ئاخافتنێکی کراوه له ته‌ک دوکتۆر دیتمار ڤێبه‌ر−دا
دوکتۆر ڤێبه‌ر ساڵانێکی زۆر له زانکۆی شاری دارمشتات (وڵاتی ئاڵمان) له بواری په‌روه‌رده‌دا ده‌رسی وتۆته‌وه، ناوبراو ئێستا بەڕێوەبەر و سه‌رپه‌رشتی خوێندنگه‌یه‌که له هه‌مان شاردا. دوکتۆر هیوا ئه‌م دیداره‌ی له مانگی ژانویەی ٢٠٢٢–دا ئه‌نجام داوه و ئه‌رکی وه‌رگێڕانی گفتوگۆکه‌شی له زمانی ئاڵمانییه‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی گرتۆته ئه‌ستۆ.
«به‌ڵێ، گه‌ر من لێره‌دا سه‌باره‌ت به پرسی ئازادی بدوێم، ڕه‌نگه سه‌بکی لێدوانه‌که‌م تا ڕاده‌یه‌ک له سروشتی فه‌لسه‌فه‌وه دوور بێت، هه‌ر بۆیه هه‌ندێ بوێری ده‌وێت. به پێی تێگه‌یشتنی شه‌خسی خۆم، یا بڵێین له ڕوانگه‌ی منه‌وه، ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی خۆی له خۆیدا و خۆی بۆ خۆی ده‌سته‌واژه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی شه‌فاف نییه، تا ڕاده‌یه‌ک به‌تاڵه؛ بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له ته‌ک ده‌سته‌واژه گه‌وره‌کانی دیکه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا به‌راوردی بکه‌ین: ئه‌وه سروشت دسته‌واژه‌یه‌کی شه‌فافه و خۆی خۆی پێناسه ده‌کات. چونکه ئازادی به‌بێ به‌ستێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی تێگه‌یشتنی ئه‌سته‌مه و هاوشێوه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی ته‌ندرووستی زیاتر به لایه‌نه نهرێنیهکهیهوه پێناسه ده‌کرێت؛ ده‌سته‌واژه و واتای ته‌ندرووستی زۆر شه‌فاف ده‌یهێنێته به‌رچاومان که مه‌به‌ستم له چییه، ئێمه هیچ سات به باشی ناتوانین بێژین که ته‌واو ته‌ندرووستین، کێ ده‌توانێ بێژێ، به‌ڵێ من ته‌واو ته‌ندرووستم. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین که ئێستا ئێش و ئازارمان نییه و دوورین له ناڵین، به‌ڵام گه‌ر هه‌رکام له ئێمه ڕوو بکاته پزیشک و بێژێ، تکایه فه‌حسێکی گشتییم بۆ بکه، ئه‌وه بێگومان پزیشکه‌که شتێک هه‌ر ده‌دۆزێته‌وه؛ جا ڕه‌نگه هه‌ندێ ناساخیش بۆ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌ن و ئه‌و جۆره شتانه بگه‌ڕێنه‌وه. ئازادی ته‌نیا له پێشبینی دۆخێکی دوور له خودی ئازادی‌دا پێشبینی ده‌کرێت، واته بۆ دۆخێک که تێیدا هه‌ست به نائازادبوون ده‌که‌م، هه‌بۆیه ئازادی به لایه‌نه نهرێنیهکهیهوه پێشبینی و پێناسه ده‌کرێت. به سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئازادی مانا و واتایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ژیانمان، له لای «ئیمانوێل کانت» ئازادی چه‌شنی ئایدیایه‌کی به‌رنامه‌ڕێژه، ئازادی چه‌شنی ئایدیایه‌ک که ئێمه چه‌شنی به‌رنامه‌یه‌ک وه‌دوای ده‌که‌وین، له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و تێگه‌یشتنه له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و فه‌لسه‌فه‌ی ئیدئالیستیدا ده‌خرێته چوارچێوه‌ی ده‌سته‌واژه‌وه.
