
سۆسیالدیموکڕاتیزم و سه‌رنجێک (٢)
مرۆڤی شۆڕشگێڕ ژیانی خۆش ده‌وێ، مرۆڤی شۆڕشگێڕ پێشکه‌وتنخوازه و گه‌وره‌ترین خولیای ئه‌وه‌یه که دۆخێک، واته دۆخێکی ناله‌بار و نه‌شیاوی ژیان بۆ دۆخێکی گونجاو و باشتر بگۆڕێ. ئه‌و دۆخه باشتره ده‌کرێ به پێشبینی بۆ دادپه‌روه‌ری، ئازادی، یه‌کسانی و پاداشتی ئه‌و دونیا هتد.. پێناسه بکرێت. مرۆڤی شۆڕشگێر به ناخی ئه‌و فه‌لسه‌فه گه‌یشتووه که هیچ شێوه ژیانێک ژیانی خوداپێدراو نییه، به‌ڵکه ته‌نیا داهێنانی خودی مرۆڤه و له هه‌موو کات و ساتێکدا قابیلی گۆڕانه. مرۆڤی شۆڕشگێڕ خاوه‌ن ئیراده‌یه، زۆر زوو دۆخ و هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌خوێنێته‌وه و زۆر به خێرایی هه‌ڵوێست ده‌گرێ؛ چونکه هه‌ست به‌وه ده‌کات که سه‌باره‌ت به پرسه گرینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان نه ده‌نگی هه‌یه، نه ده‌نگی بڕده‌کات و نه به جیددی ده‌گیردرێت. مرۆڤی شۆڕشگێر مرۆڤێکی چالاکه، خۆی به بکه‌ر ده‌زانێ، ئیراده‌ی به‌رزه، خاوه‌ن فه‌خره، فه‌خر به تین و وزه و توانایه‌کانی خۆیه‌وه دەکات؛ هه‌ربۆیه به‌رده‌وام نائارامه و به ته‌واوی وجودیه‌وه باوه‌شی به ژیان و هه‌بووندا نه‌کردووه. به واتایه‌کی دیکه ده‌غده‌غه‌ی ناخی ئه‌م بکه‌ره خولیایه‌کی به بنه‌مایه، خه‌یاڵیک هه‌ڵیگرتووه، جیهان و ژیانێکی دیکه و باشتر بانگی ده‌که‌ن، پێشبینی و ئایدیای ئه‌و شێوه ژیانه به‌ره‌وپیری دێن و ئه‌ویش به‌ره‌وپیریان ده‌ڕوات. مرۆڤی شۆڕشگێڕ ده‌کرێ که‌سێکی سیاسی بێ، بیرمه‌ندێک بێ، یاخۆ ئه‌دیب و شاعیرێ؛ له ڕوانگه‌ی بیروهزره‌وه ده‌کرێ که‌سێکی “ڕێفۆڕمخواز” بێ، نه‌ته‌وه‌دۆست بێ، یاخۆ که‌سێکی ئاینی بێت، به‌ڵام گرینگ‌ترین خه‌سڵه‌تی که‌سێکی شۆڕشگێڕ رادیکاڵبوونه. ڕادیکاڵ لێره‌دا ئه‌وه ده‌گه‌یەنێت که ئه‌م مرۆڤه ئاماده‌یه به ته‌واوی وجوود و گیان و ماڵ و حاڵیه‌وه خۆی قوربانی مه‌به‌سته باڵاده‌سته‌که‌ی بکات. ئه‌م شێوه که‌سانه هیچ بۆیان گرینگ نیه که چه‌نده ده‌ژین، به‌ڵکه زۆر زیاتر له‌وه که چۆن ده‌ژین و بۆچی ده‌ژین. بۆ ئه‌وه‌ی که به باشی ماکی ئه‌م داڕشتنه بێته به‌رچاو، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به‌وه بده‌م که من له‌م به‌ستێنه‌دا ته‌نیا شۆڕشگێڕێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییم له به‌رچاودایه. پێشتر باسی ڕێفۆڕم و گۆڕانکاریم کرد، خۆی ڕێفۆڕمی ساکار و ساده‌ش هه‌وڵێکن بۆ ئاڵوگۆڕ، به‌ڵام زۆر کات دوورن له ڕادیکاڵبوون، هه‌ربۆیه بیرمه‌ندی ئاڵمانی “کارڵ مارکس” به شه‌فافی ئاماژه‌ی به‌وه داوه که ئه‌و بۆ پرسی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ی که خۆی پێناسه‌ی کردبوو، هیچکات باوه‌ڕی به ڕێفۆڕم نیه، چونکه ڕێفۆڕم ته‌نیا جوانکارییه‌کی ڕوکه‌شی ساکاره و په‌نجه