هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره، به چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: له راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه)، هه‌ر له‌و کاته‌وه تۆمارکردن دێته ئاراوه، له بواری ئه‌ندێشه‌مه‌ندی، تێفکرین و تێڕامانی مرۆڤایه‌تییدا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕاوه. من ده‌توانم به ره‌هایی بیڵێم که مرۆڤایه‌تی تا ئه‌م ساته‌وه‌خته، به سه‌ر ئه‌وشدا که ڕۆشنگه‌ری هاتۆته ئاراوه، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له دین روویداوه، پێشکه‌وتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ جۆرێک تێفکرین و تێڕامان به‌رچاو بووه، بڕوا ده‌که‌م که تا هه‌نووکه جێگای گومانه، که دادوه‌ری له سه‌ر رووی زه‌وی به گوێره‌ی پێویست پیاده کرابێ. دادپه‌روه‌ری هێشتا هه‌ر گه‌وره‌ترین کێشه‌ی مرۆڤایه‌تیه. ئه‌گه‌رچی له ئاستی سیاسیی‌دا ئیشێکی زۆر کراوه، به‌ڵام له بواری فه‌لسه‌فه‌دا له قۆناخی کلاسیکه‌وه هه‌تا ده‌گاته سه‌رده‌می مۆدێڕنیزم، هه‌میشه کێشه‌ی یه‌که‌م کێشه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه، ئیستاش به سه‌ر هه‌موو پێشکه‌وتنێکدا له سه‌ر ئه‌وه کۆکین که دادپه‌روه‌ری به ئه‌وجی گه‌شه‌ی خۆی نه‌گه‌یشتووه. هه‌ندێ که‌س خودی ئه‌م پرسه ده‌گێڕنه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی سیاسی، به‌ڵام ئێوه خۆتان باش ده‌زانن که ئه‌م مه‌سه‌له ته‌نیا بواری سیاسی ناگرێته‌وه، به‌ڵکه بواری ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و که‌لتووریش ده‌گرێته‌وه. به واتایه‌کی دیکه له رووی دادوه‌رییه‌وه کۆی چالاکییه مرۆیه‌کان که‌وتونه‌ته جێگای گومانه‌وه. ئه‌و به‌شه‌ی که من تێیدا شارهزام، وه‌کوو ئه‌زموون، نه‌ک وه‌ک تیئۆری، من دژی تیئۆرسازی نیم، به‌ڵام من بۆ هه‌ناسه‌یه‌کیش ئه‌کادیمی نیم، به سه‌ر ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌م به بیرکردنه‌وه‌وه بدوێم، واته سه‌ره‌تا و کۆتایی بیره‌کانم به‌رچاو بن، به پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم بۆ فه‌لسه‌فه، ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵناسی، واوه‌تر به تایبه‌ت له بواری ئه‌ده‌بییات خۆم به‌و پرسه سه‌ره‌کیانه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌که‌م. ئه‌ده‌بیات، واته ژانڕی ڕۆمان و به‌شه‌کانی دیکه‌شی به به‌شی ههرهزۆریهوه باس له دادپه‌روه‌ری و بێدادی، نایه‌کسانیی، جیاکاریی و کێشه‌ی چینایه‌تی ده‌کات؛ کێشه‌ی دادپه‌روه‌ری له لایه‌ن ئایینه‌کانیشه‌وه باسی لێکراوه، با من لێره‌دا له بابه‌ته‌که لانه‌ده‌م و زیاتر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و بواره‌ی که خۆم تێیدا شارهزام، واته بواری په‌روه‌رده. ئه‌گه‌ر له بواری په‌روه‌رده‌شدا له خێزانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین، ئه‌وه خێزان پرسێکی زۆر ئاڵۆزه، چونکه من گومانم له‌وه هه‌یه که چ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و خۆشگوزه‌ران و چ بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار به ته‌واویی بزانن که داواکاریه‌کانی دادپه‌روه‌ری چیین. تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش که من ده‌دوێم ده‌زانم که خێزانه‌کانی ئێمه نهریتپهرستن، له به‌ستێنه‌ی ئه‌و هه‌یکه‌له‌ی که ئێمه خێزانمان ناو ناوه، دادپه‌روه‌ری له نێوان نێرینه و مێینه، له نێوان کوڕ و کچدا نیه، من ناڵێم به ره‌هایی، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانه نازانن که پرسی دادپه‌روه‌ری چییه. زۆرینه‌یان به‌م شێوه ده‌دوێن و ده‌ڵێن ژیان وایه، خودا وای ده‌وێت، له‌وه باشتر نابێت، هه‌ربۆیه ته‌نیا ئاست و پێکهاته‌یه‌ک که ده‌توانێت قه‌زیه‌ی دادپه‌روه‌ری بکاته پرسێکی گه‌وره‌ی مرۆڤ و بتوانێ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا بگۆڕێ ته‌نیا ماڵه. ئه‌گه‌ر باس له سیاسه‌ت بکه‌ین، ئه‌وه من سیاسه‌تم ریسوا کردووه، به‌ڵام بۆ بنه‌ماڵه‌ش ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه که ههیکهلهکهیم به دڵ نییه، په‌یوه‌ندییه کۆمهڵایهتییهکانیم به دڵ نییه، کاکه کاتێ ئه‌تۆ پیاوت کرده سه‌ر ده‌سته، کاتێک پاتریخات درووست کرد، هه‌ربۆیه من ساڵه‌های ساڵه دژی ئه‌و پرسه تێده‌کۆشم. هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ش بوو که له غه‌ربیش نه‌یانتوانی دادپه‌روه‌ری بنوێنن. پاتریاخات یانی چی؟ یانی سهرمایهدارهیی، ئه‌و ساهرمایهداریهی که پاش لاوازبوونی بلۆکی شه‌رق به ته‌واویی جێکه‌وت. ئه‌گه‌رچی خودی سۆسیالیزمیش ته‌نیا ئایدیۆلۆجیه‌ک بوو، جا به رای من هه‌ر ڕوانگه‌یه‌ک که کرایه ئایدیۆلۆجی، هه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک بڵێ من به‌هشت درووست ده‌که‌م، جا ئه‌و ئایدیا چ زه‌مینی یا چ ئاسمانی بێ، بروابکه ته‌نیا به خوێن ته‌واو ده‌بێ. با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسی مه‌کته‌ب که مرۆڤ ڕادێنێت و مرۆڤ باردێنێت، به‌ڵام بڕوا بکه‌ن هه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان، جا له سه‌ر بنه‌مای جیهانبینی سۆسیالیزم، کاپیتالیزم یاخۆ لیبڕالیزم به‌ڕێوه بچن، هه‌مووی له ژێر گوماندایه ئه‌مڕۆ، په‌روه‌رده‌ی ئه‌مڕۆی جیهان تووشی شکست بووه. هیچ شێوه په‌روه‌رده‌یه‌ک کار بۆ دادپه‌روه‌ری ناکات، هه‌ربۆیه من دادپه‌روه‌ری به خه‌یاڵ ده‌بینم، به درۆی ده‌زانم، من باس له په‌روه‌رده‌ی مۆدێڕن ده‌که‌م، په‌روه‌رده‌ی سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌ک، من ماوه‌یه‌ک له مه‌وبه‌ر کتێبێکم سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا وه‌ده‌ست که‌وت، بڕوام پێبکه‌ن په‌روه‌رده‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ش به هیچ شێوه جیاوازی له گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی ڕۆژهه‌ڵات نییه. نه له ماڵ، نه له مه‌کته‌ب، نه له مزگه‌وت و نه له سه‌ربازخانه، له هه‌موویاندا که‌مترین ئینساندۆستی و که‌مترین دادپه‌روه‌ری به‌دی ئه‌کرێ. ئه‌گه‌ر بچینه‌وه سه‌ر بیرۆکه‌کانی “مارکس”، که چۆن کێشه‌ی چینایه‌تیی زه‌ق ده‌کاته‌وه، ئه‌وه سۆڤیه‌ت، یاخۆ روسیه‌ی ئێستا و روسیه‌ی پاش نه‌مانی بلۆکی شه‌رق، چ جیاوازیه‌کی هه‌یه له گه‌ڵ جه‌هه‌نه‌مه‌که‌ی ئێمه، ئه‌وه بڕوانه “پووتین” که له هه‌موو ڕویه‌که‌وه باشترین خوێندکاری “ستالین” بووه، ده‌ی فه‌رموو بزانه بانگه‌شه‌ی چی ده‌کات، “ستالین” بانگه‌شه‌ی چی کرد؟ بانگه‌شه‌ی دادپه‌روه‌ریان کرد، بانگه‌شه‌ی نه‌مانی چینایه‌تییان کرد. به‌ڵام چۆن شکایه‌وه؟ خۆ ده‌گوترێ هه‌ر که‌س قه‌وڵی دا که به‌هشت درووست بکات، ئه‌وه ئاکامی ئه‌و گه‌شه ته‌نیا جه‌هه‌نه‌مه. یانی هه‌ر که‌سێ گوتی من به‌هه‌شتت بۆ درووست ده‌که‌م و هه‌م له ئاسمان و هه‌م له سه‌رزه‌ویش هه‌یه، ئه‌وه بزانه به‌ره‌و خوێنباران ده‌ڕوات. منیش هیچ گومانێکم نییه، ئه‌وه‌ی “کاڕڵ پۆپه‌ر” له به‌رهه‌می “کۆمه‌ڵگه‌ی کراوه و دوژمنه‌کانیدا” ئاماژه‌ی پێده‌دات، جا به ڕای من، ئێمه نه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه نین، به‌ڵکه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داخراوین، ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵگه دامه‌زراو نین، جا من باس له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌که‌م، کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه، دڕاوه. جگه له‌وه‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌وه، ئه‌وه چ دادپه‌روه‌ریه‌که که غه‌رب له ساڵی ٢٠٢٣ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له خاچ ده‌دات به خاک و خۆڵه‌وه، من خۆم کتێبێکم هه‌یه به ناوی “کارگه‌کانی تابووت”، جا ئه‌و سهرتیتره یانی مه‌رگدۆستی، ماڵ مه‌رگدۆسته، مزگه‌وت مه‌رگدۆسته، مه‌کته‌ب مه‌رگدۆسته، من هه‌زار و یه‌ک به‌ڵگه‌م له لایه که مه‌کته‌ب نه‌ک دادپه‌روه‌ر نییه، به‌ڵکه مه‌رگدۆسته، باشه له قۆناغی مه‌رگدۆستیدا چۆن ده‌توانین باس له دادپه‌روه‌ری بکه‌ین.