دیاره مێژووی ئایدیای ئازادی بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر ده‌گه‌ڕێته‌وه، من بۆ خۆم به شیاوی ده‌زانم که سه‌ره‌تای ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ پێشتر و بۆ سه‌رده‌می «ڕێنه‌سانس: بووژانه‌وه» بگێڕمه‌وه. یانی بۆ کاتێک که سروشت هێشتا ده‌ورێکی گرینگی ده‌گێڕا و له‌و خاڵه‌وه بۆ دونیایه‌کی نهزمپێدراو هه‌نگاو هه‌ڵده‌گیرا. کاتێک که له تێگه‌یشتنی کۆسمۆلۆجیهوه به‌ره‌و دونیای ماتریالیستی ده‌ڕۆیشتین، هه‌تا ده‌گه‌ینه سه‌روبه‌ندی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌و شۆڕشه‌ی که به ئاکامی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌رایی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ڕه‌نگه پێشتر ئازادی ته‌نیا ئایدیایه‌ک بووبێت، به‌ڵام شۆڕشی ناوبراو ده‌یخاته چوارچێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌داره‌وه؛ دواتر که زۆر بیرمه‌ند کاری جیددی و به‌رینتری له سه‌ر ده‌که‌ن و باشتر و ده‌قیقتر پێناسه‌ی ده‌که‌ن. له لووتکه‌ی ئه‌و گه‌شه‌دا بۆ که‌م ئیرادکردنهوهی ژیان و هه‌بووی مرۆڤ ده‌ڕواندرێ، ڕۆشنگه‌رایی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشت که ساڵیانی ساڵ له ناشیاوترین دۆخدا ژیاوین، که‌وایه با له ئێستا به‌ولاوه بۆ باشترین و شیاوترین دۆخ بڕوانین و به‌رنامه‌ش بۆ گه‌یشتن به‌و دۆخه دابڕ‌ێژین، واته کاتێ مه‌ترسییه‌که‌مان به‌دی کردووه، با به زووترین کاتیش ئه‌و مه‌ترسییه بۆ سه‌ر «بوونی» مرۆڤ قه‌ڵاچۆ بکه‌ین. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و گهشهیە درێژه‌ی ده‌بێت و ده‌گات به خاڵێکی گرینگ، ئه‌ویش ئه‌و خاڵه‌یه که هه‌وڵی ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن بۆ ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌دات. ئه‌م تێگه‌یشتنه خۆی له تێگه‌یشتنی ئازادی ئیدیالیستیی جودا ده‌کاته‌وه، چونکه هه‌ر زۆر به خێرایی دێته به‌رچاو که لێره‌دا بوون (واقعییه‌ت) بایه‌خی پێده‌درێت، جا دۆخی واقعی به ده‌رفه‌ته‌وه گرێدراوه، واته ئێمه ده‌بێ له زۆر شوێن و به‌ستێنی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا دۆخی هه‌بوو، به هه‌موو ده‌رفه‌ت و ڕێگرییەکانییهوه وه‌ربگرین. هه‌روه‌ک «فڕینسیس بێکن» ئاماژه‌ی پێده‌دات، مرۆڤ ده‌بێ ملکه‌چیی یاسا سرووشتییه‌کان بکات، واته پێش هه‌موو شت ئێمه ده‌بێ خۆمان ژێر ده‌ستی ئه‌و یاسا سرووشتیانه که‌ین، هه‌تا بتوانین ئازاد بین.
ئه‌م شێوه له ئازادی که به سه‌ربه‌خۆیی ناودەبرێت، بۆ من ئه‌وکات به‌بنه‌ما و به‌رینتر ده‌بێته‌وه که باس له خاوه‌ن سهروزاربوون ده‌کات، که ئێمه خاوه‌ن خواستی خۆمان بین و توانا و ده‌رفه‌تی ده‌ربڕینی ئه‌و خواسته سهربهخۆیەمان هه‌بێت. ده‌رفه‌ت خولقاندن و ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن بۆ خۆ هێشتنه‌وه، جا ئه‌م خۆ هێشتنه‌وه ته‌نیا مانایه‌کی ماتریالیستی و بایه‌لۆجیی نییه، به‌ڵکوو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی له دۆخێک‌دا بژین که خۆمان داهێنه‌ری مانای ژیانی خۆمان بین؛ ڕه‌نگه ئه‌م دوایین سه‌رنجه‌م هێشتا هه‌ر گرێدراوی فه‌لسه‌فه‌ی ئیدیالیستی بێت، واته هه‌وڵ بۆ ژیانێکی پڕ مانا و پڕ واتا، هه‌وڵ بۆ ئازادییه‌کی ئیدئالی که له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ماتریالبوونێک هه‌بوونی هه‌یه. کاتێک که ئاماژه به مێژووی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و شێوه ئازادییه ده‌ده‌ین، ئه‌وه نابێ هیچ سات له یادی بکه‌ین که ئێمه باس له به‌ستێنێکی که‌لتووری تایبه‌ت ده‌که‌ین. گومانم له‌وه نییه که فه‌رهه‌نگی دیکه ته‌واو به شێوه‌یه‌کی دیکه بیر له ئازادی ده‌که‌نه‌وه، نه‌ک ته‌نیا هاوشێوه‌ی ئه‌و بیرۆکه ئهورووپاییهی که له چه‌رخی ڕۆشنگه‌راییه‌وه چه‌که‌ره ده‌کات. واوه‌تر ڕه‌نگه