(دیدارێک له گه‌ڵ د. ئه‌سعه‌د ره‌شیدی)
هێما: دوکتۆر ئه‌سعه‌دی هێژا زۆر سپاس بۆ ئاماده‌بوونتان، ئێمه ده‌زانین که هێرشی وڵاتی روسیه بۆ سه‌ر وڵاتی ئۆکراین له مانگی فێبریوه‌ری ئه‌مساڵدا ده‌ستی پێ‌کرد، له‌و کاته‌وه تا ئێستا ئه‌و دۆخه ئاڵۆزه سیاسییه قوڵتر و دژوارتر بووه، دیاره مێژووی ئه‌و ناکۆکیه بۆ پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هێرشه نیزامییه له مانگی دوودا بوو بە فەرمیی. ئێوه ئه‌م پێکدادانه به گشتی به چ شێوه‌یه‌ک ده‌خوێننه‌وه؟
د. ئه‌سعه‌د: ڕاست ئه‌فه‌رموون، با ئێمه له سه‌ره‌تاوه ئاماژه به مێژووی په‌یوه‌ندی ئۆکراین و فیدڕاسیۆنی روسیە بده‌ین، هه‌تا بۆ بنچینه‌ی ئه‌و کێشه بگه‌ڕێینه‌وه. ئه‌وه بوو که له ڕۆژی ٢٤ –ی فێبریوه‌ری ئه‌مساڵدا به‌یانی زوو وڵاتی روسیه هێرشی کرده سه‌ر ئۆکراین، ئه‌وه ئێستا شه‌ش مانگ به سه‌ر ئه‌و سه‌ره‌تادا تێپه‌ڕ ده‌بێ، به‌ڵام وڵاتی روسیە به هیچ کام له‌و مه‌به‌سته سیاسیانه‌ی نه‌گه‌یشتووه که خوازیاری بوو. سێ مه‌به‌ستی له به‌رنامه‌دا بوون؛ یه‌که‌م ئه‌وه بوو که ئه‌رته‌ش و هێزی ئۆکراین زوو ته‌سلیم بێت و خۆ به‌ده‌سته‌وه بدات. پاشان پوتین و هاوکاره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئۆکراینیان به ده‌سه‌ڵاتێکی نازی و فاشیست له قه‌ڵه‌م ده‌دا و خوازیاری نه‌مانی بوون، واوه‌تر به‌رگرتن به ئوکراین بۆ چوونه ناو ناتۆوه، ئه‌مه بوون سێ خاڵه سه‌ره‌کیه‌که. به گشتی گرفتی نێوان روسیه و ئۆکراین زۆر ئاڵۆزه. ڕاسته ئه‌و دوو وڵاته هه‌ردووکیان سڵاڤین، ڕاسته که زمانه‌که‌یان به‌یه‌که‌وه نزیکه، دیاره له ڕوانگه‌ی جوغرافیاوه به‌یه‌که‌وه زۆر نزیک بوون، وایه که هه‌ردووکیان له چه‌رخی یانزه و دوانزه تووشی هێرشی مه‌غووله‌کان و ته‌ته‌ره‌کان بوون، به‌ڵام ئۆکراین به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه که بۆخۆی ده‌وڵه‌ت نەتەوەیەک دروست بکات، واته ده‌وڵه‌تێک که ببێته خاوه‌ن کیانێکی ڕه‌سمیی خۆی، ببێته خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی و له روسیه جیاببێته‌وه، هه‌ربۆیه زمانی ئۆکراینی و خه‌ڵکی ئۆکراینی، یا پایته‌ختی ئه‌مڕۆی ئۆکراین، واته شاری کیه‌ڤ، خۆی به دایکی شاره‌کانی روسیه ده‌بینێ. پێشتر حکومه‌ته‌کان له نێوان کیه‌ڤ و روسیه‌دا ده‌ستاوده‌ست ده‌کرا، حکومه‌تی کیه‌ڤ هه‌بوو، شازاده‌نشینه‌کان بوون، ئه‌مه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ کۆتایی چه‌رخی ناوه‌ند. به‌ڵام کاتێ ئیمپڕاتۆری روسیه دروست بوو و پێتری گه‌وره هێرشی کرد، ئه‌وکات ئۆکراینیش که‌وته بازنه‌ی تزاری روسیه‌وه، بوو به شێک له روسیه‌ی ته‌زاری. ئه‌وه بوو که له‌کاتی پێتری گه‌وره‌دا روسیه هێرشی کرده سه‌ر ئاسیای ناوه‌ند، شکستی به سوئیدیه‌کان هێنا و ته‌نانه‌ت به‌شێکی له خاکی سویدی گرت، بۆ وێنه سانتپیته‌رسبورگی ئه‌مڕۆ. ئۆکراین به هه‌مانشێوه له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا هه‌وڵێکی دیکه‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی خسته‌کار، به‌ڵام ئه‌و کاتیش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و ده‌وڵه‌تی بۆلشێڤیکی توانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ر به‌شێکی ئه‌وروپا و به‌شێکی ئاسیای ناوه‌ند بسه‌پێنێ. هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆلشێڤیکییە که له سه‌ره‌تاوه لنین و هاوڕێکانی سه‌رپه‌ره‌شتیان ده‌کرد، له‌و ماوه‌دا که ده‌وڵه‌تی تزاریان بنبڕ کرد، نزیک به هه‌زار مه‌تر چوارگۆشی روسیه‌ی له ده‌ست دا، ئه‌وه له‌هێستان (پۆڵەندا) سه‌ربه‌خۆ بوو، فینلاند سه‌ربه‌خۆ بوو، وڵاتانی پڕیڤالتیک (ستۆنی، لیتوانی) سه‌ربه‌خۆ بوون، به‌ڵام ئۆکراین نه‌یتوانی له هه‌لومه‌رج که‌ڵک وه‌ربگرێت و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا مایه‌وه. دواتر که شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ده‌ستی پێ‌کرد، به‌شێک له خه‌ڵکی ئۆکراین له‌و بڕوادا بوون که ئه‌گه‌ر دژ به روسیه یارمه‌تی هیتله‌ر بده‌ن، ئه‌وه دواتر له ده‌ستی روسیه رزگاریان ده‌بێ، له کاتێکدا زۆر خه‌ڵکی ئۆکراین له شه‌ڕ له دژی ئاڵمان‌دا گیانیان له‌ده‌ست دا. هه‌ربۆیه له کاتی قات و قڕیه‌که‌دا که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ستالین‌دا هاته پێش، زۆرینه‌ی مردووه‌کان خه‌ڵکی ئۆکراین بوون، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆش زۆر که‌سی ئۆکراینی ئه‌و کرده‌وه به جێنوساید له قه‌ڵه‌م ده‌دا. ئه‌مڕۆش له نێوان مێژوونووسانی ئۆکراین و روسیه‌دا ئه‌و باسه هه‌یه که ئایا تا چه‌نده سیاسەتی ئه‌نقه‌ست هۆکار بووه، ئایا ستالین و ده‌وڵه‌تی بۆلشێڤیکی ده‌وڵه‌تێکی شۆڤینیستی دژ به ئۆکراین بووه یان نا؟ به گشتی له نێو خه‌ڵکی ئۆکرایندا ئه‌و قین و نه‌فره‌ته به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی روس بووه. دوای ئه‌وه‌ی که روسیه له ساڵی ١٩٩١−دا هه‌ڵوه‌شایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی سێ ڕابه‌ری وڵاتانی روسیه و بێلاروس و ئۆکراین له نزیکی شاری مینسک کۆبوونه‌وه، به‌و ئەنجامە گه‌یشتن که شۆڕه‌وی (سۆڤیەت) چیدیکه بوونی نییه. ئه‌وه بوو که ئۆکراین بووه وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، وڵاتانی پڕیڤاڵتیک له روسیه جیابوونه‌وه، بێلاروس جیا بووه‌وه، وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ند و قه‌فقازی باشوریش به سه‌ربه‌خۆیی خۆیان گه‌یشتن و به‌و شێوه سۆڤیەت هه‌ڵوه‌شایه‌وه. هه‌ر له کاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆڤیەتەوە هه‌تا ئێستا، وڵاتانی دیکه‌ی وه‌ک گورجستان و ئازه‌ربایجان، تورکمه‌نستان یا قازا‌قستان و ئوزبه‌کستان و وڵاتانی پریڤاڵتیک به‌رده‌وام ترسی ئه‌وه‌یان بووه، که له گرفتێکدا، یا له وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی مێژوویی‌دا بکه‌ونه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ی روسیە‌وه، هه‌ربۆیه سێ وڵاتی پڕیڤاڵتیک چوونه ناو ئه‌ورووپای یه‌کگرتووه‌وه و بوونه ئه‌ندامی ناتۆ. دواتر چه‌ند شوێنی هه‌ستیاری ئه‌تۆمی وڵاتی روسیه له قازا‌قستان و ئۆکراین بوون، له ساڵی ١٩٩٤ له شاری بوداپێستدا په‌یماننامه‌یه‌ک واژۆ کرا که روسیە، ئینگلیز و ئه‌مریکاشی تێدا به‌شدار بوون، له‌و په‌یماننامه‌دا هاتووه که ده‌بێ ئۆکراین هه‌موو ئه‌و چه‌ک و چۆڵه ته‌حویل روسیە بداته‌وه، چونکه نه‌یانده‌توانی به گوێره‌ی پێویست به‌ڕێوه‌ی ببەن و سه‌رپه‌ره‌شتی بکه‌ن، جا له به‌ر سه‌رف و تکنیک و زۆر شتی دیکه. له پاداشتی ئه‌وه‌دا وڵاتی روسیە بڕیاری دا که ته‌واویه‌تی خاکی ئۆکراین بپارێزێت، واته هاوشێوه‌ی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ چاوی لێبکات. ئه‌و په‌یماننامه له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه په‌سند و واژۆ کرا، خۆی ئه‌مه بووه دۆکۆمێنتێکی ڕه‌سمی له حقوقی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، به‌ڵام ئه‌وه بوو که له ساڵی ٢٠١٤−دا روسیه “کریمەی” گرت و یارمه‌تی دوو هه‌رێمی “دۆنێسک” و “لوهانسک” دا و ئه‌و په‌یماننامه‌ی ژێر پێ نا. پێشتریش له ساڵی ٢٠٠٨−دا هه‌مان ده‌ردی به گورجستان دا و دوو ناوچه‌ی لێ جیاکردبووه‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی روسیە‌ش ته‌نیا ئه‌وه بوو که ئه‌م وڵاتانه نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک ببنه ئه‌ندامی ناتۆ. ئه‌و کێشه هه‌ر له ساڵی ٢٠١٤ هه‌تا ساڵی ٢٠٢٢ درێژه‌ی بوو، له‌و چه‌نه‌د ساڵه‌دا ئه‌م دوو وڵاته هیچ سات دانوئاویان به‌یه‌که‌وه نه‌کوڵاوه. کاتێ که خودی پوتین ئاماژه‌ی به‌و کێشه‌دا، وتی وڵاتێک به ناوی ئۆکراین هه‌بوونی نییه، نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ناوی ئۆکراین هه‌بوونی نییه، ئه‌وانه روسن هه‌ربۆیه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ته‌واو ڕه‌وایه به فه‌ڕمی هێرش بکه‌یته سه‌ر ئه‌و وڵاته و ئه‌و هزر و فیکره‌ی ژێرپێ بنێیت، به بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی بده‌یته‌وه. ئه‌وه بوو که یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و هێرشه‌ی ئیدانه کرد و به ناڕه‌وا له قه‌ڵه‌م دا.
هێما: زۆر سپاس بۆ ئه‌و گه‌شته کورت و خێرایه به سه‌ر مێژووی ئه‌و پرسه‌دا، ئێوه ئاماژه‌تان به سێ خاڵدا که پوتین وه‌ک ئامانج دیاری کردبوون، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌ک هێرشبردن که له ته‌ک سیاسه‌تی ئه‌مڕۆ و سه‌رده‌مدا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نامۆیه، به‌ڵام ئایا پوتین پاش شه‌ش مانگ شه‌ڕ به ئامانجه‌کانی خۆی گه‌یشتووه؟ ئه‌گه‌ر نا، دوایین هیوای پوتین چییه؟
د. ئه‌سعه‌د: من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ک که‌سێکی شاره‌زای سیاسه‌تی ئه‌و ناوچه بۆم زۆر زه‌روور بوو که بزانم، ئایا ئه‌م هێرشه سه‌ربازییه‌ی که به ١٩٠ هەزار سه‌ربازه‌وه گه‌مارۆی سنوره‌کانی ئۆکراینی داوه، ئایا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ته‌نیا ترساندن و تۆقاندنه یان بۆ مانۆڕ کردنه، یا خوازیاری ئه‌وه‌یه به جیددی هێرش بکاته سه‌ر وڵاتی ئۆکراین؟ زۆرینه‌ی توێژه‌ره‌کانی سیاسه‌تی نێودەوڵەتی بڕوایان نه‌ده‌کرد که روسیه ئه‌م هێرشه بکات، چونکه هیچ هزرێکی ساخ و سه‌لیم بڕوای نه‌ده‌کرد که له چه‌رخی ٢١دا وڵاتێکی زلهێزی سه‌ربازیی وه‌ک روسیه هیڕش به‌ریته سه‌ر وڵاتێکی زۆر بچوکتر و لاوازتر له خۆی، ئه‌ویش وڵاتێک که ته‌نانه‌ت ناتوانێت به‌رگری ته‌واو له خۆی بکات. ئاخر وڵاتی روسیه هه‌موو شتێکی هه‌یه، نه‌وتی هه‌یه، گازی هه‌یه، له رووی به‌رفراوانی خاکه‌وه سه‌رزه‌وینێکی هه‌یه که یه‌ک له شه‌شی ته‌واوی خاکی دونیایه. ئاخر ئه‌م گه‌وره وڵاته بۆ ده‌بێ ته‌ماح بکاته خاکی دیکه، خۆی خاوه‌ن هه‌موو شتێکه، له باری کان و کانزاشه‌وه هه‌موو شتێکی هه‌یه، ئاخر بۆچی ده‌بێ هێرش بکات. لێره‌دا پرسه‌که گه‌یشت به‌و دۆخه که بیری دیکه و ڕوانگه‌ی دیکه پێویسته، ئاخر ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی داگیرکردنی ئۆکراین بێ، پاش داگیرکردن چی؟ من هه‌ر ئه‌وکات له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا نووسیم که ده‌وڵه‌تی فیدڕاسیۆنی روسیه چاوی بینینی وڵاتێکی دیموکڕاتیکی جیرانی خۆی نیه، جا من لێره‌دا باس له دیموکڕاتیه‌کی رێژەییش ده‌که‌م، ئه‌و ده‌وڵه‌ته دیموکڕاتیکه‌ی که له ئۆکراین هه‌یه، هه‌رچه‌ند ساڵ جارێک ڕابه‌ره‌کی خۆی ده‌گۆڕێ، که‌سێک دێت و که‌سێک ده‌ڕوات، ئه‌و “زێلینسکی”یەی که ئه‌مڕۆ سه‌رۆک کۆماره، کابرایه‌کی هونه‌رپیشه بوو، که خه‌ڵک هه‌ڵیبژارد، به‌ڵام کاتێک که بۆ روسیه بڕوانین، خودی پوتین خاڵێکی برده نێو یاسای گشتییه‌وه که مۆڵه‌تی ئه‌وه‌ی پێ‌بدا، خۆی بتوانێ تا ساڵی ٢٠٣٦ ببێته سه‌رۆک کۆمار، ئه‌وکات که بۆ ده‌وڵه‌تی ئۆکراین له پاڵ ده‌ستیایه و تاڕاده‌یه‌ک دیموکڕاسی پێوه دیاره، پوتین له‌وه ده‌ترسا که خه‌ڵکی روسیه‌ش ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌مان گه‌شه‌یان بوێت. هه‌موو ئه‌و تیئۆری و به‌هانانه که گوایه ئۆکراین وڵات نییه، نه‌ته‌وه نییه، یاخۆ نازیه‌کان به‌ڕێوه‌ی ده‌بن، هه‌موو ئه‌مانه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه بوو که دیموکڕاسیه‌کی ساوا به باشی پێ نه‌گرێت، چونکه ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی دراوسێی روسیه هه‌موویان ده‌وڵه‌تی تۆتالیته‌رن، هه‌موویان دوورن له به‌هاگه‌لی دیموکڕاسییه‌وه. ته‌نیا سێ وڵاته‌که‌ی پڕیڤالتیک نه‌بێ که چوونه‌ته ناو ناتۆوه و له ئه‌وروپای یه‌کگرتوشدا جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه. ئه‌و به‌هانه‌ی که گوایه ده‌وڵەتی ئۆکراین ده‌وڵه‌تێکی نازییه، له کاتێکدا که زێلینسکی خۆی یه‌هودیه و باوکیشی به ده‌ستی نازییه‌کان کوژراوه، ئه‌وه‌یه که وه‌زیری ده‌ره‌وی روسیه ته‌نانه‌ت مێژووش چه‌واشه بکات و بڵێ هیتله‌ریش خۆی یه‌هودی بوو، ئه‌وه ئایدیۆلۆژیه‌کی له پشته‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت مێژووش چه‌واشه ده‌کات. ئه‌و وته سه‌ره‌تاییەی که گوایه ده‌وڵه‌تی ئۆکراین نازییه سه‌ری نه‌گرت، بۆچی سه‌ری نه‌گرت، چونکه دۆسته‌کانی خودی پوتین، با بڵێین “ئه‌لێکسانده‌ر دوگین” خۆی نازییه و به‌رنامه‌که‌ی به‌رنامه‌یه‌کی نازیانه‌یه. دواتر ئه‌و که‌سه‌ی که پوتین زیاتر پشتی پێبه‌ستووه و که‌ڵک له تیئۆریه‌کانی وه‌رده‌گرێت، کابرایه‌که به ناوی “ئیڤان ئه‌لکساندڕۆڤیچ ئیلژین”، ناوبراو له ساڵی ١٨٨٣ له مۆسکۆ له دایک ده‌بێ و له ساڵی ١٩۵٤ له وڵاتی سویس کۆچی دوایی ده‌کات. ئه‌م کابرا باوکی یه‌کێک له کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئه‌و کات بووه و خۆیشی لایه‌نگری بزووتنه‌وه‌ی سپی بووه، ئه‌وانه‌ی که دژی بۆلشێڤیکه‌کان بوون. ئه‌م کابرا که چووه بڕلین و له‌وێ بووه به‌رپرسی دامەزراوەی روسناسی و هاوکاری نازیه‌کانی ده‌کرد، ده‌یگوت که روسیه هیچ کارێکی به رۆژئاواوه نییه، روسیه جیهانێکی خۆی هه‌یه، ئه‌وه ڕۆژئاوایه که روسیه‌ی گه‌نده‌ڵ کردووه. ئه‌مڕۆ پوتین دروست گوته‌کانی ئه‌و دووپات ده‌کاته‌وه. ئه‌و کابرا پێشتر وتوویه‌تی که وڵاتی ئۆکراین هه‌ر هه‌بوونی نییه، هیچ سات سه‌ربه‌خۆ نییه و نابێ، واته ئه‌و ده‌نگۆی که ئوکراین و کاربه‌ده‌ستانی سیاسی نازیین له ئاکامدا به هه‌ڵه ده‌رچوو. واوه‌تر “میشایل ژوڕۆڤسکی” که خۆی له په‌ڕڵه‌ماندا جێگه و پێگه‌یه‌کی به‌رچاوی بوو و ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر مرد، جا ئێمه له په‌ڕله‌مانی روسیە‌دا سێ دانه حیزبمان هه‌یه، یه‌کیان حیزبی خودی پوتینه، به ناوی یه‌کێتی روسیه، یه‌کی دیکه‌یان حیزبی کۆمۆنیستی فیدڕاسیۆنی روسیه‌یه و ئه‌وی دیکه‌ش حیزبی لیبڕاڵ دیموکڕاته، ئه‌و کابرا جێگری به‌رپرسی په‌ڕله‌مان بوو، جا بیروبۆچوونه‌کانی به ته‌واویی بیروبۆچوونی فاشیستی بوون، کاتێک که کێشه‌ی سیاسی له نێوان تورکیه و روسیه هاته ئاراوه، ده‌یگوت روسیه ده‌بێ ساروخێکی ئه‌تۆمی بدات له بۆسپۆڕ، تا ئاوی بۆسپۆڕ بێته سه‌ره‌وه و ته‌واوی ئەسته‌موڵ بکه‌وێته ژێر ئاووه‌وه. ئه‌وه سه‌رنه‌که‌وتنی خاڵی یه‌که‌می بوو. خاڵی دووه‌م ئه‌وه بوو که ده‌سه‌ڵاتی ئۆکراین له سێ ڕۆژدا ده‌که‌وێت و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته به گوڵ و شیرینیه‌وه به‌خێرهاتنی هێزی روسی ده‌که‌ن. ئه‌وه بوو که ئه‌و خواسته‌ش سه‌ری نه‌گرت، خودی “جۆن بایدن” به زێلینسکی گوتبوو با فڕۆکه‌یه‌کت بۆ بنێرم و ڕزگارت که‌ین، زێلینسکی وتی من ته‌نیا چه‌کم ده‌وێ و هیچی دیکه نا، من وڵاتی خۆم چۆڵ ناکه‌م، ئه‌وه‌تا که هه‌م سه‌رۆک کۆمار و هه‌م هیزی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته تا ئێستا ڕاوه‌ستاون و خۆڕاگرن. یانی ئه‌م پیلانه‌ی روسیه پووچه‌ڵ بووه‌وه. بێجگه له‌وه‌ی