سوارە، بیرمەندێکی هێژا و نوێخواز!

سوارە، بیرمەندێکی هێژا و نوێخواز!

سواره‌ ئیلخانیزاده‌ (1937-1976)

گوڵبژێرێک لە ئافۆریزمەکان و دەربڕینە کورت و پڕ ماناکانی سوارە:

 *من ڕۆڵەی چیام، چۆن لە چیا کەمتر بم.

 *هیچ کەس شیاوی ئەوە نییە کە بە برسیەتی سەر بنێتە سەر سەرین.

 *بەڵام لە شەڕ ناخۆشتر ئەمەیە کە تەسلیمبوون و سەرشۆڕکردنمان پێناخۆش نەبێت.

*دەردی زانین، گاهێ لە ئێشی نەزانین تاڵ ترە.

*ڕۆژگار کڕ و کەڕە و هاواری هەژارانی بە گوێدا ناچێت.

* هەرێمی زۆنگ و زەل، چلۆن دەبێتە جاڕە گوڵ.

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی

جەناب کاک سوارە لە گەڵ شاخ و باخی وڵات باڵای کرد. هەڵبەستوان و داهێنەر و نوێخوازی بواری شێعر و پەخشانی گەلی کوردە، کە بە هۆی میلیتاریزمی تۆخ و بێ سنوور و سایکۆلۆژی ڕووخاوی تاکی کورد، لەو ئاستەی کە شیاوی ئەوە بە شارۆمەندانی کوردستان نەناسراوە. کەچی ناوەرۆک و هەڵبەستەکانی دەرد و ڕەنجی نە پێوراوی کۆمەڵگا باس دەکات. لەو ئاستەدا کە وەفایی، هەژار، هێمن و گۆران، پیرەمێرد، بێکەس، مەولەوی، نالی، خانای قوبادی و بێسارانی بانگەواز و تەبلیغیان بۆ کراوە و ناسێندراون، هەرگیز بۆ کاک سوارە و ئاسەوارە ناسک و دڵڕفێنەکانی بانگەواز و جاڕ نەدراوە. ئەگەرچی مەبەست و ڕوانگەی ئەم وتارە بۆ جەناب کاک سوارە تەرخان کراوە، به‌ڵام ئەو درێغ و ناڕەواییە سەبارەت بە هەڵبەستوانی ڕەنجدەرانی کوردستان مامۆستا قانیعش کە شیعرەکانی ڕیسواکەر و قاودەری جیاوازی چینایەتین، زۆر زەق و بەرچاوە. داخی داخانم شارۆمەندانی دەڤەرەکانی کوردستان ئەو جۆرەی شیاوی ئەم شاعیرە بێت، نەیانناسیوە و، بیرمەندان و مێژووناسان هەنگاو بە هەنگاو ئاگاداری ئەم ناعەدالەتیە دەبن.

١ – نوێخوازی و

جێهێشتنی کولتوری کلاسیک:

 جەناب کاک سوارە ئیلخانی زادە هزروانێکی هێژا، وردبین، دووربین، ژیربێژ و زۆر خێرا و بە پەلە بواری کۆن و کلاسیکی جێهێشت. لە ڕەوەندی ئەم جێهێشتنە، ڕەنجی نەپێوراوی کێشا و نرخی گرانی دا و دەیزانی ئەو ڕێگایە بەگوڵ نەچنراوە. ساواک وەک شەمشەمەکوێرە بە سەر ئازادیخوازاندا بە فڕکە فڕک هەڵدەفڕی و، لە بەر مژ و تاریکی چاو چاوی نەدەدی. لە پێناو ئازادی و دیموکڕاسی و مافی مرۆڤ ماوەیەک لە زیندانی قزڵ قەلعە(سوورەقەڵا) زیندانی و ئەشکەنجە کرا. لە پاڵ هەموو ئازار و ستەمی نەتەوایەتی و ئازاری لەش و گیانی، دەورەی زانکۆی یاسای لە زانستگای تاران سەرکەوتووانە تەواو کرد. بە پێ سوننەتی کلاسیکی کۆمەڵگا دەبوا وەک پارێزەر و دادوەر ئیش بکات، ئەمما سەنگەری خامەی هەڵبژاردو خۆی لە بەندیخانەی هزری کۆن بەند نەکرد. لەو پڕۆسەیە ڕەنج بە خەسار نەبوو. ئەگەرچی کولتوری کۆن و کات بەسەرچوو، بە ئاسانی کولتور و فەرهەنگی نوێ و تازە وەرناگرێت، ئەمما سوارە جێگای خۆی لە نێو شاعیرانی نوێخواز و مودێڕن بە شێوەیەکی دڵگێر کردەوە. کاک سوارە ئەگەرچی لە بواری هەڵبەست خاوەن ڕوانگە و ئەندیشەی قووڵ بوو، لە هەمانکاتدا لە مەیدانی ئێپۆس(داستان)، ڕۆمان، نۆڤل و پەخشانی دڵڕفێن و ناسکی کوردی نووسەرێکی بە توانا و خامەڕەنگین و نوێخواز بووە و، نوسراوەکانی شەڕ لە گەڵ شۆخ و شەنگی خویاندا دەکەن. پەخشانەکانی سوارە کانیاوی هەزار نۆشن و لە پەخشانە کورتەکانی “ئانتون پاولوویچ چخۆف” دەچن. ڕێبازی کاک سوارە ڕیالیزمە، کە شێوە و فۆڕمی دادپەروەرانەی بەرزی هەیە. سوارە لە دەورانی کورتی ژیانی پڕ هەڵسوکەوتی ڕەنج و ئازاری زۆری کێشا و ئاسەواری دەوڵەمەند و تاقانەی لە دوای خۆی بەجێهێشت. لە بواری سیاسیدا خاوەنی کۆدی هیومانیستی و بە نرخ و مرۆڤدۆستانە و گرانبەهایە.

لە هەموو بوارەکانی شێعر و پەخشان و وتاری ئەدەبی و میتۆلۆژی پەڕیەوە و سێڵاو و لافاوی دیکتاتۆری و ملهوڕی نەیانتوانی بەو تەوژمە قورسەیان کە هەیانبوو ڕایماڵن و بەرەو نەمان و سکوت پاڵی پێوەنێن. کاک سوارە قارەمانانە لە بەرانبە ئەو تەوژمە بەهێز و داپڵۆسێنەرە، ڕاوەستا و بەرگەی گرت و خۆڕاگر و خاوەن ئێرادە بوو. سیستەمی پاشایەتی بۆ ئازادی تابوت و بۆ ئەڤین سنووری دروست کرد، کەچی ئازادی هەرگیز لە تابوت جێگای نابێتەوە و ئەڤینیش سنوور ناناسێت. سوارە یەکێک لە هاوکارانی مانگنامەی “کوردستان” بووە، کە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە تاران بە زمانی کوردی چاپ کراوە و بەرەو باشوری کوردستان نێردراوە. سیستەمی پاشایەتی و ساواک ئیجازەی بڵاوبونەوەی ئەم گۆڤارەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەداوە. سوارە لە بەشی کوردی ڕادیۆ کرماشان لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی بە ناوی تاپۆ و بوومەلێڵ (تەرجومەی فارسیەکەی – شبح و سرزمین مە ا‌لود) هەست و عاتیفە و سۆزی مرۆڤدۆستانە و ئەندێشەی خۆی هەوەڵ لە مێشکیدا تاشیوە، ڕێکوپێکی کردووە، تیف تیفەی داوە و پاشان بڵاوی کردوەتەوە. لە لێکدانەوەیەکی زانستی و ئەدەبیدا، بۆ ئەدەبیاتی کوردی چوار قۆناغی دیاری کردووە. ده‌ هەڵبەست لە فورمی بەیت، کە سەرجەم شەفاهیە، دو شێوازی هەڵبەستی هیجایی، سێ فۆڕمی شێعری عەروزی، چوار هەڵبەستی نوێ. جێگای شیاوی کاک سوارە بە زۆری لە هەڵبەست و نوێخوازی شیعر پۆلبەندی دەکرێت. زمانی شێعر ناڕاستەوخۆ و زمانی پەخشان ڕاستەوخۆیە. شێوەکانی بەیت و هیجای لێهاتوانە و شارەزایانە دیسانەوە زیندوو کردوەتەوە و، لە گەڵ مێژووی سەردەم هاوڕەوت و هەمواری کردووە. کارێکی دژوار و سەختە کە توانا و هیمەتی بەرزی دەوێت. بناغەی شێعری نوێی کوردی لە پێڤاژەیەکی هەنگاو بە هەنگاو لە لایەن هەڵبەستوانانی باشور و ڕۆژهەڵاتەوە، ئەگەرچی پەیوەندیەکانیان یا هەر نەبووە و ئەگەریش هەبووبێت پچڕ پچر و هەمیشە میلیتاریزم و شوینیزمی تۆخ گرفت و ئارێشەی قوولی بۆ خولقاندبوون، دانرا. کاک سوارە، هوشەنگی ئیبتهاج، جەلال مەڵکشا، فروغی فەروخزاد، فاتحی شێخ (چاوە)، نیمایوشیج، شێرکۆ بێکەس، گۆران و عەلی حسەن یانی (هاوار)، پشکۆ نەجمەدین، حسێن بەفرین، موسلیح شێخ ئیسلامی، ئەحمەد بازگر، فەریدوون ئەرشەدی و عەبدوڵڵا پەشێو خۆیان لە دیوارە بەرتەسکەکانی عەروز و قافیە و لە کۆڵانە پێچاو پێچەکانی سوننەتی کلاسیکی کۆنباو ڕزگار کرد و شێعری کوردیان، نوێ کردەوە و گەشەیان پێدا و بناغەی نوێیان بۆدامەزراند. هزر و بیری پێشکەوتوویان دیواری تاریکی ڕووخاند. دەبوا نێوی زۆر شاعیری نوێخوازی ترم نووسیبا، بەڵام بە بیر خانەی مێشکمدا چوومەوە بە هانامەوە نەهات. بەدڵێکی پڕ لە وەفا و خۆشەویستی بۆ ئەو نووسەرانە، هیوادارم دڵمەند نەبن و دڵنیام لە بیرچوونی ناوەکانیان لە گەورەیان کەم ناکاتەوە و تکایە بمبورن. شێعری “خەوە بەردینەی” کاک سوارە دوور نما و بۆچوونی بەر لە کات و زەمانە. خەوە بەردینە، شێعریکی لە بەها نەهاتووە و سەر لە بەری پڕ ناوەڕۆک و لە گوڵباخی نێو پەرزین دەچێت و شابیری کاک سواریە کە دەبێ بە پەیژەی خەیاڵ بۆی بچی و، ئەگەر شێخ بۆی شێت نەبی، مەعلوومە بێوێجدانیە‌. کۆپلەیەکی شێعری خەوە بەردینە، دەتوانێ کلیلی ئەو گەنجینە قەدرگرانە بێت:

