گۆمی زرێوار کەوتووەتە بارودۆخێکی سامناکەوە

گۆمی زرێوار کەوتووەتە بارودۆخێکی سامناکەوە

د. باقر فەرەنگیس – رەشاد مستەفا سوڵتانی

ئەگەر شارۆمەندانی کوردستان هەڵویستێکی مێژوویی و هیمەتێکی بەرز و مرۆڤدۆستانەی ژینگەپارێزی نیشان نەدەن، بێگومان نەتەوەی کورد شاهیدی وشکبوون و لەناوچوونی زرێوار دەبن و، تەنیا دەتوانن لەئەتڵەسی جێوگرافیایی چاویان بەنەخشەی ئارشیوکراوی زرێوار بکەوێت.

 

١. بۆ پرسی ژینگەمان هەڵبژارد؟
ڕۆژ بوو بە حەوتوو و حەوتوو بوو بەمانگ و مانگیش بوو بەساڵ و بزووتنەوەی چەپی ڕادیکاڵ لە وڵاتی کوردستان و ئێران سەبارەت بە مارکسیزم و بیرمەندانی ئەو بوارە زۆر زەحمەتیان کێشاوە و وتاریان نووسیوە. ڕێکخراوەکانی پەیکار، چریکی فیدایی، حیزبی توودە، ڕزمەندەگان، کۆمەڵە، ئیتحادیەی کۆمۆنیستەکان خزمەتی چاکیان لە بواری تەفسیر و تەرجومە بە مارکسیزم کردووە. بەڵام پرسی ژینگە و ژینگەپارێزی لە نێو نوسراوەکانیان هەر نیە و ئەگەریش هەبێت، دڵگیر و لە ئاستی شیاوی خۆیدا نیە. هەر بۆیە من و دوکتور باقر، ڕچەیەکی ترمان تاقیکردەوە و ژینگەمان وەک خواستی جەماوەر و پێداویستیەکی جیهانی هەڵبژارد و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستمان پێکرد. سەبارەت بە گۆمی زرێوار، گۆمی ورمێ و ئاو لە ئێران سەرجەم سێ کتێبمان ئامادە کردووە. ئەم وتارە پرسی گۆمی زرێوار، زانیاریەکان و مەترسیەکان و هێرشی دڕندانە و کاتگۆری بەسەرهاتی گۆمی زرێوار شیدەکاتەوە و زانیاری مۆدێڕن بە خوێنەران پێشکەش دەکات .

٢. هەڵکەوتەی جیوگرافیایی گۆمی زرێوار:
گۆمی زرێبار لە نزیک شاری مەریوان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. گۆمی زرێبار بە پێی مێتودی کاربونی ١٤ و لێکۆڵینەوەکان و تۆژێنەوەکان زۆرتر لە بیست هەزار ساڵ تەمەنی هەیە و، لە قۆناخی پولینتۆسن پێکهاتوە. یەکێک لە بێهاوتاترین گۆمەکانی ئاوی شیرینی جیهانە. زرێوار هەزاران ساڵە جوانی و ئاوەدانی و هاڕمۆنی دڵگیری بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی مەریوان بەخشیوە. ئیکۆلۆژی تاقانە و ئاوارتەی ئاوی شیرین و جۆراوجۆری گیاکان، گیانلەبەران، باڵندەکان، سیما و دیمەنێکی دڵنشینی پێکهێناوە کە وەک جێگایەکی گەشتیاریی و توریستی و بێوێنە لە کوردستان و ئێران باس دەکرێت. ئەم گۆمە لە بواری مێژوویی لە سەر هەڵویست و هەستی ناسکی شاعیرانی پایەبەرزی کورد کارتێکەری و کاردانەوەی هەبووە. حەزرەتی مەولەوی(١٢٢١ -١٣٠٠ کۆچی) کە هاوکات لە گەڵ ڕێنسانی ئوروپا ژیاوە، کاکە حەمە بێلوو “ناری” (١٨٧٤ -١٩٤٤ زاینی)، قانیع (١٨٩٨ -١٩٦٥ زاینی) و شەریف حسین پەناهی لەدیوانەکانیان باسی زرێواریان کردووە. لە نێو جەماوەری خەڵک ئەفسانە و میتۆلۆژی قەبری دەروێش و دۆعا و نزای مام دەروێش، سینە بە سینە هاتوە و لە سەر پەردەی مێشکی بیروڕای گشتی جەماوەر ماوەتەوە. دانیشتوانی کۆنی ناوچەکە لە لایەن زۆرگۆیان و دەسەڵاتداران، زۆڵم و زۆری تاقەت پڕوکێنیان لێکراوە و فرەبێزار بوون. پیرێکی هیمەتبەرز وەک دەروێش زۆرگۆیانی نەفرین کرد و لە بارەگای یەزدان و کردگار پاڕایەوە. دیوان و مەقەڕی حکومەتی زۆرگۆیان لە ژێر ئاوکەوت و نوقوم بوو. پاشان گۆمی زریوار پێکهات و دروستبوو.

