دیاردە

دیاردە

لە ناو وشەنامەی ئاڵمانی (Deutsche Wörterbuch Duden) ئاوا باس لە دیاردە (Phänomen) و دیاردەناسی (Phänomenologie) کراوە: “دەرکەوتنی سروشتی شتەکان، زانستی ناسینی شتەکان”.

لە وشەنامەی فەلسەفە (Wörterbuch der philosophischen Begriffe)دا هاتووە‌: “دەرکەوتنە ڕووی شتەکان، دەرکەوتن(هاتنە بەرچاو)ی شتەکان، دەرکەوتنی مانابەخش. تێگەیشتن لە ناوەرۆکی هەر چەشنە شتێک”. لەم پێوەندییەدا مانای فێنۆمێنالیسمووس (Phänomenalismus) (دیاردەگەرایی) ئاوا لێکدراوەتەوە: “شته‌کان (Gegenstände) بەو چەشنە دێنەبەر دیتن و سەرنجی ئێمە کە ئێمە وەریان دەگرین، نەک بەو چەشنەی کە خۆیان هەن و بوونیان هەیە”. ئه‌م تێگەیشتنێکه‌ یەکەمجار لە لایەن کانت -ەوە هاتۆته‌ گۆڕێ.

هەر لەو وشەنامەیەدا باس لە زانستی دیاردەناسی (Phänomenologie) لە زمانی هێردەر (Herder) لامبرت (Lambert) و کانت ( Kant)ەوە کراوە، کە باس لە “واقعی هەر شت(دیاردە) و تێگەیشتنی مرۆڤ لە دیاردەکان” دەکەن، ” دیاردە بەو چەشنەی خۆی لە بیر و زەین و تێگەیشتنی ئێمەدا دەنوێنێ، هاوتا نییە له‌ گه‌ڵ بوونی دیاردەکە خۆی”‌. وەک چۆن تێگەیشتنی ئێمە لە خۆمان وه‌ک دیارده‌ و تێگەیشتنی کەسانی دی لە ئێمە وەک یەک نییە، وەک چۆن تێگەیشتنی ئینسان لە جیهان، لە ژیان، لە سروشت و هه‌ر دیارده‌یه‌ک وەک بوونی دیارده‌کە خۆی نییە.

لە ناو کتێبی ڕیشه‌نامه‌ و به‌یسنامه‌ی وشه‌کان (Herkunftswörterbuch Das)دا بەم چەشنە مانای وشەی (Phänomen) لێکدراوه‌ته‌وه‌: “دەرکەوتنی سروشتی، دەرکەوتنی بوون، ڕووداوی بەدەگمەن، شتی بە دەگمەن و…”. لێرەشدا بە ئاماژە بە وشە یۆنانییەکە (Phainomenon) به‌ مانای دەرکەوتن، دەرکەوتنە ڕووی هەر شت و هەموو شت هاتووە.

لە کتێبی دیاردەناسی بۆ دەستپێکەران (Phänomenologie für Einsteiger) له‌ نووسینی نووسه‌ری دانمارکی- ئیسرائیلی دان زه‌هاڤی (Dan Zahavi) ئاوا باس لە مانای فێنۆمنۆلۆگی کراوە: “فێنۆمنۆلۆگی پێناسەی زانستی یە بۆ ناسینی دیاردە” کە لە سەدەی بیستەمەوە لە لایەن فەیلەسووفان ئێدمۆند هووسەرل (Edmund Husserl)، مارتین هایدگەر (Martin Heidegger)، ژان پول سارتر (Jean-Paul Satre)، ماکس شێلەر (Max Scheler)، میشل فوکولت (Michel Foucault)، هانس گێئۆرگ گادامەر( Hans-Georg Gadamer) تێئۆدۆر ئادۆڕنۆ (Theodor W. Adorno)، ماوریس پۆنتی (, Maurice Merleau-Ponty)، یورگن هابەرماس (Jürgen Habermas)، ئارۆن گوڕویچ (Aron Gurwitsch) ڕۆمان ئینگاردن (Roman Ingarden)و کەسانی دیکەوە باسی لێوەکراوە و پەرەی پێدراوە. لە ناو ئەو فەیلەسووفانەدا ئێدمۆند هووسەرل بە دانەری دیاردەناسی دەناسرێ.

