پێشه‌کییه‌کی تیۆریک:
عادڵ قادری (زه‌هاوی)
ئه‌وه‌ی که ئه‌ده‌ب له ژێر ناوی جه‌نگ یان به‌رگری و به‌رخۆدان یان هه‌ر پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه بێت، زیاتر ناونانێکه که ده‌به‌سترێته‌وه به دوو دۆخ یان هۆکار؛ یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ناو فه‌زا و دۆخێکی جه‌نگیی به‌رده‌وامدا بێت و دووهه‌م ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگا یان زمان یان که‌لتوورێکی گشتیی ماناته‌وه‌ر له پشت ئه‌م ئه‌ده‌به‌یه؛ یانی که‌ڵکه‌ڵه‌ی فۆرم و پێکهات پێگه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کیی له دۆخی جه‌نگی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ لایه‌نی به‌رانبه‌ر و دژبه‌ر داگیر ناکات و ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له سه‌ر ئه‌ده‌بی جه‌نگ یان به‌رگری و به گشتی و له پله‌ی یه‌که‌مدا له سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب دروست ده‌کات که بیخاته ناو بازنه و ئاڵقه‌ی دروشم یان هه‌ڵوێستی ڕووت یان هه‌ندێک دیسیپلینی فه‌رمیی ئایدۆلۆژیکی بریقه‌دار، به‌و مانایه‌ی که بازنه‌ی خه‌یاڵ و ئاسۆی زمان و ڕوانین له چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراودا ده‌نه‌خشێندرێت و هیوای بزۆزیی و داڵغه‌ی گۆڕان، کز و قه‌تیس ده‌کات.
له‌ڕاستیدا پۆلێن‌کردنی ئه‌ده‌بیش له ژێر ئه‌و ناوانه زیاتر ناونان و تیۆریزه‌کردنێکی ماناتهوهرن تا فۆرمخواز، ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی که وڵاتانی جه‌نگزه‌ده و شه‌ڕئامێز تێیدا ژیاون و ده‌ژین، ڕه‌نگه هه‌ستیارترین دۆخ و ناسکترین جووڵه و ئه‌کتی ئه‌ده‌بی، به‌تایبه‌ت شیعر و ئاڵۆزترین حاڵه‌تی هۆنینه‌وه له دۆخی جه‌نگیدا بێت، ئه‌سته‌م و سه‌خته که شاعیر هاوکات به‌رگری له شتێک بکات و دژی شتێک بێت که دواتر ئه‌ده‌بییه‌ت و ئاسۆکانی خوێندنه‌وه‌ی دواڕۆژی لێ له‌بار نه‌بات!
به گشتی پۆلێن به‌ندیکردنی ئه‌ده‌ب، زیاتر کارێکه بۆ ناسینی ئه‌م دۆخه هه‌ستیاره و ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی له‌م دۆخه ئاڵۆز و هه‌ستیاره‌دا له دایک ده‌بێت و به ڕاده‌یه‌کیش پۆلێن به‌ندییه‌که گشتی و کۆییه، ده‌کرێت بۆ به‌شێکی زۆری مێژووی مرۆڤ گریمانه‌ی که‌ین، به‌ڵام واپێده‌چی ئه‌م ده‌سته‌واژانه زیاتر پاش جه‌نگه جیهانییه‌کان و له هه‌وڵه‌کانی ڕه‌خنه‌کردنی مۆدێڕنیته و ده‌رکه‌وتنی ئه‌ده‌بی مۆدێڕن و شێوازه‌کانی هاتبێتنه ئاراوه، بۆیه خودی چه‌مکه‌کان دیسان و له قۆناغی دواتردا که‌وتنه‌وه به‌ر ته‌ئویل و خوێندنه‌وه، هه‌ر وڵاتێک به پێی دۆخێک که تێیدا تووشی جه‌نگ و شه‌ڕ بووه، پێناسه‌یه‌کی بۆ شێوازی ئه‌ده‌به‌که‌ی به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ویدییه‌کی دوژمن و داگیرکه‌ر به کارهێنا، وه‌کوو له درێژه‌دا باسی ده‌که‌م.
له ڕاستیشدا ئه‌ده‌بی به‌رگری، ده‌کرێت وه‌کوو پاشکۆ و سه‌رباری ئه‌ده‌بی جه‌نگ بناسرێت و زیاتر ده‌ربڕینێکی ئایدۆلۆژیکه بۆ کرده‌وه و ئه‌کتی سووژه‌ی شاعیر تاکوو دیاریکردنی دۆخ و ژینگه‌ی ئه‌ده‌ب و شاعیر و ئه‌دیب، هه‌رچه‌ند تێڕوانینی واش هه‌یه که ڕێک به‌پێچه‌وانه‌وه شته‌که ده‌بینێت و پێی وایه ئه‌ده‌بی به‌رگری، دایک و زایینگه‌ی ئه‌ده‌بی جه‌نگه به‌تایبه‌تی ئه‌م تێڕوانینه له لایه‌ن هه‌ندێک ڕه‌خنه‌گر و ئاکادیمیی ئێرانی و فارسه‌وه که ئه‌ده‌بی په‌یوه‌ست به‌و شته‌ی که خۆیان ناویان لێناوه “به‌رگریی پیرۆز” به‌دیده‌کرێت و هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به قسه‌ی خۆیان به‌رگرییان کردووه به‌ڵام ئه‌مه چاوبهستکردنێکه که به هۆی بڤه و تابۆیه‌ک که له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌کردن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به هه‌یه یان به ئه‌نقه‌ست زیاتری له‌سه‌ر ناڵێین یان نا‌وێرن شه‌قڵی ئه‌و وههم و بنه‌وا ئایدۆلۆژیکه بشکێنن و شتێکی دیکه بڵێن! که بێ گومان هه‌ردووک دیوی دراوێکن. هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م تێڕوانینه له ناو ڕه‌خنه‌گرانی فارس‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بی به‌رگری له دۆخی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران – عێراقدا و پاش ئه‌و جه‌نگه گه‌شه‌ی سه‌ند و له هه‌موو بواره‌کانی شیعر، سینه‌ما، شانۆنامه، ڕۆمان و چیرۆکدا خۆی پیشان دا، به‌ڵام ئه‌مه پێناسه‌یه‌کی ته‌واو ئایدۆلۆژیک بوو که له سه‌ر بنه‌مای تێڕوانینی ئایینی و جۆره ئیسلامێکی سیاسیی تایبه‌ت بوو که ده‌بێت ئێمه بۆ تێگه‌یشتن له بنه‌مای تێڕوانینه‌که زیاتر بگه‌ڕێینه‌وه دواوه و ڕابردوو لێکده‌ینه‌وه، له ڕاستیدا تێڕوانینی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه و به‌پێی ئه‌وه‌ش ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی که پاشکۆ و شوێنکه‌وته‌ی ئایدۆلۆژیاکه‌ی بوو له‌سه‌ر بنه‌مای “جه‌نگی پیرۆز” بوو و ئه‌مه له دروشمه گشتییه‌کان و به‌تایبه‌ت له دروشمی “جنگ جنگ تا پیرووزی/ جه‌نگ جه‌نگ تا سه‌رکه‌وتن”دا به دیارده‌که‌وت و له‌م تێڕوانینه ئایینی – سیاسییه‌شدا جه‌نگ کاتێک کۆتایی پێ ده‌هات که هه‌موو ئه‌و وڵات و که‌لتوورانه‌ی که ئه‌و له ژێر ناوی “ئه‌ویدی و شه‌یتانی بچووک یان گه‌وره” و یان “داشی دامه‌ی وڵاتانی غه‌یری موسڵمان “بوو پێناسه‌ی ده‌کات، به چۆکدا بێن و حه‌قبوون و ڕاستیی جیهان له مانیفێست و پێکهاتێکی به‌رته‌سکی ئایدۆلۆژیکی سیاسی خۆی به‌سه‌ر دونیادا بسه‌پێنێ! بۆیه له‌و شته‌ی که به سینه‌مای “به‌رگریی پیرۆز” ناوبراوه هه‌موو هه‌وڵ ئه‌وه‌یه که خودی جه‌نگ و هه‌بوونی جه‌نگ به شتێکی پیرۆز ناوببات نه‌ک به‌رگریکردن و خه‌بات بۆ وه‌ستاندنی جه‌نگ و نه‌مانی نه‌هامه‌تییه‌کانی جه‌نگ که هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ش تا ئێسته مه‌کینه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مانای پیرۆز و قودسیی ئه‌م سیسته‌مه ئیش ده‌کات و زۆربه‌ی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که ده‌که‌ونه ناو پێناسه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی باڵی سیسته‌م له ڕووی ستاتیکی و جوانیناسیی هونه‌ره‌وه کۆڵه‌وار و دۆشداماون و هیچ شتێکی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌کانی جه‌نگ ناڵێن جگه له‌وه‌ی که ئێوه له(سه‌رزه‌مینێکی پیرۆز دان)! و ده‌توانن ئه‌م پیرۆزییه‌ش له هه‌ر ڕێگه‌یه‌که‌وه ببه‌خشنه وڵاتانی دیکه‌ش! ته‌نانه‌ت کوشتن و خوێنڕشتن و ناردن بۆ به‌هه‌شت! ئه‌م تێڕوانینه کاتێک ڕوخساری چهندفاقییانه و هه‌زه‌لیی خۆی ده‌رده‌خات که ئێمه وه‌کوو کورد له قه‌واره‌ی پێناسه‌ی “ئه‌ده‌بی جه‌نگ” بۆ به‌رگریی له مانه‌وه و کیانی خۆمان له دژ و به‌رامبه‌ر داگیرکه‌رێکی ئاوه‌ها وه‌ستاوینه‌ته‌وه، ئهوانئهدهبێکیشیان له پشتی خۆیان ڕاداوه که ساڵانێکه ناوی لێنراوه ئه‌ده‌بی به‌رگریی پیرۆز! له هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له ناو فه‌زای جه‌نگی و له‌سه‌ر جه‌نگ نووسراون، کورد وه‌کوو به‌رکار و دامهیهکی لاوه‌کی یان وه‌کوو هێزێکی کافر و شه‌یتانی پێناسه کراوه، چ له ڕۆمانی زه‌رد و سووکی “عه‌شقی ساڵه‌کانی جه‌نگ” چ له فیلمی سینه‌مایی “چ” یان گوڵ و گولله‌کان یان ده‌یان به‌رهه‌می سینه‌مایی و ئه‌ده‌بی دیکه!
بۆیه ده‌شیت به ئاسانی ئه‌م ئه‌ده‌بی به‌ناو به‌رگرییه ببه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه که به شێوه‌یه‌کی خوازراو یان نه‌خوازراو جاڕی داگیرکاریی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویدی ده‌دات نه‌ک به‌رگری، هه‌ڵبه‌ت له دیدی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه، سڕینه‌وه چڵه‌پۆپه و لووتکه‌ی به‌رگرییه! لێره‌دایه هێڵی ناسکی نێوان ئه‌ده‌بێک که که‌وتۆته ناو تۆڕه‌کانی ده‌سه‌ڵات و پلانه‌کانی داگیرکردنه‌وه و ئه‌ده‌بێک که به‌رگریی له دۆخێک ده‌کات که خه‌ونه‌کانی ئازادی و داد و یه‌کسانی له ده‌ره‌وه‌ی ئایدۆلۆژیاکانی ناو جه‌نگن، ده‌رده‌که‌وێت، ده‌شێت به نیسبه‌ت کورده‌وه ئه‌ده‌بی تورک و فارس و عه‌ره‌ب له ناو ئه‌م کایه ئاڵۆز و شێوێندراوهدا دابنێین. ئه‌مه‌ش هۆکاری مێژوویی و سیاسی‌یان هه‌یه و له ناو کایه‌یه‌کی کۆلۆنیالیستیشدا گووراون و تا ئێسته‌ش یاسای ئه‌و کایه‌یه دۆخی ئینسانی و ئه‌ده‌بیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ڕاده‌په‌ڕێنێت و هه‌مووان له وههم و ترسێکی گه‌وره ده‌ژین به‌پێی ژینگه و شوێنگه‌ی تێگه‌یشتنیان له خۆیان و ئه‌ویدی، چ داگیرکه‌ر و زاڵم و چ داگیرکراو و سته‌ملێکراو! ئه‌مه ئه‌و فاشیزمه‌یه که خه‌ریکه دواهه‌ناسه‌کانی ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌به‌ستێت و بوونی ده‌خاته نێو قومار و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌وه و ئاره‌زووی به‌ره‌و جه‌نگێک ده‌جمێنێت که ڕه‌نگه خه‌یاڵی شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به شێوه‌یه‌کی سامناک ئه‌م مه‌ترسییه وێنا بکه‌ن! گرێپوچکه‌ی هاوکێشه‌که وه‌کوو وتم ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بێک ئێمه ده‌گێڕێته‌وه که هی ئه‌ویدییه و ئێمه له‌وێدا کۆمه‌ڵێک چه‌ته و دهسوهشێنین یانله ئاستێکی باشتر و سیاسی‌دا تاقمێک برا و هاوکارین که به گومانه‌وه ده‌مانکه‌ن به هاوڕێی خۆیان! ئه‌و وێنایه‌ی که ئه‌ده‌ب و هونه‌ری فارس له کوردی خستووه‌ته ڕوو، ته‌واو وێنه‌یه‌که که له تێڕوانینی داگیرکه‌ر و خواستی دایگیرکارییهوه هه‌ڵده‌قوڵێت به‌ڵام مه‌کینه‌ی ڕاگه‌یاندن و سیسته‌می ئایدۆلۆژی، ئه‌م سڕینه‌وه و داگیرکارییه به‌رگری و ڕاوه‌ستان له هه‌مبه‌ر ئه‌ویدییه‌کی شه‌یتان داده‌نێت که ئێمه بین! لێره‌دا چرکه‌ساتی ڕۆحی فاشیزم ده‌رده‌که‌وێت، زۆر سه‌یره که له درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌و هه‌موو کۆست و ڕووداوانه‌ی که به‌سه‌ر وڵاتێکی کۆلۆنیال و داگیرکراوی وه‌کوو کوردستاندا هات، به‌ده‌گمه‌ن ئه‌دیبی فارس و تورک یان عه‌ره‌ب به‌رگرییه‌کی له چاره‌نووس و دۆخی کورد کردبێت! قووڵایی کاره‌سات له ئه‌ده‌بی دراوسێکانی کورد ئه‌وه‌یه که له ناو جوانیناسی و ئیستاتیکایه‌کی ئاڕاسته‌کراو و ئایدۆلۆژیکدا هه‌ناسه ده‌کێشن، ئه‌مه چ به پێی دۆخی سیاسیی وڵاتی خۆیان بێت یان هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵات و نه‌زمێکی کۆلۆنیال که کورد به پله‌ی یه‌که‌م و له دۆخێکی تایبه‌ت و ئاوارته‌دا بهرههلاههلابوون و پرزۆڵ پرزۆڵبوونی که‌وتووه! له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌دا ئه‌سته‌مه ئه‌ده‌بی جه‌نگ پێناسه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه و ئاسانی بۆ بدۆزرێته‌وه چوون به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئایدۆلۆژی و مه‌به‌ستێکی سیاسی، سێبه‌ری به‌سه‌ردا ده‌خات.
بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م باسه ده‌بێ سه‌ره‌تا پێناسه‌یه‌کی گشتیمان لهسهرئهدهبی جه‌نگ هه‌بێت. “ئه‌ده‌بی جه‌نگ به ئه‌ده‌بێک ده‌گوترێت که ده‌په‌رژێته سه‌ر دیارده‌ی جه‌نگ یان کاریگه‌رییه ناڕاسته‌وخۆکانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و مرۆڤه‌کان – وه‌کوو دۆخی پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ، کاریگه‌ریی جه‌نگ له سه‌ر شوێن و ژینگه و که‌سانی مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی ئاسایی، و به‌دواداهاته‌کانی جه‌نگ وه‌کوو قاتوقڕی، هه‌ژاری، بێ‌کاری و…ده‌گێڕێته‌وه.” به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه له ئێران ته‌نها ئه‌ده‌بێک به ئه‌ده‌بی جه‌نگ هه‌ژمار ده‌کرێت که له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ بووبێت و دژی به‌عس و هێزه‌کانی دیکه جه‌نگابێت. بۆیه ئه‌ده‌بی فارسی له‌م ڕووه‌وه تا بڵێی ئه‌ده‌بێکی کۆڵه‌وار و ئایدۆلۆژیکه و سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی ئه‌م ئه‌ده‌به‌ش زۆرتر وه‌کوو یادهوهرینووسین و گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوروشته بوو که ئه‌و شه‌ڕکه‌ر و پاسدارانه‌ی به‌ره‌کانی پێشه‌وه به بێ هیچ تێگه‌یشتنێک له ئه‌ده‌ب و ئیستاتیکا و جیهانبینییه‌کی کراوه، نووسیویانه و کاره‌سات ئه‌وه‌یه ئه‌مه کراوه به بنه‌مای ئه‌ده‌بی جه‌نگ له ناو فارس و ئه‌ده‌به‌که‌یاندا!
بێگومان له پاڵ ئه‌م پێناسه‌یه ئه‌ده‌بی دژهجهنگیش هه‌یه که ئه‌گه‌رچی وه‌کوو پێناسه‌یه‌ک به ناوه‌رۆکی دیاریکراوی خۆیه‌وه باسی لێده‌کرێت به‌ڵام هه‌ر له ناو پێکهاتی ئه‌ده‌بی جه‌نگدا ده‌شێت خۆی مانیفێست بکات و ئه‌و ناوه‌رۆکه‌ی که ئه‌ده‌بی جه‌نگ ده‌یخاته ڕوو، ده‌شێت به‌شێک له ناوه‌رۆکی ئه‌م ئه‌ده‌به دژهجهنگهش بێت. وه‌کوو باس ده‌کرێت ئه‌ده‌بی دژه‌جه‌نگ ده‌په‌رژێته سه‌ر ئاشتیخوازی، دژهجهنگبوون و…له دواجاردا ده‌شێت بڵێین هه‌ر وڵاتێک به‌پێی مێژوو و دۆخی سیاسی و ته‌نانه‌ت شارستانیی خۆی ناونان و تێڕوانینی تایبه‌تی خۆی بۆ جه‌نگ بیچمدهدات و ده‌یناسێنێت. بۆ نموونه له وڵاتێکی وه‌کوو فه‌ڕانسه که له دواهه‌مین جه‌نگی خۆیدا داگیرکرا، ده‌سته‌واژه و نه‌ریتێک به ناوی “ئه‌ده‌بی هه‌ستانه‌وه‌ی به‌رگری” له دایکبوو، به‌ڵام له ئاڵمان که هه‌م ده‌سپێکه‌ر و هه‌م دۆڕاوی جه‌نگ بوو دیارده‌ی “ئه‌ده‌بی دژه جه‌نگ” ده‌بینین واته لایه‌ن و ناوه‌رۆکی زاڵ له‌م ئه‌ده‌به زیاتر ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ی تاڵی و ناخۆشییه‌کانی جه‌نگه. ئه‌مه له حاڵێکدایه کاتێک ڕووسه‌کان هێرش کرایه سه‌ر وڵاته‌که‌یان له ده‌سته‌واژه‌ی “جه‌نگی مه‌زنی نیشتیمانی” که‌ڵکیان وه‌رگرت که ناوه‌رۆکی زاڵ به سه‌ر ئه‌م ئه‌ده‌به‌دا ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ی دلێری و گیانبازی و پاڵه‌وانێتییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته له هه‌مبه‌ر ده‌سدرێژی و داگیرکاریی دوژمن بوو و باسکردن و گێڕانه‌وه‌ی تاڵی و دزێوییه‌کانی جه‌نگ، له‌م وڵاته‌دا ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌ی گشتی پشتگوێ نا‌خرێت به‌ڵام زۆریش دیار و زه‌ق نابنه‌وه و له پله‌ی دووهه‌می گرینگی دان.
به کورتی و کوردی وه‌کوو ئاماژه‌م پێدا هه‌ر وڵاتێک به‌پێی دۆخی مێژوویی خۆی ده‌سته‌واژه و تێڕوانینی تایبه‌ت بۆ ناسینی ئه‌ده‌ب ده‌خاته ڕوو.
له په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب به جه‌نگه‌وه ده‌توانین ئاماژه به‌و گه‌ڕیان و باڵانه‌ی خواره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب بده‌ین:
“١ .ئه‌ده‌بی دژه جه‌نگ (زیاتر له‌و وڵاتانه‌دا به‌رچاوه که له یه‌ک کاتدا ده‌سپێکه‌ر و دۆڕاوی جه‌نگن وه‌کوو ئاڵمان له دوو جه‌نگی جیهانیدا).
٢ . ئه‌ده‌بی به‌رگری (زیاتر له‌و وڵاتانه‌دا به‌رچاوه که قوربانی و داگیرکراوی جه‌نگ بوون وه‌کوو فه‌رانسه له جه‌نگی جیهانیی دووهه‌م).
٣ . ئه‌ده‌بی به‌رگریی نیشتیمانی (له‌و وڵاتانه‌ی ده‌سدرێژییان کراوه‌ته سه‌ر به‌ڵام له دواجاردا براوه و سه‌رکه‌وتوو بوون وه‌کوو یه‌کێتی سۆڤییه‌ت).
٤ .ئه‌ده‌بی به‌ره‌ی جه‌نگ که ده‌په‌رژێته سه‌ر به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ، جه‌نگێک که له نێوان دوو هێزی شه‌ڕکه‌ردا دێته ئاراوه.
۵ .ئه‌ده‌بی پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ که ده‌په‌رژێته سه‌ر کاریگه‌ریی جه‌نگ له‌سه‌رکه‌ش و دۆخی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و ئاسایی.
٦ .ئه‌ده‌بی زیندانی یان به‌ندی که ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌زموون و به‌سه‌رهاتی زیندانیان و گیراوانی جه‌نگ.
٧ .ئه‌ده‌بی هه‌ڵاتن که حه‌کایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵاتووانی جه‌نگه.
٨ .ئه‌ده‌بی تاراوگه که به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاواره‌کان و په‌ڕیوه‌کان به هۆی جه‌نگه‌وه.
٩ .ئه‌ده‌بی شه‌ڕی ناوخۆ که زۆرتر له باتی دوژمنێکی ده‌ره‌کی ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌و گرووپانه‌ی که له ناوخۆی وڵاتێک‌دا پێکه‌وه ده‌که‌ونه جه‌نگ و شه‌ڕه‌وه.”
بێگومان ده‌کرێت شتی دیکه زیاد بکه‌ینه سه‌ر ئه‌م سه‌ردێڕانه و باڵی دیکه بۆ ئه‌ده‌بی جه‌نگ و ئه‌ده‌بی دۆخی جه‌نگ قایل ببین.
کورد و ئه‌ده‌بی جه‌نگ
به سه‌رنجێکی خێرا له سه‌ر ئه‌م باس و به‌راییه و ئه‌و دێڕانه‌ی پێشوو و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کورت له سه‌ر مێژووی کورد و دۆخی کورد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا (پاکتاوی ڕه‌گه‌زی، ئیعدامه گشتییه‌کان، کیمیاباران، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه،کۆڕه‌و، ڕه‌و، ڕاگواستن، قاڕنێ و قه‌ڵاتان و…) به سه‌ری هاتووه، ده‌توانین دۆخێکی جیاواز و پۆلێنبه‌ندییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌ده‌بی جه‌نگیی کورد قایل بین، لانیکه‌م وه‌کوو هه‌وڵێک ده‌توانین هێڵ و تایبه‌تمه‌ندیی بوونی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و زمانی کورد له ناو دۆخی جه‌نگیدا دیاری بکه‌ین. ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا بخشێنینه مێژووی کۆن و نوێی کورد، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م ئه‌ده‌به ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌میشه بێگومان زۆربه‌ی کات له دۆخی جه‌نگیدا بووه، هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌ده‌بی جه‌نگ ته‌نها و ته‌نها نه‌به‌ستینه‌وه به جه‌نگه گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌ده‌بی ئێمه هه‌ر له پارچهنووسراوهی (هورموزگان) که له باشووری کوردستان دۆزراوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی یه‌که‌می کۆچی تا مهم و زینی خانی و به‌یت و ڕۆمانی قه‌ڵای دمدمی عاره‌ب شامیلۆڤ و ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌ی د.ڕه‌حیمی قازی و ئافات و گۆڕستانی چراکانی شێرکۆ بێکه‌س و سه‌ره‌تانی براکوژی عه‌بدوڵلا په‌شێو و ده‌یان و سه‌دان به‌رهه‌می دیکه که پێویست به ڕیزکردنیان ناکات، ئه‌ده‌بێک بووه له ناو دۆخی جه‌نگیدا بووه، دۆخی مرۆڤی کورد دۆخێک بووه که به‌رده‌وام له ئاواره‌یی و په‌ڕینه‌وه و گرتن و لێدان و کوشتن و شه‌ڕ و فڕۆکه و پێشمه‌رگایه‌تیدا بووه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تی و مه‌رگه‌سات و دابڕان وئه‌نفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و ئاسیمیله و ته‌فریس و ته‌عریبه، هێشتا ئێمه له ڕووی تیۆرییه‌وه نه‌مانتوانیوه ژانرێکی تایبه‌ت به خۆمان مانیفێست بکه‌ین؛ بۆ نموونه‌ی ژانێری کاره‌سات یان شه‌هید یان … ڕه‌نگه وه‌کوو نموونه‌ی ده‌ق به‌شێکی زۆر له کاره ئه‌ده‌بییه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س و عه‌بدوڵڵا په‌شیو له لووتکه‌ی ئه‌م نموونانه‌دا بن به‌ڵام وه‌کوو ده‌سته‌واژه و باڵ یان ژانێرێکی ئه‌ده‌بی، ئێمه زۆر که‌مته‌رخه‌م و کۆڵه‌وار بووین بۆیه وه‌ک چۆن له سه‌رده‌می شاخا و به‌پێی ئه‌زموون و ژینگه‌ی شاعیرێتی و پێشمه‌رگایه‌تی کهشکۆڵهکانی پێشمه‌رگه‌ی شێرکۆ بێکه‌س وه‌کوو ده‌ق و ده‌سته‌واژه هاته ئاراوه و هێنده‌ش پڕ و پاراو بوو که به‌شێکی زۆری ئه‌و پۆلێنبه‌ندییانه واته هه‌ر له ئه‌ده‌بی گیراوان له قه‌سیده‌ی ته‌قینه‌وه تاکوو ئه‌ده‌بی ناوخۆ له “کۆتایی داستانێ(بۆ شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی)” تاکوو ئه‌ده‌بی پشته‌وه‌ی شه‌ڕ له گۆڕستانی چراکان و کورسی تاکوو ئه‌ده‌بی به‌رگری نیشتیمانی وهتد…له شانۆنامه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر تاکوو ئه‌ده‌بی دژه جه‌نگ له کتێبی ئافات و هه‌تا دوایی. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌ده‌بی جه‌نگ وه‌کوو وتم داکۆکیی زۆر و زهبهندێتی له‌سه‌ر ناوه‌رۆکخوازی وماناتهوهری، بۆیه له زۆربه‌ی پارچه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور دۆخی جه‌نگی له زۆرێک له قۆناغه‌کاندا هاوکات بووه و زه‌مینه و به‌ستێنی هاوبه‌ش و ئاڵۆزیان هه‌بووه و له‌م ڕووه‌وه یه‌ک جیاوازیی گرینگ ده‌بینرێت، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه ئه‌ده‌بی جه‌نگ یان دژه جه‌نگی باشوور زیاتر له شاخ و ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا بوون، باڵای کرد و دواتر دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ٩١ زاینیی دامه‌زراندنی حوکوومه‌تی کوردی ئاڕاسته‌ی دیکه له ڕه‌خنه‌گرتنی شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و گوتاری ناسیۆنالیزم ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پاش ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له تاران به‌هێز ده‌بێ و هێزه کوردییه‌کان له کوردستان ده‌چنه ده‌ره‌وه و هێزه‌کان بۆ تیانه‌چوونی چاره‌نووسی خه‌ڵک له شاره‌کان و ئه‌و ناوچانه‌ی ئازادیان کردبوو کشانه‌وه، ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ست به دۆخی جه‌نگییه‌وه دوو ئاڕاسته‌ی وه‌رگرت ١ .ئه‌ده‌بێک که ئاڕاسته‌یه‌کی ڕاشکاوی به‌ره‌و شاخ و ڕاسانه‌وه و ڕاوه‌ستانی ڕاسته‌وخۆ دژی داگیرکه‌ر وه‌رگرت ٢ .ئه‌ده‌بێک که له ژینگه‌یه‌کی شاری به‌ڵام له ناو ترس و فۆبیایه‌کی ئه‌منی و به‌دواداهات و بیره‌وه‌رییه‌کانی جه‌نگ و زام و برینه‌کانی جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه ڕاسته‌وخۆ و نێزیکه‌کانی داگیرکه‌ردا ده‌ژیا به که‌ڵکه‌ڵه و په‌له‌قاژه‌یه‌کی ئاڵۆزی شوناستهوهرهوه. لێره‌دا من ناپه‌رژێمه سه‌ر هیچ کام له‌م دوو ڕه‌وته و شاعیره دیاره‌کانیان و ته‌نها هه‌ندێ ئاماژه‌ی گشتی به ڕه‌وتی دووهه‌م ده‌ده‌م. بۆ نموونه‌ی ئه‌ده‌بی شار، جه‌لال مه‌له‌کشا نموونه‌یه‌کی مامناوه‌ندی و بهینابهینییه که چاوێکی له شاخه و پێیه‌کیشی له شار و قهرباڵغێکانێتی و دواتر ڕه‌وتی به‌ره‌ی چوار یان پێوه‌ر جیاواز یان به‌ره‌ی نوێترخواز ئاڕاسته‌یه‌کی ئاڵۆزتر و ئابستراکتر له ناو جۆرێک کایه‌ی ده‌رهه‌ست و زمانی‌دا وه‌رده‌گرێت و له فه‌زای جه‌نگی دوور ده‌که‌وێته‌وه و زیاتر له‌وه‌ی باسی داگیرکه‌ر بکات باسی ته‌ون و داوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌کا. ئه‌ده‌بی شاخ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌گه‌رچی له ڕووی چیرۆک و ڕۆمانه‌وه زیاتر ده‌رده‌که‌وت و جگه له‌م ساڵانه‌ی دوایی به سه‌ختی ده‌گه‌یشته شار و خوێنه‌ران، به‌ڵام له ڕووی شیعر و ناساندن و قۆناغه‌کانی، ڕه‌نگه به‌ڕاده‌ی پێویست کاری له‌سه‌ر نه‌کرابێت، ئه‌گه‌رچی نموونه‌ی ده‌ق که‌م نین به‌ڵام ڕێباز و ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌یی نه‌فه‌سدرێژ و بنه‌مایی، نه‌په‌رژاوه‌ته سه‌ر ده‌قه‌کان و ڕه‌نگه له پله‌ی یه‌که‌میشدا خودی ئه‌و دۆخه جه‌نگی و فه‌زا ئه‌منییه کاریگه‌ر بووبێت. خودی ئه‌م فه‌زا و دۆخه دوو گوتاری دروست کردووه؛ ١. گوتارێک که ڕاسته‌وخۆ ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌ده‌بی شاخ و هێماکانی و ٢ .گوتارێ که به یارمه‌تی میتافۆڕ و ته‌کنیک و فیگۆره جۆراوجۆره ئه‌ده‌بییه‌کان هه‌وڵ ده‌دا له چاودێری و دا‌و و تۆڕه‌کانی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌رباز بکات که ئه‌مه نه‌ک ته‌نها کرده‌وه‌یه‌کی ئاسایی شاعیر و نووسه‌رانی شاره به‌ڵکوو له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا بووه به هۆی چه‌ندتوێ و فره‌ڕه‌هه‌ندبوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی و تهئویلههڵگری و فره‌خوێندنه‌وه‌یی.