که به‌شێک له خاکی ئۆکراین بگرێ به مه‌به‌سته‌کانی دیکه‌ی نه‌گه‌یشتووه. ته‌نانه‌ت له ماریوپۆل کارێکی هاوشێوه‌ی جێنۆسایدی کرد، ئاخر خۆ شه‌ڕیش یاسای خۆی هه‌یه، به‌پێی یاسا ده‌بێ ئه‌و کرده‌وه‌ی ئه‌رته‌شی روسیه به جه‌نایه‌ت له قه‌ڵه‌م بدرێ. ئه‌و چه‌کانه‌ی که نابێ به‌کار بێن، به‌کار هاتوون، تۆ نابێ هێرش بکه‌یته سه‌ر پێکهاته و شوێنی په‌روه‌رده و هونه‌ری و خوێندنگاکان، ئه‌م هێرشی کردۆته سه‌ر هه‌موویان و خاپورکاری گه‌وره‌ی کردوه. ئه‌م کرده‌وانه پیشانی ده‌دات که پوتین به مه‌به‌سته سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی نه‌گه‌یشتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به دەرەنجامە ستڕاتیژیه‌که‌ی خۆی نه‌گه‌یشتووه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر شه‌فافه که پوتین شکستی خواردوه.
هێما: زۆر سپاس دوکتۆر ئه‌سعه‌دی به‌ڕێز، لێره‌دا دوو پرسیاری دیکه دێنه ئاراوه، پرسیاری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که ترسی وڵاتی روسیه له نیزامێکی مۆدێڕن و دیموکڕاسی چیه؟ ئه‌م ترسه بۆ زۆر کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر بیرمه‌ند ئه‌وه ده‌ڵێن، که نیزامی دیموکڕاسی به سه‌ر هه‌موو که‌م و کوڕییەکانیدا به بێ به‌ردیل و به بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤه، بۆ ده‌بێ وڵاتێکی گه‌وره و به هێزی وه‌ک روسیه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌رگا و ده‌روازه به سه‌ر ئاوا گه‌شه‌یه‌کدا بکاته‌وه؟
د. ئه‌سعه‌د: له مێژووی روسیه‌دا دوو شت زۆر گرینگن که ده‌بێ ڕه‌چاویان که‌ین، یه‌که‌م خاڵ ئه‌وه‌یه که پاشماوه‌کانی “پێتری گه‌وره” هه‌ر کاریگه‌رن، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئۆکراین ئاماده نیه بێته نێو جیهانی روسه‌وه، به‌ڵکه به‌ره‌و جیهانی ڕۆژئاوا ده‌ڕوات، جا جیهانی روس ئه‌و جیهانه‌یه که نه له ڕۆژهه‌ڵاتەو نه له رۆژئاوایه، به‌ڵکه له ناوه‌ندایه، له ئۆڕاسیا، ئه‌وه‌یه که “ئه‌لکسانده‌ر دوگین” پێناسه‌ی کردووه؛ ناوبرا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی کوردستانی باشوریشی کرد، به‌رنامه‌یان بۆ دانا و گفتوگۆی خۆی هه‌بوو. جا ئه‌و جیهانی روسه له سه‌ر دوو کۆڵه‌که ڕاوه‌ستاوه، یه‌کەم که‌نیسای ئۆرتۆدۆکسی روسیی، ئه‌وی دیکه‌ش له سه‌ر ناسیۆنالیزمی روس، ئه‌و دوو خاڵه هاوشێوه‌ی ستونێکن که ئه‌مڕۆ پوتین پشتی پێبه‌ستووه و له سه‌ری راوه‌ستاوه. ئه‌وه بوو یه‌ک مانگ له‌مه‌وبه‌ر پوتین باسی کرد و گوتی خۆ “پێتری مه‌زن” نه‌چوو خاکی دیکه و خاکی بێگانه داگیر کات، به‌ڵکه چوو ته‌نیا ئه‌و خاکه بگرێته‌وه که هی خۆی بوو، واته خۆ من نه‌چووم خاکی ئۆکراین بگرم، به‌ڵکه ئه‌وه خاکی منه و ده‌یگرمه‌وه. ئاواها وڵاتێک به ئاواها بیروبوچونێکه‌وه ناتوانێ نزیکایه‌تی له ته‌ک دیموکڕاسیه‌کی لیبڕاڵدا هه‌بێ. یاخۆ نزیکایه‌تیه‌ک له‌و شێوه دیموکڕاسیه‌ی که “چرچیل” باسی ده‌کرد و ده‌یگوت: “دیموکڕاسی خراپترین نه‌زمی دونیایه، به‌ڵام چیبکه‌ین که له‌وه باشترمان نیه”. ئه‌م ڕژیمه تۆتالیته‌ره‌ی روسیه شه‌ڕه‌که‌ی کردووه و ده‌ڵێ له وڵاتی خۆماندا که‌س بۆی نیه بێژێ ئه‌وه شه‌ڕه، ده‌بێ پێی بڵێن عه‌مه‌لیاتێکی تایبه‌ت، هه‌رکه‌س ئه‌و کرده‌وه به شه‌ڕ له قه‌ڵه‌م بدا، ده‌خرێته به‌ندیخانه‌وه، بۆ پێنج تا ده ساڵ. ئه‌مڕۆ هیچ رۆژنامه و هیچ کاناڵێکی ئاسمانی شه‌خسی هه‌بوونی نیه، به‌ڵکه هه‌مووی ده‌وڵه‌تین. ئه‌و دوڵه‌ته خوازیاری ئه‌وه‌یه له چه‌رخی ٢١دا که‌ڵک له ناسیۆنالیزم وه‌ربگرێت بۆ سه‌رکوتکردنی نیزامی دیموکڕاسی. سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که له سه‌ر به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی فیدڕاسیۆنی روسیه ئه‌و باسه هاته‌ئاراوه که دوو هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆکراین وه‌ک سه‌ربه‌خۆ به‌ڕه‌سمییه‌ت بناسرێن. ئه‌وه بوو که سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر کۆی هه‌موو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که ١٩٣ وڵاتن کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان گرت، که تێیدا ١٤۵ وڵات روسیه‌یان مه‌حکوم کرد، ته‌نیا شه‌ش وڵات پشتیوانی له روسیه کرد و یه‌کێک له‌وانه وڵاتی بێلاروس بوو، یه‌کی دیکه ڤێنیسولا بوو، یا نیکاراگوا و کوره‌ی باکور، هه‌ر بۆیه روسیه به‌و شێوه که‌وتۆته ئیسولاسیون و ته‌نیایی، ئه‌و رژیمه به هیچ شێوه ئاماده نییه دیموکڕاسی قه‌بووڵ بکات و نه ئیجازه ده‌دا که هاوساکانی به‌ره‌و دیموکڕاسی بڕۆن. به واتایه‌کی دیکه هه‌موو به‌هانه‌کانی دیکه که گوایه ده‌وڵه‌تی ئۆکراین ده‌وڵه‌تێکی نازیی دۆسته، یاخۆ کاتێک باس له مێژوو و ڕابردوو ده‌که‌ن، یا هیتله‌ر خۆشی یه‌هودی بووه و ئه‌مانه هه‌مووی ڕوبه‌ده‌ره‌و و هاکه‌زایین، قوڵایی پرسه‌که شتێکی دیکه‌یه، ئه‌ویش ته‌نیا دژایه‌تیکردنی نه‌زم و نیزامی دیموکڕاسییه.
