هەر لە میسریە کۆنەکانی سەردەمی فیرعەونه‌کانەوە هەتا ده‌گاته یۆنانیەکان، بیزەنتەکان و ڕۆمانەکانەوە، زۆر جار هونەری ڕادەربڕین لە مرۆڤ زەوت کراوە. هه‌رچەندەش هونەر بەدەست دەسەڵاتی حوکمڕانیەوە ناڵانبێتی، هێندەش هونەرمەند و هونەرەکەی کۆتی کۆیلەییان شکاندوە و دەرفەتی نوێیان بۆ دەربازبوون ڕه‌خساندووه. هێندە لە ڕووی پەیکەرتاشینه‌وە دەسەڵات هونەری ڕاکێشاوەتە ژێر فەرمانی خۆیەوە، هێندەش هونەرمەندانی تەلارسازی و ئەندازیاریی لە ڕووی جوانکارییەوە سهلماندوویانهو کارێکی وایان کردوە کە بەبێ ئازادیی داهێنان مه‌حاڵه کار سەربگرێت، هه‌ربۆیه توانای داهێنان وتازەگەریهتی هونەریان پاراستوە. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ڕۆمانەکان بیر لە ئازادی هونەر ئەکەنەوە، به‌ڵام هه‌تا لاده‌که‌نه‌وه کلێسەی کاتۆلیک دەبێتە بەربەست، ئه‌م بهربهستییهش تا کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست ده‌خایه‌نێت. بەڵام لە سەدەکانی چواردەهەم و پانزەهەمدا لە ئیتالیا سەردەمی ژیانەوە، واته سەردەمی لەدایک بوونەوەی هزری مرۆڤایەتی دەستی پێکردوە کە پێی دەوترێت ڕێنهسۆنس، واوه‌تر هونەر لە ئایین جیاکرایەوە، هێڵی بیرکردنەوەی شاقوولی بەرەو ئاسمان و پاڕانەوە بووە هێڵێکی تەریبی بە زەووی و خاک بەرەو سرووشت. لەم سەردەمەدا سەدان هونەرمەندی بەهرەدارو بە توانا و خاوەن هزری ئازاد هاتنە مەیدانەوە، ئەگەر چی لەم سەردەمەدا هێشتا کۆمێدیای ئیلاهی “دانتێ”ی بێتراک کاریگەری زۆرە لە سەر هزری هونەرمەندان، بەڵام دەرگای ئازادی لەسەرپشتە بۆ دەربازبوون. دیمەنەکانی تابلۆی بەهارو هاتنی ڤینۆس و پەیکەرەکانی “میکایل ئەنجیلۆ”ی مەزن و جیۆکەندای “لیۆناردۆ داڤینشی” و تابلۆکانی “کاراڤاجۆ” و پەیکەرەکانی “دۆناتێللۆ”، دیواربەندەکانی “جیۆتۆ” و تەلارسازیەکانی “برۆنێلسکی” شایەتی ئەو سەردەمەن که چۆن هونەر و هونەرمەند کۆتی کۆیلایەتیان پچڕاند. دوابەدوای ئەم سەردەمی ڕاپەڕینەدا و له سەدەکانی بارۆک وڕۆمانتیک و واقیعیەت تا ئەهات هونەر بەرەو ئازادی هەنگاوی ئەنا، شۆڕشی فەرەنسی یاساکانی داڕشت بۆ مافی مرۆڤ و سەرکەوتنی کۆماریی ئیتالیا بەسەرکردایەتی گاریباڵدی هەنگاوێکی نوێی تری ڕەخساند بۆ ئازادیی هەست و هزردەربڕین. کردنەوەی مۆزەخانەکانی لۆڤەر لە پاریس و ئارمیتاج لە رووسیوا، ناشنالگەلەری لە بەریتانیا بوونە چەقی گۆڕانکاریەکان وەک هونەرێکی ئازاد بەرەو جیهانێکی نوێ. شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیاو ئازادی میللەتان لە کۆلۆنیالیزم لە سەدەی نۆزدەو بیستدا ڕووی هونەر بەرەو ئاسۆیەکی دیاری کراوی هەست بە دەرک کردن بە ئازادی تاک و بەرەو دیمۆکڕاتی ڕۆشەنتر بوەوە. بەڵام جیهانی سەرمایەداری و بازرگانیکردن بە هەزاران کاڵاو شتومەکی بێهودەی زیادەڕەویو پیسکردنی ژینگە بەهۆی کارگەکانەوە هێندەیتر هونەر کەوتە ژێر پرسیارەوە، چۆن وەڵام بداتەوە چەندین ڕێبازی هونەری تر لەدایک بوو بۆ بهرپەچدانهوهی ئەو دیاردانە سیستەمی جیهانگیریەوە کەجارێکی تر مرۆڤ بکاتە قوربانی لەبەردەم ئارەزووی جیهانی سەرمایەگوزاریدا وە شناسنامەی خۆی وونکات و ببێتە ڕۆبۆتێک بۆ خزمەتگوزاری لەبەردەم سیستەمی تەکنۆلۆجیادا، هه‌ربۆیه هونه‌ر له داهێنان ناکه‌وێت، هه‌تا مرۆڤ بمێنێت.
