لە محەمەدی بڕواوە بۆ محەمەدی مێژوو

لە محەمەدی بڕواوە بۆ محەمەدی مێژوو

لە نووسینی العفیف الاخضر

 

خوێندنەوەكردن بۆ كتێب گرنگی‌و كاریگەری هەیە لە سەر خوێنەر، بەتایبەتی خوێندنەوە بۆ هەندێك لە کتێبە قەدەغەكراوەكان هەمیشە توانیویەتی ببێتە سەرچەشنی گۆڕان‌و تێفكرینی زیاتری مرۆڤایەتی بۆ مێژووی خودی مرۆڤ و پڕۆسەی ژیان. ئەم كتێبەش بەجۆرێك لە جۆرەكان هەوڵیداوە دەست بەرێت بۆ قەدەغەكراوەكان‌و ڕاستیەكان لە گۆشەنیگای زانستی‌و لە ژێر تیشكی زانستی سەردەم‌و بەراوردكردنی لەگەڵ سەردەمە كۆنەكان هەڵسەنگێنێت. بۆیە پاش خوێندنەوەی بە شیاوم زانی بەو ڕادەیەی پێم دەكرێت خوێنەری كوردیشی لێبێبەش نەكەم. باسكراوەكان لەم كتێبەدا لەگەڵ خوێندنەوە جۆراوجۆرەكان لە محەمەدو مێژووەكەی لەلایەن لایەنگرانی، ناتەبایی زۆری تێدایەو وەك باسم كرد به‌ یارمه‌تی بواری زانست‌و كەڵك وەگرتنی نووسەرو پشتبەستن بەتێزە زانستییەكان هاوكاری بووە لە دەربڕینی ڕاستەقینەو هەروەها ڕاست كردنەوەی دەیان هەڵەی مێژووی كە بەداخەوە ئێستاكە بۆ زۆر كەس پیرۆزییەتی هەیە.

به‌شی یه‌که‌م
ئه‌م کتێبه‌ ژیانی محه‌مه‌د و ئایینه‌که‌ی له‌ دونیای مێتۆلۆجیه‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ ناو کایه‌ی مێژوو. مێژوویه‌ک که‌ ڕووداوه‌کانی چۆن له‌ دواییدا کاریگه‌ری له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب و دونیای ئیسلام دانا.
ئایەتەكانی قورئان پەیوەندیەكی قوڵیان بە ڕوداوەكانی ژیانی محەمەدوه هەیە، تەنانەت بەشێكیان پەیوەندن بە ژیانی مناڵیه‌وه. محه‌مه‌د هێشتا كە لە سكی دایكیدا بووە باوكی مردووە، هه‌ربۆیه‌ وەك مناڵیكی سەرخۆرە ناوزەدكراوە. بەعەرەبی پێی دەڵێن: (ا‌حرف)، جا لە كۆمەڵگه‌ی دەشتەكی یان ڕاستر بڵێین، كۆمەڵگای باوكسالاری مناڵی سەرخۆرە خۆشەویست نەبووە. هەروەها پیاوێك كوڕی نەبێت لە كۆمەڵگای دەشتەكی جێگای شەرمەزاریی بووە، گەر خاوەنی چەندەها كچیش بێت هەر پێێ دەڵێن وجاخكوێر! محەمەدیش کوڕی نه‌بووه‌! ئەمەش بێگومان كاریگەری لەسەر باری دەروونی هەبووەو لە ئایەتەكاندا رەنگیداوەتەوە.
خاڵێكی گرنگی تری ئەم كتێبە لێكدانەوەی بەشێكی ئایەتەكانە لە ڕووی زانستی دەروونناسییەوە، محەمەد هەرچەندە سەر بە بنەماڵەیەكی ئۆرستوكرات بووە، بەڵام وەك پێشتر وترا، محه‌مه‌د لەسكی دایكیدا بووە که‌ باوكی مردووەو هەر لە تەمەنی منداڵیشیدا دایكی مردووە، دواتر لەم ماڵ وئەوماڵ بەخێوكراوەو ئەوەش كاریگەریی لەسەر باری دەروونی هەبووە. وەك بخاری باسی دەكات، محەمەد چەند جارێك هەوڵی داوە خۆی بكوژێت.
ئایەتە توندوتیژەكان وەك سەربڕین و قاچبڕین، ملپەڕاندن، گوێبڕین و چاو و ددان هەڵكۆڵین تاوەكوو نەزاو جوێنەكان، پەیوەندی بەو بارە دەروونیوە هەیە كە محەمەد تێیدا ژیاوە.
لە سیرە ابن هاشم له‌ لاپه‌ڕه‌ ٢٤٦ باسی ئەوە دەكات: لەشەڕی حەنین ژنێك بەناوی شەیما وەك جەنگاوەرێك بەرگری لە هۆزەكەی دەكرد، لەلایەن شەڕكەرەكانی محەمەدەوە بە دیل دەگێرێت و دەڵێ: من خوشكی پێغەمبەرم بە شیری. دەیبەن بۆ لای محەمەد، ئەویش دەڵێت بەچ هۆكارێك و نیشانەیەک دڵنیابم که‌ تۆ خوشكی منی؟ شەیما پشتی پیشان دەدات و دەڵێت، لە بیرتە بە مناڵی بەتوندی گازت لە پشتمگرت؟ ئیتر محەمەد بە نیشانەی گازگرتنەكە دەكەوێتە بیری كە شەیما خوشكی شیری بووه‌و لە ماڵیكدا پێكەوە بەخێوكراون‌ و بەم بۆنەوە ئازادی دەكات.
بەم گێڕانەوانە ڕوون دەبێتەوە كە محەمەد بەهۆی ئەوەی هەر لە منداڵیەوە خاوەن دایك‌و باوك نەبووە، وەك مناڵیكی هەتیوو لەماڵان گەورە بووە، هەروەها خودی محەمەد پاش هێنانی ١٨ ژن كوڕی نەبووە، تەنیا كوڕێك نەبێت كە ئەویش لە ژنەكانی نەبوو، بەڵكوو لەمارییەی قوتبی كە كۆیلەی بوو، ئەو مناڵبوونەش دوایی بووە جێگای گومان! محەمەد ویستی ماپوری ئامۆزای (ماریە قوتبی) بكوژێت، پاشان ئاشكرابوو ماپور لەو كۆیلانە بووه‌ که‌ خه‌سێنراوه‌ و توانایی سیکسکردنی نییه‌. به‌م جۆره‌ ئیتر واز له‌ ماپور ده‌هێنێت.

