گفتوگۆیه‌ک له ته‌ک به‌همه‌ن عه‌لیار سه‌باره‌ت به سه‌بکی مامه‌ڵه‌ی ڕێکخراوه‌ی سیاسی “کۆمه‌ڵه” له گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی، ئیخلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تیی “یه‌کسانی”دا.
هێما: به‌ڕێز عه‌لیار هه‌روه‌ک زۆر بیرمه‌ند ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، ئه‌وه له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسه‌وه سێ ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ره‌کی” ئازادی”، “یه‌کسانی” و “هاوپشتی”ن که چه‌شنی ئامڕاز و ماکی سیستمی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێڕن ده‌ور ده‌گێڕن، ئێمه له ژماره‌ی پێشووی گۆڤاری هێمادا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیمان تاوتوێ کرد؛ بێگومان ئه‌م سێ ده‌سته‌واژه مه‌زنه له بواری سیاسی و ئیخلاقییدا ته‌واوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌یه‌که‌وه به‌ندن، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌مڕۆ بۆ ده‌سته‌واژه‌ی یه‌كسانی بڕوانین، ئه‌وه بۆ من زۆر زه‌رووره که ئاوڕێک له ڕێکخراوه‌ی کۆمه‌ڵه بده‌ینه‌وه. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی که چه‌ند ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه و هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه خۆی به ڕێکخراوه‌یه‌کی چه‌پ زانیوه، واوه‌تر من گومانم له‌وه نییه که ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانی له به‌رنامه‌ی هه‌موو ڕێکخراوهیهكی چه‌پدا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕاوه. ئێوه وه‌ک ئه‌ندامێکی پێشووی زۆر دێرینی ئه‌و ڕێکخراوه بۆ ڕه‌خنه و لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌بنه‌ما ناودارن، ئێوه له ڕابردوودا به وردبینیه‌کی سه‌رنجڕاکێشه‌وه بۆ گه‌شه و قه‌یران و پڕۆسه‌ی جیاوازی کۆمه‌ڵه‌تان ڕوانیوه؛ ئێمه به شیاوی ده‌زانین له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، که ئایا کۆمه‌ڵه هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه به چ شێوه‌یه‌ک له گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانیدا مامه‌ڵه‌ی کردووه، واته له تیئۆری و به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا چه‌نده بایه‌خ به‌و ده‌سته‌واژه دراوه؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: دوکتور هیوا سه‌ره‌تا زۆر سپاس بۆ ڕێکخستنی ئه‌م گفتوگۆیه؛ ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به یه‌کسانی له نێو ڕێکخراوه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا بدوێین، ئه‌وه ده‌بێ بێژم که من پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران، واته له ساڵی ١٩٧٩ی زاینییه‌وه به کۆمه‌ڵه په‌یوه‌ست بووم، به‌ڵام کۆمه‌ڵه چه‌ند ساڵانێک پێش ئه‌وه چه‌شنی ڕێکخراوه‌یه‌کی نه‌هێنی چالاکی خۆی هه‌ر بووه، من ته‌نیا قه‌زاوه‌ت له سه‌ر ئه‌و کات و ساته‌وه ده‌که‌م که خۆم به عه‌له‌نی له نێو کۆمه‌ڵه‌دا ده‌ستم به چالاکی سیاسی کردووه. من ته‌نیا باس له‌وه ده‌که‌م که به چاوی خۆم بینیومه و شاهیدی بووم. کۆمه‌ڵه پاش شۆڕشی گه‌لان وه‌ک ڕێکخراوه‌یه‌کی چه‌پی جه‌ماوه‌ری ده‌ستی به خه‌باتی ئاشکرای خۆی کرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵه ته‌نیا هێزێکی چه‌پ نه‌بوو، له‌و کاته‌دا که چالاکی سیاسی دژی ڕژیمی پاشایه‌تی ده‌ستی پێ‌کردبوو، لایه‌نی چه‌پ به گشتی هێزێکی به‌رچاوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵێک ڕێکخراوه‌ی به‌رفراوانی چه‌پ هه‌بوون، زۆریشیان سه‌راسه‌ری بوون و هاتنه کوردستانیش، بۆ وێنه په‌یکار و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک ورده ڕێکخراوه‌ی دیکه‌ش. به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانی له نێو کۆمه‌ڵگه و له نێو زۆرینه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه چه‌پانه‌دا ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌رچاو و باو بوو، هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵه‌ش بایه‌خی به ئایدیای یه‌کسانی ده‌دا. به‌ڵام ئه‌زموونی سیاسی ئه‌و کاته ئه‌وه‌نده کامڵ نه‌بوو که ئاوڕ له پێناسه‌ی کۆمه‌ڵناسی و سیاسی ئه‌و ده‌سته‌واژه بدرێته‌وه. به واتایه‌کی دیکه هێشتا ئاستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه نه‌بوو که له سه‌ر بنه‌مای مه‌فهووم و ده‌سته‌واژه‌ی شه‌فافی شاخه زانستییه‌کان ڕه‌خنه و شیکاری به‌ڕێوه‌بچێ. ئه‌وه‌ش ده‌بێ بگوترێ که کاریگه‌ری ئایدیا و ده‌سته‌واژه‌کانی مارکسیزم به‌رچاو بوون، ده‌سته‌واژه‌ی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم که‌وتبوونه گۆڕه‌پانی گرامه‌ری سیاسی ئه‌و ناوچه‌وه. به پێی ئایدیای مارکسیزم ئه‌وه بوو که دونیا دونیای چینایه‌تییه، چینی ژێرده‌ست زوڵم و غه‌دری لێده‌کرێ و ده‌بێ له داهاتوودا ئیمکاناتی ئابووری و داهاتی کۆمه‌ڵگا له خزمه‌تی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌دا بێ، هه‌تا دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانیه‌ک به‌رقه‌رار بێ. جا به ئاکام گه‌یاندنی ئه‌و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریه پله پله و مه‌رحه‌له‌ی جیاوازی ده‌وێ، له پله‌ی یه‌که‌مدا سۆسیالیزمه که هێشتا به دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی ڕه‌ها ناگه‌ین، ئه‌گه‌رچی ده‌بێ هه‌رکه‌س به گوێره‌ی ته‌وانی خۆی کار بکات و هه‌رواش به‌و ڕێژه‌یه‌ش له ئیمکاناتی کۆمه‌ڵگه به‌شدار بێ، لێره‌دا دادپه‌روه‌ری واقعی نییه، چونکه هه‌ندێ که‌س پێویستی زیاتر به هه‌ندێک شت هه‌یه، به‌ڵام توانای کاری به‌و ڕێژه‌یه نییه. دادپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه ئه‌و کات دێته ئاراوه که هه‌رکه‌س به ئه‌ندازه‌ی توانای خۆی کار بکات و به ئه‌ندازه‌ی نیاز و پهیداویستیهکانیش له به‌هره‌ی کۆمه‌ڵگه به‌شدار بێ، جا ئه‌مه‌یه دادپه‌روه‌ری به بنه‌ما، به‌ڵام ئه‌و ئاسته له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کۆمۆنیستییدا به‌ده‌ست دێ. ئه‌گه‌ر بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی ئێوه بگه‌ڕێمه‌وه، ئه‌وه پێناسه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانی ته‌نیا له‌و به‌ستێنه‌دا، واته له به‌ستێنه‌ی تاریفی ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ریدا خۆی وه‌ده‌رده‌خات. ئه‌وه ئه‌م تێگه‌یشتنه بوو که له نێو ڕێکخراوه چه‌په‌کان و له نێو کۆمه‌ڵه‌شدا باوی هه‌بوو. تایبه‌تمه‌ندیه‌ک که له نێو کۆمه‌ڵه‌دا به‌رچاو بوو، ئه‌وه بوو که ته‌نیا عه‌قیده و باوه‌ڕه تیئۆریه‌که نه‌بوو، به‌ڵکه به ته‌وای واتاوه عه‌مه‌لی و مه‌یدانی ده‌کرا. ئه‌وه بنه‌ما هزریه‌کانی دادپه‌روه‌ری مارکسیزمی بوو که پێناسه‌ی یه‌کسانی ده‌کرد و له نێو کۆمه‌ڵه‌شدا جێکه‌وتبوو.