٣. سەرچاوەکانی ئاوی گۆمی زرێبار
ئاوی زرێوار لە ئاستێکی زۆر کەم، لە ئاوە سەتحیەکان و کانیەکانی کوێستانەکانی دەوروبەری دابین دەبێت. باران و بەفری ساڵیانەش تاڕادەیەک ئاوەکەی دابین و دەستەبەر دەکات. بەڵام بەگشتی و سەرجەمی ئاوی زرێوار هی کانیاوەکانی بن و قوڵایی زرێوارە. ئەم کانیاوانە لە سفرەی ئاوە ژێر زەویەکانی ناوچەکە فەراهەم دەبن. کانیاوەکان بە شێوەیەکی خۆڕسک لە بن دەریاچەکە هەڵدەقوڵن و سروشتین. هیچ ڕووبارێک بەشێوەی سروشتی ناڕژێتە نێو گۆمی زرێبار.
لە دەورانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی بێئەوەی باری ژیئولۆژی، ئیکوسیستم، ژینگەیی، بیولۆژی، مۆرفۆلۆژی بە شێوەیەکی زانستی و مودێڕن لێکبدرێتەوە، و لە سەر بناغەی تاکتیکی کاڵ فامانە و نەزانانە و ستراتیژی کاول و کەمبایەخ کردنی ژینگەی کوردستان و فەوتانی هێواش هێواشی گۆمی زرێوار، ڕووبارێکیان بە ناوی “قزڵچەسو” لە نزیک گوندی دەرەوەران، لاداوە و ڕێگا و مەسیری سروشتی چەند هەزار ساڵەی ئەو ڕووبارەیان گۆڕێوە و هێنراوەتە نێو گۆمی زرێوار. ئەم ڕووبارە بە شێوەیەکی نەبێنراو، کارەساتی دڵتەزێنی خولقاندووە و گرفت و کۆسپەکانی بۆ ژینگەی زرێوار، سەر سوڕهێنەرە.

٤. خەسارەتناسی و هەڵویستە نازانستیەکانی حاکمییەتی جمهوری ئیسلامی:
* ڕووباری قزڵچەسو لە نزیکی گوندی دەرەوەران کە هێنراوەتە نێو گۆمەکە، ئاوی زرێواری زیادکردووە و لە هەمانکاتدا بەنداوێکیان لێی دروست کردووە، بەڵام خەسارەت و زەرەر و زیانی بیۆلۆژی، ئیکۆسیستمی، مۆرفۆلۆژی، ئیکۆلۆژی و ژینگەیی لە ئاستێکی سەرسوڕهێنەر و سامناک پێکهێناوە. چونکوو ئاوی ڕووبارەکە لە تێپەڕبوونی زەماندا، ئاست و قەبارەیەکی قورس و فراوان لە زیخ، لم، ماسە، خاکی تواوە و خەوش و خاڵ لەگەڵ خۆی دێنیتە نێو گۆمەکە. ئەم قەبارە لە شتی ڕەوان، پەیتا پەیتا و وردە وردە، بەرەو قوڵایی و بن گۆمەگە دەڕۆن و دەخزن، پاشان سەرچاوەی کانیاوەکان دادەپۆشن. بە تێپەڕبوونی زەمان، کونی کانیاوەکان دەگرن و کۆسپێکی گەورە بۆ ژیانی سروشتی دەریاچە دەخولقێنن. یانی لە بواری زەماندا ئەو کەرەسانە، بەیەکەوە دەلکێن و لە ژێر فشاری ئاو، سەختتر دەبنەوە و گرفت و ئاریشە دروستدەکەن. کۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەر هەڵقوڵانی ئاوی کانیاوەکان و دەریاچەکە لە ڕەوتێکی ئارام و بێ ئەوەی مرۆڤی ئاسایی لەو پڕۆسەکە تێبگات و هێواش هێواش بەرەو وشکبوون، نەمان و فەوتان دەچێت.