بەراوردكردنی قورئان لەگەڵ زانست
خوێنەر لە خاڵی كۆتایی ئەم كتێبەدا بەراوردكردنێك لەنێوان قورئان‌و زانستدا دەخوێنێتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی نووسەر باوەڕی وایە: قورئان نەستی محەمەدە، كە بە كۆمەڵێك گرژی دەروونی و چەپاندن داپۆشراوە.
بەشێكی تری ئەم كتێبە باس لە چۆنییەتی كاریگەری كەسەكان وەك وەرقەی كوڕی نوفل لە شاری مەكە و سلمان فارسی لە شاری مەدینە دەكات و تێیدا بە چەشنێك وەیكچوونێكی زۆر لە نێوان قورئان و تەورات، قورئان و ئاڤێستا پیشان ئەدات‌و هەروەها هەندێك كاریگەری شاعیرەكان، تەنانەت خەلیفەكان وەك ئەبوبەكرو عومەر لە ئایەتەكاندا رەنگ ئەداتەوەو دەبینرێت.
لە كاتی خوێندنی ئایەتێكدا هەنێك جار ئامادەبووان كاریگەریان لەسەر ئایەتەكان هەبووە، وەك سیوطی لە كتابی (الدر المنثور فی تفسیر الماثور) باس لە سوڕەتی ژن/ نسا‌ء دەكات كە دەڵێت ئەوانەی كە دانیشتوون ناڕۆن بۆ جیهاد. كوێرێك بەناوی ابن مكتوم دەڵێت ئەی پێغه‌مبەری خوا منیش؟ ئیتر ئایەتەكە ده‌ست به جێ له‌وێدا گۆڕانی بەسەردا دێت و دەڵێت بێجگە لەوانەی شەل وكوێرن (بڕوانە تەفسیری تەبری لاپه‌ڕه‌ ١٧۵ بۆ سوڕه‌تی فتح، ئایه‌تی ١٧).
هەندێك جار بەكۆ كاریگەریان لە دابەزین، یان گۆڕینی ئایەتەكان هەبووه‌، وەك سوڕەتی ئەنفال ئایەتی ٦۵_٦٦ كە سەرەتا دەڵێت: هەر یەكێك لە ئێوە توانای شەڕكردنی بەرامبەر دە كەسی هەیە. بەڵام جەنگاوەرەكانی محەمەد وتیان چۆن دەتوانین هەریەك لە ئێمە بەرامبەر به‌ دەكەس ڕاوه‌ستین. ئینجا لە ئایەتی ٦٦دا دەڵێت: هه‌رئه‌وه‌نده‌ خوا زانی که‌ ئێوە لاوازن توانای هەریەكێك لە ئێوە بەرامبەر دووكەسە!
زۆربەی ئایەتەكان لەیەكدەچن، یان دووبارە بووەنه‌تەوە، تەنیا لە سوڕەتی مرسلات ویل للمکذبین ١٠جار دووبارەیە، یان ئایەتی (فبأي آلاء ربكما تكذبان) لە سوڕەتی رحمن ٣١ دووبارە بووەتەوە. سیوطی لە کتێبی الاتقان فی علوم القران لە ٦٢٣٦ ئایەت تەنیا ٤٠٠ ئایەتی هێشتووەتەوە کە لەیەک ناچێت، کە بە ئایاتی مەحکەم ناسراون. به‌م جۆره دەتوانرێت لاپەڕەکانی قورئان کەم بکەینەوە، زکی امین نووسەری کتێبی رزقی تحت ضلال رمحی دەڵێت: قورئان تێکەڵ و پێکەڵترین کتێبە، چوونکە ئایەتەکان بەپێێ ناوی سوڕەتەکان رێکنەخراوە، وەک سوڕەتی یونس باسی زۆر شتی تێدایە، بەڵام باسی یونس ناکات و ناوی ناهێنێت، بەڵام لە سوڕەتەکانی تردا باسی ده‌کات. سوڕەتەكان وئایەتەكان بەپێی شوێن وكات لە قورئاندا ڕیزنەكراون، ئایەتی مەكه تێكەڵ بە ئایەتی مه‌دینه‌ کراوه‌. له‌ سوڕه‌تێکدا باسی چه‌ند بابه‌تێک ده‌کات که‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌که‌وه‌ نییه‌، یا له‌ ئایه‌تێکی دیکه‌دا باسی دوو شتی جیاواز ده‌کات، یان هه‌ندێک ئایه‌ت له‌ قورئاندا هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به‌ ئه‌مڕۆوه‌ نییه‌، وه‌ک سوره‌تی احزاب ۵٣.