هێما: کاک شێرزاد ئێوه تا ئێره ره‌خنه‌یه‌کی به‌رفراوان و ڕادیکاڵتان داڕشت…
شێرزاد حه‌سه‌ن: به‌ڵێ، له روانگه‌ی منه‌وه مرۆڤ تاکه بوونه‌وه‌رێکه که نازانێ بژی، ده‌ڵێن به ئایین سه‌لمێندراوه، له دوایین کتێب‌دا که بۆ محه‌مه‌د نێردراوه، ئه‌ڵێ خه‌لیفه‌ی خودایه له سه‌ر ئه‌رز، ئه‌ی ئه‌گه‌ر دڕنده‌ی خوا بووایه چی ده‌بوو. له سه‌رده‌می تازه‌گه‌ری و رۆشه‌نگه‌ری دوو جه‌نگی ماڵوێرانکه‌ر له سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م درووست بوو، هه‌مووی دوێنێیه هه‌ڤاڵی من. باشه ئێمه باس له کامه دادپه‌روه‌ری بکه‌ین، هه‌روه‌ک شاعیرێکی ئینگلیزی ده‌ڵێ، پاش ئه‌و دوو جه‌نگه هێشتا هه‌ر باران ده‌بارێ. ئه‌زانی مه‌به‌ستی چییه، یانی هێشتا عیسا هه‌ر به سه‌ر خاچهوهیه، خوێنی لێئه‌چۆڕێ. ئه‌م ژنه شاعیرانه باسی ده‌کا، ڕیک مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که هێشتا خوێنبارانه. بۆیه من قسه‌که‌م له‌وه‌یه که ئه‌و سهرتایتڵهی دووه‌م که باسی ده‌که‌م، خۆ من فه‌یله‌سۆف نیم برام، من کابرایه‌کی ئاساییم که له بواری په‌روه‌رده و ئه‌ده‌ب ئیش ده‌که‌م، کرێکارێکم، کرێکارێکی زۆر ساده، زۆر ساده و زۆر پڕیمیتیڤ، به‌ڵام له گه‌ل ئه‌وه‌شدا له ناو ئه‌ده‌ب و په‌روه‌رده‌دا تێگه‌یشتم، که له سه ڕووی ئه‌م زه‌مینه شتێک به ناوی دادپه‌روه‌ری نییه، ئه‌وه‌ش به ره‌هایی نییه، خۆ ئه‌وه پرسی سه‌ره‌کی نییه که له هه‌شت میلیارد که‌سی ئه‌م سه‌رزه‌مینه میلیۆنێکی بزانێ دادپه‌روه‌ریی چییه. ئینسانی راسته‌قینه بیبینێ که به‌رامبه‌ر به که‌سێکی دیکه نادادی ده‌کرێ، ئه‌وه پێوه‌ی ده‌تلێته‌وه و پێی وایه که به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی نادادپه‌روه‌ری نوێندراوه. ئه‌وه قسه‌که‌ی خودی دۆستهیهفسکییه له ڕۆمانی برایانی کارامازۆف، ئه‌وه‌ی که دوو براکه یه‌کیان کافره و خودا نه‌ناسه و یه‌کی دیکه‌یان خوداناسه، خودا نهناسهکه به خوداناسه‌که ده‌ڵێ، برام تۆ به خوداکه‌ت زۆر دڵت خۆشه و به‌رده‌وام له زکردایت، به‌س منێکی خودا نه‌ناس ته‌نیا یه‌ک پرسیارت لێده‌که‌م، به‌ڵام بۆ وڵامه‌که‌ی زۆر مه‌وه‌سته که زۆر وه‌ستای ئه‌وه تۆ له‌من خودانهناستریت. ئه‌ویش ده‌ڵێ فه‌رموو پرسیاره‌که‌ت چییه. ئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌موو روسیه خۆشبه‌خت بێ له سه‌ر حیسابی یه‌ک تاکه که‌س، ئه‌و تاکه که‌سه من بم یا تۆ؟ ئه‌گه‌ر روسیه دادپه‌روه‌ری، خۆشگوزه‌رانی و یه‌کسانیی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌بێ یا له سه‌ر حیسابی من بێ یان تۆ، ئه‌وکات ئه‌وه‌ت قه‌بووڵه؟ ئه‌ویش هه‌ندێ ڕاده‌مێنێ، ئه‌وه‌ی که خوداناسه راده‌مێنێ، دواتر ده‌ڵێ، برام تۆ بۆ ڕاماویت، له راستییدا له من خودانهناستریت، ئا وه‌ره بزانم که خۆت له کوێدا شاردۆته‌وه، ئه‌و دیمه‌نه منی به ته‌واویی هاڕی. چونکه به ره‌هایی بڕوام به دادپه‌روه‌ری نه‌ما، چونکه له هه‌موو شوێنێکدا که‌سێ ده‌تلێته‌وه، که‌سێ برسیه هه‌تا ئێمه تێر بین، یه‌کێک هه‌یه که سه‌رمایه‌تی و ئێمه له شوێنی گه‌رمداین. من خۆم تیئۆریساز نیم، ئه‌وه‌ی لێیبترسم تیئۆریسازه، من ئه‌کادیمی نیم، به‌ڵام ئه‌زموونی ژیان و خوێندنه‌وه‌م بۆ فیکر و فه‌لسه‌فه له یونانه‌وه هه‌تا ئێستا تێیگه‌یاندم که جگه له ئه‌فسانه هیچی دیکه نییه. ئێستا نازانم که سه‌ده‌یه‌کی دیکه یاخۆ حه‌وت سه‌ده‌ی دیکه دۆخه‌که ده‌گۆڕێ، ئه‌وه نازانم، به‌گشتی ڕه‌شبینم و گه‌شبین نیم.