** مراوی ماسی: دەمی ئەم ماسییە لە دەنووکی مراوی دەچێت، بەخاتری پارە و قازانج و تێکدانی باڵانسی ئیکۆسیستم و ژینگە گۆمی زرێبار لە جێگاو شوێنێکی ترەوە بۆ نێو گۆمی زرێباریان هێناوە. ئەم ماسییە درێژایی تا ١٨٥ سانتی میتر و کێش و وەزنی تا ٣٥ کیلو گرام دەگات. مراوی ماسی نێچیرەوانی هەمیشەیی، ڕاوچی و هێرشبەرە و هەموو ماسیە خۆجێیەکان دەخوات و کارەساتی خولقاندووە. لەم پێڤاژەیەدا ڕاستەوخۆ دژی ئیکۆسیستمی گۆمی زرێوارە. بێگومان کاتێک ئاوی زرێوار سەرڕێژ دەبێت، ئەم ماسیە دەتوانی لە گۆمی زرێبار دەرباز بێت و، بچیتە نێو ئاوی ڕووباری گردەڵان و پاشان واریدی ڕووباری سیروان بێت و بەشێوەی سامانک ژینگەی ئەو ڕووبارە مەزنە تێک بدات. گەرای مراوی ماسی بەخێرایی گەورە دەبێت و بۆ باڵانس و ڕەوتی ڕووباری سیروان و ماسییە خۆجێیەکانی ئەو ڕووبارە فرە خەتەرناکە، چونکوو میلیونەها ساڵە ماسییەکان لەگەل بارودۆخی ڕووباری گردەڵان، ڕووباری مەزنی سیروان و گۆمی زرێوار خۆیان گونجاندووە و لە سەر یەکتر کارتێکەری پۆزیتیڤیان هەیە و، پێکەوە ژیانی ژینگەیی و هاوبەشیان هەیە. مراوی ماسی پوتانسیل و زەرفیەتی تێکدانی هەموو ئیکۆلۆژی و ئیکۆسیستمی گۆمی زرێوار و ڕووباری گردەڵان و سیروانی هەیە.

*** گوڵپەپوولەی مێرگەزار: تەنیا گیای گۆشتخۆری وڵاتی ئێران و هەرێمی کوردستان “گوڵ پەپوولەی مێرگەزارە” کە لە قەراخ گۆمی زرێوار سەوز و شین دەبێت. ژیانی ئەم گۆڵە نایابە، ڕاستەوخۆ بەستراوە بە بوونی گۆمی زرێبارەوە. بەهەر ئەندازە و بەهەر ئاستێک دەریاچەکە بکەوێتە مەترسی فەوتان، ئەم گۆڵە ئاوارتەیە شوێن و جێگای ژیانی بەرتەسک دەبێتەوە و بە مروری زەمان لە ناودەچێت.