ئەڵێن تاجی زمڕووتی دوڕگەی لەسەر ناوە دەریا،

هەتا چاو هەتەرکا، شەپۆلە، شەپۆلە، لە بوونا لە چوونا،

بەئاهەنگە سەربەندی بزوێنی خۆشی،

لە بەر خۆرەتاوا ئەڵێی سینگی ژینە ئەهاژێ،

ئەڵێی: هانی هەستانە دەنگی خرۆشی،

سروودی خوناوەی بەهارە لە گوێما،

لە هەر شێوە جۆبارێ هەر دەشتە چۆمێ،

لە دڵمایە بڕوای بەرینی بە دەریا گەیشتن،

لە تاریکە تاراوگەکەم وا بەسەر چوو،

زەمانی تەریکیم، ئیتر خێر و خۆشی لە ڕێما!

ئه‌مه‌ش کۆپلەیەکی ناسک و دڵگیری کاک سواره‌ سەبارەت بە جوانیەکانی سروشت و گۆمی زرێوار.

بەڵێ وای ئەتۆ،

وەک زرێباری بن خێوەتی مانگەشەو،

بەمەندی شکۆدار و گەورە و گرانی،

بەڵام پێکەنە، تۆ پەریزاده‌ی گوڵخەندەرانی!

٢ – بواری ئێرۆنی، ساتیر و میتافۆر(ئیستعارە و تەنز):

ئەمە دەنگی دەنووکی مەلی بەیانە، کە پەرژینی سەختی شەو کون ئەکا، تا دەروویەک لە سەر پرشنگی هەتاو بکاتەوە.

کاک سوارە، وەک هەندێ لە نووسەرانی سەردەم بۆ نموونە “سالتیکۆڤ شچدرین”، “گوگول”، “سادیق هیدایەت”، “سەمەدی بیهڕەنگی”، “عوبید زاکانی”، “عەزیز نەسین”، خۆی لە بواری ساتیر و ئێرۆنی داوە و سەرکەوتوو بووە. جێگه‌ی سەرسوڕمان و داخێکی گرانە کە ڕەخنەی هەندێ نووسەر دڵشکێن و سەرشکێنە. من وەک خوێنەرێکی کۆنووسی نوسراوەکانی کاک سوارە، لە سەر ئەو باوڕەم کە پەخشانی (نەسر) لە گەڵ شێعرەکانی هاوڕەوت و تەواوکەری یەکترن و لەهەندێ جێگا پەخشانەکانی بلاوێنتر و دڵگیرتر و سەرکەوتووترە. چونکه‌ حەریری تەعبیر، نەشتەری ڕەخنە و ئیشارە لە پەخشانەکانی سوارە خەم ڕەوێنی ڕۆژانی تاڵ و تفتی ژیانە.

لە وتاری نامەی گورگی برسی بۆ بەرانی دابەستە، شاکاری تەنزی لە قاڵبی گفتوگۆ و مناقشە و نامە بە جۆرێکی ئوستادانە کێشاوە و دەبوا تا ئیستا، ساڵۆنی شانۆگەری شارەکانی کوردستانی ڕازاندبایەوە. ئێرۆنی و ئیستعارە لەم پەخشانەدا، نیشانە و ئامانجی پێکاوە و، پەیامی پڕ ناوەڕۆک و دیسکورسی شیرین و پڕ بایەخی لە زمانی مام گورگی تەڵەکەباز و پەزی دابەستەی کاڵفام، لە شێوازی ساتیر و ئێرۆنی داڕشتوە و باس کردووە. خوێنەر بە خێرایی بۆ نێو کۆمەڵگا و داو و بۆسەی حیلەبازان و جەماوەری ئاسایی دەبا. هەڵسەنگاندنێکی بە پەلە لەسەر مێشکی خوێنەر بەجێ دێڵێت کە بە چ شێوەیەکی شاراوە و نە شاراوە و بەگشتی لە لایەن ماسمێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خەڵکی ئاسایی و سڤیل فریو دەدرێن. لەم دێڕانە شاکاری ئیرۆنی و ساتیری لە پەخشانێکی دڵگیر و گەلپەسەند داڕشتوە و ئازاری جەستەی ماندووی مرۆڤ دەشکێنێت. وەک نموونەکانی: پارچە هۆنراوەیەکی تەنراو بە تان و پۆی خۆشەویستی، خۆرەتاو لە کۆچی ڕۆژانەی بەرەو سەرای شەو دوو دڵە، لە ژێر پەردەی حەریری فرمێسکدا خۆی حەشار دابوو، لە لووتکەی دوورەدەستی ئازادی ڕێگا ببڕێ، وەک ئاسکی ڕەوەک لەم زمانە تەق و ڕەقەی تۆ سڵ دەکا، هەست دەتوانێ مانگ بە دەزوویەکی سوور بە ئاسمانەوە هەڵواسێ، ژەنگی دوژمنایەتی لە نێوان حیزبەکان ژە‌هراوی و ترسناکە، تاوێری زەمان بەسەرماندا دێ و دەمانهاڕێ، نیگای وەک هەڵۆی برسی هەڵفڕی بۆ دوورەدەستێکی نادیار، گژەبای مەرگ تێکەوەی پێچا و ڕایماڵی، خەو لە چاوم تارا و خەم خۆی خزاندبوە ناو دڵمەوە، قاقای شێتانەی شەست تیر و ڕەشاش ئەزریگێتەوە، پلووسکی پێنووس ڕەهێڵەی بارانە. لە هەندی لە وتارەکانی شاکاری تەنز و ساتیر، ڕاستەوخۆ خوێنەر بۆ قووڵایی ئەندیشە و هزری کۆمەڵایەتی ڕادەکێشێت.

جەنگەڵێ کە جێژوانی پۆلە پۆڕی باڕییە،

جێگەی مۆڵی کەمتیار و گورگ و ڕێوییە!

٣- میتۆلۆژی و ئەفسانە دێرینەکانی کۆمەڵگا:

لە که‌لتور و ئەفسانە کۆن و قەدیمەکان باس دەکات کە بەشێک لە مێژووی هەر نەتەوەیەکە. بەیتی لاس و خەزاڵ، داستانی هەزار و یەک شەو، چەکوش وەشێنی ڕۆڵە کوژراو، داستانی لیلی و مەجنوون، کاوە و ئەهورمەزدا. لە تراژیدی سەیدەوان، بوێرانە و دڵگیرانە ئەم میتولۆژیە دەگێڕیتەوە و خیتاب و دیسکورسی هیمەتی بەرزی ڕێبەری خێڵ، میترائیسم و میهرپەرەستی، دڵنەوایی لە میوانەکان و میوانداری، داب و نەریتی ئەو سەردەمە، ئامێری زوڕنا و دەهۆڵ، هیمەتی بەرز و بەخشینی سەروەت و سامان، سوڕی دیلان و هەڵپەڕکیێ ڕەشبەڵەک، سترانبێژان، کولتوری ژن گواستنەوە بۆ سێ کوڕ بە ناوەکانی: سەیدەوان، نێچیرەوان و مەلکەوان، دوو کوڕی بە ڕووداوی ناخۆش نەماوەن و باوک لە پێڤاژەی ڕاو بەهەڵە و لەباتی بزنەکێوی سەیدەوانی کوڕی دەپێکێت و، پاشان باوک لە سەر جەستەی بێگیانی سەیدەوان فرمێسکی خوێنین هەڵدەوەرێنێت. عەبدولعەزیز باوکی کوڕەکان کە داسنی(زەردەشتی) و کوردە بە ناهۆمیدی دەڵێت: کێ دیویەتی لە سەر سێ کوڕان وەوی بچنەوە ماڵی بابیان بە کیژی؟ بەیتی خەج و سیامەند، بەیتی قەڵای دمدم، بەیتی شێخی سەنعان، بەیتی زەنبیل فرۆش، بەیتی ئاوڕەحمان پاشا، بەیتی شێر و کەڵ، کە بێ هیچ دوودڵییەک لە ڕوانگەی کاک سوارەوە سەروەت و سامان و گەنجینەی زمانی کوردین. لە یەکێک لەم بەیتانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری عوسمانی بە “بڵحە ڕۆمی” ناودەبات و گاڵتە بەو دەسەڵاتە دەکات . لە – شەنگەسوار – ڕووداوی مێژوویی وەک پڕمەی کەحێلی دوازدە سوارەی مەریوان (جەناب پیرەمێرد بەسەرهاتی قارەمانانە و بوێری دوازدەسوارەی مەریوانی بەشێوەیەکی مودێڕن داڕشتوەتەوە) و دیواری چین و پەیکەری بولهەول باس دەکات. میر میرێن ناوی کۆمیدیەکە کە لەدەڤەری موکریان باو بووە. ئەم شانۆیە ڕەخنەی توند لە سیستەمی دەرەبەگایەتی و زۆرداران دەگرێ. کە دیاردەی سانسور و دیکتاتۆری نەیهێشت لە کۆمەڵگای کوردستان پەرەبستێنێ و هەر لە هەریمی موکریان بەرتەسک بوەوە و مایەوە.

