ئێکۆسۆسیالیزمی دیموکڕاسی
گفتوگۆیه‌ک له گه‌ڵ د. مه‌نسور سۆهرابی، به‌شی ٢ و کۆتایی
ئاماده‌کار: د. هیوا عه‌لیدوست
هێما: باشه خۆ ئێمه ناتوانین ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵ و چالاکییه‌کانمان بین.
د. مه‌نسوور: به‌ڵێ، ئێمه وه‌کوو خۆمان ده‌بێ به‌ردەوام بین، به‌ڵام به‌و خوێندنه‌وه‌ی که من بۆ به‌شه‌ر و بۆ مرۆڤ هه‌مه، دواتر به پێی ئه‌و فاکتانه‌ی که ئه‌مڕۆ له به‌رده‌ستدان، گه‌شبین نیم. من وابیر ناکه‌مه‌وه که واز له چالاکی و هه‌وڵ بێنین، من ئه‌و ڕه‌شبینی و خۆشبینیهش به نیسبی ده‌بینم، زۆرجار ئه‌و خه‌سڵه‌تی خۆبه‌گه‌وره و به‌رز زانینی مرۆڤ تووشی قه‌یرانێک ده‌بێت، چونکه هه‌ندێ مه‌ترسی ژیان و سه‌ر زه‌وی ناچاری ده‌کات که پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به خۆیدا بکات، هه‌ر ئه‌وه‌ی که ئێستا ئێخه‌ی گرتووین، گۆڕینی کەشوهەوا و گه‌رمبوونی زه‌ووی و چهپهڵبوونی سروشت کارێکیان کردووه که کۆمه‌ڵێک که‌س بکه‌وێته جموجۆڵ و هه‌وڵی گۆڕینی بارودۆخ بدات. ئه‌م بزووتنه‌وه له به‌ر سه‌رهه‌ڵدانی کێشه هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی گه‌وره و به‌رچاو ئێخه‌ی نهگرتینایه ڕه‌نگه هێشتا ئه‌و جۆره هه‌وڵ و تێکۆشانه نه‌هاتنایه ئاراوه.
هێما: ده‌ستخۆش د. مه‌نسوور، ئێمه تا ئێستا له ئاستێکی به‌رزه‌وه بۆ رابردوو و بۆ داهاتوومان روانی، به‌ڵام با ئێستا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ و ئێستا و دۆخی واقع، چونکه هه‌روه‌ک خۆتان ئاماژه‌تان پێدا، لێکۆڵینهوهکهتان له سه‌ر بنه‌مای هه‌ندی فاکت و دیارده‌ی به‌رچاو به‌ڕێوه‌ده‌چێ، کام دیاردانه ته‌واو زه‌ق و به‌رچاون و ئێخه‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆیان گرتووه، بۆ وێنه ئێوه له داڕشتنهکهتاندا ئاماژه به که‌مبوونه‌وه‌ی ئاو ده‌ده‌ن، بۆ زیاتر گه‌رمبوونی زه‌وی ده‌ڕوانن، سروشت خاپوور ده‌کرێ، ئاوه‌دانی و سه‌وزه‌ڵانی به‌رته‌سک ده‌بنه‌وه، کام له‌و مه‌ترسیانه ئه‌مڕۆ مرۆڤی به‌ئاگا هێناوه‌ته‌وه؟
د. مه‌نسوور: مه‌ترسییه‌کان له هه‌موو سووچه‌کانی دونیادا یه‌ک شێوه نین، بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که بۆ سه‌ر ئێران مه‌ترسییه، بۆ وڵاتی ئاڵمان مه‌ترسی نییه، مه‌ترسییه‌کان جیاوازن. گۆڕینی ئه‌و که‌شوهه‌واش کاریگه‌ری جیاوازی له سه‌ر شوێنه جیاوازه‌کان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پرسی سه‌ره‌کییه و زۆر گرینگه گۆڕینی کەشوهەوایه، جا بۆیه گرینگه، چونکه به‌شه‌ر ده‌ستی له‌و گۆڕینه‌دا هه‌یه، پێشتریش گۆڕانکاری هاتۆته پێشه‌وه، بۆ وێنه چه‌ند هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زه‌وی