ڕێکخراوەکانی کوردستان بە گشتی لەگەڵ دەستەواژەی ئازادییدا بە چ شێوەیەک مامەڵەیان کردووە؟

ڕێکخراوەکانی کوردستان بە گشتی لەگەڵ دەستەواژەی ئازادییدا بە چ شێوەیەک مامەڵەیان کردووە؟

لە زۆربەی فەرهەنگ و سەرچاوەکاندا پێناسەی بنەڕەتیی بۆ چەمکی ئازادیی بریتییە لەوەی کە: مرۆڤ دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بە دڵخوازی خۆی بجووڵێتەوە، چالاک بێت، بدوێت، بنووسێت، گوێ بگرێت و هەروەها بۆ خۆی شوێن و شێوەی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت. واتای ئازادیی بۆ تاک ئەوەیە کە بە کۆیلە نەکرێت، زیندانی نەکرێت، لە دۆخێکدا بێت کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی شتی نەخوازراو، ئازاربەخش و ناخۆشەوە. بێ گومان لێرەدا مەبەست مرۆڤە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە پیاوە یان ژن، کوڕە یان کچ. ئەم پێناسەیە بۆ ئازادیی پێناسەیەکی گەردوونییە، واتە هەموو جیهان دەگرێتەوە و ناتوانرێت بە چوارچیوەیەکی جوغرافیایی تایبەتەوە گرێ بدرێت. ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە کە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە یەک یان چەند لایەنی ئەو ئازادیییانە لە بەشێک لە دونیادا بە ڕەوا بزانرێت و لە بەشێکی تردا بخرێتە پشت گوێ یان لەوەش خراپتر، قەدەغە بکرێت. هیچ چەشنە پاساوێکی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە و ئێتنیک ناتوانێ ڕەواییی بدات بە وەها بەربەست دانانێک بۆ ئازادیی.
لە هەموو وڵاتان، لە ئەفریقا و ئاسیا، لە ئەمریکا و یان لە ئورووپا، لە زمان هەموو دەسەڵاتداران، بەرپرسان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە دەبیسترێت کە ڕێز لە ئازادیی دەگرن، لەو بارەیەوە لێدوان دەدەن و بەڵگە دەهێننەوە. لە قانوونی ئەساسی (دەستوور) ئەمریکادا ئازادیی بە شێوەیەکی بەربڵاو باس کراوە و ڕێوشوێنی بۆ دیاریی کراوە و لە زۆر بواردا ئەم قانوونە لە ئاستی دونیادا ئاماژەی پێ دەدرێت و بەرجەستە دەکرێتەوە. تاکەکەس و تاقمە لاوازەکانی کۆمەڵگای ئەمریکا زۆر جار بە گەڕانەوە بۆ دەقی ئەم قانوونە توانیویانە مافی خۆیان وەدەست بهێنن، هەرچەند کۆنخواز و کونسێرڤاتیڤەکانی کۆمەڵگا، سەرمایەدارانی گەورە و ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە هەموو هەوڵی خۆیان داوە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی تاک لە ئەمریکا. لەم وڵاتەدا و بەو مێژووە ڕوونەوە سەبارەت بە ئازادیی و دیموکڕاسی، دەسەڵاتداران وایان کردووە کە هەڵبژاردن بۆ کۆنگرە و هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکەوێتە ژێر سێبەری بەرژەوەندیی حیزبە سەرەکییەکان و سەرمایەدارانی گەورە. دەرکەوتنی دیاردەی ترامپ و ترامپیسم بەشێک بووە لەو هەوڵدانەی دەسەڵاتداران بۆ پێشێلکردنی ئازادیی و دیموکڕاسی.
یەکێکی تر لە نموونەکانی بەرتەسک کردنی ئازادیی لە ئەمریکا، بابەتی لەباربردنی منداڵ بۆ ئەو کچ و ژنانەیە کە – بەبێ خواستی خۆیان سکیان پڕ بووە – و ناتوانن ببنە دایک بۆ ئەو کۆرپەی خەریکە لە ناو منداڵدانیاندا دروست دەبیت. لایەنی کۆنخواز لە ڕوانگەیەکی ئایینی مەسیحییەوە دەڵێ لەباربردنی کۆرپە وەکوو کوشتنی بە ئەنقەستی مرۆڤ وایە! ئەمە لە کاتێکدا کە ساڵی ١٩٧٣ دادگای باڵای ئەمریکا پێداگریی کرد لەوەی کە قانوونی ئەساسی مافی ژیانی تاکەکەسیی بۆ هەموو دانیشتوانی وڵات دەستەبەر کردووە و ئەو بڕگەیەی باس لە ئازادیی هەڵبژاردنی ژیان دەکات، مافی کچان و ژنان بۆ لەباربردنی منداڵیش دەگرێتەوە. هەڵبەت ئەم ئازادیییە هەتا ئەو کاتەیە کۆرپەڵەکە لە سکی دایکیدا بەتەواویی شکڵی نەگرتووە.
