ئهوه زیاتر لە پێنج مانگ بە سهر دەستپێکی نوێترین ڕاپەڕین لە کوردستان و ئێران تێپەر دەبێت، بە بڕوای کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵناسی بیانی و ناوخۆیی ئەو ڕاپەڕینە وەک رێنهسانسێک دەتوانێ پێناسە بکرێک کە لە دوو ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆک کۆمەڵگەی خستۆتە ئاستێکی نوێوە، واوهتر سەری گەڕانەوەی نییە و دەتوانێ سەرەتای شۆرشێک بێت کە بنج و بنەمای کۆماری ئیسلامی لە داھاتوودا تێکبدات و بیرووخێنێت، لەو وتارەدا حەول دراوە کە بنەما سەرەکییەکانی ئەو ئاخێز یان راپەرینە پێناسە بکرێت.
گەڕانەوەیەک بۆ مێژوو:
بە چاوخشاندنێک به سهر دروشمی سەرەکی شۆڕش، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو شۆرشە، شۆڕشێکی ئیجابییە. گهر بڕوانینه شۆرشی پێشتری ئێران، درووشمەکان یان داخوازییەکان تەنیا لەسەر ئەوە بوون کە رژیمی موستەقەر دهبێ بڕوا، و ھیچ روانگەیەکی سەرەکی لەسەر ئەوەی رژیمی جێگرەوە دەبێت چ تایبەتمەندییەکی ببێت، نەبوو. دیارە ئەو ڕوانگەیە کوردستان ناگرێتەوە و لە کوردستان ئەوە جیاواز بوو و داواکارییەکان ڕۆشن بوون و گەلی کورد دەیزانی چی دەوێ؛ ههر لەسەرەتاوە کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا نەیتوانی هێژمۆنی خۆی داسەپێنێت و هیچ کات وێنەی خومەینی لە کوردستان لە ناو مانگدا نەبیندرا؛ بەڵام ئەوەی کە لە دەرەوەی کوردستان دەبیندرا سەراسەر پێچەوانەی کوردستان بوو. دەسەڵاتی تازەی مەلاکان وێنای مەدینەیەکی فازیلە بوو و مزگێنی ژیانیکی نوێی بۆ خەڵک پێبوو، گرووپگەلی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە راستەوە بۆ چەپ و نەتەوەیی لە ژێر سێبەری خومەینی گیرسابوونەوە و چاوەڕێ بوون بڕیار بدا تا ئاسمان بێننە خوارێ و زەوی بۆ بەرنە ئاسمان. بەڵام هەر لە سەرەتاوە کوردستان خوێندنەوەیەکی سەراسەر واقێعبینانەتر و دوور لە ئێحساسات و ئازادیخوازانەتری سەبارەت بە دەسەڵاتی تازە هەبوو و تا ئەورۆکەشی لەگەڵ بێت وەک جوگرافیایەکی جیاواز هەڵسووکەوتی کردووە و دەیکات.
شۆڕشی ژینا:
شۆڕشی ژینا پاش قەتلی ژینای کورد لە تاران بە دەست هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بە سەرهەڵدانی یەکەم ناڕەزایەتی گەورە لە سەقز و سنە دەستی پێکرد و پاش ماوەیەکی کورت هەموو چوارچێوەی ئێرانی تەنییەوە و ژینا بوو بە رەمزی بەرخۆدان و ژن، ژیان، ئازادیش بوو بە ڕێگەنیشاندەر و دروشم و مانیفێستی شۆڕشەکە.
