
گفتوگۆیه‌ک له گەڵ دوکتۆر شێرکۆ کرمانج
گفتوگۆیه‌ک له ته‌ک دوکتۆر شێرکۆ کرمانج سه‌باره‌ت به پرسی شوناسی نه‌ته‌وه‌ی کورد. به‌ڕێز دوکتۆر شێرکۆ مامۆستای زانکۆیه و ئێستا له وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی له زانکۆی شاریقە سەرۆکی به‌شی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه.
ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له‌کۆتایی دیسامبری ٢٠٢١ له لایه‌ن دوکتۆر هیوا عه‌لیدوسته‌وه ئه‌نجام دراوه.
هێما: با له سه‌ره‌تاوه ئاماژه به مێژووی کۆن و تازه‌ی کوردستان بدەین، ئێمه باش ده‌زانین که له ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی له ئارادا بووه، ڕه‌نگه پێویست نه‌بێت لێره‌دا ئاماژه به یه‌ک به یه‌کیان بده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له شێخ سه‌عیدی پیرانه‌وه، تا ده‌گاته مه‌لا مسته‌فا و قازی محه‌مه‌د و دواتر حیزبی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه له ڕۆژهه‌ڵات، واوه‌تر له‌باشووریش به هه‌مان شێوه ئاماژه به ڕێکخراوه سیاسییه‌کان بده‌ین؛ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه، ئه‌مڕۆ چۆن ده‌توانین بۆ پرسی شوناسی کورد بڕوانین؟ ئه‌مڕۆ کورد خۆی چۆن بۆ خودی خۆی و بۆ ده‌ره‌وه‌ش پێناسه ده‌کات؟
د. شێرکۆ: کاک هیوا من پێم وایه که پرسی کورد له سه‌د ساڵی ڕابردوودا، واته له‌و کاته‌وه‌ی که چه‌که‌ره‌ی کردووه به قۆناغی جیا جیادا تێپه‌ڕ بووه و مانای جیا جیاشی له خۆی گرتووه. واته ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی کوردیش واتای جیا جیای له‌وه کردووه کهکوردبوون چیه، ئه‌م واتا جیاواز و ئه‌و قۆناغه جیاوازانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که له جیهانی ئێمه‌دا گۆڕانکاری زۆر و گه‌وره ڕوویان داوه، جا ئه‌و گۆڕانکاریانه کاریگه‌ریان له سه‌ر پێناسه‌ی خۆمان بۆ خودی خۆمان و بۆ ئەوانی دیکەش داناوه. با لێره‌دا هه‌ندێ کارئاسانی بکه‌ین، بۆ ئەوەی په‌یامه‌که‌م ڕوونتر بگه‌یەنم، با ته‌نیا له به‌ستێنی تیۆریی قورس‌دا نه‌مێنینه‌وه، به‌ڵام پرسه‌که‌ش ئه‌وه‌نده ئاسان نه‌که‌مه‌وه، ئه‌گینا به ساده‌گۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێین. پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و دروستبوونی چەند دەوڵەت – نه‌ته‌وەیەک له‌و ناوچه‌دا، واوه‌تر سه‌بکی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له ئێران‌دا له سه‌ر بنه‌مای دیناستی و بنه‌ماڵه‌یی، جا چ سه‌فه‌وییه‌کان، یا قاجارییه‌کان بێ، ده‌سه‌ڵات قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه ده‌گرێته خۆ، واته له ئێران ساڵی ١٩٢۵، له تورکیه ساڵی ١٩٢٣، له ئێراق ساڵی ١٩٢١ و ١٩٢٦ له سوریه‌ش به‌هه‌مان شێوه له ١٩٢٠−دا، ده‌وڵه‌ت -نه‌ته‌وه داده‌مه‌زرێت، کورد له‌و نێوه‌دا له بوونی به ده‌وڵه‌ت مه‌حرووم و بێبه‌ش ده‌کرێت. ئه‌وکات کورد بۆ ته‌عبیرکردن و پێناسه‌ی خۆی، که پشتی به که‌لتورو زمانه‌وه به‌ستووه، به‌رده‌وام خۆی له به‌رامبه‌ر شتێکی دیکه‌دا پێناسه و وێنا کردووه. له سه‌ره‌تادا کورد، کوردبوون وکوردستانی بوونی زۆر له لا گرینگ و به‌هێز بووه، به‌و مانایه‌ی که له‌و به‌ستێنه‌دا هیوای ئه‌وه گه‌وره بووه، که کورد ببێ به‌دەوڵەت و سەربەخۆیی، هه‌ربۆیه هه‌وڵدراوه که خزمه‌ت به شوناسه‌که‌ی خۆی بکات، به‌رز ڕایبگرێت و زه‌قی بکاته‌وه. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که بڵێم له ساڵی بیسته‌کاندا که ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته داده‌مه‌زرێن، تا کۆتایی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و تا دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان، به شێوه‌یه‌ک خۆی پێناسه کردووه که کوردبوون، سه‌ربه‌خۆیی بوون و گه‌یشتن به سه‌روه‌ریی خه‌ونێکی گرینگی نه‌ته‌وه‌یی بووه و لەو چوارچێوەیە خۆی پێناسەکردووە. دیاره من لێره‌دا زیاتر قسه له سه‌ر نوخبه‌ی سیاسی و نوخبه‌ی ڕێبه‌ریی کورد و نوخبه‌ی ڕۆشنبیریی ده‌که‌م، نه‌ک به گشتیی باس له عه‌وام بکه‌م، چونکه خۆتان باش ده‌زانن که ئه‌وکات له نێو عه‌وامدا هه‌م شوناسی دینی و هه‌م شوناسی خێڵه‌کی به‌رجه‌سته‌و زاڵ بووه. ڕوونتر بڵێم، زۆر جار ئامانج شوناسی تۆ دیاری ده‌کات، تۆ ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانت هه‌بێ، کوردبوون، کوردایه‌تی و کوردستانیبوون دهبێبه