کولتوری بیرەوەری و بەکولتورکردنی بیرەوەری

کولتوری بیرەوەری و بەکولتورکردنی بیرەوەری

(هەنگاوی خۆشبەختی کۆمەڵگا لە بە زانست کردنی بیرەوەریەوە دەست پێ دەکات)

 

لە رووی زانستیەوە داهێنانەکان هەنگاوی زۆر گهورهو پێشکەوتووی هومانیستیان بەرەو پێشەوە ناوە و دەنێن، واتە لە ئەمڕۆدا نەک تەنیا داهێنانی تەکنیکی گرنگی پێ دەدرێت، بەڵکو زیاتر لەوە داهێنانە مرۆڤایتییەکانە، لەبەر ئەوەی داهینانی تەکنیکی دەشێت لایەنی نێگێتیڤیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بۆیە ئێستا وڵاتانی بەسەنعەت پێشکەوتوو زۆر نرخ و گرنگی بە داهێنانی هۆمانیستی و مرۆڤایەتی دەدەن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە: لەم ساڵانەی دواییدا دوو پرۆفیسۆری ئەڵمانی بەناوی (یان ئەسمان و ئەلیادە ئەسمان)* وەرچەرخانێکی گەورەیان لەنیو کۆمەڵگای ئەڵمانیدا کرد، ئهویش بەو لێکۆلێنەوە تازه و بهو تیئوریەی که باس لەوە دەکات، که هەر کۆمەڵگایەک و ههر کەسێک خاوەن زاکرە و بیرەوەری خۆیەتی، واوهتر ئهگەر بە شیوازێکی هۆشمەندیەوە هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە بەو بیرەوەریە و زاکرەیە ئاشنابێت، ئەوا وێرانیەکانی رابردوو دووبارە نابنەوه. ئهم دوو پرۆفیسۆرە باس لە چەند زاکرەیەکی تر دەکەن: وەکو زاکرەی کۆمەڵایەتی و زاکرەی کولتوری و زاکرەی کۆلێکتیڤی. جا لێرەدا، کە باس لە زاکرە دەکەین، هەر مرۆڤێک زاکرەی بەتەنیا گەشە ناکات و دروست نابێت، بەڵکو لە پەیوەندی بەدەورو بەردا دەست بەگەشە کردن دەکات. لەم بارەیەوە بەتایبەت فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەڕنسی (ماوریسە هاڵب ڤاکس)* باس لەوە دەکات، کە منداڵ لە سکی دایکیەوە زاکرەی بە (کۆمۆنیکاتسیۆن)ی پەیوەندیو دانووستاندن لەگەڵ دایکی و دەروبەریدا دەست پێدەکات، واوهتر ناوبراو دەڵێت زاکرەو و بیرەوەری لە گەڵ کۆمۆنیکاسیۆندا (گفتۆگۆ و دانووستاندن) پێکهوه گرێدراون.
١. ئەم هەنگاوەی ماوریسە هەڵب ڤاکس و یان ئەسمان و ئەلیادە ئەسمان بوونە وەرچەرخانێک و بە خۆداچوونەوەی کارکردن و تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەل زاکرە و بیرەوەریدا. پرسیارە هەرە گرنگەکەی ئەم داهێنەرانە نرخاندن و ڕۆڵی هەرە بەرزیان لەوەدا بوو کە لە وڵاتێکدا یان لە کۆمەڵەگایەکدا، کە جەنگ و وێرانکاری و هەڵاتن و کوشتاری تێدا ڕووی دابێت، چۆن بە شێوەیەکی زانستی ئیش و کاری بەردەوامیی لە سەر ئەو زاکرەو یادەوەرییە دەکرێت، بۆ ئەوەی قورسایی و سەختیی و گرفتەکان و ئازارەکان و ڕەنگدانەوەی نێگێتیڤی کەم بکرێتەوە و لهناوبچێت و نەیگوێزێتەوە بۆ نەوەکانی تری دوای خۆی. تاکو ئەمڕۆش بە شێوەیەکی زانستیتر کار لەسەر جەنگی جیهانی دووهەم و کارەساتی هۆلۆکاوست و جینوسایدی ئەرمەنیەکان و تراوماکەی دەکرێت. ئایا کۆمەڵگای کوردستان بەزانستییەوە توانیوەیەتی کار لەسەر هەموو ئەو جەنگانەی، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕوویانداوە و بەردەوام ڕوو دەدن، بکات؟ ئایا کۆمەڵگای کوردستان چۆن لەگەڵ زاکرەی بیرەوەریەکان مامەڵە دەکات؟ چیمان بۆ بیرەوەرییەکان کردووە تاکو ڕووداوە تاڵەکان دووبارە نەبنەوە؟ ئەی بۆچی ڕووداوە تاڵەکان لە کوردستان دووبارە دەبنەوە؟ تا چ ڕادەیەک لە سەر بیرەوەرییەکان و زاکرەی کارەساتەکانی نێو خۆمان، کە خۆمان بە سەر خۆماندا هێناوه و خۆمان هۆکاری دووبارە بوونەوەی تاڵیەکان بووین؟ چ پەیوەندیەکی بە کولتوورکردنی بیرەوەریەوە هەیە؟ ئایا بەزانستکردنی هەموو بوارەکانی شێوازی بیرەوەریەکان و زاکرەی بیرەوەریەکان، ژیان و شکۆمەندی و هۆشمەندی و بیرەوەریەکان چی لە هزرو رەفتارو بیرکردنەوەکان لە کوردستاندا دەگۆڕن؟ تاکو ئەمانە نەگۆڕدرین، پرسیاری داهاتوو و دواترمان چۆن بۆ ئایندە دەکەین؟
• دەمەوێت بە نمونەیەکی زۆر سادە دەست پێ بکەم ، تاکو ئەم بابەت چڕە، کە پەیوەندی بەڕیشاڵەکانی خانەی ناو دەماغەوە هەیە، هەندێک بە سادەیی ڕوونتر بکەمەوە. بۆ نمونە خاتوو ئامینە یان کاک ئازاد کاتێک لەماڵ دەردەچێ بۆ بازاڕ و بۆ کڕێنی هەندێک بازاڕی، دوای كڕینی هەموو شتەکان، کاتێک دەخوازێ لە بازاڕ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، گەر لە ناو زاکرەیدا بیرەوهری لە دەست بدات، ئەوه ئیتر نازانێ چی بکات؟ نازانێت ناوی چیە و تۆ کێیت و بەرەو کوێ دەڕۆیت و لە کوێ دەگیرسێیتەوە. هەموو بوونت لە چرکە ساتێکدا لە دەست دەدەیت. بە شێوەیەکی زۆر سادە بۆ تێگەیشتن، مرۆڤ بریتییە لە بیرەوەری.