هەر وەها ئەوەش دەزانین کە لە سەر کاغەز ئازادیی لە بولغارستان، لەهستان (پۆلەندا)، تورکیا، فیلیپین، چین، ڕووسیا و ئێران و زۆر وڵاتی تریش دەستەبەر کراوە و دەسەڵاتدارە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکانی جیهان خۆیان بە لایەنگری دیموکڕاسی و ئازادیی دەدەنە قەڵەم.
لە پڕۆگرامی هەموو حیزب و ڕێکخراوێکدا لە سەرانسەری جیهان باسی ئازادیی و دیموکڕاسی نێۆخۆ دەکرێت و هیچکەس نکوڵی لەوە ناکات. سەرەڕای ئەوەش لە زۆر وڵاتدا ململانێی توند و پاشقول گرتن و خاڵی کردنی ژێرپێی نەیاران لە ناو ڕێکخراوە سیاسییەکانی وڵاتانی جیهاندا دەبینرێت و ناکرێ چاوپۆشی لێ بکرێت.
ئەگەر ئەمە بە بنەما وەربگرین، دەتوانین ئاوڕێک بدەینەوە سەر ژیانی سیاسی لە کوردستان بۆ ئەوەی تێ بگەین لەگەڵ چەمکی ئازادیییدا چۆن هەڵسوکەوت کراوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم ئازادیییە لە ڕەوتی چالاکبوون و هەڵسووڕانی سیاسی و لە ناو ڕیزی ڕێکخراوەکەدا بە کردەوە بەدی دەکرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت یان نا؟
«هانا ئارێنت» فەیلەسووفی ناوداری ئاڵمانی لە وتارێکدا لەژێر سەردێڕی “ئازادیی و سیاسەت” کە ساڵی ١٩٦٠ لە ‘گۆڤاری شیکاگۆ’دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێ:
“لە ڕێکخراوەیەکی سیاسییدا، ئازادیی لە ڕاستییدا ئەو هۆکارەیە وادەکات ژیانی پێکەوەیی گونجاو بێت. بەبێ هەبوونی ئازادیی، وەها ریکخراوەیەک بێ مانایە. فەلسەفەی هەبوونی سیاسەت ئازادیییە و مەیدانی تاقیکردنەوەی [ئەو ئازادیییە] لە کرداردا دەردەکەوێت.”
سەرنجێک بۆ سەر هەڵسوکەوتی ڕێکخراوەکانی کوردستان دەری دەخات کە ئەوان بە گشتی لەگەڵ دەستەواژەی ئازادیییدا بە چ شێوەیەک مامەڵەیان کردووە. ئایا حیزب و ڕیکخراوەکانی کوردستان لە پڕۆگرامدا، لە ڕابردوویاندا، لە تێکۆشان و هەڵسوکەوتیاندا بەڕاستی ڕەچاوی دەستەواژەی ئازادیییان کردووە؟ ئازادیی لە چوارچێوەی هزر و جیهانبینی حیزبەکانی کوردستاندا چ ڕۆڵێکی گێڕاوە؟ ئایا حیزبێک کە بانگەشەی ئازادیی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی دەکات، لە هەمان کاتدا بەدەربەستە بۆ ڕەچاوکردنی ئازادیی لە ناو خودی ڕێکخراوەکە، لە کۆمەڵگادا و بۆ هەموو تاکێکی کورد؟ ئەی چۆن دەڕوانێتە یەکسانی و ئازادیی جیندەری؟
ئەگەر لە سەرۆکی هەر حیزبێک پرسیار بکەین کە ئایا لە ڕیکخراوەیەکدا – بچووک یان گەورە – ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن هەیە، وەڵامی هەموویان ئەوەیە کە بەڵێ! ئەی ئەگەر ڕەخنە لە سەرۆک و کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی باڵا بگیرێت چی؟ لێرەدا دەگوترێت، “بەڵێ، بەڵام”! واتە ئەگەر ڕەخنەکە تێکدەرانە نەبێت، ڕووخێنەر نەبیت! جارێ خودی ئەوە پرسیارە کە کێ بڕیار دەدات ڕەخنەیەک تێکدەرانەیە یان نییە، ڕووخێنەرە یان نا؟ ئەزموونی دوور و نزیک ئەوەی نیشان داوە کە ئەگەر بە بۆچوونی یەک یان چەند ئەندامێک هەڵوێست یان کردەوەیەکی کۆمیتەی سەرەوە یان ڕێبەر هەڵە بێت، زۆر جار وەکوو دوژمن و نەیار چاو لە ڕەخنەگر دەکرێت. بیستراوە کە دەڵێن فەرموو هەرچی ڕەخنە بۆ چاککردنی سیاسەتەکانی حیزب هەیە بیخەنە ڕوو، بەڵام ڕووشاندنی ناوبانگی سەرۆک و تێکدانی یەکگرتوویی ناو ڕێکخراوەکە هێڵی سوورە!
