ئەنارشیزم و ئازادی

ئەنارشیزم و ئازادی

ڕەنگە بوترێت هیچ قوتابخانەیەک جگە لە لیبڕالیزم وەک ئەنارشیزم لە ئێران و دواتر لە کوردستان بە هەڵە لێکدانەوە و بوختان و سووکایەتی پێنەکراوە.
حکوومەت و پەڕلەمانەکان بە هەمان شێوە بە ئاژاوەی تەواوی دەزانن و هەندێک لە زانایان و بیرمەندان لەگەڵیان هاوئاهەنگ ئەو دەستەواژە بەکار دەبەن. لە مارکسیزمی کلاسیکیشدا ئەم چەمکە وەک خۆی دەریدەخات، لە کاتێکدا ئەنارشیزم لە بنچینەدا حاشاکردن لە هەر “دەسەڵاتێک”−ە و لەو کاتەوەی کە زۆرێک لە نووسەران ئاشنا و نا ئاشنا بە سیاسەت، دژایەتی دەسەڵات دەکەن، لە لایەن مارکسیستەکانەوە بە هەرج و مەرج خواز دادەنرێن، وەک چەند ساڵێک پێش ئێستا لە ئێران نامیلکەیەک بۆ ناسینی “هێنریک ئیبسینی” هۆنەرمەند بڵاوکرایهوه بە نێوی “ئییبسنی ئاژاوە گێڕ!”.
لە کاتێکدا ئەم هونەرمەندە تەنیا دژایەتی دەسەڵاتی دەوڵەتی کردووە. بەشێک لە بارگرانی ئەم گوناهە لەسەر شانی ئەنارشیستەکان خۆیانە، چونکە لە کارەکەیاندا هیچ لە جیاوازییەکی گەورە تێناگەن: لە لایەک خوازیارن “نەزمێکی نوێ بە ئەقڵانییەتێک لەسەر بنەمای ئازادی و هاوسۆزی” دروست بکەن و لە لایەکی دیکەشەوە “گەورەترین یادمانی بێنەزمی و ناسازمانین، لە بەرزترین ئاستدا، وێڕای ئەو بازدانە شۆڕشگێڕییە زەبەلاحە.”
بێگومان ئەمە بۆچوونی ئەوانەی وەک “پرودۆن و باکۆنین”ە کە مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆژە فەلسەفییەکانی کارەکانیدا کردووە، ئەگینا زۆرێک لە شاعیران تەنیا دژی هەر جۆرە دەسەڵاتێکن و بەس. بۆ وێنە “تۆلستۆی” وەک ئانارشیست پێناسە دەکرێت لە حاڵێکدا دژی هەر چەشنە شۆڕش و ئاژاوەیەکە.
ئەنارشیزم یان ئانارکیزم تیۆرییەکی ڕامیارییە بە ئامانجی: پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئانارکی “بێ خاوەن و بێ سەروەر” بە واتایەکی تر، ئانارکیزم تیۆریایەکی ڕامیارییە، کە ئامانجی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا کەسەکان بە شێوەیەکی ئازادانە و یەکسان ھاوکاری یەکتر دەکەن. بەپێی ئەمە ئانارکیزم دژ بە هەموو جۆرە سیستەمێکی قوچکەیی کۆنترۆڵە، چ لەلایەن دەوڵەتەوە بێت، چ لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە وەک شتێکی زیانبەخش بۆ کەسەکان و تاکایەتییان، هەروەها ناپێویستیشە. “سووزان بڕاون” کە کەسێکی ئانارکیستە، دەڵێ:
لە کاتێکدا دەرکی خەڵکی لە ئانارکیزم توندوتیژییە (بزاڤی دژەدەوڵەت) ئانارکیزم ڕێبازێکە، نە یارییەکی سادە لەگەڵ دەوڵەت. ئانارکیستەکان دژی ئەو شێوازە بیرکردنەوەن، کە دەسەڵات و سەروەری بۆ کۆمەڵگە بە پێویستییەکی ناچاری دەزانن و لە بەرامبەر ئەمەدا پشتیوانی لە گەلکاری و هەرەوەزی، شێوە ناپایەبەندی قوچکەیی کۆمەڵگە و ڕێکخراوەی ڕامیاریی و ئابووریی دەکەن.