بیرەوەری چۆن لە هزردا جێگیر دەبێت:
بیرەوەریەکان چۆن و لە کوێ جێگیر دەبن. جەستەی مرۆڤ بریتیە لەهەموو بەشەکانی بەدەنی مرۆڤ. بەشێک لەو جەستەیە سەری مرۆڤە و بەشێک لەناو سەردا مێشکی مرۆڤەو بەشێكی تری ناو مێشکی مرۆڤ دەماغە و دەماغیش دەبێتە چەند بەشێکەوە، هەر بەشیکی کاری تایبەتی خۆی هەیە، بە بەردەوامی لەپەیوەندیەکی وردیەلەدان لەگەڵ خانەی بەشەکانیتر. ئەمجار دەماغیش دەبێتە چەند بهشێکی وردیلە. سەرنجترین وردیلەی ناو دەماخ خانە دەماریەکانی نێو دەماغە. تەنها ژمارەی ئەو خانانەی نیۆ دەماغ نزیک به ٨٦ ملیارد خانەی دەماری لەقەڵەم دهدرێت٢. گەر خانەکانی مۆخی بڕبڕاگەی بخەیتە سەر، ئەوه زیاتر لە سەد ملیارد خانەی دەماریە. ئەمە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە هەموویان بە شێوەیەکی زۆر زۆر خێرا لەگەڵ یەکتر لەپەیوەندیدان، بە شێوەیەکی ئەوتۆ، کە لە میلیچرکەدا خۆی دەبینێتەوە. بۆتێگەیشتن لەم خێرایە دەڵین وەکو چۆن گڵۆپی ژوورەکە دادەگیرسێنێت و لەوەش خێراتر لەپەیوەندیدان. ئهوه ناوەندی بیرکردەنەوەیە که بەهەموو جۆرەکانیەوە، هەموو هەستەکانی مرۆڤ (بینین و بیستن و تامکردن و بۆنکردن و هەستی تماسکردن و هەستەکانی تر.. هتد) ئەمە ئەو پێنج هەستەیە، کە نزیکەی٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئەریستۆتالیس باسی کردووە، زانستی ئەمڕۆی نیۆرۆلۆژی هەستی زۆرتر و وردەکاری تری بینیوەتەوە، وەکوو هەستی جووڵانەوە و هەستی هاوسەنگی و هەستی کەش و هەواو هەستی ترس و خۆشی و…هتد. ئەوەی زۆر زۆر گرنگە لێرەدا بۆ ژیان و وەرگرتنی هەستێک بۆ هەموو ژیان و دەوروبەری پێویستیمان بە هەموو هەستەکان هەیە و هەر هەمووشیان لەڕێگەی خانەی دەمارەکانەوە بۆ مێشک و کاردانەوەو ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هەر تاکەکەسێک هەیە. گرنگی وەزیفەی ئەم خانە دەماریانە لەوەدایە، کە هەردەنگێک یان هەستێک یان بیستنێک دەچیتە ناو مێشکەوە، بەهەموو شێوەکانی و لە ناو بەشێکی مێشکدا جێگیر دەبێت و پێی ئاشنا دەبێت و بەشێکیشی تێدا دەمێنێتەوە، چی خۆشی و یان ناخۆشی و یان ترس و تۆقان و ڕاچەڵەکاندن و شۆک. ئایا ئەمە به گشتی چ کاریگەریەک لە سەر مرۆڤ دادەنێ. ئا ئەمەیە پرسیارە سەرکیەکەمان.