ناخاته سه‌ر ڕه‌گوڕیشه‌ی گرفته بنه‌ڕه‌تییه‌کان. به پێچه‌وانه‌وه شۆڕش ده‌بێ گرفته جیدییه‌کان بنبڕ بکات، هه‌تا سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه. هه‌ربۆیه مرۆڤی شۆڕشگێڕ په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و شۆڕش. شۆڕش واته ڕاپه‌ڕین یاخۆ به‌گژداچوونه‌وه، جه‌وهه‌ری به‌گژداچوونه‌وه یاخیبوونه و یاخیبوونیش ته‌نیا کا‌تێک سه‌رهه‌ڵده‌دا که باوه‌ڕی پۆڵایین وزه و هانده‌ری بێ. بۆ وێنه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و پێشبینی ژیانێکی باش و دادپه‌روه‌رانه که ده‌ورانێک وزه و پۆتا‌نسیەلی شۆڕشی ده‌به‌خشی، له زۆر خاڵی ئه‌م گۆی زه‌ویه که‌سی نه‌ترس و یاخی داهێنابوو؛ واته کا‌تێک که زامێکی پڕ له ئازار وه‌ک تاک و کۆمه‌ڵ، وه‌ک چین و توێژ بتتلێنێته‌وه، کا‌تێک هاوارێک، هاواری دڵێکی پڕ له داخ و مێشکێکی پڕ له خولیا، ته‌نگی به گه‌روت هه‌ڵچنیبێ و به‌رده‌وام له گه‌روتدا په‌نگ بخواته‌وه و هیوا و ئاره‌ره‌زووی ده‌ربازبوونی هه‌بێ، ئه‌و کات نائارامی ڕۆح، ویژدان، مێشک و جه‌سته‌ش داه‌ده‌گرن و وه‌خۆهاتن و ڕاپه‌ڕین ده‌بنه هه‌نگاوی لۆژیکی داهاتووی ئه‌و پڕۆسه. به سه‌ر ئه‌و شڕۆڤه و لێکدانه‌وه‌شدا، له مێژووی کۆن و تازه‌ی فیکر و ئه‌ندێشه‌دا ئه‌و گرفته باڵاده‌ست بووه، که ئایا که‌ی و چ کات، بزووتنه‌وه‌یه‌ک و ڕاپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ری به شۆڕش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. هه‌ربۆیه له هه‌نگاوی داهاتوودا بۆ دیارده‌ی زانستیی شۆڕش ده‌ڕوانم (١)، چونکه ئه‌وه به‌ستێنه‌ی گونجاوی مێژوویی، سیاسیی و فه‌رهه‌نگییه که ده‌بێته هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش، به‌ڵام که‌سی شۆڕشگێر له چ ده‌رگا و له چ کاتێکی ئه‌و پڕۆسه‌وه تێکه‌ڵ به شه‌پۆلی شۆڕش ده‌بێ (٢)؛ واوه‌تر ئایا که‌سی شۆڕشگێڕه که ئاگری شۆڕش داده‌گیرسێنێ، یاخۆ ئه‌وه شۆڕشه که ده‌بێته هۆی له دایکبووونی که‌سی شۆڕشگێڕ؟ (٣).
(١). سه‌ره‌تای واتای ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕش به‌نده به بواری ئه‌ستێره‌ناسییه‌وه، له زمانی لاتیندا و به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی پانزه‌دا مانای شۆڕش بۆ بواری ئه‌ستێره‌ناسی ته‌رخان کرابوو، له‌و به‌ستێنه‌دا به مانای شۆڕش ته‌فسیری جێگۆڕکێی ئه‌ستێره‌کان ده‌کرا و باس له‌و دۆخه ده‌کرا که چۆن هه‌ساره‌یه‌ک بۆ دۆخ و شوێنی بنه‌ڕه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام دواتر ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕش ده‌ڕژێته ڕێزمان و گرامه‌ری ڕۆژانه‌وه و له ژیانی مه‌یدانیی و ڕۆژانه‌دا جێگه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه. ئه‌مڕۆ باس له