هێما: مامۆستا شێرزاد زۆر سپاس بۆ ئه‌و لێکدانه‌وه‌تان، من له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌ی جه‌نابتاندا خاڵێکی به‌رچاو و به‌رجه‌سته به‌دی ده‌که‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئێوه به گشتی ره‌خنه‌یه‌ک له سه‌بکی مرۆڤبوونمان ده‌گرن، ئێوه له‌و بڕوایه‌دان که مرۆڤ هه‌ر له دێرینه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ده‌رک و فامی به دادپه‌روه‌ری راسته‌قینه نه‌کردبێت. واوه‌تر ئه‌وه پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن که توانای ئه‌وه‌یان نییه که مرۆڤ بۆ دادپه‌روه‌ری ڕابێنن، پێش ئه‌وه‌ی زیاتر له سه‌ر ئه‌و ره‌خنه بدوێین ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه که ئێوه ئاماژه‌تان به کۆمه‌ڵێک پێکهاته دا و له‌و روانگه‌دا بوون که مزگه‌وت له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا ڕۆڵیکی به‌رچاوی هه‌یه، ئه‌توانن له چه‌ند خاڵدا بۆمان باس بکه‌ن که بۆچی مزگه‌وت هیچ سات ناتوانێ به‌ره‌و دادپه‌روه‌ریمان به‌رێت و ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤی نادادپه‌روه‌ر درووست ده‌کا؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: له به‌ر ئه‌وه‌ی دین پێش سیاسه‌تیش کاریگه‌ر بووه، دین ئه‌وه‌ی سه‌یره که به هاتنه سه‌رکاری ئیخوانیه‌کان ئه‌و په‌یامه به‌ڕێ ده‌که‌ن که گوایه ئه‌وان دێن و دونیا چاک ده‌که‌نه‌وه، واته دونیا خراپ بووه و ده‌بێ چاک بکرێته‌وه. ئه‌وه ئه‌وروپاش خۆت ده‌زانی که له پێناو دین و چاکهکارییدا خوێنبارانێکی مه‌زن و گه‌وره ڕووی داوه، ده‌توانم بڵێم تاکۆ جه‌نگی جیهانی دووه‌م که دوێکه یا پێرێکهیه، نه‌ک دادپه‌روه‌ری نه‌بوو، به‌ڵکه به‌رده‌وام مه‌رگدۆستی به‌ڕێوه ده‌چوو. هه‌روه‌ک “فڕۆید” له کتێبێکیدا سه‌باره‌ت به جه‌نگ قسه ده‌کا، قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌یه که مرۆڤ “تاناتۆس” په‌رسته، “تاناتۆسیش” خوداوه‌ندی مه‌رگه و “ئیرۆس” کوژه، “ئیرۆسیش” خوداوه‌ندی خۆشه‌ویستی و جوانییه. که‌واته من گومان له هه‌موو ئاینه‌کان ده‌که‌م، تۆ ته‌ماشا بکه که له رووی غهیبانییهوه، به تایبه‌ت ئیسلام که زۆر شانازی به خۆیه‌وه ده‌کا، له رووی غه‌یبه‌وه، له ڕووی دینه‌وه و له رووی ئه‌و ئایدیۆلۆجییه‌وه، هه‌میشه ئه‌ده‌بیاتێک هه‌یه که زۆر رۆشنه، له‌وه‌ته‌ی من و تۆ هه‌ین، له باب و باپیرانه‌وه ده‌ڵێن خودا خۆی ده‌زانێ، خوا وای دابه‌ش کردووه. ئێمه شتێکمان هه‌یه که پێیده‌گوترێ شه‌وی به‌رات، ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی به عائیشه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ده‌ڵێن خوا رزق ده‌دا، ئه‌وه‌یان به رزقهوه گرێداوه، من نازانم چ په‌یوه‌ندیه‌کی نێوان عائیشه و رزق هه‌یه، ئایا ئه‌ویش دۆستی هه‌بوو له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر، شه‌وی بهراتیشی پێده‌گوترێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه په‌یوه‌ندی به رزقهوه هه‌یه. یانی من دایکم ده منداڵی بووه، دواتر من چوومه به‌غدا و ڕهحمیم واته منداڵدانیم به‌ست، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئیتر جێگه‌مان نه‌ده‌بووه‌وه، چونکه ته‌نیا یه‌ک ژوورمان بوو، باوکیشم قومارچی بوو پاره‌ی دهدهۆڕان، جا ئه‌وکات من وه‌ک سۆفی وابووم، ئه‌وه بزانه، دایکم به‌رده‌وام بۆ مزگه‌وتی ده‌ناردم، هه‌تا وه‌ک باوکم قومارچی ده‌رنه‌چم، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دکار نه‌بم، خۆ کارێکی خه‌راپیشی نه‌کرد، ئه‌وه فێری عه‌ره‌بی بووم، که‌وتمه خوێندنه‌وه و بیرکردنه‌وه، به هه‌رحاڵ مزگه‌وت و دین ئه‌ده‌بیاتێکی سه‌یریان هه‌یه، قه‌ناعه‌تیان ئه‌وه‌یه، گوایه خودا خۆی رزق ده‌دا و مێلووره‌یه‌ک له سه‌ر به‌ردێ، عاسهبێ له گێژه‌نێ، خوا مهشغوولیان ده‌بێ، هه‌تا رزگاری ده‌کا. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ته‌ی دینی ئیسلام هه‌یه به‌رده‌وام له هه‌موو جه‌نگێکدا خودا فریشته‌ی ناردووه، به‌ڵام وه‌کوو، بیرمه‌ندێکی عاقڵمان هه‌یه که ئێستا ناوه‌که‌یم له بیر چووه‌ته‌وه، ده‌ڵێ ئه‌وه به‌ڕاست ئه‌و هه‌موو عاله‌مه به درێژایی مێژوو له برسا مرد، بۆ خوا فریشته‌یه‌کی به کۆمه‌ڵێک ئازووقه‌وه نه‌نارد. خۆی ئه‌م دیارده به ڕاستی کۆمێدیه، زۆریش کۆمێدیه، له به‌ر ئه‌وه مزگه‌وت و هه‌ر سێ ئایینه‌که، پڕن له دژواریی عه‌جیب، لێره‌وه ده‌گوترێ ئه‌وه خودا دونیای دروست کرد و چیدیکه کاری به هیچ شتێکه‌وه نه‌ماوه، ئه‌وه ئێمه و خۆمانین که بۆ هه‌موو شت به‌رپرسین، له لایه‌کی دیکه‌وه یه‌ک دونیا خورافات ده‌بینین که گوایه خودا ئاگای له گیاندار و به‌بێ گیانیش هه‌یه، به‌ڕێز من له‌م رۆژانه‌دا مانیفێستێک بڵاو ده‌که‌مه‌وه، که بۆچی دۆزهخییم؟ چونکه ئه‌وه چل ساڵه به من ده‌گوترێ که دۆزهخییم و جهههنهمییم، یان ته‌وری تێکده‌ری کۆمه‌ڵگه له لای منه، گواییه من بونیادی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هه‌ڵده‌وه‌شێنمه‌وه. مزگه‌وت و مه‌کته‌ب و ماڵ و ئه‌و مۆئهسهساتانه یاخۆ ئه‌و فابریقانه که ئێمه درووست ده‌که‌ن، به‌خێو ده‌که‌ن، ئه‌و کارگانه‌ی ئێمه لێوه‌ی دێین، هیچیان به هیچ شێوه‌یه‌ک، به دوور و نزیک، به عه‌قڵێکی کراوه و رۆشن، به عه‌قڵێکی ئینساندۆست باسی له‌وه نه‌کردووه که دادپه‌روه‌ری نییه. یانی تۆ ئه‌گه‌ر گومان له دادپه‌روه‌ری خودا بکه‌ی، ئه‌وه من له “گوڵی ڕه‌شا”، منداڵێک ئه‌پرسێ بۆ خزمه‌کانمان ده‌وڵه‌مه‌ندن؟ ئه‌و داستانه بۆ دایکی خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌ویش گوتی ئه‌وه ئیشی خوایه، منیش گوتم بۆچی خوا بێتاقه‌ته له ئێمه؟ رقی له ئێمه‌یه؟ دایکم به خێرایی کڵاشێکی تێگرتم، گوتی ده‌مت ده‌کوتمه‌وه. چونکه دایکم قه‌ناعه‌تی وایه که ئه‌م ژیانه و ئه‌م دونیا ئیمتیحانه، تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌به‌دییه، ئه‌م بهکهلۆرییه تا ئه‌به‌د کۆتایی نایه‌ت. له روانگه‌ی ئایینه‌وه خودا خۆی هه‌موو شتێکی بڕیوه‌ته‌وه، هه‌موو شتێ هه‌ر له ئه‌به‌ده‌وه مهحفوفز کراوه، ره‌سم کراوه، که‌وایه هه‌رشتێکمان به سه‌ر بێ هه‌ر بۆ ئه‌و ره‌سمه ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه ئایه‌ته‌کانی مه‌که له گه‌ڵ ئایه‌ته‌کانی مه‌دینه جیاوازیان زۆره، لێره ئاشتیخوازی و له‌وێ شه‌ڕه‌نگێزه، ئایه ئه‌مانه په‌یامی خودان، ده‌ڵێن به‌ڵێ، ئه‌یباشه بۆ که ئیسلام ده‌سه‌ڵاتی نه‌بوو ئاشتیخواز بوو؟ جوولهکهت برا بوو، عیساییت له لا ئاسایی بوو، به‌ڵام که ده‌بنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌ست به جه‌نگاوه‌ریی ده‌که‌ن، هه‌تا ده‌گاته عوسمانییه‌کان که چۆن و چی‌یان کرد. ئایا خودایه‌ک که هه‌یه پێویستی به‌وه‌یه خۆی به شمشێر به من بناسێنێ، کام مزگه‌وت ده‌توانێ له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه باس له عه‌داله‌ت بکا؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ته‌ی من هه‌م، هه‌ر ده‌بیستم که باس له عه‌داله‌ت ده‌که‌ن، ئه‌م خودا که‌ی عادیله؟ نازانم، له کام وڵات، له کام شوێن، من نازانم. ئاخر بۆ من زۆر گرینگه که بزانم ئه‌و عه‌داله‌ته له کوێدایه، چونکه ئه‌وه‌ته‌ی فامم کردۆته‌وه ده‌ڵێن خودا عادیله، هه‌ر ده‌ڵێن که هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی خودا دایناوه. بۆ منێک وه‌ک شێرزاد گرینگه بزانم ئه‌وانه‌ی که هه‌ژارن چی‌یان کردووه، مه‌گه‌ر خودا و ئاسمانیان به له‌عنه‌ت کردووه، عیسا ده‌ڵێ مه‌مله‌که‌تی خودا بۆ هه‌ژاره‌کان ته‌رخان کراوه، به‌م قسه‌یه میلیۆنها هه‌ژار قه‌ناعه‌تیان هێنا و خهڵتێندران و هاتن و چوون، مردن، نه‌مان و ئه‌تک کران، له به‌حردا نووقم بوون، هه‌میشه گوتراوه که حیکمه‌تێکی خودای تێدایه. من خۆم هێج حیکمه‌تێکی خودایی له هه‌ژارییدا نابینم، چونکه زۆر باش له یادمه که چۆن له هه‌ژارییدا ژیاوم. به رای من ئه‌و چوار فابریقه، به تایبه‌ت مزگه‌وت ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه باس له عه‌داله‌ت ده‌کا، به‌ڵام عه‌داله‌ت هه‌رگیز له ئاسمانه‌وه نایه‌ت، عه‌داله‌ت شتێکه، ته‌نزیمێکی، داڕشتنێکی سیسته‌ماتیکییه له سه‌ر ئه‌م ئه‌رزه. هه‌ربۆیه یه‌کێک له به‌ڵاکانی ئه‌م دینه ئه‌وه‌یه که بڕوای به‌وه نییه ده‌وڵه‌ت له دین جودا بکاته‌وه، هه‌روه‌ک عیسا گووتی ئه‌وه‌ی هی خودایه داومه‌ته‌وه به خودا و ئه‌وه‌شی هی قه‌یسه‌ره داومه‌ته‌وه به قه‌یسه‌ر.
هێما: بێگومان ئه‌و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیانه له ڕابردوودا و له به‌ستێنه‌ی دادپه‌روه‌رییدا له‌تمه‌یه‌کی گه‌وره‌یان له مرۆڤ و له په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ داوه، با ئاوڕ له بنه‌ماڵه واته خێزان بده‌ینه‌وه، ئه‌مڕۆ تیئۆریه گه‌وره‌کان به هه‌مان شێوه ئاماژه به بنه‌ماڵه ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن که خودی بنه‌ماڵه ئه‌و جێگه‌یه که نادادپه‌روه‌ری تێدا په‌روه‌رده ده‌کرێ. چونکه له‌و به‌ستێنه‌دا دایک و باوک منداڵه‌کانی خۆیان له مناڵی هه‌ژار و نه‌دار به گرینگتر ده‌زانن، هه‌ر له‌و ئاستهوهوه هه‌ستی نادادپه‌روه‌ری په‌روه‌رده ده‌کرێ. هاوکات له گه‌ڵ ئه‌و بیروبۆچوونه‌دا ڕوانگه‌یه‌کی دیکه هه‌یه که ده‌ڵێ: هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه ده‌بێ گه‌شه بسێننن، مۆدێڕنتر و باشتر بن، بۆ وێنه له خێزانی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کاندا باوک هه‌مه کاره و بڕیارده‌ری هه‌موو پرسێکی بنه‌ماڵه نییه، دایک ژێرده‌ست نییه، واته دیموکڕاسی و یه‌کسانی په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئێوه چۆن بۆ ئه‌و دوو ڕوانگه جیاوازه ده‌ڕوانن؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: من ئه‌مڕۆ له گه‌ڵ دۆستێکم باسی ئه‌وه‌مان ده‌کرد که له ئا‌ڵمانیا هێشتا داهاتی فه‌رمانبه‌رانی ژن و پیاو یه‌کسان نییه، بیانوه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ژن منداڵی ده‌بێ و شیر ده‌دا و غایب ده‌بێ و هه‌روها، هه‌ربۆیه ئه‌و یه‌کسانییه رێژه‌ییه. من ڕاپۆرتم سه‌باره‌ت به ئه‌ورووپا له به‌ر ده‌ستایه که چۆن توندووتیژی هه‌یه و له ساڵه‌کانی ڕابردوودا زیادی کردووه، ئه‌و تووندوتیژیهش هی نێره به سه‌ر مێینه‌وه، ره‌نگه له رووی سایکهلۆژییهوه هه‌ردووکیان یه‌کتری بچه‌وسێننه‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌یر نییه، چونکه هه‌روه‌ک ئێوه‌ش ئاماژه‌تان پێدا هه‌ردوولا ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌یه. به‌ڵام له لای ئێمه ژن زه‌عیفه‌یه، عه‌قڵی ناقیسه و پیاو داییم شوانهکهیهتی و ئه‌گه‌ر باوک نه‌ما ئه‌وه کوڕه‌کانن و براکانن، یان مامه و خاڵه، به‌ڵێ، هه‌روه‌ک ئێوه ده‌ڵێن، لێره به به‌راورد له گه‌ڵ ئێمه یه‌کسانیی هه‌یه، نێر‌و مێی ئێره جیاوازن، جۆرێک له ئازادی و ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه، به‌ڵام له لای ئێمه هێشتا باوکه‌کان، یان ئه‌وانه‌ی که باوکی دینیی بن، باوکی سیاسی بن، یان باوکی کۆمه‌ڵایه‌تیی بن، ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن که کێ چ به‌شێک له‌و دادپه‌روه‌ریه وه‌رده‌گرێ، جا ئه‌و دادپه‌روه‌ریه‌ش دادپه‌روه‌ریه‌کی حه‌قیقی بێ یانا، ئه‌وه‌یش خۆی پرسێکی دیکه‌یه. به‌ڵام له ڕۆژئاوا هه‌ر خودی کاپیتالیزم ئه‌وه به‌درۆ ده‌خاته‌وه، چونکه کاپیتالیزم مۆڕاڵی تێدا نییه، ئه‌کرێ لێره و له‌وێ که‌سێکی خاوه‌ن ره‌وه‌شت هه‌بێ، ئه‌کرێ به پێی نیزامی سه‌رمایه‌داری پێشکه‌وتنێکیش هه‌بێ، هه‌روه‌ک له سه‌ده‌ی بیست سۆسیالیزم بانگه‌شه‌ی به‌هه‌شتی کرد، ئه‌وه ئێستا بۆ پوتین ده‌ڕوانین که شاگردی ئه‌وان بوو، ئه‌و پیاوه به خوێنڕشتن تووشی ئورگازم ده‌بێ. به‌ڕێزم له ئه‌ورووپا هێج نه‌بێ گه‌شه‌یه هاته ئاراوه که خه‌ڵک فێری گومان بکات، ئه‌وه بیرمه‌ند زۆرن که باس له نادادپه‌روه‌ری ده‌که‌ن، هه‌ربۆیه بڕوایان ئه‌وه‌یه که