌م دراوه و زۆر جار گوتراوه که په‌یوه‌ندی باشی هاوڕێیه‌تی به باشترین شێوه وێنای خودی دادپه‌روه‌ری ئه‌کا. دیاره تێگه‌یشتنی جۆراوجۆر له ده‌سته‌واژه و مانای ره‌فاقه‌ت هه‌یه، هه‌ر بۆیه “ئاریستۆ”–ش باس له سێ فۆڕمی جیاواز ده‌کا و له کۆتاییدا یه‌کدانه له‌و شێوه په‌یوه‌ندیانه ده‌کاته پێوه‌ر و ئێدهئال بۆ هاوڕێیه‌تی شیاو. ئه‌مڕۆ له دونیای مۆدێڕن‌دا که هه‌موو شت خێرا به ڕێوه ئه‌چێ، که ئاشنایی، به‌یه‌کگه‌یشتن و په‌یوه‌ندیه‌کان زۆرتر بوون، تا راده‌یه‌ک خێرا و ساکار باس له ره‌فاقه‌ت ئه‌کرێ. زۆر جار هاوپیشهبوون، هاوپیاڵهبوون و هاوسه‌فه‌ربوون ده‌کرێنه بنه‌مای ره‌فاقه‌ت و به‌رگیی رهفاقهتیان به به‌ردا ئه‌کرێت. به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش، پێکه‌وه و سه‌رفکردنی کات و ساتێکی سه‌رنجڕاکێشی دیاریکراو لایه‌نه‌کان له یه‌ک نزیک ئه‌که‌نه‌وه و سه‌بکی مامه‌ڵه‌ی به‌شداربووان به‌ره‌و په‌یوه‌ندیه‌کی “هاوشێوه‌ی” ره‌فاقه‌ت ئه‌با؛ به‌ڵام فه‌لسه‌فه ئاوڕ له‌و دیارده ئه‌داته‌وه و ناوی گونجاوی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه هاکه‌زایی و رووکه‌شانه دۆزیوه‌ته‌وه، جاروبار باس له ره‌فاقه‌تی کاتیی، یاخۆ ڕووکه‌شیی، یاخۆ ناجیددی، یا ره‌فاقه‌تی جیددی ئه‌کرێ. له روانگه‌ی منه‌وه هیچ کام له‌و شێوه په‌یوه‌ندیانه ناتوانن به واتای ڕاسته‌قینه‌ی ره‌فاقه‌ت بگه‌ن و له سهرئهنجامیشدا ناتوانن دادپه‌روه‌ری بنوێنن، چونکه هه‌موو ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندیانه که‌م تا زۆر له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سازێن و زۆرجار پاش نه‌مانی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسیی و یه‌ک لایه‌نه کۆتای‌یان پێ دێت. بۆ من ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌ک هه‌ڵگری واتای رهفاقهته که به‌رنامه‌ی “خواستیی هاوسه‌نگی دوو لایه‌نه” ڕه‌چاو بکات. واته من هه‌رکات “باشه” بۆ هاوڕێکه‌م له نه‌زه‌ر ئه‌گرم و کرده‌وه‌ی ئه‌رێنی له به‌رامبه‌ردا ئه‌نجام ئه‌ده‌م، هیچ سات باس له حیساب و حیسابکاری و هیچ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه‌ک ناکه‌م، ته‌نانه‌ت ئه‌و شێوه بیره له ناخمدا مه‌وجوودی نییه؛ چونکه ئێمه له گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێدا یه‌ک رۆحین و له دوو جه‌سته‌دا ئه‌ژین. هه‌موو باشه، دڵسۆزیی و خزمه‌تێک بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌م، باشه، دڵسۆزیی و خزمه‌تێکه به‌رامبه‌ر به خودی خۆم. چونکه هه‌ردوولا خوازیاری ڕاگرتنی هاوسهنگیهکین که ته‌نیا له دوولایه‌نیی بوونیدا مانا په‌یدا ئه‌کا. پێش ئه‌وه‌ی درێژه به‌و راو روانگه‌ی خۆم سه‌باره‌ت به ره‌فاقه‌ت و که‌ڵکی بۆ خزمه‌تکردن به دادپه‌روه‌ری بده‌م، ئاوڕێک له‌و سێ فۆڕمه‌ی “ئاریستۆ” ده‌ده‌مه‌وه که تا به ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ترین کاریگه‌ریان له سه‌ر واتای ره‌فاقه‌ت هه‌بووه. پتر له دووهه‌زار ساڵه که ئێمه له گه‌ڵ راو سه‌رنجه‌کانی “ئاریستۆ”–دا ئاشناین، به‌ڵام تا به ئه‌مڕۆش هیچ بیرمه‌ندێک ناتوانێت پێناسه‌ی ره‌فاقه‌ت بکا و ئاوڕ له ئیدێکانی ناوبراو نه‌داته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مڕۆ که په‌یوه‌ندییه‌کان کراوه‌تر، که‌مته‌مه‌نن و که‌متر قوڵ ده‌بنه‌وه، واته که‌متر به ڕۆح ده‌گه‌ن، زۆر زیاتر له ده‌یه‌کانی رابردوو بایه‌خ به بیرۆکه‌کانی “ئاریستۆ” ده‌درێته‌وه. چونکه لۆژیکی بواری ئابووری ئاوێته‌ی په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کان بووه و زۆرینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان له پله‌ی یه‌که‌مدا له سه‌ر بنه‌مای سوود و که‌ڵکوه‌رگرتنی مادیی و مه‌عنه‌وی به‌ڕێوه ده‌چن. گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندیانه له ڕابردووی دوور و نزیکیشدا هه‌ر هه‌بوون، به‌ڵام کۆمه‌ڵناسیی مه‌یدانیی ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌و گه‌شه له ده‌یه‌کانی رابردوودا زۆر، زیاتر و زه‌قتر له جاران په‌ره‌ی سه‌ندووه. “ئاریستۆ” ئاماژه به سێ فۆڕم له ره‌فاقه‌ت ده‌دا، یه‌که‌م و دووه‌م سه‌بک له سه‌ر بنه‌مای که‌ڵک و حه‌ز درووست ده‌بن. ئه‌و دوو که‌سه که سوود به‌یه‌ک ده‌گه‌یێنن و له‌سه‌ر بنه‌مای که‌ڵکوه‌رگرتن یه‌کیان خۆش ئه‌وێت، زۆر قورسایی له سه‌ر شه‌خسیه‌ت دانانێن، تایبه‌تمه‌ندی که‌سایه‌تیی یه‌کتر زۆر ره‌چاو ناکه‌ن، بایه‌خ به گه‌وره‌یی یه‌کتر وه‌ک مرۆڤ ناده‌ن، به‌ڵکه گرینگ‌ترین خاڵ له سوود و کهیفکردندا ده‌بینن. ئه‌م شێوه په‌یوه‌ندیانه ده‌توانن درێژماوه بن، به‌ڵام ئه‌شتوانن کورتماوه بن و له ئان و ساتێکی خێرادا کۆتای‌یان پێبێ. به پێی لێکدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسیی په‌یوه‌ندی له سه‌ر بنه‌مای سوود له نێوان مرۆڤه بهتهمهناچووهکاندا زۆر باوه