
هێما: ئیوه خۆتان له ئینستیتووتێکدا ئیش ده‌که‌ن که ئاوڕ له نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان و نه‌ته‌وه هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه‌کان ئه‌داته‌وه، واته ئاوڕدانه‌وه له‌و نه‌ته‌وانه که به‌پێی یاسا و ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان زوڵم و سته‌مێکی گه‌وره‌یان لێده‌کرێ. ئێوه خۆتان به گشتی دۆخی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی چۆن ده‌خوێننه‌وه و پێتان وایه تا چ راده‌یه‌ک له‌و ئاسته‌دا دادپه‌روه‌ری به‌دی ده‌کرێ؟ ئێمه که‌م تا زۆر له‌لامان ڕوونه که له‌و ئاسته‌دا دادپه‌روه‌ری یه‌که‌م قسه‌ی نییه، به‌ڵکه زیاتر دۆخێکی ئهناڕشیی باڵاده‌سته، هه‌رکه‌س ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو ئه‌وه ئاوڕ له یاسا و ڕێساکان نادهداتهوه و ته‌نانه‌ت خۆی یاسا پیاده ئه‌کا، رای ئێوه سه‌باره‌ت به‌م لێکدانه‌وه چییه؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: من زۆر خۆشحاڵم که له ته‌ک گۆڤاری هێمادا ده‌دوێم، من خه‌ڵکی عه‌فرینم، واته خه‌ڵکی ئاخرین ناوچه‌ی کوردنشین له رۆژئاوا. ئه‌گه‌ر بڕوانینه خه‌ریته ئه‌وه عه‌فرین له سه‌ر به‌حری سپیه، ئه‌و جێگه‌ی که تازه‌گی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ی لێڕووداوه، من له‌وێ له دایک بووم و ئێستا له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری هێمادا قسه ده‌که‌م، ئێوه‌ش که خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات و شاری بانه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئێمه زۆر له یه‌ک دوورین، به‌ڵام لێره‌دا به یه‌ک زمان پێکه‌وه قسه ئه‌که‌ین، من زۆر خۆشحاڵم، چونکه خه‌ڵکی ئێران و به تایبه‌تی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتم زۆر خۆش ئه‌وێ. زۆر خۆشحاڵم که گۆڤاری هێما بایه‌خ به بابه‌تی هزریی و فیکریی ئه‌دا و ده‌نگی ئێمه‌مانان به ڕۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌یێنێ. من له کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو ئیش ده‌که‌م، به‌شی ئێمه به‌شی نه‌ته‌وه که‌مینه‌کانی دونیایه، به‌ڵام من خۆم زۆر به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه سه‌رگه‌رم ده‌که‌م، واته به ئێرانه‌وه، کوردستان، عێراق، تورکیه، سوریه و یه‌مه‌ن و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه. هه‌موو ئه‌م وڵاتانه ده‌که‌ونه بازنه‌ی ئیشه‌که‌ی منه‌وه و له‌و وڵاتانه کورد هه‌ن، ئاسووری سوریانیی کلدانیی هه‌ن، یاخۆ ئه‌رمه‌نی هه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێمه باسیش له ئایین بکه‌ین، له ئیڕان زۆر یارمه‌تیده‌ری به‌هایه‌کان بووین، زه‌رده‌شتی له ئێران هه‌ن، کریستیانی تازه هه‌ن، واته ئه‌وانه‌ی که له ئیسلامه‌وه به‌ره‌و مه‌سیحیه‌ت ده‌چن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کورد که‌مینه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، یانی ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ فارس و له سوریه له گه‌ڵ عه‌ره‌ب به‌راوردی بکه‌ی، یان له عێراق ئه‌وه که‌مینه‌یه‌کی گه‌وره‌ن، به تایبه‌ت له ئێران و تورکیه و سوریه زۆر بێ‌ماف و بێبه‌شن. هه‌رچه‌ند له کوردستانی عێراق چه‌ند ساڵێکه که ئاوتۆنۆمیی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان هه‌یه، یا له سیسته‌مێکی فیدڕاڵ‌دا ده‌ژین، له سوریه‌ش هه‌روه‌ها تا راده‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیان له چه‌ند ناوچه‌یه‌ک هه‌یه، به‌ڵام به گشتی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه‌یه و زوڵمی لێده‌کرێ، هه‌ربۆیه ئێمه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه یارمه‌تیده‌رین و ئیش ده‌که‌ین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو خۆی به یاسای نێونه‌ته‌وه‌یه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌کا، ئێمه له یوئێن چاودێرمان هه‌یه، مه‌جلیسی ئه‌ورووپا بایه‌خ به ڕا و بۆچوونی ئێمه ئه‌دا، ئیمه سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی ئێران راپۆرتیان بۆ ئه‌نێرین، یانی ئێمه‌ش به‌رده‌وام له گه‌ڵ یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌روکارمان