
له پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌دا، داوام لێ‌کرا به ویستی خۆم، وتارێک بۆ گۆڤاری «هێما» بنووسم. ئه‌م وتاره‌ی به‌رده‌ستی خوێنه‌ر، گشتی و کراوه‌یه و ده‌ربڕی بۆچوونی نووسه‌ره‌که‌یه‌تی و بۆ مەبەستی دانووستاندن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا نووسراوه، نه‌ک داسه‌پاندنی بیروبۆچوونی نووسه‌ر، کە خۆی ئاگاداره، زانین و زانیاری و تێگه‌یشتنی ئه‌و، سنوورداره! بابەتەکە له‌م به‌شانه پێکهاتووه: هێما وەک وشە، هێما وەک گۆڤار، هێما وەک زمانی فەلسەفە و سیاسەت، هێما حزب و میدیا]
‹هێما» وه‌ک وشه
له ئینترنێت گه‌ڕام به شوێن وشه‌ی «هێما» دا، وه‌ک ناوی که‌نیشک، لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووک، نووسینگه بۆ شۆفیری، لاپه‌ڕی ئینستاگرام که‌وته به‌رچاو. له ناو «ئاناهیتا» وشه‌دانێکی کوردی، به ئاماژه، نیشانه، سیمبۆل، ڕه‌مز مانا کراوه‌ته‌وه. له هه‌مبانه بۆرینه‌دا «هێما» وه‌ک ئیشاره‌ت و عاشرهت و هێشتان جێگای بووته‌وه. له ناو فه‌رهه‌نگی هه‌ورامی – سۆرانی «ئه‌هورا»، هه‌ر وه‌ک هه‌مبانه بۆرینه باسی لێوه کراوه. له ناو وشه‌دانی «ئه‌میرخان» کوردی- ئاڵمانی، ئاڵمانی – کوردی و چه‌ند فه‌رهه‌نگی کرمانجی، وشه‌ی «هێما» به‌رچاو نه‌که‌وت. له ناو فه‌رهه‌نگی کوردی- ئاڵمانی «فازل عومه‌ر» به مانای سیمبۆل، ئیشاره و «وێنه‌ی مانادار» هاتووه، که هه‌مان مانای ناو زمانه‌کانی ئووروپیی ده‌گه‌یینێت که سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ زمانی یۆنانی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئاماژه‌یه به شکڵ و فۆڕم، که وه‌ک نیشانه و وشه و شت به‌کارده‌هێندرێ بۆ نیشاندانی مانا.
«هێما، نیشانه، سیمبۆل» یه‌که‌مین دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ مه‌به‌ستی پێوه‌ندیگرتن، تێگه‌یاندن و تێگه‌یشتن، به‌ر له دوازده هه‌زار ساڵ بوو، که دواتر سیسته‌می ئهلف و بێ بۆ نووسین و خوێندنی لێده‌رهات.هه‌ڵبژاردنی ناوی «هێما» بۆ گۆڤاری فه‌لسه‌فی، فکریی، سیاسی، هه‌رچه‌شنه بۆچوونێکی له پشت بێت، له جێی خۆیدایه.
جگه له سرووشت و کائینات، سه‌رجه‌م جیهانی مادیی و مانه‌ویی به‌رهه‌می هزر و ده‌ستکردی مرۆڤه، که له ڕێگای نیشانه و سیمبۆل و «هێما»کانه‌وه، ده‌ناسرێن و پێناسه ده‌کرێن. زانست، فه‌لسه‌فه، سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵگا، هونه‌ر، ئابووریی، بازرگانیی، فه‌رهه‌نگ، ئیدئۆلۆژیی، ئایین و هتد، ته‌ژیی له هێما و سیمبۆل و ئیشاره و «وێنه‌ی مانا»دارن. نووسه‌ر و خوێنه‌ر له ڕێگای ئه‌م سیمبۆلانه‌وه که به ئهلف و بێ ناسراوه، بۆچوون و تێگه‌یشتنی خۆیان له جیهان و ئینسان ڕاده‌گه‌ێنن. «هێما و سیمبۆل» وه‌ک دیارده‌یه‌ک له ژیانی مرۆڤدا، جگه له لایه‌نی «مانا» لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، فه‌لسه‌فی، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ریی، ئهستهتیکی و زانستی ده‌گه‌ینێت که باسکردن لێی له بازنه‌ی بابه‌ته‌که‌ی ئێمه ده‌رده‌چێ .