٤- دژی شەڕ و شوینیزمی تۆخی داگیرکاران

کاک سوارە خاوەنی هەڵویستی ڕادیکاڵ و مرۆڤدۆستانە بوو، بێگومان ئەم دڵسۆزی و میهرەبانییە لە ئەندێشەی ڕادیکاڵ و هیمەتی بەرزی بنەوانی گرتوە. ئەو کاتانەی کە ئازادیخوازان وەک کۆتر نێچیری داڵ بوون و، بە چەکی لەشکوژ و بیرکوژ دەرگای مێشک و دەمیان کلیل درابوو، پەردەی لە سەر دەرد و مەینەت و داگیرکاری کوردستان لادەبرد. شەڕی داسەپاو کوردستانی کامباخ کردووە. میلیتاریزم گورگی هاری دەم بەخوێن و تاریکستانێک بوو کە تەور نەیدەبڕی و شارۆمەندانی نوقمی ڕەشبینی و ناهومێدی کردبوو و، هاوکات کتێب داپاچ و دوژمنی زانست بوون. دەنگی بیرمەندی خاوەن هەڵویست، مێشک ڕوون، نرخناس و مرۆڤدۆست کپ کرابوەوە. کارەساتە سامناکەکانی کوردستان ناخ دەسمن و ئاسەواری لەسەر ویژدان و هزری تاکیی کورد بە جێهێشتوە. تا ئەو جێگایە دەکرا و تیغی هەسان لێدراوی سانسوڕ و حکومەتی تۆتالیر ئیزنی دەدا، ڕاستەوخۆ و ئەگەر دیواری سانسوڕ لە دیواری وڵاتی چین پانتر و بەرزتر بوو پەنای بۆ ئیستعارە و وتەی داپۆشراو دەبرد و، ڕاسپاردەی خۆی بە کۆمەڵگا دەگەیاند. شێعر لەدەورانی شوینیزمی دڵ سیا و سانسۆڕ، کە دەسەڵاتی تاریکی زۆرتر دەبێ و ڕووناکی پاشەکشە دەکا، بۆ مرۆڤی هێوابڕ، سەرچاوەی ئیلهام و وزەیە و تیماری ژان و دەرد دەکات. لە پڕوسەی مێژوودا شەڕ سیمفونی مەرگ لێدەدا و، بەختەوەری و ئاسایش سیمفونی ئاشتی لێدەدەن. لە شەڕی داسەپاو دار و دیوار باوش بە مەرگا دەکات. شەڕ وەک ئاوێنەی شکاو، وێنە جوانەکانیش ناشیرین پیشان دەدات. سوارە لەم پاراگرافەدا دژ بە شووینیزمی دەسەڵات خوازی ملهورو دیکتاتورەکانە کە لە باتی مێشک، کەللەی سەریان لە قوڕقوشم ئاخێنراوە. گەرووی تینووی تۆپ و ڕەشاش خوێنی گەشی لاوەکانی قوم قوم ئەخواردەوە، بەڵام سوکنایی نەدەهات. ئەگەر باش گوێ ڕابگری، پڕمەی گریانی خاک ئەبیستی! قاقای شێتانەی شەست تیر و ڕەشاش ئەزرینگێتەوە.

ئەگەر بیابانی نۆگرەسلمان و چیای جەبەڵ حەمرین وەک یەک بن، ئەگەر دڕووی وشتر خۆرکە و گوڵی شلێرە یەک ڕەنگ بن، ئێمە و ئەوانیش وەک یەکین.

لەم کۆپلە شێعرەدا هێرشی نامرۆڤانە و سیمای تاوانبارانەی دوژمن دەردەخات:

فڕۆکەی دوژمن دێی بۆمباران کرد،

بە شەوێ هەزار پیر و جه‌وان مرد،

بەیانی نە دێ، نە ژن، نە کانی،

هیچی نەمابوو.

کاتێ شەڕ تەواو بوو، ئەم نامەیە لە پەنا لەشی بێگیانی شەڕکەرێکی گەنجا دۆزرایەوە کە، لە خوێن هەڵکشابوو. شاری ئێمە و وڵاتی ئێمە بۆنی خوێن دایگرتووە. لە هەموو لایەکی لوورەی چەقڵ و کەمتیار بەرز بوەتەوە. لە وتاری شەڕگە کە هەستی پیرۆزی ئینسانی، نیشتمانپەروەریی و خەسڵەتی مودێڕنی هومانیستی تێدایە، بانگەوازی ئاشتەوایی و سوڵح دەکات و لە شەڕ نەفرەتی هەیە و بێزارە.

٥- یەکسانی، عەدالەت، دادپەروەری لە ڕوانگە و فەلسەفەی ژیانی سوارە

هیچ کەس شیاوی ئەوە نیە، کە بە برسیەتی سەر بنێتە سەر سەرین!

شێعر زیاتر لە فەلسەفە نزیکە، هەتا مێژوو!

 بیروڕا و تێڕامانی کاک سوارە سەبارەت بە عەدالەت و یەکسانی نێو کۆمەڵگا حورمەتی شیاو هەڵدەگرێ. سوارە لە کۆی بەرهەمەکانی هاواری چ بە شیوەی ئاشکرا و چ بە شێوەی نهێنی بەرز کردوەتەوە و، لەپاڵ ئاشتیخوازی بۆ دیاردەی عەدالەت، دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی ڕاسپاردەی لۆژیک و پەیامی دڵگیری هەیە. بەڕاشکاوی ویست و هاواری خۆی بەرز کردوەتەوە. ئامانجی مرۆڤدۆسانەی سوارە ئەوە بوو کە زۆربەی هەرە زۆری نفوسی کۆمەڵگای کوردستان، چ لە شار و چ لە دێ بەرهەمهێنەری سەروەت و سامانی وڵاتن، و لە ئاکامی ڕەنج و کاری تاقەت پڕووکێنی ڕەنجدەران سەروەت و سامان دەخولقێت. بەڵام هەژاران لە ژیانی شیاوی ئینسان دوور خراونەتەوە و مەحرووم کراون. سوارە بوێرانە ناعەدالەتی و نایەکسانی و تاڵانی سەروەت و سامان و جیاوازیەکان بەرجەستە و زەق دەکاتەوە. داوا لە بیر ڕووناکەکان و پێشڕەوان دەکات بە خامە و هونەرەکەیان، پەردە لەسەر ژیانی دژوار و سەختی هەژاران و ڕەنجدەران لادەن. تا زۆربەی هەرە زۆری نفوسی کۆمەڵگا لە بارودۆخی سیستەمی زاڵمانەی چەوساندنەوە تێبگەن و هەڵویستی مێژوویی بگرن. فینۆمنی چەوسانەوە و تاڵانی دەسڕەنجی بەرهەمهێنەران، لە لایەن توێژێکی تەوەزل و مشەخۆر کۆتایی پێ بێت. لەم سیستەمە زاڵمانەیەدا، کێشەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە ئاستی فرەبەرز گەیشتوە. چینی مشەخۆر کە توێژێکی کەم نفوس، سێبەرنشین و تەوەزلە دەسڕەنجی بەرهەمهێنەران تاڵان ده‌کا و هەڵدەلوشێت. پەیوەندیەکانی چەوسێنەران و چەوساوەکان لە سەر داب و نەریتی “یاسا”ی عەدالەتخوازانە دانەمەزراوە. هەر بۆیە لە کۆمەڵگای دیموکڕاتیک دەبێ دادوەری سەربەخۆ بێت و جگە لە “یاسا” هیچ دەسەڵاتێکی تری بە سەرەوە نەبێت. ئەم ڕەوتە، ناڕاستەوخۆ بەستێنی پێکهێنانی پڕۆسە و کولتوری دیموکڕاسی دەستەبەر و ئامادە دەکات، کە ڕاستەوخۆ بە قازانجی هەژار و فەقیری نێو کۆمەڵگایە و هەنگاو بە هەنگاو و هێواش هێواش یارمەتی پڕۆسەی ئەمنیەت، ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەدات. لە سیستەمی چەوسێنەران بەخاتری زنجیرکردنی بەرهەمهێنەران بە مەیلی خۆیان “یاسا” دەنوسن و پەیڕەوی دەکەن، کە تەنیا قازانجی چینی دەسەڵاتدار دەپارێزێت. پەیام و خیتابەکانی سوارە ڕوو لە هەموو بیر ڕووناکەکان و پێشڕەوانە. چەوسێنەرەکان و حکومەتە توتالیتر و ملهوڕەکان مێشکی شارۆمەندانی کوردیان، بەر لە داگیرکردنی وڵاتەکەیان بە خورافات و ژەهراو و تاڵاوی نەزانین داگیر کردووە. ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگا بە مەبەستی دەربازبوون لە دیاردەکانی تێنەگەیشتن، ڕووبینی و کاڵفامی ڕێگایەکی گونجاوی رزگاری ڕەنجدەرانە. سوارە خوازیاری هەڵتەکاندنی بنەماکانی کومەڵگایە کە بە پێویستی دەزانێت. سوارە لە وتاری “مردن سەفەرێکی دوور و درێژە”، دەردی بێکەسان و هەژاران لە کۆمەڵگا باس دەکات، کە لە ژیانی ئاسایی، له‌ عەدالەت، یەکسانی و بەرابەری مەحرووم کراون.