ڕوداوەکان و کارەساتەکان:
هەموو ئەو ڕووداوانەی، هەموو ئەو جەنگانەی، هەموو ئەو چەوساندنەوانەی کە لە لایەن سیستمێکەوە دەکرێتە سەر خەڵکێکی تر، هەموو ئهو دەستدرێژیانەی بە زۆر دەکرێتە سەر خەڵکان و بەتایبەت ژنان و هەموو ئەو توندوتیژیانە و کوشتن و ئەشکەنجانەی، کە ڕاستەو خۆ ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە، یان کەسانێک و کۆمەڵێ خەڵکی دەبێتەوە و ناڕاستەوخۆ ڕووبەرووی خەڵکی دەبێتەوە، ترس و خۆفی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە. لەلایەکی ترەوە لە پاش ئەو کارەسات و ڕوودوانە پاشماوەی برینی ڕوحی خۆی بەجێ دەهێلێت. ئەم برینە ڕۆحیە لەگەل خۆیدا وەکو کۆڵێک بە پشتیەوە لەگەل خۆی ڕایدەکێشیت، سەرچاوەی زۆر ناتەندروستیهکی لێ دەبێتەوە.
بۆ نمونە، جەنگی عێراق و ئیران و جەنگی ڕژێمی ئێران دژی کوردەکانی رۆژهەلات بە هەموو شێوازەکانیەوە، سەپاندنی سیستمی جەمهوری ئیسلامی و لەسێدارەدانی خەڵکی لە مەیدانەکانی ناو بازارو لەپێش چاوی هەموو خەڵکی، بەردباران کردنی خانمان و زیندانیکردنی جەوانان و کەسانی بیروڕای جیاواز..هتد. لەلایەکی ترەوە ڕژێمی تورکیا بە سیستمێکی زۆر ئاسنینەوە سنووری وڵاتانی دهورووبهر دەبەزێنێت وتەنانەت شارێکی تری کوردی داگیر دەکات و خەڵكانێکی زۆر، ژن ومنداڵ دەکوژێت و سەروەتەکانیشان دەدزێت و کەسانی دیموکراتیخواز، کە بە ووشە خەبات دەکەن دەخرێنە زیندانەوەو بەردەوام بۆردومانی گوندەکانی کوردستان دەکات. جەنگی ڕژێمی سوریا و شۆکی جەنگی داعش بە شیوەیەکی وەحشیانە، وێنەکانیان دژی هەموو مرۆڤەکان و بەتایبەتی دژی هاونیشتمانیانی دڵسۆزی ئیزیدیەکان لە زاکرەی خەڵکیدا ماوەنهتەوە. لێرهدا به گشتی مهبهستم له جەنگی سیستمی داگیرکهرانهو دوژمنانی کوردستانه. جەنگی کەنداوی یەکەم و دووهەم و کارەساتی ئەنفال، هەڵەبجە، یانزەی سێپتەمبەری ئەمەریکا، کارەساتی هیرۆشیماو نەکازاکی و جەنگ بەگشتی له لایهکهوه و ئەشکەنجەی زیندانی و ئەشکەنجەی تەعدای سیکسی و ڕووداوی پڕ لەترسانکی هەڵاتن و ڕاکردن ..هتد.. پاشماوەی ههموو ئهو ڕووداوانه دهبنه هۆی برینداری ڕۆحیی و دەروونیی. ئەو برینداریە جۆرو تایبەتمەندی خۆیە هەیە و بە شێوەیەک کار دەکاتە سەر تەواوی ژیانی ئەو کەسانە. زۆر جار بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت و ئەو برینداریە رۆحیە شهفاف ببیندرێت، کاریگەری زۆر نهرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤ دادەنێت. زۆرجار ئەو برینداریە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی ژیانی ئاسای ئەو مرۆڤە. لە دوای زەمەنێک ئەو پاشماوەیە لە ڕەفتاری جەستەیی و هزری ئەو خەڵکانە بەبێ ئیرادەی خۆیان کاریگهری دادهنێن و دهبنه ڕێگر له بهردهم ژیانێکی بهختهوهرو شاددا.