بووەته سه‌هۆڵبه‌ندان، دواتر هه‌مووی تواوه‌ته‌وه و گه‌رمای زۆر به‌تین سه‌ری هه‌ڵداوه، دیسان ئه‌وه‌ش گۆڕاوه و دۆخ باش بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و کات به‌شه‌ر ده‌ستی تێدا نه‌بووه، به‌ڵام پاش شۆڕشی پیشه‌سازی بێجگه له کاریگه‌ری مرۆڤ له سه‌ر که‌شوهه‌وا هۆکارێکی دیکه به‌دی ناکرێت، من لێره‌شدا موتڵه‌ق چاوی لێناکه‌م، به‌ڵام هه‌موو داتا‌کان ده‌یخه‌نه به‌رچاومان که گۆڕانکارییه‌کان ده‌ستکردی مرۆڤن. بۆ وێنه سوتانی فۆسیل، دوکه‌ڵی زۆر، ماڵی سه‌وزی گاز و سووتانی دارستانی زۆر، یاخۆ که‌ڵكوه‌رگرتن له کوود و سهمی شیمایی و هتد.. هه‌موو ئه‌مانه گۆڕانکاریان هێناوه‌ته پێشه‌وه. ئێمه له زمانی فارسی‌دا باس له گۆڕانکاری ئیقلیم ده‌که‌ین، جا ئیقلیم له ته‌ک هه‌وادا جیاوازه، زۆر که‌س له‌و جیاوازیه ناگات، له زمانی عه‌ره‌بییدا ئیقلیم یانی ناوچه، به‌ڵام له فارسی‌دا جۆرێک له هه‌وایه که درێژخایه‌ن بووه، بۆ وێنه ئه‌مڕۆ و دوێکه و پێره‌که باران باریوه، ئه‌م دۆخه ده‌بێته هه‌وا و هه‌واشناسی ئه‌مڕۆ و ئێستا، به‌ڵام ڕێژه و ئاماری درێژخایه‌نی ده ساڵ و بیست ساڵ و په‌نجا ساڵی ئه‌و شێوه دۆخه، یانی میانگیری ئه‌و ماوه‌یه ده‌بێته ئیقلیم، به واتایه‌کی دیکه ئه‌و داتایانه ئیقلیمی تۆ دیاری ده‌کات. واوه‌تر له سه‌ر ئیقلیمه جیاوازه‌کان لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێ، بۆ وێنه شوێن هه‌یه که زیاتر گه‌رم بووه و شوێن هه‌یه باران و سێڵاوی به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێ، شوێن هه‌یه که له هه‌ندێ وه‌رزدا سێڵاوی زۆره و له وه‌رزی دیکه‌دا گه‌رما و وشکایی زیاد ده‌کات، جا هه‌ر سێڵاوێکی زۆر و هه‌ر گه‌رمایه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌بێته کێشه بۆ وڵات.
هێما: ئه‌گه‌ر من دوایین پرسیارم سه‌باره‌ت به ئاستی جیهان بکه‌م، ئه‌وه ده‌بێ ئاماژه به هه‌ندێ خاڵ بده‌ین. ئێمه باش ده‌زانین که له پڕۆسه‌ی به جیهانیبووندا زۆر دیارده سه‌ریان هه‌ڵداوه، ئابووری بێ‌سنور و پرسی دادپه‌روه‌ری و هتد.. که‌وایه پرسی سروشت و کەشوهەوا ده‌بێ زۆر زیاتر له پێشووتر پرسێکی جیهانی و گشتی بێت، ئایا سیاسه‌تی گشتی جیهانیی و پێکهاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له زه‌رووری ئه‌و پرسه تێگه‌یشتوون و کردویانه‌ته پرسێکی حه‌یاتی گه‌ردوونیی؟ بۆ ئه‌وه‌ی کێشه ناوچه‌ییه‌کان که دواتر ده‌بنه کێشه‌ی جیهان به ده‌ستی که‌م نه‌گیردرێن، با کێشه‌ی وڵاتانی جیهانی سێ جیاواز بن له کێشه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و پیشه‌سازی، به‌ڵام خۆ له ئاکامدا هه‌موو کێشه‌کان کێشه‌ی جیهانن.