هه‌یه. چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کمان سه‌باره‌ت به پرسێکی سه‌رنجڕاکێش بڵاو کرده‌وه، واته چۆن نیزامه دیکتاتۆره‌کان له ئاستی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یدا پشتی یه‌کتر ئه‌گرن، له مه‌جلیسی مافی مرۆڤ له جێنێف ئه‌و باسه که‌وته به‌ر لێکۆڵینه‌وه. بۆ وێنه به‌رده‌وام به‌رنامه و بڕیار دژی ئیسڕایل بڵاو ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام هیچ به‌یاننامه‌یه‌کی ئاوا دژی ئێران و تورکیه په‌خش ناکرێته‌وه، چونکه تورکیه له ناتۆوه، له وڵاتانی ئیسلامییه‌وه و له لایه‌ن وڵاتانی تورکزمانهوه پشتگیری لێئه‌کرێ. ئێوه بڕوانن بۆ ئه‌و کاره‌ساته، له نێو رێکخراوه‌یه‌کی مافی مرۆڤدا ته‌واو به جیاوازییه‌وه بڕیار و به‌رنامه ده‌رئه‌کرێ، یاسای نێوده‌وڵه‌تی یان ماف ته‌نیا کاتێ ئه‌توانێ هه‌ڵگری ئه‌و ناوه بێ، که له به‌رامبه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌کاندا هاوشێوه و یه‌کشێوه به‌کار بێ و بڕی هه‌بێ؛ یاسا و ماف ده‌بێ بۆ هه‌موو که‌س یه‌کسان بن، ئه‌مڕۆ هه‌رکه‌س خاوه‌ن بۆمبی ئه‌تۆم بێ وه‌ک روسیه، یاخۆ ئه‌ندامی ناتۆ بێ وه‌ک تورکیه، به حه‌زی خۆی مامه‌ڵه ئه‌کا، ئێوه بڕواننه روسیه، زۆر به ئاسانیی هێرش ئه‌کاته سه‌ر ئوکڕاین، نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، تورکیه و کۆماری ئیسلامی ئێران به هه‌مان شێوه، ئه‌مڕۆ ئێران گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆی ئه‌دا که ده‌ستی به بۆمبی ئه‌تۆم بگا، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران بپارێزێ، نا مه‌گه‌ر ئێران له‌چی بپارێزێ؟ نا ئێران ته‌نیا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که بتوانێ خۆی له سزای بێ یاسایی بپارێزێ. خۆی ئه‌مانه نادادپه‌روه‌ری نێوان ده‌وڵه‌ته‌کان ئه‌خه‌نه ڕوو، زۆر وێنه‌ی دیکه‌مان هه‌یه. ئێمه زۆر جار ئه‌ڵێین که وڵاتی ئیسڕائیل وڵاتێکی گهورههێزه، به‌ڵام زۆر له پێکهاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان چه‌ندان سزایان دژی ئیسرائیل ده‌رکردووه، له لایه‌ن یوئنهوه تاوانبار ئه‌کرێ، به‌ڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار ناکرێ، تورکیه ناکرێ، چونکه کۆمه‌ڵێک نیزامی دیکتاتۆری هه‌ن که پشتگیریان لێده‌که‌ن، واوه‌تر رۆژئاواش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری خۆی چاوپۆشی له زۆر شت ئه‌کا. منیش هاوڕای ئێوه‌م و ئه‌ڵێم له ئاستی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا عه‌داله‌ت هه‌بوونی نییه.
هێما: باشه پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨، پاش کاره‌ساتی گه‌وره‌ی وڵاتی ئاڵمان، پاش زیاتر له ٧٠ ساڵ، هێشتا کاردانه‌وه‌ی ئه‌و جاڕنامه به گوێره‌ی پێویست به‌رچاو نییه؟ ئێستاش هه‌ر به فه‌رق و جیاوازییه‌وه له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کان مامه‌ڵه ئه‌کرێ؟ بۆچی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌و پرسه‌دا به ئاستێک نه‌گیشتووه، که به‌ر به گێره‌شێوێنی و به‌ر به دۆخی ئه‌نارشیی بگرێ؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: ئه‌و جاڕنامه‌ی که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا، ده‌بووا له ده‌ستوورنامه‌ی هه‌موو وڵاتێک‌دا جێگه‌ی بکرایه‌ته‌وه، له نێو یاسای بنکه‌یی هه‌ر وڵاتێک‌دا بنه‌ڕه‌تیی بووایه، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا زۆر وڵات هه‌یه که ئه‌ڵێ ئه‌و جاڕنامه بۆ ئێمه گونجاو نییه، زۆر جار ئه‌گوترێ ئاخر ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کی موسڵمانین، یان خه‌ڵکی فهرهنگێکی دیکه‌ین و خه‌ڵکی چینین، ئا له‌م جۆره به‌هانانه، به‌ڵام له راستییدا وا نییه، مافی بیروڕا ده‌ربڕین مافێکی گه‌ردوونییه، ئه‌مه هه‌م بۆ خه‌ڵکی چینه، هه‌م بۆ خه‌ڵکی شیعه‌یه، بۆ خه‌ڵکی سونه‌یه، بۆ کورد و بۆ هه‌رکه‌سێکه. یاخۆ مافی زمان و مافی ژیان، مافی خۆپیشاندان، هه‌موو ئه‌م مافانه مافی گه‌ردوونیین. به‌ڵام ئه‌وه چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له شاری قاهیره ئه‌و هه‌وڵه درا به‌یاننامه‌ی مافی مرۆڤی جیهانی ئیسلامیی بڵاوبکرێته‌وه، ئێرانیشی تێدا به‌شدار بوو، ئه‌مه زۆر خراپه. وڵاتی چین به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ که ئه‌و جاڕنامه ته‌نیا بۆ ئه‌ورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا شیاوه. به داخه‌وه وڵاتانی رۆژئاواش، جا هه‌ر به‌م ئاڵمانهشهوه که ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین و وڵاتێکی دیموکڕاته، زۆر جار ته‌نیا له سه‌ر بنه‌مای جیۆپۆلیتیکی ئابوورییه‌وه مامه‌ڵه ئه‌کا، بۆ وێنه ترۆرکردنی قاسملو له ڤیه‌نا، تا به ئه‌مڕۆ مافی ئه‌و کرده‌وه قێزه‌وونه نهسێندرا، یان ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له ساڵی ١٩٩٢ دژی سه‌رانی حیزبی دیموکڕات رووی دا، له‌م به‌ستێنه‌دا ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی که کابرایه‌کی یاسادۆستی ئینکار وازی له‌و پرسه نه‌هێنا، ئه‌و کابرا له سه‌ر ئه‌وه سوور بوو که واز له‌و پرسه نه‌هێنێ، بۆ ئه‌و زۆر پێویست بوو که ڕوون بکڕێته‌وه کێ له په‌شت ئه‌و تاوانه‌وه بووه، سه‌رانی کۆماری ئیسلامی به تاوانبار ئه‌زانی و خوازیاری سزادانیان بوو. ئه‌مه جیاوازیه‌کی به‌رچاوی دیموکڕاسی له گه‌ڵ نادیموکڕاسییدایه، ئێستاش زۆر که‌س به ئێمه ئه‌ڵێن که وڵاتی ئا‌ڵمانیا پشتگیری له ئێران و تورکیه ئه‌کا، منیش ئه‌ڵێم وایه، به‌ڵام ئێمه بۆمان هه‌یه که ره‌خنه له ده‌وڵه‌ت بگرین، ئێمه ئه‌چینه پێش ده‌رگای سه‌رۆکوه‌زیران و خۆپیشاندان ئه‌که‌ین، ئێواره‌ش ئه‌ڕۆینه‌وه ماڵی خۆمان و هیچ ترس و سامێکمان له‌وه نییه که ده‌ستبه‌سه‌ر بکرێین. کێ ئه‌توانێ له وڵاتانی وه‌ک چین و ئێران و روسیه ئه‌م کاره بکا، ئه‌مه زۆر گرینگه، بێگومان ده‌وڵه‌تی ئاڵمان زۆر کات ناشیوانه بۆ هه‌ندێ پرسی سیاسی ئه‌ڕوانێ، به‌ڵام ئێمه لێره مافی ره‌خنه‌گرتنمان هه‌یه، ئێمه ئه‌توانین له سیاسه‌تی خۆمان به‌رده‌وام بین، تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌توانین سیاسه‌ت بگۆڕین، تا چه‌نده سه‌رکه‌وتوو ئه‌بین، ئه‌وه خۆی پرسێکی دیکه‌یه، واته ئێمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌مان هه‌یه که له سیاست و له پرسی ئازادییدا جیاوازی به‌رچاو هه‌یه. من گومانم نییه که دیموکڕاسی له دیکتاتۆری باشتره.
هێما: ئێمه‌ش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوڕاتانین، به‌ڵام لێره‌دا پێویسته که ئاوڕێک له مێژوو بده‌ینه‌وه، ئێوه باش ئه‌زانن که ئه‌و وڵاته دیموکڕاسی و دیموکڕاسییخوازانهی ئه‌مڕۆ رابردوویه‌کی ناپاک و چڵکنیان هه‌یه، خۆمان باش ئه‌زانین که دیموکڕاسیش خاوه‌ن مۆڕالێکی تایبه‌ته، مۆڕالێک که تا ڕاده‌یه‌ک له دوو ڕووییه‌وه نزیکه، هه‌ربۆیه زۆر وڵاتی ئیسلامی و وڵاتی هاوشێوه‌ی چین ئاوڕ له‌و رابردووه ئه‌ده‌نه‌وه، ره‌نگه هیچ نه‌ته‌وه و هیچ وڵاتێک له مێژوودا هاوشێوه‌ی ئه‌و دیموکڕاسییه وێنه‌یانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستی له چه‌وساندنه‌وه و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه داماوه‌کان نه‌بووبێ. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش به شه‌فافی ئه‌بینرێ که زۆر وڵاتی ئه‌فریقایی به شێوه‌یه‌ک وابه‌سته کراون، که له سه‌د ساڵی داهاتووشدا ناتوانن خاوه‌ن سه‌روه‌ری به‌بێ قه‌یدوشه‌رتی خۆیان بن، سه‌د ساڵی دیکه‌ش ناتوانن خۆیان له ده‌ستی ئیستیعماری ناڕاسته‌وخۆی وڵاتانی ئه‌ورووپایی رزگار بکه‌ن؛ باشه خودی ئه‌م کاره‌ساته نییه که بووه‌ته هۆی گومان و کهمباوهڕیی به سه‌بکی مۆڕاڵ و جیهانبینیی دیموکڕاسییه وێنه‌ییه‌کانی ئه‌مڕۆ؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: زۆر راسته، منیش هاوڕای ئێوه‌م، هه‌ربۆیه پێویسته که ئاخافتنی به‌رده‌واممان هه‌بێ و درێژه به کاری خۆمان بده‌ین. من ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر نامه‌یه‌کم له سه‌ر ئه‌وه نوسی که وڵاتی ئاڵمان چۆن بۆ پێکهاته‌ی ناتۆ و وڵاتی روسیه و وڵاتی تورکیه ئه‌ڕوانێ، ساڵی ٢٠١٨ تورکیه هێرشێکی زۆر نامرۆڤانه‌ی کرده سه‌ر ناوچه‌ی عه‌فرین، واته هێرش بۆ سه‌ر خاکی وڵاتی سوریه، ئه‌م کرده‌وه ته‌واو دژه یاسایه، “پوتینیش” یه‌ک ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان کاری له به‌رامبه‌ر ئوکڕایندا کرد، ئه‌م دوو کرده‌وه هاوشێوه‌ن، به‌ڵام وڵاتی ئاڵمان و پێکهاته‌ی ناتۆ هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی روسیه که نایاسایی بێ، زه‌ق و گه‌وره ئه‌که‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به