
ژێربه‌نا و فه‌لسه‌فه‌ی بیرۆکه‌ی چه‌پ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هزر و فیکره‌کانی بیرمه‌ندی ئاڵمانی «گیۆرگ ڤیلهێلم فڕیدڕیش هێگل». پاش مه‌رگی «هێگل» بیرمه‌ندانی وه‌ک «مارکس، ئێنگڵس، فۆیه‌رباخ، شتڕاوس، باوه‌ر و شتیرنهر» فه‌لسه‌فه‌ی «دیالێکتیک»-ی هێگل ده‌که‌نه هێمای فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ڕادیکاڵ، فه‌لسه‌فه‌یه‌ک که له سه‌ر دوو پڕه‌نسیپی سه‌ره‌کی دامه‌زراوه، له لایه‌که‌وه باوه‌ڕمه‌ندبوون به گه‌شه‌ی ڕانه‌وه‌ستاوی مێژوو، گه‌شه‌یه‌ک که مه‌نتیق ده‌کاته وزه و بزوێنه‌ری سه‌ره‌کیی، خۆی ئه‌م ڕوانگه پێناسه‌ی مێتۆدێکی تیئۆری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات ــ، واوه‌تر پڕه‌نسیپی دووه‌م ده‌کرێته پێوه‌رێکی مه‌نتیقی بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی «هه‌بوو»، به واتایه‌کی دیکه، ئه‌م پڕه‌نسیپه تا به ئه‌مڕۆش که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیردرێت و توانای هەیە و بڕی ئەوە دەکات، ئاماژه به هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بدات و ته‌نانه‌ت گه‌شه ناساخهکان بێنێته ڕوو و به‌رچاو، بۆ وێنە ناساخیی ئه‌خلاق و ڕه‌وشت، ناساخیی به‌ستێنه‌ی یاسا و هتد. له ئاکامدا هه‌ر گه‌شه و دیارده‌یه‌ک له مه‌نتیق به‌دوور بێت، ئه‌وه تا ماوه و ده‌ورانێکی تایبه‌ت کاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر ژیان، کۆمه‌ڵگه، یاسا و ڕه‌وشت داده‌نێت. گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که ئه‌وه بیرمه‌ندانی ناوبراو به‌م هه‌ڵوێسته خۆیان له لایه‌نێکی دیکه‌ی به‌رجه‌سته‌ی بیره‌کانی «هێگل» دوور ده‌خه‌نه‌وه، واته له‌و لایه‌نه که باوه‌ڕی به ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی دۆخێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. له‌و به‌ستێنه‌دا وته‌یه‌کی هێگل زۆر سه‌رنجڕاکێشه و سه‌رجه‌م مه‌به‌سته‌کانی به ڕوونی ده‌گه‌یه‌نێت، «هێگل» ده‌ڵێت: هه‌ر هه‌بوویه‌ک که خۆڕاده‌گرێت (ده‌مێنێته‌وه)، ئه‌وه زه‌رووره و هه‌ڵگری مه‌نتیقێکه، مه‌نتقیش هه‌روا به ئاسانی ناسڕیهتهوه و خۆ ڕاده‌گرێت. من له‌م داڕشتنه کورته‌دا مه‌به‌ستی شڕۆڤه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی «هێگل»م نییه، هه‌ربۆیه شیکاری زیاتری ئه‌م پرسه هه‌ڵده‌گرم بۆ کات و شوێنی خۆی، ته‌نیا خاڵیک که لێره‌دا له لام گرینگه ئه‌وه‌یه، بۆ وزه و تینی ڕادیکاڵبوونێک بڕوانم، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ژێر ناوی چهپبووندا هه‌ڵگری په‌یامی پێشکه‌وتنخوازی و ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی بووه. گه‌ر به سه‌بکێک و گرامه‌رێکی دیکه بدوێم، خوازیاری ئه‌وه‌م، بۆ په‌یامی ئه‌و پێشکهوتنخوازیه بڕوانم که خۆی به نه‌سره‌وتن و هه‌ڵته‌کاندنی تانوپۆ و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه پێناسه ده‌کات. ئه‌مه گه‌وره‌ترین ئه‌رکه بۆ هه‌ر بیرۆکه و تیئۆریه‌ک که توانای هیوابهخشینی ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کیی هه‌بێت. کاتێک که ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم، بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم دێته زه‌ینم که چۆن توانی هیچ نه‌بێت به چه‌شنی گه‌وره‌ترین به‌دیل دووسه‌د ساڵ له به‌رامبه‌ر نیزامی سه‌رمایه‌دارییدا به‌ربه‌ره‌کانێ بکات و زۆر ڕوانگه و ئایدیای بهکەڵک و سه‌رده‌میی پێوه زیاد بکات. ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی گه‌شه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دوو، سێ سه‌ده‌ی ڕابردوو بده‌ینه‌وه، ئه‌وه بیرۆکه‌ی چه‌پ (سۆسیالیزم) توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو که چه‌شنی ئوتۆپی، ڕۆئیا و خه‌یاڵ پێشبینی داهاتوویه‌کی جوان و سه‌رنجڕاکێش بکات. ئه‌وه‌ی که ئێستا و ئه‌مڕۆ سۆسیالیزم ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی نه‌ماوه دیسان خۆی پرسێکی دیکه‌یه که لێره‌دا وه‌ڵامی نادرێته‌وه. به‌ڵام ڕه‌نگه مه‌نتیق یاخۆ زیره‌کی ناخی خودی مێژوو بێت که هه‌ندێ پرس و هه‌ندێ بابه‌تی حه‌یاتیی زیندوو ده‌کاته‌وه و ده‌یهێنێته‌وه پانتایی پرسه بنه‌ڕه‌تییه سیاسی و ئیخلاقییهکانهوه. هزر و ئیخلاقی کۆمه‌ڵگه به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕدان و ئێمه ئه‌مڕۆ دیسانه‌وه پرسێکی ئابووری و ئیخلاقی یەخەی گرتوینه‌ته‌وه که هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆکه‌ی سۆسیالیزمه‌وه خاڵێکی حه‌یاتیی ئه‌و سیسته‌مه فیکرییه بووه. ئه‌ویش پرسی مڵکی شه‌خسی و خاوەنداریەتی بووه. دیاره پرسی مالکییه‌ت له به‌رهه‌مه‌کانی “مارکس” و چه‌ندان بیرمه‌ندی دیکه‌دا به تێروته‌سه‌لی تاوتوێ کراوه. من لێره‌دا تیشک دهخەمه سه‌ر دیارده‌یه‌کی تازه که له چه‌ند به‌ستێنی فیکرییدا تاوتوێ ده‌کرێت. سیسته‌می فیکریی لیبڕالیزم هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه پرسی پاراستن و ئه‌منییه‌تی مڵکی به پرسی جیددیی ئازادیی تاکه‌وه گرێداوه. واته هه‌ر کاڵا و شتوومه‌کێک که خرایه ژێر ڕه‌کیفی شه‌خسی خۆمه‌وه، ئه‌وه کۆمه‌ڵێک ئازادی شه‌خسیم پێده‌دات، چونکه له هه‌ر کاتوساتێکدا که خۆم به پێویستم زانی و پێم‌خۆش بوو ده‌توانم به‌بێ هیچ پرسوڕایهک که‌ڵک له‌و کاڵا وه‌ربگرم و ئه‌و کاڵا له خزمه‌تی خۆمدا بمێنێته‌وه. له ئاکامدا ئه‌وه خۆمم که سه‌رپه‌ره‌شتی و خزمه‌تی ئه‌و کاڵا ده‌که‌م و له دۆخێکی باش‌دا ده‌یهێڵمه‌وه، له دۆخێک‌دا که بتوانێ درێژماوه له پله‌ی یه‌که‌مدا خزمه‌ت به خۆم و پاشان خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ش بکات. جا ئه‌و کاڵا ده‌توانێت زۆر شتی جیاواز له خۆ بگرێت، هه‌ر له ئامێرێکی ساکاره‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته کارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بەرهەمهێنان. زۆر جار بیرمه‌ندانی بیرۆکه‌ی لیبڕالیزم پرسی مڵکیان به سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه گرێ داوه و وتوویانه، هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر مڵکی