«هێما» وه‌ک وشه‌یه‌کی کوردی، فۆڕم و مانایه‌کی شیرینی هه‌یه و هه‌ڵگری پێناسه‌ی کوردی بوونیه‌تی و خۆی له وشه هاوماناکانی نه‌ته‌وه‌کانی تر جیاده‌کاته‌وه و شیاوه، ببێته ناوی گۆڤارێکی فه‌لسه‌فی، زانستی، هزریی، سیاسی. زمانی کوردی له نێوان شه‌ش هه‌زار زمان، که تا ئێستا ماون، یه‌ک له په‌نجا زمانی گرنگی ئه‌مڕۆی جیهانه، که وه‌ک ئاخێڤهرانی به ناو مێژووی پڕ له چه‌وساندنه‌وه‌دا تێپه‌ڕیوه و پشتی ڕاست کردۆته‌وه.
ئه‌م زمانه کۆنه، سه‌رمایه‌ی شارستانیه‌تی مرۆڤه و ئاسه‌واری له ناو زمانه کۆن و نوێیه‌کاندا ماوه‌ته‌وه، ده‌بوو له سه‌رده‌می ئه‌سکه‌نده‌ری مهقدوونییهوه، که شوێن پێی فه‌رهه‌نگی، هونه‌ریی، فه‌لسه‌فی، زانستیان له ناو خه‌ڵکانی مێزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) و لێواری زنجیره چیای زاگرۆس‌دا به‌جێماوه، بکرابایه‌ته زمانی فه‌لسه‌فه و زانست. به‌ڵام نه‌کرا و ئه‌م زمانه چه‌ند هه‌زار ساڵ تێکه‌ڵ ئایین و خۆرافات و ئه‌فسانه کراوه و له جیاتی خزمایه‌تی کردنی زمانی یۆنانی و ڕۆمی، بووته ژێرچه‌پۆکه‌ی زمانه‌کانی عەره‌بی و پارسی و تورکی. «هێما» وه‌ک گۆڤارێکی فه‌لسه‌فی- زانستی ناتوانێ ئه‌و که‌لێنه چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یه پڕکاته‌وه، به‌ڵام ده‌توانێ گۆڤارێک بێت بۆ فه‌لسه‌فه و زانست به زمانی کوردی.
«هێما» وه‌ک گۆڤار
به‌رپرسانی گۆڤاری «هێما» پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که گۆڤاره‌که پشتئه‌ستوور ده‌بێ به ڕه‌وتی سیاسی – فکریی- سۆسیالیستی و له‌وه ده‌چێ، پشت به فێرگه‌ی فرانکفۆرت و باسه‌کانی فه‌لسه‌فی سه‌ده‌ی بیست و ئێستای ئه‌و ڕه‌وته ببستن، که ڕه‌نگه لێره‌و و له‌وێی کوردستان له ناو که‌سان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. ئه‌م پێداگرتنه له مه‌ڕ به سۆسیالیستی کردنی گۆڤاری «هێما» و ڕاگرتنی چه‌تری حزبی به سه‌ریه‌وه، مافی خۆیانه، با پرسیار خوڵقێنهریش بێت.