پزشکی کلاسیک و سوننەتی گیا دەرمانیەکان:
دەوروبەری گۆمی زرێوار، گەنجێنەیەکی گرانبەهای گیای دەرمانیی هەیە. بە پێی سوننەتی جەماوەر و نەبوونی خزمەتە دەرمانیەکان لە لایەن حاکمیتەوە، گیا دەرمانیەکان کێش و پێگەی بەرزیان لە ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەدا هەیە. گیاکان سروشتین و هەرکام بۆ چارەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ بەکاردێن. فەوتانی گۆمی زرێوار، تەنیا وشک بوونی گۆمەکە نیە، زەنجیرەیەک لە گیانلەبەرەکان، ڕووەکەکان، ئاوژییەکان و باڵندەکان کە بەستراو و گرێدراوی بوونی زرێوارن، لە پڕۆسەی فەوتان و نەمان دەکەون. زەرەر و خەسارەتی بێولۆژیک، دەرمانی و سیمای دڵڕفێنی سروشت و گەشتیاری بەجارێک دەخەنە مەترسیەوە و پێڤاژەی فەوتانی سروشت و ژینگە بەرەو خێرایی دەڕوات و لێرەدا جگە لە شارۆمەندانی کوردستان هەموو جیهان لە ڕوانگەی ژینگە و ئیکۆلۆژیەوە زەرەرمەند دەبن، کە نمونەیان بریتین لە: داروەن (داروێژەن، یا دارقەزوان یا داربنێشت)، شویت، قازیاخە، بوژانە، گوڵە حاجیانە، چقچەقە، کەنگر، سێ بن ئەرد، شنگ، گۆزروان، توور، کوزەڵە، سرینچک، خوژیلک، داربەڕوو و گەزوو(مادە و کەرسەی شیرینی گەزوو لە دار مازوو فەراهەم دەبێت)، شاتەڕە، گوڵ هەنگ، گوێز، پسڵ، پوونگە، نەعنا، گیاژان، ڕیحانە، هەزبێ، مەرزە، گوڵە هێرۆ، سالمە، وێنجە، سێپەڕە، ترشۆک، بەی، گۆیژ، شیلان، هەڵاڵە، ژار ماسی، گەزنە و دار ترێ.

گیانلەبەرانی وشکی و ئاویی:
بارودۆخی زرێوار و دەوروبەری بۆ ژیانی هەندێ لە گیانلەبەران فرە سازگارە. ماری ئاوی، ژیشک، یەکانە (بەرازی نێر) مالۆس (بەرازی مێ)، ڕێوی، کێسەڵی ئاویی، سەگاومارماسی، کێسەڵی وشکی، سوسمار، ڕاسو، گورگ، چالەکە، مشک، ڕسق، ورچی زەرد، سمۆرە لە دارستانەکانەکانی نزیک و قامیشڵانی چڕوپڕی قەراخ زرێوار دەژین .
لە زرێوار و نێو قامیشڵانەکان، بەرازی نێر و بەرازی مێ دەژین و لە دارستانەکانی دەوروبەر، بۆ نێو لیتاو و مێرگەزار و زەلەکان دێن.
ڕووەکەکان:
دەوروبەری زریوار سەوزە پۆشی ڕووەکەکانە. لەم ژینگەیەدا قامیش، بوریا، قامیشی ڕیشاڵدار، هەزار نەی، زەلی ئاویی، ڕووەکی قامیشيڵان، پەڕ تاووسی، گوڵ پەپۆلەی مێرگەزار (گوڵێکی بێ هاوتای کوردستان و ئێران و زرێوارە) سیپرۆس، سۆسەنی ئاوی، گوڵە سوورە و نیلوفەڕی ئاوی دەبینرێن.

ماسییەکان:
لە گۆمی زرێبار ماسی خۆجێی و خۆوڵاتی بەهەزاران ساڵە لەم گۆمە دەژین و ئیکۆسیستمی گونجاو و دڵڕفێنیان پێکهێناوە. ڕەشە ماسی خاڵدار، بووکە ماسی، ماسی پووڵەکەیی، مارماسی دڕکاویی، قەشە، زەردەماسی، ماسیە وردیلە و مراوی ماسی کە هێرشبەر و گۆشتخۆر و لە لایەن بەرپرسانی حکومەتیەوە و بەخاتری پارە و دراو، هێنراوەتە ئەم گۆمە و ژینگەی زرێباری کامباخ و وێران کردووە.