شه‌خسی، ڕه‌نگه ئازار و داخی زیاتریش بۆ خاوه‌نه‌که‌ی درووست بکات هه‌تا ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی. گومان له‌وه‌دا نییه که خاوه‌نداریی هه‌ر شتوومهکو و ئامێر و سه‌رمایه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک ئازادی شه‌خسیی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و پرسه‌ی که لێره‌دا دێته ئاراوه ئه‌وه‌یه، که ئایا خواست و ته‌ماح و حه‌زی مڵکداری حه‌زێکی بنه‌ڕه‌تی و دوور له ئه‌زموونی مرۆڤه (ئهپڕیۆری)، ئایا ئه‌و خولیایە خولیایه‌کی زگماگی و سه‌ر به بوونه‌وه‌ری مرۆڤه؟ لێره‌شدا وه‌ڵامه‌کان جۆراوجۆر و ناته‌بان. چونکه دژه جه‌مسه‌ری ئه‌و واتا درووست به پێچه‌وانه‌وه بۆ بوونه‌وه‌ری مرۆڤ ده‌ڕوانێت و جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه دەکاتەوە، مرۆڤ ته‌نیا کاتێک ده‌توانێت لەگەڵ ئازادی ڕاسته‌قینه‌دا ئاشنا ببێت که خۆی له هه‌ست و غه‌ریزه‌ی داگیرکاری و دهستبهسهرگرتن ڕزگار بکات. چونکه کاتێک مرۆڤ که‌وته دا‌و و بازنه‌ی ته‌ماح و مڵکدارییهوه، ئه‌وه هیچ سات ئاسووده‌یی بنه‌ڕه‌تی و به‌ختی ڕه‌ها به‌دی ناکات. من لێره‌دا پشتگیری موتڵه‌ق له هیچکام له‌و هێڵ و ڕوانگانه ناکه‌م، چونکه له هه‌ردوو ڕوانگه‌که‌دا خاڵی لاواز به‌دی ده‌که‌م. له جه‌مسه‌ری لیبڕالیزمی ڕادیکاڵدا، یاخۆ لیبهرتاریانیزمدا خاڵێک به‌رجه‌سته‌یه که بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و بۆ داهێنانی پڕ له ڕکابه‌ر کاریگه‌ریی بووه، ئه‌ویش وزه‌دان به نیزامی ئابووریی سه‌رمایه‌داری. هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌دا ئاوڕ له‌و لایه‌نه نه‌رێنیه‌ی هه‌مان گه‌شه نادرێته‌وه که نایه‌کسانییه‌کی نامرۆڤانه‌ی خولقاندووه، بڕوانه به‌رهه‌مه‌کانی «تۆماس پیکیتیی». هه‌ر که‌س که خاوه‌ن سه‌رمایه و سامانی زۆر بوو به حه‌زی خۆی ده‌ست به سه‌ر سروشتدا ده‌گرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بێڕه‌حمانه تاڵان و وێرانی ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له سبه‌ی و جیلی داهاتوو بکاته‌وه. واوه‌تر ده‌ستێوه‌ردانی به‌رنامه و مه‌به‌ستی زۆر پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌کات و پاڵنه‌ری سه‌پاندنی ئەو یاسا و ڕێسایەیە که زۆر و زیاتر خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی ده‌کات. ئه‌م دیارده ته‌واو ڕاستییه و له نیزامه دیموكڕاسییه وێنه‌ییه‌کاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌یه، بڕوانه به‌رهه‌م و سه‌رنجه‌کانی کۆمه‌ڵناسی ئینگلیزیی «کۆڵین کڕاوچ». له‌و لاشه‌وه زۆر سه‌رنجڕاکێش و جێگه‌ی تێڕامانه که به چ شێوه‌یه‌ک منداڵی بچووکی یه‌ک، دوو ساڵانه له یاریگایه‌ک به هه‌موو توانا و خواستیانه‌وه به‌رگری له که‌لووپه‌لی گه‌مه‌ی خۆیان ده‌که‌ن و ڕێگەنادەن که منداڵی دیکه ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرن و خۆ بکه‌نه خاوه‌نی. من لێره‌دا دیسانه‌وه ده‌غده‌غه‌ی ته‌وه‌ره‌که‌م فۆڕمووله ده‌که‌مه‌وه، ئه‌وه دوو پرسیاری سه‌ره‌کین که له به‌ستێنی پرسی مڵک و خاوهنبووندا بەرۆکمان به‌رناده‌ن. یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئایا هه‌ر تاکێک چۆن و چه‌نده مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خاوه‌ن مڵکی شه‌خسی بێت؟ چونکه ئه‌و تێگه‌یشتنه ئاینییه‌ی که ده‌یگوت ته‌واوی گه‌ردوون هی هه‌موو مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه، به‌و شێوه قابیلی وه‌رگرتن نه‌ماوه و به ته‌واوی خه‌وشدار بووه، به واتایه‌کی دیکه، مه‌نتیقێکی له پشته‌وه نه‌ماوه. خۆ ئه‌مڕۆ ته‌واوی دونیا دابه‌شکراوه و به‌شی هه‌ره‌زۆری به ده‌ستی که‌مینه‌یه‌کی به‌رچاوه‌وه‌یه. نایه‌کسانیی تا ئەوپەڕی خۆی چووه، دادپه‌روه‌ری هه‌ر ته‌نیا له خه‌ون و خه‌یاڵی چه‌وساوه و ژێرده‌سته‌کاندا ماوه، بڕوانه به‌رهه‌مه‌کانی فه‌یلسوفی ئاڵمانی “تۆماس پۆگگه”، یاخۆ بیرمه‌ندی هیندی، ئهمهرتیا سێن”ــ. پرسیاری دووه‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر یاسا و مافی مڵکداری قه‌بووڵ ده‌که‌ین و به جیددی نایخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌وه ده‌بێ هه‌نگاوی دووه‌می له ته‌کدا هه‌ڵبگرین و بۆ تێگه‌یشتنی گشتی ڕوونی که‌ینه‌وه که ئه‌و یاسا تا چه‌نده بره‌وی هه‌یه، واته خاوه‌ن مڵک چ مافێکی هه‌یه و تا چه‌نده ده‌توانێت به حه‌ز و خولیای خۆی ته‌ک ئه‌و مڵکهدا مامه‌ڵه بکات و هه‌رچی پێی‌خۆش بێت بیکات. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێک کارگه‌ی گه‌وره هه‌ن، ته‌نانه‌ت کامپانیا گه‌وره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵی، که به حه‌زی خۆیان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به شێوه‌یه‌کی زۆر ناساخ و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتن و ئاوڕدانه‌وه له ژینگە ته‌نیا بیر له قازانج و سه‌رمایه‌ی خێرا و زیاتر ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام له ئاکامدا کێ ده‌بێ باجی ناپاکبوون و خاپووربوونی ژینگه و سروشت بدات؟ دیسانه‌وه ئه‌و که‌سانه‌ی که به هیچ شێوەیەک تاوانبار نین، واته ئه‌و چین و توێژانهیی که له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رده‌وام وابه‌سته بوون و ده‌مێننه‌وه. پاندێمیی کۆڕۆنا هێنایه به‌رچاومان که زۆر بوار و زۆر لایه‌ن له کۆمه‌ڵگه‌دا خراونه‌ته ده‌ستی تاک و کۆمه‌ڵێکه‌وه که به مڵکی شه‌خسیی خۆیانی ده‌زانن و بێبه‌زه‌ییانه و به‌بێ هیچ هه‌ستێکی هاوپشتی له ته‌ک کۆمه‌ڵگه‌دا مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌که‌ن. ئه‌م دیارده ئاکامی گه‌شه‌ی نیزامی ئابووری سه‌رمایه‌دارییه. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵێک ڕوانگه و سه‌بک هه‌ن که خۆیان چه‌شنی به‌دیل بۆ شێوه ژیانێکی دیکه، واته ژیانێکی باشتر و ساکارتر پێناسه ده‌که‌ن؛ ژیانێک که خولیای سه‌ره‌کی ئه‌وه نه‌بێت، به‌رده‌وام ده‌ستکه‌وتی زۆر و زیاتری هه‌بێ و خێراتر و به‌رزتر بڕوانێ و سنووره‌کانی ڕازیبوون و قه‌ناعه‌ت هه‌تا ئه‌و په‌ڕی ده‌رفه‌ت به‌رینتر بکاته‌وه، به‌ڵام هێشتا بێجگه لە بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم هیچ سیسته‌مێکی فیکری دیکه وجوودی نییه که ئه‌م گه‌شه ناساخه به ته‌واویی ئیدانه بکات. ئێستا ڕێگه‌چاره چییه؟ زۆر جار ئاماژه به دابه‌شکاری یه‌کسان و یه‌کسانتر ده‌درێت. واته با پرسی مڵکی شه‌خسی نه‌خه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، چونکه فه‌لسه‌فه‌ی سهبجهکت و تاک به پرسی مڵکه‌وه گرێدراوه، به‌ڵکوو له ڕووی عه‌قڵ و قه‌ناعه‌ته‌وه زۆر سه‌رمایه‌دار وادار بکه‌ین بۆ خزمه‌تی زیاتر به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، نه‌زمێکی یه‌کسانتری دابه‌شکاری قه‌بووڵ بکه‌ن. من له‌و بڕوادام که ئه‌م شێوه تێڕوانینه وه‌ڵام ناداته‌وه و ناتوانێت گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی بهێنێته ئاراوه. ڕێگاچاره‌یه‌ک که تا ڕاده‌یه‌ک ڕادیکاڵه و وزه‌ی گۆڕانکاری هه‌یه ئه‌وه‌یه، که زۆر بوار و زۆر شت نابێ و ناکرێت ببێته مڵکی شه‌خسی. بۆ وێنه هه‌ر گه‌شه‌یه‌ک که کاریگه‌ری له سه‌ر جیلی داهاتوو داده‌نێت، هه‌ر گه‌شه و دیارده‌یه‌ک که سروشت و که‌ش و هه‌وا ده‌گۆڕێت، هه‌ر پلاتفۆڕم و هه‌ر ئاست و دیارده‌یه‌ک که نرخ بۆ هه‌ندێ به‌های مرۆیی ده‌بڕێته‌وه و دیاریی ده‌کات، به‌مه‌رجێ ئه‌و به‌هاگه‌له به هیچ شێوه‌یه‌ک به گرامه‌ری ژماره و ئامار و ماده پێوانه ناکرێن، ئه‌وه ده‌بێ ئه‌و به‌ستێنانه نه‌درێنه ده‌ستی که‌سی شه‌خسیی و نه‌کرێنه مڵکی تاکی تینوی بازرگانی. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره قێزه‌ونه له زۆر کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکڕاسیدا سه‌ری هه‌ڵداوه و جێکه‌وتووه. بۆ وێنه بواری پزیشکی یه‌کێک له‌و بواره هه‌ره به‌رچاوانه‌یه که تێیدا نه‌خۆش کراوه‌ته مشته‌ریه‌کی وابه‌سته، یا گیرۆده‌ی بێئاگاو نه‌زان، پاشان هه‌رچی ئیخلاقی دێرینی باش و خاوێنی خزمه‌تگوزاری بوو له ناخ و پیشه‌ی پزیشکیدایه سڕاوه‌ته‌وه. لێره‌شدا لۆژیکی ساردوسڕی بواری ئابووریی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی داکوتاوه و خودی پیشه‌ی پزیشکی به ته‌واویی به‌ره‌و ئاقارێکی ناپه‌سه‌ندی بێبه‌زه‌یی بردووه. ئه‌ویش به‌ره‌و ڕێگایه‌ک که نه‌خۆش ته‌نیا به چه‌شنی ژماره و ڕۆحێکی مردوو مامه‌ڵه‌ی ته‌کدا ده‌کرێت. ڕۆماننووسی ڕووسی «نیکۆلای گۆگۆل» هه‌ر زوو پێشبینی ئاکامی ئه‌و لۆژیکه‌ی کردبوو و له ڕۆمانێکی گه‌وره‌یدا «ڕۆحه مردووه‌کان» ده‌یکاته پرس و بابه‌ت. ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کاندا گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه له‌و شێوه مامه‌ڵه هه‌یه، چونکه کامپانییه گه‌وره‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌واوده‌رمان خۆیان هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده بێڕه‌حمانه به ته‌ندرووستیی مرۆڤه‌وه بازرگانی ده‌که‌ن، که له‌و به‌ستێنه‌دا هیچ مۆڕاڵێک به‌دی ناکرێت، به‌ڵکه ئه‌وه ته‌نیا لۆژیکی سهرمایهزیادکردن و سوود بردنه‌سه‌ره که باڵاده‌سته. له داهاتوویه‌کی نزیکدا ده‌کرێ هه‌وا (ئۆکسیجن) و ئاو و چه‌ندان