و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی که حه‌زی هاوبه‌ش ده‌خه‌نه مه‌ڵبه‌نده‌وه له نێوان مرۆڤه گه‌نج و کهمتهمهنکاندا سه‌رده‌گرێ، چونکه که‌سی گه‌نج زوو زوو بیروڕای خۆی سه‌باره‌ت به زۆر دیارده‌ی ژیان ئهگوڕێ، زۆر جار گۆڕانکاریی له به‌رنامه‌ی ژیانیدا دێنێته پێش. به‌ڵام نه په‌یوه‌ندییه‌ک که له سه‌ر بنه‌مای سوود و نه په‌یوه‌ندیه‌ک که له سه‌ر بنه‌مای حه‌ز درووست ده‌بێ، ئه‌توانێ ئاوڕ له که‌سایه‌تیی و له “مرۆڤبوونی” به‌شداربووان بداته‌وه. چونکه هیچ کام له‌و په‌یوه‌ندیانه خۆشه‌ویستی و باشهویستنیی یه‌کتری به بێ قه‌یدوشه‌رت ناکه‌نه پێوه‌ر و بنه‌مای په‌یوه‌ندیه‌که. هه‌ربۆیه هیچ کام له‌و دوو فۆڕمه ناتوانن خزمه‌ت به گه‌شه‌ی ئیده‌ئالی دادپه‌روه‌ری بکه‌ن. سێیه‌م شێوه په‌یوه‌ندیه‌کی هاوڕێیه‌تییه که کامڵکردن و ته‌واوکاریی که‌سایه‌تیی هه‌ردوو لا ده‌کاته ئامانج. ئه‌وه دوو رۆحن که به‌دوا باشیی و فه‌زیڵه‌تدا ده‌گه‌ڕێن و که‌سایه‌تی گه‌وره و که‌م ئیراد ده‌که‌نه پێوه‌ر بۆ سازدانی په‌یوه‌ندی ره‌فاقه‌ت. لێره‌دا حه‌ز که زوو دێت و ده‌ڕوا، لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی که ده‌کرێ ئه‌مڕۆ زه‌روور و گرینگ بێ و سبه‌ی بێ‌مانا بێ، هیچ ده‌ورێک ناگێڕێ، ئه‌مانه خه‌سڵه‌ت و دیارده‌ی ده‌رجه دوو و سێن؛ هه‌رهه‌موویان نیسبین. کاتێک که دوو رۆح به باشی ده‌زانن که که‌یفیه‌ت چیه، که ده‌زانن مرۆڤی خاوه‌ن که‌سایه‌تیی بێهاوتا چۆنه، ئه‌وه ئه‌وکات به‌دوا یه‌کدا ده‌گه‌ڕێن و یه‌ک ده‌دۆزنه‌وه و یه‌کده‌گرن. بنه‌مای ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندییه خۆشه‌ویستیی دوو لایه‌نه‌یه، خۆشه‌ویستییه‌ک که نه سوود و نه حه‌ز ده‌کاته بنه‌مای هه‌بوونی خۆی، به‌ڵکه ئه‌وه سه‌رسامبوون به یه‌کتره، به که‌یفیه‌تی که‌سایه‌تیی یه‌كتر که ئه‌و دوو که‌سه پێکه‌وه گرێ ئه‌دا و پێکه‌وه ئه‌هێڵێته‌وه. ئه‌و دوو که‌سه له رووی ئیخلاق و ره‌وشته‌وه یه‌کتر کامڵتر ده‌که‌ن، یه‌کتر گه‌وره‌تر ده‌که‌نه‌وه و به‌بێ په‌رده بۆ خاڵی لاواز و هه‌ڵه‌ی یه‌کتر ئه‌ڕوانن و هیچ سات به ره‌خنه یه‌کتر ناشکێنن و ناروخێنن، به‌ڵکه ته‌نیا یه‌کتر قورس‌تر و کامڵتر ئه‌که‌ن. لێره‌دا، واته له‌م شێوه په‌یوه‌ندیانه‌دا دادپه‌روه‌ری به باشترین شێوه خۆی ئه‌نوێنێ و خۆی ئه‌خاته ڕوو، هه‌ربۆیه “ئاریستۆ” ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر زۆر ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگه خه‌لاقییه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بووایه به باشی هاوڕێی یه‌کتر بن، ئه‌وه ئه‌وسات پێویستمان به زۆر یاسای دادپه‌روه‌رخواز نه‌ده‌بوو، به‌ڵکه ئه‌و رهفاقهتانه کۆمه‌ڵگه‌یان به دادپه‌روه‌ری زیاتر و به‌رینتر ئه‌گه‌یاند. “میشل دێ مۆنتهینه” سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی ره‌فاقه‌تی خۆی و “دێلا بۆتیێ” ئه‌نوسێ: ئه‌گه‌ر لێم بپرسن که بۆچی من و ئه‌و ئه‌وه‌نده ئاوێته‌ی یه‌ك بووین و یه‌کمان ئه‌وه‌نده خۆشده‌ویست، ئه‌وه ته‌نیا ئه‌توانم بڵێم، له به‌ره ئه‌وه‌ی، ئه‌و ئه‌و بوو و منیش خۆم بووم. په‌یوه‌ندیی هاوڕێیه‌تی هیچ سات هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ندی رۆمانسیی به تین و سووتێنه‌ر نییه، به‌ڵکه خاوه‌ن تین و گه‌رمایه‌که که به‌رده‌وام و هێدی هێدی له زیادبووندایه، به‌ڵام گه‌رما و تینێک نا که سووتێنه‌ر بێ، ئه‌و تین و وزه ده‌بێته هۆی ئاودانی ڕۆح و ده‌روون، هه‌ر بۆیه بۆ “مۆنتێینهر”−یش رۆح زۆر گرینگتر له جه‌سته‌یه. ئه‌وه کامڵیی مێشک و رۆحه که مه‌یدان و ده‌رفه‌ت بۆ پێکهێنانی ڕه‌فاقه‌ت خۆش ده‌کات. زۆر سه‌رنجڕاکێشه که تۆ له‌و ئاسته له په‌یوه‌ندییدا زیاتر باوه‌ڕت به هاوڕێکه‌ت هه‌بێ هه‌تا به خودی خۆت. ره‌فیقێکی راسته‌قینه به‌و په‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه باشترینه‌کان بۆ ڕووبهڕووکهی ئه‌نجام ئه‌دات، هیوای باشترینه‌کانی بۆ ئه‌خوازێ، له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا، له‌و ئاوێته‌بوونه‌دا هیچ غهلوغهشێک، هیچ بوخز و کونج و په‌نایه‌ک، هیچ سڕ و شاردنه‌وه‌یه‌ک ناناسێ. ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندیه مرۆڤه‌کان گه‌وره ئه‌کا، مانا به ژیانیان ئه‌به‌خشێ، خه‌سڵه‌تی دادپهروهیان تێدا درووست ئه‌کا، گه‌شه به فه‌زیڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان ئه‌دا، هه‌ربۆیه هه‌موو که‌سێک ناتوانێ ئاوا په‌یوه‌ندییه‌ک به‌ده‌ست بێنێ و ئاوا په‌یوه‌ندییه‌ک ڕابگرێ. ئه‌م شێوه په‌یوه‌ندییه بووه‌ته ئیده‌ئالێکی گه‌وره و ئه‌توانێ وه‌ک په‌یکه‌ری دادپه‌روه‌ری بۆی بڕواندرێ؛ خه‌سڵه‌تی مێهره‌بانیی، پاکیی، وه‌فاداریی و ڕاستگۆیی تێدا یه‌کده‌گرن و به یه‌کتر باڵا و قوڵایی ئه‌به‌خشن. واتای دادپه‌روه‌ریش به‌رده‌وام به‌و جۆره خه‌سڵه‌تانه ئه‌بێته واتا. زۆر نین ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی که به‌م ئاسته له گه‌شه ئه‌گه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هێما به‌رده‌وام ئه‌بێته پێوه‌ر و بنه‌ما بۆ بهڕهخنهڕوانین بۆ په‌یوه‌ندیی “باش” و دادپه‌روه‌رانه”. ئێستا له هه‌نگاوی دووه‌مدا بۆ په‌یوه‌ندیی ئه‌وینداریی و رۆمانسیی ئه‌ڕوانم و هه‌وڵ ئه‌ده‌م که له‌و به‌ستێنه‌شدا توخم و هێما شاردراوه‌کانی دادپه‌روه‌ریی بخه‌مه روو.