باڵندەکان:
باڵندەکانی ئەم گۆمە دوو دەستەن. باڵندە خۆجێیەکان کە هەمیشە لە دەوروبەری دەریاچەکە دەژین و لەو ژینگەیە سەقامگیر و هێلانەیان هەیە. هەرساڵە لەسەر هێلکەکانیان کڕ دەکەون و کاتێک جوجکەکانیان لە هێلکە ترووکا، بەخێویان دەکەن. باڵندە کۆچەریەکان بەگشتی زۆرن و لە باکور و باشور و ڕۆژئاو و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوچەکانی تری جیهان بەرەو گۆمی زرێوار کۆچ دەکەن. زستانان جێگای حەسانەوەیان گۆمی زرێوارە. مراوی بەڕوویی، پەڕەسیلکەی سپی، مرێشکە ڕەشە، گاوانی چکۆلەی سپی، گامارۆ، سۆنەی سەر بۆر، ڕیشۆڵە، لەقلەقی سپی، مراوی وەحشی و کێوی، سۆنەی سەر گەسک، باڵندەی تاووس ئاسا، پەپوو سڵێمانە، مرێشکی نەورۆزی، ماسیگرەی پەمەیی و قوون هەڵتەکێنەی بەڵەک لەم گۆمە دەژین. حاجی لەقلەق لە گوندەکانی دەوری زرێوار، میوانی کۆچەریە و ئیستا هەندیکیان، لە دەڤەرەکە دەمێنەوە و هێلانەکانیان چۆڵ ناکەن.
لەگواندارانیش سەگاو، بە زۆری لە زرێبار هەیە. باڵندە جۆراوجۆرەکانی زرێوار، هەم خۆجێی و هەم کۆچەرین.

ئوڕگانی ژینگە پارێزی مەریوان: لە شاری مەریوان گەنجان و شارۆمەندانی هەرێمەکە ، بە هیمەت و هەڵویستی خۆیان ئوڕگانی ژینگە پارێزیان دامەزراندووە کە لە دارستانەکان، گیا جاڕەکان، درەختەکان، باڵندە ئەسیرەکانی نێو قەفەس، ڕاوی بێڕەحمانەی گیانلەبەرانی کێوی، گۆمی زرێوار و ژینگەی هەرێمی مەریوان پارێزگاری دەکەن. ئەم ئۆرگانە دیموکڕاتیکە دڵسۆزانە و خۆبەخشانە، لە پێناو پاراستن و ژێنگەپارێزی هەنگاوی جیددی و مرۆڤدۆستانە و مودێڕنیان لە بەستێنی ژینگە هەڵگرتوە و پێشڕەو و ڕچەشکێنن. لەم پێڤاژەیەدا تەنانەت چەند کەسیان گیانی خۆیان بەخت و فیداکردووە و لە نێو کڵپەی دارستانە ئاگر تێبەردراوەکان سوتان و تاجی سەربەرزیان لە سەر نا. دەسەڵاتدارانی جمهوری ئیسلامی ڕاستەوخۆ، بۆ ئۆرگانی ژینگەپارێزی کۆسپ و لەمپەر دەخولقێنن و بەشێوەی جۆراوجۆر بەرگری لە تێکۆشان و پەرەسەندنی ئەم ئۆرگانە دیموکڕاتیکە دەکەن. ژینگەپارێزانی مەریوان یەکەم ئۆرگانی دیموکڕاتێکی سەربەخۆیە کە لە لایەن بیر و ڕای گشتی شارۆمەندانی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێن. سیاسەتە کاڵفامانەکانی حاکمییەتی ناوەندی راستەوخۆ ژینگەی جۆراوجۆری ئەم گۆمە وێران و کامباخ کردووە. بەرگری لە وشکبوون و مەرگی گۆمی زرێوار ئەرکی سەرشانی هەر شارۆمەندێکی کوردە. هەنگاوەکانی ئۆرگانی ژینگەپارێزی لە بەستێنی پاراستنی ژینگەی دەڤەری مەریوان شیاوی ڕێز و قەدەردانیە.