«هێما» و ده‌یان گۆڤاری وه‌ک هێما، بۆ تاوتۆکردنی سیاسه‌ت له ناو کورددا پێویسته، بۆ ئه‌وه‌ی بازنه‌ی ته‌سکی «سیاسه‌ت» و تێگه‌یشتنی ساکاری سیاسی کورد له «سیاسه‌ت»، بخاته ژێر پرسیار و «کۆنه گۆمی» بازاڕی «سیاسه‌ت» و «سیاسی» بشڵه‌قێنێ.
«هێما» ده‌توانێ ببێت به گۆڤارێک بۆ باسی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی» تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت و سیاسی» به‌ره‌و ئاستێکی به‌رز و به‌ره‌و ستانداردی په‌سه‌ندکراوی سه‌رده‌م ببات و له گه‌ڵ تێگه‌یشتنی باو، ته‌سک، نزم، پۆپۆلیستی پڕ له چه‌وتی له سیاسه‌ت و سیاسی، بکه‌وێته کێبه‌رکێ و دیالۆگ. له سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فی، هزریی- زانستی ده‌کرێ ئاوڕ له خه‌باتی سیاسی- نیزامی(سپایی) سه‌د ساڵی ڕابوردوی کورد بدرێته‌وه، که له بازنه‌ی هه‌ست و خۆزیا، فیداکاری و قاره‌مانسازی و دوگمی سیاسی- ئیدئۆلۆگی-دا سوڕاوه‌ته‌وه و تووشی تێکشکان و کاره‌سات و تراژێدی هاتووه. ده‌کرێ ئه‌م گوتنه به گرنگ وه‌ربگیرێ که به درووستی ئاماژه به‌وه ده‌دات که «کورد له بواری سیاسی و له سه‌ر مێزی سیاسه‌ت» دۆڕاوبووه! «هێما» ده‌کرێ بکرێته سه‌کۆی دیالۆگ، دانووستاندن، پرسیارکردن و تاوتۆێکردنی پرسیار.
«هێما» ده‌کرێ وەک لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی دوور له گۆڤاری باوی» ئه‌ده‌بی- سیاسی هه‌ستبزوێن» سەیر بکرێ بۆ په‌ره‌پێدان به تێگه‌یشتنی «مه‌نتقی – فه‌لسه‌فی» له سیاسه‌تدا. بۆ ئەوەی په‌رده له سه‌ر سیمای ته‌سک و پۆپۆلیستی ناسه‌رده‌میانه‌ی «سیاسه‌ت و سیاسی» لا بدات، بۆ ئه‌وه‌ی تاک و خه‌ڵکی کورد ده‌رفه‌تی بیرکردنه‌وه، تێگه‌یشتن و بڕیاردان له سه‌ر سیاسه‌ت و سیاسی و چاره‌نووسی خۆیان په‌یدا بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه گوێڕایه‌ڵی ئه‌م خه‌ت و ئه‌و خه‌تی چه‌وتی سیاسی و دام و ده‌زگا و حزب و ڕێکخراو و که‌سه‌کانیان.
کاری نوێ و دژوار، که‌سانی شاره‌زا، بهپڕێنسیپ، وردبین، دووربین و پشتئه‌ستوور به‌خۆی گه‌ره‌که، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕێگای نه‌بڕاو ببینن و له ڕێگادا به‌رده‌وام بن. کۆکردنه‌وه‌ی بیروهزر، فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت له گۆڤارێک‌دا، یاخود نووسینی بابه‌ت به پشت به‌ستن به فه‌لسه‌فه و تێگه‌یشتنی زانستی، جگه له‌وه‌ی تێگه‌یشتنی سیاسی قووڵتر ده‌کاته‌وه، به‌رچاوڕوونی به ڕێگای سیاسی و سیاسهتپیشهکان و خه‌ڵک ده‌به‌خشێ.