شوناس، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانجه‌که‌ت بگۆڕی، له‌وانه‌یه شوناسێکی دیکه له لات گرینگ بێ. به ڕای من، شکستی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵات، سەرەتای بەخۆداچوونهوهیه، یاخۆ وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌یه له تێگه‌یشتن و له وێناکردنی ئینسانی کورد بۆ خۆی. ئه‌م شکسته واده‌کات که کورد به‌و قه‌ناعه‌ته بگات یان ئەو مەیلەی لەلا درووستبێت که سه‌ربه‌خۆیی ودرووستبوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی زۆر سه‌خته. ئیدی لێره‌وه کورد به جۆرێکی دیکه بۆ خۆی ده‌ڕوانێ، ئه‌گه‌ر نه‌بووبێ به ئێرانی، یاخۆ ئێرانچیهتیشی نه‌كردبێ، به‌ڵام ده‌بێته کوردێکی له قاڵبدراوی ئێران، یا کوردێکی له قاڵبدراوی ئێراق، یاخۆ کوردێکی له‌قاڵبدراوی تورکیه. ئامانجه‌کان له ئامانجی سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌گۆڕێن بۆ ئامانجی خودموختاری. یانی هه‌روه‌ک ده‌بینن هه‌م له‌باشوور پارتی دیموکڕاتی کوردستان و له ڕۆژهه‌ڵات حیزبی دیموکڕات به گشتیی له هه‌وڵی وه‌رگرتنی مافه‌کانی کورد بوونه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که تێیدا ژیاون، ئه‌مه‌ش وای کردووه که کورد هه‌میشه وه‌ک شوناسی گروپیی لانی که‌م هه‌ڵگری دوو شوناس بووه، شوناسی ئێرانی و ئێراقی و شوناسی کوردیش، به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، ئه‌مانه گۆڕانکاری گه‌وره‌ی به سه‌ردا هاتووه. بۆ وێنه له باشوور کاتێک ده‌گه‌ین به‌و قۆناغه که هێزی ده‌ره‌کی دێن بۆ ناوچه‌که و پشتیوانی لە کورد ده‌کا و ده‌وڵه‌تی ئێراقی شکستخواردوو ده‌رده‌چێت و سیسته‌می حوکمڕانی له ئێراقدا ده‌گۆڕێ، ده‌وڵه‌تی ئێراقی تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، کورد بۆ جارێکی دیکه به‌ره‌و ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی هه‌نگاو ده‌نێ و لە ڕاپرسییەکی نافەرمی لە ساڵی ٢٠٠٥ نزیک لە ٩٨٪ دەنگ بە سەربەخۆیی دەدات. دواتریش لە ڕیفراندۆمێکی فەرمیتر، بە تۆزێک کەمتر، دەنگ بۆ سەربەخۆیی دووبارە دەداتەوە. به‌ڵام له ساڵی ٢٠١٧−دا دوای شکستی ڕێفڕاندۆم بینیمان، شوناسی کورد جارێکی دیکه ده‌گۆڕێ، لەکاتێکدا لە دوو ڕاپرسی لە دوای یەک دەنگ بە سەربەخۆیی دەدا، جارێکی دیکە دوای فشاری ناوخۆیی و دەرەکی بەرەو عێراق هەنگاو دەنێتەوە. له باکوور شوناسی کورد حاڵه‌تی جیای هه‌بووه، پاش شکستی بزووتنه‌وه‌که‌ی شێخ سه‌عیدی پیران، کورد به‌ره‌و حاڵه‌تێکی مت بوون ده‌ڕوات، تا دامه‌زراندنی په‌که‌که که به هێزێکی توند کوردبوون درووست ده‌بێته‌وه و له هه‌وڵی درووست‌کردنی ئینسانی کورددایه. به‌ڵام ماوه‌یه‌کی زۆری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، له ساڵی ١٩٢۵−وه هه‌تا ١٩٧٨، ئه‌و کاتیش په‌که‌که چه‌ند ساڵێکی ویستووه تا بتوانێت خۆی بناسێنێت و خه‌ڵک بناسێت و شوناسی ڕابه‌رایه‌تی خۆی بناسێ. به‌ڵام دیسان ده‌یبینین که له گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رکردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، هه‌وڵه‌کانی په‌که‌که بۆ سه‌ربه‌خۆییخوازی تا ڕاده‌یه‌ک شکست دێنن، په‌که‌که دەیههوێت دیسان به شوناسێکی دیکه‌وه بێته‌وه گۆڕه‌پان و خه‌بات بکات، ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت وتهرحێکی دیکه دێنێته گۆڕێ. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه که کوردبوون له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا هه‌ڵگری مانای جیاجیا بووه، به‌پێی ئه‌و واقعییەتە کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییەی که هه‌ر به‌شێک له به‌شه‌کانی کوردستان پێیدا تێپه‌ڕیوه. واته ئێمه ناتوانین پێناسه‌یه‌کی ڕه‌ها، پێناسه‌یه‌کی گشتگیر بۆ کورد بکه‌ین، چوونکه گۆڕانکارییه ناوچه‌ییه‌کان، گۆڕانکارییه جیهانییه‌کان و گۆڕانکارییه ناوخۆییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر شوناسی کورد داناوه.
هێما: بۆچوونی ئێوه سه‌باره‌ت به‌و ڕوانگه‌یە چییه که ده‌ڵێت، کورد هێشتا هه‌ر گیرۆده‌ی ئه‌و شوناس و ئه‌و پێناسهیهیە که وڵاتانی داگیرکه‌ر به سه‌ریاندا سه‌پاندووه و تا به ئه‌مڕۆ نه‌یتوانیووه به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها خۆی له ده‌ستی ڕزگار بکات. تاکی کورد هێشتا گیرۆده‌ی ئه‌و پێناسهیهیە که ناحه‌زانی به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه.