شۆڕشی هزر، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، تکنیکی و شۆڕشی وزه و ئێنێڕژی ده‌کرێت. هه‌رکات شۆڕشێک ڕوو ده‌دات، ئه‌وه کۆمه‌ڵگه له ته‌ک دۆخێکی ناپه‌سه‌ند و ناله‌باردا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه و گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی زه‌روور و حه‌یاتییه. ته‌نیا بۆ وێنه، ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کانی جیهاندا باس له شۆڕشێکی وزه و ئێنێڕژی ده‌کرێت، چونکه سامانه ژێرزه‌ویه‌کان له که‌مبوون و گرانبووندان، یاخۆ چونکه وڵاتێکی وه‌ک ڕوسیه ده‌ست به سه‌ر ڕێژه‌یه‌کی زۆری سامانه سروشتیه‌کاندا ده‌گرێت و زۆر وڵاتی پێشکه‌وتووی خاوه‌ن تێکنۆلۆجیا وابه‌سته‌ی خۆی ده‌کات؛ ئه‌م دۆخه‌ش به زۆر وڵاتی خاوه‌ن فه‌خر و ده‌سه‌ڵات قه‌بووڵ ناکرێت و گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆیان بۆ شۆڕشێکی وزه‌و ئێنێڕژی تازه داهێنان ده‌خه‌نه کار. به‌ڵام با من لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ واتای شۆڕشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌نگه له مێژووی مرۆڤایەتیدا “کارڵ مارکس” گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به واتای ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕش کردبێت. هه‌ربۆیه له‌یادکردنی “کارڵ مارکس” ده‌چێته خانه‌ی هه‌ندێ بێباکی و گه‌مژه‌ییه‌وه، خۆ هیچ فیزیککارێکیش ناتوانێت ئاوڕ له “ئالبه‌رت ئاینشتاین” نه‌داته‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی جیهانبینی ناوبراوی له‌لا ناپه‌سه‌نده. هه‌ندێ که‌سایه‌تی هه‌ن که له مێژووی فیکر و ئه‌ندێشه‌دا به شۆڕشگێر له قه‌ڵه‌م ده‌درێن (ئه‌سکه‌ندری گه‌وره، ئۆکتاڤیان، ڕۆبسپیه‌ر، لنین، تڕۆتسکی، ستالین، هیتله‌ر، ماهاتما گاندی، جه‌مال عه‌بدل ناسر، مائۆ سێدۆنگ، فیدل کاستڕۆ، چێگڤارا)، به‌ڵام “مارکس” به پێچه‌وانه‌ی زۆریانه‌وه هه‌م تیئۆری شۆڕشی داڕشتووه و هه‌م به فیکره‌کانی کاریگه‌ری گه‌وره‌شی له سه‌ر دیارده‌ی شۆڕش داناوه؛ گومان له‌وه‌دا نییه که “مارکس” چه‌رخی ڕۆژگاری گۆڕی، هه‌ربۆیه ده‌توانین له سه‌ر ئه‌وه ساخ بین که دونیا به‌بێ “مارکس” ئه‌مڕۆ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌بوو، جا به باش یا به خراپ. ئه‌وه فیکره‌کانی “مارکس” بوون که خێراتر له هه‌مـوو ئاینه ئیبڕاهیمیه‌کان به ته‌وای جیهاندا بڵاوبوونه‌وه و ده‌یان بزوتنه‌وه‌ی کاریگه‌ر و به‌رچاویان هێنایه ئاراوه. “مارکس” باشتر له هه‌موو که‌س گه‌شه‌ی هه‌ڵه‌داری مێژووی خوێنده‌وه و هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا بانگه‌شه و پڕۆگرامی بۆ ئاڵوگۆڕی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری باشتر و