خودی ئه‌م دۆخه گشتییه‌ی جه‌نگ و مه‌ودای نیوان شاخ و شار دوو جۆره گوتاری ڕه‌خنه‌ییشی دروست کردووه که له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ڕووبه‌ڕووی یه‌کدی ده‌وه‌ستنه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باسی جۆرێک دابڕان بکرێت له نێوان شاخ و شاردا ئه‌وا هێڵ و سه‌ره‌داوه‌کانی لێره‌دا ببینینه‌وه. به‌هه‌رحاڵ باسی من لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی شاخه که ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام له دۆخی شه‌ڕ و چه‌کدارییانه‌ی جه‌نگ نه‌بووبێت، ئه‌وا به‌رده‌وام له حاڵه‌تی ئاماده‌باشی بۆ جه‌نگ بووه و سێبه‌ری جه‌نگ باڵی به‌سه‌ر ژیان و هه‌ناسه‌دانیدا خستبووه و دواتر دۆخی که‌مپنشینی و ئۆردۆگانشینیشی به‌سه‌ردا سه‌پاوه. ئه‌وه‌یه که ده‌بێ له سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه هه‌ڵوێسته بکه‌ین تاکوو ئه‌ده‌بێک که ڕاسته‌وخۆ له ناو فیشه‌ک و تفه‌نگ و دووکه‌ڵ و دڵه‌ڕاوکی و که‌مپ و ترس و هیوا و خه‌بات و گیانبازیدا باڵای کردووه، باشتر بناسین.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێمه به هۆکاری زۆر، چوارچێوه‌یه‌کی تیۆریک و تێرمینۆلۆژییهکی تایبه‌ت به خۆی به‌رهه‌م نه‌هێناوه تاکوو به‌پێی ڕه‌وتی به‌رهه‌ست و دیاری خۆی، ده‌سته‌واژه و چه‌مک به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی ئاوارته و دانسقه‌ی کورد خۆی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌رچوونی نموونه‌ی ده‌قه‌کان له ژێر پێوه‌ره گشتی و ناگشتییهکان و له دواجاردا بۆ جۆرێک دابڕانی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین قووڵ به‌ڵام دابڕانێک که بووه‌ته هۆی دوو جۆره له ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه و ده‌رکه‌وتن. بۆ زه‌قبوونه‌وه و ده‌رکه‌وتنی ئه‌ده‌بی جه‌نگیی شاخ، ده‌بێ له هه‌ڵسه‌نگاندن و ناساندن و ڕهخنهکردندا بایه‌خ به هه‌موو ده‌قه‌کان بده‌ین تاکوو ئاڕاسته و جیهانبینییه‌ک که له پشت فۆرم و ناوه‌رۆکی ده‌قه‌کاندا خه‌وتوون، بناسرێن و بۆ ئه‌مه‌ش هیچ شتێک به ڕاده‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ک که ئه‌زموونی شیعری بۆ خۆی کردبێته به‌شێک له ته‌عبیرکردن و گێڕانه‌وه و مانیفێستی تێڕوانینی خۆی له دۆخی جه‌نگ، سوودمه‌ندتر و به‌که‌ڵکتر نابێت. ڕه‌نگه ئێمه له ساتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شیعرییه‌ت و شاخ نموونه‌ی هه‌ره باشمان هه‌ر ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی شێرکۆ بێکه‌س بێت که شاسوار هه‌ڕه‌شه‌می نووسه‌ر و وه‌رگێڕ له‌دایکبوونی یه‌کێک له شیعره‌کانی له ساته‌وه‌ختی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گولله و وشه‌دا وا ده‌گێڕێته‌وه:
شێرکۆ بێکه‌س زۆری له‌سه‌ر نوسراوه. که‌مترین لایه‌نی ژیانی که تیشکی خرابێته سه‌ر، ئه‌وا ڕۆژانی پیشمهرگایهتییهتی. ژیانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی لای شێرکۆ بۆته هۆی به‌دیهاتنی کۆمه‌ڵێک له شیعره هه‌ره جوانه‌کانی، شیعری “قۆپچه” یه‌کێکه له‌وانه که ده‌مه‌ویت هۆکاری نوسینی ئه‌و شیعره‌تان بۆ ئاشکرا بکه‌م:
به‌ره‌به‌یانییه‌کی ساڵی ١٩٨٦ بوو. شێرکۆ له ژووره‌کانی به‌شی ڕاگه‌یاندن بوو له (به‌رگه‌ڵو). شاخێکی زۆر به‌رز ڕێک له به‌رامبه‌ر به‌رگه‌ڵو هه‌ڵکه‌وتووه. فڕۆکه‌کانی ڕژێم هاتن و که‌وتنه بۆردومانی هه‌ردوو سه‌رگه‌ڵو و به‌رگه‌ڵو. من ئه‌و کات له نێوان هه‌ردوو به‌رگه‌ڵو و سه‌رگه‌ڵو، بە کارێکەوە له لای کاک نه‌وشیروان بووم. گه‌ر له‌بیرم مابێت له بۆردومانەکەی ناو (سه‌رگه‌ڵو)، کچێک شه‌هید بوو. هه‌رچی بۆردومانه‌که‌ی به‌رگه‌ڵو بوو، که به به‌ر چاوی شێرکۆ بێکه‌س ڕوویدا، ته‌نیا به‌ر لوتکه‌ی شاخه به‌رزه‌که که‌وت، که شێرکۆ هه‌موو به‌یانیان به‌رامبه‌ری ڕاده‌وه‌ستا و له هەڵکەوتە و دیمەنی جوانی ئه‌و شاخه تێر نه‌ده‌بوو.
دوای نه‌مانی بۆردومان و ڕه‌وینه‌وه‌ی دووکه‌ڵ و ته‌پوتۆز، شێرکۆ به په‌رۆشه‌وه که‌وته سه‌رنجدانی لوتکه شاخه خۆشه‌ویسته زامداره‌که‌ی. دواتر له پاڵێکه‌وه، له‌سه‌ر به‌ردێک دانیشت. پارچه‌کاغه‌زێکی ده‌رهێناو به خامه‌که‌ی ده‌ستی که‌وته ڕه‌شکردنه‌وه‌ی. ئیدی بیرۆکه‌ی ئه‌م کورتهشیعره که له مێشکیدا په‌نگی خواردبووه‌وه، خستیه سه‌ر کاغه‌ز. دوای ئه‌وه له‌سه‌ر سفره‌ی نانی نیوه‌ڕۆ، کاغه‌زه‌که‌ی ده‌رهێنا و بۆمانی خوێنده‌وه:
قۆپچه
ئه‌م شاخه وا هه‌ڵکه‌وتووه
ئه‌ڵێی پیاوێکی درێژه و
ساڵ دوانزه‌ی مانگ سه‌رمایه‌تی و
پاڵتۆیه‌کی خۆڵه‌مێشی ئاودامانی
ته‌سکی له‌به‌ر خۆی کردووه.
پاڵتۆکه‌شی به چوار قۆپچه‌ی
گابه‌ردی زل داخستووه.
ئه‌م شاخه وا هه‌ڵکه‌وتووه.
– – –
ئه‌مڕۆ شه‌به‌ق بۆردومان بوو
من هه‌ر خه‌می ئه‌و پیاوه‌م بوو
دواتر که سه‌رنجم دایه
وه‌ک خۆی چۆن بوو
هه‌ر به پێوه ڕاوه‌ستا بوو
ته‌نها یه‌ک قۆپچه‌ی پاڵتۆکه‌ی
له شوێنی خۆی ترازا بوو.
خودی ئه‌م شیعره هێنده بارگاوییه به شیعرییه‌ت و هاوکات گیانی به به‌ر کێو و مرۆڤ و به‌رگری و جه‌نگدا کردووه، ئه‌ستمه ڕۆژێک له بیر بچێت و فه‌رامۆش بکرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ش له ڕووی فۆرم و به‌کارهێنانی وشه‌وه جیاوازیی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌رخستووه. ڕه‌نگه ئه‌مه یه‌کێک له‌و هۆکارانه بێت که ئه‌ده‌بێکی وه‌ها که هێشتا له گه‌ڵ شاخ و سرووشت وه‌کوو هێمایه‌کی زیندوو و به‌ده‌وی و که‌ونینه‌ی گۆی زه‌وی، هه‌ناسه ده‌کێشێت له ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی که لێوانلێون له عه‌ره‌بپه‌رستی و فارسپهرستی جوێ بکاته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌فغانی که هێنده خه‌ون و زایه‌ڵه‌کانی جیهانی و دهرهجوگرافییه که ده‌کرێت بڵێین تووشی ئه‌و دا‌و و خه‌ساره ئایدۆلۆژییه‌ی فارس و عه‌ره‌ب نه‌بووه. خاڵێکی جه‌وهه‌ریی جیاوازیی نێوان ئه‌ده‌بی جه‌نگ و به‌رگریی کوردی و ئه‌ویدییه‌کانی(عه‌ره‌ب، فارس و تورک) ئه‌مه‌یه که له ڕۆحی زمانی ئه‌واندا به تایبه‌ت عه‌ره‌ب “خودا” یه‌کی پشتیوان و نێزیک و یارمه‌تیده‌ر هه‌یه ئه‌م حاڵه‌ته میتافیزیکییه له ناو کورددا زۆر که‌مڕه‌نگه و ئه‌گه‌ریش ئاماده‌ییه‌کی ڕه‌مزه ئاسمانییه به‌رزه‌کان هه‌بووه، بۆ لێپرسینه‌وه و ڕه‌خنه و بڕێکیش لۆمه‌کردن بووه! ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه یه‌کێک له‌و هۆکارانه بووبێت که ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی به زایه‌ڵه و ڕه‌گێکی فاشیستی هێناوه‌ته ده‌نگ.
ده‌توانم بڵێم ژیانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی و ژینگه‌ی مانایی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی، جۆره جیهانبینییه‌کی دروست کردووه که له هه‌مان کاتدا که دژه‌جه‌نگه له پێناو ڕزگاریشدا ده‌جه‌نگێ و ئاشتی ده‌وێت، به‌ده‌گمه‌ن ئێمه ئه‌ده‌ب واته شیعر یان په‌خشانێکی وا بدۆزینه‌وه که خه‌ونی داگیرکردن و ڕه‌تکردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویدی هه‌بێت. ئێمه له جیهان – ژینی جه‌نگدا به‌خته‌وه‌رانه یان نابه‌خته‌وه‌رانه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندین و ئه‌مه ده‌توانێت هه‌م بۆ دۆزی خۆمان وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک که وڵاته‌که‌ی بووه به کۆلۆنیالێکی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م بۆ پاراوبوونی ئه‌ده‌بمان له گه‌یاندنی مانا و جیهانبینی و سوبژێکتیڤیته‌ی خۆمان،که‌ڵکی لێوه‌ربگرین.
کاک نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له کتێبی “له که‌ناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ” ل ٢۵٠ ده‌ڵێت:
به درێژایی ساڵی 77 به‌عس به‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تییه‌وه تێکۆشه‌رانی گه‌له‌که‌مانی له سێداره ئه‌دا. گیراوه‌کان خۆیان لیسته‌کانیان بۆ ئه‌ناردین و ڕێکخستنی شاره‌کانیش هه‌وڵ و دهنگوباسهکانیانی ئه‌نارد. زۆری ئه‌م ئاگادارییانه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاگادارییانه که خۆم له سه‌ر شه‌هیدانی پێشمه‌رگه کۆ کردبوونه‌وه له یه‌کدا و له نامیلکه‌یه‌کدا ئاماده‌م کرد به ناوی “ده‌فته‌ری سه‌روه‌ری”. گیراوه‌کانی یه‌کێتی، به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له زینداندا نه‌ریتێکی ئازایانه‌یان داهێنا: نه‌ریتی ((نامه‌نووسین له ژووری خنکاندنه‌وه)) که تا ئه‌وسا باو نه‌بوو. …نامه‌کان ئه‌وه‌نده به‌رز و به‌سۆز بوون هه‌ستیان ئه‌بزواند و کاریان له ناخی ده‌روون ئه‌کرد. من هه‌ر که وه‌ڕه‌س ئه‌بووم، هه‌ندێ له‌م نامانه‌م ئه‌خوێنده‌وه، سه‌ر له نوێ تین و تاوم تێ ئه‌گه‌ڕایه‌وه.
دیاره ئه‌و نامانه پێشمه‌رگه زیندانییه‌کان پێش له سێداره‌دان و له ژێر ئه‌شکه‌نجه و گوشاری ده‌روونیدا به زایه‌ڵه‌یه‌کی به‌رزی شۆڕشگێڕانه‌وه نووسیویانه، خودی ئه‌مه ده‌توانێت به‌شێکی به‌رز و بڵیند له ئه‌ده‌بی جه‌نگ بێت به‌ڵام ئایا به‌هایه‌کی ئه‌وتۆی پێ دراوه؟ ئایا هه‌وڵێکی شیاو دراوه بۆ بڵاوکردنه‌وه و ناساندنیان؟ ئایا لایه‌نه جیاوازه‌کانی ئه‌و نامانه که به خوێن و حه‌ماسه‌ت و ترس و ڕه‌نج و مه‌رگه‌وه نووسراون شی کراونه‌ته‌وه؟ ئه‌مانه و ده‌یان بابه‌ت و پرسیاری دیکه ده‌توانێت به دواداچوونی وردیان بۆ بکرێت تاکوو ببێت به هه‌وێنی پاراوکردن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به‌شێک له‌و ئه‌ده‌به‌ی ئێمه که به‌رده‌وام له فه‌زای جه‌نگدا هه‌ناسه‌ی کێشاوه.
ئه‌ده‌بی جه‌نگ و ئایدۆلۆژیا!
نموونه‌ی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت
ئه‌ده‌بی “به‌رگریی مه‌زنی ڕووسیا”
نوکته‌یه‌ک هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌ده‌بی ڕووسیا له سه‌رده‌می یه‌کێتی سۆڤییه‌تدا که ده‌ڵێت کێشه‌ی ئه‌ده‌بی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ئه‌وه‌بوو که ده‌وڵه‌ت له‌باتی ئه‌وه‌ی که نووسه‌ره‌کانی بکات به کۆمۆنیست، کۆمۆنیسته‌کانی کرد به نووسه‌ر! له ده‌روازه‌ی ئه‌م نوکته‌یه‌وه ده‌توانین باسی زیانه‌کانی ئایدۆلۆژی و دیسکۆرسی سیاسی له‌سه‌ر سووژه‌ی شاعیر و تاکانه‌یی دۆخ و چرکه‌ساتی وجوودی شاعیر و شیعر بکه‌ین.