برینداری جەستەیی و برینداری روحیی:
زۆرجار مرۆڤێک کاتێک لاقی دەشکێت و دەستی بریندار دەبێت ویان سەری بریندار دەبێت، یەکسەر دەزانین ئەوە بریندار بووە، بەڵام گەر مرۆڤێک دڵی بریندار بووبێت و یان رۆحی بریندار بووبێت، ئەوە ناتوانرێت وەکو برینداریەکەی یەکسەر ببینرێت. بەتایبەت ئەو برینە ڕوحیانەی، کە لە ئەنجامەی خورپەیەکی جەنگی یان هەر رووداوێکی ترەوە، کە خورپەیەکی (سەدمە- شۆک)ێک لەلای مرۆڤەکە دروست دەکات.
لە ئەنجامی ئەو خورپەیە – شۆکەوە، کە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە تووشی کەسێک دەبێت، ڕووبەرووی ڕوح و دەروونی کەسەکە دەبێت. ئەم حاڵەتە ناخی دەروونییان دەهەژێنێت و دەلەرزێنێت. ئەم هەژاندنە دەروونیە دەشێ ماوەیەکی کەم یان زۆر بخایەنێت تاکو دەرکەوتە نیگێتیڤیەکانی بە شێوەی جۆراوجۆر لەژیانیدا رەنگ دەداتەوە. ئەم شۆکەی لەئەنجامی ئەو ڕووادوەو دروست بووە، دەبێتە هۆکاری سەختی جەستەیی و دەروونیی و بە شێوەیەکی گشتی پێی دەوترێت تراوما..(Trauma.) دەشێ بە شێوەیەکی شاراوە، یان بەشێوەیەکی ئاشکرا سەختیەکانی لێ دەرکەوێت. ئهو سهختییانه به شێوهی جیاواز ڕهنگدانهوهیان دهبێت، بۆ وێنه: سەرئێشە، کەم خەوتن، خەوی بزرکاو یان خەوی ئالۆز، چێژ وەرنەگرتن لە خۆشیەکانی ژیان، بێدەنگی و کپی و هەندێ جار ئارقکردنەوە و یان سک ئێشە، یان بەشەکانی تری جەستەیی. ئەگەر بەبێدەنگی ئەم ڕووداوە، کە لە زاکرەی ئەوکەسهدا بە جێگیری ماوە و بمێنێت و بێدەنگی یان کپی لێ بکات وبیشارێتەوە و یان بترسێ که باسی بکات، جا ئهوهش بەهەر هۆکارێکەوە بێت، ئەوا زیانەکانی زۆرتر وگرفتدارتر و خەتەرناکتر دەبن و دەشێت بیانبهخشێت بە نەوەکانی تری دوای خۆی.