هۆکار ئەوەیە کە لەم چەشنە ڕێکخراوانەدا سەرۆک یەکسانە بە حیزب و پاش ئەویش کۆمیتەی بەڕێوەبەر هەموو ڕێکخراوەکەیە، رەخنەگر دەبێ وریا بێت بە دژایەتیی کردنی حیزب تۆمەتبار نەکرێت. لە ناو حیزبەکانی کوردستاندا بەو کەسانەی کە ڕەخنەی تا ڕادەیەک توند لە سەرۆکایەتی دەگرن، وشەگەلی وەکوو لادەر، قین لە دڵ، شکستخواردوو، ترساو، بەزیو و چەندها شتی تریان دەدەنە پاڵ.
لەوانەیە لە ناو هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا کۆمەڵەی “خۆیبوون” [جڤاتا سەرخوەبوونا کورد] کە ساڵی ١٩٢٧ لە لوبنان دامەزرا، تاقە ڕێکخراوەیەک بێت کە لە سەر مودێلی حیزبە ستالینییەکان دانەمەرزرابوو. لە زۆربەی ڕێکخراوەکاندا سانترالیزمی دیموکراتیک گرینگییەکی تایبەتی هەبووە. بەم پێیە دەگوترا لە ناو حیزبدا “ئازادیی ڕادەربڕین، مشتومڕ و بەڵگەهێنانەوە هەیە، بەڵام لە کردەوەدا هەموومان یەکگرتووین”. هەر لەم ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ناوەندیی نوێنەری هەموو ئەندامانە، دەفتەری سیاسی نوێنەرایەتی کۆمیتەی ناوەندیی دەکات و سەرۆک، ڕێبەر یان سکرتێری گشتی لە سەرووی ئەوانیشەوەیە.
خۆ ئەگەر لە کەشوهەوایەکی دیموکڕاسییدا ئەم پڕۆسەیە بچێتە پێش، شەفافییەت هەبێت و دەسەڵاتی سەرەوە بەرامبەر بە خوارەوە و ئەندامان و ئۆرگانەکانی ڕێکخراوەکە بەرپرسیار بن، ڕێبەر، سکرتێری گشتی و بەرپرسانی باڵا هەمیشەیی نەبن و قابیلی ئاڵوگۆڕ کردن بن، لەوەها دۆخێکدا دەتوانین باسی ڕیکخراوەیەکی تەندروست بکەین. لێرەدا ئاڵوگۆڕ لە کۆمیتەکان، ڕێبەران و بەرپرسان بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ کێشە و گیروگرفت دەچێتە پێش. ئازادیی بۆ تاکێکی ناو ڕێکخراوەیەک ئەوەیە کە وەکوو ئەندام بە مەرجی کارزانیی، ویست و لێهاتوویی بتوانێ لە هەموو ئاستەکانی ناو حیزبەکەیدا جێگای خۆی ببینێتەوە. لە ناو حیزب و ڕێکخراوەکانی ولاتانی ئورووپادا کێبڕکێ و ململانێی توند دێتە پێش و جاری وایە زۆر توند لێک هەڵدەبەزنەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا مافی کەسەکان وەکوو ئەندام پارێزراوە و ڕێگای شەفافییەت و بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکان و ڕوانگەی جۆراوجۆر لە ڕیزەکانی حیزبەکەدا ئاوەڵایە.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو و لە ناو حیزب و ڕێکخراوەکانیشدا کاتێک باسی پێگەی شارۆمەندان یان ئەندامان دێتە پێش هەم باسی مافەکانیان و هەم پێداگریی لەسەر ئەرکەکانیش دەکرێت. لای ئێمە بەپێچەوانە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک کێشەیەک یان ململانێیەکی حیزبیی دێتە پێش، بەرپرسان و کۆمیتەکانی باڵا بەردەوام لەسەر ئەرکەکانی تاک بەرامبەر بە کۆمەڵگا و حیزب پێ دادەگرن و مافەکان دەکەونە پەراوێزەوە.