زۆر که‌س به‌م به‌رنامه ڕازی بن و بتوانن ژیانێکی باش بژین، به‌ڵام هیچ سات ئه‌وه‌نده له خۆبایی نیم که بێژم ته‌نیا ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌کی شیاو و به‌جێی ئازادییه. من ئه‌و مافه به خۆم ناده‌م، بێژم هه‌موو که‌لتووره‌کان ده‌ناسم و ئه‌م فه‌رهه‌نگه به شێوه‌یه‌کی باشتر و قووڵتر ته‌ک بیرۆکه‌ی ئازادییدا مامه‌ڵه ده‌کات و ئه‌و که‌لتووره که‌متر. من له به‌ستێنی فه‌رهه‌نگی ئه‌ورووپادا ده‌ژیم و ده‌زانم که ئازادی ئیدیئالی ته‌نیا به تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵ پێناسه ده‌کرێت و ده‌بێته ئازادی، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه زۆر جار تاک پیاده‌ی ده‌کات و وه‌ک پێوه‌ری ژیانی باشی خۆی بۆی ده‌ڕوانێت. به واتایه‌کی دیکه ئازادی که ته‌نیا بریتی بێ له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی تاک، ئیمکانی نییه و بگره ئه‌و ڕوانگه خه‌یاڵییه. به بێ ئاوڕدانه‌وه له‌و په‌روه‌رده و فه‌رهه‌نگه‌ی که منیان کردووه به من، هیچ سات ناتوانم هه‌بوونێکی ئازادم هه‌بێ. به بێ ئه‌وه‌ی که لێره‌دا ئاوڕ له ده‌سته‌واژه‌ی هاوپشتی بده‌مه‌وه، چونکه بۆ پێناسه‌کردنی ئازادی خودی ئه‌و ده‌سته‌واژه ده‌رفه‌تی زۆر مه‌زن به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. نه‌ک بۆ دۆخێکی ئه‌نارشی به‌بێ به‌رنامه بڕوانم، به‌ڵکه بۆ ئازادییه‌ک که له هاوپشتی و هاوئاهه‌نگیدا به ئاکام ده‌گات، ئازادییه‌کی به قهیدوشهرتهوه، ئه‌گینا کاتێک من ته‌نیا خۆمم له یاد بێ، ئه‌وه له هه‌نگاوی دووهەمدا ئازادی بهیاساکراوی ده‌ورووبه‌ر ده‌خه‌مه ژێر پرسیاره‌وه؛ که‌وایه باس له ئازادییه‌که که ته‌نیا له به‌ستێنێکی کۆمه‌ڵایه‌تییدا و به هاوکاری دهورووبهرانم به ئاکام ده‌گات. بۆ وێنه له به‌ستێنی خوێندن و خوێندنگادا به باشی ده‌یبینین، که چۆن خوێندکار به یه‌که‌وه، به کۆمه‌ڵ له خوێندنگادا دۆخێکی ئازاد بۆ یه‌کتر ته‌رخان ده‌که‌ن و درووست به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئایدیایه که گوایا ته‌نیا ئازادی تاک و خواستی تاک ئازادیبه‌خشه. بۆ وێنه گه‌شه‌ی ئه‌و ئازادییه به ئاستێک گه‌یشتووه که ته‌نیا مڵكی شه‌خسیی وه‌ک پێناسه‌ی ئازادی ده‌بینرێ، به‌ڵام هیچ سات باس له‌وه ناکرێت که مڵکی گشتیی و کۆمه‌ڵگه ده‌توانێ ئازادی گشت لایه‌ک زۆر و زیاتر بکات. بۆ وێنه سه‌رهه‌ڵدانی پاندێمی کۆڕۆنا به باشی پیشانی ده‌دا که ئازادبوونمان له ده‌ستی ئه‌و پاندێمییه ته‌نیا به کۆمه‌ڵکاریی ده‌کرێت، نه‌ک به هزری تاکه که‌سیی و نوخبه‌یه‌کی بێهاوتا، زۆر جار باس له داهێنانی ماده‌ی «بایۆنتێک» ده‌کرێ، گوایه چه‌نده گرنگ و بێهاوتایه و چ هزرێکی له پشته‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به باشی چاومان بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه له ته‌ک ئه‌و ڕاستییه‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه که ئه‌و داهێنانه هیچ سات کاری تاکه که‌س نییه، به‌ڵکه کاری کۆمه‌ڵێک زانستکار و زانای ته‌واوی ئه‌م گه‌ردوونه‌یه. جا زه‌روورتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که ته‌نیا به هاوکاری و هاوپشتی و به زانستبهدهستهوهدانی شه‌فافی هه‌موو لایه‌ک ئاوا سه‌رکه‌وتنێک ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. پاشان ئه‌و پاندێمییه کاتێک له ته‌واوی جیهاندا قه‌ڵاچۆ ده‌کرێ که له لایه‌که‌وه به ڕێژه‌ی پێویست ڤاکسین په‌خش بکرێته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌موو یه‌کگرتووانه یارمه‌تیده‌ری یه‌کتر بین و پارێز بکه‌ین؛ نه‌ک به‌و شێوه‌ی که زۆر که‌س چه‌شنی بازرگان خوازیاری ئه‌وه‌یه، ڤاکسینه‌که وه‌ک مڵکی شه‌خسی له لای خۆمان ڕابگرین، بۆ ئه‌وه‌ی په‌کمان نه‌که‌وێت، بێگومان ئه‌و شێوه مامه‌ڵه هیچ سات له ده‌ستی کۆڕۆنا ئازاد و ڕزگارمان ناکات.