د. مه‌نسوور: وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن که کۆبوونه‌وه و به‌رنامه‌یان بۆ ئه‌و کێشه هه‌بێ، چونکه زۆر له کۆچبه‌ری ئیقلیمیی و ژینگه‌یی ده‌ترسن، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی ئه‌و سووچ و ناوچانه خۆیان له گه‌ڵ کەشوهەواکهدا ڕێکبخه‌ن، واته خۆیانی له گه‌ڵدا ته‌دبیق بده‌ن، به‌ڵام ورده‌کاری و شیکاری له سه‌ر ئه‌و دۆخه کراوه و سه‌لمێندراوه که وڵاتانی (گی ٢٠) بۆ هه‌شتاودوو له سه‌دی ئه‌و دۆخه نه‌رێنییه (کاولکاریی) به‌رپرسن. پاشان هه‌ندێ له ئه‌ندامانی (گی بیست)، وه‌ک ئه‌مریکا و چین خه‌ساری زیاتر ده‌خه‌نه‌وه، چونکه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له به‌رچاودایه. به‌ڵام کۆمه‌ڵی زانستکاران و کۆمه‌ڵی ڕوناکبیری و ئاکادیمی، ئه‌نیستیتۆ و “تینگ تانگه‌کان” جیاوازترن له دونیای سه‌رمایه‌داره‌کان، سه‌رمایه‌داره‌کان زۆر فێڵبازن، ئێستا له هه‌وڵدان به‌و ئایدیاوه بازرگانی بکه‌ن، باس له ئۆتۆمبیلی ئیلکتریکی (به‌رقی) ده‌کرێ، توربینی با دروست ده‌که‌ن و هه‌روه‌ها، جا جیهانی سه‌رمایه‌داری بازرگانی به‌و تازهکاریانهوه ده‌کا، هه‌تا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی خۆی بێت. دواتر بیر له‌و ناکرێته‌وه که ئه‌و هه‌موو باتریانه که کۆن ده‌بن و ئه‌و هه‌موو توربینانه که کاریگه‌ری له سه‌ر ژینگه‌ی باڵنده داده‌نێن، چی لێده‌کرێ؟ له‌م به‌ستێنه‌دا سه‌رمایه‌داریه‌کی تازه دروست ده‌که‌ن. پاشان ئه‌وان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که به‌رگی شێوه‌یه‌ک له لیبڕالیزمی سه‌وز به به‌ری ئه‌و ئێکۆسۆسیال دیموکڕاتیزمهی که من باوه‌ڕم پێیه، بکه‌ن. واته سه‌رمایه‌داریش به‌رده‌وام خۆی له ته‌ک ئه‌و گه‌شه‌دا ڕێکده‌خا، هه‌ربۆیه منیش دۆخه دژوار ده‌بینم.
هێما: زۆر ڕاسته، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که ته‌واوی مێدیای کاریگه‌ر و زه‌به‌لاحی جیهانی به ده‌ستی سهرمایهدارهکانهوهیه و ئه‌وانیش زۆر به باشی و لێزانانه ده‌توانن له‌و ڕێگایه‌وه ڕێکلام بۆ لیبڕالیزمی سه‌وز بکه‌ن.