هێما: ئێستا پرسیاری دووه‌م به‌یان ده‌که‌م، زۆر توێژه‌ری سیاسی ده‌ڵێن، به سه‌ر ئه‌و پرسه بچووکه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌دا، روسیه خوازیاری ئه‌وه‌یه که بۆ جارێکی دیکه بێته‌وه گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی گه‌وره‌هێزه‌کانی جیهان و پیشانی بدات که ئاماده نیه سنوره‌کانی خۆی به هیچ وڵاتێک به‌رته‌سک به‌کاته‌وه. واوه‌تر روسیه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که به ئایدیای جیهانی روسه‌وه جارێکی دیکه ئه‌ڵته‌رناتیڤی شێوه‌یه‌ک ژیان له به‌رامبه‌ر جیهانی ڕۆژئاوادا بسه‌لمێنێ، ئه‌م گوته تا چ ڕاده‌یه‌ک راستی هه‌ڵده‌گرێت؟
د. ئه‌سعه‌د: به‌ڵێ له ڕووی تیئۆری سیاسه‌تی په‌یوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یه‌وه باس له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌کرێ، دواتریش باس له دۆخی هه‌بوو ده‌کرێ، ئه‌م دو خاڵه گرینگن. خاڵی یه‌که‌م که گوایه روسیه خوازیاری ئه‌وه‌یه ببێته‌وه گه‌وره‌هێزێکی جیهانی، هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می ته‌زەاری و شۆڕه‌وی، ئه‌وه ده‌بێ باس له ده‌سه‌ڵات بکه‌ین، یا باس له باڵانسی هێز. باڵانسی هێز له جیهاندا هه‌میشه وه‌ک خۆی نامێنێ و به‌رده‌وام له گۆڕانکاریدایه، ئه‌وه‌یه زۆرجار باس له یه‌ک جه‌مسه‌ریی، یاخۆ دوو جه‌مسه‌ریی و سێ جه‌مسه‌ریی ده‌کرێت، ئه‌مه هه‌مووی بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ وێنه له ساڵی ١٩٩١وه هه‌تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که هێشتا چین نه‌ببووه گه‌وره ده‌سه‌ڵات، دونیا دونیای یه‌ک جه‌مسه‌ری بوو، جیهان جیهانی ئه‌مریکا بوو و هیچ که‌س به شێوه‌ی ئه‌مریکا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، چ له باری نیزامی و چ باری ئابووری و سیاسی و هه‌م له باری تێکنۆلۆجیه‌وه. کاتی دوو جه‌مسه‌ری بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه بوو له لایه‌که‌وه روسیه بوو و له‌و لاشه‌وه ئه‌مریکا، ده‌سه‌ڵاتی جیهان به ده‌ستی ئه‌و دوو وڵاته‌وه بوو. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له نێوان چه‌ند ده‌وڵه‌تدا دابه‌ش بکرێت، ئه‌وه ده‌بێته جیهانی چه‌ند جه‌مسه‌ری، بۆ وێنه پاش شکستی ناپۆلئۆن، ساڵی ١٨١۵ تا ده‌گات به شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌کانی ئوتریش و مه‌جارستان و عوسمانیه‌کان و ئه‌وانی دیکه. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر وڵاتێک خوازیاری ئه‌وه بێ ببێته جه‌مسه‌رێک، ئه‌وه ده‌بێ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێ، یه‌که‌م دۆخی ناوخۆی ئه‌و وڵاته گرینگه، واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ له ناوخۆدا خاوه‌ن ئاوتۆریته بێ و قه‌بوڵ بکرێ، واته نه‌ته‌وه ده‌بێ ئه‌منیه‌تی هه‌بێ، ئازادی هه‌بێ و پڕۆسه‌ی دیموکڕاسی به‌رچاو بن. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه که ئه‌و وڵاته هێزێکی به‌رچاوی ناوچه‌یی بێ، ئه‌وکات ده‌توانێ به‌رنامه‌ی گه‌وره‌تری هه‌بێ، ئه‌و کات له پڕۆسه‌ی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌نگێکی به‌هێزی هه‌بێ. روسیه ئه‌مڕۆ هیچ کام له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی نیه، له باری ئابووریه‌وه زۆر لاوازه، له باری سیاسییه‌وه رژیمێکی دوور له دیموکڕاسییه، له باری تێکنۆلۆجیه‌وه ته‌واو وابه‌سته‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایه، که‌وایه ته‌نیا شتێک که روسیه هه‌یه‌تی باری نیزامیه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام ته‌نیا له سه‌ر هێزی سه‌ربازی نا‌توانیت خۆت بکه‌یته جه‌مسه‌ر. دیاره روسیه ئه‌و هه‌وڵه ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی دونیا نه‌بێته دونیایه‌کی دوو جه‌مسه‌ری، واته له لایه‌که‌وه ئه‌مریکا و له‌و لاشه‌وه وڵاتی چین، به‌ڵکه جیهان ببێته جیهانی سێ جه‌مسه‌ری و خۆیشی وه‌ک جه‌مسه‌ری سێهه‌م به‌رچاو بێت. به‌ڵام گه‌وره‌هێزه‌کان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێناده‌ن و روسیه‌ش ئه‌و تواناییه‌ی نیه، خۆ ته‌نیا ئه‌وه‌ی که به‌رامبه‌ر به ئه‌مریکا ڕاوه‌ستیت مه‌شروعیه‌تی ئه‌وه‌ت پێنادات ببیته جه‌مسه‌ر، بۆ وێنه ئه‌وه کۆماری ئیسلامی ئێران ٤٤ ساڵه له به‌رامبه‌ر ئه‌مریکادا ڕاوه‌ستاوه، به‌ڵام خۆ ئه‌وه نابێته هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه بێژین که کۆماری ئیسلامی وڵاتێکی پێشکه‌وتووه، روسیه‌ش دروست وایه، دروسته که له به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا و له به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوادا ڕاوه‌ستاوه و ده‌ڵی ئه‌وه من روسم و من خۆم جه‌مسه‌رێکم، به‌ڵام خۆ ئه‌و پێگه‌گه‌له‌ت نیه که ده‌تکه‌نه جه‌مسه‌ر. له زه‌مانی شۆڕه‌وی و له زه‌مانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییدا شۆڕه‌وی یه‌ک له شه‌شی خاکی دونیای هه‌بوو، کۆمه‌ڵێک وڵاتی سۆسیالیستی به‌ده‌وره‌وه بوو، کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستیه‌وه بوو، ئه‌وکات خۆی جه‌مسه‌رێک بوو و توانایی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا و ئه‌مڕۆ به چیه‌وه ده‌توانێ ئه‌و کاره بکات. ئێستا زۆر وڵاتی ده‌وروبه‌ری له ترسی روسیه ڕوویان کردۆته ناتۆ، یه‌کێک له مه‌به‌سته‌کانی ئه‌وه بوو که ئۆکراین نه‌چێته نێو ناتۆوه، باشه ئه‌وه ئۆکراین نه‌چوو، به‌ڵام دوو وڵاتی دیکه داوای ئه‌وه‌یان کرد که ببنه ئه‌ندامی ناتۆ، وڵاتانی وه‌ک فینلاند و سوید که سه‌د ساڵه بێلایه‌ن بوون، ئێستا به‌ره‌و ناتۆ ده‌ڕۆن. فینلاندێک که ١٣٠٠ کیلۆمه‌تر هاوسنوری روسیه‌یه چووه‌ته ناو ناتۆوه، سویدیش به هه‌مانشێوه چووه ناو ناتۆوه، کارێک که پوتین کردی ته‌واو به زه‌ره‌ری نه‌ته‌وه‌ی روس ته‌واو بوو. ئه‌و وڵاتانه‌ی که چوونه‌ته نێو ناتۆوه له روسیه ده‌ترسن، تۆ ته‌ماشای له‌هستان که، له‌هستان دوو جار له لایه‌ن روسیه‌وه دابه‌ش کرا، یه‌که‌م جال له چه‌رخی ١٩، ئه‌وه بوو له نێوان ئاڵمان و ئوتریش، جارێکی دیکه‌س له ساڵی ١٩٣٩− دا بوو، ئه‌و نه‌ته‌وانه له مێژووه‌وه شت فێربوون، ئه‌مڕۆ ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر نه‌بمه ئه‌ندامی ناتۆ ئه‌وه ده‌کرێ بۆ جارێکی دیکه‌ش پچڕپچڕ بکرێم.
هێما: ئێمه ده‌بینین که وڵاتی چین له پرس و دۆخه ئاڵۆزه‌کانی نێونه‌ته‌وییدا ڕۆڵێکی پاسیڤ و بێده‌نگی هه‌یه، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ی روسیه و ئۆکراینیش تا ڕاده‌یه‌ک به‌بێ هه‌ڵوێسته، به‌ڵام ئه‌مریکا چ ده‌ورێک ده‌گێڕێ و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ روسیە‌دا ده‌گۆڕێ؟
د. ئه‌سعه‌د: ئه‌وه ئه‌مریکا ٤۵ میلیارد دۆلاری خسته خزمه‌ت ئوکرایینه‌وه، ئه‌و هه‌موو چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه، نه ئاڵمان و نه فه‌ڕه‌نسه و نه بریتانیا ئه‌وه‌نده یارمه‌تی داوه، ئه‌ورووپا به گشتی و فه‌ڕانسه و ئاڵمان و ئیسپانیا به‌تایبه‌ت وابه‌سته‌ی گازی روسیه‌ن، بۆ وێنه وڵاتی ئاڵمان ٣۵ له سه‌دی گازی خۆی له روسیه‌وه دێنێ، فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیاش به‌هه‌مان شێوه. به‌ڵام ئه‌مریکا هیچ پێویستی به گازی روسیه نیه، ته‌نانه‌ت له رووی ئابووریه‌وه بۆ ئه‌مریکا زۆر به که‌ڵکه، ئه‌گه‌ر ئاڵمان له روسیه گاز نه‌کرێ ئه‌وه ناچار ده‌بێ له ئه‌مریکای بکرێ. بریتانیاش په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌وتۆی له گه‌ڵ روسیه نییه، هه‌ربۆیه ئه‌و وڵاتانه زیاتر دێنه پێشه‌وه، له ماوه‌ی ڕابردوودا دوو لایه‌نی جیاواز هه‌بوون، یه‌که‌م بلۆکی وڵاتانی ئینگلیزی زمان که زیاتر دژی روسیه هاتوونه‌ته پێش، لایه‌نه‌که‌ی دیکه که به ده‌وری فه‌ڕه‌نسا، ئیسپانیا و ئاڵمانه‌وه جه‌م بوونه‌وه که‌متر چوونه پێش و موحافیزه‌کارانه کرده‌وه‌یان بووه. ته‌نانه‌ت ماکڕۆن ده‌یگوت ئێمه نابێ پوتین بڕه‌نجێنین. دواتر وڵاتی چین به گشتی دوو سیاسه‌تی هه‌یه، یه‌که‌م کاتێک که روسیه کریمەی گرت، چین لایه‌نگری له روسیه نه‌کرد، واوه‌تر سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گه‌وره‌ترین مامه‌ڵه‌ی نه‌وت و گاز به نرخی ٤٠٠ میلیارد دۆلار له نێوان چین و روسیه‌دا واژۆ کرا، پاشان کاتێ که روسیه کریمی داگیرکرد و زۆرینه‌ی وڵاتان به گه‌مارۆی ئابوورییه‌وه وه‌ڵامی روسیه‌یان دایه‌وه، چین ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند نه‌کرد، ئێستاش هێرشی روسیه‌ی ته‌ئید نه‌کرد و گه‌مارۆکانیش ته‌ئید ناکات. چین سیاسه‌ته‌که‌ی شه‌فافه و زیاتر قورسایی له سه‌ر لایه‌نه ئابووریه‌که‌ی داده‌نێت، په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌کانیشی له ته‌ک ئه‌مریکادا زۆر زۆر گرینگ‌ترن هه‌تا په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌کانی له گه‌ڵ روسیه‌دا، هه‌ربۆیه له‌و نێوانه‌دا ماوه‌ته‌وه. کاتێ که ١٤۵ وڵاته‌که دژی روسیه ده‌نگیان دا، چین هیچ ده‌نگێکی نه‌دا و ده‌نگی خۆی راگرت، به گشتی دونیای ئه‌مڕۆ به‌ره‌و دوو جه‌مسه‌ری ده‌روات، له لایه‌که‌وه که ئه‌مریکا هه‌یه و لایه‌نه‌که‌ی دیکه ده‌بێته چین، به‌ڵام روسیه هیچ شانس و ده‌رفه‌تێکی نیه که ببێته جه‌مسه‌ر.