د. شێرکۆ: به‌ڵێ، من تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوڕای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌م، نه‌ک به‌و مانایەی که ته‌سلیم به‌و تێگه‌یشتنه ببین، به‌ڵکوو به‌و مانایەی که ئێمه له چوارچێوه‌ی چه‌ند ده‌وڵه‌تێکداین، من بۆ خۆم له‌و بڕوایه‌دام که پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و هاتنه ئارای ده‌وڵه‌ت -نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و پێشتریش له ئه‌ورووپا، ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ده‌بێته دامه‌زراوه‌یه‌کی زۆر به‌هێز، زۆر ناوه‌ندگه‌را، کە ژمارەیەک ئامرازی له به‌رده‌ستایه که مرۆڤ درووست بکات، لە قاڵبی دەدات، دەیشێوێنێت، ئاراستەی دەکات، دەیگۆڕێت، ونی دەکات و هتد، یانی به‌ره‌و ئاقارێکی تایبه‌تیی دەبات. واوه‌تر تواناکانی کورد له به‌رامبه‌ر ئه‌و دەوڵەتە ناوەندگەرا بەهێزە زۆر لاواز بووه، بۆیه شوناسی دیکه به سه‌ر کورددا سه‌پێندراوه، شوناسی تورکیبوون، شوناسی تورکیاییبوون، شوناسی ئێرانی، شوناسی فارسی، شوناسی عه‌ره‌بی، یا شوناسی عێراقی. هه‌موو ئه‌مانه به سه‌ر کورددا سه‌پێندراون. من خۆم پێش ئه‌م گفتوگۆیه باسم کرد که وانه‌ی کۆنستڕاکتیڤیزم ده‌ڵێمه‌وه، ئه‌م تیۆرییە پێیوایه که هه‌موو تێگه‌یشتنه‌کانی ئێمه، هه‌موو به‌هاکانی ئێمه، هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی که ئێمه بە ژیانی دەدەین، له پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ومێژوویی دا درووست ده‌بن، تۆ له ناو ده‌وڵه‌تێکدا بژی، بۆ وێنه ده‌وڵه‌تی ئێران، له نێوان ئه‌و چوارچێوه‌دا شوناسی سه‌ره‌کی شوناسی فارسییه، که‌لتووری زاڵ که‌لتووری فارسییه، کاتێک که هه‌موو ئه‌مانه به سه‌ر تۆدا زاڵ ده‌بن و تۆ وەک کوردێک دامه‌زراوه‌ت نییه که به گژ ئه‌و کاریگه‌رییه‌دا بچیته‌وه، ئه‌و شوناسه ههڵبوهشێنیتەوه و له جێگه‌ی ئه‌ودا شوناسێکی دیکه جێگیر بکه‌یت، ئیدی هەڵگری ئەو شوناسە دەبیت کە دەوڵەت بەسەر تۆیدا سەپاندووە. بۆ وێنه له شاری بانه‌دا، شارەکەی ئێوه، خوێندن به کوردی نییه، کاتێک که ئینسان به زمانی دایکیی نه‌خوێنێ، ئیدی پاش ماوه‌یه‌ک ناشتوانێت به گوێره‌ی پێویست کوردانە بیر‌و فیکر بکاته‌وه. واته لێره‌دا ناچار ده‌بێت به فارسی بیر بکاته‌وه، چونکه زمان ته‌نیا نوتقێک نییه که ده‌یهێنێ، کەلتوورێک ته‌ک خۆیدا دێنێت، تێگه‌یشتنێک له گه‌ڵ خۆیدا دێنێت، جا ئه‌مه وا له ئینسانی کورد ده‌کات که ئازاد نه‌بێت. بێگومان به‌رگریی هه‌رماوه، به‌ڵام دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌ر زۆر زۆر زاڵترن، من له ڕۆژانی داهاتوودا سمینارێکم له سه‌ر ئه‌وه ده‌بێت که نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له درێژماوه‌دا له‌ناوده‌چێت، ئه‌گه‌ر به‌ره‌نگاریی جیددیش بکات هه‌ر له‌ناوده‌چێت. کاتێ له ڕۆژهه‌ڵاتدا زمانی کوردی نه‌بوو به زمانی خوێندن، نه‌بوو به زمانی گفتوگۆ، کاتێ که‌لتووری کوردی له ناوه‌نددا ده‌ور ناگێڕێ، کاتێ تۆ زمانی کارت، زمانی مه‌عریفه‌ت، زمانی په‌روه‌رده‌ت زمانێکی دیکه بێت، ئه‌وکات مه‌حکوم به‌وه ده‌کرێیت پێویستیت به زمانه ناوه‌ندییه‌که بێت، ئەو کات، زمانی فارسی بۆت گرنگ دەبێت، نەک زمانی خۆت و زمانی کوردی. بۆ وێنه کوردێک له ڕۆژهه‌ڵاتدا ده‌بێ زمانی فارسی بزانێت تا بگات به مه‌عریفه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا کوردی بزانێ، زۆر زه‌حمه‌ته ده‌ستی به مه‌عریفه بگات، خۆ کتێبه‌کان زۆرینه‌یان هه‌ر به فارسین، من ناڵێم که کتێبی کوردی هه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه ئێستا به دوای کتێبە فهلسهفییەکاندا بگه‌ڕێن، ژماره‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی که به کوردی