هێما: ئایا کۆمه‌ڵه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بایه‌خی به یه‌کسانی له نێو یاسادا داوه؟ چونکه ئێمه تا ئێستا ته‌نیا سه‌باره‌ت به دادپه‌روه‌ری گفتوگۆمان کرد، دادپه‌روه‌ری له سه‌ر بنه‌مای پڕه‌نسیپی یه‌کسانیی. چونکه ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه له یه‌کسانی به بیرۆکه‌کانی مارکسه‌وه به‌ند بوو، ڕوانگه‌یه‌ک که هێواش هێواش خرایه ژێر پرسیاره‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌تده‌کرێته‌وه. زۆر جار ده‌گوترێت که کۆمه‌ڵه یه‌که‌م ڕێکخراوه‌ی سیاسی کورد بوو که بایه‌خ به ده‌ور و ڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ژن بدا، ئه‌م دیارده بۆ ئه‌و ناوچه دیارده‌یه‌کی تازه بووه و بۆ یه‌کسانی بهستێنهێ ماف و یاسای یه‌کسان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌همه‌ن عه‌لیار: ڕه‌نگه بۆ وه‌ڵامێکی شیاو و بێلایه‌نی ئه‌و پرسیاره زه‌روور بێ هه‌ندێ شت له یه‌ک جودا بکه‌ێنه‌وه، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵه پاش شۆڕشی ١٩٧٩ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ما که خۆی به یاسا و ڕێسای کۆمه‌ڵگاوه سه‌رگه‌رم بکا، چونکه ته‌نیا چه‌ند حه‌وتوو پاش هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی شه‌ڕیش له کوردستان ده‌ستی پێ‌کرد، نه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵه، به‌ڵکه هێزه سیاسیه‌کانی دیکه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌ما که کۆمه‌ڵگه ئیداره بکه‌ن، ئه‌وه یاسای گشتی هه‌بوو و ڕێکخراوه‌کانی دیکه هیچ توانایه‌کیان له بهرابهیدا نه‌بوو. بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ندێ ناوچه‌ی ئازاد هه‌بوون، له‌و شوێنانه هه‌ندێ له به‌رنامه و پڕۆگرامی حیزب که‌م تا زۆر به‌رچاو ده‌که‌وت، دواتر دێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه و هه‌ندێ نمونه دێنمه‌وه یاد. کاتێ که ناوچه ئازاده‌کان نه‌مان، ئه‌و کات کۆمه‌ڵه زیاتر له نێو به‌ده‌نه‌ی خودی ڕێکخراوه‌که‌یدا بایه‌خی به یه‌کسانیدا. به‌ڵام خودی مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵه له نێو ڕێکخراوه‌که‌دا و پیاده‌کردنی شێوه‌یه‌ک له دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له نێو کۆمه‌ڵگه‌شدا بووه. ڕه‌نگه سه‌باره‌ت به پرسی گه‌شه‌ی یه‌کسانی ڕوانین بۆ نێو خودی به‌ده‌نه‌ی ڕێکخراوه‌که شیاو بێت.
هێما: ئێمه بۆیه ئاماژه‌مان به یاسا دا، چونکه یه‌کێک له شوعاره به‌رجه‌سته‌کانی کۆمه‌ڵه پێداگری له سه‌ر مافی یه‌کسان بووه، جا ماف ده‌کرێ مافی شارۆمه‌ند بێ و زۆر لایه‌ن بگرێته‌وه، هه‌ر بۆیه شیاوه ئاماژه به مافی مافههبوونی ئه‌ندامانی نێو ڕێکخراوه‌که بده‌ین. کۆمه‌ڵه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له به‌رنامه‌ی خۆیدا ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانی کردبووه یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی هزر و به‌رنامه‌ی، واته ئه‌و به‌رنامه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو پێشبینی ده‌کرد.
به‌همه‌ن عه‌لیار: ڕوو به کۆمه‌ڵگه به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵه بۆ یه‌کسانی هه‌مان به‌رنامه بوو که کۆمه‌ڵگه‌ی به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چینایه‌تی پێناسه ده‌کرد، واته پشتگیری له چینی چه‌وساوه گه‌وره‌ترین ئه‌رکی سیاسی بوو. واته لابردنی زوڵم و سته‌می چینایه‌تی کرۆکی خودی ئایدیای یه‌کسانی بوو. کۆمه‌ڵه له هه‌ر شار‌و شوێنێک ده‌رفه‌تی به‌ده‌سته‌وه بوایه هه‌وڵی خۆی ده‌دا، بۆ وێنه زۆر به شه‌فافی پشتگیری له بزووتنه‌وه‌ی جوتیاران ده‌کرد، هه‌ر له خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی دێهاته‌کانه‌وه هه‌تا ده‌گه‌یشته چینی کرێکار به گشتی کۆمه‌ڵه له یارمه‌تیدان و پشتگیریکردنیان درێغی نه‌ده‌کرد. ئه‌و ستڕاتیجی و ئه‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه چه‌نده درووست بووه یا نا، ئه‌وه خۆی پرسێکی دیکه‌یه و ده‌بێ له به‌ستێنێکی دیکه‌دا تاوتوێ بکرێ. واوه‌تر بۆ کرێکارانی کووره‌خانه‌کان، زۆر جار که زوڵمیان لێده‌کرا، کرێکاره‌کان ڕوویان له کۆمه‌ڵه ده‌نا، کۆمه‌ڵه‌ش به‌بێ هه‌ڵوێست نه‌ده‌ما، جاری وابووه که کۆمه‌ڵه ساحه‌ب کووره‌که‌ی گرتووه و به شێوه‌یه‌ک کرده‌وه‌ی ناڕه‌وای ئیدانه کردووه. خاڵێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که چۆن ئاغاکان زه‌وی و زاریان به سه‌ر خه‌ڵکی دێهاته‌کاندا دابه‌ش ده‌کرد، لێره‌شدا کۆمه‌ڵه به بێ هه‌ڵوێست نه‌ده‌مایه‌وه، ئه‌م هه‌وڵانه بووه، ته‌نانه‌ت زۆرجار پێشمه‌رگه‌ێ کۆمه‌ڵه له سه‌ر مه‌زرا و زه‌وی و زار یارمه‌تی جوتیارانیان داوه؛ ئه‌گه‌رچی دواتر ڕه‌خنه له‌و شێوه مامه‌ڵه گیرا و کۆمه‌ڵه‌ش ده‌ستی لێهه‌ڵگرت. کۆمه‌ڵه له‌و کاته‌دا کۆمه‌ڵێک کاری کردووه بۆ ئه‌وه‌ی باری ناله‌باری ژیانی چینی چه‌وساوه سووکتر بکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له یاسا بکه‌ین، ئه‌وه له‌و به‌ستێنه مێژووییه‌دا نه یاسایه‌ک بووه بۆ خزمه‌تکردن به ئایدیای یه‌کسانی وه نه کۆمه‌ڵه‌ش توانیویه‌تی ئاواها یاسایه‌ک بێنێته ئاراوه.