هەندێك لە چیرۆكە ئەفسانیه‌كانی ناو قورئان وەك مریم، هیچ پەندێكی بۆ مرۆڤ تێدا نییە، بەڵام كتێبێكی وەك كلیلەو دمنەی هندی لەگەڵ گێڕانەوەی هەر كورتە چیرۆكێكدا دەیان پەندو ئامۆژگاری بۆ لێفێربوون تێدایە.
نووسەر باس له‌ هەندێک هەڵەی مێژوویی دەکات که‌ لە قورئاندا به‌دی ده‌کرێن و لە مێژوونووس (مونتغمری واط ١٩٠٩-٢٠٠٦) که‌ بیۆگڕافی محه‌مه‌دی نووسیووه‌، وه‌رگیراوه‌. له‌ قورئاندا شه‌ش جار باسی هامان وه‌ک وه‌زیری فیرعەون کراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستییدا هامان که‌سایه‌تییه‌کی فارس بووه. به‌ڵام چیرۆکی فیرعەون و موسا پێش ١۵ چه‌رخ به‌ر له‌ زایین بووه. له‌ قورئاندا ده‌وترێت که‌ مریم خوشکی هاڕۆنه‌، به‌ڵام هاڕۆن پێش مریم که‌ که‌سایه‌تییه‌کی ڕه‌مزییه‌ ١۵٠٠ پێش چیرۆکی مه‌ریم بووه‌، به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی ته‌وه‌ڕات.
هۆکاری ئەم هەڵانەش ئەوه‌یە، محەمەد ئەم چیرۆکانەی بیستووە، نەک خوێندبێتیەوە. گێڕانەوەی چیرۆک لەیەکێک بۆ یەکێکی تر زۆر گۆڕانی بەسەردێت، هەروەک حەدیسەکانی بخاری ٦٠٠ هەزار حەدیسە! کەخودی زانا ئیسلامییەکان لەسەر حەدیسەکان کۆدەنگ نین، چوونکە بخاری زیاتر لە دووسەدساڵ دوای سەرهەڵدانی ئیسلام لەدایک بووە و پاش ١٠۵ ساڵ دوای مردنی بخاری حەدیسەکان نووسراون. هەرچەندە بە هۆی ئەم حەدیسانەوە ملیۆنەها موسڵمان یەکتر کافر دەکەن ویەکتر دەکوژن.
نووسەری ئەم کتێبە هەرچەندە پسپۆڕی دەرونناسیی نییە، بەڵام بەپشت بەستن بە شیکاری پسپۆرە دەرونناسەکانی وەک میشل هانوس، سوسان و فرۆید… شیکاری دەروونی بۆ ئایەتەکانی قورئان و کەسایەتی محەمەد دەکات. لەم ڕێگایەوە محەمەدی ئیمانداری گەڕاندوەتەوە بۆ کاییە مێژووییەکەیی و بەشێک لە هۆکاری توندوتیژی لە ئیسلامدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی خودی محەمەد.
وەك باسکرا نووسەر لەم كتێبەدا هەڵدەستێ بە دەست خستنەسەر چەند لایەنی گرنگی دەروونی كەسایەتی محەمەدو بەپێی تێۆرییە زانستییەكان ئەو هەڵێنجانەی لێدەكێشێتە دەرەوە كە ناوبراو چەندین جۆر نەخۆشی‌ بووه‌‌، واوه‌تر کۆمه‌ڵێک هەڵس‌و كەوت‌و قسە‌ی محه‌مه‌د ده‌‌کرێنه‌ بنه‌‌مای سه‌لماندنی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌، ناوه‌رۆکی هه‌ندێک سوڕه‌ت و ئایه‌ت ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ و به‌ڵگه‌. نەخۆشیە دەرونییەكان بێ شك كەسایەتی مرۆڤ بە چەندین حاڵەتی مەترسیداردا دەبەن، رەنگبێ لەو سەردەمەدا كەمتر كەسێك هەستیان بەو حاڵەتانە كردبێت. ئه‌مڕۆ گومان له‌وه‌دا نییه‌، که‌ گه‌شه‌ی زانست ده‌توانێت زۆر ناساخیی ده‌روونی به‌ شه‌فافی بخاته‌ به‌رچاو، بۆیە نووسەر هەوڵی داوە لە ژێر تیشكی تێزە زانستیەكان ڕەفتارو كردەوه‌و قسەكانی محەمەد بخاتە ژێر لێكۆڵینەوەوه، لە ئاكامیشدا بەو ئەنجامە گەیشتووە كە ناوبراو توشی چەندین جۆرو حاڵەتی نەخۆشی دەروونی بووە.