هه‌ن، هه‌ر زۆر که‌من. ئه‌گه‌ر لێره‌دا باسه‌که‌م کورت بکه‌مه‌وه، ده‌وڵه‌ت له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا کوردی هاڕیوه، کلتووره‌که‌ی، مێژووه‌که‌ی و زمانه‌که‌ی مت کردووە. ئه‌مانه هه‌مووی ده‌بنه هۆی ئه‌وه که شوناسێکی دیکه له لای تاکی کورد درووست بێت، وەک شوناسی عێراقیی، یان ئێرانیی. سەد ساڵ داگیرکاریی، سەد ساڵ سەپاندنی شوناسی ئەوانی دیکە بەسەر کورددا، سەد ساڵ بێبەشکردنی ئینسانی کورد لە شوناسی خۆی، لە زمانی، لە کەلتووری، لە دابونەریتی، هەمووی بەسەریەکەوە کوردبوون کاڵدەکاتەوە و شوناسی ئەوانی دیکە زاڵ دەکات بەسەر ئینسانی کورد. ئه‌گه‌ر من باس له نووسینه‌کانی «ئێدوارد سه‌عید» بکه‌م، ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌دات که ئیمپڕیالیزم و هێزه کۆلۆنیالیزمه‌کان چۆن وێنای ئینسان و وڵاتی داگیرکراو ده‌که‌ن، سەعید دەڵیت: داگیرکەر خۆی بەرز ڕادەگرێت و داگیرکراو نزم ڕادەگرێت، خۆی بەنرخ و داگیرکراو بێ نرخ، به‌ڵام «فڕانز فانن» ده‌ڵێ، کێشه‌که ته‌نیا له‌وه‌دا نییه که داگیرکەر خۆی به به‌رز و داگیرکراو به نزم بزانێ، به‌ڵکوو کێشه‌که له‌وه‌دایه، که منی کوردی داگیرکراو خۆم به نزم بزانم و داگیرکه‌ر به به‌رز، کاتێک که من خۆم به نزم ده‌زانم، شوناسهکهشم، زمانه‌که‌شم و کهلتوورهکهشم به نزم ده‌زانم، کاتێ که به‌و ئاسته گه‌یشتین، ئه‌وه خۆ ناساندن به شوناسی داگیرکه‌ر به کارێکی به‌رز و فه‌ڕز ده‌زانین، دەبین بە بەشێک لە پڕۆسەی خۆ ڕزگارکردن لە نزمگەرایی و بێنرخی. پاشان له لام گرینگ ده‌بێ ئێرانی، ئێراقی و تورکیایی بم، چونکه کوردبوون هێنده لاواز کراوه. بۆ وێنه کاتێک له تورکیه به کورده‌کان ده‌ڵێن تورکه‌کانی چیا، ئه‌م وته ته‌نیا ئه‌وه ناگه‌یەنێت که کۆمه‌ڵه که‌سێک له چیا ده‌ژین، به‌ڵکه چاولێکردنێکه وه‌ک ڕه‌شه‌وڵاخ، وه‌ک حه‌یوان، وه‌ک کێویی، که ده‌ڵێن، تورکی چیایی یانی له شارستانیه‌تی دابڕاوی، له که‌لتور، له مه‌عریفه و له هه‌موو شتێ دابڕاوی.
هێما: ئێوه لێره‌دا ئاماژه‌تان به خاڵێکی هه‌ستیار و گرینگ دا، چونکه زۆر جار سه‌باره‌ت به وڵاتانی ئه‌فریقایش ده‌گوترێ، که زۆرینه‌یان ده‌یان ساڵیان پێویست بووه، هه‌تا خۆیان له ده‌ستی ئه‌و وێنه و شوناسه ڕزگار بکه‌ن که داگیرکەرانیان به سه‌ریاندا سه‌پاندوون، هه‌تا ئه‌وه‌نده وره په‌یدا بکه‌ن و بێژن، ئێمه خۆمان ده‌توانین خۆ پێناسه بکه‌ین و ئێمه چیدی ئه‌وه نیین که ئێوه پێتان وایه.
د. شێرکۆ: وایه د. هیوا، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌وان پاش ڕزگاربوونیان به‌و ئاسته گه‌یشتبێتن، ئێمه هێشتا ڕزگار نه‌بووین، کوردی ڕۆژهه‌ڵات که ڕزگار نه‌بووه، چۆن بتوانێت ئه‌و هه‌وڵه بدات، کێ ده‌توانێت ئه‌و هه‌وڵه بدات؟ ڕه‌نگه کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری وه‌ک ئێوه، من مه‌به‌ستم له‌وه نییه که له نرخی کاره‌که‌ی ئێوه که‌م بکه‌مه‌وه، به‌ڵام کاریگه‌ریی کاره‌که‌ی ئێوه له ڕۆژهه‌ڵاتدا به به‌راورد له گه‌ڵ کاریگه‌ری ئه‌و هه‌موو دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیانه‌ی که له‌وێ کار ده‌که‌ن زۆر زۆر که‌متره. دید و بابه‌ته‌کانی ئێوه ده‌گاته ده‌ستی نوخبه‌یه‌کی دیاریکراو، ئه‌وه‌ی که من قسه‌ی له سه‌ر ده‌که‌م عه‌وامه، ئاخر خوێندکارانی تەنانەت گوند و لادێکانی ده‌ورووبه‌ری شاری بانه ته‌نیا بە زمانی فارسی دەخوێنن، بۆیە تەنیا فارسی به باشی ده‌زانن. من لەم ماوەیە زۆر گوێ لە قسەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەگرم، بەداخەوە هەژموونی زمانی فارسی هێندە زاڵە لەسەریان، خەریکە کوردییەکەیان لەبیر بچێتەوە، کاتێک کە بە کوردی قسەدەکەن پڕاوپڕە لە وشەی فارسی، ئەوە لەکاتێکدایە کە زمانی فارسی خۆی پڕاوپڕە لە وشەی عەرەبی.