هێما: ڕه‌نگه لێره‌دا پرسیارێک جێگه‌ی سه‌رنج بێت، کۆمه‌ڵه که خۆی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ک حیزبێکی چه‌پ بینیه‌وه و وه‌ک شێوه‌یه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ له به‌رامبه‌ر ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌دا هاتۆته گۆڕپانی سیاسییه‌وه، ئایا که‌سێک و تاکێک له‌و ڕێکخراوه‌دا ده‌رکه‌وتووه که خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و خاوه‌ن هزرێکی به‌بنه‌مای چه‌پ بووبێ، هه‌تا بتوانێ سه‌باره‌ت به‌م ده‌سته‌واژه سه‌ره‌کیانه نووسراوه‌ی هه‌بێ، یانی بتوانێ بۆ حیزبێکی هه‌ڵکه‌وتووی چه‌پی ئه‌و ناوچه نوسراوه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه بدات و ئه‌و نووسراوه‌ش له سه‌ر ئاڕمان و پڕۆگرامی کۆمه‌ڵه کاریگه‌ر بێ؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: نه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵه، به‌ڵکه هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ش بیروباوه‌ڕێکی سیاسی چه‌پیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردبوو، من دواتر دێمه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، به‌ڵام ڕه‌نگه لێره‌دا ههنگاوێکی سه‌ره‌کیتر پێویست بێ. بۆ باشتر تێگه‌یشتن حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به به‌شێکی دیکه‌ی چالاکیه‌کانی کۆمه‌ڵه بده‌م، کۆمه‌ڵه هه‌وڵی جیددی بۆ ئه‌وه داوه پێش هه‌موو شت له نێو ڕیزه‌کانی خۆیدا یه‌کسانی پیاده بکات. من لێره‌دا چه‌ند نموونه دێنمه‌وه که له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌نگیان دایه‌وه و نێوئاوازهی کۆمه‌ڵه‌یان برده سه‌ره‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو که بووه هۆکاری خۆشه‌ویستبوونی کۆمه‌ڵه؛ کاتێ کۆمه‌ڵه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو یه‌کسانی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا بنوێنێ، هیچ نه‌بێ ده‌یتوانی له نێو خودی ڕێکخراوه‌که‌دا کاریگه‌ر بێ. کۆمه‌ڵه له نێو ڕێکخراوه‌ی خۆیدا ئه‌م ئه‌رکه‌ی زۆر به‌باشی به‌جێهێنا، ئه‌م کرده‌وه له چه‌ندان بواری جۆراوجۆردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، له بواری ئیمکاناتی ماڵییه‌وه، یان له باری دۆخ و شه‌رایه‌تی ژیانه‌وه، له باری ماف و حه‌ق و حقوقی ڕێکخراوه‌یه‌وه، له بواری مافی ژنان و مافی منداڵاندا، له بواری سه‌روکار و هه‌ڵسوکه‌تی له گه‌ڵ خودی کۆمه‌ڵگه‌دا؛ خودی کۆمه‌ڵه به ڕاستی هه‌وڵی جیددی ده‌دا که که‌مته‌رخه‌می نه‌کات و له‌و بوارانه‌دا به‌و په‌ڕی هه‌ستیارییه‌وه له سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی مامه‌ڵه بکات. هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێکخراوه له ڕووی ئیمکاناتی ماڵییه‌وه یه‌کسان بوون، هه‌ر له ئه‌ندامی جێکه‌وتووه و هه‌تا ده‌گاته ئه‌و که‌سانه‌ی که داوته‌ڵه‌بانه هاتبوون، خواردن هه‌ر یه‌ک بوو، هه‌موو که‌س ڕووی ده‌کرده سێلفسێرڤیس، هه‌ر له ئه‌ندامانی ڕابه‌رایه‌تییه‌وه هه‌تا ده‌گاته هاوڕێیانی داوته‌ڵه‌ب، پاره و سه‌همێک که پێشمه‌رگه وه‌ریده‌گرت له هه‌موو ئاستێک‌دا یه‌کسان بوو، پوڵی گیرفانی مانگانه‌ی پێشمه‌رگه یه‌کسان بوو. له ئه‌ساسنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست‌دا، ئه‌و سه‌رده‌م کۆمه‌ڵه سه‌ر به ته‌شکیلاتی حیزبی کۆمۆنیست بوو و سازمانی کوردستانی ئه‌و حیزبه بوو، جا له ئه‌ساسنامه‌دا (ئه‌ساسنامه‌ی خودی کۆمه‌ڵه‌ش) هاتبوو که به‌رپرسی باڵای ته‌شکیلاتی هیچ جیاوازی و هیچ ئیمکاناتێکی ماڵی به‌دواوه نییه. ئه‌گه‌ر ئیمکاناتێکی تایبه‌تیش هه‌بووایه ئه‌وه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به کاره‌که‌ته‌وه بوو، بۆ وێنه گه‌ر که‌سێک له به‌شی ڕادیۆ کاری ده‌کرد، ڕه‌نگه مێز و سهندهڵیهكی هه‌بووبێ، پێشمه‌رگه‌یه‌کی گوردان ئه‌وه‌ی نه‌ده‌ویست. ئیمکاناتی ماڵی هیچ سات بۆی نه‌بوو وا ده‌ریبخات که گوایه ئه‌مه کادری ده‌ره‌جه یه‌ک و ئه‌وی دیکه کادری ده‌ره‌جه دووه. ئه‌وه ئه‌و ئه‌ساسنامه بوو که چه‌شنی یاسای حیزب ده‌وری ده‌گێڕا، هه‌روه‌ک پێشتر گوتم، جیاوازی ماڵی به‌رچاو نه‌بوو و ئه‌و به‌رنامه له عه‌مه‌ل و ژیانی نێو ڕێکخراوه‌دا به ته‌واوی پیاده ده‌کرا. دواتر یه‌کسانی بۆ بیروڕا ده‌ربڕین، له‌و به‌ستێنه‌شدا هه‌موو ئه‌ندامێک بۆی هه‌بوو که له کۆبوونه‌وه و جهلهسهکاندا بیروڕای خۆی زۆر ئازادانه ده‌رببڕێ، هه‌موو که‌س مافی ڕه‌خنه و پێشنیاری هه‌بوو، ئه‌وکات هیچ که‌س نیگه‌رانی ئه‌وه نه‌بوو که دواتر تۆڵه‌ی لێبکه‌نه‌وه، هه‌روه‌ک ده‌وترێ که له نێو کۆماری