ڕەوتی پڕ لە ژانی کارەساتە داسەپێنراوەکانی گۆمی زرێبار:
١-وتارە غەیرە زانستی و بێ نرخەکان کە سەبارەت بە زریوار نوسراون، کۆن و کات بەسەرچوون و لە گەڵ ڕەوڕەوەی مێژوو و تکنیکی مودێڕن یەکناگرنەوە. شتی تازەی تێدانیە کە دانیشتوانی دەڤەرەکە، وەک ڕێباز لە بەر چاوی بگرن.
٢- کاری چڕوپڕی لێکۆڵینەوەی عەمەلی و زانستی سەبارەت بە ئیکۆسیستمی زرێوار و پلانی هەمیشەیی و داڕێژراو هەر وجودی نیە.
٣- بەهۆی ئاژەڵداری کلاسیک و سوننەتی گوندنشینەکان (لەوەڕگاکان)، و بڕینی دارستانەکان و دار و دەوەن، دیفاعی ئاوگیری زرێوار زۆر کز بووە. بەفر و بارانی ساڵیانە هەموو خەوش و خاڵ و خاکی شۆردراوە و لم و ماسە لە گەڵ خۆی دێنیتە نێو دەریاچەکە.
٤-هاتنی فازڵاو و ئاوەڕۆکانی شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەر و، کامیون و تانکرە بارهەڵگرەکانی نەوتی تاڵانکراوی باشور کە لە ئاستێکی بەرچاو کەرەسەی ژەهراوی و کیمیاوی لە قەراخ گۆمی زرێوار جێدێڵن و، فڕەدانی کەرەسەی پیس و ناپاک و خەوش و خاڵی گەشتیاران و گەڕۆکەکان کە سەرجەم بە تەواوی (PH) (پێ – هاش)ی ئاوی گۆمەکەی تێکداوە.
٥- خولقاندنی گیروگرفتی جیددی بە مەبەستی بەرتەسک کردنەوەی هەڵسوڕانی ئۆرگانی دیموکڕاتیکی ژینگەپارێزی مەریوان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر.
٦- لادانی ڕووباری قزڵچەسو لە نزیک گوندی دەرەوەران و هێنانی ئاوەکەی بۆ نێور زرێوار کە ئەم ڕووبارە قەبارەیەکی فراوان لم، زیخ، ماسە و لیتاو هەڵدەگرێت و دەێڕژێنێتە نێو گۆمی زرێوار، لە ئاکامدا گیرانی کونەکانی کانیاوەکانی بن دەریاچە خێراتر دەکاتەوە. هێنانی مراوی ماسی و بەخێوکردنی لە گۆمی زرێبار، کە ڕاوچیەکی وێرانکەر و هێرشبەرەو ڕاستەوخۆ و بە شێوەی بەربڵاو هەموو ماسییە خۆجێیەکانی ڕاودەکات کە زەنجیرەی خواردەمەنی و ئیکۆسیستمی تێکداوە و شێواندووە.
٧- لەهەموویان گرینگتر، دەسەڵاتی ناوەندی ئێران بە هیچ شێوەیەک شارەزا و پسپۆڕی ژینگە نین. ئەم دەسەڵاتە هەرگیز بەڕێوەبەریی و دەوڵەتداریی نازانێت. دەسەڵاتی حکومەتی نرخی گرانبەهای گۆمی زرێوار هەر نازانن تا هەڵیسەنگێنن، و هەرگیز بیر لە داڕشتنی پلاتفۆرم و گەڵاڵەی ڕزگارکردن و بەرگری لە وشکبوونی زرێوار ناکەنەوە. بە ئاشکرا هزر و فیکری میلیتاریسم و داگیرکاری و شووینیستیان دیارە. دەبێ شارۆمەندانی دانیشتووی مەریوان و گوندەکانی دەوروبەر متمانەیان بەخۆیان هەبێت. بە هیمەتی بەرز و لێبڕاوانە و دڵسۆزانە و وەک ئەرکێکی نیشتمانی بارودۆخی ترسناکی گۆمی زرێوار لە بەرچاو بگرن. شارۆمەندان دەبێ خۆیان بە یارمەتی وەرگرتن لە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ژینگە لە ئێران و کوردستان گەڵاڵە و پلاتفورمی ڕزگاری و نەجاتی گۆمی زرێوار داڕێژن. چونکوو زرێوار تەنیا هی شارۆمەندانی دەڤەری مەریوان نیە و نیعمەتێکی سروشتیە و هی هەموو شارۆمەندانی دونیا و کۆمەڵگای جیهانیە. ئەگەر ئەمڕۆ هەنگاوی جیددی هەڵنەگرن، بیگومان بەیانی دێرە و، کاتی بەسەر چوو، ئاوی ڕووباریکە کە تێپەڕ بوووە !