ئەوەی لەو سەرچاوانەوە دەردەکەوێ، ئەوەیە کە دیاردەکان (شت – بابه‌ت، مژار) ئەوەن کە هەن و بوونیان هه‌یه‌ و ئەوەن کە لە لای هەرکەس و کەسانەوە جیاواز دەنوێندرێن. تێگەیشتنی جیاواز لە دیاردە چ وەک شت کە ڕووی دەرەوەی هەیە و چ وەک بابەت و مژار کە گرێدراوی زەین و خەیاڵ و بیروبۆچوون و هزری مرۆڤ وه‌ک تاک و کۆیه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دیارده‌کەیە‌ له‌ زه‌ینی مرۆڤه‌کاندا‌، نه‌ پێچه‌وانه‌که‌ی.

دیارده‌کان وه‌ک خۆیان هه‌ن و تێڕوانینی جیاواز، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاواز له‌ دیارده‌کان ده‌خوڵقێنێ. تێگەیشتن لە دیاردەکان تەنیا بە دیتن و بینیین یان دەرکەوتنی یەک بەر و یەک لایەن دەست نادات و نابێتە تێگەیشتن لە سەرجەم دیاردەکە. بۆ وێنه‌ کوردستان وه‌ک ژینگه‌ و نیشتمان و شوێنی ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ ناوی کورد، یه‌ک دیارده‌یه‌ و کورد وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌، یه‌ک دیارده‌. کوت کوتکردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌ک خاک و نه‌ته‌وه،‌ سازکردنی چه‌ند دیارده‌ نییه‌. تێگه‌یشتن له‌و پارچه‌ پارچانه‌، تێگه‌یشتن له‌ سه‌رجه‌م دیارده‌که‌ نییه‌.

ئینسان وه‌ک یه‌ک دیارده‌ به‌ هه‌موو ڕووی ده‌ره‌وه‌ و ژووره‌وه‌ی، تێگه‌یشتنێک له‌ ئینسان پێکده‌هێنێ و ئینسان وه‌ک ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی و ئه‌م جوغرافیا و ئه‌و جوغرافیا تێگه‌یشتنێکی تر. دیارده‌ی ئینسان وه‌ک ئۆبیه‌کت و سوبیه‌کت وه‌ک خۆی، ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ مرۆڤه‌کان له‌ زه‌ین و دیتنی خۆیاندا جیاواز ده‌یخوڵقێنن. دیارده‌ی ئینسان وه‌ک زینده‌وه‌ر یه‌ک دیارده‌یه‌، ئینسان وه‌ک بابه‌ت و مژار وه‌ک خۆی هه‌میسان یه‌ک دیارده‌یه‌ و تێگه‌یشتنی مرۆڤ له‌ دیارده‌کان جیاواز ده‌نوێنێ، ‌دیارده‌کان وه‌ک خۆیان بوون و هه‌ن.

فەیلەسووفەکان هەروەک چۆن بۆچوونیان دەتوانێ لە سەر دیاردەکان جیاواز بێ، لێرەش جیاوازی لە بۆچوون و تێگەیشتن لەمەڕ دیاردە و دیاردەناسی و بەشەکانی تری زانستی گرێدراو بە “دیاردەناسی” هەیە، کە باسکردنیان لەم کورتە باسەدا ناگونجێ.