په‌روه‌رده‌ی ئه‌وروپا له ته‌نگه‌ژه‌دایه، به‌ڵام به به‌راورد له گه‌ڵ ئێمه چ په‌یکه‌ری ماڵ و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه پێشکه‌وتنێک به‌خۆوه ده‌بینن. واوه‌تر هه‌وڵێک هه‌یه بۆ چاکسازیی، هه‌وڵێک هه‌یه بۆ گومان، هه‌وڵێک هه‌یه بۆ ریفۆڕمی به خۆداچونه‌وه. هه‌ر بۆ نموونه له فیکردا، ئه‌وه خۆشت باش ئاگاداری، فه‌یله‌سووفێک قسه ده‌کا و فه‌یله‌سووفێکی دیکه دێ و شتی تازه‌تری هه‌یه. بۆ وێنه کچه‌که‌ی خودی “فڕۆید” “ئه‌نا” جیاوازه له گه‌ڵ باوکی، هه‌ردووکیان دهروونناسن، له به‌ر ئه‌وه بۆم گرینگه که بڵیـم ئه‌وه بڕوانه عاله‌می ئیسلامیی، بۆچی له ساڵه‌کانی رابردوودا شه‌پۆلی کۆچبه‌ری ڕاناوه‌ستێ و خه‌ڵک به‌ره‌و هه‌نده‌ران کۆچ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وێ سه‌رزه‌مینی پێغه‌مبه‌ره‌کانه، هه‌رسێ پێغه‌مبه‌ر ئیبڕاهیمیهکان له‌وێوه سه‌ریان هه‌ڵداوه. هه‌روه‌ک له نیزامی سه‌رمایه‌دارییدا ته‌نیا سوود و قازانج باڵاده‌ستی هه‌موو شتێکن، به هه‌مان شێوه‌ش له ئاییندا به که‌عبه‌وه که‌سابه‌ت ده‌کرێ. که‌عبه ده‌بێ هه‌ر بۆ زیاره‌تکردن وه‌مێنێ، ڤاتیکانیش به هه‌مان شێوه یه‌کێکه له پیکه‌ر و موئه‌سه‌سه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، به‌ڵام چاکسازیش ده‌کا بۆ خه‌ڵکی، بۆ وێنه من له ساڵی ١٩٩٧ بۆ ساڵێک په‌نابه‌ر بووم، دوایی ڕۆیشتمه‌وه، که‌ڵێسا خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی به من کرد، یانی له خه‌می مندا بوون که چۆن ده‌ژیم، چۆن ده‌نووم، ژووره‌که‌م چۆنه، به‌ڵام مزگه‌وت هه‌ر ده‌ڵێ ئێمه به ته‌مای خواین، من باش له‌بیرمه که ده‌ورانی خۆی یه‌ک دونیا که‌سی که‌ڕ و لاڵ و شه‌ل و کوێرمان بوو، ئه‌و کات خه‌ڵک زۆر و زوو نه‌خۆش ده‌که‌وت، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌گوترا خۆی ئه‌وه حیکمه‌تێکی تێدایه. یانی من ده‌بێ کوێر بم هه‌تا له عه‌داله‌تی دونیایی تێبگه‌م، باشه ئه‌گه‌ر خودا دونیایه‌کی جوان و باشی دروست کردووه، ئه‌یبۆ به‌دکار درووست ده‌کا، یانی ئێمه گریمان “هیتله‌ر” دوای هۆلۆکاوست ده‌سوتێ، به‌ڵام ئه‌و ئازاره‌ی هۆلۆکاوست، ئه‌و خووێنبارانهی هۆلۆکاوست، یان خوێنڕشتنی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م، ئاخر سزای ئه‌وه ده‌بێ چی بێ؟ من مانیفێستهکهشم هه‌یه و بڵاوی ده‌که‌مه‌وه، که من بۆچی دۆزهخییم، بۆچی پشتم له‌و به‌هه‌شته کردووه، ئه‌وه ئه‌و هه‌موو که‌سه به ئاشکرا بهمن ده‌ڵێن که‌من دۆزهخییم. من رازیم به دۆزه‌خ، خۆ ئه‌وێش ماڵی خوایه.
هێما: من هه‌رچی ره‌خنه‌کانی ئێوه لێکده‌ده‌مه‌وه ڕه‌شبینیه‌کی تۆخی تێدا به‌دی ده‌که‌م.
شێرزاد حه‌سه‌ن: چۆن ڕه‌شبین نه‌بم، من له سه‌دیه‌کی سه‌یردا ده‌ژیم و له ئاستی جیهاندا قسه ده‌که‌م، من ته‌نیا بۆ کوردستان ناڕوانم، ئه‌وه ئاگادار به، من ڕام له سه‌ر ئابووری، سیاسیی، دینیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، فه‌رهه‌نگیی، په‌روه‌رده و سهنعهتسازیی نییه، به‌ڕێزم مرۆڤ ئه‌وه‌نده به‌دکاره، ئه‌م زه‌وییه رۆژێک دێت ده‌کوژێته‌وه، ئه‌م ئه‌ستێره جوانه، چونکه ئاو و هه‌وا و خاک پیس بووه، چونکه ئینسان به‌رامبه‌ر به‌م سروشته عادل نییه، راستگۆ و پاک نییه، به‌رامبه‌ر به‌و سروشته که تاکه سه‌رمایه‌یه‌كی هه‌موومانه. خۆت باش ده‌زانی که ئه‌م ژینگه له کۆندا وانه‌بووه، نه پڵنگ، نه په‌پووله، نه شێر و نه که‌ر، نه بارگیر تێکیان نه‌دا، ئه‌و زه‌وییه ئێمه پیسمان کرد، یه‌ک تۆن دووکه‌ڵ بنێره بۆ ئاسمان به په‌نجا ئیۆڕۆ، دوێنێ و پێرێ راپۆرتم له سه‌ر خوێنده‌وه، خۆ هه‌موو ئه‌و راپۆرتانه درۆ نین، من ئێستا له ئه‌ورووپا شاره و شار ده‌که‌م و ده‌گه‌ڕێم و چالاکم و کۆڕ ده‌که‌م، ئه‌وه ڕۆمانێکیشم به زمانی ئاڵمانی ده‌رچووه (دواشهوی دابه‌زینی عیسا)، له‌وێ ڕێک باسی ئه‌وه ده‌که‌م به هیچ شێوه‌یه‌ك شتێک نییه به ناوی دادپه‌روه‌ری. بۆ نموونه پاڵه‌وانێکی ئه‌و کتێبه کوڕه کوردێکه، ئه‌ڵێ تۆ به جۆرێک به‌و شێوه مه‌رگه ئه‌و هه‌موو ژنه‌ت عاشقی خۆت کرد، ئه‌ڵێ من ده‌زگیرانێکم هه‌بوو، عیسایی بوو، به‌ڵام هیچ کاتێ منی نه‌بینی، ئه‌ڵێ عیسای گه‌وره‌م، مه‌سیحی جوان، ده‌زانم تۆ هه‌ندێ شتی زۆر جوانت هه‌یه، وه‌ک خۆشه‌ویستی و لێبورده‌گی، به‌س تۆ ئاگات لێ‌بوو که چه‌نده تلامه‌وه، به‌س ئه‌و کچه عاشقی تۆ بوو، ئه‌ویش ده‌ڵێ باشه مه‌به‌ستت چیه؟ کوڕه‌که ده‌ڵێ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که به مردنت دونیات عاشقی خۆت کرد، یه‌کێک له‌وانه زۆر تلایه‌وه من بووم. عیسا هیچ وه‌ڵامێکی نییه، ده‌ڵێ من به‌و کچه‌م نه‌گووتووه عاشقم به، ئه‌ویش گوتی به‌ڵام میلیۆن که‌س عاشقی تۆیه، جا چیبکه‌ین! یه‌کێک له‌وانه ده‌زگیرانه‌که‌ی من بوو، به هیچ شێوه‌یه‌ک منی نه‌بینی. جا به ڕاستی وابوو، من کچێکی مه‌سیحی هاوپۆلم بووه که شه‌یدای بووم، ئه‌و نه‌یده‌توانی من ببینێ، جارێکی‌تر له ره‌واندز له ده‌ورانی منداڵیمدا کچێکی هاوسێمان بوو که عیسایی بوو، جا ته‌مه‌نی هه‌ر حه‌وت یا هه‌شت ساڵ بوو، پێیان گووتم ئه‌گه‌ر زۆر لێی نزیک ببیته‌وه کۆره ده‌بی. منیش گووتم له به‌رچی، وتیان ئه‌وه غه‌یره دینه، باوکم گوتی ئه‌ترسم تۆ سبه‌ی گه‌وره بی و بڵێی ده‌یخوازم. من نه‌شمده‌زانی که خواستن یانی چی. من ره‌شبینم، به‌ڵام سه‌رتاپای زه‌وی شتێکی تێدا نییه که دڵی من خۆش‌کا، به پێی خوێندنه‌وه و بینینم به هیچ شێوه دادپه‌روه‌ری به‌دی ناکه‌م. هه‌ر ئه‌وه‌ی پلنگێک ده‌توانێ ئاسکێک بخوات، لای من به‌سه و ئیمانم به هیچ حیکمه‌تێکی ئیلاهیی و سه‌رزه‌مینی نیه. یه‌کێک ئه‌ڵێ نا، ئه‌وه سروشته، بۆم ته‌حلیل ده‌کا و ده‌ڵێ چونکه ئه‌گه‌ر ئاسک زۆر بێ چ ده‌بێ و ده‌بێ هه‌ندێ زینده‌وه‌ر که‌م بن یا نه‌بن. به‌س من بیر له ئازاره‌که‌ی ده‌که‌مه‌وه، من رێک ده‌وری ئاسکه‌که ده‌بینم، شه‌وانی شه‌و خه‌وم بینیوه و ئاسکه‌که بووم که پلینگ خواردویه‌تی. له به‌ر ئه‌وه من هیچ عه‌داله‌تێکی ئیلاهیی و ئینسانیی له سه‌ر عه‌رز نابینم.