دەروونناسی و گەشەکردنی زانستی دەروونناسیی:
زانستی دەرووناسی یەکێکە لە زانستەکانی ئەمرۆی جیهان، کە پێداویستێکی تەندروستی گرنگی هاوکاری و چارەسەری گرنگ بە مرۆڤەکان دەبەخشیت، تاکو لە ئازارو سەختیێکی زۆر رزگاریان بکات و بەرەو جیهانێکی ئاسوودەیی و بەختەوەریان ببات. لەهەر کۆمەڵگایەکدا شرۆڤەو لێکۆلینەوە و لقەکانی و ووردەکاریەکانی دەروونناسی گەشەی کردووهو بووه بەکولتووریکی ئاسایی لە پرۆسەی گەشەکردنی پەیوەندیەکانی نێو کۆمەڵگهدا، ئەوکات هاوکاریەکی بێ ئەندازەی کۆمەڵگا دەکات، لە کەمکردنەوەی زەبرو زەنگ وتوندوتیژی و ئیرهیی و ڕق و کێنەو جۆری چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوەیەکی داناتر وهۆشمەندانەتر. بۆ هەر سەختیەکی دەروونی و هەرسەردەمێک بە شێوازێکی زانستیانەتر دیاردەکانی وەکو کوشتن و توندو تیژی و هەڵچوونی جۆراو جۆری ئازار بەخشانە و پێشگری لە ڕووداوە سەختەکان دەکات.
بەتایبەت ئێمە باسی یەک بەشی تایبەتی قوربانیانی کارەساتەکان دەکەین. لەم بەشەدا باسی کارەساتی سروشتی وەکو لافاو بوومەلەرزەو بورکان ناکەین، بەڵکو باسی ئەو کارەساتانە، کە بەدەستی مرۆڤ دژی مرۆڤ و بەسەر مرۆڤدا هاتوون. بۆ نمونە کارەساتی یانزەی سیپتەمبەری نیویۆرکی ساڵی ٢٠٠١.