عه‌فرین، که دیاره ناوچه‌یه‌کی بچووکه دونیا بێده‌نگ بوو. خۆ کوردی عه‌فرین کوردی وڵاتی تورکیه نین، خۆ کوردی عه‌فرین کوردی دیاربه‌کر نین، من له‌و به‌ستێنه‌دا باس له دووڕوویی ئه‌که‌م، ئه‌م شێوه کرده‌وانه ئه‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی وڵاتی ئاڵمانیش گومان له دیموکڕاسی په‌یدا بکه‌ن. ئێستا نیوه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته، واته ئاڵمان باوه‌ڕی به سیاسه‌تی وڵات نه‌ماوه، سی له سه‌د، یا په‌نجا له سه‌دی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته له سیاسه‌ت بێزار بووه، ئه‌مه مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر خودی دیموکڕاسی، ئه‌و بێزاربوونه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که وڵاتانی وه‌ک چین، ئێران و تورکیه به‌هێزتر بن، خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه باوه‌ڕ به سه‌رانی خۆیان بکه‌ن. ئه‌و کات “پوتین” و خامه‌نه‌یی و ئه‌و جۆره که‌سانه سیقه‌ی خه‌ڵکی خۆیان به‌ده‌ست ئه‌هێنن و ته‌نانه‌ت بۆ دووڕوویی سیاسه‌تی ئێمه ئه‌ڕوانن. من چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له رادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکا قسه‌یه‌کم له سه‌ر “کۆنفه‌ڕانسی ئاسایشی موینشین” کرد، گووتم جێگری سه‌رۆکی ئه‌مریکا “کامالا هاریس” باس له تاوانی شه‌ڕی روسییه ئه‌کا که هه‌مووی راسته، به‌ڵام شه‌خسی خۆی جێگای باوه‌ڕ نییه و نامێنێ، چونکه سه‌باره‌ت به تورکیه بێده‌نگه. ئه‌گه‌ر ئێمه له ئه‌ورووپا له سه‌ر تورکیه بێده‌نگ نه‌باین، ره‌نگه هه‌ر خودی خه‌ڵکی روسییه به شێوه‌یه‌کی دیکه گوێیان به قسه‌کانی ئێمه بدایه که باسمان له مافی مرۆڤ و یاسای به‌رحه‌قی نێونه‌ته‌وه‌ی ئه‌کرد، هه‌ر کات ئێمه ره‌خنه ئه‌گرین، ئه‌وانیش ده‌ڵێن ئه‌ی بۆچی کرده‌وه‌کانی خۆتان له عه‌فرین، له ئه‌فه‌ریقا و له ئه‌فغانستان نابینن؟ ئه‌و شێوه سیاسه‌ته‌ی ڕوو به ده‌ره‌وی ناتۆ و ئاڵمان بۆ دیموکڕاسی مه‌ترسیداره، که‌وایه منیش هاوڕاتانم و به هه‌مان شێوه به ڕه‌خنه‌وه بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌کی دیموکڕاسییهکان ئه‌ڕوانم.
هێما: ئێمه ئه‌مڕۆ شاهیدی ئه‌وه‌ین که وڵاتی چین ڕوو به ده‌ره‌وه په‌یامی خۆی هه‌یه، ئه‌م وڵاته گه‌وره به ئاوێنه ئه‌یخاته به‌رچاومان که ئه‌و شێوه ژیانه‌ی ئێمه له ڕۆژئاوا، ژیانێکی فهردگهرایه و شێوه ژیانێکی ناساخه که ناتوانێ درێژماوه به سه‌مه‌ر بێ. فه‌لسه‌فه‌ی چین ئه‌م شێوه ژیانه‌ی ئێمه به سه‌رکه‌وتوو نابینێ و ئه‌ڵێ له ئاستی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یشدا ئێمه ته‌نیا مامه‌ڵه و هاوکاری بواری ئابووری به‌ڕه‌وا ئه‌بینین و که‌متر خوازیاری سه‌پاندنی فه‌رهه‌نگ وکه‌لتوری خۆمانین، واته ئێمه هاوشێوه‌ی غه‌رب خه‌ریکی دووڕوویی نین. ئێوه ئه‌م پرسه چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: به‌ڵێ، ئێمه له ئه‌ورووپا باس له دووڕوویی خۆمان ئه‌که‌ین، به‌ڵام ئایه مۆدێلی چین مۆدێلێکی شیاوتره بۆ خه‌ڵکی دونیا؟ من ئه‌ڵێم نا، چین سیاسه‌تێکی ئیمپڕیالیستی له ئه‌فریقا پیاده ئه‌کا، ئه‌وه‌ی چین ئه‌یکا، ڕه‌نگه چین ده‌وڵه‌مه‌د و به‌هێز بکا، به‌ڵام ئایه خه‌ڵکی چین قسه‌یه‌کیان بۆکردن هه‌یه؟ من ئه‌ڵێم نا. که‌وایه من له سه‌ر قسه‌ی خۆم سوورم که دیموکڕاسی تا ئێستا باشترین سیسته‌می سیاسییه، من نیزامی له‌و نیزامه باشتر به‌دی ناکه‌م. ڕاسته له ئاستی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵه‌مان زۆره، تاوانمان کردووه، به‌ڵام سیسته‌می چینیی و سیسته‌میی ئێرانی و سیسته‌می ڕوسییه ناتوانن له نیزامی ئێمه‌ی ڕۆژئاوا باشتر بن. دیاره ئه‌وه نابێته هۆی ئه‌وه که بڵێین، ئێمه کارمان نه‌ماوه، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه ده‌بێ سه‌بکی مامه‌ڵه‌ی خۆمان له گه‌ڵ جیهانی سێیه‌م بگۆڕین، تا ئه‌و کاته‌ی ئێمه خۆ به گه‌وره بزانین و له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بڕوانین، دواتر له بواری ماف و یاسادا فه‌رق و جیاوازی بکه‌ین، ئه‌وه به هه‌ڵه‌دا ئه‌چین و ده‌بینه دووڕوو. لێره‌دا دووپاتی ئه‌که‌مه‌وه که نیزامی دیموکڕاسی باشترین نیزامه، من شتێکی باشتر له‌و نه‌زمه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه پێشک نابه‌م.