(٢). په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریی و رۆمانسیی ناسکترین و هه‌ستیارترین په‌یوه‌ندی نێوان دوو مرۆڤه. په‌یوه‌ندیه‌کی پڕ له تین و گڕ و هه‌ستیار که بۆ درووستبوون و پێکهێنانی هه‌ردوو لایه‌نی زه‌رووره، به‌ڵام بۆ کۆتایی پێهێنانی یه‌ک لایه‌ن کافییه. زۆر سه‌یره، ئه‌وینداران به‌رده‌وام دڵته‌نگ و په‌رۆشن، چونکه هیچ سات به راده‌ی پێویست له یه‌ک نزیک نین، ئه‌و کاته‌شی که له گوزه‌ری یه‌کن، ناتوانن یه‌ک بن و ئه‌و خۆزگه‌ی یه‌کبوونه ده‌بێته هۆی نائارامیی هه‌ردوولا. له په‌یوه‌ندی ئه‌ویندارییدا پێش هه‌موو شت هه‌ردوولا به‌و نه‌تیجه ئه‌گه‌ن که بۆ به‌خته‌وه‌ربوونیان وابه‌سته‌ی یه‌کترن، هه‌ردوولا به نیازه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی خۆیان ئاشنا ده‌بن، هه‌ردوولا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی نیازی یه‌کترن و له‌و ئاسته‌وه بۆ یه‌کتر ئه‌ڕوانن. پێکهێنانی بڕوا به‌یه‌کتر یه‌کێک له گه‌وره‌ترین خه‌سڵه‌ته‌کانی په‌یوه‌ندی نێوان دوو مرۆڤه، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌وینداریش ناتوانێ به بێ بڕوا به‌یه‌کتر سه‌رکه‌وتوو بێ. نووسه‌ری روسیی “ئیڤان تورگێنیهڤ” له به‌رهه‌مێکی جوانیی ئه‌ده‌بییدا به ناوی “یه‌که‌م ئهویندارییم” زۆر به شیاویی پێناسه‌ی خۆشه‌ویستیی رۆمانسیی ئه‌کا، ناوبراو ده‌ڵێ: هه‌ڵبژاردن و به ناوه‌ندکردنی که‌سیک له ژیانتدا، که‌سێک که تۆ له نێوان هه‌موو که‌سه‌کانی دیکه‌دا گوڵبژێری ئه‌که‌ی، ده‌بێته واتای خۆشه‌ویستیی رۆمانسیی. من خۆم به شێوه‌یه‌کی دیکه باس له ئه‌وینداریی رۆمانسیی ئه‌که‌م و له‌و به‌ستێنه‌دا ئاماژه به ده‌سته‌واژه‌ی “له چاوگرتن” ئه‌ده‌م. ئه‌ویش به دوو شێوه؛ دوو که‌س که یه‌کتریان خۆش ئه‌وێ، به‌رده‌وام یه‌کتریان له به‌رچاودایه. جارێک به شێوه‌یه‌کی روو به ناووه‌وه و ناخی خۆ، جارێکیش به شێوه‌یه‌کی شه‌فاف روو به‌ده‌ره‌وه و روو به‌یه‌ک، شێوه‌ی یه‌كه‌م کاتێک بنه‌ڕه‌تییه که خۆشه‌ویسته‌که‌ت له لات نه‌بێ و دووره‌ده‌ست بێ، ئه‌گه‌رچی شوێن و مه‌کانی هه‌ردوولا جیاوازن، هیچکامیان یه‌کتر له به‌رچاو گووم ناکه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه له ناخه‌وه به‌رده‌وام به‌یه‌که‌وه گرێدراون و له هه‌موو کات و سات و هه‌موو دۆخێک‌دا یه‌کتریان له به‌رچاودایه. هه‌ربۆیه هیچ لا هیچ سات خۆی به ته‌نیا نابینێ و نازانێ، واته کات، شوێن و دووریی بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هیچ ده‌ورێک ناگێڕێ. دیاره لێره‌دا باس له په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌ویندارییه که هه‌ردوولا له سه‌ر بنه‌مای خواستی ئازادی خۆیان ئاوێته‌ی بوون؛ به‌ڵام ئا لێره‌وه پرسه‌که ئاڵۆزتر ئه‌بێ، چونکه په‌یوه‌ندیه‌کی سه‌رکه‌وتووو ده‌بێ دوو دانه پڕه‌نسیپی سه‌ره‌کی ڕه‌چاو بکات. یه‌که‌م، له په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌ویندارییدا ده‌بێ هه‌ردوولا بتوانن و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش به یه‌ک بده‌ن که بۆ یه‌کتر بتوێنه‌وه و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا بۆ کورتماوه خۆ گووم بکه‌ن، واته به‌و ئاسته له بڕوا به‌یه‌کتر بگه‌ن که بتوانن رووت و قووت خۆیان بن و هه‌موو هه‌ست و ئاره‌زووه‌کانیان ده‌رببڕن. به‌ڵام هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ هه‌ردوولا خۆیان، خاوه‌ن خۆیان و سه‌ربه‌خۆ بمێننه‌وه. واته هاوسه‌نگی راگرتنی ئه‌و دوو پڕه‌نسیپه ده‌توانێ په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌وینداریی سڵامه‌ت بسازێنێ و رابگرێت. له لایه‌که‌وه به‌بێ په‌رده و به‌بێ ترس له خاڵی لاواز ئاوێته‌ی یه‌ک ببن و خۆیان له به‌رامبه‌ره‌که‌ی خۆیاندا گووم بکه‌ن، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هیچ سات ئه‌وه‌نده ناساخ هۆگری یه‌کتر نه‌بن که سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ده‌ست بده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه که‌وته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌که به لاڕێدا ئه‌ڕوا. چونکه وابه‌سته‌بوونی یه‌ک به شێوه‌یه‌کی ناساخ، قه‌در و رێزی هه‌ردوولا دێنێته خواره‌وه. “له چاوگرتن” یا خۆ چاوخستنهسهری دووه‌م ئه‌وه‌یه که هه‌ردوو ئه‌وینداره‌که له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی گه‌وره و به‌رچاویشدا به‌رده‌وام به چاو و به تێڕوانین به‌ڵێنی ئه‌وینداریی