‎هیچ دیاردەیەک یەک بەر و یەک لایەن و یه‌ک ڕووی نییە. لە ناوەڕاستی ژوورێک چەمەدانێک داندراوە، مێشکی هەرکام لە ئێمه چ بە دیتن و چ بە بیستن،‌ یەک وێنە و تێگەیشتن لە چەمەدانەکە وەرناگرێ. کاتێک بگوترێ چەمەدانێکی کۆنی قوفڵکراو، زەینی ئێمە یاخود مێشکی ئێمە هەمیسان وەرگرتنی جیاواز لەو دیاردەیە وەردەگرێ. کاتێک ڕاستەوخۆ چەمەدانێکی کۆنی قوفڵکراو لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بکەوێتە بەرچاومان، وەرگرتن و ڕەنگدانەوەی بینینی ئەم چەمەدانە، رێک ئەوە نابێ کە بیستبوومان. گەر باس لە چەمەدانێکی کۆنی ژێرخانی ماڵە کۆنێک بکرێ، مێشکی هەر بیسەرێک وەرگرتنی جیاواز و تێگەیشتنی جیاوازی لە چەمەدانەکە و چۆنیەتی دەرەوە و ژوورەوەی دەبێ. ئەوەش ماڵە کۆن هی چ سەردەمێک و هێ کێ و لە کوێ بووە، وەرگرتنی جیاواز لە مێشک و خەیال و بیرکردنەوەی کەسەکاندا دەخوڵقێنێ.

ئەوەی دیاردەکە خۆی چییە و چۆنە لە گەڵ ئەوەی ئێمە چی و چۆنی وەردەگرین یەک نیین، واتە واقعی هەر شت(دیاردە) و تێگەیشتنی مرۆڤ لە دیاردە ئەو باسانەیە کە دەبێتە باسی فێنۆمنۆلۆگی Phänomenologie .

بگەڕێینەوە ناو ژوورەکە. چەمەدانێک لە ناوەڕاستی ژوورەکە داندراوە، ئێمە لە ڕووبەڕووەوە چاومان پێیدەکەوێ.

سەیرکردنی ئێمە لە چەمەدانەکە لە بەرانبەرەوە، تەنیا یەک ڕووی بە تەواوەتی دەردەخات و نابێتە تێگەیشتنی تەواو و وەرگرتنی زانیاری تەواو لە چەمەدانەکە. چەمەدانەکە شەش بەری هەیە، پشت و ڕوو، تەنیشتی دەستە ڕاست و چەپ، سەر و خوار. ڕووی پێشەوە و پشتەوە وەک یەک نیین، ڕووی سەرەوە و بنەوە وەک یەک نیین، ڕەنگە ڕووی تەنیشته‌ چەپ و ڕاست وەک یەک بن. واتە مرۆڤ و بگرە زیندەوەرانی تر کاتێک دیاردەکان بە باشی وەردەگرن کە هەموو لایەنەکانی ببینن، یاخود بیر لە هەموو لایەنی دیاردەکە بکەنەوە. کاتێک بمانەوێ دیاردەیەک، بابەتێک بە تەواوەتی وەرگرین، گه‌ره‌که‌ هه‌موو لایه‌ن و هه‌موو به‌ره‌کانی بکه‌وێته‌ به‌ر نه‌زه‌ر.

‎هەر دیاردەیەک زیاتر له‌ به‌ر و لایه‌نی هه‌یه،‌ چ وه‌ک شت و چ وه‌ک بابه‌ت و مژار.

 سەرەڕای ئەوەی چەمەدانەکە وەک واقعی خۆی، وەک بوونی خۆی، یەک شتە، بەڵام ڕەنگە لە زەین و تێگەیشتن و وەرگرتنی ئێمەدا، وەک یەک دەرنەکەوێ. سەیرکردنی دارێک، گوڵێک، شاخێک لە زەینی هەرکام لە ئێمەدا وەک یەک دەرناکەون، سروشت، جیهان، ئینسان وەک یەک لە زەینی ئێمەدا، وەک یەک دەرناکەون و هەر کەس دیتن و وەرگرتنی خۆی هەیە کە گرێدراوی کەسەکە و لایەنەکانیەتی. دار، گوڵ، شاخ، سروشت، جیهان، ئینسان وه‌ک خۆیان هه‌ر ئه‌وه‌ن که‌ هه‌ن.