گه‌ر به تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی- سیاسی و به پشت به‌ستن به زانست، ئاوڕ له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی، حزبی، مێدیایی سه‌د ساڵی ڕابووردوی کورد بدرێته‌وه، گه‌لێک پرسیاری بێ وڵام خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئایا بیر وهزر و تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی – زانستی ده‌وری له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی- حزبی- مێدیایی کوردا، گێڕاوه؟ ئایا هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، پاڵنه‌ر نه‌بووه بۆ چالاکی سیاسی، حزبی، مێدیایی؟ ئایا یه‌ک له هۆ گرنگه‌کانی تێکشکان و سه‌رنه‌که‌وتنی خه‌باتی سیاسی، حزبی، مێدیایی، به‌تاڵبوونی تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی-زانستی له سیاسه‌ت و نه‌بوونی تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی له ناو نوخبه و به‌رپرسانی سیاسی و حزبیدا نه‌بووه؟
نه‌بوونی فه‌لسه‌فه و تێگه‌یشتنی زانستی له ناو هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا، ڕێگا بۆ ته‌شه‌نه‌ی ئایین، خورافات، ئه‌فسانه و هیوای بێ بنه‌ما له سیاسه‌ت، ئه‌ده‌بیات، فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر، مێدیا خۆش ده‌کات. هه‌ر سیاسه‌ت، هه‌ر حزب و هه‌ر ده‌زگایه‌ک له سه‌ر هه‌ر کام له‌و لایه‌نانه ساخ بێته‌وه، چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنی لێناکرێ. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وێ، که مێژووی سیاسی، حزبی، مێدیایی کورد له سه‌د ساڵی ڕابووردو به چ ڕێگایه‌کدا ڕۆیشتووه، ئانالیز و لێکدانه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌کانی کورد، دوور له پشت به‌ستن به هه‌ست و خولیا و هیوا و فهداکارییهکان، پێویسته. جیهانی سیاسه‌ت له سه‌ر زانست، لێکدانه‌وه وتێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی ساخ بووته‌وه و ئه‌وه ڕێگای سه‌رکه‌وتنی هه‌ر چه‌شنه جوڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، نه‌ته‌وه‌یی، حزبی یه و کوردیش ده‌گرێته‌وه!
«هێما» وه‌ک زمانی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت
له وشه‌دانی (Wörterbuch der philosophischen Begriffe) فه‌لسه‌فه به زمانی ئاڵمانی-دا ئاوا باس له فه‌لسه‌فه کراوه: «فەلسەفە خۆشەویستییه بۆ زانست، سۆفیا یەکەم بە مانای زانیاریی لە سەر کارێکی کراو دێ و دووهەم بە مانای تێگەیشتنی قووڵ لە هەموو ئه‌و شتانە و ئەو پرسانه‌ی پێوەندیان بە ژیانەوە هەیە.» به‌ر له سوقرات مانایه‌کی ته‌سک له زانست و زانا له ئارادا بوو، «زانا»، به مامۆستای «زانین» ده‌زانرا و به لایه‌نگریی له سۆفیستێکهوه ناوبانگیان ده‌رده‌کرد. لە سەردەمی پلاتۆن سنووری نێوان سۆفیست و فەیلەسوف ڕوونتر کرایه‌وه و به ته‌واوه‌تی دوو مانای جیاوازیان پێبه‌خشرا. سۆفیست به‌و که‌سه ده‌گوترا که له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی پاره، وه‌ک مامۆستا ده‌رسی ده‌گوته‌وه، بە پێچەوانە فەیلەسووف خۆی وا نه‌ده‌بینی و پێیوانه‌بوو له زانست و زانیندا به کۆتایی و که‌ماڵ گه‌یشتووه. فه‌یله‌سووف به‌و تێگەیشتنە گه‌یشتبوو کە زانین و زانستی ئەو سنووردارە و خۆشەویستی بۆ زانست و زانین بێبڕانه‌وه‌یه و فێربوونی زانست و زانین پرۆسه‌یه‌کی بێ کۆتاییه.