سامانی سروشتی دیکه، هاوشێوه‌ی نه‌وت و گاز و هتد. ببنه هۆی ناکۆکی و به‌ربه‌ره‌کانێ و شه‌ڕ، پرسی ئاو که له‌مێژه ئاگری پشتپه‌رده‌ی ناوه‌ته‌وه. گەر تیشک بخەینەسەر پرسی میراتگواستنەوە، ئەوە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت، چونکه ئه‌و نایه‌کسانییه که له‌م جیل بۆ ئه‌و جیل دەگوێزرێتەوە و گه‌وره‌ترین زیان له دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات! له ڕوانگه‌ی منه‌وه پرسی میرات یه‌کێک له‌و پرسه هه‌ره هه‌ستیارانه‌یه که له‌داهاتوودا گه‌وره‌ترین هه‌راوهۆریای سیاسی ده‌نێته‌وه. چونکه ئه‌و چه‌ند لایه‌نه‌ی که لێره‌دا هێنامنه به‌رچاو له ته‌ک وێنای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و دادپه‌روه‌ر و مرۆڤدۆستدا یه‌کناگرنه‌وه. که‌وایه له گێژاوه‌ی ئه‌و پرسه ئاڵۆزه‌دا بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم ده‌رفه‌تی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه تا بتوانێت به ڕه‌خنه‌ی بنەڕەتی، پێشنیاری مامه‌ڵه‌یه‌کی مرۆڤانه‌تر بکات و به‌و شێوه به‌ره‌و کاکڵی بیری ڕەسەنی خۆی بگه‌ڕێته‌وه. هه‌موومان باش ده‌زانین که په‌یامی باڵای بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم له زۆرینه‌ی پرسه‌کاندا په‌یامی مرۆڤدۆستی بوو، په‌یامێک که خودی مرۆڤی ده‌خسته‌وه مه‌ڵبه‌ند و هه‌موو گه‌شه‌یه‌کی مادی، ته‌کنیکی، ئابووری، ئیخلاقی و سیاسی ته‌نیا به خزمه‌تکردن به مرۆڤه‌وه به ڕه‌سمییه‌ت دەناسی. ڕه‌نگه دۆخی سیاسی و ئابووری ئه‌مڕۆی جیهان ده‌رفه‌ت به ڕادیکاڵبوونێک نه‌دات که بتوانێ ئه‌و پرسانه‌ی سه‌ره‌وه له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵام بیرۆکه‌ی سۆسیالدیمۆکڕاتیزم که بیرۆکه‌یه‌کی نێوان ڕادیکاڵ و میانه‌ڕه‌وه، جا میانه‌ڕه‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ر پڕه‌نسیپی دیموکڕاسی مامه‌ڵه‌ی سیاسی ده‌کات، ده‌توانێت له زۆر کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌و دیاردانه بکاته پڕۆگرام و بووژانه‌وه‌یه‌کی سیاسی به‌خۆیه‌وه ببینێت. به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی هاوشێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا بانگه‌شه‌کردنی ئاواها سیاسه‌تێک زۆرترین لایه‌نگر بۆ خۆی کۆده‌کاته‌وه. جا به ئه‌ستۆگرتنی خودی ئه‌و ئه‌رکه، ئه‌رکی سه‌رشانی ڕێکخراوه‌یه‌کی چه‌په. چ پرسی میرات، چ پرسی مامه‌ڵه‌ی پزیشکی، یا پرسی سروشت و خه‌مخۆری جیلی داهاتوو، هه‌موو ئه‌م پرسانه پرسی ئازادی و دادپه‌روه‌ریین. پرسی ئازادی، چونکه هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ناتوانێت به گوێره‌ی شیاو باس له ئازادی بکات، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی نایه‌کسانیی له ڕاده‌به‌ده‌ر، نایه‌کسانییه‌ک که ئاوڕی له پرسی دادپه‌روه‌ریی نه‌دابێته‌وه، سه‌رتاپای داگرتبێت و بووبێته هۆی ناته‌بایی به‌رچاو له نێوان چین وتوێژه جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه. ئه‌مڕۆ زانستی کۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌ی به‌خت و ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی به هه‌زاران تاقیکردنه‌وه‌ی مه‌یدانیی سه‌لماندوویانه، که ڕێژه‌ی نایه‌کسانیی نێو هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به شه‌فافترین شێوه هه‌واڵ له به‌خته‌وه‌ری و ته‌بایی ئه‌و کۆمه‌ڵگه ده‌دات. خۆی ئه‌م ڕوانگه یه‌کێک له خاڵه هه‌ره زه‌رووره‌کانی بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر که‌م بیرمه‌ند و ڕێکخراوی سیاسی له ژێر ناوی سۆسیالیزم و چهپبووندا تاوتوێی ده‌که‌ن. پرسی قه‌ده‌غه‌کردنی میرات و میراتگواستنهوه له‌م جیل بۆ ئه‌و جیل له ته‌ک بیرۆکه‌ی سۆسیالیزمدا ته‌واو ته‌بایه، ئه‌مڕۆ خودی نیزامی سه‌رمایه‌داری ناچار به‌وه کراوه ده‌رفه‌ت و ده‌ربیجه بۆ ڕه‌خنه‌گرتنی جیددی له‌و دیارده بکاته‌وه. من پێشتر ئاماژه‌م به جه‌بری مه‌نتیقی مێژوودا، خۆی ئه‌مه دیسانه‌وه بیرۆکه‌ی «هێگل»ه که به درێژایی کات په‌رده له سه‌ر هه‌ندێ گه‌شه‌ی نه‌رێنی و درۆ هه‌ڵده‌داته‌وه، جا ڕه‌نگه ئه‌و گه‌شه کاتی خۆی بوێ، کاتیش زۆر بخایه‌نێت، کاتێک که بۆ ژیانی تاکێ مرۆڤ زۆر درێژ بێت، به‌ڵام مێژوو پێشبینی خۆی بۆ کات و سات هه‌یه. با له دوایین به‌شی ئه‌م داڕشتنه‌دا ئاوڕێک له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بده‌مه‌وه‌و بزانم بیر و سه‌رنجه‌کانم تا چ ڕاده‌یه‌ک به که‌ڵکی ئێمه دێن. پرسی ئازادی، یه‌کسانی، هاوپشتی، فره‌چه‌شنی دیموکڕاسی و تۆله‌ڕانس ئه‌و پرسه دێرین و کلاسیکییانهن که ده‌غده‌غه‌ی هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌کی چه‌پ بوون و ده‌مێنن. له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پرسانه پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی سه‌روه‌رین. به‌ڵام پرسی سه‌روه‌ری به فه‌لسه‌فه‌ی جیاواز و سیاسه‌ت و ڕوانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه پێناسه و فۆڕمووله ده‌کرێت. له ته‌ک ئه‌وه‌شدا پرسی سه‌روه‌ری گه‌وره‌ترین پرسی ئازادییه و هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی کوردی ناتوانێت له ئاست و ڕاستایدا بێ هه‌ڵوێست بێت. دواتر کاتێ بیرۆکه‌ی چه‌پ – هێڵه ڕادیکاڵه‌که‌ی بیرۆکه‌کانی «هێگل» – خۆی به نوێخواز و داهێنه‌ر ده‌بینێ، خۆی ئه‌مه گه‌وره‌ترین وزه‌ی بیرۆکه‌ی چه‌پ بووه، ئه‌وه ده‌بێت له هه‌ندێ بواردا ڕچه‌شکێن بێت و بمێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌رفه‌تی گه‌وره و بەرین بۆ گۆڕانکاری فیکریی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات له لای زۆرینه‌مان ڕوونە. له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پرسی ژینگه‌دۆستی و ژینگه‌پارێزی ڕژاوه‌ته نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و به‌شه‌وه، به‌ڵام هێشتا پێویستی به پڕۆگرام و تیئۆری به‌رینتره. چونکه پرسی سروشت و ژینگه‌پارێزی ته‌نیا پرسی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌ت و خۆجێیی نییه، به‌ڵکه پرسێکی جیددی و هه‌ستیاری ساڵانی داهاتووی