دروشمی ژن، ژیان ئازادی وەک مانیفێستی شۆڕش:
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەک سێ وشەی بە ڕواڵەت کورت، بەڵام بە ناورۆک قووڵ کە مانیفێستی شۆڕشەکە پێناسە دەکات، بەو مانایەیە کە خەڵک دەزانن چ جۆر حوکمڕانی و دەسەلاتێکیان دەوێ، یان تایبەتمەندییەکانی ئەو ئارمان و ئیدئالانە بۆ داھاتوو دەبێ چی بێت. ئەو دەستکەوتە بە بەراورد لەگەڵ شۆرشی پێشووی ئێران کە لەگەڵ ئەوەی کە چین و توێژ و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران تێیدا بەشدار بوون، بەڵام خاڵی جەوھەری بزر بوو، بە پێچەوانەوە ئەو دروشمە، ئیدئال و بەرنامە و داواکارییەکانی ئەو شۆرشە بۆ پاش ڕووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی، دیاری دەکات. بەرابەری رەگەزی، پلۆرالیسم، ئازادی و یەکسانی و عهداڵەتی کۆمەڵایەتی وەک تەوەرگەلی سەرەکی ئەو شۆرشە ئەوینی درووستکردنی ئێرانێکی نوێ دەدات، ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان و ئێران روو دەدات نە تەنیا لە مێژووی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو مێژووی ھاوچەرخی ئێران و رۆژھەلاتی ناوین بێ وێنەیە.
ژنان وەک پێکهێنەری چوارچێوەی شۆڕشی ژینا:
ئەو راپەرینە ڕاپەرینی ژنان نییە، بەڵام ژنان پێکھێنەری سەرەکی ئەو شۆڕشەن، ئەو تایبەتمەندییەش شۆڕشی ئەو رۆژانەی ئێران لە چوارچێوەی رۆژھەڵاتی ناویندا لە سەدەی رابردوو بێ وێنە دەکات، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکەم شۆڕشە کە بەرابەری رەگەزی پێناسەی سەرەکیی شۆڕشەکەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ناوچەکەدا ئەو ئاستە لە تێگەیشتوویی سیاسی بێ وێنەیە. دیاردەیەکی گرنگی تری شۆڕشەکە پاڵپشتی پیاوان لە داخوازییە یەکسانیخوازانەکەی ژنانە. پیاوان لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا پاڵپشتی ئەو دروشمە بەرابەریخوازانانە بوون، تێچوویان بۆ داوە و باوەڕیان پێیەتی، ئەوه سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دروشمی یەکسانیخوازی لە کۆڕ و مەحفیلی ڕۆشنبیرانەوە چووتە بن و ناوەرۆکی بزووتنەوەکە و لە بەستێنێکی ستراتژیک و داهاتووتەوەردا خۆی دەبینیتەوە.
بەشداری گەنجان و قوتابییان لە شۆڕشەکەدا:
خاڵی سەرەکیتری شۆڕشەکە ئەوەیە کە پێکھێنەرانی سەرەکی ئەو شۆرشە گەنجن، کە لە ئێران بە دەیەیەی ھەشتایی یان چینی زی ناسروان کە لە باری کۆمەڵناسی و سایکۆلۆژیکەوە تایبەتمەندی خۆیان ھەیە، وەک بوێری کۆلنەدان و ئێنێرژی و …. چینێک کە ھیچ بیرەوەریەکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە و بە ھیچ شێوازێک خۆیان لە پارادایمی ئایینی کۆماری ئیسلامی نابیننەوە، بەشداری ھەموو چین و توێژەکانە لەو شۆرشە، جیاوازی تایبەتی ھەیە لەگەڵ ئاخێزەکانی پێشتر لە ساڵانی رابردوو لە ئێران؛ داواکاری سیاسی، کۆمەلایەتی و ئابووری تێدایە. شۆڕشێکە لەسەر ئەساسی یەکسانخوازی لە ئێران بهڕێوه دهچێ، ئاکامێکیتری شۆڕشەکە یەکگرتوویی و یەکدەنگییه لە چوارچێوەی سەرانسەری ئێران، تەنانەت دەرهوەی ئێران و دیاسپۆڕاشی گرتۆتەوە. ئەو رادەیە لە یەکگرتوویی و یەکدەنگی لەناو کۆمەڵانی خەڵک لە دەرەوەی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، دهستکهوتێکی مێژووییه، ئهگهرچی دهبێ لە داهاتوودا کاری زیاتری بۆ بکرێت، چونکه شۆڕشەکە پێویستی بەو یەکگرتووییە و تهنانهت زۆر لەوه زیاتریشی دهوێت. جێگای سهرنجه که هیچکات ئێرانییەکان بهو رادهیه لەیەک نزیک نەبوونەتەوە، چونکه کۆماری ئیسلامی ھەر لەسەرتای ھاتنهسەرکارییهوه حەولی داوه بە لێکدوورکردنەوە له نێو کۆمەڵگەدا، به درووستکردنی خودیی و ناخودیی و ئەتۆمیزەکردنی خەڵک و درووستکردنی بێ مەتمانەیی لە خەڵکدا، جیاوازی و ناتهبایی بهرچاو دروست بکات.