هەرچەندە هەمیشە لە نێوان گشت تیئۆریه ڕامیارییەکاندا، “ئانارکیزم” و “ئانارکی” خراپتر لە هەمووان وێنا کراون. بەگشتی، ئەم وشانە وەک “ئاژاوە” یا “بێسەرەوبەرەیی” بەکار دەبرێن و سەرەنجام ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە بەو وێناندنانەوە دەکەنە بەڵگەی ئاژاوەخوازی ئانارکیستەکان، و حەزی ئەوان بە “گەڕانەوە بۆ یاساکانی جەنگەڵ”.
ڕەوتی ئەم خراپ وێناندنە، پێشینەیهکی مێژوویی ههیە. بۆ نموونە لە وڵاتانێکدا کە کۆمەڵگا لەژێر دەسەڵاتی تاکەکەس دایە، وشەی وەک “کۆمار” و “دیموکڕاسی” ڕێک بە واتای “ئانارکی”، بۆ دەربڕینی بێنەزمی و تێکدان بەکار دەبرێن. هەر بۆیە ئەوانەی کە لە بوونی بارودۆخی هەنووکەیی سوودمەندن، هەوڵ دەدەن تاوەکو ئەو بیرکردنەوەیە دەرببڕن، کە لە سایەیدا نەیاریی لەتەک سیستمی هەنووکەیی بێکەڵک بێت و کۆمەڵی تازە دەکێشرێتە پای بێسەرەوبەرەیی. یان ئاوا کە “ئێریکۆ مالاتێستا” دەری دەبڕێت:
لەوەتەی وا بیر دەکرێتەوە، کە دەسەڵات پێویستە و بەبێ دەسەڵاتداری بۆی هەیە شێوان و پەرێشانی بەرپا ببێت، ئیتر زۆر سروشتی و لۆژیکییە کە ئانارکی (کە بە واتای نەبوونی دەسەڵاتدارییە)، بە واتای نەمانی نەزم و ھێمنی، لێک بدرێتەوە.
ئانارکسیتەکان دەیانەوێت ئەم “دەرکە ناڕۆشنە گشتگیرە” بۆ ئانارکی بگۆڕن، تاوەکو خەڵکی زیان و نەهامەتییەکانی دەسەڵات و هەر جۆرە پەیوەندییەکی پایەبەندیی قوچکەییانەیان بۆ دەربکەوێت:
گۆڕینی بۆچوونەکان و خەڵکی ھێنانە سەر ئەو بڕوایەی کە بوونی دەسەڵاتدار نەک تەنیا پێویست نییە، بەڵکو زۆر زیانبەخشیشە. ئەو کات وشەی ئانارکی کە بە واتای نەمانی دەسەڵاتدارییە بۆ هەمووان یەک تێگەیشتنی دەبێت: “نەزم و ڕێکخستنی سروشتی، یەکبوونی پێداویستییە مرۆڤییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئازادیی بێسنوور لە چوارچێوەی هاوپشتی بێسنووردا.
ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی گۆڕینی ئەو بیرکردنەوە زاڵە لەمەڕ ئانارکیزم و واتای ئانارکی. بەڵام ئەمە گشت نییە. هەروەھا لە پاڵ خەبات دژی شێواندنی بەرهەمهاتوو لەلایەن ئەو “دەرکی ناڕۆشنی گشتیی”یەوە بەرامبەر “ئانارکی”، دەبێت لە دژی شێواندنی درێژماوەی دەستکردی دوژمنانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی لەمەڕ ئانارکیزم و ئانارکیستەکان هەوڵ بدرێت. بەو جۆرەی کە “بارتۆلۆمیۆ ڤانزەتی” لەبارەی ئانارکیستەکانەوە دەڵێت:
ڕادیکاڵترینی رادیکاڵەکان (پشیلە کێوییەکان) ترسێنەر و حەپەسێنەری ڕیاکاران و دەمارگیران، بەھرەکێشان، دەستبڕان، خۆدەرخەران و ستەمکارانن.. ھتد، ئێمە زیاتر لە هەموو کەسێک کەوتووینەتە بەر ستەمکاریی و خراپ نیشان دراوین و خەڵکمان خراپ لێ تێگەیەندراوە. “ڤانزەتی” دەیزانی لەمەڕ ئەوە چی دەدوێت. ئەو و هەڤاڵە خۆشەویستەکەی “نیکۆلا ساکۆ” (Nicola Sacco) لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لەسەر تاوانێک کە ئەوان دەستیان تێدا نەبوو، زیندانی کران و لە هەمان ساڵدا لەبەر ئەوەی کە ئانارکی و خەڵکی ئەوێندەرێ نەبوون، ساڵی ١٩٢٧ بە ئەلەکتریک لە سێدارە دران.