سیستمە زیانبارەکان
چ خەسارەتێکیان لە زرێوار داوە؟
کاڵفامەکان هێچ چەشنە زانیاری، شارەزایی، لێزانی و پسپۆڕیان لە پرسی ژینگەدا نیە و سنووری زانست و عیلمیان زۆر بەرتەسک و کۆن و تەنیا بۆ زانستی ئاین و ئاین زاکان دەگەڕێتەوە، کە بە ئاشکرا لە گەڵ ڕەوڕەوەی مێژوودا ناتەبا و نەگونجاوە. چونکوو زانستەکەیان کۆن و کات بەسەرچوە و هەرگیز ناتوانن لە پرسەکانی ژینگە، ئیکۆسیستم، ئیکۆلۆژی و جیهانی گلۆباڵ تێبگەن. هەر بۆیە کەسایەتی نەشیاو و نەزان، بەرپرسیاری گۆمی زرێوارەو سەبارەت بە داهاتووی ئەم گۆمە بڕیار دەدەن و هەڵوێست دەگرن. لە بەستێنی ژینگە کەسایەتی شیاو و زانا دانانێن و هەر بۆیە کارەساتی ژینگەیی لە سەرانسەری ئێران خولقاوە و دەخولقێنن. لەم بارودۆخەدا هەم کۆمەڵگای کوردستان و هەم کۆمەڵگای جیهانی تووشی زەرەر و زیانی قەرەبوونەکراو دەکەن. کورتەیەک لە سەرجەمی خەسارەت و زیانەکانی ئیستای گۆمی زریوار، کە لە سەر دەڤەری مەریوان، کوردستان و ئێران کارتێکەری داناوە بریتین لە:
١- قەبارەی ماسی ڕووی لە کزی و کەمی داوە، ڕاوی بێڕەحمانە، هێنانی مراوی ماسی، ڕژاندنی فازڵاو و ئاوەڕۆکانی شار و گوندەکان، سیستمی ژینگەیی زرێواری تێکداوە. هەر بۆیە ماسیگرەکانی تووشی بێکاری کردووە.
٢ -گەشتیاری و توریزمی بەشێوەیەک بەرتەسک کردوەتەوە، کە ساڵانی پێشو بە هەزاران کەس بۆ حەسانەوە و دیداری سروشت و گەشتی سەر دەریاچە بەرەو مەریوان سەفەریان دەکرد. بۆ شارۆمەندانی مەریوان داهاتێکی بەرچاو بوو. ئێستا ڕێژەی گەشتیار و توریست کەم بوەتەوە .
٣- هەموو ئەو کەسانەی کە ژیانیان بە شێوەیەک بە گۆمی زرێواروە گرێدراو و پەیوەندی هەیە، وەکوو گەمیەوانەکان، ڕەستوران و فرۆشیارانی خواردەمەنی لە قەراخ گۆمەکە، خزمەتەکانی مەلەوانی، کرێکارانی بڕینی قامێشەڵانەکان، ماسیگرەکان، هوتێلەکانی بەرزایی سەر زرێوار، ڕاوی بێ ئیجازەی باڵندەکان و … لە ئاستی جاران هەر نەماوە و ئیشەکان زۆر کەم بوەتەوە.
٤- ئابوری و بەرهەم و داهاتی شارۆمەندان، هاتوەتە خوارەوە و لەگەڵ ڕەوتی وێرانبوونی زرێوار، سەرچاوە ئابوریەکان وشکاییان دێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا سفرەی خاڵی میوانی ماڵەکان دەبێت.
٥- ئەم گۆمە هاڕمۆنی ژیانی دانیشتوانی مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری دابین و دەستەبەر کردووە. سەفەر و سیاحەت و حەسانەوە لەم ژینگە دڵڕفێن و جوانە، وەک کولتور جێ تایبەتی خۆی هەبوو، هێواش هێواش ئاسۆی ئەم ڕەوتە بەرەو لێڵی و تاریکی دەچێت و، دانیشتوانی دەڤەرەکەی نیگەران کردووە. ئەگەر پرۆسەی فەوتانی زرێوار بەشێوەی جیددی لە لایەن دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت شارۆمەندانی هەورامان و مەریوانەوە بەرەنگاری نەکرێت، بواری پڕ لە ژان و ئازار و کارەساتەکانی گۆمی زرێوار ویجدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدات.