له هه‌مان فه‌رهه‌نگدا ئاوا باس له سیاسه‌ت کراوه: «سیاسه‌ت مامەڵاتی دەوڵەتی یان مامهڵاتێکه که ده‌وڵه‌ت ده‌یکا و پشت به زانستی سیاسی، دیسیپلین و هونەری رابەریکردن ده‌به‌ستێ که خۆی له ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا و له ڕواڵه‌ت و کاری به‌کرده‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه.» هه‌ر له‌و به‌ستێنه‌دا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی دێته گۆڕێ که تئۆری سیاسی و ئیدئۆلۆگی ده‌گرێته‌وه.
دووهه‌زار و سێسه‌د ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ ئه‌ره‌ستو له کتێبی «پۆلیتیک»دا، نووسی «مرۆڤ زینده‌ورێکی سیاسی یه». واته مرۆڤ گرێدراوی کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا و پێکهێنه‌ری هه‌رکیانه و به شێوه‌ی سرووشتی هیچ قانوون و ڕێسا و ڕێوشوێنێکی گشتی بۆ دیاری نه‌کراوه، که چۆن بژی و چۆناوچۆن له گه‌ل یه‌کتریدا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. به‌ر له‌وه‌ی قانوونی گشتی و سیاسه‌ت و ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگا جێگیر ببێت، مرۆڤ به پێی داب وده‌ستوور و ڕێنومایی ناوخۆیی و ئایینی و شتی له‌و چه‌شنه، له بازنه‌ی ناسیاوی خۆیاندا، له گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌ژیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه که‌سی جیاواز و کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کان، چۆن پێکه‌وه بژین و چۆن له گه‌ڵ یه‌کدا مودارا بکه‌ن، پێویستیان به سیاسه‌ت و سیاسه‌تکردن هه‌بوو.
له ڕێگای سیاسه‌ت، ڕێسا و قانوون و ڕێ وشوێن بۆ ژیانی کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵک دیاریی ده‌کردرێ و نه‌زم به کۆمه‌ڵگا ده‌به‌خشرێ و نه‌زم و دیسیپلین له کۆمه‌ڵگا و نێوان ئینسانه‌کان جێگیر ده‌کرێ. کۆمه‌ڵگا له چوارچێوه‌ی نه‌زم و قانوون به‌ڕێوه‌ده‌بردرێ. گیروگرفت و مه‌سه‌له‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا به پێی سیاسه‌ت له ڕێگای قانوونه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێن. سیاسه‌ت ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی ده‌سته‌ڵاته و هه‌ر گرووپ و کۆمه‌ڵه خه‌ڵک، بۆ وه‌رگرتن و به‌شدار بوون له ده‌سته‌ڵات، ڕوو له دامه‌زراندنی داموده‌زگا، ڕێکخراو و ڕێکخستنی خۆیان ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌ت، حکومه‌ت وه‌ک ده‌زگای سیاسی گرێدراوی پارله‌مان، داموده‌زگای سیاسی، ئابووریی، دارایی، داد، له‌شساخی، فێربوون، سپایه و نه‌زم به‌خشین به‌و هه‌موو ده‌زگایانه، ئه‌رکی سیاسه‌ته و له ڕێگای دێموکراسی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ(حکوومه‌تی خه‌ڵک بۆ خه‌ڵک و ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵک) مسۆگه‌ر ده‌بێ. له ڕێگای سیاسه‌ت و ڕێوشوێنی سیاسییه‌وه، پێکه‌وه ژیانی مرۆڤ له گوند و شار و ولات و سه‌رجه‌م جیهان سه‌ر ده‌گرێ. ژیانی مرۆڤ له ناو کۆمه‌ڵگاکان گرێدراوی سیاسه‌ته!