دادپه‌روه‌رانه‌تر خسته به‌رده‌ست. ئه‌گه‌رچی شۆڕشی ئایدیای سۆسیالیزم ته‌واو به ئاکام و سه‌رکه‌وتن نه‌گه‌یشت، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی ڕه‌خنه‌ی به گرامه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی زیاد کرد. ئه‌گه‌ر له کۆتایی ئه‌م بڕگه‌ی داڕشتنه‌که‌دا به کورتی پێناسه‌یه‌کی زانستی شۆڕش بکه‌ین، ئه‌وه ده‌بێ بگوترێ که، شۆڕش بریتییه له هه‌وڵه‌شاندنه‌وه، یاخۆ ڕوخاندنی سیسته‌م و نیزامێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابووری و زانستی. ئه‌و ڕوخانه‌ش زۆر که‌م کا‌تێک به ئاشتی و به‌بێ زبروزه‌نگی ڕوو ده‌دات، چونکه ده‌سه‌ڵاتی جێکه‌وتوو هیچ سات ئاماده نییه هه‌روا به هاسانی ده‌ستبه‌رداری جێگه و پێگه و هێزی کاریگه‌ری خۆی بێ؛ به‌ڵام لایه‌نی شۆڕشگێڕیش به گۆڕانکاری ساده و ساکار ڕازی نییه و ته‌نیا ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵاچۆکردنی نه‌زمی پێشتر به ڕه‌زایه‌تی ده‌گه‌یەنێ. بیرمه‌ندی ئه‌مریکایی “تۆماس ساموول کۆهن” زۆر به باشی ئاماژه‌ی به شۆڕشی بواری زانستی داوه، ناوبرا ده‌ڵێ: هه‌ندێ جار پاڕادایمێکی زانستی ئه‌وه‌نده کاریگه‌ره که هێڵکێشی سنووره‌کانی هزر و ئه‌ندێشه و ئه‌ده‌بییاتمان ده‌کات و وادارمان ده‌کات که ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌و پاڕادایمه‌دا بیر بکه‌ینه‌وه. واته ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پاڕادایمه ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه که له ئاست و دۆخێکی تایبه‌تدا زیاتر ڕێگیره و که‌متر پۆتا‌نسیەلی گه‌شه‌مان ده‌خاته به‌رده‌م. له ئاکامی ئه‌و گه‌شه‌دا که “تۆماس ساموول کۆهن” به گه‌شه‌یه‌کی نه‌رێنی له قه‌ڵه‌می ده‌دا، به‌و دۆخه ده‌گه‌ین که کۆمه‌ڵێکی زۆر له زانستکاران وادار به وازهێنان و پیشه‌گۆڕین ده‌کرێن، چونکه زۆرینه‌یان ئه‌وه‌نده ئالووده‌ی پڕه‌نسیپه‌کانی ئه‌و پاڕادایمه بوون که توانای تازه‌کاری و داهێنانی ڕه‌سه‌نیان نامێنێته‌وه و زۆرجار باشتره پیشه‌ی زانستکارییان له ته‌ک پیشه‌ی “تاکسی لێخوڕیندا” بگۆڕنه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌وکات خزمه‌تی زیاتر به کۆمه‌ڵگه بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی زۆر زانستکاری بیرکۆن مه‌یدان چۆڵ بکه‌ن و ڕێگری له داهێنان و هزری تازه‌ی پێگه‌یشتوو نه‌که‌ن، پێویسته شۆڕشێک بێته ئاراوه و زۆر ئه‌ندامی پێشووی ئه‌و ژانر و بواره خانه‌نشین بکات.