هه‌موو ئه‌و دیاردانه پیشانی ده‌ده‌ن، که تێگه‌یشتنی ئازادی له سه‌ر بنه‌مای تاک و تاکخوازی که‌م و که‌سری زۆری هه‌یه، ئه‌گه‌ر چی منی تاک هه‌روا تاک و ته‌نیا ئازادی خۆم هه‌ست پێده‌که‌م، به‌ڵام هه‌ست به ئازادییەک کە له نێو کۆمه‌ڵدا فۆڕمی وەرگرتووە. گه‌ر لێره‌دا ئاماژه به دوایین خاڵم بده‌م، ئه‌وه ده‌بێ ئاماژه به کات بده‌ین، چوونکه بوونی ئێمه به کاته‌وه گرێدراوه، که‌وایه لێره‌دا پرسی خاوه‌ن سه‌روزمان دێته‌وه ئاراوه، چونکه ئه‌وه منێکی تاکی خاوه‌ن سهروزمانم که مانا و واتا به کات و هه‌بوونی خۆم ده‌ده‌م، ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌یه بۆ ئازادبوون و ئازادی. هه‌رکه‌س ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا و نه‌یتوانی واتا به کات و هه‌بوونی خۆی بدات، ئه‌وه ئازاد نامێنێ. دیسانه‌وه که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته و مانابه‌خشین به کاتی خۆ، ته‌نیا کاتێک به ئاکام ده‌گات که خۆمان و کاتمان بخه‌ینه ئێختیار حه‌وزه‌ی گشتییه‌وه، ئه‌گینا له ڕوانگه‌ی منه‌وه به‌رنامه‌ی ئازادی بڕی به‌رنامه‌یه‌کی پڕ واتای نامێنێ».
هێما: زۆر سپاس بۆ ئه‌و پێشه‌کییه، ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین ئه‌و ڕوانگهیەی ئێوه زیاتر له ڕوانگه‌ی «هێگله‌وه» نزیکه، واته ئازادی و واتای ئازادی ته‌نیا له به‌ستێنی گشتیی و کۆمه‌ڵگه‌دا خۆی پێناسه ده‌کات؛ به پێچه‌وانه‌وه تێگه‌یشتنی لیبڕالیزم و لیبه‌رتاریانیزم له ئازادی، تێگه‌یشتنێکه که له سه‌ر بنه‌مای تاک پێناسه ده‌کرێت، واته تاک ده‌خرێته مه‌ڵبه‌نده‌وه، واوه‌تر ئازادی بریتییه له به‌رگرتن به هه‌رشێوه ده‌ستێوه‌ردانێکی بێبنه‌ماوه. له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه له وڵاتانی ڕۆژئاوادا بایه‌خ زۆر به‌م هێڵه دراوه و گه‌شه‌ی ئه‌و ڕوانگه به‌وپه‌ڕی ئاستی گه‌شه‌ی خۆی گه‌یشتووه. هه‌ربۆیه زۆر جار ده‌گوترێت که ئه‌م گه‌شه کۆمه‌ڵێک ناساغی کۆمه‌ڵایه‌تی درووست ده‌کات؛ بۆ وێنه بیرمه‌ندی شاری فڕانکفورت «ئاکسل هۆنێت» ئاماژه به سه‌رهه‌ڵدانی دوو شێوه له که‌سایه‌تی ده‌دات که بریتین له، یه‌که‌م: تیپێک که خاوه‌ن بڕیاری درێژماوه نه‌ماوه، بڕیاری ئێستای ته‌نیا کورت بڕ ده‌کات و بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی و کورته ساته، واوه‌تر تیپێکی دیکه جۆرێک له مرۆڤن که له نیسبی بوونی ئازادی و له به‌ستێنی گه‌شه‌ی ئازادی نه‌رێنیدا باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌تیان به دیسکورس و ئاخافتن نه‌ماوه، به‌ڵکه له بچووکترین دۆخی ناکۆکییدا په‌نا بۆ یاسا ده‌به‌ن و هه‌موو ڕێگاچاره‌یه‌ک ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی یاساوه، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه تیپێکی دیکه‌مان هه‌بێ که هه‌ر توانای بڕیاردانی نه‌ماوه، چونکه ئازادی و هه‌ستی به‌رپرسیارێتی پێکه‌وه گرێ نادات. ڕای ئێوه له سه‌ر ئه‌م گه‌شه چییه؟