– دایکی عەزیز هەر ئەوەندی کوتبوو و چاوی ماندووی لە سەریەک دانابووە. لە سیمایا چەوساوەیەتی هەزارەها ساڵ چینی هەژار دەهاتە بەر چاو .

– برا چکۆلەکەی عەزیز لە ئاگری یاوێکی بەتینا وەک پشکۆ و پۆلووی سوورئەگڕا و تەنیایی و بێکەسی پڕ بە ماڵەکە پەنگی خواردبۆوە.

– بیری ئەمە کە بەیانی زەوادیان لە ماڵێدا نییە بێخۆن.

– عەزیز لە دوێشەو هەزار بیرەوەری هێرشیان کرد بووە سەر مێشکی، بیرخودا، بیری نان و بیری دایکی کە لاپێژی ماڵی ئاغایە .

 – عەزیز بەیانی چووبوو بە بێگار بەفری سەربانی تەویلەی ئاغای ماڵیبوو و بەرچایی نەخواردبوو. ئارەقی گەرم لە لەشی ئەهاتە دەرەوە و لەو زستانە ساردە بەخێرایی ئەیبەست. دیار نەبوو لە بەر بێهێزی برسییەتیە یا شەکەتی کاری بێگاری و ڕەنجی خەساری یا لە بەر هەردووکیان. بۆ مەگەر فەقیریی دەردی یەک و دووانە!

٦- شەپۆلی متمانەبەخۆ لە بەرهەمەکانیدا:

 کاک سوارە بە پێچەوانە پێگەی کۆمەڵایەتی و ستاتوسی کلاسیک و سوننەتی بنەماڵە، هەڵویستی لێبڕاوانە و ئاشکرا دەگرێت و لە بەستێنی چینایەتی بە خاتر قازانجی چینی بێدە‌سەڵات و ئامانجی بەرهەمهێنەران ڕاشکاوانە جێگۆڕکی دەکات. کە ئەم پڕۆسە و دیاردەیە لە نێوان ڕووناکبیران و هزروانانی کورد، ئاستێکی بەرزی هەیە و لە بواری خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی لە پێڤاژەی مێژوودا خۆیان بە ڕاوشکاوی نیشان داوە. باری سایکۆلۆژی شارۆمەندی کورد لە لایەن داگیرکارانی هاوسێی “وڵاتی کوردستان” کە تیغی جەللادیان بە خوێنە ڕووخێندراوە و ئەم دیاردەیە لە هەموو بار و بوارێکی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی تیشک و ڕەنگی داوەتەوە. ئێستاش حیزبەکانی کوردستان کە گوایە پێشڕەون، بە ڕۆژ و بە شەو هەڵویستی سیاسیان دەگۆڕن و بە شێوەیەک لە شێوەکان متمانەیان بەخۆیان نیە و یا ئەگەر هەیانە زۆر نزم و لاوازە و باوڕێکی نەلەقیو لە پرۆگرامەکانیاندا نیە. تا حیزبەکان دەردەی شارۆمەندان تیمار کەن، ڕەنگە و پێدەچێت بەردەوام متمانەی شارۆمەندان لەقتر کەن. قۆناغی مێژوویی سەردەم و گڵۆبالیزم حیزبەکانی کوردستانی جێهێشتوە و هەر بە دەور بازنەیەکی سنووردار دەخولێنەوە. کاک سوارە یەکێک لە خامەبەدەستانی کوردە کە ئاشتیخوازەو متمانەی بەخۆ هەیە و پژواک و دەنگ دانەوەی ئەو متمانەیە، لە بەرهەمەکانیدا دیار و ئاشکرا و شەپۆل دەدات. زمانی هەڵبەستەکان و پەخشانەکانی شاکار و ناوەڕۆکێکی بەرزی پڕ شکۆ و مانای ڕئالیستی قووڵیان پێ دەر بڕدراوە کە هەست بە غوروری شکاوی کەرامەتی کورد دەکات. تا ئێستا هیچ نوسراوە و دیکۆمێنتێک سەبارەت بە سەفەری کاک سوارە بۆ ئه‌وروپا نەبیستراوە و نەبینراوە. دیداری ئه‌وروپا ڕاستەوخۆ بینەر دەخاتە بواری هەڵسەنگاندنی ژیانی شارۆمەندانی “وڵاتێک وەک کوردستان” کە کۆڵۆنی هاوبەشی چوار حکومەتی ملهوڕ و دیکتاتورە و لە سەر بیری هەستیاری کاک سوارە بێ تەئسیر نەبووە و بێگومان لە دیتنی ئەو فرە جیاوازییە دڵ بەخوێن بووە. مەحمود دەرویش، فروغ فەروخزاد، گۆران و هوشەنگ ئیبتهاج پاش گەڕانەوەیان لە وڵاتانی ئه‌وروپا نوسراوە و شێعری زۆریان بڵاو کردەوە. جێگای گلەیی و گازندە نیە، بەڵام جەناب ئەحمەدی شاملو سەبارەت بە کوشتاری زیندانیە سیاسیەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی هەڵویستی نەبوو. جەناب مامۆستای گۆڕان سەبارەت بە کۆماری کوردستان لە مەهاباد ساڵی ١٩٤٦ زاینی هەڵویستی نەبوو. فاکتۆرە مێژوویەکان دەیسەلمێنن کە مامۆستا گۆران لە حیزبی شیوعی عێراق کە وابەستە بە حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت بووە پشتیوانی و دیفاعی کردووە. ڕوسیا لە ئاستانەی شەڕی دووهەمی جیهانی و ڕێکەوتنی زلهێزەکان، چارەنووسی گەلی کوردی لە تای ترازووی سات و سەودای نەوتی باکوور دانا و، بەیەکجاری کۆماری مەهابادی بە تەنیا هێشتەوە. بە پێی دیکۆمینتەکان و ئارشیوی بە جێماو، سۆڤیەت بە ئەندامانی حیزبە برادەرەکانی لە جیهان کە وەفادار و پابەندی سیاسەتەکانی ژنڕاڵ ژوزیف جوگاشویلی ستالین بوون ناڕاستەوخۆ هاندەر بووە و ئیجازەی نەداوە کە سەبارەت بە کۆماری کوردستان لە مەهاباد هەستێک دەربڕن و یا شتێک بڵێن.

تراژیدی سەیدەوان!

 لە وتاری تڕاژیدی سەیدەوان، ئەم شانۆیە هاوسەنگ و بەرابەری شاکارەکانی شکسپیر، ئوتیللۆ و هاملیت دەزانیت، و “زەماوەندی خوێناوی” فدریکۆ گارسیا لۆرکا لە چاو بەیتی سەیدەوان ئەوەندە بە بچووک دەزانێت کە مرۆڤی سادیق و ڕاستگۆ ناتوانی بەرانبەر یەکیان دابنێ. هەروەها بەنرخترین شاکاری لۆرکا “گۆرانی گاردی سیویلی ئیسپانیایە” . کە هێزە فاشیستەکانی فرانکۆ چاویان بەرایی نەدا و لۆرکایان تیرباران کرد. یا ئۆپێڕا و هۆنراوە مەزن و دڵگیرەکەی مامۆستا گۆران بە ناوی” قژ کاڵی لێو ئاڵی” و ئۆپێڕای ” گوڵی خوێناوی” زۆر لە جێگای شیاو و بەرزی خۆیاندان و گرانبەهان. سەرجەم و بە گشتی ئاسەواری هەندێ لە نووسەرانی کورد هاوشانی نووسەرانی پایەبەرزی ئوروپا هەڵدەسەنگێنێت. متمانەی کاک سوارە بە خۆی وەک شارۆمەندێکی کورد، لە چڵە پۆپەدایە. لە شێعری “تۆ دەریامی”، ئاوا هەڵویست دەر دەبڕێت:

بەڵام ئەمڕۆ، کە هەر ساتێ دڵی دایکێ،

لە کوردستان هەڵئەقرچێ،

بە هەر بۆمبای سووتێنەرێک، پێشمەرگەیەک،

داری چاکێک دائەقرچێ،

بەڵام ئەمڕۆ من بەشێکی کوردستانم.

لە هەڵبەستی دووی ڕێبەندان بەم جۆرە هەڵویست دەگرێت:

ڕێبەندانی ڕێ نوێنە، لە داگیرکەر سەر شێوێنە،

لە دوژمنان ڕێ بەندانە، بۆ کورد وادەی گۆوەندانە.