(٢). هه‌ر سه‌رده‌م و ده‌ورانێک ڕۆح و هزرێکی تایبه‌ت په‌روه‌رده ده‌کات، ئه‌مڕۆ له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که کۆمه‌ڵێک دیارده کراونه‌ته به‌ها و خه‌سڵه‌تی به نرخ، که ڕێگه له مرۆڤی شۆڕشگێڕ ده‌گرن، یاخۆ باشتره بڵێین که ڕێگه له په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤی شۆڕشگێر ده‌گرن. من مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم له‌وه نییه که ئه‌و به‌ها و خه‌سڵه‌تانه ته‌واو هه‌ڵه و نابه‌جێن، به‌ڵام با به تێڕوانینێکی ڕه‌خنه‌گرانه تیشک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ی که له ژێر ناوی په‌سامۆدێڕنیزمدا سه‌ریان هه‌ڵداوه. پاش شۆڕشی هزری ڕۆشنگه‌رایی، پاش ئه‌وه‌ی که ئایین و نۆڕمه کۆن و سوونه‌تییه‌کان توانا و بڕی بڕیاری ره‌هایی و یه‌کلاییان نه‌ما، که‌لێن و ئازادیه‌کی گه‌وره هاته‌ئاراوه که زۆر تاکی کۆمه‌ڵگه‌ی تووشی قه‌یرانی بڕیاردان و ساخبوونه‌وه کرد. مرۆڤی ئه‌مڕۆ مرۆڤێکی واس‌واس و توانای بڕیاری موتڵه‌قی لاواز بووه. زۆر که‌س ده‌ڵێن ئه‌وه بیرمه‌ندی ئاڵمانی “فڕیدڕیش نیچه”– یه که ده‌روازه به سه‌ر سه‌رده‌می مۆدێڕنیزم و په‌سامۆدێڕنیزمدا ده‌کاته‌وه. کا‌تێک “نیچه” باس له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و واتاسڕینه‌وه‌ی زۆرینه‌ی واتا و به‌هاکان ده‌کات، هه‌وڵی سه‌ره‌کی بۆ شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی و که‌لتووریی ده‌دات. کا‌تێک ناوبراو باس له مه‌رگی خوداوه‌ند ده‌کات، ئه‌وه باس له ڕوخان و نه‌مانی گه‌وره‌ترین ئاستی مۆڕاڵ و په‌روه‌رده ده‌کات. کا‌تێک هه‌موو به‌ها و هه‌موو واتاکان ده‌بنه واتای زه‌مینی و ئاسمانی نامێنن، کا‌تێک ته‌نیا مه‌نتیق ده‌بێته به‌رزترین و فه‌ڕزترین ئاستی بڕیاری به بنه‌ما، ئه‌وکات حیساب و لۆژیک جێگه‌ی هیوا و خه‌یاڵ ده‌گرنه‌وه. مرۆڤ ته‌نیا لێره و له ئێستادا به‌دوا به‌خت و به‌خته‌وه‌ری خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، پاشان بایه‌خێک و گرینگیه‌کی دیکه به ژیانی ئه‌م دونیا و ژیانی سه‌رزه‌ویی ده‌دات. به‌ڵام بایه‌خێک که له سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی عام و زۆرینه واتا په‌یدا ده‌کات و ده‌بێته به‌رنامه بۆ ژیان. ئه‌گه‌رچی له‌و به‌ستێنه‌دا به‌رده‌وام به ده‌نگی به‌رزه‌وه بانگه‌شه‌ی تاک و به‌تاکبوون ده‌کرێ، زۆر به شاردراوه‌یی تاکی ڕه‌سه‌ن قه‌ڵاچۆ ده‌کرێ. له به‌نیسبیکردنه‌وه‌ی هه‌موو به‌ها و واتاکاندا وره و توانای تاک ده‌خرێته ژێر پرسیاری جیدیه‌وه. ئه‌م ڕه‌وت و گه‌شه نه‌رم و ناسکه به‌رگی دیموکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئازادی نه‌رێنی تاکی به‌به‌ردا ده‌کرێ. هاوده‌ستکردن و هاوبیرکردن ده‌بنه هێمای گه‌شه‌ی مرۆڤی مۆدێڕن. به نه‌زم و به‌رنامه‌یه‌کی ته‌واو زیره‌کانه ترس و خۆفی ته‌نیاکه‌وتنه‌وه زه‌ق و زه‌قتر ده‌کرێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌مان هێڵ خۆی ده‌رمانی ئه‌و ده‌رده‌ش بخاته به‌رده‌ست و بێژێ: ئه‌منییه‌ت و ئاشتی و ئارامی ته‌نیا