پێشینه‌ی ئه‌ده‌بی جه‌نگ له ڕووسیا وه‌کوو زۆربه‌ی وڵاته ئه‌ورووپییه‌کان بنج و بنه‌وانێکی قووڵی هه‌یه و ته‌مه‌نێکی به قه‌د مێژووی ئه‌ده‌بی ئه‌م وڵاته هه‌یه.
هۆنراوه‌ی داستانی یان مه‌نزوومه‌ی حه‌ماسیی “ئیگۆر”(سه‌ده‌ی چوارده‌ی زاینی) له‌و یه‌که‌مین به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه ناسراوانه‌ی ڕووسیایه و هه‌روه‌ها “زادونشچیا” یان چیرۆکی “زۆرانبازی له‌گه‌ڵ مامای ڕووسه‌کان” بۆ ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ که‌لتووره لاتینی –ژێرمهنییهکانی ئه‌ورووپا، هاته ئاراوه، به ده‌ربڕینێکی دیکه ڕووسه‌کان له کاتی هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی ئه‌ده‌بێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ له ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپی واته ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یی، له جه‌نگه‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد. ئه‌م دۆخ و به‌ستێنه مێژووییه وایکرد له کاتی هێرشی نازییه‌کان بۆ سه‌ر یه‌کێتی سۆڤییه‌ت، تێڕوانینی ئایدۆلۆژیک و به‌رته‌سک و دیارده‌ی ژێدانۆفی لێبکه‌وێته‌وه و هه‌ر شێوه ئه‌ده‌بێک له چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژییه‌کانی وان نه‌بایا، نووسه‌رانیان له سێداره ده‌دران یان ڕه‌وانه‌ی ئۆردووگا زۆرهملییهکانینان ده‌کران، واته ئه‌ده‌ب جگه له ڕێبازی ڕیالیزمی سوسیالیستی بۆ و بواری ده‌رکه‌وتن له شێواز و شێوه‌کانی دیکه‌یدا نه‌بوو. کاریگه‌ری ئه‌م ئایدۆلۆژیایه به‌ڕادیه‌ک بوو که زۆرێک له نووسه‌رانی ئێرانیش به هه‌مان ڕێباز و شێواز دهیانهۆنیهوه و ده‌یاننوسی و ده‌وڵه‌تی یه‌کێتی سۆڤییه‌تیش ته‌نها و ته‌نها پشتگیری له‌و نووسه‌رانه ده‌کرد که ئه‌ندامی حیزبی کۆمۆنیست بوون، ئه‌وه بوو که ئه‌ده‌بی ڕووس له‌و قۆناغه له هه‌ر شێوازێکی دیکه‌ی وه‌کوو سورریالیزم و مۆدێرنیزم خاڵی بوو و هه‌ر به‌رهه‌مێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بایه تووشی شکست و پشتگوێخستن ده‌بووه‌وه.
ئه‌م حاڵه‌ته مه‌رج نییه ته‌نها له دۆخێکی ئاوادا بێته ئاراوه به‌ڵکوو هه‌ر ئایدۆلۆژییه‌ک که خۆی له ئه‌ده‌بدا مانیفێست بکات و ڕێگه به لایه‌نی یاخی و ڕۆحی سه‌ربزێوانه‌ی ئه‌دب بگرێت و یاسای دیالیکتیک پێشێل کات، تووشی هه‌مان که‌وتن و نسکۆ ده‌بێت، ئه‌ده‌بێک که تووشی دروشم و قسه‌ی به بریق و باق ده‌بێت تا شوێنێک ئێمه جیاوازیی له گه‌ل مانیفێست و هه‌ڵوێست و ئه‌ده‌بدا نابینین!
به گشتی یه‌کێک له به‌دواداهاته‌کانی ڕێکخراوه‌یی و حیزبی یان ده‌وڵه‌تیبوونی ئه‌ده‌ب له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت، هه‌ژاریی باری ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانه. ڤیلادیمیر ناباکۆف نووسه‌ری ناوداری کۆچبه‌ری ڕووس له یه‌کێک له کتێبه‌کانیدا به زمانێکی ته‌نز ده‌ڵێت: چه‌نده نووسینی ڕۆمانێکی کۆمۆنیستی له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت دژواره! چوون خوێنه‌ران پێشتر ده‌زانن حه‌ق کامه‌یه و باتڵ کامه‌یه و ئه‌مه‌ش که له کۆتاییدا بێ گومان ده‌بوو فیسار پرۆلتهری قاره‌مان سه‌رکه‌وێت…!
ناسیۆنالیزم و ئه‌ده‌بی جه‌نگیی کورد
ئه‌مه نه‌ک ته‌نها به نیسبه‌ت ئایدۆلۆژیی چه‌پ و کۆمۆنیستی به‌ڵکوو به نیسبه‌ت ناسیونالیزمیشهوه هه‌ر ڕاسته! بۆیه کاتێک له چل و په‌نجاکاندا و له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئێمه شایه‌تی هاتنی گوتاری ناسیۆنالیزم بۆ ناو شیعری شاعیرێکی وه‌کوو مامۆستا قانیعین که هاوکات بووه له‌گه‌ڵ داڕزان و پووکانه‌وه‌ی ورده‌ورده‌ی نیزامی خانخانێتی، ناسیۆنالیزم به شێوه‌یه‌کی تۆخ و دژواز و ئاڵۆز له شیعری شاعیرێکی وه‌کوو قانیعدا ده‌رده‌که‌وێت بۆیه ده‌ڵێن “ڕازی مانه‌وه‌ی قانیع به هۆی دڵسۆزی و خه‌مێتی بۆ نیشتیمان نه‌ک به هۆی شیعره‌کانی”، واته دیسکۆرسێک که فه‌رد و تاکایه‌تی تێیدا ده‌کوژرێت و جۆره شێواوی و دژوازییه‌کی مانادار له زمانی شاعیردا به‌رهه‌مده‌هێنرێت. وه‌ک به‌ختیار عه‌لی له وتاری “قانیع و سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی موراڵی ناسیۆنالیستی”دا ده‌ڵێت: ئه‌مجۆره کوشتنه‌ی فه‌رد ده‌رئه‌نجامی سرووشتی ئه‌و جیهانبینی و سیسته‌می داواکارییه‌یه که ناسیۆنالیزم ده‌یهێنێت هه‌ر لهمسۆنگهیهوه که ده‌وترێت دیدی قانیع به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو تا ئێستا له ستراکتوری تێکسته ئهدهبییهکانماندا زیندووه به جۆرێک ده‌توانین بڵێین سه‌ده‌ی بیست، سه‌ده‌ی مه‌حوی نه‌بوو به تێڕوانینه دینییه، سۆفیستییه، فه‌لسه‌فییه‌که‌یه‌وه، سه‌ده‌ی گۆران نه‌بوو به ڕوانینه ستاتیکییهکهیهوه به‌ڵکوو سه‌ده‌ی قانیع بوو به مۆراڵه ناسیۆنالیستییهکهیهوه.
به‌گشتی ده‌مه‌وێت بڵێم ئایدۆلۆژی و مانیفێستئامێزبوون به شێوه‌یه‌کی وه‌ها هه‌ستیار له شیعر و ئه‌ده‌بدا ده‌رده‌که‌ون که ڕه‌نگه ماوه‌ی زۆری پێبچێت تاکوو له به‌دواداهاته‌کانی ئاگادار و وریا ببینه‌وه وه‌کوو ئه‌و نموونه‌یه‌ی مامۆستا قانیع که ئه‌گه‌رچی به‌شێکه له مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه به‌ڵام زیاتر کوردێکی پڕ به هاواره تاکوو شاعیرێکی پڕهاواری کورد، زۆرتر ده‌نگێکی گشتیی ناسیۆنالیزمێکی ئایدیالیسته تاکوو زایه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تی تاکێکی کوردی هۆگری نیشتیمان، بۆیه ده‌بێ به وریایی و بوێرییه‌وه ئه‌ده‌بی جه‌نگ و به‌رگری شی بکه‌ینه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی ئاسۆکانی زیاتر و پڕ ڕه‌نگ و گه‌شتر بێت، ده‌بێ ئه‌و لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندانه‌ی که مایه‌ی لاوازی و کپبوونی ئه‌زموونێکی شیعرین، چ له ڕووی ناوه‌رۆک و چ له ڕووی فۆرم و چۆنبێژی و داڕشتنه‌وه، بخه‌ینه به‌ر ڕه‌خنه تاکوو جووڵه و جمشتی ئه‌ده‌ب له قۆناغێکی دیاریکراودا نه‌مێنێته‌وه و هه‌ر ده‌م بزۆز و ڕێ له گه‌شه و گۆڕان بێت.
له لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموون یان ئه‌زموونه‌کانی شیعری جه‌نگ یان به‌رگری، ده‌بێ دیدێکی کراوه‌مان هه‌بێت و ئه‌زموونه‌کان وه‌کوو به‌شێک له مێژووی دیارده‌ناسیی کورد و زمانی کوردی له قه‌ڵه‌م بده‌ین به هه‌موو که‌موکوڕی یان سه‌رکه‌وتن و گهشهداربوونهکانییهوه، واته وه‌کوو به‌شێک له کوردناسی له پانتایه‌کی گشتیدا بیبینین، به هۆی ئه‌و که‌موکوڕییانه‌ی که له ناساندن و تیۆریزه‌کردنی ئه‌ده‌بی به‌رگری له ناو کورددا هه‌یه، ئه‌و تێرم و ده‌سته‌واژه و چه‌مک و میتۆدانه‌ی که “ده‌بوو بۆ خوێندنه‌وه و ناسینی ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ر له کۆنه‌وه تا ئێستا هه‌بن”، هێشتا نه‌هاتوونه‌ته ئاراوه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌شێکی زۆر ئه‌وا به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌ده‌بی کورد، ئه‌ده‌بی جه‌نگ بووه وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری، چوون دۆزی کورد دۆز و دۆخێک بووه به‌رده‌وام له ناو کایه‌ی جه‌نگدا بووه و به دڵنیاییه‌وه ئێستاش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به شێوه‌ی دیکه له ناو کایه‌ی جه‌نگی سه‌خت و به‌رهه‌ست، ئه‌وا له ناو تۆڕی جه‌نگێکی نه‌رم و کایه‌ی ده‌سه‌ڵاته داگیرکه‌ره‌کانی ناوچه‌یی و دراوسێکان و زلهێزه‌کاندا ده‌ژی، پێویست به به‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی باشوور و ڕۆژئاوا و بۆردومانکردنی باره‌گاکانی ڕۆژهه‌ڵات له باشوور له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ناکرێت. ئه‌ده‌بی جه‌نگ ئه‌گه‌ر بارێکی مانایی تۆخی هه‌بێت بۆ دۆخێک که هێوری و هێمنییه‌کی ڕێژه‌یی له شاره‌کاندا هه‌یه، ئه‌وا به‌و مانایه نییه دۆخی جه‌نگی له‌ناو چووه، به‌ڵکوو ده‌کرێ بڵێین گۆڕاوه‌ته سه‌ر دۆخی ئه‌منی و کایه‌کانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه و به‌م پێیه‌ش ماهییه‌ت و شێوه‌ی ئه‌ده‌بی جه‌نگیش کاژ ده‌خات و خۆی نوێ ده‌کاته‌وه و ده‌بێت به جه‌مسه‌رێکی به‌رگری دژ به ده‌سه‌ڵات به فۆرم و ناوه‌رۆک و پێکهاتی تایبه‌تی خۆیه‌وه، ڕه‌نگه بۆ ئه‌ده‌بی ناو شاره‌کان زیاتر تێڕوانینێکی فۆکۆیی یارمه‌تیده‌ر بێت و ئه‌و ڕسته ناسراوه بکرێت دووپات بکه‌ینه‌وه که “له هه‌ر شوێنێک چه‌وساندنه‌وه هه‌بێ به‌رگری و بهرخۆدانێکیش هه‌یه”، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌ده‌بی به‌رگری و جه‌نگ به پێی پارادایم و سهرنموونهکان ته‌نها کاژ ده‌خات و له‌ناو ناچێت!
جیهان-ژینی کورد جیهان-ژینێکی جهنگئالووده، ئه‌گه‌ر مووشه‌ک و کاتیوشا و فیشه‌ک و نارنجۆک نه‌بن، لانیکه‌م ترس و دڵه‌ڕواکێی لێدان و گرتن و ئه‌شکه‌نجه و له سێداره‌دان هه‌میشه هه‌بوون و هه‌ن، ئه‌مه ترس و دله‌ڕاوکێیه‌کی تایبه‌تی له کورددا به‌رهه‌م هێناوه، دڵه‌ڕاوکێی مان و نه‌مان! ئه‌ده‌بی ئێمه به زۆری له ناو ئاوه‌ها دۆخێکی ئۆنتۆلۆژی-سیاسی‌دا ئیشی کردووه و خۆی مانیفێست کردووه.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعریی شاعیرێک له سێ وێستگه و قۆناغی جیهان-ژینیدا!
(نموونه‌یه‌ک له ئه‌ده‌بی جه‌نگیی کورد)
ئه‌سته‌مه بتوانین بڵێین ناپێگه‌یشتوویی، زیاتر له نووسینی خراپ‌دا دێته ئاراوه یان له داوه‌ریکردنی خراپ‌دا؛ به‌ڵام له‌م دوو حاڵه‌ته به‌رهه‌مێک که به هۆی که‌موکوڕی له نووسیندا وههڕهزکهر بێت له ڕه‌خنه‌یه‌ک که تێگه‌یشتنی ئێمه به‌لاڕێدا ده‌بات، زیانی که‌متره. به‌شێکی که‌م له نووسه‌ران هه‌ن که له نووسیندا تووشی هه‌ڵه و که‌تن ده‌بن به‌ڵام زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی که له داوه‌ریکردنی ده‌قدا ده‌که‌ونه هه‌ڵه‌وه، له هه‌مبه‌ر نووسه‌رێکی خراپ ده‌یان ڕه‌خنه‌گری خراپ هه‌یه؛ نووسه‌رێکی که‌م مایه ته‌نها خۆی ڕیسوا ده‌کات، به‌ڵام زۆرێک له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی که وا توێکڵ و ناو‌کی قسه ناناسن به لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مێک، خۆی و که‌سانی زۆر ڕیسوا ده‌کات.
ئه‌له‌کسانده‌ر پۆپ
نامیلکه له باره‌ی ڕه‌خنه
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شاعیر؛ ئاکۆ ئه‌لیاسی، سێ کتێبه شیعری دیاری، ده‌که‌مه جێی سه‌رنج و لێوردبوونه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م سێ ده‌فته‌ره شیعره ته‌نها ده‌فته‌ره شیعره بڵاوکراوه‌کانی شاعیر نین و پێش ئه‌م سێ ده‌فته‌ره به تیراژێکی که‌م کتێبی “چوار گڵۆپ”ی له ساڵی ١٩٩٢دا بڵاو کردۆته‌وه و له ١٩٩٨یشدا”سۆزی شاعیرانه”ی بڵاو کردۆته‌وه، به‌ڵام به تێڕوانینی خۆی ده‌فته‌ری یهکهمسهرهتایهکی کرچ و کاڵی ئه‌زموونی شیعری بووه و ده‌فته‌ره‌کانی دواتر زیاتر ته‌عبیر له جیهان-ژینی شیعری ئه‌و و دونیای خه‌ون و مۆته‌که و یاده‌وه‌رییه‌کانی ده‌که‌ن.