پێویستە ئاماژە بکرێت کە ئەگەر ئازادیی لە ناو حیزبەکەدا ڕەچاوبکرێت، چەند پێش مەرجێک هەیە بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەکرندی ئەندامان بەدڵنیاییەوە دەستەبەر بکرێت. سەبارەت بە چۆنییەتی کارو چالاکیی بەرپرسانی ڕێکخراوەکە دوو هێڵی بەتەواویی لێک جیاواز لێرەدا خۆی دەنوێنێ. یەکەم ‘سەرکردایەتیی’ کردنە کە تێیدا ‘سەرکردە’کان لە ژوورەکەی خۆیانەوە فەرمان دەردەکەن و هەڵبەت چاوەڕوانن کە لە ڕیزەکانی خوارتر لە خۆیان جێبەجێ بکرێت. مودێلی دووهەم، بە پێچەوانە بریتییە لە ڕێبەرایەتیی کردن. واتە ڕێبەر لە ڕەوتی ئەنجامدانی کار و ئەرکەکاندا لەگەڵ دەبێت و ئاگاداری هەموو ئەو هەنگاوانەیە کە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەرک و کارەکان هەڵدەگیرێت. هاوکات ئەم ڕێبەرانە ئامادەن بەرپرسیارەتی شکستەکان، گیروگرفت و پێشنەچوونەکانی ڕێکخراوەکەی خۆیان بگرنە ئەستۆ، دەست لە کار بکێشنەوە و تەنانەت بە شێوەیەکی کراوە لەبەردەم کۆمیتەیەکی چاودێردا وەڵامی لێکۆڵینەوە و پرسیارەکانیش بدەنەوە.
لەم پڕۆسەیەدا، ڕێگا خۆش دەکرێت بۆ دەرخستنی تواناییەکان و لێهاتووییەکان و لە ئاکامدا زەمینە ئامادە دەبێت بۆ پەروەردەکردنی ڕێبەرانی داهاتووی ڕێکخراوەکە. واتە بە پێچەوانەی مۆدێلی سەرکردایەتیی کردن، لەو ڕیکخراوەدا کە ڕێبەرایەتیی هەیە، ڕێبەر هەم ڕێنوێنە هەم هاوکارە و هەم دەبێتە هۆی فێرکردن و بارهێنانی نەوەیەکی نوێ بۆ دەستاودەست کردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی حیزبەکەی.
ئەوەی کە چ شێوەیەکی ڕێبەرایەتی کردن لە حیزبێکدا هەڵدەبژێردرێت دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارەتی بەرپرسان و بە دیارییکراویی سەرۆکی حیزبەکەوە. ئەویش بریتییە لە ڕێگا خۆش کردن بۆ گەشەی ئەندامان بە پێی توانا نەک بە پێی دووری و نزیکی لە ئەم یان ئەو ئەندامی سەرۆکایەتی ڕێکخراوەکە. ئەم ڕەوتە بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە چوار پلەدا تێدەپەڕێت:
یەکەم، ئایا خواستی فێربوون و بەرەوپێشچوون لە ئەندامەکەدا هەیە؟ دووهەم، ئەگەر ئەو ویستە هەبوو، ئایا توانایی واتە فێرکاری و پەروەردەی شیاو و بە ئەندازەی پێویست لەبەردەستدا هەیە؟ سێهەم، ئایا ئەگەر ئەو مەرجانەش هەبن کەش و هەوای ناوخۆی ڕێکخراوەکە ڕێگا بەو ئەندامە دەدات کە بوێرێت مەبەست و ئامانجی خۆی دەرببڕێت؟ چوارەم، ئایا ئەگەر ئەندامێک ویستی هەبوو، توانایی هەبوو، بوێریشی هەبوو، بۆی هەیە و ڕێگای دەدرێت هەنگاوی پێویست بۆ مەبەستەکەی خۆی هەڵبگرێت؟
لە ڕاستییدا دۆخەکە لە کوردستان بەو شێوەیە نەبووە. ئەگەر سیستەمی بنەماڵەیی و لە باوکەوە بۆ کوڕ – دەڵێم کوڕ چونکە زۆر بە دەگمەن کچ دەگرێتەوە – پەیڕەو نەکرێت، نەبوونی کەشوهەوای ئازاد و دوورئەندێشیی، ئاکامی زۆر خراپ و جاری وا بووە بۆ حیزبێکی دیارییکراو، ڕووخێنەری لێ کەوتووەتەوە. کاتێک کە سیمای سەرۆکەکان، ڕێبەران و کەسانی دەسەڵاتداری ناو ڕێکخراو، کونگرە پاش کونگرە و ساڵ لە دوای ساڵ وەکوو خۆی دەمێننەوە، ئیتر مەودایەک بۆ پەروەردەکردنی کادر و گەشەی ئازادانەی ئەندامان نامێنێتەوە. ئەمە وادەکات کە وردە وردە دەسەڵاتداران لە شوێنە گرینگەکان جێ پێی خۆیان قایم دەکەن و کۆمەڵێک ئیمتیاز، بەرژەوەندی و کەسانی گوێڕایەڵ لە دەوروبەریان کۆ دەبنەوە. بەو پێیە بیروباوەڕ، بۆچوونی سیاسی و ئامانجەکانی حیزب دەکەونە پەراوێزەوە و لەگەڵ بەرژەوەندیی تاکەکان جێگۆرکێیان پێ دەکرێت.