ئیسلامییدا ئازادی به‌یان هه‌یه، به‌ڵام ئازادی دوای به‌یانه‌که نییه. له نێو کۆمه‌ڵه‌دا هه‌م ئازادی به‌یان و هه‌م ئازادی پاش به‌یانیش هه‌بوو، مافی هه‌ڵبژاردن و مافی کاندیدکردنی یه‌کسان هه‌بوو، پڕۆسه‌کان شه‌فاف بوون، هه‌ر که‌س ده‌نگی ده‌هێنایه‌وه ده‌یتوانی پۆست و مه‌قامی خۆی هه‌بێ. له‌و ڕوانگه‌وه، مافی یه‌كسان به ڕاستی هه‌بوو، به‌بێ فێڵ و درۆ و به‌بێ غه‌ل و غه‌ش، بۆ وێنه من یه‌ک نموونه‌ی سه‌رنجڕاکێش ده‌هێنمه‌وه، کۆمه‌ڵه شتێکی هه‌بوو به نێوی ده‌ستوور جه‌له‌سه‌ی مانگانه، هه‌ر ئۆرگانێک بۆ خۆی جه‌له‌سه‌ی مانگانی خۆی ده‌گرت و هه‌مووانی له کاروچالاکی ئاگادار ده‌کرده‌وه، دواتر سێ دانه ده‌ستووری جهلهسهشمان هه‌بوو، یه‌که‌م قسه‌کردن له سه‌ر سزا ته‌شکیلاتییه‌کان، یان قسه‌کردن له تاریف و تهشویقات و دواتر ڕه‌خنه له ئۆرگانه‌کانی دیکه. یه‌که‌م خاڵ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه بوو که کاربه‌ده‌ستانی سه‌ره‌وه نه‌توانن به حه‌زی خۆیان سزای که‌س بده‌ن، یانی له کاریان دوور بخه‌نه‌وه، وه‌لایان بنێن و که‌س ده‌ربکه‌ن. له جه‌له‌سه‌ی ئه‌و ئۆرگانهدا هه‌موو ئه‌و باسانه ده‌بوونه پرسی گفتوگۆ، زۆرجار بڕیاریان ڕه‌تده‌کرده‌وه و داوای پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌کرد. دواتر خاڵێک ئه‌وه بوو که هه‌روا هاکه‌زایی که‌س ته‌شویق نه‌کرێت و پله‌ی به‌رزتری ته‌شکیلاتی پێنهبهخشرێ، لێره‌شدا ته‌نیا کار و چالاکی و توانا ده‌کرانه پێوه‌ر. له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرینگتر، له‌و جه‌له‌سه‌ی مانگانه‌دا بۆت هه‌بوو ڕه‌خنه له هه‌ر کاربه‌ده‌ستێک، له هه‌ر ڕابه‌رێک و له هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک بگریت، به‌مه‌رجێ ئه‌و ڕه‌خنه بنه‌مای هه‌بوایه. هه‌موو ئه‌م دیاردانه فه‌زایه‌ک و میکانیزمێکی له ڕێکخراوه‌دا درووست کردبوو که ده‌بووه هۆی داهێنان و پیاده‌کردنی یه‌کسانیی، یه‌کسانی ماف و ده‌نگ هه‌بوون له سه‌ر بنه‌مای ئه‌ساسنامه. دیاره به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ جه‌وه‌که و دۆخه‌که وا نه‌ماوه، ڕه‌نگه دواتر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌م به‌شه. یه‌ک دوو بواری دیکه‌ش هه‌ن که شایه‌نی باسن، هه‌ندێ کار هه‌بوون وه‌کو کاری چێشتخانه، لێره‌شدا ده‌بووا هه‌موو که‌س به‌شدار بێ، ته‌نیا که‌سانێک هاوکاریان نه‌ده‌کرد که له ڕوانگه‌ی پزیشکییه‌وه بۆیان نه‌بوو و نه‌ده‌کرا هاوکار بن، ئه‌وه ته‌نیا ناوه‌ندی پزیشکی کۆمه‌ڵه بوو که ئاوا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی پزیشکی ده‌دا و که‌سی له‌و کاره مه‌عاف ده‌کرد. دواتر مافی پاراستنی منداڵ، هه‌ر هاوشێوه‌ی ئه‌م ئه‌ورووپای ئه‌مڕۆ منداڵ له نێو کۆمه‌ڵه‌دا مافی خۆی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر دایک و باوکیشیدا، منداڵ له نێو کۆمه‌ڵه‌دا زۆر پارێزراو بوو، دواتر مافی ژنان، له نێو کۆمه‌ڵه‌دا به‌شوودانی زۆره‌ملی نه‌بوو، هه‌ر کچێک خۆی بۆ خۆی هه‌ڵیده‌بژارد له ته‌ک کێدا ژیانی هاوبه‌ش درووست ده‌کات یا ناکات، مافی یه‌کسانیش بۆ جودابوونه‌وه هه‌بوو. ئه‌م جۆره مافانه دهپارێزدران و ده‌بوونه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یه‌کسانیی. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ شوێنی کۆمه‌ڵگاش که له کۆمه‌ڵه‌وه نزیکبوون، سوودیان له‌و یه‌کسانییه وه‌رده‌گرت، به‌داخه‌وه له فه‌رهه‌نگی سیاسی کوردستاندا باو بوو، که هه‌ندێ جار ڕێکخراوه‌کان گوشاریان به سه‌ر خه‌ڵکه‌وه بوو، به‌ڵام لێره‌شدا کۆمه‌ڵه زۆر سهرفهنهزهری ده‌کرد و گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆی ده‌دا که بۆ خه‌ڵک نه‌بێته سه‌ربار. پێشمه‌رگه‌ێ کۆمه‌ڵه بۆی نه‌بوو هیچ سات به زبروزه‌نگی له ته‌ک خه‌ڵکدا مامه‌ڵه بکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستێکی باڵای کۆمه‌ڵه به ناحه‌ق ته‌وهین و بێڕێزی به که‌سێک بکردایه، داوای لێده‌کرا که خه‌ڵکی ناودێ کۆبکاته‌وه و داوای لێبوردن له‌و که‌سه کات، ئه‌گینا خودی کۆمه‌ڵه سزای ته‌شکیلاتی ده‌دا. یارمه‌تی وه‌رگرتنی ئیجباری له ژێر هه‌ر بیانوویه‌کدا، وه‌ک ماڵیات و شته، قه‌بووڵ نه‌ده‌کرا، هه‌موو ئه‌مانه له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه قه‌ده‌غه کران، هه‌رکه‌س خۆی به خواستی خۆی یارمه‌تی ماڵی کۆمه‌ڵه‌ی بدایه، ئه‌وه ده‌کرا و هیچ کێشه‌یه‌ک نه‌بوو. به گشتی یه‌کسانی خۆی له‌و بوارانه‌دا پیشان ده‌دا، کۆمه‌ڵه‌ش خۆی به به‌شێک له کۆمه‌ڵگه ده‌زانی و به‌و شێوه مامه‌ڵه و کرده‌وانه هه‌وڵی ده‌دا بیرۆکه‌که‌ی ئاوێته‌ی کۆمه‌ڵگه بکات.