د. ڤێبه‌ر: له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و دیارده‌ی که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا، ئاکامی ترسێکه که ئێخه‌ی زۆرانی گرتووه، ئه‌ویش ئه‌و ترسه‌ی که به له‌ده‌ستدانی مانا و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌وه گرێدراوه. خاوه‌نی بڕیاری خۆت نه‌بی و توانای بڕیاردانت نه‌مابێت، ئه‌مه خۆی له ئاکامی ترس له ئازادی‌دا دێته پێشه‌وه. با بزانین گه‌وره‌ترین مه‌ترسی مرۆڤی ئه‌مڕۆ چییه، به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد‌دا؛ ژیانی ئه‌مڕۆمان هه‌مووی به به‌رنامه‌وه هێڵکێشی و دیاری کراوه، کوا کاتی ئازادمان ماوه، هه‌تا له بێتاقهتییدا بیرۆکه و ئایدیای تازه دابهێنین، تا هه‌وڵ بده‌ین کرده‌وه‌یه‌کی به که‌ڵک پێناسه بکه‌ین و خۆمانی پێوه سه‌رقاڵ که‌ین. خۆ کێشانه‌وه بۆ خه‌ڵوه‌تی، بۆ ته‌نیایی، ئه‌م کاره له سه‌ردان له هه‌موو ستودیۆیه‌کی وه‌رزشی به‌که‌ڵکتره، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوا مانا و واتادا بگه‌ڕێین، چ شتێک له‌وه بێکهڵکتره تا ئه‌وه‌ی ته‌نیا کات تێپه‌ڕ بکه‌ی، چه‌نده بێمانایه که مرۆڤ ته‌نیا کات تێپه‌ڕ بکات، به‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی سوود له کات وه‌ربگرێت. ترس له ئازادی و له کاتی ئازاد، ترس له‌وه‌ی که که‌ڵک له کات وه‌ربگریت، ئه‌مه‌یه پرسی سه‌ره‌کی. ئه‌م کات به‌هه‌ده‌ردانه هه‌ست پێده‌کرێت، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی ماناوه له کاردانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌شه تێنه‌گه‌یشتووین، کاتێک که له‌و دیاردەیە گه‌یشتین، ئه‌وکات زیاتر به‌ره‌و واتای ئه‌و تاکه‌وه ده‌چین که خاوه‌ن خۆبوونی ده‌وێت و خۆی به بکه‌ر ده‌بینێ، تاکێک که خۆی هه‌بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنی، هه‌بوونێک به واتاوه، واتایه‌ک که خۆی به خۆی ده‌به‌خشێ. به‌ڵام تاکێک نا که تاکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێ، تاکێکی به‌ستێنی جیهانبینی پیاوسالاری. تاکی سه‌رده‌می فێئۆدالی نا، تاکی پاشائاسا نا، ئه‌و تاکه‌ی نا که به ڕوونی باوه‌ڕی به جیاوازی جنسه‌کان هه‌بێ. یاخۆ تاکی خاوه‌ن سه‌رمایه و به‌هێزی نیزامی سه‌رمایه‌داری، نا ئه‌و جۆره تاکه به‌هێزه‌مان ناوێ، به‌ڵکه تاکێکی خاوه‌ن هه‌ست و شعور که خۆی به به‌رپرس بزانێ. بۆ من زۆر گرینگه که هیچ نه‌بێت پاش «دۆسته‌یه‌ڤسکی» جوداکاری نێوان تاوان و به‌رپرسیاریه‌تی بکه‌ین. داستانێکی دیکه هه‌یه، بۆ وێنه زۆر جار ده‌گوترێت: بێگومان خۆم به ته‌واویی بۆ دۆخی ناڕه‌وا و نادادپه‌روه‌رانه‌ی جیهان به به‌رپرس ده‌زانم، به‌ڵام خۆ تاوانی من نییه که زۆران له برسا ده‌مرن، به‌ڵام خۆ تاوانبار نه‌بوون له ده‌ستی هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی ڕزگارم ناکات. ده‌رفه‌ت و هه‌بوونی ئازادییم له ده‌ستی ئه‌رکی ئەخلاقیم ڕزگارم ناکات، که گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆم بۆ نه‌هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ناپه‌سه‌نده نه‌ده‌م. لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به هزر و فیکره دێرینه کلاسیکی و جیکهوتووهکان بده‌ین، ته‌نانه‌ت له په‌رتووکی ئاسمانی قورئاندا له شوێنێکدا هاتووه، کاتێک به‌رامبه‌ر به تاکه که‌سێک تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌م، هه‌روه‌ک وابێ به‌رامبه‌ر به ته‌واوی مرۆڤایه‌تی تاوانێکم ئه‌نجام دابێ، کاتێک مرۆڤێک ئازار ده‌ده‌م، هه‌روه‌ک وابێ هه‌موو مرۆڤه‌کانم ئازار دابێ، یانی ئازادی ته‌نیا به واتایه‌کی گه‌ردوونیه‌وه ده‌بێته ئازادی.