هێما: ده‌ی باشه که‌وایه ئێمه ڕێگه‌چاره‌یه‌کمان نییه، چۆن بتوانین مرۆڤی عه‌داڵه‌تخواز په‌روه‌رده بکه‌ین؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: بێگومان مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وام له هه‌وڵدایه، له روی فیکره‌وه، له رێی تێکۆشانه‌وه، بۆ وێنه ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران و ڕۆژهه‌ڵات، یانی ئه‌و ناوچه جوگرافیاییه به‌شێکه که پیشانمان ده‌دا که عه‌داڵه‌ت نییه، جوانیه‌ک نیه له دونیای ئێمه، خۆ هه‌ر ئێران نیه، هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه من ناوم لێناوه “ره‌شهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”. به‌ڵێ، به‌ڵێ من به‌دبینم، چونکه ناکرێ به درۆ گه‌شبین بم، بۆیه بۆ من گرینگه که ئه‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه بزانین، به‌ڕێزم من له گه‌نجیمه‌وه هه‌تا ئێستا یه‌ک بیرمه‌ندم نه‌بینیوه رازی بێ له شتێکی وڵاتی خۆی، به ره‌هایی ئه‌و قسه‌یه ئه‌که‌م. ئه‌گه‌ر زۆر شاد بوبێ به ئا‌ڵمانیا به‌ڵام هه‌ر ره‌خنه‌گر بووه له کۆمه‌ڵێک شت که نائینسانین، شتێک که دژی جوانیه، دژی ژینگه‌یه. لای ئێمه کۆمه‌ڵێک که‌س هاتن و گوتیان ئێمه شۆڕشگێڕین، وڵاته‌که‌یان تاڵان کرد له‌و ٣١ ساڵه‌دا، ئه‌وه‌ی له سه‌ر خاک و له بن خاکه فرۆشتوویانه، بۆ ئاگاداریت ئه‌مانه شۆڕشگێڕیش بوون، ئه‌وان ناویان له خۆ نابوو شۆڕشگێڕ، من شۆڕشگێڕم نه‌بینیوه که سیاسی بێ و له ئاخیردا ببێته میلیاردلهر. باشه باس له کامه دادپه‌روه‌ری که‌م که له وڵاته‌که‌ی خۆم تا به دورترین کیشوه‌ر ده‌گا، به پێی خوێندنه‌وه‌کانی من هیچ بیرمه‌ندێک نیه له سه‌ده‌ی بیست، بیست ویه‌ک که بڵێ له وڵاته‌که‌م هه‌موو شت جوانه، هیچ عه‌یبێک نیه، دادپه‌روه‌ری هه‌یه، ئه‌وه من په‌شیمان ده‌بمه‌وه و پاکانه ده‌که‌م.
هێما: با له‌م به‌ستێنه‌دا یه‌ک تێبینم هه‌بێ، بیرمه‌ندی خوێندنگای ڕه‌خنه‌گرانه‌ی فڕانکفۆرت “ئادۆڕنۆ” ده‌ڵێ، ئێمه بۆیه به‌رده‌وام ڕه‌خنه ده‌گرین، چونکه به باشی ده‌زانین که چ دۆخێک نادادپه‌روه‌رانه‌یه، به‌ڵام گه‌ر لێمان بپرسن که چ دۆخێک ده‌توانێ دادپه‌روه‌رانه بێ، ڕه‌نگه ئه‌وکات زمانمان بشکێ و توانای هیزریشمان ئه‌وه‌نده بڕ نه‌کات، که دۆخێکی ته‌واو عادڵانه‌ی پێ پێناسه بکه‌ین. دۆخی دور له عه‌داڵه‌ت زوو هه‌ست پێده‌که‌ین، به لایه‌نه نهرێنیهکهیهوه زوو ده‌توانین هێڵکێشی دۆخه‌کان بکه‌ین و دیارده‌کان بخه‌ینه قاڵبی وشه‌وه.
شێرزاد حه‌سه‌ن: بێگومان چاره‌سه‌ر نیه، ئه‌وه شه‌ست ساڵه که من له‌و بواره‌دا (مامۆستایی، سه‌په‌رشتیاری هتد) ده‌که‌م، یانی چه‌ندان پۆست و پله‌ی جیاوازم بووه، له بواری په‌روه‌رده و هه‌روه‌ها، له سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به هیچ شێوه‌یه‌ک ئومێدێک به‌دی ناکه‌م، چونکه هه‌یکه‌لی خێزان پیرۆزه، مزگه‌وت هه‌ر نابێ قسه‌ی له سه‌ر بکه‌ی، فه‌قێ به شه‌ش مانگ ببێ به فه‌قێ پیرۆزه، نازانم یه‌کسه‌ر پیرۆز ده‌بێ، هه‌روه‌ک بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی (ئێستا ناوه‌که‌یم له یاد نیه) که نه‌قدی عه‌قڵی غه‌رب ده‌کا و حه‌وت ساڵ ده‌خرێته زنیندانهوه، ده‌ڵی: من چوومه سووید و بینیم، کومۆنیزم ناعهلمانییه، نادادپه‌روه‌ره، به جۆرێک وه‌حشه‌تگه‌رییه، که ناتوانم جێگه‌ی که‌مه‌وه له‌و هه‌موو وهحشهتگهریانه که ئایینه‌کان به درێژایی مێژوو کردیان، واته ئایدیۆلۆجی هیچ سات پیرۆز نییه، جا چ ئاسمانی و چ زه‌مینی بێ، هه‌ر ده‌مانباته‌وه به‌ر ده‌روازه‌که‌ی دۆزه‌خ و به خوێنباران کۆتایی دێت. هه‌ر که‌س که ئه‌مڕۆ له ڕۆژهه‌ڵات گه‌شبین بێ، ئه‌وه بڕواته خه‌سته‌خانه و به دوای چاره‌سه‌ردا بڕوا باشترین کاره، چونکه ئه‌و که‌سه تێکچووه، با بچێته خه‌سته‌خانه‌ی ده‌روونیی، “هێربه‌رت مارکۆزه، ڤیلهیلم ڕایش” که نه‌قدی “فڕۆید” ده‌که‌ن، ئه‌ڵێن گه‌مه‌یه‌کی چه‌په‌ڵ هه‌یه له رێی کوشتنی “ئیرۆس”، ئه‌وان ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ی که ده‌گوزه‌رێ ته‌نیا مه‌رگدۆستییه. هه‌ربۆیه به نوسه‌ری ئاژاوه‌گێڕ له قه‌ڵه‌م ده‌درێن، یا به‌و جۆره نووسه‌رانه ده‌گوترێ عه‌لمانیی، عه‌لمانیش له لای ئێمه یانی بێئه‌خلاق.