نمونەی کارەساتی یانزەی سیپتەمبەری نیویۆرک:
کارەساتی ١١ سیپتامبەری نیویۆرک ڕووداوێکی شۆکاوی بوو بۆ خەڵکی ئەو شارەو و بۆ هەموو ئەوکەسانەی تەنانەت، لە ناکاو لەڕێگەی تەلەفزێۆنەوە سەیری ڕووداوەکانیان کرد و بینیان که خەڵکی چۆن لە باڵاخانەکانەوە خۆیان فڕێ دەدایە خوارەوە. تەنها ئەم بینینەش سەختی خۆی هەیە وهەبوو لەلای زۆرکەس. ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی بە سەدان جەنازەی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک لە و ڕووداوە نەدۆزرایەوە. ئەوەی گرنگە لیرە باس بکرێت ئەوەیە، کە دەروونناسانی شاری نیویۆرک چەندین کۆبونهوهیان کرد بۆ ئهوهی بزانن چی بکەن بۆ کەس وکاری قوربانیانی ئەو رووداوە، بەتایبەت بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی، کە جەنازیان نیە واتە شوێنەواری(ئەسەری) مردنیان هیچ دیار نیە و نازانرێت. دەروونناسەکان گەیشتنە بەکارهێنانی چەندین میتۆد، گرنگترینیان ئەوەبوو، مێتۆدەی مال ئاوایکردن (خوداحافیزی) بە سیمبۆلێک لەو کەسانەی، کە لاشەو هەواڵیان نەدۆزرایەوەو هەر لە چاوەڕونیدا دەژین.. ئەمە بۆ ئەوەبوو، کە ڕێگە لە چەندین دیاردەی ئازارو نەخۆشی جەستەیی و دەروونیی بگرن. دوایی دەرکەوت، کە ئەم میتۆدە زۆر زۆر هاوکاری جەستەیی و دەروونیی منداڵەکانیان و کەس وکاریانی کردووە، بەو مالئاویی کردنە، کە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کە کهسهرێکی قورسی شاراوه لە ناخیدا، لەمێشکیدا، لەدهوروونیدا جێگیر بێت و بمێنێتهوه.
• کارەساتی ئەنفال؟ ئایا کارەساتی ئەنفال چی بۆکرا و چی نەکراوە وچی دەبوایە بکرێت و چی دەبێت بکرێت.
کارەساتی ئەنفال ئەو ڕووداوە جینۆسایدەی که بە سەر گەلی کوردستاندا و بەسەر دارودرەختی گوندەکان و بەسەر خانوو و ماڵ و نیشتمان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکان و کانیاوەکانی کوردستاندا هات. ئەم کارەساتە جینۆسایدیه پەیوەندیەکانی مرۆڤەکانی شێواند و کولتوری پەیوەندیەکانی شێواند و وەحشیەتی مرۆڤی دژ بە مرۆڤ نیشاندا، ئهوهیش بە دەیان شێوازی دڕندەیی شۆکاوی سەیر.
• کارەساتی ڕووداوی ئەنفال تایبەتمەندیەکی جیهانیە و لە بارەی دەروونیەوە پێویستی بە دەیان جۆر لێکۆلینەوەی زانستی دەروونناسیی تایبەتمەندی هەیە، لە پسپۆڕانی دەروونناسی وپسپۆڕانی سیاسی و بەتایبەت پسپۆڕانی شارەزایانی کولتوری و زاکرەی کولتوری. له بهر تایبهتمهندیهکانی ئهم ڕووداوه بە کورتی ئاماژه به چەند خالێکی دەکەم.
• کارەساتی ئەنفال خورپەیەکی(شۆکێکی) بە کۆمەڵی چاوەڕوان نەکراوی لەناکاو بوو، ئەم شۆکە لە ڕووی زانستی (نوێرۆلۆژێەوە) لە شێوەی وێنەیەکی چەقبەستووی چەسپاوی بەشێکی تایبەتی (ئەمۆیگدەلا)-ی نیو دەماغ دەمێنێتەوە ودەشێت کاریگەری برینداری ڕوحی خۆی بەجێ بهێلێت. ئەم شۆکە چاوڕواننەکراوە شێوەی بازنهیەکی خولاوە و بەردەوام و دووبارە بووەوە لە خۆ دەگرێت. لە گەڵ هەر وێنەیەکی زاکرەیی کاریگەریەکی سەخت لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێت.
• کارەساتی ئەنفال لە چاوهڕوانیهکی بەردەوامی: لە چاوهڕوانیەکی نادیاری بەردەوام، لەچاوەڕوانیەکی خنکێنراوی باوەڕ پێ نەکراو، ئەم چاوەڕوانیەش بە شێوەیەکی بازنەیی لە خۆ دەگرێت، کەس و کاری کەسایەتی قوربانیانی ئەنفالکراو لە بازنەیەکی بەردەوامی نادیاردا لە ڕووی سەختی دەروونییەوە وەکو سەرگەردانێک دەخولێنەوە.
• کارەساتی ئەنفال و ئایەتی قورئان: کارەساتەکە بە ناوی دینێکەوە کراوە، ئەوش دینی ئیسلامە. ئایتەکەش لە ناو کتێبی پیرۆزی قورئانی موسڵمانەکانادا هەیە. ئەم برینە کەس و کاری قوربانیەکانی ڕووداوی ئەنفال بە بەردەوامی لە ناو ئازارەدا دەخوڵینەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان بەتایبەت خەڵکی گوندەکان خۆیان بە موسڵمان دەزانن، دەکهونە پرسیارەوە: باشە تۆ بڵێی خودا ئاگای لەمە بێت. ئەگەر ئاگای ڵییە، ئەی بۆ بێدەنگی هەڵبژارد. ئەی کوا خودا؟ واتە لەنێوان ئەوەی لەلایەک دینی ئیسلام بەشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی پەیوەندیەکانی کۆمەڵایەتی ڕیکخستنی هەموو یاساکانی کۆمەڵایەتی، ئەی چۆن بتوانن لەسەر ئەم ئاینە بەردەوام بن و پرسیاری بێدەنگی خوداش لەم ڕووداوە بەردەوام پرسیاری ئاینە. چی بکات وچۆن لەگەل ئەوکتێبە پیرۆزەی قسەکانی ناو کتێبەکەی بە قسەی خودا دەزانی، ئەی چۆن لەگەڵ ڕووداوە وەحشیگەرییەدا دەگونجێت.
• ئەوکەسانەی کە خودی خۆیان شاهیدحاڵی کارەساتی ئەنفالن و کارەساتەکەیان بینیوە، بە شێوەیەک و ئەوانەی کە کەس وکاریان بەرشاڵاوی ڕووداوی ئەنفال کەوتن و هەر نگەڕانەوەو بێسەروشوێن مانەوە بەشێوەیەکەیتر، سەختی و کهسهری دەروونیان خۆی پیشان دهدات.