هێما: دیدێکی سه‌رنجڕاکێشه، لێره‌دا به شیاوی ده‌زانم بپرسم که ئایا ئه‌و تاکه‌ی که ئێوه له پێش چاوتانه، ئه‌مڕۆ له چ دۆخێک‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، واته له دونیای واقعییدا دۆخی ئه‌و سهبجهکته چۆنه؟
د. ڤێبه‌ر: به‌ڵێ، به‌ڵی، ئێستا ده‌بێ بڕوانینه کاریگه‌ریه‌کانی سه‌رده‌می په‌سامۆدێڕنه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌و دیارده بووه‌ته هۆکاری ئه‌وه‌ی که تاک له خۆجێیهکدا گیری کردووه، به‌ربڵاو و فره‌ڕه‌هه‌ند بیرناکاته‌وه. هه‌وڵه‌کان زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی که تاک له به‌شی پارچه پارچه‌دا خۆی ون بکات و که‌متر گشتیی بڕوانێت، ته‌نیا ئه‌زموونی تاکی خۆی بکاته پێوه‌ر، ڕه‌نگه لێره‌دا ئاماژه به «ئادۆڕنۆ» شیاو بێت، چونکه ئه‌و له‌و بڕوایەدایه که ڕه‌نگه ته‌نیا سه‌رنه‌گرتنی ئەزمونێک یا خۆ بەرگرتن بە ئەزمونێکی تاک، بتوانێت خالیسی و ئه‌سڵی خودی تاک بسه‌لمێنێت. واته کاتێک که تاکێک به‌و ئه‌نجامه ده‌گات، ئه‌وه لێره‌دا ئه‌زموونێکم کرد، واته ئه‌زموونێک که هێنایه به‌رچاوم که به هیچ ئه‌زموونێکی تازه ئاشنا نه‌بووم. به‌ڵام له ئاکامی ئه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا، یا له ئاکامی هه‌ر ههنگاوێکی ئه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا ته‌نیا به تاک پیشان ده‌درێت که پرسی خاوه‌ندارێتی په‌ره به ئازادی شه‌خسی ده‌دات. په‌یامی سه‌ره‌کی دیارده‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه به‌م شێوهیەیه، به‌ڵام زۆر له‌مێژه که به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووین که ئه‌و ڕوانگه بێبنه‌مایه، با وه‌یاد خۆمانی بێنینه‌وه که قه‌یرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ چ کاردانه‌وه‌یه‌کی هه‌بوو. له‌و به‌ستێنه‌دا هاته به‌رچاو که تاک، تاکی سه‌رده‌م ته‌نیا بۆ یه‌ک سوچ و یه‌ک زاویه ده‌ڕوانێت، دواتر به وه‌ڵامی زۆر پرسیار ناگات و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی زۆر قه‌یران و گێژاوه نییه. هه‌ربۆیه تاک زۆر جار به دوای شوناسی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام تاک که‌وتۆته دۆخێکه‌وه که هه‌رچی زیاتر به‌دوای شوناسی خۆیدا بگه‌ڕێ، ئه‌وه هه‌ر زیاتر خۆی له نیمچهشوناس و شوناسی پارچه پارچه‌دا گوم ده‌کات.
هێما: ئه‌و ڕوانگه دوو دانه پرسیار دێنێته ئاراوه، له لایه‌که‌وه ده‌بێ له ئاکامی ئه‌و گه‌شه‌دا بۆ پرسی دیموکڕاسی بڕوانین، چونکه زۆر جار ده‌گوترێت که ته‌نیا له هاوکارییدا، له هاوپشتییدا و له دابه‌شکاری پیشه‌دا، ئایدیای دیموکڕاسی زیندوو ده‌مێنێته‌وه و گه‌شه ده‌سێنێت و واتای خۆی به‌رینتر ده‌کاته‌وه؛ واوه‌تر بیرمه‌ند زۆرن که پرسی مڵک و خاونداریه‌تی به جیددی ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه، ڕه‌نگه زۆر ڕادیکاڵتریش هه‌تا سی، چل ساڵی ڕابردوو، به تایبه‌ت پرسی پاندێمی کۆڕۆنا هێنایه‌وه زه‌ینمان که ئایدیای ئازادی ناتوانێت له سه‌ر بنه‌مای مڵکی شه‌خسیی پێناسه بکرێت. ته‌نانه‌ت خۆ ئازادکردن له مڵکی شه‌خسیی به به‌دیلێکی باشتر له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و به ته‌باتر له ته‌ک ئازادی‌دا ده‌بینرێ.
د. ڤێبه‌ر: ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، هه‌ر له دێرینه‌وه مرۆڤ خولیای ئه‌وه‌ی بووه که بۆ به‌جێهێنانی پێداویستییه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی خۆی خاوه‌نداری هه‌ندێ مڵکی شه‌خسیی بێ، من ئه‌وش به درووست و پێویست ده‌زانم، هه‌بوونی مرۆڤ به هه‌بوونی هه‌ندێ مڵکی شه‌خسییه‌وه گرێدراوه. هه‌ربۆیه من به شیاوی نازانم که باسی ئازادی و مڵکی شه‌خسی پێکه‌وه گرێ بده‌م، به تایبه‌ت به‌و شێوه نا که ئێوه ئاماژه‌تان پێدا. بۆ من پرسی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که مرۆڤ نابێ ده‌ست به سه‌ر ده‌رفه‌تی مرۆڤی دیکه‌دا بگرێ، نابێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌دا که ده‌بنه هۆی په‌یداکردنی بژێوی ژیانی تاک. واته کاتێ من ده‌رفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌م هه‌بوو ده‌رفه‌ته‌کانی تۆ به‌رته‌سک و که‌م بکه‌مه‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی که به بژێوی ژیانی تۆوه به‌ندن، یانی کاتێ ده‌ست به سه‌ر ئیش و شوێنی ئیش و پیشه‌تدا بگرم، ئه‌وکات ده‌ستێوه‌ردانی ئازادی تۆ ده‌که‌م. به‌ڵام من مه‌به‌ستم له‌وه نییه که مڵکی شه‌خسیت ڵی بستێنمه‌وه و لێ زه‌وت بکه‌م. به واتایه‌کی دیکه من دژی ئه‌و شێوه له ملك و خاوهندارێتیهم که ژینگه‌ش ده‌کاته ئامانج، که ئاو، که‌ش، هه‌وا و تەنانەت با ده‌خاته قاڵبی کاڵاوه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌و مه‌به‌سته ناتوانێت به ئاکام بگات.