تازه ئه‌که‌نه‌وه و هه‌ردوولا به یه‌کتری ڕاده‌گه‌یێنن که یه‌کیان له به‌ر چاوه‌و به چاو و به ئیشاره په‌یامی خۆیان ده‌گۆڕنه‌وه؛ هه‌روه‌ک له زمانی کوردی‌دا ده‌گوترێ عاشقان به چاویاندا دیاره، چونکه به چاو پێکه‌وه ده‌دوێن و به چاو پێکه‌وه پێده‌که‌نن و به چاو به‌ڵێنی خۆیان به یه‌ک ئه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش سات به سات و به‌رده‌وام. جێگای سه‌رنجه که که‌م مرۆڤێک ئه‌توانێ بۆ چه‌ند ساتێک له چاوی که‌سێکی بێگانه و نائاشنا بڕوانێ، چونکه شه‌رم و حه‌یا ده‌یگرێ، مه‌گه‌ر که‌سێکی به‌بێ شه‌رم و به‌بێ حه‌یا بێ، به‌ڵام دوو عاشق ئه‌توانن بۆ کاتێکی زۆر درێژماوه‌ش له نێو چاوی یه‌ک بڕوانن و خۆیان له نێو قوڵایی چاوی یه‌کتردا گووم بکه‌ن. ئه‌و کات هه‌ردووکیان له چاوی یه‌کتره‌وه بۆ روخساری خۆیان ده‌ڕوانن، ئه‌و له یه‌ک روانینه‌ش بزه ده‌خاته نێو دڵ و سه لێوی هه‌ردوولا. ئه‌گه‌ر به‌راوردێکی نێوان په‌یوه‌ندی ره‌فاقه‌ت و په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریی بکه‌ین، ئه‌وه له په‌یوه‌ندی رهفاقهتدا خۆشه‌ویستییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک ساردتر و مهنتهقیتر له گۆڕێدایه، خۆشه‌ویستیه‌ک که لوتکه‌ی هه‌موو خۆشهویستیهکانه، له په‌یوه‌ندی ئه‌ویندارییدا خۆشه‌ویستییه‌که زۆر جار له‌رزۆکه، مه‌ترسیی وابه‌سته‌بوون به یه‌کتر زۆرتره، هاوسهنگیڕاگترن دژوارتره. به‌ڵام هه‌ردوو شێوه په‌یوه‌ندییه‌که بۆ کامڵ‌بوون و بۆ په‌روه‌رده‌کردنی زۆر خه‌سڵه‌تی جوانی ئینسانیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی حهیاتیین. هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تاوه ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌م پێدا، په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کان پله به پله ئاڵۆزتر ده‌بن، سه‌ره‌تا رهفاقهته، دواتر په‌یوه‌ندیی ئه‌ویندارییه و ئێستا له پله‌ی سێیه‌مدا ده‌په‌رژێمه سه‌ر په‌یوه‌ندی خێزان که به ئاستێکی دیکه‌ی ئاڵۆزیی ئاشنامان ئه‌کا. به‌ڵام پێش هه‌نگاوی سێیه‌م ده‌بێ باس له خاڵێک بکه‌م که تا ئێستا له گفتوگۆکه‌دا که‌می هێناوه، به‌ڵام زۆر زه‌رووره، ئه‌ویش به دیموکڕاسییکردنی په‌یوه‌ندی ئه‌ویندارییه، له سه‌ده‌کانی رابردوودا و له ده‌یه‌کانی پێشووتردا په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کان به‌ره‌و دیموکڕاسیی چوون. ئه‌مڕۆ ته‌نیا خۆشه‌ویستیی رۆمانسییه که ده‌بێته بنه‌مای سازدانی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداریی، گوشار و زۆره‌ملی رۆڵی سه‌ره‌کی ناگێڕن، ڕۆڵی چین و توێژ و سه‌رمایه که‌مڕه‌نگ بووه‌ته‌وه. خۆی ئه‌م دیارده به‌ره‌و دادپه‌روه‌ری زیاترمان ده‌با. ئه‌گه‌رچی ئه‌م گه‌شه ته‌نیا له به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئه‌ویش زیاتر له‌و کۆمه‌ڵگانه‌دا که باوه‌ڕیان به ئیده‌ئالی ئه‌وینداریی رۆمانسیی هه‌یه، هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه هه‌ن که بۆ خۆیان ئیده‌ئالێکی دیکه‌ی ئه‌ویندارییان به‌رجه‌سته کردووه و ڕه‌نگه له‌و پرسه‌شدا که‌متر سه‌رکه‌وتوو نه‌بن. ئێستا له هه‌نگاوی سێیه‌مدا ئاوڕێک له دیارده‌ی خێزان ئه‌ده‌مه‌وه، واته ئاوڕ له‌و په‌یکه‌ره‌ی که هاوشێوه‌ی خانه‌یه‌کی بچووکی کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره چاوی لێده‌کرێ؛ پێکهاته‌ی خێزان و بنه‌ماڵه زۆر ئاڵۆزه و ئه‌توانێ زۆر کاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنیشی له سه‌ر پرسی دادپه‌روه‌ری هه‌بێ.
(٣). قه‌واره‌ی بنه‌ماڵه گه‌وره‌ترین کاریگه‌ری له سه‌ر په‌روه‌رده و بارهێنانی جیلی داهاتووی کۆمه‌ڵگه هه‌یه. له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا به سه‌رنجڕاکێشترین شێوه ئه‌زموونی پێکه‌وه ژیان ئه‌کرێ، پاشان له‌و چوارچێوه‌دا هه‌موو ئه‌ندامان، چ دایک، باوک و چ منداڵه‌کان به هه‌ستیارترین شێوه ته‌مرینی راگرتنی هاوسه‌نگیی نێوان په‌یوه‌ندییه‌کان ئه‌که‌ن. بیرمه‌ند زۆرن که له شكڵ و شێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ پرسی دادپه‌روه‌ری به‌دی ئه‌که‌ن، هه‌رکات دایک و باوکێک بایه‌خ و گرینگی زیاتریان به منداڵه‌که‌ی خۆیان دا، کاتێک هه‌ردوولا ده‌ستیان کرد به فه‌رق و جیاوازی خستن، ئه‌وه به‌و کرده‌وه تۆمی نادادپه‌روه‌ری له ناخی منداڵه‌کانی خۆیاندا ئه‌چێنن، ئه‌و تۆمه‌ی که سبه‌ی دیسانه‌وه ئێخه‌ی کۆمه‌ڵگه ئه‌گرێته‌وه. له بنه‌ماڵه‌دا ده‌کرێ باوکێکی سالار و فره‌زۆر هه‌بێ، ده‌کرێ دایکێکی توڕهمهجاز و سالار هه‌بێ و کاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌کانیان دابنێن؛ واوه‌تر ده‌کرێ هه‌ردوولا له ڕووی جیسمی و ده‌روونییه‌وه یه‌کتر بچه‌وسێننه‌وه، یه‌کتر ئازار بده‌ن و بریندار بکه‌ن. نووسه‌ری ناوداری ئاڵمانی “مارتن ڤالسه‌ر” زۆر جالب ئاماژه به‌و دیارده ئه‌دا، ناوبراو ئه‌ڵێ: کاتێک که