به پێی تێگه‌یشتنی ئه‌فلاتون «ژیانی مرۆڤ» به‌ستراوه‌ته‌وه به سیاسه‌ته‌وه. ئه‌و پێیوابو» به‌شدارینه‌کردن له سیاسه‌ت، خۆی چه‌شنێک له سیاسه‌ته». خۆ دوورخستنه‌وه له سیاسه‌ت و به‌شدارینه‌کردن له چاره‌نووسی سیاسی، به‌ر له هه‌ر شت زیان به که‌س و لایه‌ن و گرووپی خۆدوورخه‌ره‌وه ده‌گه‌ینێت. کۆمه‌ڵگای زیندو، تێگه‌یشتو، ئاشنا به سیاسه‌ت و ده‌وری سیاسه‌ت له ژیاندا، سوود له مێتۆده‌کانی به‌شداربوون له سیاسه‌ت وه‌رده‌گرێ. کورد پێویستی به کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندووی سیاسی هه‌یه، کۆمه‌ڵگایه‌ک که به پیی تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه، سیاسه‌ت، ماف و ئه‌رکه‌کان، زیندوو بێت.
ڕێکخستن، یه‌ک له ڕێگاکانی به‌شداری له سیاسه‌ته. پارله‌مان که چه‌شنی پهرهساندوی شێوه‌کانی پێشتری به‌شداریکردن له چاره‌نووس و نهزمبهخشین به کۆمه‌ڵگا و پاراستنی ماف له ناو کۆمه‌ڵگایه، شێوه‌یه‌کی باو له چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابووردو بووه و یه‌ک له فۆرمه‌کانی دێموکراسی یه. ئه‌وه‌ی فۆرمی باوی پارله‌مانی و هه‌ڵبژاردن، که خۆی له که‌مینه و زۆرینه و حزبه‌کاندا ده‌بینێته‌وه، چه‌نده دابینکه‌ری مافی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگایه و سیاسه‌ت و حزب و ده‌سته‌ڵاتداران چه‌نده، پایبه‌ند به مافی مرۆڤ، نیاز و ویستی ئینسانه‌کانن و چه‌نده دێموکراسی جێبه‌جێ ده‌کرێ و فۆرمگه‌لی تری دێموکراسی چین و کورد ده‌بێ له کام فۆرمی سیاسیی‌دا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی، خۆی ببینێته‌وه، پرسیار و پرسیارگه‌لێکه، که باسکردنیان له گۆڤاری «هێما»دا ده‌گونجێ. نه‌ک ئه‌م باسه، هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی که له‌م کورته وتاره‌دا هات و ئه‌وانه‌ش که باس نه‌کران، باسی ناو گۆڤاری «هێما»یه.
«هێما» و حزب و مێدیا
حزب کۆی ئه‌و که‌سانه‌یه به‌رنامه‌یەکی سیاسی بۆ به‌شداری له ژیانی سیاسی ناو کۆمه‌ڵگا په‌سه‌ند ده‌که‌ن، ده‌زگایه‌کی سیاسی نێوان خه‌ڵک و حکوومه‌ت بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. حزب ماڵی سیاسی ئه‌و که‌سانه‌یه بۆ مه‌ستی هاوبه‌ش یه‌ک ده‌گرن. مه‌به‌ستی هاوبه‌ش هه‌رده‌م پیرۆز نییه. حزب له سیسته‌می سیاسی و حکوومه‌تی لێره و له‌وێ ده‌کرێ بۆ مه‌به‌ستی پێشێلکردنی مافی مادیی و مانه‌ویی خه‌ڵک و داسه‌پاندنی دیکتاتۆریی به‌کاربهێندرێ.