کۆماری ئیسلامی کهم کات بهو شێوه لە لایەن کۆمەلگەی نێودەولەتی چ لە نێو بیری گشتیی وڵاتانی دەرەوە چ لە ناو ھێز و لایەنە سیاسییەکان کەوتبێتە ژێر گوشارەوە. دیارە ئەوەش دوو ھۆکاری سهرهکی ھەیە: یهکهم، دروشمی ئازادیخوازانە و مودێرنی شۆڕشەکەیه، و دووهم کوشتنی بێ رهحمانەی مناڵان و ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامییهوه. پاشان ئهوه رەفتارە ناموتەعارفەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه که لە ساڵانی رابردوودا چ لە رووی تێکدانی ناوچەکە، نەسازان لە کەیسی ئەتۆمی و بەشداری لەشەڕی رووسیە و ئوکراین، بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا و خەڵکی خستۆتە یەک ڕێڕەوەوە.
زانکۆکان وەک سەنگەری ئاوەدانی شۆڕشی ژینا:
تایبەتمەندییەکی سەرەکیتری ئەو شۆڕشە زانکۆکان و خوێندکارانی زانکۆکانن، کە وەک خوێن و وزەی شۆرش لەو ماوەیەدا پێناسە دەکرێن. زانکۆکان وەک ستوونی جیھانی مۆدێرن دهبینرێن که لەگەڵ ساختار و سازمانێکی ئیدئۆلۆژیکدا ڕووبهڕوو دهبنهوه، کە باوەڕی بە مۆدێرنیزم لەسەر ئەساسی بیری رەخنەگرانە نییه، باوهڕی به ئەحزابی سیاسی و مەفھوومی شەھرەوەند وەک روکنی سەرەکی دەولەت، میللەت نییە. ئهو نیزامه به درێژایی تهمهنی حەولی داوە که کۆمەڵگەی مەدەنی و نەھادە مەدەنییەکان، کە ناوەرۆکی بوونیان و فەلسەفەی وجودیان لە سەربەخۆ بوونیاندایه، لاواز بکات و بۆ بهرژهوهندی خۆی چوارچێوهیان بۆ دابنێت، ههتا بهرهو مهبهستێکی تایبهتی خۆی ڕایان بکێشێت.
ئەوەی لە زانکۆکان لە ماوەی دەستپێکی ئەو شۆڕشەدا گوزەرا بێ وێنەبوو، زانکۆکان رۆڵی سەرەکییان لە شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشان لە دەیەی ھەشتا و نەوەدی ھەتاوی گێڕا، لە ساڵی ٧٨ی ھەتاوی یەکەم بزووتنەوەی بەرینیان پاش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گێڕاو و پاشان لە ساڵی ٨٨ و بزووتنەوەی سەوز دەوری سەرەکییان بوو، بەڵام پاش ئەوە لە ساڵانی رابردوو دەنگ و رەنگی خوێندکاریی لە ئاستی ئێراندا زۆرتر دەنگێکی داخوازی−تەوەر بۆ بەشێک لە مافە سێنفییەکانیان دەگەڕاوە و کەمتر سیاسیی بوو. بەڵام لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشەکە زانکۆکان کەوتنە ریزی یەکەم یا خود سەنگەری یەکەمی شۆڕشەکە، تایبەتمەندییەکانی زانکۆکان و خوێندکارانی زانکۆ دەتوانێ لە چەن بەشدا ئاماژەی پێبکرێت.
١- بەشداری خوێندکارانی زیاتر لە ٨٠ زانکۆ لە شۆڕشی ژینادا.