هێما: زۆر سوپاس بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه وێنه‌یه که مه‌یدانی و پڕاکتیکی بوون، به‌ڵام هێشتا ئه‌و گومانه هه‌ر ماوه، یا ئه‌و نادیاریه ماوه که ئایا ئه‌م کۆمه‌ڵه به‌هاگه‌له ته‌نیا له نووسراوه‌کانی مارکسه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، یاخۆ له وڵاتی شۆڕه‌وی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ئاوێته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بوون؛ ئه‌و به‌هاگه‌له هه‌موو به‌های مرۆڤدۆستی، به‌های دیموکڕاسی و به‌های کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کانن، باشه خاوه‌ن قه‌ڵه‌مان و خاوه وته به‌بنه‌ماکانی نێو کۆمه‌ڵه کێبوون، کێ بوو که له راستای تیئۆرییه‌وه کاریگه‌ر بوو؟ ئه‌و که‌سانه کێبوون که تیئۆری ئه‌و کرده‌وه مهیدانیهیان داده‌ڕشت؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: پرسیاره‌که‌تان سه‌رنجڕاکێشه، جیاوازیه‌کی نێوان کۆمه‌ڵه و ڕێکخرواهکانی دیکه له‌وه‌دا بوو که کۆمه‌ڵه باوه‌ڕی به ئایدیاکانی خۆی بوو و به ڕاستی پیاده‌ی ده‌کردن و مه‌یدانیی ده‌کردن، زۆرجار پێش ئه‌وه‌ی بۆ قه‌ڵه‌م و تیئۆری که‌سێک بڕوانی سه‌رنج ده‌خرایه سه‌ر کرده‌وه و عه‌مه‌لکه‌ردی که‌سایه‌تییه‌کان. ڕه‌هبه‌ری کۆمه‌ڵه به عام ئه‌مه‌ی ڕه‌عایه‌ت ده‌کرد، بۆ وێنه ئه‌و کات هه‌ر که‌س کێشه‌یه‌کی هه‌بووایه ڕووی ده‌کرده کاک سه‌ید برایم، نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی که که‌سی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه بوو، به‌ڵکه له به‌ر ئه‌وه‌ی که جێگای متمانه‌ی هه‌موو که‌س بوو، هه‌موو که‌س له‌و بڕوایه‌دا بوو که دادپه‌روه‌ریه‌ک له قسه‌کان و له وجوودی خودی کاک سه‌ید برایمدا بوو. ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک ده‌هاته پێشه‌وه ڕوو ده‌کرایه کاک سه‌ید برایم و هه‌موو که‌سێکیش گومانی نه‌بوو که کاک سه‌ید برایم عادڵانه به‌رخورد ده‌کا. که‌سایه‌تیه‌کی دیکه دوکتۆر جه‌عفه‌ر بوو، ئه‌ویش به هه‌مانشێوه جێگای باوه‌ر و متمانه بوو، واوه‌تر کاک مینهی حیسامی به‌هه‌مان شێوه پاکی و سه‌داقه‌تی تێدا ده‌بینرا و جێگای متمانه بوو، هه‌موو که‌س ده‌یزانی که کاک مینه قسه‌ی دڵی ده‌کرد. به واتایه‌کی دیکه ئه‌وه کۆمه‌ڵێک که‌س بوون که مه‌رجه‌ع بوون و جێگای متمانه بوون. ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه و ڕوانگه‌ی پێشمه‌رگه به گشتی جێگای ڕێز بوو و به شوێنی خۆی (ده‌بیرخانه‌و ئۆرگانه‌کان) ده‌گه‌یشت، به‌ڵام به سه‌ر ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی جیاوازتر بوون و زیاتر جێگای باوه‌ڕ و متمانه بوون، خۆشه‌ویستر بوون. من لێره‌دا ته‌نیا چه‌ند که‌سێکم باس کرد، بێگومان که‌سایه‌تی دیکه‌ش هه‌بوون. ئه‌گه‌ر بێمه سه‌ر بواری نووسین، ئه‌وه‌نده‌ی من له یادم بێ، چوار یا پێنج ساڵ پاش دامه‌زراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، شوعاری حیزبی کۆمۆنیست بوو به: ئازادی، به‌رابه‌ری و حکومه‌تی کاریگه‌ری، جا ئه‌وه مه‌نسووری حیکمه‌ت بوو که پێناسه‌ی ئه‌و سێ ده‌سته‌واژه‌ی له داڕشتنێکدا داڕشت. من تا به ئه‌مڕۆ ئه‌و مهتنهم له یاده ماوه، له لای من ئه‌و تاریف و پێناسه شتێکی جوان و سه‌رنجڕاکێش بوو، من مێتۆدی هاوسه‌نگی ئه‌و سێ ده‌سته‌واژه‌م له‌لا په‌سه‌ند و جوان بوو. من خۆم ئه‌م نوسراوه‌م له یاده، ئه‌گینا به‌شی زۆری کرده‌وه‌کان به که‌سایه‌تیه به‌رچاوه‌کانی ڕێکخراوه‌که‌وه گرێدرابوون، جا له ئاستی ڕه‌هبه‌ری و له ئاستی خواروتریشدا. بۆ وێنه که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ک کاک حسێن ڕه‌شیدیان، که‌سێک بوو که جێگای باوه‌ڕ و متمانه بوو، هه‌موو له‌و ڕوانگه‌وه به سادق و پاکیان ده‌بینی. به‌ڵام له ڕاستییدا له هه‌موو ناوچه‌کاندا که‌سایه‌تی ئاوامان هه‌بوو. کۆمه‌ڵه ده‌یان، سه‌دان و هه‌زاران کادری باش و چالاک و پاکی بووه، به‌ڵام من باس له‌و چه‌ند ده‌یه ده‌که‌م که خۆم وه‌ک ئه‌ندامێک هه‌ڵسوڕانی سیاسیم بووه. ئه‌و ناوانه‌ش که لێره‌دا ریزم کردن، ته‌نیا به پێی ڕوانگه و لێکدانه‌وه‌ی شه‌خسی خۆمه. چونکه زۆرجار ده‌کرێ به‌رژه‌وه‌ندی ڕێکخراوه‌که‌ش به زۆر کرده‌وه‌ت وادار بکات، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی که من ناوم بردن، به سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌شکیلاتیشدا زوڵم و غه‌دریان له که‌س نه‌ده‌کرد.