ئەو کەسانەی کە لە سەرەتاوە هەموو پێکەوە حیزبەکەیان دامەزراندووە و بۆ یەک ئامانج خەباتیان دەست پێ کردووە، لەگەڵ دەرکەوتنی ناکۆکی و دۆزی ئاڵۆزکاودا، دەستەو یەخەی یەکتر دەبن. ئەگەر نەک بە جەستە بەڵکوو بە نووسین و بە گوتاری زبر، ڕووشێنەر و نەیارانە یەکتر دەدەنە بەر گورزی زۆر توند و تێکشکێنەر.
لە کوردستان بەهۆی هەبوونی بزووتنەوەی چەکدارانە و سیاسەتی داپڵۆسێنەری هێزی داگیرکەرەوە، زۆر جار توندو تیژی لە نێوان جودابیران، بەرهەڵستکاران و ڕکەبەرانی سیاسیی، سێبەری خۆی بەسەر بارودۆخەکەدا ڕادەکێشێت. هاوبیروڕا نەبوون لە کونگرەیەکدا یان هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی ڕێبازێکی نوێ و جیاواز، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی دۆستانی پێشوو لە یەکتر و دەستپێکی ململانێی توند و دوژمنایەتی. بە بۆچوونی من دیاردەیەکی سەیر ئەوەیە کە کورد لە ناوخۆدا زوو کێشەیان لێ پەیدا دەبێت، زوو دەکەونە شەڕ و پێکدادان و درەنگ لەگەڵ یەکتر ئاشت دەبنەوە و پێک دێن. کەچی هەر هەمان ئەو هێزە کوردییانە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا درەنگ کێشەیان لێ پەیدا دەبێت، درەنگ شەڕ دەست پێ دەکەن و زوو ئاشت دەبنەوە و ئاگربەس و دانووستاندن قبووڵ دەکەن!
لە ئاستی حیزبدا بە بیانووی سەیر و سەمەرەی وەکوو تێکدانی ڕیزەکانی حیزب و لادان لە ڕێبازی سەرەکیی ڕیکخراوەکە، ئەو ئەندامانەی کە لەگەڵ ڕیبەرایەتییدا هاوڕا نین دەکەونە بەر شاڵاوی ڕەخنە و جاری وایشە ناوزڕاندن و دەرکردن. لە ئاستی وڵات و لە پەیوەندیی نێوان حیزبەکاندا بە بیانووی ئەوەی کە ڕێکخراوی ڕەخنەگر لە “ڕیبازی میللەت” لای داوە، دەیدەنە بەر پەلاماری توند و بانگەشەی ناڕاست و تۆمەتی جۆراوجۆری ئاراستە دەکەن.
«یۆڤال نوح حەراری» نووسەری ئیسرائیلی کە کتێبە بەناوبانگەکەی واتە “هۆمۆساپیەنس (مرۆڤی هۆشمەند)، کورتە مێژوویەکی مرۆڤایەتیی” لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە، بەم دواییانە لە قسەوباسێکدا دەڵێ “دیکتاتۆری وەکوو بژار وایە و لەوانەیە لە هەموو شوێنێک بڕوێت. بەڵام دیموکڕاسی وەکوو گوڵێکی ناسک وایە! پێویستیی بە پێشمەرج هەیە بۆ سەرکەوتن و یەکێک لە پێشمەرجەکان متمانەیە لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا.” ئەم دەربڕینەی «حەراری» لە هەلومەرجێکی دیارییکراودا دەتوانێ ئەندامانی نێو حیزب و ڕیکخراوەکانیش بگرێتەوە.
نموونەی زۆرمان هەیە کە لە ناو هێندێک لە حیزب و ڕێکخراوەکاندا سەرۆک یان بەشێک لە بەرپرسان پێویستیان بەوەیە بێمتمانەیی لە ناو ئەنداماندا پەرەبستێنێت بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانتر بە مەبەستی خۆیان بگەن. زۆر جار دەربڕینی هەڵوێستی بەرپرسێکی حیزبی بەرامبەر بە هاوڕێیەکی ناو حیزبەکەی خۆیان کە وەکوو ئەو بیر ناکاتەوە ئەوەندە زبرە کە پێت وا نییە ئەمە ڕکابەری ناوخۆیە بەڵکوو زۆرتر وەکوو دوژمن دێتە پێش چاو. جاری وا بووە کە هەڵوێست گرتن بەرامبەر بە هاوڕێیەکی جودابیر زۆر توندتر بووە لە کاردانەوە بەرامبەر بە بەرپرسێکی حیزبی ڕەقیب.