لێره‌دا من هه‌وڵ ده‌ده‌م به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک نموونه له هه‌ر سێ ده‌فته‌ری “یادی پیرۆز” ((٢٠٢٠))، “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” ((٢٠١٩)) و “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده”، باسی جێگیربوون و مانه‌وه‌ی دۆخی جه‌نگی له جیهانبینی و خه‌یاڵی شاعیر و کاژخستنی ده‌لاله‌ته‌کانی جه‌نگ و به‌رگری و دواتر بیچمبه‌ندی و فۆرمهیشنی دۆخێک بکه‌م که له دووره‌وڵاتی و ماوه‌یه‌کی زۆری نیشته‌جێبوونی له یه‌کێک له وڵاته ئه‌ورووپییه‌کاندا، هاتۆته ئاراوه. ئه‌م قۆناغانه من دابه‌ش ده‌که‌م به سێ قۆناغی جیهان-ژینی شاعیر ١. قۆناغێک که تیایدا پێشمه‌رگه‌یه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و به‌رهه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدییه‌کی هێمایین و واقیعی له یه‌ک کاتدا هه‌یه. زۆرێک له شیعره‌کانی ناو “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” له‌م خانه‌یه‌دا جێده‌گرن ٢. شیعره‌کانی ده‌فته‌ری “یادی پیرۆز”یش هه‌ڵگری هه‌مان تێم و مۆتیڤی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌بات و شاخن به‌ڵام له جیهان-ژینی ئوردووگادا نووسراون، جۆرێکی دیکه له غوربه‌تی نیشتمان و مه‌نفا وه‌کوو شاعیر خۆی ده‌ڵێت: شێعری درێژی “یادی پیرۆز” نێزیک بە ٢٤ ساڵ پێش لە ئێستا، لە دەشتی کاکی بە کاکی ئۆردووگای ڕوومادی، لە نێو قووڵایی دڵی مەنفادا و لەوپەڕی بێدەرەتانی و بێ‌ئیمکاناتی، بەڵام بە باوەڕێکی بەرزی شۆڕشگێڕی و بە دەریایەکیبێسنووری تەژی لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و مێژووەبریندارەکەی هۆنراوەتەوە. ٣. ئه‌گه‌رچی له ڕووی مانا و ناوه‌رۆکه‌وه هه‌ر سێ ئه‌زموونه‌که داڵغه‌ی به‌رگری و شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌یه، به‌ڵام بێگومان له ڕووی فه‌زا و فۆرم و داڕشتنه‌وه “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده” جیاوازییه‌کی دیارتری له‌گه‌ڵ ئه‌و دوانه‌ی دیکه‌دا هه‌یه. له ڕووی زه‌مان و کاتی له دایکبوونی شیعرهکانیشهوه ئاڵۆزییه‌ک هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که زه‌مان به شێوه‌ی نۆستالۆژیا و جۆره جێگری و پهنگخواردووییهک و یان باشتره بڵێم “یاده‌وه‌رییه‌ک” خۆی ده‌رخستووه واته شیعری وای هه‌یه که له ناوه‌ڕاستی سویسدا نووسراوه به‌ڵام بۆنی شاخ و سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی لێدێت، شیعری واشی هه‌یه له زه‌مه‌نێکی پێش مه‌نفا بۆنی ئه‌وین و سۆزداری لێدێت. بۆیه له ئه‌زموونی شاعیردا زه‌مان پێگه‌یه‌کی ناهێڵی و تهقدیریانه و هه‌ڵبه‌ت سوڕڕیالی هه‌یه و خۆی له په‌یوه‌ندی پێکهات و ناوه‌رۆکی شیعره‌کان و ژینگه‌ی واقیعیی شاعیر له ئێستادا مانیفێست ده‌کات. ئه‌م سێ قۆناغه ناهێڵییه به ڕیز به‌سه‌ر سێ قۆناغی شاخ(پێشمه‌رگایه‌تی)، ئوردووگا(که‌مپنشینی) و تاراوگه(مه‌نفا)دا دابه‌ش ده‌که‌م.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر کۆی هه‌ر سێ ئه‌زموونه‌که‌ش له ژێر ناوێک‌دا کۆبکه‌مه‌وه بیکه‌م به “دابڕان له نیشتیمان”، دابڕانێک که تا دوادێڕه شیعره‌کانی گینگڵ به شاعیر ده‌دات و ئۆقره‌ی لێ بڕیوه، خودی دابڕان سووژه‌ی شاعیری تووشی جۆرێک له په‌یوه‌ندی ئایدیالی و خه‌یاڵئامێز به دیارده و نیشانه‌کانی په‌یوه‌ست به نیشتیمان کردووه.
هێڵێکی ناسک و نیانی گۆڕان له تێڕوانینی شاعیر بۆ چه‌مکی نیشتیمان و خه‌بات و به‌رگری به‌دی ده‌کرێت که له قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌وپه‌ڕی وزه و ڕادیکاڵیزم و ڕۆحی بهرهنگارێتییه و له قۆناغی که‌مپنشینی و ئۆردووگاییدا ده‌گاته جۆره تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌کردنێک و له قۆناغی تاراوگه و شارنشینیشدا له ڕه‌خنه‌گرتن له نیشتیمان و گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد و نیشتیمانی بچووکی له‌دایکبوونی خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یه که له‌م قۆناغهدائێمه شایه‌تی هه‌ستی ڕۆمانتیکی شاعیر و گۆڕانی فۆرم و نووسینی کورته‌شیعری وێنهبرووسکه ده‌بین و هه‌ر به‌م ئاڕاستهیهشدایه که وه‌کوو وشه و ئیدیۆم و وێنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌ی زه‌هاو و بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی.
دۆخی پێشمه‌رگایه‌تی و ماڵبه‌کۆڵی و ڕه‌هه‌نده‌یی له شیعری “ڕه‌هه‌نده”دا به تێمێکی لیریکیانه و ڕۆمانتیک خۆی ده‌ربڕیوه:
ڕه‌هه‌نده
ماندووم،
شه‌وی به جێ ماوم له نێو
تیشکی تیژی کازیوه‌دا،
ههتهڵهی نێو مژی ڕێگام
“په‌نجه‌کانم به هه‌رێمی” بهیڕنینی
باخی سینه‌ت ئاشنا که
تینووم،
ڕێبوارێکی ڕێونکردووی
نێو قاقڕم،
“ئاتهرپهرستم”
له قووڵایی پهرهستندا بۆ ئاستانه‌ی شکۆت هاتووم
مهڵاق ویشک و
شه‌هیدی ئاو،
به لێزمه‌ی بارانی ماچ
لێوم ته‌ڕکه
با دامرکێ قرچه قرچی گڕی هه‌ناو
نامۆم،
تازه له ژێر پرچی ته‌ڕی هه‌ور هاتووم
شه‌قامی شار
ده‌ست له ملی گلێنه‌ی چاو
ناهاڵێنێ
ڕهههندهیهکی خێڵهکیم،
بۆنی هه‌ناسه‌ی ته‌نیاییم
له‌گه‌ڵ دایه
ئه‌وینی سه‌رگه‌ردانی نێو
په‌رتووکێکی نهخوێندراوی پهڕهپووتم
سه‌دان ڕازی نهدرکاوم
له دڵدایه
تاڵێک له تیرۆژی تیشکی
خه‌رمانی ڕووت
بهاوێژه نێو کڵاوڕۆژنه‌ی
ژووری لێوڕێژ له ژووارم
بزه‌ی خونچه‌ت
بسووه زامی پڕئازارم!
با چۆرتمی “چه‌مه و دما”ی
بێ کۆتایی نهم فهوتێنێ
سۆمای چاوم!
گۆلێک ئه‌شکی له خۆڕایی
به جێ ماوم،
سۆفییه‌کی هه‌ڵگه‌ڕاوم…له سیله‌ی سۆز
دێوانه‌ی دابڕاوم له نێو زیکری کۆڕ
وه‌لییه‌کی”ڕووت و قووت”ی
عاشقم و
“له ئاستۆنهی”
“عه‌شقی پڕ له چه‌م و خه‌مت”
ده‌ست له سه‌ر دڵ
کپ و بێده‌نگ،
له به‌ر نیگا و سیله‌ی چاوت
مت وه‌ستاوم!
5/8/2003
شیعری ڕه‌هه‌نده یه‌ک له‌و شیعرانه‌یه که دۆخی ژیاندۆستی له فۆرمێکی شاخاوی و گه‌ڕیده‌ییدا پێناسه ده‌کات، ئاره‌زوویه‌کی قووڵ بۆ ژیان و ئه‌وینێکی ئه‌هوورایی له دۆخێکی لێڵ و پێڵ و عهواداڵدا. له ئه‌پیزۆدی یه‌که‌مدا که دوابه‌دوای ئه‌وه ئهپیزۆدهکانی دیکه‌ش به ئیدیۆمگهلی جۆراوجۆر ته‌عبیر له دۆخێکی گه‌ڕیده‌یی و ماڵبه‌کۆڵی ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ژیانی جه‌نگی نه‌بێ ئه‌وا ژیان و جۆرهژیانێک که ڕه‌سه‌نایه‌تی سرووشت و نه‌ریتی کۆنی پیرۆزی کوردانه و خۆشه‌ویستی پێکه‌وه گرێ داوه، خه‌ون و خولیایه‌تی:
ماندووم،
شه‌وی به جێ ماوم له نێو
تیشکی تیژی کازیوه‌دا،
ههتهڵهی نێو مژی ڕێگام
“په‌نجه‌کانم به هه‌رێمی” بهیڕنینی
باخی سینه‌ت ئاشنا که
لێره‌دا ڕۆحێکی یاخی و به‌ده‌ویی ڕه‌سه‌ن ده‌بینرێت که به دوو وێنه‌ی خه‌یاڵاوی زه‌مینه بۆ جێ‌ژوان له گه‌ڵ سرووشت هه‌موار ده‌کات و له ئهپیزۆدهکانی دیکه‌دا تا کۆتایی ئه‌م وێنه‌سازیی و ڕه‌وته به‌رده‌وام ده‌بێت تاکوو له هه‌واری چاوه‌ڕوانیدا بۆ ئه‌و جێژوانه باڵایه:
“ئاتهرپهرستم”
له قووڵایی پهرهستندا بۆ ئاستانه‌ی شکۆت هاتووم
مهڵاق ویشک و
شه‌هیدی ئاو،
به لێزمه‌ی بارانی ماچ
لێوم ته‌ڕکه
با دامرکێ قرچه قرچی گڕی هه‌ناو
وێنه‌سازی و میتافۆڕ و ئیدیۆم به شێوه‌یه‌ک له گه‌ڵ فۆرمی شیعره‌که‌دا یه‌کانگیر بوون ده‌ڵێی ڕێگه‌یه‌کی له‌بار و دڵنیاکه‌ر و پڕ له ئۆخژنیمان بۆ دیاریده‌کات…په‌یوه‌ندیی ئاتهرپهرهست وه‌کوو میتافۆڕێک بۆ ئایینی کۆنی کوردان و خودی وشه‌که‌ش که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنج و بنه‌وا سۆمه‌رییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ “مهڵاق ویشک و شه‌هید” ته‌کوزیی و لهبارییهکی سه‌رکه‌وتوویان له فۆرمدا دروست کردووه و ئێمه له ئه‌پیزۆدی کۆتاییدا ئه‌م سه‌فه‌ره سوڕڕیالییهی ڕهههندهمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه و مه‌راقی ئه‌م هه‌موو سووتان و شه‌هیدبوون و سۆفی بوون و وهلیئاسابوونهی بۆمان ده‌رده‌که‌وێت:
به جێ ماوم،
سۆفییه‌کی هه‌ڵگه‌ڕاوم…له سیله‌ی سۆز
دێوانه‌ی دابڕاوم له نێو زیکری کۆڕ
وه‌لییه‌کی”ڕووت و قووت”ی
عاشقم و
“له ئاستۆنهی”
“عه‌شقی پڕ له چه‌م و خه‌مت”
ده‌ست له سه‌ر دڵ
کپ و بێده‌نگ،
له به‌ر نیگا و سیله‌ی چاوت
مت وه‌ستاوم!
لێره‌دا هه‌موو جه‌وهه‌ری ئه‌و ماڵبه‌کۆڵی و ئاواره‌یی و ڕهههندهبوون ده‌رده‌که‌وێت، وه‌ستان له به‌ر قاپی عه‌شقێکی ئه‌هوورایی و سۆفیانه. خودی ئه‌م شیعره زایه‌ڵه‌ی به‌رزی ده‌نگی ئه‌ده‌بێکه که دژ به جه‌نگه و ژیاندۆسته، عه‌شق، تانوپۆی ئاره‌زووی شیعرییه‌تی ته‌نیوه و لێره‌دا هێڵی نێوان ئه‌ویدییه‌ک که فه‌زای داگیرکاری و جه‌نگی دروست کردووه و خودێک که به شێوه‌یه‌کی ناسک و شاعیرانه له سه‌نگه‌ری لیریک و ڕۆمانتیسیزم و ئۆنتۆلۆژی به‌رگری دایه، ڕوون ده‌کاته‌وه. ده‌کرێ بڵێین ڕه‌گه‌ز و تۆوی قۆناغه‌کانی داهاتووی هه‌ر شاعیرێک له هه‌ندێک له شیعره سه‌رکه‌وتووه‌کانی سه‌ره‌تایدا خۆی حه‌شار داوه، ئه‌م شیعره بیچمبه‌ندی و وێنه‌سازییه‌کی چهندپاڵووی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و هاوکات که خه‌بات و و شه‌ڕ و به‌رگرییه، عه‌شق و ژیان و ئازادیشه به‌ره‌و ڕێگای تێگه‌یشتنێک که تاکی شاعیر بۆ ژیان و بوونی خۆی هه‌یه‌تی. ئه‌مه به‌ده‌ره له‌وه‌ی که به ده‌ربڕینی وشه‌کانی وه‌کوو چهمهودما و ئاتهرپهرهست، که‌ونینه‌بوونی خه‌ونی ژیان و خواستی ئیرۆسی کوردانه‌ی خستۆته ڕوو!
له شیعری “سه‌مای وشه”دا ئه‌و تێڕوانینه تایبه‌ته‌ی شاعیر بۆ زمان و زه‌مان(کات)، و گه‌ڕانی شه‌و و ڕۆژ و که‌ڵکه‌ڵه‌ی بۆ کات له قه‌واره‌ی چه‌ند وێنه‌ی بچووک که ده‌که‌ونه خزمه‌ت وێنه‌یه‌کی گه‌وره خۆی مانیفێست ده‌کات:
سه‌مای وشه
له شه‌وێکا
که باڵای مۆم له ته‌نیایی
له ئه‌وینی سه‌مای به‌فر
ببوو به چۆپی ده‌ستی با،
نه‌رم نه‌رم دهلهقێندرا…
له ورینگه ورینگی شاعیرێک
پۆلێک وشه
وه‌ک په‌پووله
بوون به کزه و که‌وتنه سه‌ما
وه‌ک قه‌تاره‌ی په‌ڕه‌سێلکه‌ی
هه‌ڵنیشتووی سه‌ر تاڵی خه‌یاڵ،
وه‌ک ملوانکه
له نێوانی ته‌زوو و مه‌راق
به هێشووی شیعرێکا ئاڵان
کاتێک که شه‌و
له که‌وشه‌نی ڕۆژ تێپه‌ڕی
شیعر و وشه
ئه‌رخه‌وانیان
له سه‌ر و پرچی گزینگ دا و
به ئه‌سپایی چاوی مانگیان کرده خه‌و و
دوگمه‌ی سینه‌ی
کچی به‌یانییان ترازان!