لێرەدا هەوڵ دەدەرێ بەكورتی چەند لایەنی ئەو بوارە لەو كتێبەدا بخرێتە ڕوو. نووسەر باوەڕی وایە محەمەد ئالوودەی جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی بووە کەپێی دەڵێن (انفصام/ لەتبوون). واوه‌تر نووسەر باسی جۆرەکانی وڕێنە دەکات، وەک وڕێنەی هەستیاریی، خەیاڵاویی، خۆبەزلزانی، ئێرەیی، ڕامان و خەمۆکیی، وڕێنەی کۆتایی مێژوو هه‌روه‌ها‌ لەبیرچوونەوەو….
لە سوڕەتەکان کە ژمارەیان ١١٤سوڕەتە، تەنها دوو سوڕەت وڕێنەکانی هاوشێوەن، وەک لە سوڕەتی نوح و یوسف هاتووە. نووسەر هۆکارەکەی دەباتەوە بۆ ئەوەی ئەم دوو سوڕەتە تا ڕادەیەکی زۆر لە کتێبی پیرۆزیی جووەکان هاتووە. ئەوانی تر زۆر تێکەڵ وپێكەڵن و پەیوەندیان بە یەکترەوە نییە.
یه‌ك: وڕینەی هەستکردن، ئەم جۆرە له وڕینه: نەخۆش بێ ئەوەی بەڵگەی زانستی هەبێت بڕیار لەسەر شتەکان دەدات بەوشێوەی کە خۆی بڕوای پێیەتی، وەک محەمەد دەڵێت ئاسمان حەوت چینە، یان خۆر بە شەو لە ناو قوڕاوێکی گەرم ئاوا دەبێت (سوڕەتی کهف ٨٦).
دوو: وڕێنەی خەیاڵاویی، ئەم جۆرە وڕێنەیە لە مێشکیدا باوەڕ بەشتێک دەکات و دوایی دەیسەپێنێتە سەر واقع، وەکوو رۆیشتنی محه‌مەد بۆ لای خوا. سازشکردن لەگەڵ خوا لەبارەی کەمکردنە‌وەی کاتەکانی نوێژ لە ۵٠ جارەوە بۆ ۵ جار.
سێ: وڕێنەی خۆبه‌زلزانی، نەخۆش لەم بوارەدا زیاد‌ه‌ڕۆیی بە توانیی خۆی دەکات و واپێشان دەدات کە توانای لە هەموو کەس زیاترەو یان هیچ کەسێکی تر وەک ئەم نییە. حاڵەتی وڕێنە لە لای محەمەد جۆری ئایینی و سێکسی بووە. وەک ئه وه‌ی که توانای سێکسی خودی محەمەد لە ۵٠ پیاو زیاترە، یان لە کاتژومێرێکدا توانای ئه‌‌وه‌ی تێدا بووه‌ بچێته‌ لای هه‌موو ژنه‌کانی. وڕێنەی ئایینی وەک لە سوڕەتی ئەحزاب ئایەتی ٣٦ و ۵٦ هاتووه‌، لەوێدا باسی ئه‌وه کراوه که ئەوەی سەرپێچی لە خواو پێغەمبەر بکات گومڕایە. یان خواو فریشتەکان نوێژ/سڵاو بۆ محەمەد دەکەن. واته‌ هەست بە گەورەیی تا ئەو ڕادەیەیە کە خۆی دەباتە ڕیزی خوا یان لە خوا گەورەتر.
چوار: وڕێنەی ئیرەیی، لەم بارەدا نەخۆش ئیرەیی لە هەموو کەسێک دەکات، ئەوەتا لەسوڕەتی احزاب ئایەتی ۵٣ داوا دەکات موسڵمانەکان لە پشت پەردەوە قسە لەگەڵ ژنەکانی محەمەد بکەن، یان پاش نانخواردن زوو لە ماڵەکەی دەرچن و لەگەڵ ژنەکانی محەمەد قسە نەکەن. هۆکاری وتنی ئەم ئایەتە پاش ئەوە هات کە طەلحەی کوڕی عوبێدوللە گوتبووی: پاش مردنی پێغەمبەر عائیشە دەهێنم، ئەوەبوو