هێما: زۆر جار ده‌گوترێت ئه‌و فاکتهرگهلانهی که پێناسه و شوناسێکی به‌بنه‌ما و به‌رین به نه‌ته‌وه‌یه‌ک یاخۆ کۆمه‌ڵێک ده‌به‌خشن بریتین له: زمان، جوگرافیا و فه‌رهه‌نگ، پێویسته کورد جه‌خت له‌سه‌ر کام فاکته‌ر بکات، هه‌تا شوناس و پێناسه‌ی خۆی هه‌م بۆ خۆی هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆشی بسه‌لمێنێ؟
د. شێرکۆ: من پێشتریش به‌و ئاراسته‌دا ڕۆیشتم که به‌یانی بکه‌م، کورد یا ده‌بێ ده‌وڵه‌تی هه‌بێ، یان ده‌بێ لانی که‌م کیانێکی سیاسی له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کار له سه‌ر زیندووڕاگرتنی شوناسه‌که‌ی خۆی بکات. زیندووڕاگرتنی خۆی، واته زیندووڕاگرتنی شوناسی کوردی، گرینگ‌ترین فاکته‌ره بۆ جیاوازی نێوان کورد و ئه‌وانی دیکه، لێره‌دا زمان ده‌ورێکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت، ئه‌وه زمانه که کورد له فارس جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌گینا ڕه‌نگه له ڕووی که‌لتوورییه‌وه زۆر خاڵی هاوبه‌شمان ته‌ک فارس‌دا هه‌بێت. ئه‌وه زمانه که کورد له عه‌ره‌ب جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌گینا له پرسی دیندا یاخۆ له پرسی تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تییدا زۆر له یه‌ک نزیکین، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که کورد که‌لتووری تایبه‌ت به خۆی نییه، به‌ڵکه ئه‌وه‌ی که به زه‌قی له عه‌ره‌بی جیا ده‌کاته‌وه زمانه‌که‌یه. به‌ڵام ڕاگرتن و به‌رزڕاگرتنی زمان زۆر زه‌رووره، ئه‌گه‌ر ئاماژه به خاڵه‌کانی دیکه‌ی ئێوه بده‌م، ئێوه باستان له خاک و له جوگرافیا کرد، تۆ به بێ کیانی سیاسی گرفتت هه‌یه خاکه‌که‌ت شوناسی هه‌بێت، بۆ وێنه له باشووردا، تۆ ناتوانی به بێ کیانێکی سیاسی خۆت ته‌نیا به‌و چوارچێوه جوگرافیاییه‌وه پێناسه بکه‌یت، واوه‌تر له باشوور هه‌رێمه‌که هه‌رێمێکی کوردستانییه، ئه‌مه ده‌کرێ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ درووستبوونی شوناسی کوردستانیبوون، به‌ڵام له باکووردا به کوردستان ده‌گوترێت ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیه، به‌م ئاماژه‌یه باکووری کوردستان لە کوردستانیبوون و کوردبوون داده‌ماڵدرێت. به‌ڵام کێ ده‌توانێ، ئه‌م شوناسی ڕۆژهه‌ڵاتی تورکییه بگۆڕێ بۆ شوناسێکی کوردستانی ئەگەر کیانێکی سیاسیت نه‌بێ؟ ڕوونتر بڵێم هەموو ئەو فاکتەرانەی ئاماژەت پێکردن گرنگن، بەڵام بێ بوونی دەوڵەت، یان کیانێکی سیاسیی، هەموویان لەژێر هەڕەشەن، جا زمان بێت، خاک بێت، جوگرافیا بێت، یادەوەری هاوبەش بێت، کەلتوور بێت، دابوونەریت بێت، مێژووی هاوبەش بێت و هتد. مه‌به‌ستم لە کیانی سیاسی هه‌رێمێکی فیدڕاڵییه، یاخۆ هه‌رێمێکی کۆنفیدڕاڵی، یاخۆ هه‌رێمێکی خودموختار، که چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو و حکوومەتێکی خۆجێی هه‌بێت. واتە به‌بێ ئه‌و کیانە سیاسییه کورد ناتوانێت شوناسه‌کانی خۆی بپارێزێت و درێژه پێبدات، یا زه‌ق بکاته‌وه، ئه‌گەرنا زمانه‌که‌ی له ته‌ک تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا لاواز ده‌بێت، چونکه هه‌روه‌ک پێشتر گوتم، بەبێ کیانی سیاسی زمانی کوردی نابێته زمانی کار و مه‌عریفه، یا زمانی ئابووری و بازرگانی، یان زمانی پەروەردە و خوێندن. کاتێک که زمانه‌که‌ت ئه‌و کارانه‌ی پێناکرێت و ده‌ور ناگێڕێت ئیتر خۆی ورده ورده ده‌پووکێته‌وه. هه‌ر بۆیه ئێمه نابێ له‌و باوه‌ڕه‌دا بین که ته‌نیا یه‌ک فاکته‌ر، یاخۆ یه‌ک کۆڵه‌که هه‌یه بۆ پرسی نه‌ته‌وه، من پێموایه که هه‌موو کۆڵه‌که‌کانی نه‌ته‌وه، جا چ زمان بێ، چ خاک بێ، چ مێژوو بێ، چ یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش بێ، یا که‌لتوور و هه‌ر شتی دیکه‌ش بێت، له غیابی ده‌وڵه‌ت یان کیانێکی سیاسی، ناتوانن ڕۆڵی ڕه‌وای خۆیان بگێڕن. من له‌م ڕۆژانه‌دا باسێکم له سه‌ر ئه‌وه ده‌بێ، که چۆن ئابووری وڵاته‌که‌ی دیکه، واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکە، یان دەوڵەتە ناکوردییەکە، ده‌توانێ ئابوری تۆ بشێوێنێت، شوێنەوارت تێکبدات. ڕه‌نگه ئاگادار بیت که چۆن «حه‌سه‌ن کیف» که شوێنێکی ئاسه‌واری کورده له باکوور، خراوەتە ژێر یه‌کێک له‌و به‌نداوانه‌ی که تورکیه درووستی کردووه. لێره‌دا له به‌ر ئه‌وه‌ی کورد له تورکیه دا کیانێکی سیاسی نییه که له دیدی کوردەوە ته‌ماشای پرسه‌کان بکات، شوێنه‌وار، که‌لتوور و مێژووت هیچ گرینگیه‌کی نامێنێت، به‌ڵکه ئه‌وه‌ی گرینگی هه‌یه به‌نداوێکه، ئاوگلدانهوهیهکه، یا پڕۆژه‌یه‌کی ئابوورییه، واتە لەسەر خاکێکی داگیرکراو تەنیا قازانج ئاراستەکەرە. لێره‌دا به‌شێک له شوناسه‌که‌ی تۆ ده‌کرێته قوربانی پڕۆژه‌یه‌کی ئابووری. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ کیانێکی سیاسی کوردیت هه‌بێ، ئه‌وه «حه‌سه‌ن کیف» ده‌کات به شوێنێکی گه‌شتیاریی بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی شوناسی تۆ، بۆ هێشتنه‌وه‌ی که‌لتووری تۆ، بۆ ناساندنی شوێنه‌واری تۆ. ئه‌و خاڵانه‌ی که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا، هه‌مووی خاڵی گرینگن، به‌ڵام له درێژمه‌ودا دا به چی ده‌گات، ڕه‌نگه هه‌ر وه‌ک «حه‌سه‌ن کیف» بکه‌ونه ژێر ئاوه‌وه. کاتێک که که‌سێکی کورد له باکوور نه‌یتوانی به زمانی خۆی ببێته ئه‌ندازیار، ئه‌وه کاتێ بوو به موهه‌ندیس، ده‌بێته موهه‌ندیسێکی تورک، به تورکی قسه ده‌کات، یان کوردێک ده‌بێته پارێزه‌ر، هه‌ر ده‌بێ به تورکی قسه بکات، جا ئه‌گه‌ر تۆ به زمانێکی دیکه قسه ده‌که‌یت، گرفتی سه‌ره‌کی ته‌نیا قسه‌کردنه‌که نییه، کێشه‌که ئه‌وه‌یه که تۆ به زمانێکی دیکه بیر ده‌که‌یته‌وه، بۆ وێنه کوردێکی کوردینه‌زان له ڕۆژهه‌ڵاتدا له درێژمه‌ودادا ده‌بێته کوردێک که به که‌لتوور و بیرکردنه‌وه فارسه.
هێما: دیاره لێره‌دا په‌نجه نرایه سه‌ر ئه‌و تواندنه‌وه و ئه‌و ئاسیمیلهکردنه که وڵاتانی داگیرکا‌ر ساڵانێکی زۆره به به‌رنامه‌وه کاری بۆ ده‌که‌ن.
د. شێرکۆ: به‌ڵی، به‌ڵی به سیستیماتیک لە ڕێگەی دامهزراوەکانیش کاری بۆ ده‌که‌ن و ته‌نیا لە ڕێگەی دامه‌زراوه‌کانیش ده‌کرێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که زۆر ده‌مێکه بۆ ئاسیمیله‌کردن به‌ڕێوه‌ده‌چێ، به گۆڤارێک ناکرێ، بە ڕۆژنامەیەک ناکرێت، بە گروپێکی خۆبەخش ناکرێت، بە ڕێکخراوێکی مەدەنی ناکرێت. هەموو ئەوانە گرنگی خۆیان هه‌یه، بەڵام بۆ ئه‌وه‌ی زمان و ڕێنووسی کوردی وه‌مێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی تواندنه‌وه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، کورد ده‌بێ لانیکه‌م جۆرێک له خودموختاریی هه‌بێ، خودموختارییه‌ک که لانی که‌م کورد بکات به سه‌نته‌ر (چەق)، زمانی تۆ، که‌لتووری تۆ و ئابووری تۆ بازاڕی تۆ، مەعریفەی تۆ، دیدی تۆ بکات به سه‌نته‌ر. من له نووسراوه‌یه‌کی کورتی خۆمدا که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر په‌خش بووه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌م، که کوردی ڕۆژهه‌ڵات ته‌نیا چوار ئیختیاری له به‌رده‌ستدایه، یا ده‌بێ ببێت به کۆڵبه‌ر، یا ده‌بێ ببێت به جاش، یا ده‌بێ بڕواته شوێنێکی دووره‌ده‌ستی ئێران هه‌تا کاری ده‌ست بکه‌وێ، یا ئالووده به ماده هۆشبه‌ره‌کان ببێت؛ ئه‌مه خۆی کاره‌ساته، ئه‌مه ئاسیمیلهبوونه. به‌ڵام کێ ده‌توانێ ئه‌مه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه؟ بۆ وێنه که تۆ کیانێکی سیاسیت بوو، ئه‌وه ده‌توانێ هه‌لی کار له ناوچه‌که‌دا فه‌راهه‌م بکات، کاتێ هه‌لی کار ڕه‌خسا، تۆ پێویستت به زمانی کوردییه، ئه‌وکات کارخانه درووست ده‌بێ، به‌ڵام لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتێک پێویسته، جا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه له ڕۆژهه‌ڵات وه نه له باکوور هه‌یه. من لێره‌دا بۆیه باس له باشوور و ڕۆژئاوا ناکه‌م، چوونکه له‌و دوو شوێنه کیانی سیاسیی کوردی بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر خراپیش بن، کوردیی تا ڕاده‌یه‌ک پارێزراوه. به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵات و له باکوور سیاسه‌تێک پیاده ده‌کرێت که ناوچه‌که به ناگهشهیی بمێنێته‌وه، کاتێک ناوچه‌که گه‌شه‌ی تێدا نییه، ئه‌وکات خه‌ڵکه‌که کۆچ ده‌کات بۆ ناوچه‌یه‌کی دیکه. کاتێک هه‌لی کار له ته‌برێز، ئیسفه‌هان، تاران و مه‌شهه‌د هه‌یه، به‌ڵام له سنه، بانه و سه‌قز و ئه‌وانه نییه، خۆ پرسه‌که ئه‌وه‌ش نییه که بڵێین ئه‌و شارانه بۆ ئه‌وه نابن کارخانه‌یان لێ دابنێین، ئه‌مه خۆی به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست وای لێکراوه، بۆ ئه‌وه‌ی تۆ ئاسیمیله بیت، ته‌نیا ڕێگه‌ت کۆچکردن بێت، تا له نه‌وه‌یه‌ک یا دوی دیکه‌دا که‌سێک بڵێ، به‌ڵی باوکم کورد بوو و خه‌ڵکی ئه‌م شار یا ئه‌و شاری کوردستان بووه بەڵام ئێستا نە کوردی دەزانم نە لە کوردی تێدەگەم.