هێما: ئێمه‌ش دووپاتی ئه‌که‌ینه‌وه، ئێمه‌ش پێمان وایه که به سه‌ر هه‌موو هه‌ڵه و که‌م و کهسرییهک که دیموکڕاسی هه‌یه‌تی، ڕه‌نگه له مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا باشترین نه‌زم بێ که ئه‌زموون کراوه، به‌ڵام ئایه خودی ئه‌و پاڕادۆکسه له دیموکڕاسییدا به‌دی ناکرێ، که ئێمه به هه‌موو هێز و توانایه‌کی مێدیاییمانهوه له هه‌وڵداین که شێوه ژیانی خۆمان به سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنین. هه‌ر ئه‌وه‌شه که بووته هۆی ئه‌وه کۆمه‌ڵیک وڵات به‌حه‌ق و به‌ناحه‌ق دژی دیموکڕاسی رابوه‌ستن، ئێمه چۆن ئه‌توانین خۆمان له ده‌ستی ئه‌م پاڕادۆکسه رزگار بکه‌ین؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: ئه‌وه پێویسته چاره‌سه‌ر بکرێ، چۆن و به چ شێوه‌یه‌ک؟ من نازانم. به‌ڵام ئێمه له ئه‌ورووپا ده‌بێ ماف و مافی چاره‌ی خۆنووسین به هه‌موو لایه‌ک به ڕه‌وا ببینین، ئێمه بۆمان نییه بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ی دیاری بکه‌ین که چۆن بژین، با خه‌ڵکی چینیش خۆی شێوه ژیانی خۆی دیاری بکات و هه‌ڵبژێرێ، به‌ڵام به‌بێ زۆر و گوشاری ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ش به‌بێ زیندانیکردن و به‌بێ کوشتن، هه‌روه‌ک زۆر وڵاتی ئه‌مریکایی لاتینی که خه‌ڵک ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیان گۆڕیوه. با خه‌ڵک خۆی بژارده بکا، به‌مه‌رجێ ئهلتهرناتیڤیان هه‌بێ، کاتێ ئه‌لته‌رناتیڤ نه‌ما، وه‌ک مافت نه‌بێ وایه، وانیه که ته‌نیا یه‌ک ڕێگه هه‌بێ، با موسڵمان هه‌بێ، با جووله‌که هه‌بێ، با سۆسیالیزم هه‌بێ، با کاپیتالیزم هه‌بێ و هه‌روه‌ها، به‌ڵام با زه‌بروزه‌نگ نه‌بێ. من نامه‌وێ سۆسیالیزمێکی هاوشێوه‌ی کوره‌ی باکوور دروست بکه‌م، که به‌ندیخانه و کوشتن و چی و چی تێدا بێ، ئه‌مه سۆسیالیزم نییه.
هێما: ئێوه پێتان وانیه که ئێمه خۆمان ته‌نیا له به‌ستێنه‌ی پاڕادایمی دیموکڕاسییدا سووڕ ئه‌خۆینه‌وه؟ ئێمه بێجگه له سیسته‌می دیموکڕاسی هه‌موو نه‌زمێکی دیکه به خێرایی ڕه‌ت ئه‌که‌ینه‌وه، وا دێته به‌رچاو که بڵێین ئه‌وه ته‌نیا ئێمه‌ین که له ژیان تێئگهین و ژیانی باش و شیاوی مرۆڤ پێناسه ئه‌که‌ین.
د. که‌ماڵ سێدۆ: به‌ڵێ، به‌ڵام سیسته‌می دیموکڕاسی ئه‌بێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی تێدا بێ که هه‌میشه خۆی بگۆڕێ و هه‌ڵه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکات، هه‌رکات ڕاوه‌ستا و نه‌گۆڕا ئه‌وه گه‌شه‌که نه‌رێنیه، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بۆ ئاڵمانیای شه‌رقی بڕوانین، کاتی خۆی زۆر شتی باشیان هه‌بوو، زۆر پێکهاته‌ی سیاسی باشیان هه‌بوو، به‌ڵام چونکه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و سه‌ره‌کی نه‌ده‌گۆڕا، هه‌موو شته باشه‌کانیشیان خراپ کرد. خۆ ئه‌مانتوانی پاش یه‌کگرتنه‌وه که‌ڵکمان له هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی به‌شی شه‌رق وه‌رگرتایه. ئێمه ده‌بێ له هه‌موو شتێکی باشی نیزامه‌کانی دیکه‌ش فێر ببین.