دانیل یۆنا گۆلدهاگن له کتێبی «Hitlers willige Vollstrecker: Ganz gewöhnliche Deutsche und der Holocaust» بۆ یه‌که‌مجار له مێژوودا، باس لە فاشیست بوونی یه‌ک نه‌ته‌وه و تاکه‌کانی ده‌کات، که بوون به بکوژی مرۆڤی جیاواز له خۆیان. فاشیسته‌کان به ته‌نێ کۆمه‌ڵێک مرۆڤی ناو حزب و حکوومه‌ت نه‌بوون، مرۆڤی ئاسایی ناو کۆمه‌ڵگا بوون که وه‌ک ده‌ست و قاچ و چاو و گوێی حزب و حکوومه‌ت و بکه‌ری کاره‌ساته‌کان ده‌وریان گێڕا، ئه‌وان به‌کرێگیراو و ههڵخڵهتێنراو نه‌بوون و به زۆره‌ملی و له ناچاریی نه‌ببوون به بکوژ و کۆمه‌ڵکوژ و نوێنه‌ری فاشیسم. ئه‌وان که‌سانێک بوون که باوه‌ڕیان به کار و کرده‌وه‌ی خۆیان هێنابوو.
باوه‌ڕی هاوبه‌شی خه‌ڵک و حکوومه‌ت و حزب که له سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی دژ به به‌رانبه‌ردا ڕه‌نگده‌داته‌وه و له ناوبردن و توواندنه‌وه‌ی جیا بیر وباوه‌ڕ، جیا زمان و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکی تری لێده‌که‌وێته‌وه، خۆی له ئیدئۆلۆژی فاشیسمدا ده‌بینێته‌وه. حکوومەتی ئیسلامی ئێران به گرێدانی باوه‌ڕی ئایین- نه‌ته‌وه‌ی(پارس)، تێگه‌یشتنی «ئایین-نه‌ته‌وه»ی خۆی کرد به «ئیدئۆلۆگی خه‌ڵک -حکوومه‌ت». ئه‌م ئیدئۆلۆگی یه به ڕێگای مێدیا و دامودەزگای حکوومه‌تی و ناحکوومه‌تی کرا بە مەبەستی سیاسی-ئایینی خه‌ڵکی ئاسایی بۆ له‌ناوبردنی خه‌ڵکی جگه له‌خۆیان. مرۆڤی ئاسایی سه‌ر به‌و «نه‌ته‌وه- ئایینە» به مه‌یلی خۆی ڕووی له قه‌ڵاچۆکردنی خه‌ڵکی تر کرد و وه‌ک ده‌ست و چاو و گوێ و نوێنه‌ری حکوومەت و کیان و ئایین و نەتەوە، له ناو و ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆی، له کووشتن و تواندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی تردا به‌شداری کرد.
زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بیرمەند، سیاسەتمەدار و تئۆرسین، پاش کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، هاتنه سەر ئەو تێگه‌یشتنه، کە «مێدیای گشتی» و حکوومه‌ت و ده‌زگاکانی، نابێ ببن به که‌ره‌سه‌ی حزب و بلیندگۆی ئیدئۆلۆگی، ئایین، مەسلەک و فەلسەفه‌ی تایبه‌ت. گرووپی سیاسی، ئیدئۆلۆگی، ئایینی و حزبی مافی به‌کارهێنانی کتێب، ڕۆژنامه، گۆڤار و بڵاڤۆکیان هه‌یه، که به‌کارهێنانی ده‌که‌وێته سه‌ر مه‌یل و ویستی خوێنه‌ر. به‌ڵام به پێی قانوون، حزب و حکوومەت ڕێگایان پێنادرێ مێدیایی گشتی(ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن) بخه‌نه ژێر چه‌تری خۆیان بۆ مه‌به‌ستی یه‌کسانسازیی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌م تێگه‌یشتنه، جیهانی نییه و له زۆر شوێن حزب و حکوومه‌ته‌کان سیاسه‌تی یه‌کسانسازیی به‌ڕیوه ده‌بن. یه‌کسانسازی فه‌رهه‌نگی، زمانی و تێگه‌یشتن له سه‌ر ئاستی جیهان به شێوه و فۆرمی نوێ له ئارادایه، که باسکردنی لێره‌دا ناگونجێ.