د. مه‌نسوور: به‌ڵێ، به‌ڵی، ته‌واو وایه، من پێشتر گوتم، کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که نه‌زمی سه‌رمایه‌داری مێدیای له به‌ر ده‌ستدایه، پاڕله‌مانی له خزمه‌تدایه، ده‌وڵه‌تی له خزمه‌تدایه، هه‌ر له‌و ئاڵمانهدا گه‌وره‌ترین کارخانه‌کانی ماشین‌سازی وه‌ک ئاودی، مێرسێدز و فۆلکسڤاگن به ڕه‌سمی و یاسایی پاره‌ی زۆر به پاڕلهمانتارهکان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت پشتگیری له‌و یاسانه بکه‌ن که به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان له نه‌زه‌ر ده‌گرن. یانی لێره‌دا تا ئه‌و ڕاده چوونه‌ته پێش که ڕشوه و بەرتیلیشیان بۆخۆیان قانونی و یاسایی کردووه. ته‌نانه‌ت له ناو خۆیاندا، ته‌نیا به فێڵ و تهڵهک کار ده‌که‌ن، بۆ وێنه کێشه‌ی ئه‌و ماشینانه‌ی که بۆ ئه‌مریکا به‌ڕێ کرابوون، ئه‌و کێشه به کوێ گه‌یشت؟ له وڵاتی ئاڵمان هیچ نه‌بێت هه‌بوونی حیزبی سه‌وز به پێویست ده‌زانرێ، چونکه بنه‌مای دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه دژایه‌تی کردن له گه‌ڵ ئه‌و گه‌شه ناساخهدا بوو، گه‌شه‌ی هه‌سته‌یی و ئه‌تۆمیی، به‌ڵام بۆ وێنه ئێستا له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به شه‌فافی باس له‌وه ده‌کرێت که وزه‌ی ئه‌تۆمیی وزه‌یه‌کی پاکه و با ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ بخولقێنین. یانی دونیای ڕه‌سانه‌یی و مێدیایی ده‌توانێ زۆر کاریگه‌ر بێ و ڕوانگه‌کان به باشی بگۆڕێ، به راستی ئه‌وان ده‌توانن به هه‌ست بزواندن به باشی بتگۆڕن، ئه‌وان دێن و چۆله‌که‌ت بۆ ڕه‌نگ ده‌که‌ن و به قه‌ناری پێتی ده‌فرۆشن، جا ئه‌وه‌ی که عاشقی قه‌ناری بێ ده‌یکرێ، ئه‌وکات وه‌ره و سه‌یری بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بکه، ئه‌ویش چه‌پی دونیای ده‌سه‌ڵاتدار، چین، کوره، کوبا و به شێوه‌یه‌ک ڕوسیه، له‌و لاشه‌وه کۆماری ئیسلامی ئێران که خۆی به هه‌ندێکانه‌وه هه‌ڵواسیووه، به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌مانه کاولکاری ده‌که‌ن، خۆ ئه‌وانه‌ن که کێشه‌ی زۆر و زیاتر دروست ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه من باوه‌ڕم به‌وه نیه که به کۆتایی مرۆڤ و مێژوو و ئه‌و جۆره شتانه گه‌یشتووین، به‌شه‌ر ده‌بێ به‌رده‌وام داهێنه‌ر بێ و بگه‌ڕێ، ده‌بێ ئایدیا و بیرۆکه‌ی تازه بدۆزێته‌وه.
هێما: به‌ڵێ، منیش ته‌واو هاوڕاتانم، به‌داخه‌وه شێوه‌یه‌ک بێده‌سه‌ڵاتی دێته به‌رچاو، به‌ڵام کۆڵدان چاره‌سه‌ر نیه. ئێستا دوایین وته‌ی ئێوه له‌و به‌ستێنه‌دا چیه؟
