
دیدارێک له گه‌ڵ پڕۆفیسۆر د. گێرنۆت بوێمهدا (به‌شی ١)
ئاماده‌کار و وه‌رگێرانی ئه‌م گفتوگۆیه که‌وتۆته ئه‌ستۆی د. هیوا عه‌لیدوست. سازدانی ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ، به‌داخه‌وه به‌ڕێز پڕۆفیسۆر د. گێرنۆت بوێمه چه‌ند حه‌وتوو پاش ئه‌م چاوپێکه‌وتنه کۆچی دوایی کرد.
هێما: به‌ڕێز پڕۆفیسۆر د. بوێمه، ئێمه ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به تازه‌ترین به‌رهه‌متان گفتوگۆیه‌که‌مان ده‌بێ، دوایین به‌رهه‌متان سه‌باره‌ته به “هه‌ستی په‌ستیی له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌راندا”. به‌ڵام هه‌ستی په‌ستیی له جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌نه‌زم و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا، چۆن و بۆچی؟ هه‌رکه‌س که له ده‌ره‌وه بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگانه بڕوانێ، که خاوه‌ن سه‌رمایه‌ن، که به نه‌زمێکی دیموکڕاسی جێکه‌وتوو به‌ڕێوه‌ده‌چن، بۆ ئێمه سه‌رنجڕاکێشه که بزانین، ئێوه چۆن ئاوا تێزێکی ڕادیکاڵ فۆڕمووله ده‌که‌ن و له سه‌ر بنه‌مای چ فیکرێک دۆخی ئه‌مڕۆ و ئێستای ئه‌و کۆمه‌ڵگانه ده‌خوێننه‌وه؟
پڕۆفیسۆر د. بوێمه: به‌ڵێ، ئه‌و شڕۆڤه‌ی که من کردوومه به‌نده ته‌نیا به وڵاتی ئاڵمانه‌وه، یا بڵێین تا ڕاده‌یه‌ک وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا، چونکه ده‌رفه‌ته‌کان له زۆر وڵات و شوێنی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه ته‌واو جیاوازن. واوه‌تر بۆ من زۆر گرینگه، ئه‌و دۆخه ناوازه‌ی که ئێمه تێیدا ده‌ژین به شێوه‌یه‌کی سڵامه‌ت هه‌ڵسه‌نگێنین؛ هه‌ر بۆیه که‌ڵک له ده‌سته‌واژه‌ی “په‌ستیی” وه‌رده‌گرین، که‌ڵک له ده‌سته‌واژه‌یه‌ک که له “زیگمۆنت فڕۆید”−مان وه‌رگرتووه، ناوبراو کتێبێکی سه‌باره‌ت به هه‌ستی په‌ستی به‌رامبه‌ر به که‌لتور نوسیبوو، بیرۆکه‌ی ئه‌و کتێبه له پشتی په‌رده‌وه کاریگه‌ر بووه، به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌ی په‌ستیی تا ڕاده‌یه‌ک دوولایه‌نه‌یه و نیسبییه، هه‌ستی په‌ستیی مه‌رج نییه هه‌ستێکی ته‌واو نه‌رێنی بێ، واته ئه‌و هه‌سته هه‌ستێکی گوشاریی نیه و پهستیهکی بێ‌سنوور نییه، چونکه ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه خۆشه، به‌ڵام هاوکات له ته‌ک ئه‌و خۆشگوزهرانیهدا هه‌ستێکی جۆرێ پهستییان هه‌یه، هێشتا هه‌ر ته‌واو ڕازی نین و هه‌ندێ گومانیان له ناخدا هه‌یه؛ ئه‌گه‌ر به باشتر ڕوونی بکه‌مه‌وه، بۆ وێنه خه‌سڵه‌تی سهرفکاریی، ئێستا له وڵاتی ئاڵمان و له وڵاتانی ئه‌وروپای ناوه‌ند هه‌موو کاڵایه‌ک بۆ سه‌رف هه‌یه، زۆرینه‌ی ئه‌و کاڵانهش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر سه‌یر به نرخێکی هه‌رزان، له‌و به‌ستێنه‌دا، واته له به‌ستێنه‌ی سهرفکارییدا ده‌کرێ هه‌ستێکی په‌ستیی دروست بێ. ڕه‌نگه چێژ له زۆر شت وه‌ربگرین، به‌ڵام هاوکات پرسیاری ئه‌وه‌ش له خۆمان بکه‌ین که ئه‌م هه‌موو شته له کوێوه بێره ده‌گات، کێ ئه‌م کاڵانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه و له چ بارودۆخێکدا به‌رهه‌م هاتوون، چ ڕێگهوبانێک پێویست بوون، بۆ وێنه هه‌نگوور له وڵاتی چیلێوه گه‌یشتۆته ئێره، ئه‌م به‌رهه‌مه