هێما: با لێره‌وه بپه‌رژێینه سه‌ر پێکهاته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، بۆ وێنه بانکی جیهانیی، ڕێکخراوه‌ی بازرگانی جیهانیی و سنووقی پاره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م پێکهاتانه نوێنه‌ری وڵاته دیموکڕاسی و گهورههێزهکانن، به سهرئهوهشدا مامه‌ڵه‌ی ئه‌و ئینستیتووتانه له پڕه‌نسیپی دیموکڕاسییهوه زۆر دوورن و ئێستاش هاوشێوه‌ی چه‌ندان ده‌یه و ته‌نانه‌ت سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له گه‌ڵ وڵاتانی جیهانی سێ مامه‌ڵه ئه‌که‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه دیموکڕاسیی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ئه‌کا و ئه‌ڵێ: کاتێ هاوسێکه‌ت دیموکڕاسی بوو، ئه‌وه تا راده‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ری له سه‌ر ده‌ووروبه‌ر دائه‌نێ، واته دیموکڕاسی دیموکڕاسی درووست ئه‌کا و په‌ره به‌و ئایدیا ئه‌دا، یانی دیموکڕاسی ئه‌بێته هێما بۆ نه‌ته‌وه‌ی دیکه، له‌و لاوه له‌و پێکهاته گه‌ردوونیانه‌دا به پێی ئه‌و پڕه‌نسیپانه مامه‌ڵه ناکرێ و خودی پڕنسیپه‌کانی خۆیان ژێرپێ ئه‌نێن، ئه‌وکات هیوامان به چ گه‌شه‌یه‌ک هه‌بێ؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: بانکی جیهانی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاته سه‌رمایه‌داره‌کاندایه، هه‌ربۆیه زۆر پێویسته که ئه‌و قه‌واره به‌ره‌و دیموکڕاسی بڕوات، بۆ وێنه با نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چین، با نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئێران ده‌رفه‌تی به‌شدارییان پێبدرێت، با وڵاته دیموکڕاتییهکانی ئه‌فریقا به‌شدار بن، ئه‌گه‌ر وڵاتی دیموکڕاسی نه‌بوون، با ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌شدار بن. به‌م شێوه ئه‌توانین ئه‌و سیسته‌مه به‌ره‌و دیموکڕاسی به‌رین. خودی ناتۆش به شێوه‌یه‌کی دیموکڕاسی کار ناکات، ئه‌ندامه‌کانی به‌رده‌وام به‌دوا به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ئه‌ڕۆن، با له‌وێش نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاڵمان، دانمارک، نرویج، و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی تێدا بێ، هه‌تا بڕیاری وا نه‌درێ که فینله‌ند له گه‌ڵ وڵاتێکی وه‌ک تورکیه‌دا هاوپه‌یمان بێ، کاتێ ئێمه باس له دیموکڕاتیزه‌کردنی وڵاتی چین ئه‌که‌ین، ئه‌وه ده‌بێ به هه‌مان شێوه‌ش باس له خودی ناتۆ، یا باس له بانکی جیهانیی و باسی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش بکه‌ین. پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان رێکخراوه‌یه‌که که دیکتاتۆره‌کان تێیدا بڕیار ئه‌ده‌ن، ئه‌وه به سه‌دان خه‌ڵک هه‌ن که نوێنه‌ریان نییه.
هێما: ئه‌وه له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٠–کاندا بوو که بیرمه‌ندی یاپانی−ئه‌مریکیی “فڕانسیس فوکۆیاما”به‌رهه‌مێکی سه‌رنجڕاکێشی داڕشت، که ئامژه‌ی به‌وه‌دا کۆتایی مێژوو هاتبێ، چونکه پاش نه‌مانی سۆڤیه‌ت به‌ره‌نگاری و به‌ربه‌ره‌کانێی نێوان سۆسیالیزم و کاپیتالیزم کۆتایی پێهاتووه، ئه‌وه نیزامی دیموکڕاسییه که دوایین قسه‌ی پێیه، ئێستا چل ساڵ پاش ئه‌و به‌رهه‌مه هێشتا باس له ناڕه‌وایی پێکهاته جیهانییه‌کان ئه‌که‌ین. باشه چ هیوایه‌ک ئاوا باڵ و په‌ڕی پێبه‌خشیووین و به‌ره‌و خۆشبینیمان ئه‌با، یا ئه‌وه‌ی که چاومان له دۆخی واقع هه‌ڵگرتووه و سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی به هه‌ڵه ئه‌خوێنینه‌وه؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: بێگومان بارودۆخ و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی زۆر ئاڵۆز بووه، ده‌ورانێ باس له کۆتایی مێژوو ئه‌کرا، ئه‌مڕۆ له گه‌ڵ شه‌ڕی روسیه و ئوکڕاین ڕووبه‌ڕووین، من نازانم که ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه به کوێ ئه‌گا، زۆر پرسی جیددی هه‌ن که چاره‌سه‌ریان پێویسته، ئه‌و پرسانه‌ی که ئه‌ورووپا ناتوانێ به سیاسه‌تی کۆنی وه‌ڵامی بداته‌وه، ئێمه ده‌بێ دونیا به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌یێنین که مامه‌ڵه‌ی ئێمه به ڕاستی له‌سه‌ر بنه‌مای دیموکڕاسی به‌ڕێوه ئه‌چێ، هه‌تا زۆرینه‌ی خه‌ڵکی چین و ڕوسیه باوه‌ڕی به‌وه نه‌بێ که ئێمه به‌ڕاستی دیموکڕاسین و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌پارێزین، ئێمه باوه‌ڕی راسته‌قینه‌مان به مافی مرۆڤ هه‌یه، ناتوانین سه‌رکه‌وتوو بین. ره‌نگه ناتۆ بتوانێ له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رکه‌وێ، به‌ڵام له داهاتوودا کێشه‌ی دیکه ئێخه‌مان ئه‌گرنه‌وه.