هێما: ئێمه ته‌نیا دوو پرسیارمان ماوه، هه‌روه‌ک ئێوه ئاماژه‌تان پێدا له رۆژهه‌ڵاتی ناوین رهشبینیهک ئێخه‌ی زۆرانی گرتووه، کابرای شۆڕشگێڕ و سیاسه‌تووان به پیشه‌که‌یه‌وه بیزنیز ده‌کا و بووه‌ته سه‌رمایه‌دار، له وڵاتانی غه‌ربیش ده‌گوترێ که مرۆڤی سه‌رده‌م مرۆڤێکی تاکی خۆپه‌ره‌سته، که‌سێکه که کۆمهڵدۆست نییه، ته‌نیا بیر له خۆی ده‌کاته‌وه، مرۆڤێکی ئه‌تۆمیزم و تاکخوازه، هه‌ربۆیه لێره‌ش گله‌یی زۆره، گله‌یی له‌وه هه‌یه که زۆر خه‌سڵه‌تی ئینسانیی و مرۆڤبوون له ده‌ست ده‌ده‌ین، یانی به گشتی خودی مرۆڤ، مرۆڤدۆست نه‌ماوه؛ باشه رای ئێوه سه‌باره‌ت به‌م دیارده چییه؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: با ئاوڕێک له خوێندنگای ڕه‌خنه‌گرانه‌ی فڕاکنفورت بده‌ینه‌وه، من خۆم له ژێر کاریگه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی “ئێڕیش فڕۆم” و “هێربه‌رت مارکۆزه”–دام، من به هه‌ردووکیان زۆر سه‌رسامم، چونکه ئه‌وان نه‌قدی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ده‌ی بیست ده‌که‌ن، بۆ ئاماژه‌دان به‌و پرسیاره‌ی ئێوه با ئاماژه به‌و کتێبه بده‌ین که بریتییه له “مرۆڤی تاکڕه‌هه‌ند”، جا مه‌به‌ست له‌و تاکڕهههندییه چییه؟ ئه‌و مرۆڤه هه‌موو هه‌ست و تێڕوانینێکی بۆ شته جوانه‌کان یا خه‌وتووه یا مردووه و نه‌ماوه، ئه‌وه کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک درووست بووه که جگه له خهسارگهری هیچی دیکه‌ی تێدا نییه. ئه‌و مرۆڤه مهسرووفگهرایه، خهسارگهره، له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام مه‌سه‌له مادییه‌کانن په‌لکێشی ده‌کا و ڕێنوێنی ده‌کا و ئه‌وانه‌ی له لا گرینگه. ئه‌و تاکڕهههندییه تاکڕهههندێکی مارتریالگهره، به مانای که‌ڵکه‌کردنی سه‌رمایه، “مارکۆزهش” هه‌روا به شێوه‌ی فڕۆید ئاماژه به مه‌رگدۆستی و نه‌مانی ئێڕۆس ده‌دا، ئه‌مڕۆ به ژن ناگوترێ سۆزانی و قه‌حبه و له‌شفرۆش، هه‌موو ئه‌وانه له لای من کفره، چونکه ئه‌و که‌سه‌ی که له بازاڕ هه‌وه‌س دهفرشێ، ئه‌وه زاده‌ی نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌که به بواری سیاسیی و ئابوورییه‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌و کاره ده‌کا. “مارکۆزه” ده‌ڵێ ئیڕۆس ئێمه‌ی زۆر بردۆته پێشه‌وه، به‌ڵام لایه‌نی دیکه‌شی هه‌یه، هه‌روه‌ک “ژان پۆل سارتره” ده‌ڵێ: ئێمه له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین، به جێگه‌ی ئه‌وه که مرۆڤ خاوه‌ن سامان بێ، ئه‌وه پاره و سامانه و کهڵهکهکردنیهتی که بووه‌ته خاوه‌نی مرۆڤه‌کان. ئێمه ئێستا له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که فڕانکفۆرتییهکان و زۆر بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی دونیا باس له سه‌رده‌مێکی تاریک ده‌که‌ن، پێشتر له ژێر سایه‌ی دیندا تاریکیمان ده‌بینی، ئه‌مڕۆ له ژێر سایه‌ی کاپیتالیزمدا له تاریکییدا ده‌ژین. ئه‌وه‌ی که “فڕانسیس فوکۆیاما” ئاهه‌نگێک ده‌گێڕێ، پاش نه‌مانی سۆسیالیزم که ده‌ڵێ لیبڕالیزم و کاپیتالیزم سه‌رکه‌وتن، خۆ ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نیه که کاپیتالیزم موعجهزهیهکی پێیه، هه‌ر ئایدیۆلۆژیه‌ک و هه‌ر ئیدئالێک که تازه دێته ئاراوه و خه‌ڵک هیوایان پێیه‌تی، ئه‌وه له سه‌ره‌تاوه به‌ره‌وپیری ده‌چن و پاش ماوه‌یه‌ک ده‌یخه‌نه به‌ر پلارکی ره‌خنه. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه من شانازی به غه‌رب ده‌که‌م، چونکه عه‌قڵێکی نه‌سره‌وتوو له ئارادیه، به پێچه‌وانه‌وه، عه‌قڵی ئێمه عه‌قڵێکی خه‌وتووه، ئێمه له سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نیا دوو که‌سمان هه‌یه که خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرتووه، “ئورهان پامووک” له تورکیا له بواری ئه‌ده‌بییاتدا، ئه‌و رۆژه له تورکیه بوو به رۆژی شیوه‌ن و پرسه، چونکه گوتی ئێمه ئه‌رمه‌نییه‌کانمان قه‌تڵوعام کرد، دواتر خۆشی ده‌زگیرانێکی ئه‌رمه‌نی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش بۆ تورکه‌کان قابیلی قه‌بووڵ نه‌بوو. له‌و لاوه “نه‌جیم مه‌حفووز” که به‌ر چه‌قۆ ئه‌درێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی کتێبێک به ناوی “تاڵانی گه‌ڕه‌کی ئێمه” ده‌نووسێ، قاتڵه‌که‌ی پێگووتراوه ئه‌و کابرا بکوژه ده‌چیته به‌هه‌شت، باوکه‌ڕۆ ئه‌و کابرا له به‌ر حۆری و ئه‌و جۆره شته چه‌نده چڵێس بووه، بۆ به‌ره‌و بهههشتچوون ئه‌م کاره ده‌کا، به‌بێ ئه‌وه‌ی بشزانێ که ئه‌سڵه‌ن ئه‌ده‌ب چییه. دواتر ئێمه ئه‌و جۆره شتانه‌مان درووست کردوه، من خۆم نه تاقه‌تی ئه‌و به‌هه‌شته‌م هه‌یه که ئێوه باسی ده‌که‌ن و نه ئه‌وه‌نده‌ش له‌و جه‌هه‌نه‌مه ئه‌ترسم که ئێوه پێناسه‌ی ئه‌که‌ن، هیچیان جێگه‌ی سه‌رنجی من نین ئه‌و دوانه. من خۆم له ده‌ره‌وه‌ی به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م ئه‌بینم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و دووانه هه‌بن، ئه‌وه بێگومان من ده‌چمه دۆزه‌خ. ئاخر مهئقول نیه که له ژێر عه‌رشی خوا که ناخه‌وێ، نانوێ، ناخوات ئیشم ئه‌وه بێ خۆم ڕووت که‌مه‌وه و خه‌ریکی حۆری بم، ئاخر خۆ که‌رامه‌تم قه‌بووڵی ناکا، من یه‌ک دونیا رێزم بۆ ئه‌و خودایه‌ی ئه‌وان هه‌یه که هه‌موو رۆژ زکری بۆ ئه‌که‌ن، به‌ڵام له‌وێ به قونی ڕووتی خه‌ریکی حۆرین، من کافرهکهم که پێم عه‌یبه. مه‌لا حه‌سه‌ن که قورئانی پێ خه‌تم کردم له گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشینی هه‌وڵێر به ناوی کوران، گوتی کوڕم کڵاوێک له سه‌ربکه چونکه به‌رامبه‌ر خودا وه‌ستاوی، مهئقوله من له ته‌مه‌نی دوانزه ساڵیدا کلاو ده‌که‌مه سه‌رم که قورئان خه‌تم ئه‌که‌م، دواتر به‌م ته‌مه‌نه‌وه که هۆشمه‌ندم نه‌ک به سه‌ری رووتی، به‌ڵکه به قوونی ڕووتی بچمه لای خودا و بڵێم کوانێ حۆریهکهم و له کوێن، ئه‌وه هاتووم و چاوه‌ڕوانم. بڕوا بکه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کاره‌ساته، ته‌ماشای ژینا بکه، هه‌ندێ له قژی ده‌رکه‌وتووه، بزانه چ قیامهتێکیان درووست کردووه، باس له چ عه‌داله‌تێک بکه‌م، ئاخوونده‌کان ئه‌وه‌نده ترساون، خودایه‌ک هیچ ئیشێکی نه‌بێ بێجگه له‌وه‌ی سه‌یری پرچی ژینا بکا و بڵێ ئه‌وه بۆ فریای نه‌که‌وتن، ده‌ی بۆ نه‌تان کوشت، ده‌بێ بیکوژن و بیبڕن چونکه خودا عاجز بووه. باشه ئه‌مه چ ئاینێکه، ئه‌مه له کام مۆزه‌خانه جێگای ده‌بێته‌وه؟