ڕێگای نیوه‌ی دونیای بڕیوه، یاخۆ “ئاڤۆکادۆ” که به ڕێژه‌یه‌کی زۆر زۆر ئاو سه‌رف ده‌کات، ئایا له‌و شوێنه ئاو هه‌یه، ئایا ئاوی پاکی خواردنه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ ئه‌و شێوه بازرگانییه سه‌رف ناکرێ، ئه‌م شێوه بیرۆکانه هه‌ن، چونکه خه‌ڵکی ئه‌مڕۆ زانیاری کافی له سه‌ر ئه‌و دۆخانه هه‌یه. به واتایه‌کی دیکه ئه‌و هه‌موو چێژبردنه له ته‌ک هه‌ستێکی پهستییدا ڕووبه‌ڕوومان ده‌کاته‌وه، یاخۆ ده‌مانخاته تێڕامان. هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا ده‌بێ بێژم که خودی ده‌سته‌واژه‌ی په‌ستیی به شێوه‌یه‌ک گونامی تێدایه، چونکه هه‌ستی په‌ستیی خۆی شێوه‌یه‌ک هه‌سته، هه‌ستێکی ناخۆشه که تا ڕاده‌یه‌ک ویژدان عه‌زاب ده‌دات، ئێمه بۆیه سه‌ر تیتری کتێبه‌که‌مان به‌و شێوه هه‌ڵبژاردووه، ئێمه باس له هه‌ستێکی مامناوه‌ند ده‌که‌ین، واته ئێمه باس له شیکاری هه‌سته‌کان ده‌که‌ین. واوه‌تر ئێمه ده‌توانین کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆمان به کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێناسه بکه‌ن که تێیدا کرده‌وه ڕۆڵێکی به‌رچاو ده‌گێڕێت، له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا کرده‌وه و تێکۆشان زۆر گرنگن. ئه‌و شێوه کرده‌وه و بهربهرهکانێیه ڕیشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بواری وه‌رزش، یاخۆ بۆ کاری قۆنته‌راتی داهێنان و به‌رهه‌مهێنان، له‌و بوارانه‌دا کێبڕکێ ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕاوه. به‌ڵام بیرۆکه‌ی ئه‌و کێبڕکێیه هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گرتۆته‌وه، ته‌نانه‌ت پشوو و سه‌فه‌رکردن ده‌بنه کێبڕکێ، لێره له سه‌ندیکای کرێکاراندا وته‌یه‌کی باش و سه‌رنجڕاکێش به‌یان کراوه، ئه‌و سه‌ندیکا پێشنیاری به کرێکاران داوه که تكایه هه‌وڵ بده‌ن یه‌ک ڕۆژ پێش ده‌ست به‌کارکردنه‌وه له پشوی هاویندا بگه‌ڕێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پاش پشودان و پێش ده‌ستبه‌کار کردنه‌وه یه‌ك ڕۆژ پشووی حیسابی بده‌ن، چونکه پشووی هاوین سترێس و ماندووبوونی پێوه‌یه. خه‌ڵک ئه‌مڕۆ له‌م سه‌ری دونیا بۆ ئه‌و سه‌ری دونیا سه‌فه‌ر ده‌که‌ن، له بینینی ئه‌م شوێن و شتی سه‌رنجڕاکێش بۆ ئه‌و شوێنی دیکه‌ی سه‌رنجڕاکێش ڕاده‌که‌ن، یانی خودی پشووه‌که‌ش ده‌بێته کێبڕکێیه‌کی هیلاککەر. یان له کاتی ئازاد‌دا، له‌و کاته‌شدا زۆرینه‌ی که‌س ده‌بێ وه‌رزش بکات و خۆی پیشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌تیجه‌یه‌ک به ده‌ست بێنێت. زۆر جار من دۆخی په‌نابه‌ران ده‌بینم، هه‌ندێکیان دێن و پێیان وایه، که ژیانی ئێره ساده و ساکاره، هه‌موو شت هه‌یه، به‌ڵام به مروری زه‌مان بۆیان ده‌رده‌که‌وێت که گوشارێکی زۆر له سه‌ر شارۆمه‌ندانه، ئه‌و گوشاره‌ی که زۆرجار تووشی ناساخی جۆراوجۆرمان ده‌کات، ناساخی خه‌مۆکی و دامرکان، ئه‌و ناساخیانهی که که‌لتوری ئه‌مڕۆ و سه‌رده‌م داهێنه‌ریانه. چونکه تاکی کۆمه‌ڵگه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه له هه‌موو بواره‌کاندا تا ئه‌و په‌ڕی توانایی بڕوات و خۆی پیشان بدات. لێره‌دا گوشارێک به‌رچاوه که ته‌واوی نه‌زمی ژیانمانی هێڵکێشی کردووه.