هێما: له ڕوانگه‌ێ ئێوه‌وه له چ کات و له چ به‌سه‌رهاتێکه‌وه ئه‌م فه‌رهه‌نگه تووشی قه‌یران بوو؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: من دێمه‌وه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، به‌ڵام با پێشتر نموونه‌یه‌کی دیکه‌تان بۆ بێنمه‌وه، ئه‌ویش ئاوڕدانه‌وه له کاریگه‌ری ئه‌و فه‌رهه‌نگه له سه‌ر کۆمه‌ڵگه، کاریگه‌ری ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی کۆمه‌ڵه له سه‌ر کۆمه‌ڵگه زۆر گه‌وره بوو، زۆر پێشمه‌رگه‌مان هه‌بوون، که له به‌ر هۆکاری جیاواز نه‌یانده‌توانی زیاتر بمێننه‌وه، ئه‌و کات ده‌چوونه‌وه نێو خه‌ڵک و هه‌مان فه‌رهه‌نگی هه‌ڵسوکه‌وتیان له نێو خه‌ڵکیشدا ده‌نوواند. له نێو کۆمه‌ڵه‌دا خاڵێکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌بوو که هه‌موو بیروبۆچوونه ڕێکخراوهیهکهش ئاوێته‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی تاک بکرێت. فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵه کرابووه باوه‌ڕی تاک و تاکیش زۆر باش ده‌توانێ به‌رگری له بیروباوه‌ڕی شه‌خسی خۆی بکات، له هه‌موو کات و ساتێکدا. وێنه‌یه‌کی زۆر ساکار، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی که ده‌چوونه‌وه، له نێو ماڵدا یارمه‌تی هاوسه‌ره‌کانیان ده‌دا، ئه‌ویش له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیاوسالاردا که هیچ ئاسایی نه‌بوو له چێشتخانه‌دا یارمه‌تیده‌ری ماڵه‌وه بیت، کاری ده‌ره‌وه و کاری ماڵه‌وه به شه‌فافی دابه‌ش کرابوون. زه‌بروزه‌نگی له گه‌ڵ منداڵدا ئاسایی بوو، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه دوورییان له‌م کاره ده‌کرد، کچی پێشمه‌رگه‌کان خۆیان به دڵی خۆیان و به خواستی خۆیان هاسهرگیریان ده‌کرد. بێگومان هه‌موویان وا نه‌بوون، به‌ڵام زۆرینه‌یان وابوون. واوه‌تر ئه‌و کوردانه‌ی که له حلله و ڕۆمادیه بوون، هه‌ندێکیان بوونه کۆمه‌ڵه و ته‌نانه‌ت کادری باشیشیان لیدهرهات، یه‌کێک له‌و که‌سانه پاش چه‌ندان ساڵ داستانێکی جوانی بۆ گێڕامه‌وه، ئه‌و ده‌یگوت کاتێک که ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵه فوتباڵ و یاری دوو گۆڵیان ده‌کرد، ده‌یانگوت ئێمه نابێ له یاریدا فاوڵ بگرین، ڕه‌نگه هه‌ندێ که‌س ئه‌مه به گاڵته‌جاڕ له قه‌ڵه‌م بدات، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌م شێوه هه‌ڵسووکه‌وته هه‌بوو. من ساڵها پاش جیابوونه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کاریگه‌ری بیستمه‌وه − ئاخر من خۆم ماوه‌یه‌ک کاروباری ته‌شکیلاتی نه‌هێنیم ده‌کرد – که ده‌گوترا بنه‌ماڵه‌ی کۆمه‌ڵه مافی ته‌واو ئازاد به كچ و کوڕیان ده‌ده‌ن که خۆیان بژارده‌ی هاوژینی خۆیان بکه‌ن. ئه‌م شێوه کاریگه‌رییه له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رچاو بوون، ئه‌مانه هه‌مووی هه‌وڵ بوون بۆ یه‌کسانی زیاتر. کۆمه‌ڵه‌یه‌کان هاوشێوه‌ی تیم و “سێکتێک” بوون به فه‌رهه‌نگی خۆیانه‌وه، ئێستاش پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کۆمه‌ڵه تا ڕاده‌یه‌ک هه‌روان. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که‌تان، که ئایا له چ کاتێکه‌وه ئه‌و خه‌سڵه‌ته جوانانه خه‌وشدار کران. به بڕوای من له جیابوونه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کاریگه‌رییه‌وه، له‌و ئینشعابه‌وه ورده ورده ئه‌و کرداره جوانانه له کۆمه‌ڵه‌دا پاشه‌کشێی پێکرا، نه‌ک به‌و مانایه‌ی که کۆمۆنیزمی کاریگه‌ری باشه‌کانی نێو کۆمه‌ڵه بوون و کاتێک که ئه‌وان ڕۆیشتن کۆمه‌ڵه باشی تێدا نه‌ما. به پێچه‌وانه‌وه، دیاره وه‌ختی خۆی خزمه‌تی گه‌وره‌یان به کۆمه‌ڵه کرد، چونکه زۆر که‌س ئه‌وان به ناپاک داده‌نێ، من له ته‌ک ئه‌و بۆچوونه‌دا هاوڕا نیم، کاتی خۆی دانه به دانه‌یان خزمه‌تی خۆی کردووه، به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌وه‌ی که ویستیان ئینشعاب بکه‌ن له زۆر شتی باشی کۆمه‌ڵه لایان دا. بۆ وێنه بۆ به گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی خۆیان سووئیستیفادهیان له ده‌سه‌ڵاتی ته‌شکیلاتیی خۆیان کرد، ناڵێم که له هه‌موو بواره‌کاندا ده‌ستیان ئاواڵا بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پێیان کرا، کردیان. ئاخر سوئیستیفادهکردن له ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵه‌دا باو نه‌بوو، دوای ئه‌وه فه‌زای ده‌ربڕینی نه‌زه‌ر و بیروباوه‌ڕیان ئالوده کرد، له نێو کۆمه‌ڵه‌دا ده‌ربڕینی بیروڕا و ڕه‌خنه ئازاد بوو، ئه‌وان به جێگه‌ی ئه‌وه ئه‌و فه‌رهه‌نگه بپارێزن، به گوشار و درۆ سازکردن و حوقه‌بازی و بوختان هه‌ڵبه‌ستن، فه‌زایه‌کی ته‌نگی سیاسی‌یان دروست کرد، هه‌ندێ جار ده‌گوترا ئه‌وه ده‌بێ له کۆنگره‌ی داهاتوودا حیساب بۆ هه‌ندێ که‌س بکرێ، ئه‌وه‌بوو کۆنگره‌ش زۆر دره‌نگ که‌وت. هه‌رکه‌س هاوڕا نهبوواهیه ده‌رده‌کرا، به‌ڵام ده‌رکردنی ئه‌و سه‌رده‌م وه‌ک ئه‌مڕۆ نه‌بوو، هیچ کۆمهڵهیێک نه‌بوو که ئاماده بێ بچێته نێو حیزبی به‌عسه‌وه، هیچ که‌س خۆی هه‌روا به ساده‌یی ته‌حویل نه‌ده‌دایه‌وه، خۆ له کوردستان کاروکاسپیهکی وه‌ها نه‌بوو، ئه‌وان له‌و دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه که‌ڵکیان وه‌رگرت و هه‌ربۆیه زۆر که‌س له ناچارییدا و به‌پێچه‌وانه‌ی بیروبۆچوونی سیاسی خۆیانه‌وه پشتگیریان له کۆمۆنیزمی کاریگه‌ری کرد و مانه‌وه. ئه‌وکات غروور و که‌رامه‌ت له ته‌شکیلاتدا نه‌ما و شکا، جا ئینسان که غرووری شکا، ئه‌وکات زه‌مینه‌ی کاری نه‌شیاویی دیکه‌شی هه‌یه. واته ئه‌وان به هه‌موو شێوه له‌و کرده‌وه ناشیرین و فاسیدانه که‌ڵکیان وه‌رگرت. دوو ساڵ و نیو ئه‌و ڕێکخراوانه‌یان له‌و دۆخه‌دا ڕاگرت و له ئاکامدا خۆیان ڕۆیشتن. من ناڵێم که ئه‌وان خه‌سڵه‌ته جوانه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یان برد، به‌ڵام له‌و دوو ساڵ و نیوه‌دا که ده‌سه‌ڵاتیان بوو، ئه‌وی خراپه بۆیان کرا، کردیان. من ده‌بێ هه‌ندێکیش ڕه‌خنه له جه‌معه‌که‌ی دیکه بگرم، که نه‌ده‌بووا هه‌روا به ئاسانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان به‌وان ببه‌خشیایه، به‌ڵام له‌و کات و ساته‌وه هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی خراپ چه‌شنی ڤایرۆس، یا میکرۆب هاته نێو به‌ده‌نه‌ی ته‌شکیلاته‌وه. پاش ڕۆیشتنی ئه‌وان کۆمه‌ڵه به‌داخه‌وه نه‌یتوانی خۆی بگرێته‌وه.