هێما: با وه‌ک دوایین پرسیار، ئێوه وه‌ک ئه‌دیبێک چۆن وه‌ڵامی ئه‌و پرسه ده‌ده‌نه‌وه که فه‌لسه‌فه به‌رده‌وام بۆ گشتی و عام ده‌ڕوانێ و که‌متر خۆی به چاره‌نووسی تاکه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌کا، ئه‌وه‌ی که ئه‌ده‌ب توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه دونیایه‌کی جوان و سه‌رنجڕاکێش وێنا بکا، جا ئه‌گه‌ر له رووی خهیاڵهوهش بێ، ئایا ئه‌ده‌بییات ده‌توانێ له پرسی دادپه‌روه‌رییدا خزمه‌تێک بکات؟ خزمه‌تێک که له ده‌ستی فه‌لسه‌فه نه‌وه‌شێته‌وه؟
شێرزاد حه‌سه‌ن: له روانگه‌ی منه‌وه ئه‌ده‌ب یه‌کیك له‌و کێڵگانه‌یه که زیاتر له هه‌ر کێڵگه‌یه‌کی دیکه شه‌عبییه، فه‌لسه‌فه له‌و ژانڕانهیه که هی ده‌سته‌بژێره، ئێستا له رۆژئاوا منداڵان فه‌لسه‌فه ده‌خوێنن، له لای ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له هه‌ولێر به‌شی فه‌لسه‌فه داخراوه، گوتیان زیاده، هه‌ربۆیه له کوردی‌دا به فه‌لسه‌فه ده‌گوترێ فڵته‌فڵت، یانی فڵته‌فڵت له فه‌لسه‌فه‌وه هاتووه، زۆرجار ده‌گوترێ قسه‌ی کتێبانه مه‌رج نییه، منیش ده‌ڵێم کاکه ئه‌وه هی کتێب نییه و ئه‌زموونی ژیانمه. به‌ڵێ ئه‌ده‌بییات ئه‌و سیحره‌ی هه‌یه، جا تۆ باست له جوانیی کرد، ڕاسته ستاتیکایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باسی دز و جه‌رده و پاڵه‌وانی به‌دکار بکه‌ین که له دونیادا هه‌بوونی هه‌یه، ئه‌وه ئه‌ده‌ب به شێوه‌یه‌ک مه‌تره‌حی ده‌کا که لایه‌نه ئینسانییه‌کانی پیشان ده‌دا، من خۆم هیچ ئه‌دیبێک ناناسم سووک سه‌یری باڵای ههوهسفرۆش بکا، بۆ وێنه ئه‌مڕۆ له ئه‌ورووپا پێیناگوترێ سۆزانی، قه‌حبه، له‌شفرۆش یا ههوهسفرۆش، به‌ڵکه پێیده‌گوترێ کۆیله‌ی سپی، زۆر جار ئه‌و جۆره ژنانه که توڕه ده‌بن و بێزارن ده‌ڵێن: ئێوه ده‌بێ سپاسی ناوگه‌ڵی ئێمه بکه‌ن، ئه‌و ماڵانه ئێمه رامانگرتوون، ئه‌گینا هه‌مووی ده‌ڕوخان، چونکه ژن و مێرده‌کان ئه‌مڕۆ وه‌کوو خوشک و برایان لێهاتووه. با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسه‌که، له راستییدا ئه‌ده‌ب یه‌کێ له هه‌ره شته غهریبهکانه، مێژوو زۆر جار پڕه له درۆ، ئه‌ده‌ب هه‌ندێ جار ئه‌و که‌لێنه پرده‌کاته‌وه، ئه‌و که‌ڵێنه‌ی که مێژوو لێی ده‌ترسێ یا ده‌ره‌قه‌تی نایه، یان به درۆ ده‌یڕازێنێته‌وه، ئه‌ده‌بیات ئه‌و که‌لێنه پڕده‌کاته‌وه و حه‌یای ده‌با، ئه‌ده‌بیات دهمامهکهان داده‌ماڵێ، رۆحی ئینسان به ته‌واویی به رووتیی پیشان ده‌دا، له هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌ی که من له ژیانمدا ئه‌زموونم کردووه، هه‌رشتێکم ده‌خوێنده‌وه گومانی له لا درووست ده‌کردم، جا فه‌لسه‌فه یا خۆ ده‌روونناسی بوایه، به‌ڵام ئه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بدا بوو که گومانی جیددیم له‌لا درووست بوو. له ئهدهببیاتدا درۆی ئه‌نقه‌ست به‌دی ناکه‌ین، ئه‌دیبه‌کان باس له ژیانی مرۆڤ ده‌که‌ن به مانای هه‌ره تراژیدیایه‌که‌ی، تراژیدیا یان دراما، چونکه له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه، ئه‌مانه بوون. ئایا کۆمیدیا هه‌یه؟ کۆمیدیاش هه‌یه، زۆر جار جوانترین کۆمیدیا کۆمیدیای ره‌شه، ئایا مرۆڤ پتر پێکه‌نیه‌وه یا گریاوه، بێگومان رووبارێک له فرمێسکی خه‌نده رۆیشتووه، لایه‌نی خشنودی و گریان و شینیش بووه. ئه‌ده‌ب نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک بخرێته خانه‌ی ره‌شبینیی و گه‌شبینیی، ئه‌ده‌بی ڕاقی ئینسانت وه‌کوو خۆی پیشان ئه‌دا، به‌ڵام به دونیایه‌ک پرسیار وگومانهوه که ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که تۆ که‌سێکی تازه درووست بکه‌ی، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بییات نه‌بووایه، فه‌لسه‌فه به ته‌نیا ده‌ره‌قه‌ت نه‌ده‌هات. منیش دره‌نگ به فه‌لسه‌فه ئاشنا بووم، ئه‌گه‌ر به منداڵی فه‌لسه‌فه‌م بخوێندایه‌ته‌وه، ئه‌وه له گه‌نجی و له گه‌وره‌ییدا فریای خۆم ئه‌که‌وتم، یانی نه‌ک به پیریی، به‌ڵکه به گه‌نجی فریای خۆم ئه‌که‌وتم، به‌ڵام ئه‌ده‌ب جوانییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه میلیگهرایه، ئایه ئه‌ده‌یبی وا هه‌یه تێینه‌گه‌ین؟ به‌ڵێ، به‌ڵام تێنهگهیشتنهكه عه‌لاقه‌ی به باکڕاوندی خۆمانه‌وه هه‌یه، بۆ وێنه “هێرمان هێسه” کتێبێکی هه‌یه به ناوی گه‌مه‌ی کهلاشوشه یا هه‌ڵماتێن”، خوێندمه‌وه، هیچ تێنه‌گه‌یشتم، دوو، سێ جاریش، چونکه من “هێرمان هێسهم” زۆر خۆش ده‌وێ، دوایی براده‌رێکی عه‌ره‌ب سه‌لماندی که بۆ من له‌و ڕۆمانه تێنهگهێشتووم، ئه‌و ده‌ڵێ ده‌بێ تۆ له بیرکاری تێبگه‌یت، شاره‌زاییت له موسیقادا هه‌بێ، ئه‌وه‌یش به شێوه‌ی زانستی و ئه‌کادیمیی، ده‌ی من له هه‌ردوکیاندا کڵۆڵ بووم، بۆیه له‌و رۆمانه هیچ تێنه‌گه‌یشتم. ئه‌و رۆمانه بۆ ده‌سته‌بژێرێک نه‌نووسراوه، به‌ڵکه بۆ هه‌موو که‌س، به‌ڵام ئه‌و ته‌سه‌وڕی وایه که هه‌ولێر پڕه له زه‌لامی وا، نه‌خه‌یر وا نییه، له خودی ئاڵمان که‌س زیاترن که ئه‌و شارهزایهییان هه‌یه. قسه‌یه‌کی “ماریو ڤارگاس لۆسا” ده‌ڵێ، ئه‌دیب هه‌میشه له‌و شوێنه کار ده‌کا که خودای لێ نییه، یانی ئه‌و شوێنه هێشتا نه‌که‌وتۆته دونیای خورافات، من له مه‌مله‌که‌تێک ئیش ده‌که‌م که خودا زۆر ده‌مێکه داگیری کردووه، به مانا خورافیهکهی.
ئه‌م دیداره له لایه‌ن د. هیوا عهلیدۆستهوه سازدراوه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مانگی نۆوامبری ساڵی ٢٠٢٢