هێما: یه‌که‌م خاڵ ئه‌وه‌یه که ئێمه گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تمان بۆ سه‌رفکاری به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ناڕازین. ڕای ئێوه سه‌باره‌ت به گه‌شه‌ی ئەخلاق چیه، ئایا ئه‌وه ئەخلاقی ئه‌مڕۆمان نییه که هه‌ستیارتری له جاران کردبین؟ ئێمه ئه‌مڕۆ ئاوڕ له کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه و ئاوڕ له مرۆڤی هه‌ژار ده‌ده‌ینه‌وه، هه‌ربۆیه له گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته ناخۆشه‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه که ئه‌وان له بارودۆخێکی زۆر سه‌خت و ناخۆشدا بۆ خۆشگوزه‌رانی ئێمه کار ده‌که‌ن. ئایا لێره‌دا تا چه‌نده گه‌شه‌ی ئەخلاق و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌مان پێکه‌وه ناته‌بان؟
د. بوێمه: به‌ڵی، ئه‌و پرسیاره ئاڵۆزه، چونکه ئێوه ئه‌و دیارده به‌ره‌و هێڵ و پرسێکی ئەخلاق ده‌به‌ن، من هیچ کێشه‌یه‌کم ته‌ک ئه‌و بۆچوونه‌دا نیه، چونکه خودی ئه‌و هه‌سته په‌سته ئاوێته‌ی پرسی ئەخلاقه، ئێمه خۆشگوزه‌رانین و هێشتا هه‌ر له خۆمان ڕازی نین. ئه‌مڕۆ یه‌ک دونیا زانیاریمان سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مهێنان و کار و ئیشی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌یه، به‌ڵام پرسی ژینگه‌پارێزیش خۆی پرسێکی سه‌ره‌کییه. ئێمه‌ی تاک ده‌سه‌ڵاتمان که‌مه و ناتوانین زۆر شت بگۆڕین، کاتێک له مارکێتێک خواردنی پێچراوه ده‌کرین، خۆ به ته‌واویی نایخوێنینهوهکه چۆن و له کوێ به‌رهه‌مهێنراوه. من خۆم منداڵی سه‌رده‌می شه‌ڕم، ئێمه‌مانان وا ڕاهاتووین له پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ نرخ بڕوانین.
هێما: به‌ڵێ، ئێوه به کورتی ئاماژه‌تان به ژینگه و سروشت دا، ڕه‌نگه ڤایرۆسی کۆڕۆنا هه‌ستیارتری کردبین بۆ ئه‌وه‌ی گرفت و کێشه جیهانییه‌کان باشتر هه‌ست پێبکه‌ین، چونکه باش ده‌زانین که پاندهمیهکی گه‌وره‌ی وڵاتی چین ده‌کرێ سبه‌ی بگاته به‌رده‌رگه‌ی ماڵی ئێمه‌ش، خۆی ئه‌مه هه‌مان شته که بیرمه‌ندی ئاڵمانی “هێگل” زیاتر له دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌ی پێداوه، ناوبراو ده‌ڵێ، ئه‌و هه‌موو زبڵه‌ی که ئێمه به‌ره‌و قاڕه‌ی ئه‌فریقای به‌ڕێ ده‌که‌ین، سبه‌ی و دوو سبه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر ماڵی خۆمان.
د. بوێمه: ئه‌و وته‌ی “هێگل” ته‌واو به‌جێیه و ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌ڵێ ئه‌مڕۆ ژیانمان به ژیانی ته‌واوی دونیاوه گرێدراوه، نه‌ک له ڕێگه‌ی هێڵی ئینته‌رنێته‌وه، به‌ڵکه ڕێگای بازرگانی و هه‌روها، ئێستا زۆرینه‌ی شتومه‌که‌کانی بازاڕ له وڵاتی ئاڵمان به‌رهه‌م ناهێنرێن، ئیشی ناو وڵاتی ئاڵمان ته‌نیا ئیشی کامپیوتهره، خۆی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌و هه‌سته‌ی که تووشی په‌ستی کردووین بۆ خودی ئه‌م خاڵه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه. خه‌ڵکی ئاڵمان باش ده‌زانێ که ته‌واو وابه‌سته‌ی وڵاتانی دیکه‌یه، هه‌ر له به‌ستێنی پاندهمیی کۆڕۆنادا بینیمان، که ته‌نانه‌ت بۆ کاڵایه‌کی ته‌واو ساکاری وه‌ک ده‌مامه‌ک وابه‌سته‌ی وڵاتی چینین. ئێمه‌ش باش هه‌ست ده‌که‌ین که کاروبارمان زۆرینه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چی، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و وابه‌سته‌بوونه به‌رده‌وام چه‌شنی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له نێو چاوانمان ده‌ڕوانێ.
هێما: به‌ڵێ، زۆر سه‌رنجڕاکێشه، ئێمه هه‌ست ده‌که‌ین که شێوه‌یه‌ك ترس ئێخه‌ی گرتووین، کاتێک که جیهان ئه‌وه‌نده بچووک بووه‌ته‌وه، کاتێک که به شه‌فافی ده‌یبینین که چۆن ئێمه له سه‌ر وێری نه‌ته‌وه‌کانی دیکه خۆشگوزه‌رانیمان درێژه پێده‌ده‌ین، باشیش ده‌زانین که وڵاتانی هه‌ژار هه‌روا و درێژماوه به ته‌بایی بۆمان ناڕوانن و ناتوانن ئه‌و خۆشگوزهرانیهمان پێڕەوا ببینن.
د. بوێمه: به‌ڵێ، به‌ڵێ، ته‌واو دروسته.
هێما: ره‌نگه لێره‌دا گه‌شه‌یه‌کی ئیخلاقی به‌دی بکه‌ین، گه‌شه‌یه‌ک که به ئاستێکی تایبه‌تی تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌تی گهیاندبین، واته فێری دابه‌شکاری ڕادیکاڵمان بکات، چونکه باش ده‌زانین که دونیا تا سه‌ر به‌ده‌ستی ئێمه‌وه نابێ و نامێنێ، ئه‌و خۆشگوزه‌رانیه‌ی که باسمان کرد ناتوانێ تا سه‌ر به‌رده‌وام بێ.