هێما: تا ئێستا باسی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌ویمان کرد، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوچه‌ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئه‌وه وڵاتی ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌ی دیکه‌ش که کوردی تێدا ده‌ژی، هه‌میشه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بۆ وڵاتی روسیه‌یان ڕوانیوه، جا بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری بێ، یاخۆ بۆ ئیلهام‌وه‌رگرتن له ئایدیۆلۆجی و هه‌روه‌ها؛ پاش ئه‌م رووداوه په‌یوه‌ندی روسیه له گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟
د. ئه‌سعه‌د: کاتی خۆی خامنه‌ئی ده‌یگوت، ئیمه نه ڕۆژئاوا وه نه رۆژهه‌ڵات، به‌ڵکه سیاسه‌تی خۆمانمان هه‌یه، ئێستا ئێران ته‌واو به‌ره‌و روسیه ڕۆیشتووه، کاتێ که پوتین هاته ئێران خامنه‌ئی گوتی که ئێوه باشترین کارتان کرد، چونکه ئه‌گه‌ر ئێوه هێرشتان نه‌کردایه، ئه‌وه ئه‌وان هێرشیان ده‌کرده سه‌رتان، هه‌ربۆیه هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی پوتینی ته‌ئید کرد. هه‌ربۆیه بڕیاره که په‌یماننامه‌یه‌کی بیست ساڵه له گه‌ڵ روسیه‌دا ببه‌ستێ، که‌سیش نازانێ که ناوه‌رۆکی ئه‌و په‌یماننامه چیه، چی تێدا نووسراوه، ئاخر کاتێ تۆ په‌یماننامه‌یه‌ک ده‌نووسی که دواتر ده‌بێته عه‌قد و ڕێکه‌وتن، خۆ ده‌بێ مه‌جلیسه‌که‌ت بزانێ که ناوه‌رۆکه‌که‌ی چیه. ئه‌و هاوده‌نگیه به‌بێ ئه‌ملاولایه له گەڵ روسیه زیانێکی گه‌وره به ئێران و خه‌ڵکی ئێران و کوردیش ده‌گه‌ینێت، چونکه ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌سپێک شه‌رتبه‌ندی کردووه که ئه‌سپه‌که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دۆڕاوه. روسیه ناتوانێ له ڕووی تێکنۆلۆجیاوه یارمه‌تی ئێران بدات، چونکه خۆی وابه‌سته‌یه، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئۆکراین ناوچه داگیرکراوه‌کانی خۆی له روسیه بگرێته‌وه، دیسانه‌وه زه‌ربه‌که‌ی به ئێران ده‌گا، روسیه ئێرانی وه‌ک هاوپه‌یمانێکی ستڕاتیجی هیچ سات قه‌بووڵ نیه، هیچ کاتیش قه‌بووڵی ناکات، هه‌ر هاوشێوه‌ی مشته‌ریه‌کی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی سه‌یری ئێران ده‌کا نه زیاتر و نه که‌متر. بۆ وێنه ئیسڕاییل هه‌رکات مه‌یلی لێبێت هێزه‌کانی ئێران له سوریه بۆمباران ده‌کات، ئه‌و ڕاکێتانه‌ی که سوریه له روسیه‌ی وه‌رگرتووه هیچ کامی له به‌رامبه‌ر فڕۆکه‌کانی ئیسڕائیلدا کاریگه‌ر نیه، واته ناڕاسته‌وخۆ مۆڵه‌تی به ئیسڕائیل داوه هه‌رچی پێی خۆش بوو به سه‌ر ئێرانی‌دا بێنێت. چونکه ئیسڕائیل هاوپه‌یمانی ستڕاتیجی روسیه‌یه، ئه‌وه خۆی شه‌فافه و به ئاشکراش ڕوو به‌ده‌ره‌وه وتویه‌تی، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر فڕۆکه‌کانی روسیه له ئێران نیشتنه‌وه و وزه‌یان گرت و به‌ره‌و سوریه چوون و هێرشیان کرده سه‌ر دژبه‌ره‌کانی به‌شار ئه‌سه‌د، به‌مه‌رجێ له یاسای سه‌ره‌کی ئێران‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه که ئه‌و مۆڵه‌ته به هیچ که‌س نادرێت، به‌ڵام روسیە ئێرانی کردۆته پایه‌گای نیزامی خۆی. که‌وایه ئێران به گشتی ته‌سلیمی روسیه‌یه به بێ هیچ ئه‌ملاو ئه‌ولایه‌ک.
هێما: به‌ڵام ئێران هیچ رێگه‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌ماوه.
د. ئه‌سعه‌د: به‌ڵی ته‌واو وایه، کۆماری ئیسلامی پشتی به تیئۆریه‌ک به‌ستووه که ته‌نیا به‌ره‌و ئه‌و ئاکامه‌ی ده‌با، ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه ئه‌و ئێران ده‌یگوت له گه‌ڵ زۆر وڵاتی دیکه‌شدا په‌یوه‌ندی و بڕیارنامه‌ی ئابووری و سیاسیم هه‌یه و روسیه‌ش ته‌نیا هاوسێ و دۆستێکمه. به‌ڵام ئێران ڕۆژئاوا به دوژمنی خۆی ده‌بینێ و ته‌نانه‌ت به وڵاتێکی ده میلیۆنی وه‌ک ئیسڕائیل ده‌ڵێ، ده‌بێ له‌ناوی به‌ڕین. له‌و لاشه‌وه ده‌ڵێ که دڵم بۆ میلیۆن و نیوێ فه‌ڵه‌ستینی ده‌سووتێ، به‌ڵام کاتێ تۆ وڵاتی ئیسڕائیل له‌ناو به‌ریت، ئه‌وه ئه‌و یه‌ک میلیۆن و نیوه‌ش که له ئیسڕائیل ده‌ژین له ناو ده‌به‌یت.