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی

بۆ زانیاری: زرێوار و زرێبار دوو وشەی هاومانا و سینۆنمی یەکترن .

سەرچاوەکان:
١-گۆمی زرێوار مرواری ڕۆژهەڵات، تایبەتمەندیەکان، کێشەکان و ڕێگاچارەکان! کۆکردنە و ئامادەکردنی وتارەکان دوکتور باقر فەرەنگیس، تەرجومە ڕەشاد مستەفا سوڵتانی.
چاپی یەکەم سوید ٢٠٢١ زاینی، ناوەندی چاپ و بڵاو کردنەوەی ٤٩ کتێب.
The lake zirewar,by Dr, Baker Farangis
Translation by,Reshad Mustafa – Soltani
٢-گۆمی ورمێ: دەسەڵات یا ئیش و ژانی ڕۆژهەڵات! کۆکردنەوە و ئامادەکردنی(د. ب ف)، وەرگێڕان بە کوردی (ر م س).
چاپی یەکەم، سوید ٢٠٢١ زاینی، ناوەندی چاپ و بڵاو کردنەوەی ٤٩ کتێب .
www.49plusbooks.com

 

Avatar photo

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی کۆمەڵایەتی

دیدارێک له‌ گه‌ڵ شێرزاد حه‌سه‌ن

هێما: به‌ڕێز شێرزاد حه‌سه‌ن، ئێوه‌ وه‌ک پسپۆڕێکی بواری په‌روه‌رده‌، وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌و بواره‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌ڕوانن، واته‌ ئایا ده‌سته‌واژه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ پانتایی نیزامی په‌روه‌رده‌دا له‌ کوردستان ده‌ورێک ئه‌گێڕێ؟ شێرزاد حه‌سه‌ن: له‌ راستییدا چه‌مکی دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌ یۆنانی کۆنه‌وه (جا خودی ڕێنه‌سانسیش‌ قه‌رزداری یۆنان ماوه‌ته‌وه‌)، هه‌ر له‌‌و کاته‌وه‌ تۆمارکردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌ […]

Read More
سیاسی کۆمەڵایەتی

ژن، ژیان

پێشکه‌ش به‌ دایکم “ئامین پیرۆتی”، ژنانی نیشتمان، ژینا و ژیناکان ژن، ژیان ژن مرۆڤ بە نێر و مێ دابەش دەکرێن و هەرکیان مرۆڤی همۆساپێنن. بوون و نەبوون له‌ هەرکیانه‌وه‌ دێ و هیچیان له‌ویتر بانتر و ژێرتر نییه‌. چیرۆکی خەیاڵی ئادەم و حەوا، تێگه‌یشتنی خودا- به‌نده‌، خالق و مه‌خلوق و بۆچوونی زۆرینه‌ی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی سه‌رگۆی […]

Read More
سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌ی دیارده‌یه‌ک.

دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمێکی سیاسییدا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه‌ مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوه‌رۆک و واتا پڕ […]

Read More