د. بوێمه: به‌ڵێ، به‌ڵێ، ئه‌وه شێوه‌یه‌ک له ترسه، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی که ئه‌و نیزامه زوو یا دره‌نگ ده‌کرێ به سه‌ریه‌کدا بڕوخێ، واوه‌تر خودی ئه‌و ترسه‌ش به‌شێکه له قه‌زیه‌که و به شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری له سه‌ر دروستبوونی ئەو هه‌سته په‌سته هه‌یه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه زۆران ده‌ڵێن، ئاخر خۆ منی تاک هیچم پێناکرێ، ڕه‌نگه بۆ خودی خۆشم باشتر و هاسانتر بێ که له ته‌ک ئه‌و نه‌زمه‌دا ڕێککهوم به‌شداری ئه‌و شێوه ژیانه بم.
هێما: خاڵێکی دیکه که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵسوڕان و کارکردی تاکه، واته ئه‌مڕۆ له شاخهزانستی کۆمه‌ڵناسییدا کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کان به کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێناسه ده‌کرێن که به‌ربه‌ره‌کانێ و هه‌ڵسووڕانی کار گه‌وره‌ترین ڕۆڵیان هه‌یه. به‌رهه‌مێکی ناوداری کۆمه‌ڵناسی ئاڵمانی “ماکس ڤێبه‌ر” ئه‌و دیارده‌ی زۆر به باشی پێناسه کردووه. “ڤێبه‌ر” باس له ئه‌خلاقی ئاینی پڕۆتستانت ده‌کات و ده‌ڵێ: سه‌رچاوه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری بۆ بنه‌مای ئه‌و ئایینه ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکه له‌و به‌ستێنه‌دا ده‌گوترێ، له‌م دونیا کار و هه‌ڵسوڕان و سهرمایهکۆکردنەوه ته‌واو فه‌ڕزه، دواتر له‌و دونیاش پاداشتی ئه‌و شێوه ئەخلاقه به باشی ده‌درێته‌وه. ئێستا پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه که ئێستا ئایین ئه‌و ده‌وره سه‌ره‌کییه ناگێڕێت، که‌وایه ده‌بێ چ ئایدیا و خولیایه‌ک چووبێته ناخمانه‌وه که بۆ ئه‌و شێوه ژیانه ئه‌وه‌نده ئاماده و ته‌یاری کردووین، که ئه‌و شێوه ژیانه قه‌بووڵ ده‌که‌ین و کردومانه‌ته هێمای سه‌ره‌کی؟
د. بوێمه: با سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ی ئێوه ئاماژه به بیرمه‌ندی خوێندنگای فڕانکفورت “هێربه‌رت مارکوزه” بده‌ین، ناوبراو له به‌رهه‌مێکیدا که له کۆتایی ساڵه‌کانی ١٩۵٠– دا بڵاوی کرۆته‌وه، به وردی ئاماژه به کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا ده‌دات و ده‌یبینێ که ئه‌و کۆمه‌ڵگه له‌وپه‌ڕی زیادهڕهوییدا ده‌ژی. “مارکوزه” ده‌ڵێت: که‌وایه با له‌و کۆمه‌ڵگه خۆشگوزهرانهدا که هه‌موو شت هه‌یه که سهرفکاریهکی له ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌بینرێ، با تێیدا به به‌هه‌شتی ئازادی بگه‌ین، خۆ هیچ کهموکهسریهکمان نییه، هه‌موو ئاره‌زوو و خولیاکانمان به ئاکامی خۆیان ده‌گه‌ن؛ به‌ڵام بۆ ناتوانین و بۆ نه ئه‌وه‌نده ئازادین وه نه ئه‌وه‌نده‌ش به‌خته‌وه‌رین؟ خودی “مارکوزه” ده‌ڵێ: ئه‌و نه‌زمه درێژماوه نابێ و ده‌گۆڕدرێت، ئه‌و نه‌زمه ده‌کرێته نه‌زمێک که هه‌موو تاکه‌کان سه‌رقاڵ و سه‌رگه‌رم بکات، هه‌موو تاکه‌کان وابه‌سته و پڕکار بکات، واوه‌تر شێوه‌یه‌ک ژیان ده‌کاته هێما که ژێربهناکهی ته‌نیا سه‌رف و سه‌رفکاری ده‌بێت. به‌ربه‌ره‌کانێ و به مه‌قام گه‌یشتن و بهڕهسمیهتناسین له سه‌ر بنه‌مای تێکۆشان و سه‌رکه‌وتن بۆ سه‌رف و سه‌رفکاری زۆر و زیاتر. دیاره ئه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریکایه، ڕه‌نگه کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ئێمه تا ڕاده‌یه‌ک باشتر بێ، به‌ڵام له لای ئێمه‌ش کراوه‌ته به‌رنامه، هه‌رکه‌س چالاک بێ، هه‌ر که‌س بێ‌وچان هه‌وڵ بدات و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ، ئه‌وه له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا به پله‌ی باشتر و شیاوتر و سه‌رنجڕاکێشتر ده‌گا، ئه‌م فه‌لسه‌فه هه‌مووان ده‌خاته بزووتنه‌وه و هه‌وڵدانی بێوچانی بێڕه‌حمانه. ئه‌مڕۆ ده‌گوترێ کاتێک که تۆ چالاک و به‌وره بوی و له ئاستێکی خواروتر بۆ سه‌روتر ڕۆیشتی ئه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شت هه‌یه که به به‌رزترین پله‌و پایه‌ی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات بگه‌یت. ئه‌وکات زۆرینه‌ی ئه‌ندامان تووشی ئه‌و ناساخی و به‌رچاوته‌نگییه ده‌بن که به سه‌رکه‌وتنێکی یه‌ک، دوو ئاست ڕازی نابن و هه‌رگیز واز له تێکۆشانی ڕادیکاڵ ناهێنن، به‌ڵام هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا هیچ سات ئارامیی و وچانی خۆیان وه‌رناگرن.