لە ماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوو زۆربەی زانکۆکان تەنانەت زانکۆ پزشکییەکان کە لە ئاخێزەکانی پێشووتر کەمتر بەشدار بوون لە مەیداندا بوون و بەشداری فیزیکیان بووە، لەگەڵ ئەوەی کە زانکۆکان لە سەرەتای شۆرشەکەوە کەوتوونەتە بەر پەلاماری ھێزە سەرکوتکەرەکان و ھێرشیان کراوەتە سەر، دەستبەسەرکراون و بریندار و چەن کەس گیانیشیان بەخت بووە، بەڵام تا ئەورۆکەشی لەگەڵ بێت بۆ یەک رۆژیش نەبووە کە بە شێوازگەلی جۆراوجۆر ئاکسیۆنیان بەڕێوە نهچن و دەنگیان کز بووبێت.
٢- ئاوانگاردبوونی زانکۆکان لە درووشم و داخوازی.
ئەوەی کە لە زانکۆکان لەو رۆژانەدا بەڕێوەدەچێت نە تەنیا بەشداری مەیدانی، بەڵکوو پێشڕەو بوون و پێشەنگبوون لە شۆڕشەکەیە، خولقاندنی زۆربەری درووشمە رادیکاڵەکانی سەر شەقام کە لە لایەک ساختارشکێنەر و لە لایەک داھاتووتەوە و خەسارناسانەیە، لە زانکۆکان بوو کە درووشمی رادیکاڵی دژ بە رێبەری کۆماری ئیسلامی خولقێندرا، ئهوه خوێندکارانی زانکۆی شەریفی تاران بوون که وەک یەکەم زانکۆی ئێران لە بواری زانستییەوە ئهو درووشمهیان هاته سهر زار.
٣- تێکدانی نەزمی رەگەزی و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆکان.
یەکسانی رەگەزی وەک داخوازییەکی سەرەکی کە خۆی لە درووشمی ژن، ژیان ئازادیشدا دەبینێتەوە بۆ یەکەم جار لە تێکەڵبوونەوەی خوێندکارانی کچ و کور لە زانکۆکان لە سێلفی خواردن خۆی بینییەوە، ئەوەش وەک یەکەم نموود یان ئاماژەی بە کردەوەیی کردنی ئەو درووشمە لە کۆمەڵگەدا پێناسە دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە رابردوودا خەونی لەیەک جوداکردنەوەی خوێندکارانی لە پۆلەکانی خوێندنیشدا دەبینی.
٤- بەردەوام بوونی خۆپیشاندانی خوێندکاران.
ئەگە شۆرش وەک پرۆسەیەک پێناسە بکرێت و زۆرجار رەنگە بەشداری مەیدانی خەڵک لە شەقامەکان بۆ ماوەیەک کز و لاواز بووبێت، بەڵام ئەو تایبەتمەندییە لە زانکۆکان زۆر کەمتر بیندراوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوێندکاران ترسێکیان لە ھەزینەدان بۆ ئاخێزەکە نییە، لە ساڵانی رابردوو زۆربەی خوێنکاران پاش تەواوبوونی خوێندن نەیانتوانیوە جەزبی بازاری کار بن و ھیچ ھیوایەکیش بۆ داھاتوو لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ دۆزینەوەی کارێک بۆیسن نییە. زیاتر لە ٤٠ لە سەدی خوێندکاران بە پێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامیش لە حەولی کۆچ بۆ دەرەوەی ئێرانن و کۆماری ئیسلامی لە پلەی دوویەمی رێزبەندی کۆچی بیرمەندان لە ئاستی جیھاندایە، بە واتایەکی تر بۆ خوێندکاران ھیچ داھاتوویەک لە ئێراندا نییە.
ئەوهی لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە، کە رەنگە شۆڕشی ژینا ئاکام و سهرکهوتنی خۆی له لەناوچوونی کۆماری ئیسلامییدا ببینێ، ئهگهرچی هێشتا ئهو مهبهسته بە ئاکام نەگەیشتووە، بەڵام ئەوەی تا ئەورۆکە بەدەست ھاتووە بێوێنەیە، کۆماری ئیسلامی رەنگە بوونی فیزیکی خۆی بە رواڵەت راگرتبێ، بەڵام لە مێنتالیتەی کۆمەڵانی خەڵکدا پێنج مانگە کە لە ناوچووە.
هێمن بایەزیدپوور، مانگی ژانیوهی ٢٠٢٣