بەداخەوە دوورکەوتنەوەی سەرۆک و بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی کوردستان لە پۆستەکانی خۆیان، جا چ بە داخوازی خۆیان بێت یان لە ئاکامی هەڵبژاردنی ئازادانە و شەفافدا، دیاردەیەکە زۆر بە دەگمەن هاتووەتە پێش.
سەرنجێکی سەرپێیی بە پەیڕەوی ناوخۆ دەری دەخات کە ئەو کەس و ڕێکخراوانە لەبیریان دەچێتەوە لە پەیڕەوی حیزبەکەیاندا پێداگرییان کردووە لەسەر پارێزگاریی کردن لە ئازادیی و دیموکڕاسی لە ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا. ئەو کەسەی لە هەڵبژاردندا دەیدۆڕێنێت، جا چ هەڵبژاردن بێت بۆ کۆمیتەی ناوەندی یان لە نێوان چەند حیزبدا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، کەسی دۆڕاو حیسابی دوژمن بۆ لایەنی براوە دەکات نەک ڕەقیبێک کە لەم دۆخەدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
لەو وڵاتانەی دیموکڕاسی تێیدا زاڵە، دەبینرێت کە سەرۆکی ئەو حیزبەی لە هەڵبژاردندا دۆڕاندوویەتی، یەکەمین هەڵوێستی ئەوەیە کە پیرۆزبایی لە سەرۆکی حیزبێک دەکات کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بەپێچەوانە لە وڵاتانی نادیموکراتیک و لە ناو هێندێک لە ڕیکخراوەکان، سەرکەوتنی لایەنی بەرامبەر بە فێڵکردن، پاشقولگرتن و گرتنەبەری هەنگاوی نایاسیی دەژمێردرێت. خۆ لەوانەیە لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا، بەهۆی نەبوونی شەفافییەت و دیموکڕاسی ناوخۆیی وا بووبێت! دیارە ئەمە بە مانای ئازادییخواز و دیموکڕات بوونی لایەنی دۆڕاو نییە!
مێژووی حیزبەکانی کوردستان پڕە لە هەڵوێستی دوژمنکارانە بەرامبەر بە هاوڕێیانی هاوکۆمیتە، بەرامبەر بە ئەندامان و بەرپرسانی خوارەوەی ڕێکخراو یان بەرامبەر بە حیزبی ڕەقیب. لە پڕۆگرامدا نووسراوە مافی فراکسیۆن هەیە، بەڵام ڕێک لەو کاتەدا کە فراکسیۆنێک یان چەند کەسێک پێکەوە هەڵوێستێکی جیاواز ڕادەگەیەنن، دەکەونە بەر پەلاماری توندی دام و دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەسمیی. لە پڕۆگرامدا دەڵێن ئازادیی ڕادەربڕین هەیە و هەموو ئەندامان دەتوانن لە سەر هەموو بابەتێک ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. بەڵام کاتێک ئەندامێکی چالاک دەکەوێتە ململانێی فکری لەگەڵ بەرپرسەکان، ئەو کارە بە بەزاندنی هێڵی سوور و تێکدانی ڕیزەکانی ناو حیزب مەزەندە دەکرێت. لەم بوارەدا لە هەموو بەشەکانی کوردستان، زۆر بەداخەوە نموونە زۆرن؛ هەر لە سڕکردن لە ئەندامەتییەوە بگرە هەتا دەرکردن، زیندانی کردن، کوشتن و شەڕی چەکدارانەی نێوان ڕیکخراوەکان.
لە هەمووی سەیرتر ململانێی توند و شەڕ کردنە لە سەر نێو و مێژووی حیزبەکە! فراکسیۆن مافی ئەوەی نادرێتێ هیچ بەشێک لە نێوی ڕێکخراوەکەی پێشووی هەبێت! “ئێوە لادەرن، کۆمەڵە نین، دیموکرات نین، پارتی نین، یەکێتی نین، فیدایی نین و هتد”! لە وڵاتانی ڕۆژاوا زۆر بە ئاسانی نێوی حیزبەکان دەگۆڕدرێن و حیزبی تازە دادەمەزرێت کە بەڕیوەبەرانیان بەشێکیان ئەندامانی سەرۆکایەتیی حیزبێکی زۆر ناسراوی پێشوو بوون. وابووە کە حیزبە تازەکە پاش چەند مانگ یان ساڵێک بەتەواوی جێ پێی بە حیزبە کۆنەکە لێژ کردووە و بەتەواویی جێگای خۆی کردووەتەوە. لەم بوارەدا لە ئیسرائیل و لە تورکیا نموونەی زۆر ڕوون هەیە. لە کوردستان و وڵاتانی هاوشێوە پێداگرییەکی سەیر هەیە لەسەر ڕوانین بۆ ڕابردوو هەروەها خۆهەڵواسین بە ناوی ڕێبەرانی خۆشەویست و گیانبەختکردووانی حیزب و ڕێکخراوەکە.