هێما: دروسته به‌ڵام خۆ ئه‌و کۆمه‌ڵناسانه‌ش که‌م نین، که ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که گوایه ئێمه ته‌نیا ڕۆڵی سهرفکاریمان بۆ ماوه‌ته‌وه، واته هیچکام له ئێمه به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه. خۆ ئێمه هیچمان به‌رهه‌مهێنه‌ر نین، ئه‌وه کامپانیا گه‌وره‌کان و کارخانه گه‌وره‌کانن که ئه‌رکی به‌رهه‌مهێنانیان گرتۆته ئه‌ستۆ، ئێمه‌ی تاک هیچ ده‌ورێک ناگێڕین، کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه که پێناسه‌یه‌کی تازه‌ی کار و کارکرد بکه‌ین؟
د. بوێمه: ڕه‌نگه ئێمه هێشتا له سه‌ر بنه‌مای فیکره‌کانی “هێگل” و مارکس” پێناسه‌ی کار و پیشه بکه‌ین، واته ئێمه هێشتا هه‌ر ده‌ڕوانینه سه‌رفکردنی وزه و هێزی مرۆڤ بۆ داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مێک، واته به‌رهه‌مێک که له سه‌ر ڕه‌نجی وزه و هێزی ده‌ست و جه‌سته دروست کرابێت، ئه‌مڕۆ له ئاڵمان‌دا به‌شی هه‌ره زۆری کار به کامپیوته‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێ، به‌شی زۆری کاره‌که ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌و نه‌زمه ئابوورییه ڕابگیردرێ. بۆ وێنه له سه‌رده‌می پانده‌می کۆڕۆنادا به‌شی هه‌ره‌زۆری کار له ماڵه‌وه بهڕێدهچوو، چونکه زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به کامپیوته‌ر کارده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌شه ته‌نیا به‌شێکی پڕۆسه‌ی کاری ئابوورییه، به‌ڵام به‌شێکی گرنگ و به‌رچاوه. ئه‌م به‌شه به‌رچاوه نێوی به‌شی خزمه‌تگوزاری لێنراوه، ئه‌و به‌شه‌ی دیکه‌ی که بۆ وزه‌ی له‌ش و جه‌سته ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌خرێته هه‌ندێ گۆشه‌ی ئه‌م جیهانه، بۆ وێنه بۆ وڵاتی چین. که‌وایه خودی ئیش و به‌رهه‌مهێنان ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌کی دیکه پێناسه ده‌کرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه نهزمێکمان دروست کردووه که هه‌موو بواره‌کانی ژیانمان ده‌خاته ریزبەندییەکی سه‌یر و سه‌مه‌ر، هه‌موو شت به ژماره و ئاست پێناسه ده‌کرێ، واته ئایا له‌م بوارهمدا تا چه‌ند پله سه‌رکه‌وتووم و چه‌نده‌ی دیکه‌م ماوه هه‌تا به ئاستێکی شیاوی خۆم بگه‌م. ئه‌م فه‌لسه‌فه هه‌ر له خوێندنگاوه ده‌ست پێده‌کات، بۆ وێنه “لێکدانه‌وه‌ی پیزا” که تێیدا هه‌م خوێندنگا و هه‌م خوێندکاران ده‌خرێنه ریزێکەوە، ئه‌م بیرۆکه پیشانی ده‌دات که تۆ به ئاستێکی تایبه‌ت گه‌یشتوویت، به‌ڵام ئاستی گه‌وره‌تر و باشترت هه‌ر له به‌رده‌مدایه. خۆی ئه‌مه یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانه بۆ هاندانی سه‌رکه‌وتنی زیاتر و بۆ کاریگه‌ربوون و به‌رچاوبوونی زیاتر.