دوو هاوسه‌ر به درێژایی کات پێکه‌وه ئه‌مێننه‌وه و زیاتر له خۆشه‌ویستی، خوو و عادهتگرتن به یه‌که‌وه رایانئهگرێ، زۆر به باشی فێر ئه‌بن هاوشێوه‌ی دوکتۆر به‌بێ بنجکردن و سڕکردن به‌رده‌وام یه‌کتر عه‌مه‌لیات که‌ن و یه‌کتر ببڕن؛ چونکه هه‌ردووک زۆر به باشیی ئه‌زانن که چ شوێن و چ لایه‌کیان به باشترین شێوه ئازاربه‌خشه. من خۆم تا راده‌یه‌ک گه‌شبینانه بۆ پێکهاته‌ی خێزان ئه‌ڕوانم، چونکه له ڕابردووی دوور و نزیکدا، له ئه‌ورووپا له ساڵی ١٩٦٨وه پڕۆسه‌ی به دیموکڕاسیبوون له نێو بنه‌ماڵه‌دا گه‌شه‌ی سه‌ندووه. باوک ڕۆڵه کلاسیکییه‌که‌ی جارانی نه‌ماوه، منداڵ له ته‌ک مامه‌ڵه‌یه‌کی دیموکڕاسییدا گه‌وره ئه‌بێ، ده‌نگی هه‌یه، ڕای هه‌یه و بۆ زۆر بڕیاری بنه‌ماڵه ڕاپرسی لێده‌کرێ. له قه‌واره‌ی بنه‌ماڵه‌دا ده‌بێ هه‌موو ئه‌ندامه‌کان چه‌ند دانه ڕۆڵی جیاواز بگێڕن و فێری بن، باوک ده‌بێ باوکێکی باشی دیموکڕاسیخواز بێ و ده‌بێ هاوسه‌رێکی دڵسۆز و سادق و دادپه‌روه‌ر بێ، دایک ده‌بێ هاوسه‌ر و دایکێکی باش بێ، منداڵه‌کان ده‌بێ رێزی یه‌کتر بگرن و له ته‌ک یه‌كدا دادپه‌روه‌رخواز بن. هه‌موو ده‌بێ هاوکاری یه‌کتر بن، هه‌موو ده‌بێ له ته‌ک پرسی دابه‌ش و دابهشکارییدا ئه‌زموون کۆ بکه‌نه‌وه، جا ئه‌وه بگره هه‌ر له دابه‌شکاریی کاته‌وه بۆ یه‌ك، هه‌تا ده‌گاته بایه‌خدان به یه‌ک، و دابه‌شکاری زۆر شتی مادی و مه‌عنه‌وی. ته‌نیا کاتێ ئه‌و هاوسه‌نگییه راگیردرا په‌یوه‌ندیه‌کی باش و دادپه‌روه‌رخواز به ئاکام ئه‌گا. دونیای ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه، واته بازاڕ و جیهانی ئابووری ئه‌وه‌نده وشک و برینگن، ئه‌وه‌نده به‌بێ ڕه‌حم و به بێ به‌زه‌ین که پێویستیان به‌و دونیایه‌كی پێچه‌وانه‌ی خۆیان هه‌یه، ئه‌و دونیا و ئه‌و حه‌وزه‌ش ته‌نیا په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کانن (ره‌فاقه‌ت، ئه‌وینداریی و بنه‌ماڵه) که پڕن له سۆز و خۆشه‌ویستیی و تا راده‌یه‌کی زۆر دوورن له به‌ربه‌ره‌کانێ و خۆسه‌لماندن. ئه‌گه‌رچی زۆر تیئۆری کۆمه‌ڵناسی پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن که له داهاتوودا پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه له بایه‌خ و له زه‌رووریی له ده‌ست ده‌دا، من به پێچه‌وانه‌وه له‌و بڕوادام که له سه‌رده‌می پهسامۆدێرنیزمدا چونکه به تاکبوون په‌ره‌ی سه‌ندووه، چونکه په‌یوه‌ندیه‌کان هاوشێوه‌ی مامه‌ڵه و بازرگانی کاتیین و له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی تاک به‌ڕێوه ئه‌چن، خێزان ده‌توانێ به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیه‌وه وه‌ک: سۆز، وه‌فاداریی، متمانه و له خۆبوردوویی له داهاتووشدا وه‌ک دژه‌جه‌مسه‌ری دونیای سارد و سڕ هیچ له مانای خۆی که‌م نه‌کاته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌رچی هه‌یکه‌لی خێزان به‌رده‌وام له گۆڕاندایه و له داهاتووشدا گۆڕانکاری دیکه به خۆیه‌وه ئه‌بینێ، به‌ڵام وه‌ک پێکهاته هه‌ر خۆی رائه‌گرێ، چونکه خێزان بۆ حه‌وزه‌ی سیاسیش زۆر پێویسته. خۆی جێگای سه‌رنج ئه‌بوو لێره‌دا سه‌باره‌ه‌ت به دوو فه‌لسه‌فه‌ی ته‌واو جیاواز سه‌باره‌ت به دیارده‌ی بنه‌ماڵه بهاتمایه قسه؛ ناکۆکیه‌کی جیددی کلاسیکیی نێوان دوو بیرمه‌ندی ئاڵمانی، واته ناکۆکی نێوان “ئیمانوێل کانت” و “گیۆرگ ڤیلهێلم فڕیدڕیش هێگل”، “کانت” قه‌ناعه‌تی به‌وه نییه که په‌یوه‌ندی هاوسه‌ریی له سه‌ر بنه‌مایی ئه‌وینی رۆمانسیی سازبدرێ، چونکه شه‌یدایی و خۆشه‌ویستی ئه‌وینداریی دیارده‌ی کاتیین، هه‌ردوو ئه‌کرێ یهکتوپڕ نه‌مێنن، لاواز بن، ئه‌وکات کۆڵه‌که‌ی په‌یوه‌ندییه‌که ئه‌ڕوخێ. “کانت” که‌سێکی مهنتهقییه و ئه‌ڵێ: کاتێک دوو که‌سی پێگه‌یشتوو که خاوه‌ن مێشکی خۆن، ئه‌بێ به باشی بزانن که له به‌رچی په‌یوه‌ندیه‌کی هاوسه‌ری پێکدێنن و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا چی چاوه‌ڕوانیان ئه‌بێ، ئه‌رکه‌کانیان چی ئه‌بێ. هه‌ردوو لا عه‌قدێک و په‌یماننامه‌یه‌ک واژۆ ئه‌که‌ن، هه‌ربۆیه هه‌ردوولا بۆیان هه‌یه که‌ڵکی جینسیش له یه‌ک وه‌ربگرن، خۆ هیچ که‌س زۆری لێنه‌کردون و ته‌نیا خواستی شه‌خسی خۆیان بووه که بووه‌ته بنه‌مای واژۆکردنی ئه‌و عه‌قده هاوبه‌شه. دواتر “هێگل” ڕیک به پێچه‌وانه‌ی “کانته‌وه” ته‌نیا ئه‌وین و دڵ ئه‌کاته بنه‌مای هاوسه‌رگیری. من لێره‌دا ناتوانم درێژه به شڕۆڤه‌ی ئه‌و دوو روانگه جیاوازه بده‌م، به‌ڵام هه‌ردوولا لایه‌نی به‌هێز و سه‌رنجڕاکێشی خۆیان هه‌یه؛ هه‌ردوولاش لایه‌نی سیاسی خۆیان هه‌یه که ئه‌توانن له سه‌ر کۆمه‌ڵگه کاریگه‌ر بن.