شایی نەدار و هەژارە، ئەوجار هەژار خۆی سەردارە.

پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان، هەڵبوو چرای جمهووریمان،

ئەو جار چینی فەلا و کرێکار، قەت ناڵێن خۆزگەمان بە پار.

لەم کۆپلە شێعرەدا وردبینانە ئامانجی پێکاوە وپاڵی بە هێزی لەبننەهاتووی گەل داوە و شاخ و کوێستان بە یاری وەفاداری کورد پێناسە دەکات.

No Friend، but Mountains

ئەی چیا، باوەشت هومێدی گەرمی گەل،

ئەی چیا، ڕەمزی هات و هەل!

بەرزی تۆ، گۆڕی دوژمنی!

سەوزی تۆ، ئاسمانە شینەکەی منی!

نانەوێ سەرت بە بۆمبی ئاگرین،

هەر بژی چیای سەفین و ئاگرین!

٧ – هەژارپارێز و خاوەنی بیری چینایەتی و هەڵوێستی شیاو بۆ ڕەنجی نە پێوراوی ڕەنجدەران:

کاک سوارە تاجی شکۆ و هێژایی بەڕاشکاوی و بوێرانە دیفاع و پشتیوانی لە ماف و ئازادی چینی رەنجدەر و بەلەنگاز و کرێکار دەکا و لە نووکی خامەکەی گەوهەر باریوە. بێگومان سەرخان و ژێرخانی ئابوری ئەو کاتەی ئێران لە سەر ڕوانگەکان و هەڵوێستە سیاسیەکانی ڕووناکبیران کاردانەوە و کارتێکەری ڕاستەوخۆی هەبووە. سوارە خۆی لە ژێر هەورێکی تاریک و ڕەش نەشاردوەتەوە و خیتاب و دیسکۆرسی خۆی بە کۆمەڵگا گەیاندووە. قەڵەمی دژی قەسابەکانی ئازادی و لە خزمەت ڕزگاری و ئازادی ڕەنجدەران بووە. هەڵوێستی بەرزی هومانیستی و بیری چینایەتی و پشتیوانی لە نەحەساوەکان و بەرەی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی باشور لە کۆبەرهەمەکانی ئاشکرایە. لە نوسراوەکانی دەردی بێ دەرمانی چینی هەژارو ئازار و ژانی شارۆمەندان باس و لێکدەداتەوە و لە شێوازی پەخشانی دڵگیر و بڵاوین هەم دەردەکان باس دەکات و هەم ڕێنوێنی چەوساوەکان دەکات تا ئازارەکان بسرەون. پەیوەندیە لۆژیک و عاتیفیەکان لای سوارە هەرەس ناهێنن و، بەویجدانەوە دەڕوانێته‌ دەرد و مەینەتی هەژاران و وەک ئاگری دەشتەوان لە دوورەوە دیارە.

من بۆ خۆم ناژیم، من تەنیا نیم، ئەم خەڵکە هەموویان بەشێکن لە من!

هەندی لە ڕەشاییەکان(خۆش نەژینەکان)* یا لە سەرمای ماڵەکەیان ڕایانکردبوو یا لە بۆڵەی خێزانیان لە بەر نەکڕینی کەل‌و‌پەل و نەخۆشی منداڵەکەیان. ڕەشاییەکانی لە ماڵ تاراندبوو و ڕوویان لە دیوەخانی ئاغا کردبوو، یا گزیر دەنگی دابوون بەیانی بەفری سەربانی ئاغا بماڵن. دایکی منداڵەکە وەک ئاسکێ کە لە دەس ڕاوچی ڕایکردبێ نیگای پڕ بوو لە ترس و دوودڵی، چاوێکی لە چەپەری شڕی ناو ماڵەکە بوو کە مێردەکەی لە دیوەخان بگەڕێتەوە و چاوەکەی تری پاسەوانی منداڵە نەخۆشە بوو.

– پەخشانی غەریبی –

ئەگەر جووتیار بۆ خۆی نچێنێ و بۆ خۆی بدروێتەوە، دەرەبەگ کوا کۆشکی چەند قاتی بۆ بەرز ئەبێتەوە؟

لەو کۆشکانەش ڕۆژێک هەتاو دەتۆرێ.

لە کۆپلەیەکی ئەم هۆنراوەیە، هەڵویستی سوارە مرۆڤدۆستانە و ئومانیستیە و شیعرەکە ناسکە و خەیاڵ تێدا دەفرێ: بە ناچاری هەمان عێنوانی شیعرەکەی کاک سوارەم بۆ هەڵبژارد ودانا.

دیمەنی بەفر و زستان :

سێ چوار ڕۆژ بوو باوکی نازدار،

چوو بوو بۆ شار، چوو بوو جلی بۆ بستێنێ،

کراسی جاو، سەڵتەی بەروپش بەلاشە،

نازدار خۆی پێی داپۆشێ ڕووتی لاشە،

ئێوارەیەک چەند تارمایی، تەرمێک لە کۆڵ،

ئەیانشکاند بەفر و سەهۆڵ،

ملیان ئەنا بۆ ئاوایی،

تەرمی کێ بوو؟ تەرمی کێ بوو؟

تەرمی ڕەق بووی باوکی نازدار!

کردەوەی نامرۆڤانەی دەسەڵاتداران و زلهێزەکان بە نیسبەت هەژارانەوە، ئازاری دڵ و دەرونی کاک سوارەی داوە.

 بۆ نموونە:

ئەو هەموو دەغل و دانە کە لە ئاوی ئوقیانوس ئەکرێ تا نرخی بازاڕی بژیو نەشکێ! بۆ مەگەر هەژار دەردی یەک و دووانە!

ئەگەر کوڕ هەموو ئەوانەی باوکی کچ دەخوازی بکڕێت، پاشان ئەبێ بۆ نانی شەو دەست بۆ ئەم و ئەو درێژ بکا. کەس نیە بە حاجی بڵێ ئەمە کچ بەشوودان نیە، ئەمە کەنیشک فرۆشتنە.

٨ – بە دەسەڵات و پسپۆڕ لە نوسینی وتاری فارسی:

لە بواری زمانی فارسی کە پێنج سەد ساڵە لە لایەن نەتەوەکانی تری ئێرانەوە خزمەت کراوە، دەسەڵاتی بەرز و پەیامەکانی لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە ڕەنگین، قەشەنگ و لە نێرگزە جاڕ  وگوڵەباخی بۆن خۆشی نێو پەرژین دەچن. شێعرەکان و پەخشانەکانی کاک سوارە وەک باخچەیەکی پڕ لە گوڵ وایە، تەنیا ئەوانەی دەیخوێننەوە هەست بە بۆنی گوڵەکان دەکەن. لە هەڵبەستی (ای شمس) سەرەنج بدەنە ئەو تەعبیرە جوانانە کە شارەزایانە پێکەوەی لکاندووە.

 کۆپلەیەک لە شێعری فارسی “یک صمیمی” دەسەڵات و تیژ بینی سوارەی نیشان دەدات.

میتوان، در خلوت شب های بیداری،

یاد یار مهربانی کرد.

یا برای صبح فکر نان و ‌ێ‌بی کرد،

میتوان، عمری بە زندانی، عروسک ساخت،

یا زنبیل رنگی بافت.

دەسەڵات و تواناکانی کاک سوارە لە هەڵبەستی فارسیدا تەنیا بۆ شێعری نوێ ناگەڕێتەوە، لە شێعری کلاسیک و کۆنی فارسیش خامەکەی ڕەنگین و هەڵکەوتوە. بەگشتی وتارە فارسیەکانی لە گۆڤارەکانی “سخن، خوشە و فردوسی “بڵاو دەکردەوە.

شغالان را بە هر سو زوزەای بر لب،

و ترسو روبهان را ساز و ‌ێ‌وائیست.

٩ – ئاشناکردنی نەتەوەی کورد لە گەڵ کولتور و فەرهەنگی نەتەوەکانی تر:

ئەگەرچی ژینۆسایدی کورد بە دەروازەی بان کارەسات گەیشتوە بەڵام، کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و هەرگیز هەڕەشە لە بەرژەوەند و ئاو وخاکی گەلان و حکومەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵات ناکات و نەکردووە. هیچ ئازارێک لەوە سەختتر نیە کە بێگانەیەک لە وڵاتی خۆت دەرت بکات. سوارە لەم ڕێگایە کونجکۆڵ و مکوڕ و شێلگیر بووە و، ڕەنجی فراوانی کێشا و شیاوی ئیحترام و قەدردانیە. لەو ماوەکورتەی ژیانی توانی نەتەوەی کورد لە گەڵ خامە و ئەندیشەی نوسەران و شاعیرانی نەتەوەکانی تر تاڕادەیەک نزیک کاتەوە، کە لە ئاستی خۆیدا ڕچەشکین بوو. “ئەلیکساندر سرگیویچ پوشکین”* هەڵبەستوانی مەزنی روسیا، هەڵبەستێکی گوتوە کە دوکتور “پەرویز ناتل خانلەری” کردوویە بە فارسی. ئەم شێعرە لە لایەن ڕێزداران: مامۆستا هەژار و کاک سوارە لە زمانی فارسیەوە، تەرجومە کراوە بە کوردی و بە ناوی هەڵبەستی “هەڵۆ” ناسراوە. بە پێوەرەکانی زانستی و عیلمی و عەروز و قافیە و پرنسیبەکانی شێعری کلاسیک، هەم سواره‌ و هەم هەژار خزمەتێکی چاکیان بەم زمانی کوردی و ئیستعارەکانی کردووە. لە هەمانکاتدا، شارۆمەندی کوردیان لە گەڵ هەڵبەست و چۆڕاوەی بیری هەڵبەستوانانی بێگانە و لەوانە ڕووناکبیری رووسی و ئەرمەنی ئاشنا کردووە. لە تەرجومەی شێعرەکەی “پۆشکین”، کە پەیام و ڕاسپاردەکان لە شێعری “هەڵۆ” کۆکراوەتەوە، ژیانی سەخت و دژوار و نەهامەتیەکانی کۆمەڵگا و ژیانی پڕ لە کوێرەوەری باس دەکات. کە مرۆڤگەلی لێبوردوو، خاوەن هەڵویست و نەڕووخاو و پێشڕەو دەتوانن ژیانی سەربەرزانە وەک هەڵۆ هەڵبژێرن و نرخی گرانی ئەو ژیانە پڕ کێشەیە لە ئەستو بگرن. سوارە لە ڕێڕەوەکانی ئەندیشە و داڵانەکانی بیر جوامێرانە تێپەڕ بووە.

تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟

بۆ لەشی ساردەوە بوو تینێ بێ؟

تۆ بڵێی ئەو خەوە هەستانی بێ؟

یانە ئەو قافڵە وەستانی بێ؟

ژینی کورت و بە هەڵۆیی مردن

نەک پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن

لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی

چۆن بژی شەرتە نە وەک چەندە بژی!

شێعری شاعیرێکی ئەرمەنستان بە ناوی “پێتڕۆس دووریان”، کە هاوڵاتیەکی ئەرمەنی بە ناوی “خاچادووریان” شێعرەکەی لە زمانی ئەرمەنی، بەفارسی تەرجومەی کردوەتەوە. کاک سوارە ئەم تەرجومە فارسییەی شارەزایانە و پسپۆڕانە وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و گیانێکی تازە و زیندووی بەبەردا کردووە. کۆپلەیەک لە هۆنراوەیە: کاک سوارە ناڕاستەوخۆ لەم کۆپلە تەرجومە کراوەدا وەسفی چارەنووس و ژیانی سیاسی – کۆمەڵایەتی پێشڕەوانی جیهان کە بێ گۆڕن و سەربازی ونن دەکات.

وا مەزانن من مردووم، من زیندووم،

بەڵام ئەگەر گۆڕی من بێ ناو نیشان،

لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە پانەدا داکەوێ،

و بیرەوەریم لە یادی خەڵكا بێ ڕەنگ بێ،

ئاخ … ئەو کاتەیە کە من ئەمرم!

کاک سوارە لە هونەری تەرجومە، کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی ئەو نوێنەری دەکات، خامەڕەنگین و پاراویی زمان و ڕەوانبێژیی نیشان دەدات. شێعری بانگەوازی پەنجەرە کە هی خۆیەتی بە فارسی تەرجومەی کردووە و بە ناوی “دعوت پنجرە” بڵاوبوەتەوە، کە گیانێکی تازەی بەبەردا کردووە و لە ئاستێکدا تەرجومەکە جوانە کە لە دەنکی هەنار دەچێت.

١٠ – ڕخنەگرێکی دلۆڤان و ڕێپشاندەر:

بێزار و بێڕەحم لە هەڵویستی ڕووناکبیری وردەبورژوا، کە بە پێی خەسڵەتی چینایەتی ڕاڕا و فرە جێگای خۆی لە خەباتدا دەگۆڕێت. ڕووناکبیرانێک کە بە هات و هاوار دەم هەراش و بە کردەوە پاسیڤ و شتێکی ترن. جێ سەر سوڕمان و داخێکی گرانە کە ڕەخنەی هەندی کەس دڵشکێن و سەرشکێنە. لە شیعری ئێوە کێن؟ خێڵی درۆ! لە هەڵکەوتوە ئیلیتەکان و ڕووناکبیرە هەلپەرەستەکان چ توندڕەوەکان و چ نەرمڕەوەکان کە وەرچەرخانێکی مێژووییان کردووە و بەشێوەیەک لە شێوەکان پاڵیان بە دیاردەی دیماگۆژێەوە داوە، ئاوا سکاڵا دەکات.

نیشتەجێ شاری بە گرمە و دووکەڵ،

ئێوە ئەی کرمی کتێب،

خوا نەکا بای بە تەوژمی کوێستان،

لابەرێ پەردە لە سەر باڵاتان!

ئێوە کەی شێری چیان؟

بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن،

ئێوەن و ئێوەن و لۆکەی گوێتان

بەسیەتی …. بەسیەتی!

ئێستا وا گرمە لە کێوان بەرزە.

یا سەبارەت بە شیعری عەروزی هەڵویستێکی بوێرانەی دەربڕیوە.

شێعری عەروزی خواستی کەمایەتیەکی ئەشراف و ئاریستوکرات وەک دەرەبەگی خاوەن دەسەڵات و چینەکانی تری حەساوە و تێر و تەسەل بوو، کە نیازی بە وێژەیەکی دوور لە تێگەیشتنی چەوساوەکان بۆ خەڵەتاندیان و گێژ کردنیان بوو.

خیتاب و دیسکۆرسی ئەم هەڵبەستە کە خامەی کردوەتە چەک و وشەی کردوەتە گوللە، و پێ دەچێت ئاماژە بە بزووتنەوەی ڕێزدار کاک سمایلی شەریف زادە و هاوڕێکانی لە ساڵاکانی ٤٧-٤٦ هەتاوی بێت. کە دژی میلیتاریزم و دیکتاتوری سیستەمی پاشایەتی لە ناوچەی دارێنەی سەردەشت و بانە ڕاپەڕین و لە پێناو دامەزراندنی ئازادی و دیموکڕاسی تاجی سەربەرزیان لەسەرنا. لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، شۆڕشگێڕانی مەریوان و سنە پەیکەر و مینۆمینتی یادگاری و بیرەوەری لەو جوڵانەوەیە لە گۆڕستانی تایلەی سنە دامەزراند و، مەراسمێکی شکۆداریان بۆ ڕێکخست. کاک سوارە بەردەنگ و خیتاب و دیسکۆرسی ڕووناکبیری وردە بورژوای ئەو سەردەمەی ئێڕان و تارانە. کە ناپەیگیر و ڕاڕان و تانەیان لێدەدات و لۆمە و سەر کۆنەیان دەکات، بۆ لە شار دانیشتون و قسەی زل دەکەن و یارمەتی جوڵانەوەکە نادەن. بێزاری و نەفرەتی خۆی لەم بەیتەدا بە ناوی “کرمی کتێب” دەربڕێوە، و نرخ دانان بۆ پەخشانی کوردی پاراو و بلاوێن، ئامانجی کاک سوارە بووە. لە وەڵامی بیسەرێکی ڕادیو کرماشان ئاوا دەڵێت: وەک ئاسکی ڕەوەک لەم عەربییە تەق و ڕەقەی تۆ سڵ دەکات. سوارە بە شەهامەتەوە ڕەخنەی یار و نەیاری وەردەگرت و هەمیشە لە ڕوانگەی ڕەخنەگران پێشوازی سەمیمانەی دەکرد.

١١ – دوکتورینی مائوتسەتونگ

 شۆڕشی سپی!