هێما: تۆ له ناوچه‌ی خۆته‌وه کۆچ ده‌که‌ی بۆ به‌شی فارسنشین و ئه‌و ناوچه دهبوژێنیتهوه و ناچار ده‌بی، به‌رامبه‌ر به ناوچه‌که‌ی خۆت و بوژانه‌وه‌ی، که‌مکاریی و که‌مته‌رخه‌می بکه‌یت. دوکتۆر شێرکۆی به‌ڕێز من ته‌نیا دوو پرسیارم ماوه، پرسیاری یه‌که‌م گرێ ده‌ده‌م به باشووری کوردستانه‌وه، چونکه هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، له باشوور نیمچه ده‌وڵه‌تێک یاخۆ هه‌رێمێک هه‌یه، واته له‌و ناوچه‌دا پێکهاته‌ی سیاسی کوردیمان هه‌یه، له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه، جا به سه‌ر هه‌موو که‌م وکهسرییهک که ئه‌و دوو بنه‌ماڵه له خۆی ده‌گرن، چونکه به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هیوایه‌کیان به باشوور هه‌بوو و چه‌شنی هێمایه‌ک بۆیان ڕوانیوه، ئه‌م به‌شه له سی ساڵی ڕابردوودا تا چ ڕاده‌یه‌ک خزمه‌تی به کیان و به شوناسی کورد کردووه؟
د. شێرکۆ: ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت کار کراوه، من ناتوانم بڵێم هیچ کار نه‌کراوه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک نه له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئێمه‌دایه، نه له‌و ئاستهشدایه که بڵێین دواڕۆژێکی ڕوونی له به‌رچاودایه، یا به‌و مانایەی که ئه‌م کیانه بتوانێت ئیدامه به خۆی بدات. تۆ بۆ ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی هه‌ر کیانێک پێویستت به هێزه، واته هێزێک بۆ پاراستنی ئه‌و کیانه. من لێره‌دا مه‌به‌ستم ته‌نیا له هێزێکی نیزامی پێشمه‌رگه نییه، چونکه هێز ته‌نیا هێزی ماتریالی نییه، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک هێزی مه‌عنه‌وی هه‌ن. گه‌ر لێره‌دا باسه‌که‌م کورت بکه‌مه‌وه، چ وه‌ک هێزی سه‌ربازیی، باشوور ئه‌و هێزه‌ی دروست نه‌کردووه که له ڕووی ماتریالییه‌وه به‌رگریی له خۆی بکات، هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا نه‌یتوانیوه مرۆڤێکی خۆڕاگر و نیشتیمانپه‌روه‌ر، کوردپه‌روه‌ر، وه‌ک مرۆڤێک که زاتی به‌هێز بێت و بتوانێت به‌رگریی له خۆی بکات، درووست بکات، ئه‌م کاره‌ش له ڕاستییدا نه‌کراوه. یانی مرۆڤ لە باشوور به گشتیی مرۆڤێکی له‌رزۆکی، لاوازی، شڵه‌ژاوی، بێباوه‌ڕه، ته‌نانه‌ت له زۆر لاوه هه‌ست به لاوازیی شوناسه‌که‌ی خۆی ده‌کات. به‌ڵام هه‌روه‌ک ئێوه ئاماژه‌تان پێدا که له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه وه‌ک هێما بۆی ده‌ڕوانن، من پێم وایه ئه‌و کیانه‌ی که له باشووردا هه‌یه، جا به هه‌موو کهمووکورتییهکانییهوه، هێشتا سه‌د هه‌زار، نه‌ک جارێک و دوو جار، سه‌د هه‌زار جار باشتره بمێنێته‌وه، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ڕۆژهه‌ڵات و باکووردا هیچمان نییه. کاتێک من له ته‌ک منداڵێکی کورددا که لێره قوتابخانه‌ی ته‌وا کردووه قسه ده‌که‌م، یا ڕۆژانه ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنه کوردییه‌کان ده‌کات، کوردیه‌کی پاک و ڕێکووپێک قسه ده‌کات، یانی تا ڕاده‌یه‌ک که‌لتووره‌که ڕاگیردراوه. من زۆر جار گوێ له خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات ده‌گرم، ئه‌وانه‌ی که ئێستا له ڕۆژهه‌ڵات ده‌ژین، یانی زۆر جار زمانه‌که به ته‌واویی وێران بووه، هه‌ندێک جار ئامرازه په‌یوه‌ندییه‌کانیش به کوردی بەکارناهێنن، بۆ وێنه خه‌ڵکی سنه یا کرماشان که هه‌ر له‌مێژه له ژێر کاریگه‌ریی هەژموونی زمان و کەلتووری فارسی دان زمانە کوردییەکەیان زۆر کاڵبۆتەوە. کاتێک ئه‌و دوو به‌ره‌یه به‌راورد ده‌که‌ین، ده‌بینین که ئه‌و کیانه‌ی باشوور هێشتا هه‌ر گرینگی خۆی هه‌یه و ماوه، کاتێک کیانێکی لاواز هه‌بێ، ده‌کرێ له داهاتوودا باشتر بکرێت، چاکسازیی له سه‌ر بکرێت، به‌ڵام که هه‌ر نه‌بوو، ئه‌وه گرفته‌که زۆر گه‌وره‌تره.