بۆچوونێکی زۆر هەڵە باوە کە ئەگەر ناوی حیزبەکە بگۆڕن، ئیتر بەشە میراتی ئەو ڕێبەرانە و ئەو کەسایەتییە خۆشەویستانە لە کیس دەچێت! بەڕاستی با ورد بینەوە بزانین لە ناو خەڵکدا چەندە باسی ئەوە کراوە کە با فڵان سیاسەت و ڕێباز و هەڵوێستی چەوت و هەڵەی ئەم یان ئەو حیزب قبووڵ بکەین چونکە ساڵەها لەوە پێش ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ یان ئەندامگەلێکی فیداکار، ژیر و لە خۆبوردوویان هەبووە. وەها بیرۆکە و بۆچوونێک لە ڕاستییدا سووکایەتیی کردنە بە ئاستی تێگەیشتوویی خەڵک. چاوەڕوانیی نەوەی نوێ و خەلک بە گشتی بریتییە لە هەڵوێستی نوێ و داڕشتنی سیاسەتی نوێ بە مەبەستی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بەروەپێش بردنی ئاستی ژیان و هۆشیاریی، دۆخی ئابووری و ئازادیی لە وڵات، نەک ڕەنگی ئاڵا و وێنەی سەرۆکێکی خۆشەویستی ڕابردوو.
گرفتێکی کاری سیاسی حیزب و ڕێکخراوەکان و تەنانەت دەسەڵاتدارانی سیاسی لە وڵاتە نادیموکراتیکەکان ئەوەیە کە بەردەوام پێ دادەگرن لە سەر ئەرکەکانی ئەندامان و دانیشتوان بەگشتی. لەم پێداگریی کردنەدا ئەوەندە دەچنە پێش کە هیچ بوارێک بۆ مافەکان ناهێڵنەوە. بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە ئێوە ئەرکی سەرشانتانە ئەمە بکەن و ئەوە بکەن، خزمەت بە ئامانجی حیزب، نیشتمان و دەوڵەت بکەن! ئیتر گرفت نییە ئەگەر مافی ئەندامێک پێشێل بکرێت، کەسێک بکەوێتە دۆخێکی دژوارەوە، برسییەتی، نەداریی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ باڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت.
بیرمەند و نووسەری ناودار «ئایزایا بێرلین» ساڵی ١٩٥٨ لە وتارێکدا لە ژێر سەردێڕی “دوو چەمکی ئازادیی” دەنووسێت:
ئەگەر گرینگ بوونی ئازادیی نەبیتە بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵگا، یان ئەوەی وەکوو ڕێسا و نەریتی سیاسی بە قووڵیی هەم لای ڕێبەران و هەم لای شارۆمەندان ڕیشەی دانەکوتابێت، ئیتر هەرچەندیش لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکاندا بە دوورودرێژی باسی ئازادیی کرابێت، ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت خۆی لەبەردەم دوژمنانی ئازادییدا بپارێزێت.
تەنانەت هەڵسەنگاندنی ڕابردووی حیزب و باسی مێژوویش دەبێتە مەیدانێک بۆ ململانێی باڵەکان و کەسایەتییەکان. ڕێزگرتن لە ئازادییی ئەوەیە کە هەموو کەس بتوانێت بە سەربەستییەوە ڕا و بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم یان ئەو قۆناخی مێژووی ڕیکخراوەکە یان کوردستان دەرببڕێت. بەشیکی زۆر لە بەرپرسان دەیانهەوێت خۆیان بکەن بە خاوەنی دەستکەوتە باشەکانی ڕابردوودا کە بەداخەوە زۆر نین. لە بەرامبەر ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی شکست و کێشەکانی پێشوودا هیچ کەسێکیان ئامادە نییە بەرپرسایەتی سەرنەکەوتن و کەموکووڕییەکانی ئەو مێژووە بگرێتە ئەستۆ.
پارێزگاریی کردن لە ئازادییی بۆ حیزب و ڕێکخراوەیەکی پێشکەوتنخواز ئەوەیە کە بوێرانە و بەکردەوە لە بەرامبەر نایەکسانی و ستەم و چەوسانەوەدا ڕابوەستیت. تێکۆشان بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتیی و پشتیوانیی کردن لە مافی دیاریی کردنی چارەنووسی گەلی کورد بۆ کەسێک یان لایەنێک خۆی بە چەپ و پێشکەوتنخواز بزانێت دەبێ زۆر بە ڕوونی و لێبڕاوانە بریتی بێت لە خەبات و پێداگریی کردن لە دادوەریی کۆمەڵایەتی. ئەم خەباتە دەبێت کۆڵنەدەرانە و بەبێ هیچ بیانوو یان پاساو هێنانەوەیەک پارێزگاری کردن لە ئازادییی کۆمەڵایەتی، دادپەروەریی ئابووریی، سەربەستیی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئازادیی جیندەری و مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان بگرێتەوە.