هێما: زۆر سه‌رنجڕاکێشه، چونکه ئێوه باس له به‌خته‌وه‌ریی و بهقهناعهتبوون ده‌که‌ن، که‌وایه ڕه‌نگه لێره‌شدا پێویست بێ که به‌خت و به‌خته‌وه‌ریش به شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میی پێناسه بکه‌ینه‌وه، چونکه ئه‌و پڕۆسه پڕۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه، چونکه هه‌ر تاکێک ده‌بێ به‌رده‌وام و به‌رده‌وام و سه‌رله‌نوێ توانایه‌کانی خۆی بسه‌لمێنێ. له‌م به‌ستێنه‌دا چۆن ده‌توانین بۆ به‌خت و به‌خته‌وه‌ری بڕوانین؟
د. بوێمه: به‌ڵێ، ئه‌و پرسیاره ته‌واو به‌جێیه، ئێمه‌ش زیاتر بایه‌خ به “ڕازیبوون له ژیان” ده‌ده‌ین، ئێمه زیاتر بۆ هه‌ندێ شێوه‌ژیان ده‌ڕوانین که ده‌رفه‌تی ڕازیبوون زیاتر به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. واته بۆ هه‌ندێ شێوه ژیان که خۆیان له خۆیاندا به‌خته‌وه‌رمان ده‌که‌ن، د. هیوا ئێوه خۆتان فه‌یله‌سوفن، هه‌ر بۆیه لێره‌دا بیرۆکه‌کانی “ئاریستۆتان” وه‌یاد ده‌هێنمه‌وه، ناوبراو ئاماژه به دوو شێوه له چالاکی مرۆڤ ده‌دات، یه‌که‌م بریتییه له “پۆیزیس”، واته کردن و به‌رهه‌مهێنان. دووه‌م بریتیه له “پڕاکسیس”، واته به ئاکام گه‌یاندن. خاڵی یه‌که‌م هاوشێوه‌ی ماڵدروستکردنه، ئه‌و کرده‌وه ته‌نیا کاتێک به باش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت که به‌رهه‌مه‌که، واته ماڵه‌که باش ده‌رچوو. پاشان “ئاریستۆ” باس له “پڕاکسیس” ده‌کا، جا ئه‌م ده‌سته‌واژه له لای “ئاریستۆوه” زیاتر بۆ بواری سیاسی ته‌رخان کراوه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ بواری ژیانی ڕۆژانه‌ش ده‌گرێته‌وه، کاتێک باشه که پڕۆسه‌ی به ئاکام گه‌یاندنه‌که باش بوو، بۆ وێنه، واته خودی ژیانکردن له نێو ماڵه‌که‌دا. لێره‌دا زیاتر بایه‌خ به سه‌بکی ژیانه‌که له نێو ماڵه‌که‌دا ده‌درێ و که‌متر بایه‌خ به خودی چوارچێوه‌ی ماڵه‌که. زۆر که‌س که ده‌چن بۆ پیاسه‌کردنێک، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندرووستیه‌کی باش و باشتریان هه‌بێ، یانی به مه‌به‌ستێکی تایبه‌ته‌وه، من زۆر جار به‌و که‌سانه ده‌ڵێم، ئێوه تاقی بکه‌نه‌وه که له نێو بازنه‌یه‌کی دیاریکراودا ته‌نیا به‌ده‌وری خۆتاندا بسوڕێنه‌وه، خۆ هه‌ردووکیان بزووتنه‌وه و جوڵانهوهن، به‌ڵام جیاوازیه‌کی زۆر گه‌وره له به‌رچاودایه.
هێما: ئێوه ئاماژه‌تان به “ئاریستۆ” و فیکره کلاسیکییه‌که‌ی به‌خت و به‌خته‌وه‌ری دا، ئه‌مڕۆ پێناسه‌ی به‌خته‌وه‌ری به شێوه‌یه‌ک جێکه‌وتووه، زۆر بیرمه‌ند له وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌دا که به‌خته‌وه‌ری چییه، ئاماژه به خۆ پێگه‌یاندن ده‌ده‌ن، ئێوه‌ش له کتێبه‌که‌تاندا ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که ڕه‌نگه له داهاتوودا داهاتی به‌بێ قه‌یدوشه‌رت زۆر کێشه و زۆر نایه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌مڕه‌نگ بکاته‌وه، دیاره ئه‌و پرسه مشتومڕی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، چونکه ئه‌مڕۆ زۆر ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگه ته‌نیا له سه‌ر بنه‌مای ئیش و پیشه خۆی پێدهگهیەنێت و خۆی پێناسه ده‌کات، کاتێک کار و پیشه ئه‌وه‌نده سه‌ره‌کی نه‌ما، بنه‌مایه‌کی گه‌وره‌ی جێکه‌وتووی خۆپێگه‌یاندن و خۆپێناسه‌کردن له ناوده‌چێ. ئێوه چۆن ده‌ڕوانن بۆ پرسی خۆپێگه‌یاندن؟