هێما: به‌داخه‌وه گه‌شه‌که درووست به‌ره‌و ئه‌و هێڵه به‌ڕێوه‌یه، به‌ڵام با ئاوڕێک له دیموكڕاسی بده‌ینه‌وه. وێنه‌ی تاکگه‌رایی و دیموکڕاسی چه‌نده به یه‌که‌وه ته‌بان، ئه‌گه‌ر گه‌شه‌ی ئازادی نه‌رێنی هه‌روا درێژه‌ی هه‌بێت، نه‌زم و نیزامی دیموکڕاسی به کوێ ده‌گات؟
د. ڤێبه‌ر: به‌ڵی ئه‌و پرسیاره ده‌چێته چوارچێوه‌ی پرسیارێکه‌وه که به‌م شێوه فۆڕمووله ده‌کرێت: شه‌ڕ چی به سه‌ر دیموکڕاسی دێنێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌کان ژه‌هرخوارد بکه‌ین، دیموکڕاسی چی به سه‌ر دێت؟ بێگومان دیموکڕاسیش له ناو ده‌چێت. دیموکڕاسی به‌بێ ژێربه‌نا ده‌مێنێته‌وه. واوه‌تر ڕه‌نگه دیموکڕاسی له‌م به‌ستێنه‌دا که‌متر پرسی سه‌ره‌کی بێت.
هێما: له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه گه‌شه‌ی ئازادی نه‌رێنی که‌متر یارمه‌تیده‌ری گه‌شه‌ی دیموکڕاسی ده‌بێت، به‌ڵکه ئه‌وه ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تییه – به‌پێی ڕوانگه‌ی «هێگل» − که واتایه‌کی به‌هێزتری هه‌یه، هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵگه ته‌ک خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و باشتر ده‌توانێ که‌م و کهسریهکانی دیموکڕاسی بسڕێته‌وه.
د. ڤێبه‌ر: نازانم، بۆ من دیموکڕاسی نه‌زمێکه بۆ پێکه‌وه ژیان، نه‌زمێک که که‌م و که‌سری خۆی هه‌یه، به‌ڵام مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی تا به ئه‌مڕۆ نه‌زمێکی له‌وه باشتریان بۆ پێکه‌وه‌ژیان په‌یدا نه‌کردووه، مه‌رج نییه که ئه‌و نه‌زمه هه‌تا هه‌تایه هه‌روا جێگای په‌سه‌ند بێ. ئه‌وه‌ی که ئێمه پێشتر باسمان کرد په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌وتۆی به نه‌زمی سیاسییه‌وه نه‌بوو.
هێما : به‌ڵام خۆ زۆر نه‌زم و سیسته‌مێکی دیکه‌ی سیاسیمان هه‌یه که هه‌ر ئاوڕ له ئازادی ناداته‌وه.
د. ڤێبه‌ر: به‌ڵام من ته‌واو له لام شه‌فاف نییه که دیموکڕاسی له ڕاده‌به‌ده‌ر بایه‌خ به ئازادی بدات، لێره‌دا به ڕاستی گومانم هه‌یه، ڕه‌نگه دیموکڕاسی ته‌نیا فۆڕمێک بێت بۆ ماڵی کردنی ئازادی، ئه‌مه بۆ من جێگای پرسیاره، من نازانم، ئه‌وه‌ی که دیموکڕاسی ته‌واو پێویستیه‌تی ئه‌وه‌یه که ده‌بێ تاک باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت که ده‌توانێ ئازاد بێ. به‌ڵام هه‌مان ئامانج ده‌کرێ له به‌ستێنێکی ئاینییدا به ئاکام بگات. مه‌رج نییه که دیموکڕاسی بتوانێت ئازادی ده‌سته‌به‌ر بکات. ئازادی ده‌بێ هه‌ستێکی تاکی بێت، به کۆڕوکۆمه‌ڵ و گشتی ئه‌زموونی بکه‌ین، واوه‌تر ده‌ستکه‌وته‌کانی ئازادی ده‌بێ بۆ هێشتنه‌وه‌ی خودی ئازادی به که‌ڵک بن، جا چ نیزامێک ئه‌م پڕۆژه گه‌شه پێده‌دات و ڕاده‌گرێ، ئه‌وه پرسیارێکی دیکه‌یه، جا دیموکڕاسی بێ، یاخۆ سه‌رکرده‌یه‌کی لێهاتوو. نه‌ک ئه‌وه‌ی من بێژم که ده‌ستکه‌وته‌کانی دیموکڕاسی که‌م بوون، به پێچه‌وانه ده‌ستکه‌وتی باشی بووه، به‌ڵام بۆ پرسی ئازادی وابه‌سته‌ی دیموکڕاسی نیین.