لە خۆشی عائیشە خوشکەکەی هێنا کە ناوی ام کلثوم بوو، لە جەنگی نێوان عائیشەو عه‌لی کوڕی تالیب، لەشەڕی رووداوی وشتر(واقعة الجمل) تەڵحە پشتیوانی عائیشە بوو، بەتەنیشت عائیشەوە تیرێک پێکای و کوژرا.. بڕوانە(ابن سعد، الطبقات، ج٨ ص ٢٢٣). وه‌ک له‌ قورئاندا هاتووه‌ ئیره‌یی له‌ لای محه‌مه‌د ئه‌وه‌ند‌ه به‌هێز بووه‌، که‌ محه‌مه‌د داوا ده‌کات پاش مردنی خۆی نابێت که‌س ژنه‌کانی بهێنێت. ئەویش پاش ئەوە هات، هه‌روەک باسمانکرد کە تەڵحە وتبووی دوای مردنی پێغەمبەر عائیشەی ژنی محەمەد دەهێنم.
پێنج: وڕێنەی بیستن، ئەم جۆرە وڕێنەیە بە شێوەی چرپە یان تەتەق و نه‌خۆشه‌که‌ دەنگی نامۆ دەیبیستێ، ابن هیشام دەڵێت: لە پێغەمبەریان پرسیبوو وەحیەکانت چۆن بۆ دێت، ئەویش لە وەڵامدا وتبووی بە شێوەی زەنگی زرینگەی زەنگ. هەروەها محەمەد دەڵێت ئەو کاتەی لە ئەشکەوتی حەڕا بووم، گوێم لە دەنگی جبرائیل بوو که‌ لە شێوەی پیاوێک قسەی لەگەڵمدا دەکرد.
شه‌ش: وڕێنەی ترس، نەخۆش واهەست دەکات، یەکێک دەیەوێت بیکوژێت. یان ژەهر خراوەتە ناو خواردنەکەی…. وەک محەمەد بە ئیماندارەکانی دەڵێت: وەحیم بۆ هاتوە کە هۆزی بنی نەزیری جووەکان دەیانەوێت بمکوژن! ئه‌مه له کاتێکدا بووه کە هیچ هەوڵدانێک نه‌بووه بۆ کوشتنی. شەش رۆژ گەمارۆی بەنی نەزیریان دا و دارخورماکانی بەنی نەزیریان بڕیوە، لە دواییدا بەنی نەزیر هەرچییان هەبوو به‌ ناچاری لە شاری مەدینە بەجێیان هێشت و ئەو شارەیان چۆڵ کرد.
هەندێک لە وڕێنەکانی محەمەد کارەساتی لێبووەتەوە، وەک لە مێژووی تەبەری لاپه‌ڕه‌ ١٠١ هاتووە، محەمەد دەڵێت: جبڕائیل پێمی وتووه‌ که‌ هێرش بکه‌مه‌ سه‌ر هۆزی بنی قریضەی جووله‌که‌کان. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا ٩٠٠ جووله‌که‌ی پیاو باش دیلکران یان سه‌ربڕان و ژن و مناڵه‌کانیشیان کراون به‌ کۆیله‌ و هه‌رچیشیان هه‌بووه‌ له‌ لایه‌ن موسوڵمانه‌کانه‌وه‌ به‌ تاڵانی براوه‌. ترس له‌ سیحرباز و چاوپیس و جنۆکه‌ به‌شێکه‌ له‌ وڕینه‌ی ترس که‌ چه‌ند جارێک له‌ قورئاندا هاتووه‌. پاشان هه‌ندێک وڕینه‌ هه‌ن که‌ له‌ چه‌ند ئایه‌تدا دێنه‌ پێش و تێگه‌یشتنیان زه‌حمه‌ته‌، بۆ وێنه‌ ئه‌و ئایه‌تانه‌ی که‌ له‌ پیتێک یان چه‌ند پیتێک پێکهاتوون، یان ئه‌و وشانه‌ی که‌ عه‌ره‌بی نیین. نه‌خۆشی له‌تبوونی که‌سایه‌تی، هه‌ندێک وڕێنه‌ ده‌کات بۆ به‌دیهێنانی ئاره‌زووه‌کانی، وه‌ک له‌ سوڕه‌تی ئه‌حزاب ئایه‌تی ۵٠–دا هاتووه‌، خوا له‌ ڕێگه‌ی جبڕائیله‌وه پێی وتووه‌، هه‌رچه‌ند ئاره‌زوو بکات، ده‌توانێت ژن بهێنێت، له‌ کاتێکدا بۆ موسوڵمانه‌کان ته‌نیا چوار ژن ڕێگه‌پێدراو‌ بووه‌. ته‌نانه‌ت عائیشه‌ش هه‌ستی پێکردووه‌ که‌ پێی ده‌ڵێت: ده‌بینم خوداکه‌ت په‌له‌یه‌تی له‌ جێبه‌جێکردنی ئاره‌زووه‌کانت. هه‌ندێک جار نه‌ک تاک به‌ڵکوو به‌ کۆ تووشی وڕێنه‌ ده‌بن. نووسه‌ر ئاماژه‌ بۆ په‌یامنێری لۆمۆندی فه‌ڕه‌نسی له‌ ئێران ده‌کات و ده‌ڵێت: ٣٦ میلێۆن ئێرانی وێنه‌ی خومه‌ینی له‌ ناو مانگ ده‌بینن، ته‌‌نها په‌یامنێری میدیاکان نه‌بێت.