ڕێگه‌یه‌کن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نیا ژیانه‌ی که له‌م دونیادا هه‌ته، هه‌ربۆیه پاراستن و ڕاگرتنی بکه به گه‌وره‌ترین ئامانج. شۆڕش و ئاڵوگۆڕ له سه‌ر بنه‌مای توندوتیژی و زبروزه‌نگی ته‌نیا زیان و شێوانی به‌دواوه‌یه. ڕه‌خنه ته‌نیا ئه‌و کات ڕه‌خنه‌یه که ڕوخێنه‌ر نه‌بێ و زیاتر سازێنه‌ر بێ. هه‌رکات و هه‌رسات ناڕازی بوویت، ڕه‌خنه‌ت هه‌بوو، ئه‌وه مه‌یدان و گۆڕه‌پانی حه‌وزه‌ی گشتیت له خزمه‌تدایه، فه‌رموو بڕۆ مه‌یدان و پڕ به گه‌رووی خۆت هاوار بکه و ڕه‌خنه بگره‌و ئێواره بڕۆره‌وه سه‌ر حاڵ و ماڵی خۆت. به‌ڵام کوا ڕۆڵی تاک له‌و به‌ستێنه‌دا دێته به‌رچاو، خۆ هه‌رکه‌س به ته‌نیا ڕوو بکاته حه‌وزه‌ی عمومی و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕێت، ئه‌وه له زووترین ده‌رفه‌تدا ده‌یگه‌یەننه نه‌خۆشخانه و به به‌هانه‌ی ناساخی ده‌روونیی، وه‌ک مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی خۆی و ژیانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن. له سه‌رده‌می ئێستاماندا ده‌روونناس و بیرمه‌ند هه‌ن که به باشی ئاوڕ له مێژوو ژیاننامه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که پێشتر من له ژێر ناوی شۆڕشگێڕ‌دا ریزم کردن، ده‌ده‌نه‌وه و زۆرینه‌یان به ناساخ له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. گومان له‌وه‌دا نییه که ناساخیان تێدا بووه، که بیرشێواویان تێدا بووه، به‌ڵام پێوه‌ره‌کانی ئه‌مڕۆمان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆ شیاون و بۆ مرۆڤی ئه‌مڕۆ داهێنراون، بۆ مرۆڤێک که له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق و لۆژیکی سه‌رزه‌وی و سه‌بکێک له شارستانیەت په‌روه‌رده کراوه. به واتایه‌کی دیکه کا‌تێک که سیاسه‌ت ده‌ڵێ: ئێوه سه‌ربه‌خۆیی خۆتان ده‌ویست، ده‌فه‌رموون خۆتان بڕیارده‌ری ئاڵۆزترین پرسه سیاسییه‌کانی خۆتان بن، به مه‌رجێ سه‌رده‌رکردن له سیاسه‌ت و پڕۆسه‌ی بڕیاردانی سیاسی له ئاڵۆز ئاڵۆزتره و ته‌نیا ڕێژه‌یه‌کی که‌م له شارۆمه‌ندان له‌و پرسه تێده‌گه‌ن. کا‌تێک مۆڕال ده‌ڵێ: ئه‌مڕۆ باشه و خراپه ته‌واو نیسبییه، خۆت بژارده‌ی باش و خراپ بکه و هه‌رخۆیشت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی کرده‌وه و کاردانه‌وه‌کانی به؛ به واتایه‌کی دیکه ئه‌وە خۆت ئازاد و سه‌رپشکیت و بڕیاری خۆت بده، به‌ڵام کا‌تێک له‌و پرس و پڕۆسه‌دا گووم بوویت، ئه‌وه تاوانی خۆت به ئەستۆی خۆت. کا‌تێک زانست ده‌ڵێ: ئێمه ته‌نیا سه‌بکێک و مێتۆدێکین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕاستی و واقعییه‌کان، به‌ڵام خۆ زۆر ڕێگه هه‌ن که به‌ره‌و ڕۆم ده‌ڕۆن؛ کا‌تێک باوه‌ڕ به ئایینه‌کان لاواز ده‌بێ، به‌ڵام “باوه‌ڕ” به