بە یەکگرتوویی مانەوەی حیزب و ڕیکخراوەی سیاسییش زۆر جار بووەتە هۆی ململانێ و کێشەی قورس لە ناو باڵە جیاوازەکاندا. “یەکگرتووبوونی ڕیزەکانمان هێڵی سوورە و هیچ کەس بۆی نییە بیبەزێنێت!” ئەم دربڕینە بە داڕشتنی جۆراوجۆرەوە لە بەرپرسان و کارەبەدەستان و کادرەکانی ئەم یان ئەو حیزب دەبیستین. وردبوونەوە لە ناوەرۆکی ئەو گوتەیە لە ڕاستییدا هەم سست بوونی بناغەی ڕێکخراوەکە دەگەیەنێت و هەم ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسان لە دابەشبوون و لێک جیابوونەوە! یەکگرتووبوون لە ڕێکخراوەیەکی سیاسییدا لە ڕێگای هاوڕا بوون و پارێزگاریی کردنی وشیارانە لە پڕۆگرامێکی سیاسی دیارییکراو و هەروەها تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش دەستەبەر دەکرێت.
لێرەدا پرسیارێک بەرجەستە دەبێتەوە؛ ئایا پێکەوە مانەوە لە حیزبێکی ناسەرکەوتووی پڕ لە کێشە و کاری نابەجێدا و هەروەها پێکەوە مانەوەی ژمارەیەک ئەندامی دڕدونگ و بەگومان لەیەکتر ئەوەندە پیرۆزە کە چوونەدەر لە وەها چوارچێوەیەک گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی وەدوادەخات؟ دیارە وا نییە و لە نەبوونی کەش و هەوایەکی ئازاد و گفتوگۆی هاوڕێیانەدا کاربەدەستان و سەرکردەکانی ناو حیزب بە شوێن بزنەڕەشدا دەگەڕێن کە تاوانی بێ هیوایی و سەرنەکەوتنی خۆیانی بخەنە ئەستۆ. ڕاگرتنی ‘یەکڕیزیی’ ناو ڕێکخراوەکە بە زەبری هەڕەشە و تۆقاندنی ئەندامان و کادرەکان، بە گەڕانەوە بە گوتە بەنرخەکەی «یۆڤال حەراری»، بە مانای ڕێگا خۆشکردنە بۆ دەرکەوتنی بژاری سەرەڕۆیی و کەسانی دیکتاتۆر و لە هەمان کاتدا تێکدانی ئەو بارودۆخەیە کە گوڵی ناسکی دیموکڕاسی بتوانێت تێیدا گەشە بکات.

مانگی یەکی ٢٠٢٢

 

Avatar photo

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ د. که‌ماڵ سێدۆ

هێما: ئیوه‌ خۆتان له ئینستیتووتێکدا ئیش ده‌که‌ن که‌ ئاوڕ له‌ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان و نه‌ته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه‌کان ئه‌داته‌وه‌، واته‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ که‌ به‌پێی یاسا و ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان زوڵم و سته‌مێکی گه‌وره‌یان لێده‌کرێ. ئێوه‌ خۆتان به‌ گشتی دۆخی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی چۆن ده‌خوێننه‌وه‌ و پێتان وایه‌ تا چ راده‌یه‌ک له‌و ئاسته‌دا دادپه‌روه‌ری به‌دی ده‌کرێ؟ ئێمه‌ که‌م تا زۆر […]

Read More
سیاسی کۆمەڵایەتی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن

هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه‌ وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده‌، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته‌ ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له‌ کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟ شێرزاد حه‌سه‌ن: له‌ راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌ یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش‌ قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه‌)، هه‌ر له‌‌و کاته‌وه‌ تۆمارکردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌ […]

Read More
سیاسی

شۆڕشی ژینا، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کوردستان و ئێران

ئه‌وه‌ زیاتر لە پێنج مانگ بە سه‌ر دەستپێکی نوێترین ڕاپەڕین لە کوردستان و ئێران تێپەر دەبێت، بە بڕوای کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵناسی بیانی و ناوخۆیی ئەو ڕاپەڕینە وەک رێنه‌سانسێک دەتوانێ پێناسە بکرێک کە لە دوو ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆک کۆمەڵگەی خستۆتە ئاستێکی نوێوە، واوه‌تر سەری گەڕانەوەی نییە و دەتوانێ سەرەتای شۆرشێک بێت کە بنج و […]

Read More