هێما: وه‌ک دوایین پرسیارمان، ئێمه پشتگیری له بیرۆکه‌ی چه‌پ و سۆسیال دێمۆکراتیزم ده‌که‌ین، ڕێکخراوه چه‌په‌کانی ئه‌مڕۆی کوردستان که‌م تا زۆر به‌وه گه‌یشتوون که به سه‌ر پرسی سۆسیالیزم و ئینته‌رناسیۆنالیزمدا، ناتوانن ئاوڕ له پرسی سه‌روه‌ریی کورد نه‌ده‌نه‌وه، ئێمه چه‌شنی مافی مرۆڤ ئاماژه به پرسی سه‌روه‌ریی ده‌ده‌ین، چوونکه ڕه‌نگه یه‌کێک له گرینگ‌ترین لایه‌نه‌کانی ئازادیی پرسی سه‌روه‌ریی بێت، له ڕوانگه‌ی ئێوه‌وه بیرۆکه‌ی چه‌پ چۆن و له چ سووچێکه‌وه ده‌توانێ خزمه‌ت به شوناسی کورد بکات؟ به‌ڵام به مه‌رجێ که جه‌وهه‌ری چه‌پ بوونی خۆی له ده‌ست نه‌دات.
د. شێرکۆ: به ڕای من ئه‌گه‌ر چەپ خه‌مه گشتییه کوردییه‌که بکات به خه‌می سه‌ره‌کی و هاوکات خه‌مه چینایه‌تییه‌کان و خه‌مه مرۆڤایه‌تییه‌کان له یاد نه‌کات ئەوە زۆر گرنگە، چوونکه ده‌بێ به هاوته‌ریبی کار بکرێت، یانی ئه‌و چه‌پانه‌ی که له کوردستاندا شکستیان هێناوه، به گشتیی ئه‌و چه‌پانه بوون که خه‌می نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌یان کردۆته قوربانی خه‌می یه‌کسانیی، ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی. نه‌ک هه‌ر چه‌په‌کان، من پێم وایه هێزه ناسیۆنالیسته‌کانیش، کاتێ که ته‌نیا له خه‌می نه‌ته‌وه‌دان و پرسه گرینگه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ئازادی ڕاده‌ربڕین، یه‌کسانیی، عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، مافی ژن، هه‌موو ئه‌و به‌ها گرینگه ناماتریالیانه پشتی گوێ بخه‌ن، ئه‌وە شکست دێنن. له به‌ر ئه‌وه چ حیزب بێ، چ تاک و چ گۆڤارێک بێ، کورد چ لیبڕاڵ بێ، چ ناسیۆنالیست یاخۆ چه‌پ بێ، یا چ ئیسلامیی بێ، ئه‌گه‌ر هه‌موو پرسه‌کان به گرینگ دانه‌نێ، ئه‌وه به رای من هه‌ڵه ده‌کات، چونکه ئێستا له باشوور دێته به‌رچاو که زۆر حیزب، ڕێکخراوه و تاک، ته‌نیا پرسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینن، به‌ڵام نازانن که تۆ ئه‌گه‌ر ئازادی و مافی خوێندکاران، مافی کرێکار، مافی مامۆستا و مافی ژن و هتد.. له بیر کرد، هه‌ر بۆ خۆت کیانێکی فشۆڵ داده‌مه‌زرێنیت، ئه‌م کیانه فشۆڵهش مه‌حکوومه به له ناوچوون. به تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی کورد، ئه‌م شتانه زۆر زۆر گرینگن، چوونکه ئه‌وه‌ی که ده‌بێ له‌وانی دیکه جیامان بکاته‌وه، که ئێمه چۆن ته‌ک یه‌کتردا مامه‌ڵه ده‌که‌ین، جا لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئاسته شاقوڵیهکهیه، نه‌ک ئاسته ئاسۆییه‌که. له ئاسته ئاسۆییهکهدا ڕه‌نگه کوردبوون هه‌مووان کۆ بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له یه‌ک جیامان ده‌کاته‌وه ئاستی توانایی داراییمانه، ئاستی چینایه‌تیمانه، ئه‌گه‌ر ناعه‌داله‌تیه‌کی زۆر به‌رچاو هه‌بێت، ئه‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه، جا ئه‌مانه هه‌مووی هه‌ڕه‌شه‌ن له سه‌ر هه‌رێمدا، له سه‌ر کیانه سیاسییه‌که‌دا. من خۆم به که‌سێکی لیبڕاڵ ده‌بینم، به‌ڵام لیبڕالیزمێک به به‌هاگه‌لی وه‌ک پلۆڕالیزمهوه، فره‌چه‌شنی، من ده‌بێ داکۆکی له کورد و کوردبوون بکه‌م، چوونکه کوردیش به‌شێکه له‌و فره‌ییه‌ی که له جیهاندا هه‌یه، یانی ناکرێ تۆ کوردبوون به قوربانی لیبڕالیزم بکه‌یت، چونکه جوانی دونیا له فره‌ییدایه، له فره‌نه‌ته‌وه‌یی، فره‌ئایینی، فره‌که‌لتووری و هه‌روه‌ها؛ هه‌ربۆیه هه‌ر داکۆکیه‌کی من به گشتیی له کوردبوون و کوردستانی بوون په‌یوه‌ستی به لیبڕاڵبوونی منه‌وه هه‌یه.
هێما: زۆر سپاس دوکتۆر شێرکۆ، ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه باوه‌ڕمان به فره‌چه‌شنی هه‌یه، به تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی کورد که به سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌ش کراوین و له هه‌ندێ ده‌ڤه‌ر و ناوچه له‌یه‌ک تێگه‌یشتن که‌متره. بۆ وێنه له باشوور که ئه‌م بنه‌ماڵه ئه‌و بنه‌ماڵه به ته‌واوی واتاوه به ڕه‌سمیه‌ت ناناسێ. هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌ک که له ته‌ک گه‌شه‌ی سه‌رده‌مدا نه‌ڕوات و باوه‌ڕی به به‌هاگه‌لی وه‌ک دێمۆکراسی، فره‌چه‌شنی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، ئه‌وه ناتوانێ لە درێژماوه دا سه‌رکه‌وتوو بێت. زۆر سپاس دوکتۆر شێرکۆ کرمانج.
د. شێرکۆ: ده‌ستی ئێوه‌ش خۆش بێ، ماندوو نه‌بن و سه‌رکه‌وتوو بن.