هەموو جیهان ده‌بێ. پرسی میرات و میراتگواستنهوه له کوردستاندا زۆر ههستیارو گرینگه، ئه‌م پرسه باشووری کوردستان ده‌گرێته‌وه و ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین هۆکار بێت بۆ نایه‌کسانی و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری. به‌ڵام هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی چه‌پ ناتوانێت له به‌رابه‌ریدا بە بێهه‌ڵوێست بێت. له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و نیوهپرسانه پرسی خودی مڵک و ماڵکییهت هه‌ر ده‌مێنێته‌وه و پێویستی به لێکدانه‌وه‌ی تازه و تیئۆری سه‌رده‌مییه. چونکه سه‌رمایه‌ی زۆر، زۆر به ئاسانی به‌ره‌و ته‌ماح، ته‌مه‌ڵی و زۆردارییمان ده‌بات، واوه‌تر نه‌بوونی مڵک و “سه‌رمایه” به‌ره‌و هه‌ژاری و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ژیانی باشمان ده‌بات. که‌وایه گه‌وره‌ترین ئه‌رک و چالش بۆ ڕوانگه‌یه‌کی تازه و دادپه‌روه‌رانه سه‌باره‌ت به مڵک و خاوەنداریەتی ده‌که‌وێته‌وه ئه‌ستۆی ڕێکخراوه چه‌په‌کان. به‌ڵام به داخه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له کوردستان لاواز بووه و زۆر که‌م خۆی له‌م پرسه بڤه و ڕادیکاڵانه ده‌دات. بزووتنەوەی چەپ لایه‌نه تووندڕه‌و و لایه‌نه که‌متر ڕادیکاڵهکهشی ده‌توانێت ئه‌و که‌لێنه تیئۆرییه پڕ کاته‌وه، به‌مه‌رجێ که پرسی مڵکی شه‌خسی و فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ پێکه‌وه گرێ بدات. ئێمه ئه‌مڕۆ شاهیدی ئه‌وه‌ین که سی ساڵی ڕه‌به‌ق پاش داڕمانی سۆسیالیزمی واقعی، سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی مڵکی شه‌خسیی و مالکییه‌ت دیسانه‌وه که‌وتۆته‌وه بهرپلاری ڕه‌خنه. دابه‌شکاریی سه‌رمایه‌ی دوور له پڕه‌نسیپی دادپه‌روه‌ری، داهاتووی سامانه سروشتییه‌کان، پرسی شار، وڵات، خاک و که‌ش و هه‌وا، گرێ‌دراو به حه‌وزه‌ی گشتییه‌وه، ئه‌م پرسانه ته‌نیا پرسی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌ورووپا نیین، به‌ڵکه ته‌واوی باشوری جیهانیشی گرتۆته‌وه. چونکه ئابووری ستاتیکا لوتکه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری مۆدێڕن، دۆخێکی خولقاندووه که کۆمه‌ڵێکی که‌م، واته ئیلیتی جیهان، خاوه‌ن هه‌موو شتی پێویست و ناپێویست بن، کۆمه‌ڵێک که نیزامی به‌رهه‌مهێنه‌ر هه‌موو حه‌ز و خولیا و ئاره‌زوویه‌کیان له نێو چاواندا ده‌خوێنێته‌وه و به جوانترین شێوه‌ش وه‌ڵامی ئه‌و نیازه ده‌ستکرده‌یان ده‌داته‌وه، به‌ڵام له‌و لاشه‌وه نزیک به سێ میلیارد و نیو خه‌ڵکی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا دەژین. به‌ڵام کامه ڕێکخرواهی چه‌پ توانا و وره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌م پرسه دێرینه‌ی بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم بخاته‌وه چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی ڕوون و بهبنهماوه؟
دیسامبری ٢٠٢١
ئه‌رکی به‌سه‌رداچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنین که‌وتۆته ئه‌ستۆی به‌ڕێز ئه‌سعه‌د دروودی.