سه‌رنجێک له سه‌ر هونه‌رمه‌ند
و دۆخی هه‌بوو
زۆر جار بێزاری و بێهووده‌یی ژیان وا له هونه‌رمه‌ندان ئه‌کات که له سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیاندا نه‌ژین، بۆیه په‌نجه‌ره‌کانی هه‌ست و هۆشیان ده‌به‌ن به‌ره‌و که‌لاوه‌یه‌کی ئارام تا ڕاستگۆیی له کیس خۆیان نه‌ده‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر به‌پێی واقع بوایه، ده‌بوایه له کوردستاندا هونه‌ر و ئه‌ده‌ب به هه‌موو چه‌مکه‌کانیه‌وه له خزمه‌ت باسکردنی وه‌بای کۆڕۆنا، نه‌هامه‌تی و سه‌رلێشێواوی حوکمڕانی، گه‌نده‌ڵی و ئاشووبی ململانێ بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست و ناعه‌داله‌تیدا بوایه، که‌چی وانیه. نموونه دێنمه‌وه له سه‌ر سێ هونه‌رمه‌ندی جیهانی به‌ڕه‌گه‌ز جووله‌که و هه‌ڵاتوو له ده‌ست فاشیزم و نازی و دیکتاتۆری سۆڤێتی که هه‌ر سێکیان له جه‌نگه‌کانی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانیدا ژیاون وه کار‌و به‌رهه‌مه‌کانیان دووره له ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌یان. ئه‌وان «هێنری ماتیس» و «هوندرتڤازا» و «ڤاسیلی کاندینسکیه«−ین. وا ده‌رئه‌که‌وێت که ئه‌و هه‌موو ڕووداو و نه‌هامه‌تیانه لای هونه‌رمه‌ند ده‌بنه زمانی بێهوده‌یی و تاڵ، هونه‌رمه‌ند ڕاو ئه‌نێت به‌ره‌و خۆڕزگارکردن له ڕووداوه سه‌پێنراوه‌کان، وه ئه‌و هیچ گوناهێکی نیه تا ببێته به‌شێک له درۆ و ململانێی ده‌ره‌کی و گێره‌شێوێنی و کێشه‌کانی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی، بێ سه‌روه‌ری یاسای مه‌مله‌که‌ت، دزی و جه‌رده‌یی و ژن کوشتن و مرۆڤ قه‌ڵاچۆکردن، پیشه‌ی سه‌رده‌می نادیموكڕاسی و په‌روه‌رده‌کردنی ڕۆحی دیکتاتۆری له په‌ره‌سه‌ندنایه. بۆیه تاکهكان ڕووده‌که‌نه ئاسۆیه‌کی تر تا هه‌ڵاتنی خۆری ده‌روونی له هیوایه‌ک به ڕاستگۆیی ڕۆشه‌ن بێته‌وه و خۆ نه‌دات به ده‌ست پاسه‌وانه‌کانی مه‌مله‌که‌تی ئاشووبه‌وه.
دیسامبری ٢٠٢١