د. بوێمه: من خۆم ڕه‌خنه‌م له‌و ده‌سته‌واژه هه‌یه، چونکه خودی ئه‌و خۆپێگه‌یاندنه زۆر که‌س به باشی ده‌خاته ژێر گوشاره‌وه، به تایبه‌ت گه‌نجه‌کان، چونکه ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی گه‌نجه‌کان نازانن که له داهاتوودا چی بکه‌ن و به کوێ بگه‌ن، پێشتر هه‌ر له بنه‌ماڵه‌وه ڕێگایه‌ک بۆ جیلی داهاتوو ته‌یار و دیاری ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو ئازادن و ده‌توانن هه‌ر پیشه‌یه‌ک که خوازیارین هه‌ڵیبژێرن، دواتر ئه‌و ئازادیه‌ش له لایه‌ن زۆرینه‌ی گه‌نجه‌کانه‌وه به خۆپێگه‌یاندن ده‌بینرێ. به‌ڵام به داخه‌وه زۆرجار گه‌نجه‌کان خۆپێگه‌یاندن ته‌نیا له سه‌رفکاری و “کوونزومدا” ده‌بینن، چ پێڵاوێک له پێ ده‌که‌م و چ کراسێک له‌به‌ر ده‌که‌م و کام مارکە و مۆدێل و هتد.. واته با من لێره‌دا به خۆم بگه‌م و خۆم پێبگهیەنم که سه‌ر به ده‌سته و گروپی “ئادیداس” بم، با سه‌ر به “پووما” نه‌بم، ئه‌م خه‌یاڵپڵاویه زۆر مه‌ترسیداره. چونکه خۆپێگه‌یاندن گه‌یشتن به گروپ و مۆدیل و مارکه‌یه‌ک نییه، به‌ڵام خۆپێگه‌یاندن له سه‌ر بنه‌مای یارمه‌تی ده‌وروبه‌رو په‌روه‌رده و ڕێزمان و ئه‌و جۆره شتانه به ئاکام ده‌گات، که به‌شی زۆری له ده‌ستی خۆماندا نییه. واته خۆپێگه‌یاندن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رمایه‌ی ناخی خۆت، تۆ چۆن خۆت له ده‌ستی کاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌ورووبه‌رت ڕزگار ده‌که‌ی، چۆن ده‌توانی که‌ڵک له کاریگه‌ری ئه‌رێنی دۆست و ئاشنا و به‌ستێنه کۆمهڵایهتیهکەت وه‌رده‌گریت. تا له ئاکامدا بتوانم هه‌موو ئه‌و دیاردانه به باشی پێناسه بکه‌م و ڕێگای خۆپێگه‌یاندنی خۆ هه‌ڵبژێرم.
هێما: خاڵێک که لێره‌دا دێته به‌ر چاو ئه‌وه‌یه که ئایا بۆچی له بواری ئایدیای به‌رز و فه‌ڕز و درێژماوه ئه‌وه‌نده هه‌ژار که‌وتوینه‌ته‌وه، بۆ ده‌بێ گه‌نجه‌کان خۆیان به‌و پرسه ساکار و لاواز و بێواتایهوه ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵ بکه‌ن، بۆ ده‌بێ سه‌رفکاری بکه‌نه مانای ژیان و خۆپێگه‌یاندن؟ خۆ لاوه‌کان داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌ن.
د. بوێمه: به‌ڵام ئێوه نابێ له یادی بکه‌ن که هه‌م لاوه‌کان و هه‌موو که‌سانی پێگه‌یشتووش، ئه‌و شێوه ژیان و ستایله به گرنگ ده‌زانن، واته بۆ کهسایهتیپێدانی خۆ، زۆر جار ئه‌و که‌سایه‌تی دروستکردنه ته‌نیا به “کۆنزووم” و به ستاتیکاوه به‌ده‌ست ده‌هێنرێت. کاتێک که من که‌ڵک له میکیاجێکی تایبه‌ت وه‌رده‌گرم و جلوبه‌رگی مارکه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌به‌رده‌که‌م، واته من به خواستی خۆم و به مه‌به‌سته‌وه کار له سه‌ر دیارده‌ی خۆم ده‌که‌م. پێویست ناکات بیشارینه‌وه، ئێمه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌ژین که هه‌موو شت بهرچاودهخرێ و زۆر شێواز و ستایلێک ده‌کرێته دیارده، تاکی ئه‌مڕۆ خۆی ده‌کاته مهعمار و موهه‌ندیسی دیارده‌ی خۆی.
هێما: ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئێوه ته‌واو دروسته، به‌ڵام خۆ لێره‌دا دوو دانه پێشبینی و ئایدیا به‌ریه‌ک ده‌که‌ون، له لایه‌که‌وه کار‌و به‌ربه‌ره‌کانێ و تێکۆشانی له‌ڕاده به‌ده‌ر، به‌ڵام له‌و لاشه‌وه خۆنواندن و خۆپیشاندان که زۆر دووره له پڕه‌نسیپی ڕه‌نج و هیلاکبوون و ئارهقڕشتنهوه، تا چ ڕاده‌یه‌ک لێره‌دا ناته‌باییه‌کی ئه‌و دوو ئایدا به‌دی ده‌کرێ؟
د. بوێمه: منیش له گه‌ڵ ئه‌و سه‌رنجه‌ی ئێوه‌دام، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌رده‌وام پێتدهگوترێ که ڕووی ده‌ره‌وه‌ت، که وێنه‌ی ده‌ره‌وه‌ت و دیارده‌ی ڕووبهدهرهوهت ده‌توانێ زۆر کاریگه‌ر بێ، کاریگه‌ر بێ بۆ ئه‌وه که چه‌نده له بازاڕی کاردا سه‌رکه‌وتوو ده‌بی، لێره‌دا ستایل و ده‌رفه‌تی سه‌رکه‌وتنت له بازاڕی کاردا پێکه‌وه گرێ ده‌درێن. من ناسراوێکم هه‌یه که بووه‌ته راهێنه‌ری ئه‌وه که چۆن بتوانیت وێنه و ستایلێک له خۆت دروست بکه‌یت، هه‌تا له بازاڕی کاردا سه‌رکه‌وتوو بیت. زۆر که‌س ده‌چن بۆ لای و ده‌یانه‌وێت ده‌وره ببینن، تا بتوانن که‌سایه‌تی و ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێت و ئه‌و شتانه‌یان بڕازێننه‌وه. واته بۆ ئه‌وه‌ی چۆن بتوانم به گوێره‌ی پێویست و شیاو خۆم پیشان بده‌م و چۆن بتوانم سه‌رنجڕاکێش بم.