زانست جێگای ده‌گرێته‌وه، ئیتر چۆن مرۆڤ ناکه‌وێته نێو بۆشایی و که‌لێنێکه‌وه که ده‌رهاتنه‌وه‌ی تێیدا مه‌حاڵه. “نیچه” ده‌رگای چه‌رخی ڕابردووی به سه‌ر ده‌رگای چه‌رخی مۆدێڕنیزمدا کرده‌ووه، هه‌مان “نیچه” ئاواته‌خوازی په‌روه‌رده‌ی مرۆڤێکی تایبه‌ت بوو، مرۆڤێکی باڵا، به‌رزتر له مرۆڤی ئاسایی، چونکه “نیچه” باوه‌ڕی به لوت بژاردن و دیموکڕاسی نه‌بوو. چونکه “نیچه” دژی هاوده‌ستکردن و هاووه‌زنکردنی شارۆمه‌ندان بوو، چونکه ئه‌و له ناخیدا باوه‌ڕی به تاکی به‌هێزی جیاواز بوو، چونکه ئه‌و زۆر به زوویی له گه‌شه‌ی ئه‌و پڕۆسه گه‌یشتبوو که له هه‌وڵی پووچه‌ڵکردنی ناخی تاکی به‌جه‌رگ و یاخیی بوو. له کۆتاییدا ده‌توانین بێژین که ئه‌مڕۆ و له مێژووی تازه‌دا تاک ته‌نیا له جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌ر به ده‌رگای شۆڕشدا ده‌کات، به واتایه‌کی دیکه ئه‌وه کۆمه‌ڵه که تاک درووست ده‌کات و تاک ده‌گه‌یەنێته لووتکه‌ی بزووتنه‌وه. به‌ڵام کۆمه‌ڵیش بریتییه له کۆمه‌ڵێ تاکی به‌جه‌رگ، نه‌ترس و یاخی، کۆمه‌ڵێ تاک که که‌متر باوه‌ش به ژیان و دونیایه‌کی بێمانادا ده‌کات و بگره ئاماده‌یه ژیانی خۆی بۆ واتا و مانای زیاتر بخاته مه‌ترسییه‌وه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و تاکه به‌رچاو ناکه‌وێت و له ته‌ک کۆتایی خۆییدا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه.
(٣). ئه‌گه‌رچی له بڕگه‌ی دووه‌مدا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌م به وه‌ڵامی پرسیاری سێ دا، هێشتا هه‌ر پێویسته که چه‌ند دێڕێکی دیکه‌ی له سه‌ر بنووسم و خۆم له وه‌ڵامێکی شه‌فافتر زیاتر نزیک بکه‌مه‌وه. شۆڕش کات و سات و شوێنی خۆی ده‌وێت، ئه‌وه هزرێکی سه‌رده‌مێکی تایبه‌ت و هێزی جه‌ماوه‌ره که ئاگری شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێنێ. ئه‌و هزره زۆر جار له ده‌سته‌واژه‌یه‌کدا یا له ئایدیایه‌کدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و ده‌بێته هێما. بۆ وێنه ده‌سته‌واژه‌ی سۆسیالیزم گه‌وره‌ترین واتایه که له سێ سه‌دا ساڵی ڕابردوودا له به‌رامبه‌ر نیزامی سه‌رمایه‌دارییدا وزه‌و بڕی ئاڵوگۆڕی بووه. هه‌ر له شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه، له بارودۆخ و ژیانی سه‌خت و تاڵی کرێکارانه‌وه، له کۆچی جوتیار و هه‌ژارانه‌وه بۆ نێو شاره‌کان، له به‌ڕه‌وا نه‌بینینی مافی ژن، هه‌تا ده‌گاته پرسی کۆلۆنی و دادپه‌روه‌ری، ئایدیای سۆسیالیزم هه‌موو ئه‌م دیاردانه‌ی کرده پرسی جیددی و بۆ هه‌موو پرسه‌کانیش به‌ردیل و پێشنیارێکی به بنه‌مای هه‌بوو. مرۆڤی ڕادیکاڵیش زۆر بوون که خۆیان پابه‌ند به ئه‌و جیهانبینییه ده‌زانی و ئاماده بوون ئاگری شۆڕشی بۆ داگیرسێنن. به‌ڵام له‌وه‌ش زۆر گرینگتر ئه‌وه بوو