(٣). هه‌روه‌ک چۆن ئازادیی تاک و شه‌خسیی له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا په‌ره‌ی سه‌ندووه، به هه‌مان شێوه‌ش ئازادیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به گشتی به ئاستێکی باڵاتر گه‌یشتووه. له گۆڤاری ژماره دووی “هێمادا” (سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی، لاپه‌ڕه ۵−١٩) به باشی ئاماژه‌م به گه‌شه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی داوه، له‌و بابه‌ته‌دا به تێروته‌سه‌لی له سه‌ر سێ فۆڕم له ئازادی دواوم؛ ئه‌وه ئازادی نه‌رێنی و ئازادی ئه‌رێنی و ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تیی بوون که چوارچێوه و هه‌یکه‌لی کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کانیان هێڵکێشی کردووه. بیرۆکه‌ی ئازادی نه‌رێنی ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ وڵات و فه‌لسه‌فه‌ی ئینگلیز، کاکڵ و بنه‌مای ئه‌و مۆدێله له ئازادی به‌رگرتن به ده‌سه‌ڵات و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته له ژیانی شه‌خسی تاکدا. خۆی ئه‌مه یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانن که به‌ره‌و نه‌زمی دیموکڕاسی ههلئهگیردرێن. نه‌ک هه‌ر ده‌وڵه‌ت، به‌ڵکه مافی سنوورپاراستنی ژیانی تاک و شه‌خس له به‌رامبه‌ر یه‌کدا دیارده‌یه‌کی تازه و مێژوویی بوو که به‌ر به کرده‌وه‌ی هاکه‌زایی و بێبنه‌ما ئه‌گرێ. له‌م ئاستی گه‌شه‌وه حه‌ز و ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وا ناتونن پاڵنه‌ری بڕیاری هاکه‌زایی بن، ئه‌وه هۆکاری مهنتهقیی و مهشرووعین که ده‌کرێنه پێوه‌ر. له بواری مۆڕاڵ و ڕه‌وشتدا هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه خۆیان له بازنه‌یه‌کی پێکه‌وه‌ژیاندا ئه‌دۆزنه‌وه که ته‌نیا “هۆ” و هۆکاری جێگه‌ی په‌سه‌ند ئه‌توانن مه‌شرووعیه‌ت به بڕیار و کرده‌وه بده‌ن. چونکه کاتێ باس له شارۆمه‌ند ئه‌کرێ، پێناسه‌ی سهبجهکت و شارۆمه‌ند به شێوه‌یه‌ک ئه‌کرێ، که هه‌ر “تاکێک” هه‌م مافی داواکردنی هۆکاری شه‌فافی هه‌یه و هه‌م خۆشی ئه‌بێ بۆ هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی هۆکاری شه‌فاف بخاته به‌ر چاو و به‌ر ته‌وژمی دیسکورس. نه ده‌سه‌ڵات، نه هێزی هاکه‌زایی و نه حه‌زی شه‌خسیی ئه‌توانێ مه‌شرووعیه‌ت به کرده‌وه بدات، به‌ڵکه ته‌نیا مۆڕاڵ و مه‌نتیقێک که ئه‌خرێته چوارچێوه‌ی یاساوه. داهێنه‌رانی ئه‌و بیرۆکه بیرمه‌ندانی وه‌ک “تۆماس هه‌بس” و “جان لاک” بوون. دیاره داواکاری ئه‌و شێوه تێگه‌یشتنه له ئازادی زیاتر ڕوو به ده‌ره‌وه بوو، بۆ سه‌ندن و دابینکردنی که‌سی ده‌ره‌وه له خۆ ئه‌کرایه ئادره‌سی داواکاریی. هه‌ربۆیه له وڵاتی ئاڵمانه‌وه هه‌وڵیک بۆ ته‌واوکاریی له‌و تێگه‌یشتنه له ئازادی خرایه کار؛ ئه‌وه بیرمه‌ندان “هێرده‌ر” و “کانت” بوون که کهموکهسرییان له‌و تێگه‌یشتنه‌دا ئه‌بینی و به مۆدێلێکی دیکه به ناوی “ئازادی ئه‌رێنی” پڕۆگرامێکی دیکه‌یان خسته به‌رده‌ست. گومان له‌وه‌دا نیه که به تایبه‌ت “کانت” له ژێر کاریگه‌ری “ژان ژاک رۆسۆدا” بوو؛ ناوبراو زۆر بیرۆکه‌ی “رۆسۆ” هه‌ڵده‌گرێته‌وه و قوڵیان ئه‌کاته‌وه. جه‌وهه‌ری ئازادیی ئه‌رێنی ئه‌وه‌یه که تاک بۆ به ئازادیی گه‌یشتنی نابێ و ناکرێ ته‌نیا بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بڕوانێ، به‌ڵکه زۆر پێویسته که تاک به ناخی خۆیدا بچێته‌وه و به بێ په‌رده و به‌بێ شه‌رمم و حه‌یا بۆ حه‌ز و خواسته راسته‌قینه‌کانی خۆی بڕوانێ. تاک پێویسته که خۆی له زۆر کۆتوبه‌ندی ناخی خۆی ڕزگار بکا، خۆی له ده‌ستی ترس و خۆرافات و کاریگه‌ری سوونه‌تی و ئاینیی رزگار بکا. تاک ئه‌بێ پێش هه‌مووشت خۆی بناسێ، خۆی به‌دوا خواستی خۆیدا بڕوا، به‌ڵام خواستێک که له غه‌ریزه و خولیا پڕیمیتیڤهکان پاک بکرێته‌وه، خواستێک که له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق ئه‌بێته خواست و تاک خۆی بۆخۆی دیاری ئه‌کا و پاشان هاوشێوه‌ی یاساش مه‌لکه‌چی ئه‌بێ. “هێرده‌ر” له‌و به‌ستێنه‌دا باس له کامڵ‌بوونی خۆ ئه‌کا، باس له خۆپێگه‌یاندن ئه‌کا، ئه‌و خۆ پێگهیاندنهش ته‌نیا کاتێک به سه‌مه‌ر ئه‌گا که تاک جه‌وهه‌ری ناخی خۆی بناسێ و جه‌وهه‌ری ناخی خۆی له زۆر دیارده‌ی ده‌ستکرد و بێبنه‌ما پاک بکاته‌وه. بۆ “هێرده‌ر” تۆم و کاکڵی خۆ پێگه‌یاندن له هه‌موو تاکێکدا هه‌یه، ئه‌وه ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگه‌یه که ئه‌توانێ ده‌رفه‌تی باشی پێگه‌یشتنی بۆ بڕه‌خسێنێ، یاخۆ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کانی لێ زه‌وت بکا. کۆمه‌ڵگه ته‌نیا کاتێک ئه‌توانێ دادپه‌روه‌رخواز بێ که باوه‌ڕی به‌و بیرۆکه هه‌بێ و باشترین ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و خۆپێگه‌یاندنه بسازێنێ. “کانت” باوه‌ڕی به‌و ئازادییه‌یه که راستگۆیی و سه‌ربه‌خۆیی تاک وێنا بکات؛ بهدواڕۆیشتنی هه‌موو خولیایه‌ک بۆ “کانت” ئازادیی نییه، به‌ڵکه ته‌نیا بهدواڕۆیشتنی خواستێ که مه‌نتیقی له پشته‌وه بێ و تاکیش وه‌ک بنه‌مای یاسای کرده‌وه‌کانی خۆی بۆی بڕوانێ. به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه به‌هێزه‌کانی ئه‌و دوو مۆدێله‌ی ئازادیی، هێشتا هه‌ر خاوه‌ن خاڵی لاوازی خۆیان بوون، دیسانه‌وه