هێما: له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه دیموکڕاسی ده‌توانێ چوارچێوه و هێڵی شیاو بۆ ئه‌وه ته‌رخان بکات، هه‌تا له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا به گشتی پێشبینی ژیانێکی باش دابهێنرێت، واته وزه به خواستێکی گشتی بۆ شێوه ژیانێکی باش ببه‌خشێت. ئه‌و پرسه سه‌ره‌کیه‌ی که ئه‌مڕۆ له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و ڕه‌وشتدا بایه‌خی پێده‌رێت.
د. ڤێبه‌ر: وایه، به‌ڵێ وایه، به‌ڵام من له گوماندام که دیموکڕاسی دوایین وه‌ڵامی ئه‌و پرسه بێ، دیاره دیموکڕاسی ئه‌مڕۆ مودیریه‌تی ئه‌و پڕۆژه، ئه‌و گرفته ده‌کات، جا ئه‌و گرفته گرفتی کێیه، واته ئازادی بۆ کێ گرفته، خۆی پرسیارێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشه.
هێما: وه‌ک دوایین پرسیارمان، شاخه زانستی نۆیڕۆلۆجی چۆن بۆ ئازادی ده‌ڕوانێت؟ چونکه ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێک زانستی تازه ده‌ستێوه‌ردانی جیددی فه‌لسه‌فه ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت له‌و بڕوادان که خۆیان دواین وه‌ڵامیان هه‌بێ. گوایه فه‌لسه‌فه ئازادی ته‌نیا له قه‌واره‌ی هیوادا پێناسه ده‌کات. گوایه بیر‌و هزری تازه زه‌روورن بۆ ئه‌وه‌ی که ئازادی باشتر له فه‌لسه‌فه پێناسه بکه‌ن.
د. ڤێبه‌ر: من ئاماژه به سه‌ره‌تای باسه‌که‌م ده‌ده‌م، من زانستی نۆیرۆلۆجیش به ڕێنسانسه‌وه (بوژاندنه‌وه) گرێ ده‌ده‌م، من دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، ئێمه ته‌نیا کاتێک ئازادین که ده‌رفه‌ت و دۆخی ژیانی ڕۆژانه‌مان قه‌بووڵ بکه‌ین، واته ده‌بێ ملکه‌چی یاسا سروشتییه‌کان بین، هیچ ڕێگاچاره‌یه‌کی دیکه‌مان نییه، ئه‌گه‌ر نۆیرۆلۆجیش خۆی به زیاتر له زانستی سروشت ده‌زانێت، ئه‌وه له ڕوانگه‌ی منه‌وه خۆی ده‌کاته ئایدیۆلۆجیه‌کی بێبنه‌ما. به‌ڵام چونکه زانستی نۆیرۆلۆجی زانستێکی سروشتیه، باشتره که سه‌باره‌ت به ئازادی هیچ په‌یامێکی نه‌بێت، به‌ڵکه ته‌نیا ئاماژه به‌و ده‌رفه‌تانه بدات که ده‌توانن ئازادی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. بێگومان زۆر زانستکار هه‌ن که له بواری زانستی سروشتییدا چالاکن و خۆیان هاوشێوه‌ی پێغه‌مبه‌ر ده‌بینن، چونکه له سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێ زانیاری به‌ده‌ستهاتوو هه‌وڵی خوێندنه‌وه و ته‌فسیری دونیا ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه نه پیشه و نه ئه‌رکی زانستی سروشتییه.
هێما: که‌وایه له‌م خاڵه‌وه دیسانه‌وه فه‌لسه‌فه دێته کایه‌وه؟
د. ڤێبه‌ر: بێگومان زۆر که‌س ده‌توانن هه‌وڵی ئاوڕدانه‌وه یاخۆ هه‌وڵی تێگه‌یشتن له بنه‌ڕه‌تی “هه‌بوون” و دونیا بده‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌و ئه‌رکه ده‌بێ حه‌وزه‌ی زانستی سروشتی به‌جێ بێڵیت. خۆی ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه که له بایه‌لۆجی و بایه‌لۆجی گه‌شه‌دا و له زانستی نۆیرۆلۆجییدا ئه‌نجام ده‌درێت، ڕه‌نگه لێره‌دا ئاوڕدانه‌وه له به‌رهه‌مه‌کانی «هێرمان هاکن» و «مۆسکۆڤیچی» به سوود بن.
ئه‌رکی بهسهرداچوونه و هه‌ڵه‌چنی که‌وتۆته سه‌ر شانی
به‌ڕێز محه‌مه‌د فه‌رهادزاده .