1/4/2005
سه‌مای وشه هه‌م وێنه‌ی خه‌یاڵئامێزی جوانی تێدایه، هه‌م په‌یوه‌ندی “زمان و زه‌مان”ی به باشی له ڕوانگه‌ی شاعیرێکه‌وه خستۆته ڕوو، په‌یوه‌ندییه‌ک له چاوه‌ڕوانیدا باڵا ده‌کات و به جێژوانی کچی به‌یانیان، سوپای تاریکی و شه‌و شکست ده‌دات.
ئه‌م تێڕوانینه‌ی شاعیر بۆ کات ڕه‌هه‌ندێکی ئۆنتۆلۆژی تایبه‌ت وه‌رده‌گرێ و قۆناغی ئێسته‌ی شاعیر ده‌خاته ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئاڵۆزه‌وه که به‌رده‌وام به‌شێکه له وێنه‌کانی ڕابردوو و ڕابردووش ئه‌و شوێنکاتهیه که داهاتوو به خه‌ون و خه‌یاڵ و وشه تێیدا وێنا کراوه.
بێگومان لێکدانه‌وه‌ی دونیای شیعریی شاعیرێک له سێ ئه‌زمووندا و له پێشه‌کییه‌کی کورت‌دا کارێکی ئاسان نییه و هه‌م کاتگره و هه‌م بابه‌تی پێشه‌کیش نییه، به‌ڵام هێڵه گشتی و سه‌ره‌کییه‌کان و فۆرمی زاڵ و ناوه‌رۆکی ئاماده له کۆی شیعره‌کانی دوو ده‌فته‌ری “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” و “یادی پیرۆز” به ڕه‌مز و نیشانه‌کانی شۆڕش و ڕزگاری و شاخ و هیوا و…ته‌نراون ئه‌مه له ده‌فته‌ری یادی پیرۆز و له به‌شێک له شیعره‌کانی پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه، ڕوویه‌کی ڕاسته‌وخۆ و ڕادیکاڵ له باری ده‌ربڕینه‌وه په‌یدا ده‌که‌ن و له دروشم و قسه‌ی مانیفێستی و خیتابی میدیایی حیزبی، نێزیک ده‌بێته‌وه و ئه‌و شیعرانه نه‌ک له هه‌موو وێنه‌سازیی و بڕگه‌کانیدا به‌ڵکوو له شوێنانێک شیعره‌کانی لاواز کردووه و له زمانی مه‌جاز و میتافۆڕ و وێنه‌سازیی دووری خستۆته‌وه. بۆ نموونه له پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه ل ٦٢ شیعری “بۆ قازی نه‌مر” ئه‌گه‌رچی پڕه له زایه‌ڵه‌ی پیرۆزکردنی شه‌هید و ڕێبازی ڕاسان و ڕزگاری، به‌ڵام کڵێشهبێژی و وێنه‌گه‌ل و سۆزی حه‌ماسی و پیرۆزاندنێکی ڕووتین خۆی تێیدا مانیفێست کردووه، و ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که کاتێک که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره که هێمای ڕێبازێکی پیرۆز و ڕزگاری و شۆڕش بێت و ڕه‌مزی ڕاسان و ڕاوه‌ستان له هه‌مبه‌ری ئه‌ویدی بێت، نواندنه‌وه‌یان دوای ماوه‌یه‌ک ئیتر پێویستی به داهێنان له فۆرم و لادان له ناوه‌رۆک و ماناسازیی باو هه‌یه چوون ئه‌م که‌سایه‌تییانه زۆریان له سه‌ر وتراوه و زۆریان له‌سه‌ر به‌رهه‌م هینراوه.
بۆ قازیی نه‌مر
با هه‌موومان به‌رماڵی نوێژ
بۆ ئه‌ستێره سینگسوورهکان
ڕابخه‌ین و سه‌ری كڕنۆش له هه‌مبه‌ری پشکوتنی
خونچه‌ی زامهسوورهکانی دڵی مێژوو
دانه‌وێنین…
وه‌ک له‌م دێڕانه‌ی شیعری قازی نه‌مردا ده‌بینین “ئه‌ستێره سینگسوورهکان” و “خونچه‌ی زامهسوورهکان” که وه‌کوو ئاماژه شه‌هید و مانا و جاویدبوون و پشکوتنی دووباره واته شه‌هید، هاتووه شتێکی سواو و چه‌ندباره‌یه و وێنه‌یه‌کی تازه نییه، ئه‌مه زیاتر وه‌کوو وتم له شیعره بۆنهییهکاندا ڕوو ده‌دات جا چ بۆنه‌که که‌سێک بێت یان ڕووداوێک، له هه‌ر حاڵ‌دا له شیعری بۆنهییدا داهێنان هه‌وڵی زیاتر و زۆرتری ده‌وێت که بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر نییه له خواستێکی یاخیگه‌رانه و ڕۆحێکی تاکخوازانه و ئایدۆلۆژیبێزانه!
ئه‌مه له حاڵێکدایه که له شیعری درێژی “یادی پیرۆز” له ده‌فته‌ری یادی پیرۆزدا که له ئوردووگای ڕومادیدا نووسراوه، جیا له ده‌ربڕینی کڵێشه‌یی و هه‌ندێ لێکدانی سواو و به‌سه‌رچوو، وێنه‌سازیی و فه‌زاسازیی حه‌ماسی به ده‌سپێکێکی خیتابی و هاوارئامێزانه و شۆڕشگێڕانه خۆی ده‌رده‌خات که ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵی توخمی تراژیک ببایه بێگومان یه‌کێک له ئه‌زموونه شۆڕشگێڕییه داهێنه‌رانه‌کان بوو:
برا…گه‌لۆ،
هۆ خەڵکینە،
با هەموومان
به شکۆوە
ئیستێ بکه‌ین،
به زنجیری گرێ گرێی
مێژووی سوور و خوێناویماندا بچینه‌وه
با هه‌موومان بۆ کوردستان
بۆ په‌یکه‌ری گشت شه‌هیدان،
“شه‌هیدانی” نیوسه‌ده خوێن
شه‌هیدانی دڵی مێژوو
به قه‌د کوردستانا هه‌ڵچوو
بۆ گه‌لاوێژ
گه‌لاوێژی مژدههاوێژ
سوژده به‌رین،
کڕنۆش به‌رین
بێینه سه‌رچۆک
وه‌ک له‌م دێڕانه‌دا ده‌بینین لایه‌نی خیتابی و بانگهێشتکهرانه زایه‌ڵه‌یه‌کی تکاکارانهی دروست کردووه که جیا له لایه‌نی هانده‌رانه بووه به حاڵه‌تێکی ئه‌مریش، ئه‌مه ڕه‌نگه وه‌کوو ڕه‌وت و ڕیتمی فۆرم زۆر جێگه‌ی باس نه‌بێ چوون له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆک یه‌ک ناگرێته‌وه، ناوه‌رۆک هه‌مان قسه‌ی دووپاته و چه‌ندپاته‌یه که داهێنانی تێدا به‌دی ناکرێت به‌ڵام هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و دێڕانه‌دا و له هه‌مان شیعری یادی پیرۆزدا ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌وسیف و وێنهسازییهک له داگیرکه‌ر ڕووبه‌ڕوو ده‌بین که تازه و ئیلهامبه‌خشه:
نه‌هه‌نگی مه‌رگ،
به دار‌و به‌رد
خوێنی ئه‌فرۆشت،
چاوی جن، جن، هه‌ڵگه‌ڕابوو
شێت و دڕ بوو،
که‌لله‌ی ئهپژاند،
ئێسک و پرووسک و
به‌ردی ئه‌کرۆشت
دنیا له ژێر په‌رده‌ی قورسی
شه‌وی تاری ئه‌نگوسته‌چاو
کڕ ومات بوو،
وه‌کوو جمه‌ی شاری مردوو،
وه‌ک گۆڕستان
وه‌ک دیاره لایه‌نی ته‌وسیفی و وێنه‌سازیی له ئه‌ویدییه‌کی داگیرکه‌ر و دڕ به سه‌رکه‌وتووییه‌کی که‌م وێنه‌وه و به زایه‌ڵه‌یه‌کی حه‌ماسی و تا ڕاده‌یه‌ک گوتیکئاسایانه و بانسرووشتیانهوه، ڕووی داوه، هه‌ر خودی لێکدانی “نه‌هه‌نگی مه‌رگ” وه‌کوو ئاماژه و میتافۆڕێک بۆ داگیرکه‌ر شتێکی تایبه‌ت و تازه‌یه له ئه‌زموونی شاعیردا، نه‌هه‌نگ له چه‌ند شوێنی دیکه‌ی ئه‌م سێ ده‌فته‌ره‌دا هاتووه و مانایه‌کی نه‌رێنی نێگه‌تیڤی هه‌یه، له وڵاتێکی وه‌کوو کوردستان که قه‌ت ده‌ریای نه‌بینیوه نه‌هه‌نگ جگه له لایه‌نێکی دۆڵپائاسا و لووشێنهر و مه‌رگ هیچی دیکه نابێت!
له بڕگه‌کانی دواتردا ئێمه به‌ر توخمێکی تراژیکئاسای گه‌شه‌دار به‌ڵام خنکاو و کپکراو ده‌که‌وین چوون درێژه‌ی پێنادرێ و له ژێر فه‌زا و تاپۆی حه‌ماسه و دروشم و هیوادا کپ ده‌کرێته‌وه:
برووسکەکان
له بۆ شه‌ڕی شه‌و و نه‌هه‌نگ
به‌ده‌م بزیسکه‌ی چه‌خماخه‌وه
هه‌ڵ ئه‌بوون و له نێو گه‌رووی ڕه‌شه‌بادا
ده‌کوژانه‌وه
سواره‌کانمان
سوار ده‌بوون و
به‌ڵام زۆری پێ نه‌ده‌چوو،
ڕهوهزهڕێ هێزی ئه‌ژنۆی ئهشکاندن …
دیسانه‌وه
ده‌تلانه‌وه
“ڕهوهزهڕێ هێزی ئه‌ژنۆی ده‌شکاندن، دیسانه‌وه، ده‌تلانه‌وه…” شاعیر لێره‌دا له ده‌رگایه‌کی داوه به‌ڵام زۆر به هێواشی، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئایدیا و بیرۆکه‌یه زیاتر ڕه‌گئاژۆ بایه یان زیاتر له زمانی شاعیردا ده‌رکه‌وتبایه، بێگومان ئه‌م شێعره ده‌بوو به یه‌کێک له‌و شیعره جیاوازه بۆنه‌ییه تایبه‌تانه که له ڕوانینێکی ئایدیالیستی و خه‌ونئامێزی دوور له ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه، ده‌هاته ناو دونیایه‌کی ڕه‌خنه‌ئامێزی ڕیالیستییه‌وه! شتێک که له مێژووی ئێمه‌دا به‌رده‌وام و پێکه‌وه ئاماده بووه شکست و شکۆ بووه به‌ڵام شکۆ له قه‌واره‌ی حه‌ماسه و ئازایه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی جوامێری و پاڵه‌وانێتیدا به‌رده‌وام گێڕدراوه‌ته‌وه و وێنه‌سازی کراوه ئه‌وه‌ی که زۆر که‌م ئاوڕی لێدراوه‌ته هۆکاره‌کانی شکست و خودی شکست بووه که ئه‌مه‌ش خۆی دیسان هۆکارێک بووه بۆ شکست و دیسان سه‌رکوتکردنێکی نه‌ستیانه و ناوشیارانه‌ی داهێنان و دیارده شهقڵنهشکاوهکان و دیسان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی حه‌ماسه و کپبوونی ده‌نگی تراژیدیا! که له کاریگه‌رترین تێم و ژانێرهکانه!
له‌م شیعره‌دا و له دێڕگهلێکدا ڕیتم و مۆسیقا هاوپێی وێنه‌سازیی و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو گونجاوانه ده‌کار کراون:
بوو ڕاپێچ شه‌و
دێ خرۆشا….
شار پاک هه‌ژا..
له پڕێکا
قەڵای سته‌م
تەپی و ڕما!
باستیلەکان
تێک قرمێنران،
جه‌نابی شاه… سێبه‌ری خوا” ”
هه‌ر دەستبەجێ،
هه‌ڵ هات، بوو به تۆزی زه‌مان،
له نێو تۆڵه‌ی گەردەلوولدا،
به خۆی و تاجه‌وه دۆڕا
شا ئەستێرە “گەلاوێژمان” لە ئاسۆ هات
هه‌م ڕیتم و مۆسیقای شیعر و هه‌م ده‌ربڕین له دێڕ و کۆپله‌کانی دواتردا ده‌رخه‌ری ئه‌و گونجاوییه‌ی حه‌ماسه و زمانن که شاعیر به باشی ڕه‌چاوی کردووه! هه‌روه‌ها له درێژه‌دا ده‌بینین که شاعیر ئاماژه مێژووییه‌کانی که وه‌کوو کۆنهچهشنێکی لێهاتووه به باشی شیعراندووه و حه‌ماسه و مێژووه‌ی له باوه‌شی یه‌کدا داناوه:
یەکەمجار بوو
که مه‌هاباد
بوو به قیبله و ڕووکه‌ی ئاوات
یەکه‌مجار بوو
که “مهم وزین” له نێو ژوانگه‌ی شه‌فافی ژین
پێده‌که‌نین
یه‌که‌مجار بوو
که حه‌زره‌تی نالی حه‌بیبه‌که‌ی خۆی دۆزیه‌وه
یه‌که‌مجار بوو
که مه‌وله‌وی
هۆرەی ئەچڕی:
“وههارهن سه‌وزه‌ن، ئاوه‌ن، سه‌ر کاوه‌ن”
هاژه‌ی وهفراوهن، شاخه‌ی شهتاوهن
یه‌کمجار بوو
که کورستان به عه‌شقه‌وه گوڵهنێگیزی له پرچی خه‌ونه سه‌وزه‌کانی ده‌دا.