بیرمه‌ندێکی ئاڵمانی بوو که په‌نجه‌ی نایه سه‌ر ئه‌و لایه‌نه لاوازانه و به‌ردی بناغه‌ی مۆدێلی سێیه‌می دانا. ئه‌وه گه‌وره بیرمه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ی ئیدیالیزمی ئاڵمانی “گیۆرگ ڤیلهێلم فڕیدڕیش هێگل” بوو که به سه‌بکێکی دیکه له ئازادیی، به ناوی “ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی” بیرۆکه‌ی ئازادیی به ئاستێکی دیکه‌ی گه‌شه ئه‌گه‌یێنێ. “هێگل” به زه‌رووری ئه‌زانێ که ئازادی به هه‌موو واتاکه‌یه‌وه بخاته قاڵبه‌وه و به‌رگی یاسای به‌به‌ردا بکرێ. ئه‌گه‌رچی زۆر شرۆڤه‌کاری بابه‌ته‌کانی “هێگل” به شه‌فافی ئاماژه‌ی پێناده‌ن، به‌ڵام ئه‌م مۆدێله‌ی سێیه‌م هه‌موو شارۆمه‌ندانی کۆمه‌ڵگه ئه‌گرێته‌وه و که‌م تا زۆر پێناسه‌ی نیزامی دیموکڕاسییه. ئه‌ویش نیزامێک که ته‌نیا بایه‌خ به ئازادی بیروڕا نه‌دات، ته‌نیا بایه‌خ به ئازادیی ئایین و دیسکورس نه‌دا، به‌ڵکه لایه‌نی ئابووریش له نه‌زه‌ر بگرێ و توانای به‌شداریبوون له پڕۆسه‌ی سیاسیی‌دا به توانای ئابووری شاۆمهندانهوه گرێبدات. “هێگل” وه‌ک که‌م بیرمه‌ندێک تیئۆریه‌کی گشتی کۆمه‌ڵگه دائه‌ڕێژێ وله پرسی ئازادیشدا ئاوڕ له پێکهاته‌ی خێزان و بواری ئابووریش ئه‌داته‌وه. ئازادی نه‌رێنی له فه‌لسه‌فه‌ی لیبڕالیزمه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ، ئازادی ئه‌رێنی تیشک ئه‌خاته سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی تاک، به‌ڵام ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو مۆدێله‌کان کۆ ئه‌کاته‌وه و هه‌یکه‌ل به ئازادیی عام و کۆمه‌ڵگه ئه‌به‌خشێ. منیش خۆم به درێژه‌ده‌ری ئه‌و هێڵه‌ی “هێگل” ئه‌بینم و ته‌نیا نیزامێکی دیموکڕاسی به وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواستی ئازادیی ئه‌زانم که بتوانێ له سه‌ر بنه‌مای هاوکاری گشتیی به‌ڕێوه بچێ. له‌و به‌ستێنه‌دا گه‌شه‌ی دیموکڕاسییه مۆدێڕنه‌کان به ئه‌رێنی له قه‌ڵه‌م ناده‌م، چونکه له زۆر لایه‌نه‌وه هاوسه‌نگی ڕاناگیردرێ، هه‌ر له بێڕوخسارکردنی به‌رنامه‌ی سیاسییه‌وه، هه‌ر له نادیارکردنی میکانیزمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، هه‌ر له ده‌وری له ڕاده زیاتر کاریگه‌ربوونی ئێ‌لیتی کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌تا ئه‌گاته نه‌هێشتن و له‌ناوبردنی حهوزهێ هاوبه‌شی سیاسی شارۆمه‌ندان، هه‌موو ئه‌م دیاردانه به‌ر به دادپه‌روه‌ریی راسته‌قینه ئه‌گرن و کۆمه‌ڵێک گه‌شه و هه‌ڵه‌ی سیاسی ئه‌هێننه ئاراوه. من له‌و بڕوادام که ده‌بێ سیاسه‌ت بۆ نێو خودی کۆمه‌ڵگه بگه‌ڕێته‌وه، سیاسه‌ت له به‌ریه‌ککه‌وتنی شارۆمه‌ندان و له به‌ستێنه‌ی دیسکۆرس‌دا ئه‌بێته واتا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و “ئارێنه” و ئه‌و “حه‌وزانه” به‌رده‌وام له نه‌مان و له سڕینه‌وه‌دان. کاتێک که ده‌نگ و ڕای زۆرینه‌ی شارۆمه‌ندان کپ کرا، کاتێک که زۆر چین و توێژ نه‌یانتوانی خۆیان به بکه‌ری سیاسه‌ت ببینن، کاتێک که زۆر شارۆمه‌ند وه‌ڕز بوون و به‌و نه‌تیجه گه‌یشتن که توانای هیچ ئاڵوگۆڕێکیان نه‌ماوه، ئه‌وه دیموکڕاسی خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی گۆڕی خۆیه‌تی. ئه‌و کات ئه‌و نه‌زمه ناتوانێ دادخواز بێ و ناتوانێ فه‌لسه‌فه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پیاده بکات. له حه‌وتووه‌کانی داهاتوودا به‌رهه‌مێکی بیرمه‌ندی شاری فڕانکفۆرت “ئاکسل هۆنێت”، به ناوی “کرێکاری سه‌روه‌ر” بڵاو ئه‌بێته‌وه که به باشی ئاوڕ له دۆخی “چینی” کرێکاری ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌داته‌وه و به به‌ڵگه‌وه ئه‌یسه‌لمێنێ که هێشتا دیموکڕاسی به گوێره‌ی پێویست حیساب بۆ ئه‌و چینه زۆرینه ناکات؛ خودی ئه‌م دیارده کاره‌ساته و ئه‌بێته مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی بۆ کۆمه‌ڵگه به ناو ئازاد و دادخوازه‌کان؛ به‌و دوایین رسته تیشک خرایه سه‌ر بواری ئابووری و منیش له هه‌نگاوی داهاتوومدا ئهپهرژێمه سه‌ر پرسی دادپه‌روه‌ری له حه‌وزه‌ی ناوبراودا، ئه‌گه‌رچی دادپه‌روه‌ری له‌و حه‌وزه‌دا، له جیهانی سه‌رمایه‌دارییدا، ته‌وا شانهکز ماوه‌ته‌وه.
(٤). “کارل مارکس” وته‌یه‌کی جوانی هه‌یه که ئه‌ڵی، نیزامی بێڕه‌حمی سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وام باس له ئازادی ئیش و پیشه ئه‌کا و ئه‌ڵێ، ئه‌وه خۆتی که عه‌قدی کار و پیشه‌ی خۆت واژۆ ئه‌که‌ی، ئه‌وه خۆتی که سه‌ربه‌خۆ به‌دوا ئه‌م پیشه‌دا یا ئه‌و پیشه‌دا ئه‌رۆی، خۆ خاوه‌نکار به زۆره‌ملی تووشت ناکات. ئه‌م شێوه بۆچوونه له ناخی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ و بنه‌مایه‌کی مه‌نته‌قی نییه، کاتێک که‌سێک وابه‌سته‌ی وه‌رگرتنی ئیش و پیشه‌یه‌ک بوو، کاتێک به‌ربه‌ره‌کانێیه‌کی به‌رچاو له ئارادبوو، کێ ئه‌توانێ به حه‌زی خۆی بژارده‌ی پیشه و کاری خۆی بکا. ئه‌مڕۆ، دوو سه‌د ساڵ پاش ئه‌و وته‌ی “مارکس” هێشتا له کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه فره‌چه‌شنه‌کاندا ڕه‌نگه ده له سه‌دی خه‌ڵک بتوانێ به حه‌زی خۆی پیشه‌ی خۆی بژارده بکا. ئه‌گه‌رچی ئاستی خوێنده‌واریی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی یه‌ک دونیا پیشه‌ی تازه داهاتوون، ئه‌گه‌رچی کار واته کلاسیکییهکهیی دێرینی نه‌ماوه. هه‌ر له ئاستی ئابووری باڵاوه، هه‌تا ئه‌گاته ئابووریی بچووک، هه‌موو مامه‌ڵه و هاوکاریه‌ک له سه‌ر بنه‌مای سوودزیادکردن به‌ڕێوه ئه‌چێ، خودی ئه‌و دیارده دیارده‌یه‌کی نه‌رێنی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به نه‌رێنی له قه‌ڵه‌م ئه‌درێ ئه‌وه‌یه که ئه‌و خولیا کۆتایی خۆی و تێربوون ناناسێ، به‌ڵکه به‌رده‌وام زیاتر و زیاتری ئه‌وێ، به‌بێ ئاوڕدانه‌وه له هیچ مۆڕاڵێک دۆخی ناچار و تووشبووی هه‌موو تاک و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌کاته ئامانج. هه‌ربۆیه سوودی سه‌رمایه، ئه‌ویش سه‌رمایه‌یه‌کی ئینتیزاعی کراوه‌ته گه‌وره‌ترین ئامانج و زۆر کۆمه‌ڵگه‌ی تووشی قه‌یران و داماویی کردووه. قه‌یرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و گه‌شه نه‌رێنی و بێڕه‌حمانه‌یه. ئه‌مڕۆ ئه‌و بیرمه‌ندانه که‌م نیین كه به ئه‌رێنی له شێوه‌ی ئابووری ئیسلام ئه‌ڕوانن و به شیاوی ئه‌زانن که سوودی سه‌رمایه ناڕه‌وایه؛ سوودی سه‌رمایه چۆن ئه‌توانێ کۆمه‌ڵیک که‌س بخاته دۆخێکی ته‌واو ئاسووده‌یه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی خزمه‌تێک به کۆمه‌ڵگه بگه‌یێنن. پرسێکی دیکه پرسی ئیرسه، بۆ ئه‌بێ چه‌ند جیل سوود له سه‌رمایه‌یه‌ک وه‌ربگرن که ماندووبوونێکی جیددی له پشته‌وه نییه، بۆ ئه‌بێ ئه‌و سه‌رمایه جیل به جیل بگوازرێته‌وه. ئه‌ی که‌سێک که له بنه‌ڕه‌ته‌وه، واته به هه‌ژاری دێته دونیاوه، یان له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاردا چاو به دونیا هه‌ڵدێنێ، بۆ ده‌بێ ته‌واوی ژیانی له دۆخێکی ناله‌باردا تێپه‌ڕ بکا. مه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و سه‌رمایه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌دایه مڵکی ته‌واوی کۆمه‌ڵگه نییه؟ پرسی دابه‌شکاریی یه‌کسان و یه‌کسانتر گه‌وره‌ترین پرسی بواری ئابوورییه. زۆر بیرمه‌ند هه‌ن که لێهاتوویی تاکه‌کان به هه‌دیه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سروشت ئه‌زانن و له لاشیان ره‌وایه که خاوه‌نه‌که‌ی بۆ ئاسووده‌یی خۆی که‌ڵکی لێوه‌ربگرێ، به‌ڵام به‌و ڕێژه‌ش نا که نایه‌کسانی زیاد و زیادتر بکا. ئه‌وه نایه‌کسانی له ڕاده‌به‌ده‌ره که ده‌بێته هۆی ناکۆکی و نائارامیی نێو زۆر کۆمه‌ڵگه، کۆمه‌ڵناسیی مه‌یدانیی به‌ڵگه‌ی زۆر سه‌باره‌ت به‌و پرسه به‌ده‌سته ئه‌دات و باس له‌وه ئه‌کا که خۆشبه‌ختترین کۆمه‌ڵگه‌کان ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ن که تێیاندا رێژه‌ی نایه‌کسانیی زۆر نزمه. له ئاستی سه‌ره‌وه‌دا کامپانیای گه‌وره هه‌ن که مامه‌ڵه به سوودی سه‌رمایه‌ی بێئهژمارهوه ئه‌که‌ن، که به خۆراک و داهاتی هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌ی بچووک و هه‌ژاره‌وه “گه‌مه و گریمانه‌ی ئابووری” ئه‌که‌ن. زۆر پێویسته که ماڵیاتی زۆر کامپانیا و زۆر سه‌رمایه‌دار چه‌ند قات بکرێ، هه‌تا نایه‌کسانی که‌م بکرێته‌وه، به‌رێز “یه‌نس گڕاڵکه” له‌م ژماره‌ی هێمادا به بابه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشه‌وه ئاوڕ له‌و پرسه ئه‌داته‌وه. له داهاتوویه‌کی نزیکدا داهاتی به‌بی قه‌یدوشه‌رت ده‌بێته پرسی جیددی، ئه‌وکات کۆمه‌ڵگه گۆڕانکاری به خۆیه‌وه ئه‌بینێ، زۆر که‌س ئه‌کرێ ته‌نیا به‌و داهاته رازی بن و چیدیکه به پێویستی نه‌زانن له بازاڕی بێڕه‌حمی کاردا خۆ پیشان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌مه گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کانه، کۆمه‌ڵگه هه‌ژاره‌کان کێشه‌ی دیکه‌یان هه‌یه، کێشه‌ی ئه‌وان زۆر به‌رینتره، چونکه هه‌یکه‌لی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه هه‌ڵه‌ی زۆره، چونکه پڕۆگرامی جیددی و به بنه‌مای ئابووریی به‌دی ناکرێ، چونکه به‌رنامه‌ی چه‌ند ساڵه له ئارادا نییه، چونکه زۆر جار داهاتی سامانه سروشتییه‌کان کوێر و نابینا ئه‌کا؛ چونکه هاوسه‌نگیی ڕاگرتن ناکرێته ئامانجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی. کۆمه‌ڵگه دیموکڕاسییهکان تا راده‌یه‌ک بایه‌خ به هاوسه‌نگیی ئه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕێگا دوور و درێژه و پێویستی به رێبواری زۆره. کاتێک که هاوسه‌نگیی ڕه‌چاوکرا، کاتێ که نایه‌کسانیی نیسبی کراویه‌وه، ئه‌وکات زۆر شارۆمه‌ند به حه‌زه‌وه خۆ هیلاک ئه‌که‌ن و هه‌ندێ دۆخی کاتیی ته‌حه‌موول ئه‌که‌ن و ئاماده و ته‌یار ئه‌بن خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان بکه‌ن.
د. هیوا عه‌لیدوست، مارسی ٢٠٢٣