حه‌وت: وڕێنه‌ی له‌ بیرچوونه‌وه‌، نه‌خۆش توانای (خه‌زنکردنی-عه‌مبارکردن)ی زانیارییه‌کانی نییه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ کات و شوێنێکی زانیارییه‌ک ده‌دات، به‌مه‌رجێ له‌ کات و شوێنێکی تردا جیاواز و به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشتره‌وه‌ زانیارییه‌که‌ به‌یان ده‌کات، واته‌ نه‌‌خۆش قسه‌کانی خۆی له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌. وه‌ک له‌ سوڕه‌تی نساء ئایه‌تی ١۵٧ ده‌ڵێت: عیسا نه‌ کوژراوه‌ وه‌ نه‌ له‌ خاچدراوه‌، به‌ڵام له‌ ئایه‌تی ١١٧ سوڕه‌تی مائده‌دا ده‌ڵێت: عیسا مردووه‌. له‌ قورئان چه‌نده‌ها ئایه‌تی پێچه‌وانه‌ی یه‌کتری تێدایه که‌ ڕه‌خنه‌گرانی قورئان پێی ده‌ڵێن ئایه‌ته‌ ناکۆکه‌کان.
هه‌شت: وڕێنه‌ی به‌رکه‌وتن⁄لمس، محه‌مه‌د له‌ چه‌ند شوێنێک له‌ ئایه‌ته‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ شه‌یتان ڕێگه‌ی لێده‌گرێت و به‌ هه‌ڵه‌یدا ده‌بات. بڕوانه‌ سوڕه‌تی حه‌ج⁄۵٢ یان سوڕه‌تی انعام ئایه‌تی ٦٨، هه‌روه‌ها سوڕه‌تی الاعراف ئایه‌تی ٢٠٠ که‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر وه‌سوه‌سه‌که‌ت له‌ لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ بۆ هات و ویستی له‌ خشته‌ت به‌رێت و تووشی هه‌ڵه‌ت بکات، په‌نا بۆ خوا ببه‌. بێگومان له‌م کتێبه‌دا کۆمه‌ڵێک وڕێنه‌ باسکراوه‌، وه‌ک وڕێنه‌ی تاوان⁄الذنب، بڕوانه‌ سوڕه‌تی انعام ۵٢. زانای ده‌روونناسیی فڕۆید ده‌ڵێت: هه‌ستکردنی گه‌وره‌ به‌ تاوان وا له‌ مرۆڤ ده‌کات ببێ به تۆمه‌تکارێ. دوکتورێکی ده‌روونیی ده‌ڵێت: بیرۆکه‌کانی قین له‌ خۆبوون و به‌ که‌م ته‌ماشاکردنی خۆت ئاماژه‌گه‌لێکن بۆ بوونی هه‌ستکردن به‌ تاوانی خه‌مۆکی و هه‌ره‌سهێنانی ده‌ماری وڕێنه‌که‌ر (الانهیار العصبی الهاذی). ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌م ناساندنه‌ کورته‌ی ئه‌م کتێبه‌دا ‌بووترێ ئه‌وه‌یه‌ له‌م کتێبه‌دا باس له‌ زۆر جۆری وڕێنه‌ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا باسکرا ته‌نیا به‌شێکه‌ له‌و وڕێنانه‌.
نووسەری ئەم کتێبە عفیف اخضر(١٩٣٤– ٢٠١٣) لە تونس لەدایک بووەو دەرچووی زانستگای زیتونەی ئایینیە، بە ئەزهەری تونس ناسراوە، دواتر یاسای خوێندووە و ماوەیەکیش لە پاریس ژیاوە و لەوێش مردووە. خاوەنی کۆمەڵێک کتێب و وتارو چاوپێکەوتنە‌و بەیەکێک لە بیرمەندو ڕۆشنفکرەکانی عه‌رەب دادەنرێت.