خۆبه‌ستنه‌وه‌ی تاک به ئیدئۆلۆگی، ئایین، مه‌رام و مه‌سله‌کی حزب و ناحزب، هه‌ڵبژاردنێکی تاکه که‌سییه. مه‌رام و ئیدئۆلۆگی و ئایین ئه‌و کاته‌ی بۆ مه‌به‌ستی حزب و ده‌وڵه‌ت و بۆ یه‌کسانسازی کۆمه‌ڵگا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی مادیی و مانه‌ویی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن، چین و توێژی تایبه‌ت به‌کاربهێندرێ و ببێته هۆی به‌ربه‌ستکردنی ئازادی و دێمۆکراسی، له مافی تاک لاده‌درێ و به‌ره‌و پێشێلکردنی مافی به‌رانبه‌ر و کۆمه‌ڵگا ده‌کێشرێ.
له دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئۆکتۆبری 1917 ڕه‌وایی به ئیدئۆلۆگی له ناو حزبه‌کانی سۆسیالیست، سۆسیال دێموکرات و کۆمۆنیست به‌خشرا که پێشتر له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی په‌ره‌ی ساندبوو. حزبه‌کانی به‌ره‌ی سۆسیالیست به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانی ئیدئۆلۆگی و سیاسه‌تی خۆیان بکێشنه ناو ده‌زگا و ڕێکخراوی ناحزبی کۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌یی، ژنان، لاوان، خوێندکاران، هونه‌رمه‌ندان، نووسه‌ران که به ده‌زگای مه‌ده‌نی، دێموکراتیک پێناسه ده‌کران، جگه له‌وه حزبه‌کان بوون به مه‌کۆی فه‌یله‌سوف، هونه‌رمه‌ند، نووسه‌رو بیرمه‌ند.
به‌ر له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیسم، کلیسا ئایینی له گه‌ڵ هه‌موو به‌شه‌کانی ژیانی مرۆڤ به مه‌به‌ستی یه‌کسانسازی گرێدابوو، که له هه‌موو به‌شه‌کانی زانست، فه‌لسه‌فه، فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و ژیانی ئه‌مڕۆدا ئاسه‌واری ماوه‌ته‌وه. پایبه‌ندبوون به ئازادی زانست، هونه‌ر، باوه‌ڕ، فه‌لسه‌فه و بیر وهزر، ناته‌بایه له گه‌ڵ گرێدانیان به مه‌به‌ستی حزب و حکوومه‌ت! پایبه‌ندبوون به دوورڕاگرتنی ئایین، ئیدئۆلۆگی له حکوومه‌ت، ناته‌بایه له گه‌ڵ یه‌کسانسازی کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵاواردنی که‌مینه‌کان. داسه‌پاندنی تێگه‌یشتنی سیاسی، فه‌لسه‌فی، ئایینی، ئیدئۆلۆگی و نه‌ته‌وه‌یی لایه‌نێک به سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگادا، وێرانی فره لایه‌نی، فره‌جۆری، فره‌ڕه‌نگی، فره‌باوه‌ڕی و فره پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای لێده‌که‌وێته‌وه.
پاش کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌م له وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له حزب و حکوومه‌ت و کلیسا جیا کرانه‌وه و حزب بوو به ماڵی سیاسی، نه‌ک ماڵی ئیدئۆلۆژیی و چه‌تری سه‌ر داموده‌زگای مه‌ده‌نی.
گۆڤاری تازه به‌تازه‌ی «هێما»ش له گرێدراوییدا تازه نابێته‌وه، له فره چه‌شنی، فرهتێگهیشتن و فرهرهنگیدا، تازه ده‌مێنێته‌وه. گۆڤارێکی فەلسەفی – زانستی-سیاسی دەکرێ تایبەت به ڕێچکه‌یه‌کی فکریی له بازنه‌یه‌کی دیاریکراودا بمێنێتەوە، دەتوانێ لەو بازنەیە دەرباز بێت و وەک پلاتفۆرمێک بۆ دانووستاندنی فره لایه‌ن، فرەڕێچکە خۆ دەرخات.
سێپتامبری 2021