هێما: دوکتور ئه‌سعه‌دی به‌ڕێز، با ئاوڕێکیش له پرسی کورد بده‌ینه‌وه، ئه‌وه ئاماژه‌مان به ئێران دا، به‌ڵام دۆخی عێراق و سوریه‌ش به‌هه‌مان شێوه ئاڵۆزن، تورکیه‌ش که له دۆخێکی پڕ له ئه‌من و ئاسایش‌دا ناژی، هه‌موو ئه‌م دیاردانه گرێ‌دراو به‌و هێرشه‌وه، چ کاردانه‌وه‌یه‌كی له سه‌ر دۆخی سیاسی کورد ده‌بێت؟
د. ئه‌سعه‌د: هه‌موو ئه‌و خاڵانه کاریگه‌رن، ئێمه کاتێک که باس له پرسی کورد ده‌که‌ین، ئه‌وه زۆرجار ده‌گوترێ که کورد وڵات نیه، چونکه کورد وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی نیه، هه‌رکات باس له کورد بکرێ باس له باشوری کوردستان ده‌کرێ، چونکه له‌وێ پێکهاته‌یه‌ک و نه‌هادێک هه‌یه، به‌ڵام پرسی کورد به‌رده‌وام به پرس و دۆخی ئه‌و وڵاتانه‌وه گرێدراوه که ده‌ستیان به سه‌ر کورددا گرتووه. کاتێک که ئێران به‌ره‌و روسیه ده‌ڕوات و له ئاکامدا ده‌دۆڕێ، ئه‌وه کوردی رۆژهه‌ڵاتیش به هه‌مانشێوه ده‌یدۆڕێنێ، خۆ ته‌نیا فارس و ئازه‌ربایجانی نایدۆڕێنن، گه‌ر له باشوری کوردستان بدوێین ئه‌وه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق سیاسه‌تێکی تا ڕاده‌یه‌ک بێلایه‌ن بووه، کوردستانیش سیاسه‌ته‌که‌ی هه‌روا بێلایه‌ن بووه، کوردستان نه ده‌ڵێ ئه‌رێ و نه ده‌ڵێ نه‌رێ، دواتر ناوه‌ندی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتیش هه‌روا بێده‌نگ بووه. پرسێکی وا گه‌وره دێته پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌نده بێده‌نگه، ئه‌گه‌رچی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا و له ناو خه‌ڵکدا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌نووسن و هه‌ڵوێست ده‌گرن، به‌ڵام خۆیان وه‌کوو حیزب بێده‌نگن، هه‌ر وه‌ک وابێ که ئه‌و پرسه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌وانه‌وه نه‌بێ، ئاخر وانیه، هه‌موو به‌سه‌رهات و ئاڵوگۆڕ و دیارده‌یه‌کی سیاسی به هه‌موومانه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه، ڕه‌نگه که‌سێک له ئاگره‌که نزیکتر بێ و زووتر بسووتێ، به‌ڵام منیش هه‌ر له‌دووره‌وه پریشكی ئاگره‌که‌م به‌رده‌که‌وێ. له کوردستانی سوریه دۆخه‌که ئاڵۆزتره، ئه‌وان ئێستا له ته‌ک مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی وه‌ک تورکیه‌دا ڕووبه‌ڕوون، ئه‌گه‌ر تورکیه هێرشێک بکات، ئه‌وکات کورد چی ده‌کا، خۆ توانای ئه‌وه‌ی نیه له به‌رامبه‌ر ئارته‌شێکی زه‌به‌لاحدا ڕابوه‌ستێ، خۆ هێزی ئه‌وه‌ی نیه. له لایه‌کی دیکه‌وه ناچاره که ئه‌م لاو ئه‌ولا بکات و ناتوانێ سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ. له تورکیه‌ش که دۆخه‌که به‌م شێوه‌یه، ئێردۆغان له لایه‌که‌وه فڕۆکه‌کان ده‌دا به ئۆکراین، له لایه‌کی دیکه‌وه له ته‌ک روسیه‌دا دۆسته، ئه‌گه‌رچی ئێردۆغان شتێک نیه، به‌ڵام به‌ستێنه جوغرافیه‌که‌ی هه‌لێکی وای بۆ ڕه‌خساندووه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تمه‌دارێکی مه‌زن بێ.
هێما: زۆر سپاس د. ئه‌سعه‌دی به‌ڕێز، ئێمه پرسیارێکمان نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر خۆتان به پێویستی ده‌زانن ئاماژه به خاڵێکی تابیبه‌ت بده‌ن، ئه‌وه فه‌رموون.
د. ئه‌سعه‌د: له دونیای ئه‌مڕۆدا هیچ ده‌وڵه‌تێک مافی ئه‌وه‌ی نیه که هێرش به‌رێته سه‌ر وڵاتێکی دیکه، جا ئه‌و وڵاته له ڕووی نیزامیه‌وه لاواز یاخۆ به‌هێزیش بێ، هه‌ر ده‌وڵه‌تێک هێرش به‌رێته سه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی دیکه، ئه‌وه له ڕوانگه‌ی منه‌وه نه‌رێنیه، ئه‌وه ده‌بێ ڕه‌تبکرێته‌وه، ده‌بێ پشتگیری لێنه‌که‌ین، ده‌وڵه‌تگۆڕین نابێ هیچ سات کاری ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌وه بێ، به‌ڵکه ته‌نیا خه‌ڵکی خودی ئه‌و وڵاته ئه‌و مافه‌یان پێده‌درێ. کاتێک که جۆرج بووش هێرشی برده سه‌ر وڵاتی عێراق، ئه‌وه له ڕووی مافی نێونه‌ته‌وه‌یه‌وه ئه‌و کاره به‌رحه‌ق نه‌بوو، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه سوودی خۆی هه‌ر هه‌بوو، چونکه ڕژیمێکی خوێنڕێژی وه‌ک ڕژیمی سه‌دام حوسه‌ین ڕوخا، به‌ڵام له لایه‌نی مافی نه‌ته‌وه‌وه هه‌ڵه بوو، خۆ تۆ ناتوانی هه‌ر کات پێت‌خۆش بوو ئاوا کارێک بکه‌یت. زۆر جار که‌سی روسی ده‌ڵێن، باشه بۆ ئه‌مریکا وای کرد و ئێمه بۆمان نیه وا بکه‌ین، واته ئاخر خۆ کابرا له سه‌ر جاده چه‌قۆی کردووه به سکی که‌سێکدا، ئه‌ی بۆ من بۆم نه‌بێ ئاوا کارێک بکه‌م، ئاخر خۆ ئه‌مه مه‌نتیق نیه، ئه‌مه بۆ وه‌رگرتن نابێ، ئه‌مڕۆ به‌شێک له چه‌پی سونه‌تی و ئۆرتۆدۆسکیی هێشتا هه‌ر خه‌ون به‌و کات و زه‌مانه‌وه ده‌بینن که روسیه شۆڕه‌وی بوو. ئاخر وا نیه که هه‌رکه‌س دژی ڕۆژئاوا و ئیستیعمار بوو دیموکڕات بێ، ئه‌وه ئێران چوار ده‌یه‌یه دژی ڕۆژئاوا و دژی ئیمپڕیالیزمه، به‌ڵام خۆ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه خۆیان نابنه ده‌وڵه‌تێکی دیموکڕاسی.
ئه‌م دیداره له کۆتایی مانگی سێپته‌مبری ٢٠٢٢ سازدراوه.