هێما: که‌وایه لێره‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌درێ که ده‌رکه‌وین، که پشتگوێ نه‌خرێین، که هه‌بوونمان بسه‌لمێنین؛ که‌یفیه‌ت واتای گۆڕاوه، به‌های نادیاری ناخ ده‌ور ناگێڕن، به‌ڵکه ته‌نیا ئه‌وه ڕوو و ڕووکهشە که ده‌ور ده‌گێڕێ و ڕوو به‌ده‌ره‌وه هاوار ده‌کات و بریقه ده‌داته‌وه. ئێوه چۆن بۆ ئه‌و گه‌شه ده‌ڕوانن؟
د. بوێمه: به‌ڵێ، به‌ڵێ، منیش ڕه‌خنه‌م له‌و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌یه، زۆریش پێویسته که له ڕووی په‌روه‌رده و ڕاهێنانه‌وه کاری له سه‌ر بکه‌ین، ده‌بێ به زۆرانی بسه‌لمێنین که ئه‌و گه‌شه گه‌شه‌یه‌کی نه‌رێنیه.
هێما: خۆ زۆر بیرمه‌ند هه‌ن که ئاماژه به‌و دیارده ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن که به‌بۆنه‌ی خێرایی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه جیله‌کان له یه‌ک دوور ده‌که‌ونه‌وه، دایک و باوکان ناتوانن له ته‌ک گه‌شه‌ی منداڵه‌کانیاندا هه‌نگاو هه‌ڵبگرن، زۆرانکهمتر سه‌ریان له مێدیای سه‌رده‌م ده‌رده‌چێ و ناتوانن به گوێره‌ی پێویست به‌رنامه‌ی شیاو بۆ کاتی ئازادی منداڵه‌کانیان دابڕێژن، هه‌ربۆیه ڕه‌نگه هاوشێوه‌ی مۆڵەتی شۆفێڕی، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کیش بۆ دایک و باوکان پێویست بێت، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی په‌روه‌رده، بۆ ئه‌وه‌ی که به‌ر به‌و شێوه سهرفکاریه ناساخه بگیردرێت، بۆ ئه‌وه‌ی جیلی داهاتوو ئاگادار بکرێته‌وه که به ڕێگایه‌کی هه‌ڵدا ده‌ڕوا. لێره‌دا پرسی په‌روه‌رده ده‌بێته پرسی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کی.
د. بوێمه: ئێوه له لایه‌که‌وه ڕاست ده‌که‌ن، به‌ڵام خۆ زۆر مه‌ترسیداره که ئه‌و بواره‌ش به‌رنامه‌ڕێژی بکرێ و بکه‌وێته هێڵی خه‌سڵه‌تی ڕهکابهرکاریی و ئامار و ڕێژه و تاقیکردنه‌وه‌وه.
هێما: له پاڵ ئه‌وه‌شدا بنه‌ماڵه له چوارچێوه‌ی ژیانی شه‌خسییدا دێته ده‌ره‌وه و ده‌بێته پرسێکی حه‌وزه‌ی گشتیی، مه‌ترسیه‌ک که دێته به‌رچاو ئه‌وه‌یه که منداڵان و لاوان له پێناوی به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تدا به سه‌بکێکی تایبه‌ت په‌روه‌رده ده‌کرێن.
د. بوێمه: به‌ڵێ، منیش باسم له‌و سه‌رچاوه کرد که بۆ ته‌یاربوونی بازاڕی کاریش ڕاهێنای تایبه‌ت هه‌یه، واته کێ ده‌توانێ به‌ڵگه‌نامه‌ی تێگه‌یشتنی ژیانی هه‌بێ، یانی من خۆم شاره‌زا و لێزانی ژیانی خۆمم، ئاوه‌ها هێڵێکی فه‌لسه‌فیش هه‌یه، وه‌ک بزانم فه‌یلسوف “ئاخنباخه” که باس له ده‌سته‌واژه‌ی “شاره‌زایانی ژیان” ده‌کات، هه‌ربۆیه له‌و به‌ستێنه‌دا پێویستمان به هه‌ستیاری زۆره. ئه‌گینا ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه که ژیانیش بکه‌ینه ئیدئالێک و به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌ین که گوایه من ده‌زانم بژیم و تۆ که‌متر، من به هۆکاری زیره‌کی وزهمهوه ژیانێکی باشتر له تۆ ده‌ژیم و تۆ له‌ژیان تێناگه‌یت.