هێما: ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه هه‌ڵبگرین، سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌گۆڕێ، ئه‌ورووپا له ده‌یه‌کانی داهاتوودا له گرینگی خۆی له ده‌ست ئه‌دا، ئه‌مڕۆ ئه‌مریکا به باشی ئه‌زانێ که وڵاتی چین له زۆر لاوه ئێخه‌ی گرتووه، ئێستا ده‌بێ دیموکڕاسی چ په‌یامێکی خۆش و باشی هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئیدئالێک بانگه‌شه‌ی بۆ بکا، بۆ ئه‌وه‌ی دیموکڕاسی نه‌خرێته گۆشه‌یه‌کی په‌راوێزخراوی ئه‌م گه‌ردوونه؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: ئێمه پێویسته که راستگۆ بین، من ڕاشكاوانه قسه‌ی خۆم ئه‌که‌م، کاتێک سه‌باره‌ت به ناتۆ قسه ئه‌که‌م، ئه‌ڵێم تکایه کاتێ ناتۆ سه‌باره‌ت به روسییه قسه ئه‌کا و تاونباری ئه‌کا، با به هه‌مان شێوه‌ش بۆ تورکیه بڕوانێ، من ئالێره‌وه ده‌ست پێده‌که‌م. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه نه‌چینه پێشه‌وه له روانگه‌ی مۆڕاڵه‌وه سه‌رکه‌وتوو نابین.
هێما: ئێوه پێتان وایه که له ده‌یه‌کانی داهاتوودا چ پرسێکی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی به ته‌واویی ئه‌گۆڕێ، ئایا هیوای ئه‌وه‌مان هه‌یه که به‌ره‌و عه‌داڵه‌تی زیاتر بڕۆین، به شێوه‌یه‌ک که یاسا بکرێته‌وه سه‌روه‌ر؟ ئێوه خۆتان گه‌شبینن یا ره‌شبین؟
د، که‌ماڵ سێدۆ: من باوه‌ڕ ناکه‌م که دۆخه‌که باشتر بێ، له‌به‌ر ئه‌وه کاتێک که دڕنده‌یی ده‌وڵه‌تی روسیه ئاشکرا بوو، به هه‌مان شێوه‌ش دڕنده‌یی ناتۆش هاته به‌رچاو، کاتێک روسیه به چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و هێرش چووه سه‌ر وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، کاتێک به‌دوا ئامانجی ئیمپڕیالیستی خۆیدا چوو، دواتر ناتۆ ئه‌و کرده‌وه به ده‌ستدرێژی له قه‌ڵه‌م ئه‌دا و باس له پێشێلکردنی یاسا و رێسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌کا، ته‌نیا دووڕوویی خۆی ئه‌خاته ڕوو. ئه‌گینا بۆچی به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تی تورکیه ته‌واو بێهه‌ڵوێستن، من چه‌ند جار سه‌باره‌ت به پرسی عه‌فرین بۆ سکرتێری خودی ناتۆم نووسیووه، به‌ڵام تا به ئه‌مڕۆ وڵامێکم بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. هه‌تا ئه‌م جۆره پرسیارانه بێوه‌ڵام بمێننه‌وه من ناتوانم گه‌شبین بم.