هەڵویستی کاک سوارە لە هۆنراوەی شار ناکرێت پێوەری هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ناسک و بیرمەندانە و ڕچەشكینەکانی بێت. لەم هەڵبەستە تەعبیر و لێکدانەوە و سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی و ئانالیزی نووسەری ئەم وتارە(ڕەشاد) و ڕەنگە شارەزایان و پسپۆڕان و بەڕێزانێکی تر ئەوەیە بێت. پڕۆسە و پێڤاژەی مێژوویی دەورانی خۆی و ئەو ساڵانە کارتێکەری تەواوی لە سەر بیر و ئەندێشەی کاک سوارە داناوە. لە دەیەی چل و بگرە تا نێوەی ئاخری پەنجاکان، وڵاتی شوراکان و سۆڤیەت ئیتر قیبلەی ڕووناکبیرانی چەپ و مارکسیست جگە لەچریکی ئەکسەریەت و حیزبی توودەی ئێرانی و حیزبی شێوعی وڵاتانی عەرەبی نەبوو. تێزی سێ جیهان و دوکتورینی مائوتسەتونگ، بەسەر بارودۆخی سیاسی – کۆمەڵایەتی وڵاتانی لە حاڵی گەشەکردندا زاڵ بوو. پەیتا پەیتا چۆڕاوەی بیر و شەپۆلی ئەندێشەکانی مائو، لە کتێبەکانی چین و بە تایبەت کتێبی سووری مائو جێگای بە مارکسیزمی نەوعی رووسی، کۆریا، ئالبانی و کوبا تەنگ و لەق کردبوو. ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمە زۆربەی کتێبەکانی مائویان بەخەتی خۆش و جوان دەستنوس و کۆپی دەکرد و بە هەر کەسێک متمانەیان کردبا، دەدا و بڵاویان دەکردەوە. لە هەمانکاتدا کاردانەوەی چاکسازی و ڕیفورمی” شۆڕشی سپی” سیستەمی پاشایەتی، کۆمەلگای ئێرانی بەرەو حوزووری چینی کرێکار و هێزی کاری هەرزان بردبوو، کە ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسی- کۆمەڵایەتیە ئانالیز و لێکدانەوەی ئێلیت و نوخبەی سەرانسەر ئێرانی بەرەو پێداچونەوە و وەرچەرخان بردبوو. زۆر ئاسایی بوو کە ڕووناکبیر لە شارە گەورەکانی ئێران خەریکی خوێندنی بواری زانستگا بێت و بەر شەپۆلی بیری مائۆتسە تونگ و تەنانەت “هوشی مین” نەکەوتبێت. جیهانبینی مائۆ و تاکتیکی شۆڕشی وڵاتی چین گەمارۆی شارەکان لە ڕێگای دیهاتەوە بوو و ئەم تاکتیکە تەقەدوسی پێ درابوو. کە دێهات ناوەندی خواردەمەنی، سەنگەری قایمی شۆڕشگێڕان، جێگای حەسانەوە، پارێزراو لە هێرشی دوژمن، خاوەنی هێزی ڕەنجدەری فراوان، و لە جێگای ژیانی گوندنشینەکانەوە گەمارۆی شار بدرێت. چونکو دووکەڵ وەک شەرای مەرگ شاریان داپۆشیبوو. وەزن و پلە و جێگای سیاسی و ستراتیژی دێهات هەتا چاو تەتەری دەکرد بەرز دەبوەوە. بۆیە ئەو بارودۆخە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لە سەر بیر و هزری ڕووناکبیران دانابوو. حەسرەتی گەڕانەوە بۆ گوندەکان، کە تاڕادەیەکی بەرز بە نیسبەت شارەکانەوە کەم نفوس و نۆرمی ژیان پێشکەوتوو نەبوو و، خەمخواردن و تاسەی ئەو کاتانە نایەتەوە و ڕابوردووە و، سۆز و دڵتەنگی بۆ نیشتمان و هەستی تاڵی غەریبی کە لە فینۆمن و دیاردەی “نوستالۆژیا” پۆلبەندی دەکرێت. پێموانەبوو تا ئەو ئاستە شێعری شار سەرنجم بەند دەکات. بە ئاشکرا لە شێعری “شار” و دەقی وتاری “گەڕانەوە” دیاردەی نوستالۆژیا زاڵە. وشەکانی کەلەبچە، ئاسن و مەنارە، جاڕە گوڵ، دەوار، کۆچ، کووچە تەنگەکان، عەشیرەت، هەوای دووکەڵاوی شار (پەخشانی ئەڤین) هاواری مرۆڤێکی ئازادیخواز و هەستیارە کە بارودۆخی شار لە گەڵ هەستی ناسکی شاعێر ناکۆکن و یەک ناگرنەوە. شار ئاماژەیە بە گەندەڵی، دوژمنایەتی، خۆپەرەستی، ململانی، تاوان، ئیش، ئازار، بێویجدانی، ترس، تۆقین و کوشتنی بەها بەرزەکان. ناکرێ و ڕەوا نیە بە چاوی رخنە، پەڵپ و بەهانە و ئیراد لە هونراوەی شار بگرین. لە پەخشانی “گەڕانەوە”، لە زمانی شارۆمەندێکی کوردەوە بە ناوی هۆمەر ئاوا دەڵێت: پاش شەش مانگ بێدەنگی خەستەخانە و نێوە نووزەی نەخۆش و چرپەی بە ئەسپایی نەخۆشەوانەکان، هەرای ناو شەقام بۆ گوێی هۆمەر لاوێنەرەوە بوو، چونکە نیشانەی ژیان و کار و زیندوو بوون بوو. لەو ڕوانگە و دیدگاوە کاتێک وەزنی شار بۆ خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی نرخی لە ئاستی دێهات نیە و، هەڵکشان و داشکانی بزووتنەوەکانی باشور و کارتێکەریان، ئاڵترناتیڤ دەبێتە ئەو ڕووپەڕە جێوگرافیاییە(دێهات) کە لە گەڵ ئەو شانە فیکریە (بافت فکری) بیروبۆچون و هزرەی بزووتنەوەکانی باشور کۆکە. یانی بزووتنەوەی چەک و پێشمەرگایەتی لە شاخ و کێوەکان و دابڕان لە شار. ڕووناکبیرانی ئێرانی هەنگاو بە هەنگاو و پسکۆ پسکۆ لەو لێکدانەوە و دوکتورینی مائۆ دوور کەوتنەوە و بەرەو مارکسیزمی سەردەم گەڕانەوە، کە بەڕاستی وەک فاکتۆرێکی دیاریکەری کۆمەڵایەتی و، پڕۆسەیەکی سەخت و دژوار و درێژ خایەن بوو و هێواش هێواش ڕەوتی ئاسایی و نورماڵی خۆی پێوا.

 شار:

لە شارەکەت کە ڕەمزی ئاسن و مەنارەیە،

مەلی ئەڤین غەوارەیە،

ئەڵێی لە دەوری دەست و پێم،

ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە، کەلەبچەیە،

لە شارەکەت زەلیلە شێر، باوی ڕێویە،

ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت،

گوڵم! هەرێمی زۆنگ و زەل،

چلۆن ئەبێتە جاڕە گوڵ،

منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەردەوارەکەی عەشیرەتم،

بە دارە تەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت، ڕانەهاتووە لەشم.

١٢ – سەرەتای بیری ژینگەپارێزی:

لە پەخشانی کەویار کە قارەمانی وتارەکە مەحموود ناوێکە لە هەڵویستەکانی دژایەتی باوکی کە ڕاوچی و نیچێرەوانە دەکات، لە باوکی پرسیار دەکات بۆ بە تفەنگەکەت پۆلێک کەوت کوشتوە؟ بریندار کردووە؟ مەحموود دەڵێت باوکە یەک کەو بۆ خۆمان دووان بۆ فرۆش، ئەوانی ترت بۆ کوشت.

لە پەخشانی ڕووبەندی شار، سروشت و سوڕانەوەی خۆرەتاو و دەشت و مەزرا و ژیانی گوند، کە ساکار و لێواولێو لەسەداقەتە، وەک هێمنکەرەوەی ئازاری دڵ و دەروون و بواری ژینگەپارێزی و پشتیوانی لە باڵندەکان باس دەکات. لە وەسفی کچێکی گوند نشین تەعبیرێک لە جوانی ژینگە و سروشت دەنوسێ کە پێت وایە خۆت لە نێو کەروێشکەی پەڵە گەنم و جۆ تێپەر دەبێت و، پیاسەی یار تیری ئەڤینە و دڵی ڕێبواری سمیوە.

لار و لەنجەی لە کەروێشکەی گەنم و  جۆ جوان ترە، دەنگی لە قاسپەی کەو دڵڕفێن ترە!

١٣ – ئاوڕدانەوە و تێڕامانێک لە ڕوانگە و بۆچوونەکان!

ڕەمزشکێنی و کودشکێنی شێعری شار فرە سەختە و ئاسان نیە. ئەو وەرچەرخان و گۆڕانە فیکری و هزریە کە ڕووناکبیرانی کورد و ئێرانی لە دیاردەی پۆپۆلیزم و بڕیار و هەڵویستەکانیان کردیان، کاک سوارش پەیڕەوی کردووە و بیر و ئەندیشەی لە گەڵ ڕەوتی مێژوو گونجاندبوو و ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی کردبوو. دەبوا بێزاری و دووری لە شار لە ئاستێکی تری سۆسیۆلۆژی و کۆمەڵ ناسی نیشان درابا. بەتایبەت شێوە و فۆڕمی ژیان لەشار پێشکەوتووتر و مودێڕن تر و پەساپەسا لە بواری گۆڕانی بەرەو پێشە. کۆنووسەکانی کاک سوارە سەبارەت بە ئانتاگونیزم و ناکۆکیەکانی ژیانی چینەکانی نێو شار تاڕادەیەک تۆخ نیە و لە لایەن نووسەرەوە کەمتر سەرنج دراوەتە بەشی زۆرینەی ڕەنجدەرانی پەراوێزخراوی شار و کەمتر باسی پارادۆکسی ناو شار و کێشە کەڵەکەبوەکانی کراوە. لە حاڵێکدا هێزی کار لە دێهاتەوە بەرەو شار کۆچی کردبوو وجوڵابوو و لە قەراخ شارەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری شار نیشتەجێ بووبوون و، فاکتورگەلێکی دیاریکەری ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بوون.

هەڵویستی شاعیران هەندێجار ڕیزپەڕ و ئاوارتەیە و داوەری ئینتماکان تا بڵێی سەخت و دژوارە. ڕێزی شاعیرانی نوێخواز و خۆشەویستی جەماوەر و حورمەتی نەپێوراوی نووسەران و هەڵبەستوانانی پێشڕەوی کۆمەڵگا فرە پێویستە. چونکو ئەگەر خۆپەرەستی، قازانجی بەرتەسکی حیزبی و ئامانجی سنوورداری کەسەکان زاڵ بێت، بڕوام وایە هەم تاوانە و هەم ڕەوا نیە.