گەر دەرگای چەمەدانەکە هەڵدرێتەوە، گەر بەتاڵ بێ، هه‌میسان هه‌مه‌ لایه‌نه‌ و فۆڕمی ناوەوەی جیاوازە له‌ ده‌ره‌وه‌ی، سەرەڕای بەتاڵ بوون، ده‌رکه‌وتنی لە زەینی ئێمەدا یه‌کسان نییه‌، گەر پڕ لە شت بێ هەرکام لە شتەکان وەرگرتنی جیاواز لە زەینی ئێمەدا پێک دەهێنن.

هەر کەس بە دیتنی گوڵێکی ژاکاوی وشکبووی ناو چەمەدانەکە، بەرەو چیرۆکێک ده‌ڕوا، هەمیسان بوونی پرێسکەیەکی چەند جار گرێدراو لە ناو چەمەدانە کۆنەکە، هەر کەس بەرەو تێگەیشتنی جیاواز دەبات. گەر گرێی پرێسکەکە بکرێتەوە و چاومان بە پرچێکی بڕدراو بکەوێ، بەرەو خەیاڵ و تێگەیشتنی خۆمان دەڕۆین. ناوەرۆکی چەمەدانەکە هەر شتێک بێ، ئێمەی بینەر بەرەو وەرگرتنی خۆمان لە شتەکان دەکێشرێین، بەو مانایەی هەرکام لە ئێمەش وەک دیاردە، ئۆبیەکت و سوبیەکت، جیاواز دەکەوینە بەر نەزەری کەسانی جگە لە خۆمان. ئەوەی هەر کام لە ئێمە خۆمان چۆن دەبینیین و کەسان چۆن ئێمە دەبیینن، دوو بینینی وەک یەک نییە، واقعی هەر کام لە ئێمە لە هەر دوو لایەنەوە هەر ئەوە نییە کە کەسان و کەسی بەرانبەر دەیبیینن یان دەینوێنن.

 تێگەیشتن لە بابەت، مژار، بینینی شەش لایەنی دەرەوە و ناوەوەی چەمەدان نییە، گرێدراوی بەئاگابوون، سەربەخۆبوونی تاک و تێگه‌یشتن له‌ دیارده‌کانی تر و بە گشتی دیارده‌کانه‌.

برایم فه‌ڕشی

22/6/2022

برایم فەڕشی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی فەلسەفە

ماركسی نوێ

ماركس لەگەڵ سۆسیالیستەكانی پێش خۆی ‌و سۆسیالیستانی هاوسەردەمی خۆی جیاوازی بنەڕەتی هەبوو، بەو بڕوایەی كە لای ئەو سۆسیالیزم تەنیا بە ویست ‌و خواست نابێ، چ ئەم ویستە هەڵبژاردنی ئازادانەی سۆسیالیزم بێت، یان بە زۆر ‌و سەپاندن بێت، بۆیە سۆسیالیزم لە لای ماركس لە قۆناغی گونجاوی مێژوودا دێتەدی. بڕواكانی ماركس بەشێوەیەك بوو كە لەیەك كاتدا هەم […]

Read More
سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌ی دیارده‌یه‌ک.

دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمێکی سیاسییدا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه‌ مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوه‌رۆک و واتا پڕ […]

Read More
ئابووری سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

سه‌باره‌ت به‌ ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانیی

بیرمه‌ندی ئه‌مریکایی “ڕۆناڵد دوۆرکین” زۆر به‌ شیاوی ئاوڕ له‌ گه‌شه‌ی ناوه‌رۆکی ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانیی ده‌داته‌وه‌، ناوبراو ئاماژه‌ به‌ یه‌کسانیی ده‌رفه‌ت و ئیمکانیاتی شارۆمه‌ندان ده‌دات؛ “دوۆرکین” بۆ سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی ئه‌و ناوه‌رۆکه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر پڕه‌نسیپێکی باڵای ئیخلاق و زۆر که‌متر هاوشێوه‌ی “جۆن ڕۆڵس” پڕه‌نسیپی هاوکاریی شارۆمه‌ندان ده‌کاته‌ پێوه‌ر، واوه‌تر ماڵئاوایی له‌ پڕه‌نسیپی بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات و ڕوانگه‌و […]

Read More