هێما: با لێره‌وه ئاوڕێک له پرسی کورد بده‌ینه‌وه، ئایا سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مڕۆ چۆن بۆ کورد و داهاتووی کورد ئه‌ڕوانێ؟
د. که‌ماڵ سێدۆ: من ساڵی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له مۆسکۆ بووم، ئه‌وکات زۆر که‌م که‌سێک کوردی ئه‌ناسی، ته‌نانه‌ت کاتێکیش هاتمه ئێره، لێره‌ش له ئه‌ورووپا به‌هه‌مان شێوه بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌و کێشه‌مان نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وه کافی نییه بۆ سه‌رکه‌وتن و بۆ به ئامانج گه‌یشتن، ئه‌و خۆناسینه ته‌نیا هه‌نگاوێکه، هه‌نگاوی داهاتوو ده‌بێ ئه‌وه بێ که کورد ناوماڵی خۆی رێک بخا. ئه‌زانم که زۆر که‌س ئه‌م قسه ئه‌که‌ن، به‌ڵام به‌ڕاستی دووپاتکردنه‌وه و چه‌ند پات کردنه‌وه‌ی زه‌رووره، چ له باشور، چ له رۆژهه‌ڵات، چ له باکور و چ له رۆژئاوا، ماڵی کورد درووست نییه، ئه‌گه‌ر ناوماڵیش ته‌واو نه‌بوو، تۆ ناتوانی به مه‌به‌ستی خۆت بگه‌ی. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له گه‌ڵ عه‌بدوڵا په‌شێو قسه‌م ئه‌کرد، ساڵانێکه دۆستی یه‌کین، هه‌ر له مۆسکۆ و له لیبییه‌وه، ئه‌و گوتی من له گه‌ڵ چه‌ند رابه‌رێکی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات گفتوگۆم بووه، جا نازانم مه‌به‌ستی له کۆمه‌ڵه بوو یا نا، ئه‌یگوت من پێم گووتوون براده‌رینه، ئه‌گه‌ر ئێوه حه‌ز ئه‌که‌ن له رۆژهه‌ڵات سه‌رکه‌وتوو بن، ئه‌وه هه‌رچی له باشور روی داوه، ئێوه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه کار بکه‌ن، بۆ وێنه هه‌بوونی دوو ئیداره، هێزی پێشمه‌رگه، گه‌نده‌ڵیی، با ئێوه یه‌ک ئیداره‌تان هه‌بێ، یه‌ک هێزی پێشمه‌رگه‌تان هه‌بێ، له گه‌نده‌ڵیی دوور بن، سنوری خۆتان له گه‌ڵ تاران به باشی ده‌ستنیشان بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئێوه چوون بۆ تاران بۆ لای سه‌رانی کۆماری ئیسلامی، یان بۆ لای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، با پێنووس و کاخزتان پێبێ، با دانیشتنی عه‌شایه‌ری له گۆڕێ‌دا نه‌بێ. هه‌تا هه‌موو شت له سه‌ر بنه‌مای یاسا و ڕێککه‌وتن به‌ڕێوه بچێ، کاتێک به‌م شێوه کارتان کرد، سه‌رکه‌وتوو ئه‌بن. منیش ئه‌ڵێم کوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌بێ که‌ڵک له ئه‌زموونی کوردستانی باشور وه‌ربگرێ، دواتر ئه‌زموونی عه‌فرین و قامیشلوو به‌هه‌مان شێوه به‌که‌ڵکن، حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات، جا چ کۆمه‌ڵه یان دیموکڕات، یان په‌ژاک، هه‌موو پێویسته دانیشتنیان پێکه‌وه هه‌بێ. چۆن ئه‌کرێ ئه‌م حیزبانه له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی دابنیشن، له گه‌ڵ سه‌رانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی وه‌ک کوڕی شا، به‌ڵام یه‌کتر قه‌بووڵ نه‌که‌ن. ئاشتی ناوخۆ زۆر پێویسته، ئه‌گه‌ر ئاشتی ناوخۆ نه‌ما، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌وه درووست ئه‌بێ، من خۆم زۆر له تورکیه ئه‌ترسم، ئه‌و وڵاته هێزێکی گه‌وره‌یه، ئه‌ندامی ناتۆیه، ئێستا سه‌رکرده‌ی عاله‌می ئیسلامی سوونه‌یه، چۆن ئێران سه‌رکرده‌ی عاله‌می شیعه ئه‌کا، تورکیه سه‌رکرده‌ی عاله‌می تورکزمانه، من ئه‌ترسم که تورکیه رۆژێک له رۆژان ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانیش بکا، ئه‌وکات ئه‌و رووداوانه‌ی سوریه له ئێرانیش دووپات ئه‌بنه‌وه. هه‌ربۆیه ده‌بێ حیزبه کوردیه‌کان هه‌ر له ئێسته‌وه له یه‌ک نزیک بن، ئاخافتنیان هه‌بێ، قسه‌کردن و پێکه‌وه دانیشتن بۆ رۆژهه‌ڵات زۆر زۆر پێویستن. ئێمه ئه‌بێ ریالیست بین، منیش حه‌زم له درووستبوونی کوردستانی گه‌وره‌یه، هه‌ر له سنه‌وه هه‌تا عه‌فرین، ئایا ئه‌مه ریالیسته؟ ئه‌گه‌ر نا، با هیچ نه‌بێ له نێو چوارچێوه‌ی ئێران‌دا وڵاتی کوردستان هه‌بێ، جا به سیسته‌می فیدڕاڵی بێ، ئاوتۆنۆمی بێ، ئه‌مه با له سوریه، تورکیه، عێراقیش هه‌بێ، با کورد مافی خۆی هه‌بێ، مافی زمانی خۆی هه‌بێ، با مه‌هاباد ته‌واو وابه‌سته‌ی تاران نه‌بێ. کاتێک کورد ئه‌م مافانه‌ی هه‌بوو، ره‌نگه پێویستی به ده‌وڵه‌تیش نه‌بێ، به‌و مه‌رجه‌ی کورد له نێو ماڵی خۆیدا حاکم بێ، ئه‌مه زۆر زه‌رووره. وه‌ک دوایین وته‌م، زۆر حه‌ز ئه‌که‌م که رۆژێک له رۆژان له نێو شه‌قامه‌کانی مه‌هاباد و سنه‌دا به حه‌زی خۆم بگه‌ڕێم و چاوم به قه‌واره‌ی کۆماری ئیسلامی نه‌که‌وێ؛ به‌و هیوای رۆژێک له رۆژان خه‌ڵکی بۆکان و سنه و بانه‌ش بتوانن به‌ره‌و عه‌فرین بێن و سه‌ردانمان بکه‌ن.
ئاماده‌کار: د. هیوا عه‌لیدوست، له مانگی فێڤریوه‌ری ٢٠٢٣