هێما: ئێستا که ئێمه گوێبیستی ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئێوه‌ین، پرسیارێکی دیکه دێته ئاراوه، پرسیارێک که ڕه‌نگه زیاتر پرسی ده‌روونناسی بێ، چۆن ده‌کرێ ئاوا فه‌رهه‌نگێک به‌و خێراییه بگۆڕێ، چۆن ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ته ناشیاوانه به‌و خێرایه جێکه‌وتن؛ ئه‌و ڕێکخراوه‌ی که پێشتر له زۆر ڕوانگه‌وه بێهاوتا بوو، له ڕووی پاکی و ڕاستگۆیی و زۆر شتی دیکه‌وه، مه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ڕێکخراوه هه‌مان که‌سایه‌تییه‌کانی پێشتر نه‌بوون؟ مه‌گه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه ئه‌وه‌نده پته‌و نه‌بوو که به‌و خێراییه به‌و لاڕێدا ڕۆیشت و گۆڕا؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: من سه‌باره‌ت به‌و پرسه بۆچوونی خۆمم هه‌یه، ڕه‌نگه که‌سی دیکه‌ش جۆرێکی دیکه‌ی ببینێ. پێش هه‌مووشت ده‌بێ ئاماژ به‌وه بده‌ین که سه‌رهه‌ڵدانی کۆمۆنیزمی کاریگه‌ری که‌ی بوو، خۆی ئه‌مه هاوکات له گه‌ڵ ته‌واوبوونی شه‌ڕی ئێران و عێراق بوو، کاتێک که ئه‌و شه‌ڕه ته‌واو بوو، یه‌ک پرسیاری جیددی بۆ کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیزمی کاریگه‌ری هاته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه بوو: ئه‌گه‌ر ئێران و عێراق سوڵح بکه‌ن، دۆخی ڕێکخراوه‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و کوردستانی باشور به کوێ ده‌گات. یه‌کێتی و پارتی له ئێران بوون، کۆمه‌ڵه و دیموکڕاتیش له عێراق بوون. هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌کیه‌که‌ش بۆ دڕنده‌ی و داپلۆسین بێهاوتا بوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ئاشتییان ڕانه‌گه‌یاند، به‌ڵکه ته‌نیا شه‌ڕیان ڕاگرت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوڵح و تهواقوفیان بکردایه، ئه‌و کات داهاتووی ئه‌و ڕێکخراوانه به کوێ ده‌گه‌یشت. له گه‌شبینانه‌ترین حاڵ‌دا ده‌یانگوت، باشه بڕۆن و له ئۆردوگاکانی خۆتاندا بمێننه‌وه، واته هاوشێوه‌ی په‌نابه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق، جا له ههرشوێنیش که ده‌وڵه‌ت به پێویست و درووستی ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر بیابان و هه‌رشوێنێک بوو، خۆ تۆ ناچار قه‌بووڵت ده‌کرد. هه‌مان دۆخیش ده‌کرا بۆ یه‌کێتی و بۆ پارتیش بهاتایه پێش. له‌و دۆخه‌دا پرسێکی گه‌وره هاته به‌رده‌م، به‌ڵام ئه‌و کات بزووتنه‌وه‌که به کوێ ده‌گه‌یشت، خۆ نه‌ده‌کرا که ته‌واوی هه‌بوون ونه‌بوونی ئه‌و بزووتنه ته‌نیا به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه به‌ند بووایه، چونکه ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا هه‌بوو، کاتێک که ڕژێمی شاه پشتی به‌ردا، ئه‌وه ئه‌و بزووتنه‌وه شکستی خوارد. ئایا هه‌مان چاره‌نووس له به‌رده‌م کۆمه‌ڵه و دیموکڕات و یه‌کتی و پارتییدا نه‌وه‌ستابوو؟ ئه‌م پرسه پرسێکی ته‌وا سه‌ره‌کی بوو. له‌و وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌دا ڕابه‌رانی حیزبی کۆمۆنیست که زیاتر به ده‌ست ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ی مه‌نسووری حیکمه‌ته‌وه بوو، واته ئه‌وان له زۆرینه‌دا بوون، یه‌ک دوو دانه نووسراوه‌یان په‌خش کرده‌وه، که ترسێکی زۆری پێوه دیار بوو، به ڕاستی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دۆخه نه‌بوون. ئه‌گه‌رچی له ئاکامدا ئه‌و پرسه یه‌کلایی کراویه‌وه، هه‌م کۆمه‌ڵه و دیموکڕات و هه‌م پارتی و یه‌کێتیش مانه‌وه و شه‌ڕی خۆشیان هه‌ر درێژه پێدا. ئه‌و به‌ش له حیزبی کۆمۆنیست و به‌شێکیش له کۆمه‌ڵه هاوده‌نگ بوون، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی منه‌وه له ئاستی رابهرییدا توانای ئه‌وه نه‌بوو چاره‌سه‌رێک بخرێته به‌رده‌م، به‌ڵام له‌وه خراپتر ئه‌وه بوو که نه‌هاتن بڵێن، ئه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه ڕایان چییه؟ ئایا چاره‌سه‌رێک به‌دی ده‌کرێت، ڕه‌نگه به ڕای گشتی ڕێگایه‌ک ههڵبژاردرایه. جا ئه‌و ڕێگه‌چاره‌ش هه‌ر جۆرێک بوایه، ئه‌وه ڕای گشتی یا ڕای زۆرینه ده‌بوو. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌وان به جێگه‌ی ئه‌وەی شه‌رافه‌تمه‌ندانه و سادقانه بجوڵێنه‌وه، ده‌ستیان کرد به ده‌مبۆڵه و بوختان، ده‌گوترا ئه‌وه کۆمه‌ڵه کرێکاری خۆش ناوێ و کۆمه‌ڵه بزووتنه‌وه ته‌نیا له ئۆردوگادا ده‌بین و بیری ناسیۆنالیزمی هه‌یه و به‌گشتی دەستکرایه ئه‌م جۆره پرته‌وبۆڵه و تاشینی ئه‌و جۆره تیئۆریه بێمانایانه. پێشنیاری جیاواز هاتنه ئاراوه، باس له‌وه ده‌کرا که هه‌ندێ ئۆرگان له ئۆردوگا بمێنێته‌وه و هه‌ندێکی دیکه به پاسپۆرت له ئه‌ورووپا دابنیشن و بۆ کاتی چالاکی نیزامی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان، واته بۆ سێ مانگ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان و دواتر به هه‌مان شێوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. خۆی ئه‌وه ته‌رحێکی ته‌واو بێ‌مانا بوو، ئه‌گه‌ریش هاوڕای ئه‌و پێشنیارانه نهبووایتایه، ئه‌وه لێیان قه‌بووڵ نه‌ده‌کردیت، به‌جێگه‌ی ئه‌وه که تێگه‌یشتنیان بێ، به خێرایی ده‌یانگوت ئه‌وه تۆ ناسیۆنالیستی. واوه‌تر به قسه‌ی ڕه‌ق و ناشیاو فه‌زاکه‌یان ته‌وا خراپ کرد، هه‌ربۆیه سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دیاردانه‌ی که ئێستا باسم کردن، بوونه هۆی ئه‌و فهرههنگڕووخان و تێکچوونه. چونکه سه‌رده‌مێک ئه‌و نادیارییه که ئایا داهاتووی ئه‌و ڕێکخراوه به کوێ ده‌گات، زۆرانی په‌رۆش کردبوو، له به‌رئه‌وه‌ی هێواش هێواش ڕێگاکان کرانه‌وه، ئه‌مه لایه‌کی پرسه‌که بوو، لایه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه بوو که به‌ڕاستی زۆر نه‌هاد و پێکهاته‌ی حیزبی به باشی جێنهکهوتبوون. هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵه‌ش به‌رگه‌ی ئه‌و نادیاری و ئه‌و قه‌یرانه‌ی نه‌گرت، دواتر لایه‌کی ته‌شکیلات، جا له هه‌موو ئاسته‌کانه‌وه، ئاستی ڕابه‌ری، کاردرهکان و پێشمه‌رگه‌ش بووه هاوڕایان. کاتێک که ئه‌وان بوونه وه‌زنه‌یه‌ک، ئه‌وکات کاره‌که ئاڵۆزتر بوو، گه‌شه‌که به لاڕێدا ڕۆیشت. ئه‌وکات به جێگه‌ی ئازادی و ئاشتیخوازی و ڕاده‌ربڕین، تۆمه‌تلێدان و قسه‌ی ڕه‌ق و ناخۆش هاتنه ئاراوه، کاری سیاسیش هیچ سات به‌و شێوه به ئاکامی باش ناگات. حیزبێکیش ته‌نیا کاتێک وای لێدێت که نه‌هادی باشی حیزبی نه‌بێ، ئه‌گه‌رچی کۆمه‌ڵه له ساڵه‌کانی ڕابردوودا گه‌شه‌ی باشی کردبوو، به‌ڵام له هه‌ندێ کار‌و بواری حیزبی‌دا هێشتا هه‌ر نه‌مه‌یوو بوو، مابووی، موناسیباتی حیزبی هێشتا زۆر جێکه‌وتوو نه‌بوو، مه‌نسووری حیکمه‌ت و ئه‌وانیش زۆر جیددی و سه‌خت به‌و باریدا که‌وتن؛ له به‌ده‌نه‌ی ته‌شکیلاتیشدا زۆر که‌سیان له‌گه‌ڵ چوو. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی که زۆر که‌س ده‌یانگووت ده‌وڵه‌تێکه به‌رگه‌ی دوو ساڵ ئاژاوه‌و لێکترازانی نه‌گرت.