وه‌نه‌بێ ئه‌م کڵێشهبێژییانه که له به‌شێک له شیعره‌کاندا ده‌بینرێت ته‌نها بگه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ڕوانگه‌ی جیاواز یان باشتر بڵێین ڕادیکاڵ و ڕه‌خنه‌گرانه به‌ڵکوو به‌شێکی په‌یوه‌سته به گه‌شه و نه‌شه‌ی زمان و تێگه‌یشتنی شاعیر له فۆرم و ته‌کنیک و ورده‌کارییه‌کانی دیکه‌ی ده‌ربڕین و هۆنینه‌وه که ئه‌مه‌ش جیا له‌وه‌ی که گرێدراوه به ئه‌زموونێکی پڕرهههنده و کۆچه‌رییانه له جیهان-ژینی ئاواره‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی و سیاسی، به‌نده به‌و ژیانه نوێیه‌ش که له تاراوگه‌دا ئه‌زموونی کردووه یان خه‌ریکه ئه‌زموونی ده‌کات، بۆیه له ده‌فته‌ری “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده”جیاوازی و گۆڕانی شاعیر له ڕووی فۆرم و ده‌ربڕینه‌وه ده‌بینین ( که له درێژه‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ری) و کورته‌شیعره‌کانی ئه‌زموونێکی وه‌ها سه‌رکه‌وتوون که ده‌کرێت شیعرییه‌تێکی خه‌ست و خۆڵی لێ هه‌ڵبهێنجرێت و وه‌کوو ڕێبازی سه‌رکه‌وتووی شاعیر درێژه‌ی پێ بدرێت و له ڕووی ناوه‌رۆکیشه‌وه ئه‌م ده‌فته‌ره زیاتر ڕه‌خنه‌گرانه‌یه و ناسک‌تر و دوور له دروشم هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت و هه‌روه‌ها ژیانێکی خهونبازانهتر و ڕۆمانتیکتر و ڕیالیستیتر ده‌بینێت و به‌م حاڵه‌شه‌وه دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتیمان! به‌ڵام ئه‌م جاره ئه‌مه ئیتر نیشتیمانی گه‌وره و خه‌ونه‌کان نییه به‌ڵکوو زێد و لانکه‌ی له‌دایکبوون و بێشکه‌ی گڕوگاڵ و گهورهبوونێتی و نیشتیمانێکی وردیلانه‌ی بچووکه! مه‌ڵبه‌ندی باڵاکردن و عه‌شق و ئه‌وین و کانیاو و تیشکی تیژی خۆر و گه‌ڵا و پووره‌هه‌نگ و شنه‌ی با و سه‌ون و گڕه‌ی گه‌رمه‌سێری شاعیر؛ داڵاهۆ و ده‌شتی زه‌هاوه!
به‌شی “تابلۆ شێواوه‌کان” له ده‌فته‌ری “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” یه‌کێک له‌و ده‌رکه‌وته و وێستگه سه‌رکه‌وتوو و دره‌وشاوانه‌ی شاعیره که دیاره دواتر له ده‌فته‌ری “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده” له قه‌واره‌ی شیعری کورت به وێنه‌ی برووسکهئاساوه ده‌گاته ته‌شقی دره‌وشانه‌وه‌ی خۆی، نموونه‌یه‌ک له تابلۆ شێواوه‌کان له ده‌فته‌ری پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه:
ئێواره‌یه‌ک،
سیحری شه‌پۆل
بۆ که‌ناری خۆشه‌ویستی
له‌گه‌ڵ تیشکی کزی هه‌تاو
ده‌ستی گرتم
که شه‌پۆلم له ئامێزی ڕووبار بینی،
که مرواریی وردهماچم
له‌سه‌ر سینگی قه‌راخ بینی،
که‌مه‌نکێش بووم…هه‌ر به جارێ
به‌ره‌به‌یان
که هاتمه‌وه
بینیم که‌وا
له ژووره‌که‌م ئاو هه‌ڵنیشتووه و
به خوڕ
بارانی بیره‌وه‌ریی لێدهبارێ!
28/2/2006
وه‌ک ده‌بینین له ڕێگه‌ی چه‌ند وێنه‌وه به ناو شه‌پۆل و که‌نار و ورده‌ماسی و ڕووبار، وێنه‌یه‌کی برووسکه‌ئاسا له خودی شاعیر و شیوازی تێڕامانی له قه‌راغی چه‌م نیشان دراوه، سرووشت و ئاو و ئه‌وین و بیره‌وه‌ریی تێکه‌ڵ بوون! ئه‌م شیعره و شیعره‌کانی دیکه‌ی تابلۆشێواوهکان و ته‌نانه‌ت خیتابه حه‌ماسی و شۆڕشگێرانه‌کانی شاعیر، شتێکی په‌نامه‌کی و ژێره‌وانکێ و هاوکات له زۆر شوێنیش ئاشکرامان بۆ دردهخهن، ئه‌ویش عه‌شق و ئه‌وینێکی نه‌ناسراو و ڕه‌نگه سه‌رکوتکراوی شاعیره که له ژیانی شاخ له گه‌ردنی کێو و به‌نده‌ن و به‌فری ده‌ئاڵێنێ و له ژیانی که‌مپ و ئۆردووگانشینی له میانه‌ی شکۆ و حه‌ماسه و تاپۆیه‌ک له شکستدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه. بۆ نموونه له شیعری “میداڵ” که بۆ تێکۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ و شه‌هیدێکی زیندووی ناسراو نووسراوه، پێنج جار مانا و وشه‌گه‌لی عه‌شق و عاشقانه و په‌یوه‌ست به خۆشه‌ویستی به‌کار هاتووه،ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که تانوپۆی ئه‌م شین و شکۆهۆندنهوهیه به زایه‌ڵه و بۆنی کوڕ و کچانی نیشتیمان ته‌نراوه.
ئه‌گه‌رچی له دوو دفتهرهکانی پێشوودا وه‌کوو تیشکم خسته سه‌ری ئێمه ڕووبه‌ڕوی ئه‌ندێشه‌یه‌کی لاوازی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌بینه‌وه که زیاتر له قه‌واره‌ی ڕه‌خنه‌گرتنی ناوخۆیی و په‌یامێک بۆ هاوڕێ و هاوخه‌باته‌کان خۆی ده‌رده‌خات وه‌کوو له شیعری “پێتان بنازم”دا ده‌یبینین:
ئێوه…ئێوه
که هاتنه‌وه
که خۆر ئاوا بوو و ئێوه
به ئاسۆدا
به‌ره‌و ئامێزه گه‌رمه‌کان
به سینگی پڕ له هیواوه
به‌ره‌و ناخی تینووی خاکا
شۆڕبوونه‌وه
ئێوه…پرسیاربوون….پرسیاری شۆک
بۆ داهۆڵه ڕیسواکانی سه‌ر سنوور و
زمانه لووسه ده‌ست له سه‌ر سینگه‌کانی
خۆجێیی!
…
ئێوه له‌گه‌ڵ داگیرسانی
یه‌که‌م چه‌خماخه‌ی هیوا
تفتان له تاڵاوی تاراوگه هه‌ڵدا و…
…
وه‌ک ده‌بینین بیری ڕه‌خنه‌گرانه لێره‌دا ده‌رکه‌وتووه به‌ڵام هێشتا پڕ و خۆگرتوو نییه و زیاتر هه‌ڵوێسته تا بیرکردنه‌وه، ئه‌وه دواتره و له ده‌فته‌ری “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده” دایه وه‌کوو سه‌ره‌تایه‌کی حه‌ماسه‌تئامێزی سه‌رکه‌وتووانه به خیتابێکی لێبڕاوانه‌وه ده‌ڵێت:
لەم سەفەرەم، کە کهژاوەی
بە فرمێسک و خەون و خەم و خەندە و تەم و
ئەوین لەگەڵ باڵای ئازار
ڕازێنراوە،
کێ هاوڕێیم دەکات؟
با بێ!
کێ دڵدارە،
کێ بە تیری عیشق زامدارە
لەگەڵما بێ!
کێ کۆچبەرە و ڕۆحی بە خاکەوە بەندە،
کێ داخداری نیشتیمانە،
لەگەڵما بێ!
کێ دەیهەوێ چاوی سبەی،
بە کلی هیوای سەوز بڕەژێ،
بێ دوو دڵی،
با ئەویشم لەگەڵدا بێ!
من لێرەوە،
لە دەستپێکی یەکەم دێڕی ئەم پەیڤانە
لەبەر قەرەباڵغیی ژیان،
دەستی خەیاڵ توند دەگرم و
بەسەر باڵی تەنکی بایەک،
لەم دنیا پڕ لە جەنجاڵە،
ئارام … ئارام … لە پەنجەرەی ڕامانەوە
بە پێدزکێ…
دەچمەدەرێ!
دڵم دەکەم بە ئینجانە،
دوو چاویشم
بە نیشتیمانی هەورەزێ.
لەگەڵ یەکه‌م دێڕەکانی
ئەم شیعرانە،
لێرەو بەدوا
وەرزەکانی ساڵ لە ڕۆحم ئەکێڵم و
لە هەر وەرزەژانێکمدا
چەند هێشووە وشەیەکەم
دائەچێنم.
هه‌روه‌ک ده‌بینین شاعیر به ده‌نگی به‌رز و زمانێکی ڕه‌وان و فۆرمێکی خیتابی و بانگهێشتکهرانه داوه‌تێک ده‌کا بۆ چوون به‌ره‌و ڕێبازێکی دیکه که ده‌رکه‌وته‌ی خواستی “ئه‌ڵهای ڕاستییه”!
له درێژه‌دا و له شیعری “چ مه‌قامێکی درێژه باسی لاوکی ئازادی”دا ئه‌م گۆڕان و گه‌شه و نه‌شه‌یه‌ی شاعیر له تێڕوانین و فیچقه‌ی بیری ڕهخنهگرانهدهبینین:
ساڵەهایە، قەڵتەک قەڵتەک
بەسەر شانی تەمەنماندا
کەوتۆتە ڕێ…
بۆ ناگا دی؟
لەبەر پەنگاوی ڕقبەندە
یان
نەبوونی پێشەنگی ڕێگا؟!
چ مه‌قام و
لاوکێکی درێژە باسی ئازادی!
وه‌ک دیاره هه‌م تێڕوانینه ڕه‌خنه‌ییه‌که هۆکاربینانه و هۆدۆزانهیه و هه‌میش به فۆرمی پرسیارانێکی دوانه‌یی و شوێندۆزانه ده‌یخاته ڕوو، وه‌ک دیاره ئازادی لێره‌دا ڕه‌هه‌ندی زیاتر و ڕاسته‌قینه‌تره و بوێریی و سه‌رکێشی و زایه‌ڵه‌ی شاعیرانه‌ی زیاتری بۆ به‌دیاری هێناوه.
ئه‌و فۆرمه زه‌مانییه و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی شاعیر له کات که له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری و به ئه‌زموونێکی ناهێڵی و بیره‌وه‌رییانه ناوزه‌دم کرد، له شیعری “سکاڵا” دا به ڕوونی خۆی ده‌رده‌بڕێت:
گوڵم … دڵم زۆر خەمناکە…
هێند سەفەری دوێنێ و پێرێم
لە پێشدایە،
داهاتوو هیچ،
بۆ یەک چرکەش، نامپەڕژێتە
سەر ئێستاکە!
وه‌ک ده‌بینین سێ جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کیی کات واته ڕابردوو، داهاتوو و ئێستاکه له ده‌ربڕینێکی شاعیرانه‌دا هاوسه‌نگی و جێگیربوونیان تێکچووه، شاعیر له دوێنێ و پیرێدا ڕاماوه…ڕه‌نگه هێشتا له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی پووره‌هه‌نگ و تیشک و شه‌وه‌زه‌نگی شاخ بێت، له هه‌مانکاتدا وشیاریشه که داهاتوو و ئێسته له پێشده‌م ئه‌زموونکردنی کات دان به‌ڵام ئه‌و جارێ له ڕابردوودایه، له ڕابردوویه‌کی تایبه‌ت بۆ ئێستایه‌کی گشتی خه‌ریکی نۆستالۆژیا و گه‌ڕانه‌وه‌یه به ناو توونێل و سه‌ردابه‌کانی کات و شوێن و وشه‌دا به‌ڵکوو داهاتوویه‌کی نه‌ناسراو و گریمانه‌یی و خوازراو بیگرێته ئامیز وه‌کوو نیشتیمانێکی نه‌بوو!
وه‌کوو له سه‌ره‌وه وه‌کوو هێڵێکی گشتی ڕه‌وتی گۆڕانی بیر و تێڕوانینی شاعیر باسم کرد له دواجاردا ڕه‌خنه‌گرتن ده‌بێت به تانوپۆی شیعره‌کانی. بیری ڕه‌خنه‌یی کاتێک ده‌پشکوێت و بهرئهگرێت که خۆی له‌گه‌ل مانا و نیشانه و ڕه‌مزه‌کانی ڕابردوو یه‌کلایی کردبێته‌وه و به‌رنامه‌یه‌کی له ئێستادا خستبێته ڕوو بۆ داهاتووی وشه و خه‌ون و دڵه‌ڕاوکێکانی و ئه‌م تێمه زۆر به زایه‌ڵه‌یه‌کی به‌رز و ئاماژه و ته‌لمیح له شیعری ” لە بچووکیی زێدێکەوە، نیشتیمانێک باڵا دەکا”دا ده‌بینین، ئه‌و له نیشتیمانه ئایدیال و خه‌یاڵییه‌که‌یه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێد و نیشتیمانی بچووک وه‌ک بڵێی ئه‌م ڕێگایه ده‌بێ له شوێنێکی بنه‌ڕه‌تیتر و له به‌رجه‌وه‌نێکی مه‌زن و به‌رینتره‌وه پێیدا بێته‌وه تاکوو هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی دیار بێت، نه‌ک ته‌نها یه‌ک جه‌مسه‌ری وه‌کوو باکووری ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵکوو باشوور و خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتیمان به زایه‌ڵه‌ی هاواری “ئانووباینینی”هه‌زاران ساڵ پێش ئێسته به گوێچکه‌ی هه‌ست و نه‌ست و یاده‌وریدا خوێندوویه‌تی:
ئەگەر بێت و دیسانەوە
من ببمه‌وه جاڕەگوڵ…
لە پێدەشتێ
خۆشەویستیی خاک و وڵات
بکەمەوە بە سرمەی چاو
بێ دوودڵی:
هەر “ئانووبانینی “یەکەی خۆم
ئەکەمەوە بە ڕووگەم و
خەونەکانم ئەگوازمەوە
بۆ سێبەری شانشینی دەشتی زەهاو!
خودی شیعری “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده” وێنه‌سازییه‌کی به‌رده‌وامی شاعیرانه‌یه و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی خه‌یاڵییه بۆ ناو ئه‌و ڕابردووه که هه‌موو هه‌ڵوێستی ئێستای خۆی به نسیبه‌ت تێپه‌ڕاندنی کاته‌وه له ڕه‌مزه‌کانی منداڵی‌دا ده‌رده‌هێنیته‌وه، ئه‌م شیعره مانیفێستی تێڕوانینی شاعیره بۆ هه‌ڵبژاردنێکی دیکه، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک که له ڕیگه‌ی دیکه‌وه ده‌یه‌وێت بێته‌وه ناو هه‌وار و ڕۆحی نیشتیمانی شاعیر و شاعیری نیشتیمان!
خەیاڵ بکە بە گەڕۆک و
بینێرەوە
بۆ ڕابردوو…
لە گەڵ خەونی مناڵیتا
ئاشت بەرەوە
کە شەو
لە تارمایی
مەیی و…
خەست بوو
گەڵای زەردی هەڵوەریوی
یادەکانت
لە کۆڵانی بە جێماوی نیشتیمانا
بچنەوە!
ئه‌م هێڵه‌ی بیری شاعیر له ناو خه‌ریته‌ی خه‌یاڵی شاعیردا نیشتیمانێکی ئۆتۆنۆم و سه‌ربه‌خۆ له قه‌واره‌ی شیعر دروست ده‌کات که تێیدا ژن و عه‌شق و ژیان و وڵات و سه‌ربه‌ستی و ئازادی له جیهانی تاکدا مانای خۆیان وه‌رده‌گرن و له ده‌ره‌وه‌ی یاسایه‌کی دیاریکراو و دیسیپلینێکی ده‌ستنیشانکراوی ئایدۆلۆژی و ڕێکخراو و حیزبه، له ڕووی ماناوه شاعیر له شاخه‌وه بۆ که‌مپ و له‌وێشه‌وه بۆ تاراوگه وێنه‌ی ئایدیال و خه‌ونئامێزی نیشتیمان زیاتر له لای ده‌ڕه‌وێت و هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه و واقیعی ڕۆبنێت، سه‌فه‌ری شاعیر له شاخه‌وه بۆ شار و له نیشتیمانه‌وه بۆ هه‌نده‌ران شاعیری له زێد و نیشتیمانی بچووک وه‌کوو هێمایه‌ک له نیشتیمان و وڵاتی گه‌وره دانه‌بڕیوه ته‌نها ته‌مه‌کانی ڕه‌واندۆته‌وه و جیهانبینی شاعیر ڕوونتر بۆته‌وه.