• خیانەت: ئەو کورده خیانهتکارانهی (جاش و موتەسشار وئەوکەسانەی سەر بە ئەمن وئیستخباراتی ڕژێم بوون، کە لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کاریان دەکرد و بە شیوەی جاش و ئەمن بەشداریان لە کوشتاری خەڵکی ڕەش و ڕووتی بێتاوانی کورد کرد. ئەم تاونبارانە چیان لێ کرا؟ دادگایی کران، تاوانباریی خۆیان باس کرد؟ باسی پەشیمانی خۆیان کرد؟ دانیان بەهەڵەو خیانەتی خۆیاندا نا؟
ئەم ئازارە بە چارەسەرنەکردنی تاونباران ڕۆحی کەس وکاری قوربانیان بەردەوام ئازارێکی نەبینراو و بینراودا دەخوڵینەوە و هەموو ژیانیان و ژیانی دەوروبەریان پڕ دەبن لەسەختی جۆراوجۆر. ئهمه خۆی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان دەشێوێنێت، دهبێته دیاردەی سەرئیشەیەکی بەردەوام، پەشێوی دەروون و پەشێوی مێشک و زۆر دیاردەی تر.
• «دەبوایە ئەم خائینانە ڕسوا بکرێن، نەوەک ڕێزێان لێبگیرێت.» ئەو کەسانەی بەشداری ئەو ڕووداوەیان کردووە، دەبوایە بە ئاشکرا بە قەدەر تاوانهکهیان جەزا بدرانایه. بەم شێوازە نەزانینە دواکەوتوویە وا لەخەڵکی دەکەن، کە هەموو باوەڕیان بە نیشتمان لاواز ببێت و شێوازی خۆشەویستی نیشتمانی ئاڵۆز و سەرگەردانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت و کولتوری بێ باوڕی بڵاودەکاتەوە. بەم شێوەیە ڕێگە بۆ دوژمن و بۆ دووبارەبوونەوەی خیانەت، هەستکردن بەبچووکی زیاتر گەشە دەسێنێت.
وێنەی مۆنۆمێنتی شانۆیی و ڕیزلێنان لە قوربانیان و کەس وکاری شەهیدانی ئەنفال لە گوندی ساتی، بە پرۆسیەکی پێکەوەی خەڵکی گوندەکە ومیوانەکان وهونەرمەندەکان. ئەمە شیوازێک له رێزلێنانه که خودی هاونیشتمانیانی کوردستانی ئەنجامیان داوه. پرۆسەی کارەکە لە پرۆسەی زۆر لەکارەکانی ئەڵمانیا بەنرختر هەلسەنگێنرا.
چۆن دەتوانرێت گۆڕانکاری زانستی بنەڕەتی لە کولتوری زاکرە و بیرەوەرییەکان بکرێت، بەشێوەیەک کە ڕووداو و کارەساتی وێرانکاری بکرێتە شێوازێکی ئەوەی، کە چۆن لە هزرو هۆشمەندی دەرئەنجام وهۆکار و لێکدانەوە و شرۆڤەکردن رێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەوکارەساتانە بگیردرێت، کە جارێکی تر، ئەو ڕووادوەو هاوشێوهی ئهو ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە، پاشان هزری بەرپرسیارێتی هەر تاکێک و هەمووان بوروژێنێت، تاکوو لە ناو مێشک و دەماغ و هۆشمەندی جێگای خۆی بگرێت.
ئەمە وێنەی بەردێکی ڕەشی یەک تەنیە لە شاری میونشن بۆ بیرەوەری قوربانیانی دەستی نازی و شۆرشگێڕانی گوڵی سپی. لە پشتەوە نامەیەکی زیندانیەکی سەردەمی نازیەکان لەسەر بەردەکە هەڵکۆڵراوە. ئەم وێنەیەش وێنەی فیلمێکە بۆ زانکۆی میونشن گیراوە، کە قوربانیانی گوندی ساتی و قوربانیانی سەردەمی نازیەت هاوبەشیەکانی شڕۆڤە دەکرێت.
ئەو سیستەمە و ئەو تاوانبارانەی، کە هۆکاری ئەو ڕووداوە بوون، یان بەشداریان کردووە لەو کارساتانە، دەبێت بە شێوەیەک یان میتۆدێکی گونجاو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، تاکوو ئەوانیش هەست بەتاوانباربوونیان بکەن، بۆ ئەوەی چیان بەسەر ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگادا هێناوە، بەتایبەت ئەو کارەساتەی کە بووەتە هۆی برینداربوونی رۆحی و دەرونیی قوربانییەکان، ئەم شێوە مامەڵە دەبێت لە پلەی یەکەمدا دابنرێت هەتاکوو ببێتە هۆی ئارامی و سارێژکردنی بەشێکی بریندارییەکە. بەداخەوە ئەمە لە کوردستاندا ڕووینەدا بەشێکی زۆری تاوانبارەکان دەسووڕێنەوە و هەندێکیشیان پلەو پایەی بەرزیان لە ناو رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستاندا هەیە. ئهم کارهساته دەبێتە کولتوورێکی زۆر زیانبەخش و نازانستی.
دەبێت زۆر بە ورییایەوە لە قوربانیان و کەس وکاری قوربانیان ڕێز بگیردرێت، لهم بهستێنهدا شێوازی جۆراوجۆری ڕێزلێگرتن پێویسته، واوهتر دهبێ کار بۆ هەموو جۆرە مافەکانیان بکڕێت. لە هەمان کاتدا پێویسته بایهخ به کۆمهڵێک سیمبوولی بیرهوهری وهک: دروست کردنی پەیکەرو مۆنۆمێنت و شانۆ و فیلم و شێوەکاری و هەموو بارەکانی تری هونەری و ناونانی شەقامێک یان مەیدانێک بە بەشداری و زانیاری کەس وکاری قورباناین، بدرێت.
ئێستا شرۆڤەی زانستی بۆ زۆربەی کارە بیرەوەریەکان و کولتوری بیروەری دەکرێتەوە، کە چۆن لە گەڵ شێوازی ئێستاتیکا و هونەریی و مێژوویی و خۆی کار بۆ ئەوە بکرێت، کە خەڵکی و کەس وکاری قوربانیان بەشداری لە پڕۆسەی بەرهەمی کولتوری بیروەرەیەکە بکەن. بۆگەێشتن بە هزری هۆشمەندی ولێکدانەوەکانیان و نووسینی مێژووەکانیان و ڕۆچوون بۆ هەموو بارەکان تاکو نێو خوێندنی سەرەتای و پەروەردەیی سەرەتایی.