که کۆمه‌ڵی هاوده‌رد زۆر و به‌رفراوان بوون، چینی کرێکار، یا وڵاتانی ژێر ده‌ستی کۆلۆنی و ئیستیعمار، یاخۆ ڕێژه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که خۆیان به بێ ماف ده‌بینی و ده‌زانی، هه‌موو ئه‌م کۆمه‌ڵانه خۆیان له کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌زنێک بوون و هه‌روا به هاسانی پشتگوێ نه‌ده‌خران. به واتایه‌کی دیکه پۆتا‌نسیەل و ده‌رفه‌تی شۆڕشداگیرسان هه‌بوو، ئایدیا و ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌بوو، وزه‌ی کاریگه‌ری جه‌ماوه‌ر هه‌بوو، ته‌نیا شتێک که بۆ ته‌واوکاری و هه‌نگاوی یه‌که‌می بزووتنه‌وه پێویست بوو، هێزی ئۆرگانیزه و ڕوخساری که‌سێکی یاخیبووی کاریزماتیک بوو. هه‌ربۆیه له زۆر شوێنی ئه‌م دونیایه، هه‌ر له ئامریکای لاتینه‌وه، تا ده‌گاته ئاسیا و ئه‌رووپا و ئه‌فریقا، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ سه‌ریهه‌ڵدا و له سه‌ر بنه‌مای شێوه‌یه‌ک له سۆسیالیزم ده‌ستی به نوێخوازی کرد. که‌وایه له‌و به‌ستێنه مێژووییه‌دا ده‌رفه‌ت و زه‌مینه بۆ ئاڵوگۆڕی جیددی بووه، دۆخی ناله‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رچاو بووه؛ ئه‌و دۆخه‌ش چه‌ند هه‌نگاوێکی تێپه‌ڕ کردووه و شێوه‌یه‌ک مرۆڤی ڕاهێناوه که تین و وزه‌ی شۆڕشگێڕی تێدا به‌رجه‌سته بووه. مه‌رج نییه که ڕێژه‌ی تاکی شۆڕشگێڕ زۆر بێ، به‌ڵكه ته‌نیا شتێک که گرینگه ئه‌وه‌یه، که پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه، که فه‌رهه‌نگی سیاسی و پێکه‌وه‌ژیان، که ڕاهێنانی منداڵ و لاو، نه ئه‌وده‌رفه‌ته‌یان پێبدرێ که خۆ خۆ سه‌ربه‌خۆ بکه‌ن، وه نه له وزه‌ی پێشنیازی بۆ ئاڵوگۆڕ له ده‌ست بده‌ن، چونکه کا‌تێک گه‌شه گه‌یشته ئه‌و ئاسته، ئه‌وه بۆ رزگاربوون له‌و دۆخه هێزێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری ڕۆشنگه‌ری پێویست ده‌بێ. زۆر ده‌سه‌ڵات ده‌توانن له ژێر ناوی ئازادی و ئه‌منییه‌ت و کۆمه‌ڵێک واتای دیکه‌ی بریقه‌داردا تاکێک درووست بکه‌ن، که خۆی هاوشێوه‌ی شێر ببینێ، به‌ڵام شێرێکی به‌بێددان. بیرمه‌ندی خوێندنگای ڕه‌خنه‌گرانه‌ی فڕانکفۆڕت “ئادۆڕنۆ” زۆر باش ئاماژه به‌و شێوه ژیان و شێوه نیزامه ده‌دات و ده‌ڵێ: “له ژیانێکی پڕ ئیراد و ته‌واو هه‌ڵه‌دا، درووستی به‌دی ناکرێت”. ئه‌م وته‌ی “ئادۆڕنۆ” هه‌مان وته‌ی “کارڵ مارکسه” که ده‌ڵێ: ڕێفۆڕم و گۆڕانکاری نێو نیزامی سه‌رمایه‌داری بۆ دادپه‌روه‌ری زیاتر ته‌نیا به‌ڵێنی به‌تاڵ و خه‌ڵه‌تاندنن، ته‌نیا ڕێگایه‌ک که له ڕاستی و واقعییه‌تمان نزیک ده‌کاته‌وه، شۆڕشه، شۆڕشێک بۆ ئه‌مدیواودیوکردن و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نیزامی بێڕه‌حمی نادادپه‌روه‌ریی سه‌رمایه‌داری.
د. هیوا عه‌لیدوست، مانگی جولی ٢٠٢٢