هەڵوێست و بڕواکانی کاک سوارە گەورەیی و ستاتوسی بەرزی، پێ بەخشی و پێشکەشی کرد. ئانالیز و لێکدانەوەکانم لە ناتەواوی بە دوور نیە. ئاواتەخوازم مینۆمینت و پەیکەری کاک سوارە و کاراکترە لایەق و کاریزما خۆشەویستەکانی تری گەلی کورد، کە شیاوی حورمەت و ڕێزی فراوانن، هەرچی زوو تر لە زانستگاکانی کوردستان، پارکە گشتیەکان، شەقامەکان و مەیدانەکان دابنرێن.

پەراوێز وزانیاری پێویست:

 ١. مائوتسەتونگ (Mao Zedong)

(١٩٧٦- ١٨٩٣)

لە ڕوانگە و بیر و باوەڕ و هەڵویستەکانی مهاتماگاندی و ژوزیف ستالین کەڵکی وەرگرت، پاشان بەرەو مارکسیزم. لنینیسم هەڵسوڕا. ساڵی ١٩٤٩ شۆرشی چین سەرکەوت ومائو کۆماری گەلی چینی دامەزراند و، ڕێگا پێوان و مارشی گەورەی ڕێکخست. مائۆ پێ وابوو فەرهەنگ لە سەر ئابوری سوسیالیستی کارتێکەری بەرزی هەیە. شۆڕشی فەرهەنگی ساڵی ١٩٦٦ی زاینی وەک بەرگری لە لادان و بەرخودان دژی گەندەڵی و هزر و بیری ڕویزیونیستی بەدەستەوە گرت و، وەک ئامێری سەرکوتی نەیاران و دژ بەرانی خۆی بە کاری هێنا و زۆربەیانی لە حیزب دەر کرد. گاردە سوورەکانی ١٩٦٦، گەنجانی لایەنگری ڕێبازی مائۆ و حیزبی دەسەڵاتدار بوون. لەو دەورەدا تەنانەت “چۆئن لای” دەسگیر کرا و خودی مائۆ ڕزگاری کرد. زۆر بێ ڕەحم و بە یار و نەیار سوکایەتیان کردو، سیاسەتوانان شۆرشی فەرهەنگی مائۆ بە هەڵەیەکی ستراتیژی لێک دەدەنەوە. مارکسیزمی مائۆ هەر لە هەوەڵەوە مارکسیزمی غەیرە چینایەتی و ناوەڕۆکی ناسیونالیستی هەبوو. لە ڕێباز و ئەندیشەی مائۆ “جەماوە” جێگای چینە کۆمەڵایەتیەکان دەگرنەوە. مائۆ لە زانسگاە، مێژووی خوێندبوو و ماوەیەک لە کتێبخانەی پکەن ئیشی کرد.

 ٢- میتۆلۆژی (Mythology): ئەفسانە گەریی، ئەفسانەناسی کە فەرهەنگ و کولتورە کۆنەکان باس دەکا.

٣- ساتیر (ئیرۆنی، تەنز)Irony) (Satire:

 شێوەیەک لەنووسینە کە لە تەنز و ئیستعارە کەڵک وەردەگێرێت. تەنز و ساتیر و ئیرۆنی مانای تا رادەیەک یەکسانیان هەیە، بەڵام ئیملای وشەکان جیاوازیان دیار و بەرچاوە.

٤- برابری، یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی:

 (Equality، Social justice ,Uniformity ,Equalization)

لە کۆمەڵگایەک، کە دیاردەی عەداڵەت، یەکسانی و بەرابەری شارۆمەند لە گەڵ یەکتر لە بەر چاو گێرابێت و یاسا سەروەر بێت، ئەو کۆمەڵگایە پێشکەوتووە و کولتوری دیموکڕاسی، پێوەری هەڵسەنگاندنی ئاستی ژیانی خۆش، ئەمنیەت و پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان بێ جیاوازی فەرهەنگی، ڕەنگی پێست، نیژاد، پەیوەندی ئاینی و ئاین زاکان، جینسی و زمان و کولتوریە. بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیموکڕاتیک هەوراز و هەڵدێر و سەرەوژوور و بەرەوژێر و هەڵکشانی و داکشان وەک بوار و پڕۆسەی ئاڵ وگۆڕەکان ،پێویستە.

٥. ڕێزدار شنۆ محەمەد مەحمود، لە زانکۆی کۆیە ساڵی ٢٠٠٦ زاینی، تیزی دەورەی فەوق لیسانسی (ماجیستێری) لە ژیر ناوی “ڕۆلی سوارە ئیلخانی زادە لە نوێگەری شێعری کوردیدا ” پێشکەش کردووە.

٦. هەڵوێست، ئانالیز، تەحلیل، لێکدانەوەیەکی لۆژیک و پڕ ناوەڕۆکی بەڕێزان: پ. د. زاهیر لەتیف کەریم و، پ. د. نیان نەوشیروان مەستی سەبارەت بە فورم و ناوەڕۆکی شیعری نوێی سوارەی ئیلخانی زادە، کە خاک تیڤی بڵاویکردوەتەوە.

٧. پیترۆس دووڕگان (Petrus Doorjan) -(1851-1872):  لە ئەستەموڵ لە دایک بووە. شاعیریکی ئەرمەنی بووە. تەنیا ٢١ ساڵ ژیاوە. نەخۆشینی سل کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

٨. ئاریستوکرات (Aristocrat): لایەنگر و ئەندامی چینی ئەشراف، کە دەسەڵاتی ئابوری و سەروەت و سامانی زۆریان لە کۆمەڵگا هەیە.

٩. ئەلیکساندیر پۆشکین (Pushkin Alexander) – (١٨٣٧- ١٧٩٩)

 شاعیر و ڕەخنەگر و نووسەرێکی پایە بەرزی ڕووسیە. شێعرەکانی بە شێوازی ڕۆمانتیسم گوتوە و، بناغەی ئەدەبیاتی ڕووسی داناوە. چەند جار بە دەلیلی کاری سیاسی دوور خراوەتەوە. بۆ وڵاتی مولداوی تەبعید کراوە ودژی ئیمپڕاتوری عوسمانی و، بەخاتر ڕزگار کردنی خەڵکی یونان خەباتی کردووە و یارمەتی یونانیەکانی داوە. لە کولتوری دووئیل، ئەندیشەی ئەشرافیەت و پیاوسالاری زاڵە و وەک “کالا” چاو لە ژنان دەکرێت . هەم پوشکین و هەم لیرمانتۆف شاعیری بەتوانای ڕووسیا، بە خاتر ژنەکانیان بەشداری دووئێلیان کرد وبە شێوەیەکی سامناک کوژران.

١٠. فدریکۆ گارسیا لۆرکا (Federico Garcia Lorca) – (١٩٣٦-١٨٩٨)

شارۆمەندی ئیسپانیا، شاعیر، نووسەر،شێوەنگار، ژەنیاری پیانۆ، ئاهەنگ ساز و شانۆ نووس کە بەدەستی هێزەکانی ژنراڵ فرانکوی فاشیست کوژرا.

١١. ڕەشاییی یا قەرە: بەو توێژ و گروپانەی نێشتەجێ گوندەکان دەڵێن، کە بەتایبەت زەوی و زاریان نیە و لە پێکهاتەی کۆمەڵگا تەنیا هێزی کارن. بارودۆخی ژیانیان لە تاڵ، تاڵترە و دەسەڵاتی ئابوریان لاواز و کزە. ژیانیان لە چڵەپۆپەی هەژاریدایە و خۆش نەژینن. ڕەشایی، قەرە و خۆش نەژین هاومانان و لە یەک کاتگوریدا پۆلبەندی دەکرێن.

١٢-هەندی وشەی بێگانە: دیماگۆژی،نوڤل، ئافوریزم، ئێرۆنی، نوستالۆژیا، دووئێل

(Demagogy, Novell, Aphorism ,irony,Nostalgia,Duell)

Avatar photo

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ د. که‌ماڵ سێدۆ

هێما: ئیوه‌ خۆتان له ئینستیتووتێکدا ئیش ده‌که‌ن که‌ ئاوڕ له‌ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان و نه‌ته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه‌کان ئه‌داته‌وه‌، واته‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ که‌ به‌پێی یاسا و ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان زوڵم و سته‌مێکی گه‌وره‌یان لێده‌کرێ. ئێوه‌ خۆتان به‌ گشتی دۆخی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی چۆن ده‌خوێننه‌وه‌ و پێتان وایه‌ تا چ راده‌یه‌ک له‌و ئاسته‌دا دادپه‌روه‌ری به‌دی ده‌کرێ؟ ئێمه‌ که‌م تا زۆر […]

Read More
سیاسی کۆمەڵایەتی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن

هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه‌ وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده‌، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته‌ ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له‌ کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟ شێرزاد حه‌سه‌ن: له‌ راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌ یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش‌ قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه‌)، هه‌ر له‌‌و کاته‌وه‌ تۆمارکردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌ […]

Read More
سیاسی

شۆڕشی ژینا، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کوردستان و ئێران

ئه‌وه‌ زیاتر لە پێنج مانگ بە سه‌ر دەستپێکی نوێترین ڕاپەڕین لە کوردستان و ئێران تێپەر دەبێت، بە بڕوای کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵناسی بیانی و ناوخۆیی ئەو ڕاپەڕینە وەک رێنه‌سانسێک دەتوانێ پێناسە بکرێک کە لە دوو ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆک کۆمەڵگەی خستۆتە ئاستێکی نوێوە، واوه‌تر سەری گەڕانەوەی نییە و دەتوانێ سەرەتای شۆرشێک بێت کە بنج و […]

Read More