تێبینی: ئەم کتێبە لەکەرکوک دەستدەکەوێت

چەن جوانە كێلاسى خەمت

 

تاهیر_ڕەحیم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی کۆمەڵایەتی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن

هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه‌ وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده‌، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته‌ ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له‌ کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟ شێرزاد حه‌سه‌ن: له‌ راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌ یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش‌ قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه‌)، هه‌ر له‌‌و کاته‌وه‌ تۆمارکردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌ […]

Read More
سیاسی کۆمەڵایەتی

ژن، ژیان

پێشکه‌ش به‌ دایکم “ئامین پیرۆتی”، ژنانی نیشتمان، ژینا و ژیناکان ژن، ژیان ژن مرۆڤ بە نێر و مێ دابەش دەکرێن و هەرکیان مرۆڤی همۆساپێنن. بوون و نەبوون له‌ هەرکیانه‌وه‌ دێ و هیچیان له‌ویتر بانتر و ژێرتر نییه‌. چیرۆکی خەیاڵی ئادەم و حەوا، تێگه‌یشتنی خودا- به‌نده‌، خالق و مه‌خلوق و بۆچوونی زۆرینه‌ی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی سه‌رگۆی […]

Read More
سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌ی دیارده‌یه‌ک.

دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمێکی سیاسییدا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه‌ مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوه‌رۆک و واتا پڕ […]

Read More