له ڕووی فۆرم و ده‌ربڕینیشه‌وه هه‌رچی ئه‌و شیعرانه‌یه که به فه‌زای شاخ و ئوردووگا ته‌نراون خیتابئامێز و حه‌ماسی و خهونائامێزن و ئاستێکی که‌می ڕیالیزمیان تێدا به‌دیده‌کرێت و جاری وایه وشه‌کان بۆ دروستکردنی وێنه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده لێکده‌درێن که به‌رده‌نگ هه‌ناسه‌ی سوار ده‌بێت و هێڵی خه‌یاڵکردن و وێناندنی لێ ون ده‌بێ یان تووش جۆره گت و سه‌کته‌یه‌کی ده‌کات! بۆ نموونه له شیعری بۆنه‌یی “کۆبانێ مێژووی قه‌ڵای چۆکدانه‌دان!” له ده‌فته‌ری “یادی پیرۆز” به‌ری ئه‌م فۆرمه له ڕسته‌سازی ده‌که‌وین که پێده‌چی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستێک له ده‌ربڕینی زمانیی که له تووڕه‌یی و ڕقێکی زۆر به‌رامبه‌ر به ئه‌ویدییه‌کانی کورد له شاعیر و زمانی شاعیردا ڕه‌گئاژۆ بووه:
تۆوەکانی کوللەخۆری نێو قووڵایی دەرپێی گێژەڵووکه…
دۆخی لم و تەمتومانی مێژووی کەونار…
یان هه‌مان فۆرم و ده‌ربڕین و ڕسته‌سازی له شیعری “به سه‌ر پردی هه‌ناسه‌ما”:
تا قووڵایی خاکی تینوو بە تیشکی تیرۆژی ڕۆژ
ژوانگەی تیشکی بەیان
یان له “سه‌مفۆنیای شه‌ڕ بۆ ئازادی”دا ده‌ڵێت:
نەپێکێ بە تیلەی تیری تیژی ڕۆژت.
و…
ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که هه‌موو لێکدان و وشهئاراییهکان(واج ێرایی) وانین و ئه‌م کارکرده له زۆر شیعریشدا سه‌رکه‌وتووانه به‌کار هاتووه، به‌ڵام به گشتی زێده‌ڕۆییه‌ک له‌م دهکارکردنهدا له ئه‌زموونی شاعیر به‌دی ده‌کرێت، ئه‌م گۆڕانی فۆرمه له لێکدانی دوور و درێژ و وشه‌ئارایی ده‌گوازێته‌وه بۆ میتافۆڕ و مه‌جاز و وێنه‌ی برووسکه‌ئاسا و له ئه‌زموونی گه‌شه‌کردوی شاعیر واته “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده”دا دێته ئاراوه، لێره‌دا وه‌کوو له ناوی به‌رهه‌مه‌که‌شدا دیاره پێبهستهیی و گرێدراوێتی ڕۆح و زه‌ینی شاعیر به خاک و نیشتیمان و زێد وه‌کوو زایه‌ڵه‌یه‌کی شوناسدۆزانه و ڕیبازێکی ڕوون و ڕزگاریئاسایهنهیه، ئه‌م ئه‌زموونه له ناوه‌رۆک و فۆرمدا وه‌کوو پله‌ی ته‌واو و گه‌شه‌کردووی تابلۆ شێواوه‌کان له ده‌فته‌ری “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” خۆی مانیفێست ده‌کات و ده‌رده‌که‌وێت، نموونه‌ی وێنهبرووسکه له ئه‌زموونی شاعیردا به فۆرمی کورت و وێنه‌سازیی کورت له‌و شیعره‌ی خواره‌وه‌دا ببینن که تێکه‌ڵ به بیره‌وه‌ریی و یادکردنه‌وه‌یه‌کی منداڵییه، له هه‌مانکاتدا ئاماژه‌یه بۆ گه‌ڕان به دوای شوناسێکی دیکه یان به شێوه‌یه‌ک نۆژه‌نکردن و ڕۆنانه‌وه‌ی شوناسێکی تر که گوڵی زه‌ردی فانۆسێک له ته‌نیاییدا به پرته‌پرت به‌ڕووی خه‌یاڵ و یادیدا ده‌یکاته‌وه:
وردە وێنە
لە ژێر چەتری تارمایی شەو،
دەستی ناوەتە ژێر چەنەی
عاشقانە،
کز… کز … دەگڕێ،
بەلارەلار،
گوڵی زەردی فانۆسێک لە تەنیایی دا!
خاڵێکی گرینگی دیکه که سه‌لمێنه‌ر و داکۆکیکاری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ن له ڕۆنانه‌وه‌ی شوناس به بارێکی دیکه‌دا و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و ڕابردووه دوور و قووڵه‌ی زێد و ده‌بێ باسی بکه‌م، هاتنی کۆمه‌ڵێک وشه و ده‌سته‌واژه و ئیدیۆمی ناوچه‌کانی باشووری ڕۆژهه‌ڵات و ناوچه‌ی زه‌هاو و داڵههۆیه یه‌ک له‌وانه “گوڵی چرا” یان فانۆسه که دیاره مانای گڕ و شوعله ده‌دات یان وشه‌کانی گت، که‌ڵکیت، دلیق، قتیلکه، ئه‌وگار، ئه‌ڵها، خێرۆچن و پڕووزاندن یان ئۆخه‌ی جارێک لێم نه‌بوو میوان و…
به گشتی ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌زموونی شاعیر له وێنهشیعرهکان و تا ڕاده‌یه‌کیش هایکۆکان و هه‌ندێک شیعری بۆنه‌یی دیکه له‌وانه که بۆ مه‌رگی مامۆستا شێرکۆ و جه‌لالی مه‌له‌کشا ده‌یهۆنێته‌وه، قۆناغی گۆڕان و ده‌رکه‌وتنی جیاوازی خۆی له جیهان-ژینێکی دیکه و جیاواز به هه‌مان خه‌ونه‌کانی نیشتیمان ده‌خاته ڕوو!
لێره‌دا سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ دوو کورته شیعری سه‌رکه‌وتوو ڕاده‌کێشم:
١
سەندیکای گشت کرێکاران
زۆر بە پەلە و بەتاڵووکە،
لە جڤینێک،
بەدەور یەکا کۆبوونەوە
بەڵام دانیان نەنا
بە بەرهەمی کاری جاڵجاڵۆکە!
٢
دڵۆپ … دڵۆپ،
بە شەراوی ئەم پاییزە
لێوت تەڕکە
سڵاواتێک بنێرە بۆ ڕۆحی ترێ
بە ماچێکیش من پیرۆزکە
چ شتێک لە عەشق
پیرۆزترە؟!
باس و شیکاری و ڕه‌خنه‌ی ئه‌زموونی شاعیرێک له سێ ده‌فته‌ردا و له پێشه‌کییه‌کدا هه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌ڵده‌گرێ، بێگومان باس و خواسی ورد و زۆری ده‌وێت، لێره‌دا لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپی داده‌نێم بۆ سه‌رنج و تێبینی خوێنه‌ران و ئه‌و باسانه‌ی که لێره‌دا نه‌هاتوون:
ئه‌نجامگیری:
وه‌کوو له‌و دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به تێروانینێکی شیکارانه و به هێنانه‌وه‌ی نموونه له ده‌قی شیعره‌کان باسم کرد، به‌م ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌ین:
١. شاعیر له ده‌سپێکی ئه‌زموونی شیعری خۆیدا به‌رده‌وام له ناو ئه‌ده‌بی جه‌نگ و شۆڕشدا بووه و ئه‌م ئه‌زموونه له “پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه” هاتووه و به ناو “یادی پیرۆز”دا تێپه‌ڕیوه و له “ڕۆح به خاکه‌وه به‌نده”دا کاژی خستووه و سیما و دره‌وشانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌رگرتووه.
٢. کات و شوێن له ئه‌زموونی شاعیردا ڕاسته‌قینه و فیزیایی نین و زیاتر له یادگه و یاده‌وه‌ری شاعیردا دهگورن و دێنه قه‌واره‌ی وشه و ده‌ربڕینی شاعیرانه‌وه، بۆیه زه‌مه‌ن و کات و شوێن هیچ گونجاوی و هاوسه‌نگییه‌کیان نییه،هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که شاعیر به‌رده‌وام ڕۆحی به خاکه‌وه به‌ند بووه و نیشتیمان دڵه‌ڕاوکێ و خه‌ون و مۆته‌که‌ی به‌رده‌وامی جیهان و زمانی بووه به‌ڵام دابڕان به جۆرێک قه‌ده‌ر و نسیبی بووه!
٣. فۆرمی شیعری به نیسبه‌ت و له چاوه‌ی ناوه‌رۆکدا به‌های که‌متری پێ دراوه و ئه‌مه له دوو ده‌فته‌ری یه‌که‌مدا زیاتر به‌رچاوه و له ده‌فته‌ری ئاخردا هه‌وڵدراوه هه‌ندێ گۆڕان له فۆرم و ده‌ربڕین و ڕسته‌سازیدا بکرێت که ئه‌مه‌ش دیاره به هاوئاهه‌نگی و هارمۆنی له گه‌ڵ ناوه‌رۆکدا گونجێندراوه و به‌رهه‌می گۆڕانی شێوه‌ژیانێکی ماڵ به‌کۆڵ و ئاواره‌یی بۆ ژیانێکی سه‌قامگیرتر و ههوڵوێستهههڵگرانهتره که دیاره له ڕووی فیزیایی و به‌رهه‌سته‌وه مه‌به‌ستمه.
٤. ڕه‌گه‌زێکی گێڕانه‌وه‌یی تا ڕاده‌یه‌ک زه‌ق له هه‌ر سێ ده‌فته‌ره‌که‌دا به‌دی ده‌کرێت و ئه‌مه‌ش ده‌کرێ وه‌کوو خاڵی سه‌رکه‌وتوو یان لاواز به پێی شیعر و فۆرم و ناوه‌رۆک باس بکرێت و ڕه‌خنه‌گرانی دیکه ئیشی له‌سه‌ر بکه‌ن.
۵. ڕه‌وتی گه‌شه‌ی شاعیر هێشتا به به‌رییه‌وه ماوه و ده‌شێت له‌سه‌ر ئیش‌کردن له‌سه‌ر فۆرم و درێژه‌دان به تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ ڕابردوو و سه‌فه‌رکردنی به ناو ئه‌زموونه‌کانی پێشویدا و گه‌ڕان به دوای ڕه‌هه‌ندی دیکه وێناندن و خه‌یاڵکردندا به‌رده‌وام بێت.
٦. ڕۆحی به‌رگری و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی شاعیر له وێنه خه‌یاڵئامێز و گه‌وره‌که‌وه گوازراوه‌ته بۆ وێنه ڕاسته‌قینه و زێدانهکهی و له‌وێوه خه‌ریکه نیشتیمانێکی دیکه به مانایه‌کی دیکه بونیاد ده‌نێت له زه‌هاوه‌وه بۆ سویس، له داڵههۆوه بۆ ئالپ! که بێگومان له ناو وێنه‌یه‌کی نیشتیمانیی گه‌وره‌ی یاده‌وری شاعیردا جێگیر کراون!
٧. وێنه ڕیالیستییه‌که‌ی شاعیر دابڕان نییه له وێنه و میتافۆڕی سه‌ره‌کی نیشتیمان به‌ڵکوو خوێندنه‌وه و ڕۆنان و بونیادنانه‌وه‌یه‌کی ڕیالیستیی دیکه‌ی نیشتیمانه.
سه‌رچاوه‌کان:
1- نجفی، رچا، درێمدی تگبیقی بر ێسیب شناسی ادبیات پایداری.
2- اکبری مفاخر، دکتر ێ‌رش، سرود ورمزگان، شعری به زبان گورانی از سده‌ی نخست هجری به خگ پهلوی، مجله مگالعات ایرانی، دانشکده‌ی ادبیات و علوم انسانی، دانشگاه باهنر کرمان، سال نهم، شمارهی هفدهم، بهار 1389.
3- ترکمان عزیزی، محمد علی، بررسی سیر و تحول شعر پایداری کشور فلسگین در قرن بیستم، کتاب ماه ادبیات، شمارهی 16، مرداد 1387.
4- چهرقانی پرچلویی، رچا، تأملی در نسبت پایداری و ادبیات.
5- رسول نیا، دکتر امیر حسین و ێقاجانی، مریم، مبارزه و پایداری در شعر بدر شاکر سیاب با تکیه بر شعر المگر، نشریه‌ی ادبیات پایداری، دانشکده‌ی ادبیات و علوم انسانی، سال چهارم، شمارهی هشتم،بهار و تابستان 1392.
6- شریفیان، مهدی و چهرقانی پرچلویی، رچا، تاریخ و جغرافیا در شعر پایداری افغانستان، مجلهی تاریخ ادبیات شمارهی 3/68.
7- فرخ نیا، دکتر مه‌ین دخت و ونارجی، مژگان، بررسی شعر مقاومت ێفریقای جنوبی با تکیه بر دیدگاه پسااستعماری، نشریه‌ی ادبیات پایداری، دانشگاه باهنر کرمان، سال پنجم، شمارهی نهم، پائیز و زمستان 1392.
8- مختاری، دکتر قاسم و فرجی، مگهره و وفایی خوش، قدرت الله، درونمایههای مقاومت در شعر هارون هاشم رشید، دانشگاه باهنر کرمان، سال نهم، شمارهی شانزدهم، بهار و تابستان 1396.
9- امیری خراسانی، دکتر احمد و هدایتی، فاگمه، ادبیات پایداری؛ تعاریف و حدود، دانشگاه باهنر کرمان، سال ششم، شمارهی ده‌م، بهار و تابستان 1393.
10- نیخواه، دکتر عبدالرحیم، تحلیل و بررسی عناصر ادبیات مقاومت در شعر معاصر افغانستان، مجلهی ادب گروه زبان و ادبیات دانشگاه تهران.
11- مسته‌فا ئه‌مین، نه‌وشیروان، له کاناری دانوبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ، دیوی ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی کوردستانی عێراق(1975-1978)، ل 250 بۆ 252.
12- عه‌لی، به‌ختیار، قانع و سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی مۆراڵی ناسیۆنالیستی(ده‌ستنیشانکردنی ته‌وه‌ره‌کان)، سه‌رده‌می ڕه‌خنه، ژماره 2، ساڵی 2005 ل 32 بۆ 36.
13- حه‌مه ڕه‌ش، سۆران، کورد کییه؟ مێژووی کورد و ڕه‌چه‌ڵه‌کی زمانه‌که‌ی له سه‌ره‌تای شارستانییه‌ته‌وه تاوه‌کوو سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زاینی، چاپی یه‌که‌م، 2013.
14- دیچز، دیوید، شیوههای نقد ادبی، ترجمهی دکتر غلام‌حسین یوسفی و محمد تقی صدقیانی،، انتشارات محمدعلی علمی، پائیز 1366.
15- ئه‌لیاسی، ئاکۆ، پاییز به بۆنی گه‌ڵاوه، چاپی یه‌که‌م 2019.
16- ئه‌لیاسی، ئاکۆ، یادی پیرۆز، چاپی یه‌که‌م 2020.