هێما: زۆر سپاس کاک به‌همه‌نی به‌ڕێز، ئێستا ئێوه خۆتان ئه‌ندامی هیچ کام له کۆمه‌ڵه‌کان نین، ئه‌گه‌ر له دووره‌وه بۆ کۆمه‌ڵه بڕوانن، ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ڕابردووی خۆتان بده‌نه‌وه و به‌راوردێکی له ته‌ک ئه‌مڕۆی ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا بکه‌ن، گه‌شه‌که به گشتی چۆن ده‌بینن؟ ئێمه پێویست ناکات ناوی یه‌که به یه‌کیان بێنین، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن هه‌ن که هه‌ر له سه‌ربنه‌مای فیکری سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه چالاکی سیاسی خۆیان ده‌که‌ن، جا چه‌نده به باشی پابه‌ندن یاخۆ چه‌نده به باشی له گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ڕه‌تیه‌دا ته‌بان، ئه‌وه خۆی ده‌چێته چوارچێوه‌ی پرسیارێکی دیکه‌وه. واته گه‌شه‌ی ساڵانی ڕابردوو چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
به‌همه‌ن عه‌لیار: به‌ڵێ، من ئه‌وه بۆ ده ساڵ ده‌بێ که هیچ کارێکی ڕێکخراوه‌یی له گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی کۆمه‌ڵه ناکه‌م، من پێشتر له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ بووم، هۆکاری سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌یه که من ڕه‌خنه‌م له کاره‌کانیانه. من له کاری حیزبی وهڕەز نه‌بووم، من به‌داخه‌وه هیچ لایه‌ن له لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵه له دۆخێکی گه‌شه‌دا نابینم، ساڵی ٢٠٠٠ ی زاینی، که ڕووداوی ساخبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه هاته ئاراوه، هیوایه‌کی گه‌وره‌ی خسته دڵێ خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌وه، به واتایه‌کی دیکه کۆمه‌ڵه سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یه‌کی به خۆیه‌وه بینی. من خۆم یه‌کێک له‌و که‌سانه بووم که له گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌دا بووم، هه‌وڵی سه‌ره‌کیش ئه‌وه بوو که کۆمه‌ڵه ببوژێنینه‌وه، بیکه‌ینه‌وه به‌و کۆمه‌ڵه‌ی که وه‌خت و کاتی خۆی هه‌بوو. له‌و کاته‌دا له زۆر لاوه هیوا گه‌وره بوو، هه‌م له خودی کۆمه‌ڵه‌دا و هه‌م له کۆمه‌ڵگه‌شدا، ته‌نانه‌ت ناڕازیانی نێو ڕێکخراوکانی دیکه‌ش پێشوازیان له‌و ره‌وته ده‌کرد. به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که خوازیاری بووین نه‌مانتوانی به ئاکامی بگه‌یەنین و قهولهکهمان بۆ نه‌هاته‌جێ، فیکره‌که گۆڕا، زۆر فیکری دیکه هاتنه ناو قه‌زیه‌که‌وه. له باری ڕێکخراوه‌یه‌وه نه‌مانتوانی ڕێکخراوه‌یه‌کی قایم و به‌هێز بسازێنین، دواتر ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌هانامانه‌وه هاتن و له هه‌وڵدا بوون به‌شێک له‌و ساخبوونه‌وه بن، سازمانده‌یی نه‌کران، دواتر هه‌روه‌ک گوتم گۆڕانی فیکره‌کان به‌رچاو بوون و ئه‌و گۆڕانه‌ش ئه‌مڕۆش له هه‌ندێ لایه‌نه‌کاندا به زه‌قی به‌رچاون. یه‌کێک له پڕنسیپه گه‌وره‌کان ئه‌وه بوو، جا خودی ئه‌مه‌ش له ئه‌ساسنامه‌دا هاتبوو، که هیچ پله‌وپایه‌یه‌کی ته‌شکیلاتی هیچ حه‌قێکی مادیی به‌دواوه نییه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ڕێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه کار ده‌کرێ، له کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ‌دا ئه‌وه‌یه که به پێی پله‌ی ته‌شکیلاتی، به پێی کات و ساتی ئه‌ندام بوون حه‌قی مادیی ده‌گۆڕێ. به‌ڵام پێشتر یه‌کسانی ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ئه‌مڕۆ نایه‌کسانیه‌کی زۆر زه‌ق ده‌بینین، خاوه‌ن بیروڕابوون، بوێری و سه‌ربزێوی و توانای ڕه‌خنه‌گرتن ته‌واو کاڵ بووه‌ته‌وه و زۆر شتی خراپ جێگه‌ی گرتۆته‌وه. له‌و ڕوانگانه‌وه کۆمه‌ڵه ڕوو له پاشه‌کشێیه، له سه‌ره‌تاوه کۆمه‌ڵه فیکره‌که‌ی ئه‌وه بوو که شۆڕشکردن کاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه، ئه‌رکی حیزب و ڕێکخراوه‌ی شۆڕشگێر سازماندان و هاوپشتیکردنه له ته‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا. ئێستا ئه‌و بیروباوه‌ڕه له کۆمه‌ڵه‌دا نابیندرێ، کۆمه‌ڵه ناتوانێ له‌و ناڕەزایی و بزوتنه‌وانه‌دا که له کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن ده‌ور بگێڕێ. له هیچ کام له به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵه ئه‌مه به‌دی ناکرێ. من ناڵێم که هه‌مووی وه‌ک یه‌کن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته نین که بتوانن کۆمه‌ڵه‌که‌ی جاران بژێننه‌وه.