د. مه‌نسوور: دوایین وته‌ی من ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌بێ به‌رده‌وام بین، یانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌رییه‌ت یاخۆ که‌سانی هاوبیری ئێمه ده‌بێ به‌رده‌وام بن، هه‌تا ئه‌و بیرۆکه، هه‌تا فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بدۆزینه‌وه، که هه‌ڵگری مانیفێستێکی تازه بێ بۆ به‌شه‌ریه‌ت، به‌رنامه‌یه‌ک که هه‌م چاره‌سه‌ر بێ و هه‌م نه‌چێته چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆجیه‌کی مه‌ترسیداره‌وه. جا ئه‌وه‌ش هه‌نگاوی جیددی پێویسته، واته به‌رنامه‌یه‌ک که گوڵبژێری هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنیه‌کانی خودی سه‌رمایه‌داری، سۆسیالیزم، چه‌پ و چه‌پی دیموکڕاسیخواز بکات، با له نێوان ئه‌و هه‌موو به‌رنامانه‌دا هێڵێکی تازه و به‌رنامه‌یه‌کی تازه دابهێنین. به‌رنامه‌یه‌ک که درێژماوه بیر بکاته‌وه، که قوڵ و به‌رین و ماندگار بێ، ئه‌گینا دیسانه‌وه تووشی کێشه ده‌بین. به ڕای من هیچ کام له‌و به‌رنامانه‌ی ئه‌مڕۆ و ئێستا ناتوانن هێشتنه‌وه و ته‌بایی مرۆڤ و سروشت رابگرن. چونکه دونیای سه‌رمایه‌داری ته‌واو کاولکاره، ئه‌وه پرسی جلوبه‌رگی کۆنبوو بووه‌ته باس، کامپانیه گه‌وره‌کان ئاماده نین که جل و به‌رگی کۆن بۆ وڵاتانی جیهانی سێ بنێرن، به‌ڵکه گرێبه‌ستێکیان له ته‌ک وڵاتی چیلێدا به‌ستووه که زۆر پارچه و پلاستیکی کۆن و بێکه‌ڵک له‌وێ جێگیر بکه‌ن و بهێڵنه‌وه. له وڵاتێکی ماڵوێرانی وه‌ک چیلێدا، ده‌چن ئه‌و هه‌موو زبڵ و کاڵا زیانمه‌ندانه له بیابانه‌کاندا ده‌سوتێنن، هه‌ر لەم دانمارکهی نزیکی خۆمان، ئه‌و بوونه‌وه‌رانه دێنن و په‌روه‌رده‌یان ده‌که‌ن و پێسته‌که‌یان ده‌که‌نه سه‌رمایه و ده‌یفرۆشن، یانی به‌شه‌ر جه‌نایه‌تکارترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌ویه. له نێو سروشتدا میکانیزمێک هه‌یه، که بۆ هاوسه‌نگی هه‌موو هه‌بووه‌کان به‌رنامه‌ڕێژه، به‌شه‌ر هه‌موو ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی تێکداوه، خودی ئه‌و تێکچونه چهرخشی حه‌یاتی تێکداوه، زنجیره‌ی خۆراکی تێکداوه، کۆنتڕۆڵی ئێکۆلۆژی تێکچووه، بۆ وێنه دارستانێکی وه‌ک دارستانی مازنده‌ران نه‌ماوه و بووه‌ته بیابان. ئه‌م کاره‌ساته هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تان په‌خش بووه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ته‌شه‌نه ده‌سێنێ، ته‌شه‌نه به سه‌ر ته‌واوی گۆی زه‌وییدا. من پێموایه که له خه‌باتێکی ئێجگار سه‌خت و قورسداین، هیوادارم که بتوانین ئه‌و بیرۆکه به کوردستانیش بگه‌یەنین، یاخۆ پێناسه‌ی بکه‌ین و مه‌ترسیه‌کان بخه‌ینه به‌رچاو، واوتر ده‌بێ له پرسی سیاسیش‌دا به‌بێ هه‌ڵوێست نه‌مێنین، ئێمه پێویستمان به حیزبی سه‌وزی کوردستان هه‌یه، ئه‌ویش ده‌بێ به بیرۆکه‌ی ئێکۆسۆسیالیزمی دێموکراتیکه‌وه بڕواته پێش. بۆ ئه‌وه‌ی لانیکه‌م له پرسی فێرکاری و په‌روه‌رده‌دا کاریگه‌ری هه‌بێ، یانی با ده‌نگێک بێ بۆ خۆی، تریبوون بێ و ده‌نگێ بێ بۆ ڕاهێنان و فێربوون. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، ئه‌وه چ باشتر، ئه‌گه‌ریش ده‌سه‌ڵاتی نه‌بوو، ده‌توانێ کاریگه‌ر بێ، واته به هه‌موو بهدبینیهکانیشهوه ئێمه ده‌بێ هه‌ر به‌رده‌وام بین.