بەشێک لە سەرچاوەکان:

Der lange Schatten der Vergangenheit. Aleida Assman.2018 München.
Religion und kulturelles Gedächtnis2017 München
Bedienungsanleitung für ein menschliches Gehrin. Gerald Hüther.2013.Göttingen.
. https://www.zeiss.de/vision-care/besser-sehen/sehen-verstehen/das-menschliche-
auge.htmlhttps://www.bpb.de/geschichte/zeitgeschichte/geschichte-und-1-erinnerung/39786/gedaechtnisformen بابەتی تراوما.
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150829232310125641&lng=22 .
https://www.helmholtz.de/gesundheit/wie-viele-nervenzellen-hat-das-gehirn+ -2
https://www.wissen.de/bildwb/nervenzellen-wie-viele-nervenzellen-haben-wir+
Maurice Halbwachs:

*هەلب ڤاکس و لە سالی ١٨٧٧ لەدایک بووە لە ساڵی ١٩٤٥ لە موعتەقەلەکانی بوخن ڤاڵد کۆچی دوای کردووە. کەسایتیەکی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرنەسیە. بابهتی زاکرەی کۆلیکتیڤی تاکو ئەمرۆ لە نێو زانستەکاندا جێگای خۆی کردوەتەوە.
• یان ئەسمان: پرۆفیسۆری بواری زانستی کولتوری وشارستانیەتی میسری کۆن و ئاینناسیی و ئەدەبیات و کولتوری بیرەوەریەکان وکارکردن لە سەرکولتوری بیرەوەریە.
* ئەلیادە ئاسمان. پرۆفیسۆری بواری زانستی کولتوری وشارستانیەتی میسری کۆن و ئینگلیزی و ئەدەبیات و کولتوری بیرەوەریەکان وکارکردن لەسەرکولتوری بیرەوەریە.

د. هاوڕێ زەنگەنە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی کۆمەڵایەتی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن

هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه‌ وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده‌، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته‌ ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له‌ کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟ شێرزاد حه‌سه‌ن: له‌ راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌ یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش‌ قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه‌)، هه‌ر له‌‌و کاته‌وه‌ تۆمارکردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌ […]

Read More
سیاسی کۆمەڵایەتی

ژن، ژیان

پێشکه‌ش به‌ دایکم “ئامین پیرۆتی”، ژنانی نیشتمان، ژینا و ژیناکان ژن، ژیان ژن مرۆڤ بە نێر و مێ دابەش دەکرێن و هەرکیان مرۆڤی همۆساپێنن. بوون و نەبوون له‌ هەرکیانه‌وه‌ دێ و هیچیان له‌ویتر بانتر و ژێرتر نییه‌. چیرۆکی خەیاڵی ئادەم و حەوا، تێگه‌یشتنی خودا- به‌نده‌، خالق و مه‌خلوق و بۆچوونی زۆرینه‌ی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی سه‌رگۆی […]

Read More
سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌ی دیارده‌یه‌ک.

دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمێکی سیاسییدا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه‌ مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوه‌رۆک و واتا پڕ […]

Read More