ئەنارشیزم فەلسەفە و بزووتنەوەیەکی سیاسیە کە ڕەگی لە دژە پاوانخوازی لە دەسەڵاتدا هەیە و هەموو شێوەکانی زۆرداری و پلەبەندی ڕەت دەکاتەوە. ئەنارشیزم داوای نەمانی دەسەڵاتی سەرکردایەتی دەکات و بەڕای خۆی هەموو حکوومەتە یەکلایەنەکان نەخوازراو و ناپێویست و زیانبەخشن، ئەم بیرکردنەوەیە بەزۆریی لەپاڵ مارکسیزمی لیبەرتاریا وەک فراکسیۆنی ئازادیخوازی (سۆسیالیزمی لیبەرتاری) بزووتنەوەی سۆسیالیستی ناسراوە و پەیوەندییەکی مێژوویی بە دژە کاپیتالیزم و سۆسیالیزمەوە هەیە.
سیمبۆلی جیهانی ئەنارشیزم بریتییە لە “تێکەڵکردنی دوو وشەی O (وشەی یەکەمی Organization بە مانای ڕێکخراو) و A (وشەی یەکەمی Anarchism).”
ئەنارشیزم تاکتیکی جۆربەجۆر بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئیدەئالەکانی، کە دەکرێت بە فراوانی دابەش بکرێن بەسەر تاکتیکی شۆڕشگێڕانە و داینامیک. هاوپۆشانیەکی بەرچاو هەیە لە نێوان ئەو دوو جۆرەدا، کە بە تەواویی وەسفکراوە. مەبەست لە تاکتیکی شۆڕشگێڕانە کەوتنی دەسەڵات و حکومەتە کە لە ڕابردوودا پەنابردن بۆ توندوتیژی بۆ گۆڕان باو بووە. تاکتیکە داینامیکەکان ئامانجیان ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەرەو ئەنارشیزم بگوێزنەوە.
بیرکردنەوەی ئەنارکیست ڕۆڵی هەبووە لە ڕەخنەگرتن و پراکتیزەکردنی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. ڕەخنە لە ئەنارشیزم بە زۆری لەسەر ناتەواویی و توندوتیژی و ئایدیالیزمی دەکرێت.
ڕەگی وشەی ئەنارشیزم لە یۆنانی کۆنەوە و وشەی (anarkhia) واتە بە بێ فەرمانڕەوا کە لە پێشینەی an – (واتە نا)و وشەی (arkhos) (واتە سەرکردە یان فەرمانڕەوا) پێکهاتووە.
پاشگری –ism نوێنەرایەتی ئەو بزاڤە ئایدیۆلۆژییە دەکات کە لایەنگرانی ئەنارکییەکان بە ئاڕاستەیدا پاڵیان دەنوێنن. ئانارشیسم (anarchism)لە ساڵی 1642−وە لە زمانی ئینگلیزییەوە بەکارهاتووە و لە ساڵی 1539−وە ڕێنووسەکانی دیکەی (anarchisme) و (anarchy) لەم زمانەدا بوونیان هەیە. بەکارهێنانی سەرەتایی وشەکە بە ئینگلیزی هەستێکی ناتەواویی و بێنەزمی دەگەیەنێت. فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکان لە شۆڕشی فەڕەنسادا ڕکابەرەکانیان وەک ئەنارکیستێک ناودەبرد، هەرچەندە هەندێک لەو تۆمەتبارانە دوای بۆچوونی هاوشێوە بوون بۆ ئەنارشیستەکانی دواتر. سەرەڕای ئەوەش هەندێک ئەنارکیست، سۆسیالیزمی لیبەرتاری بەکاردێنن بۆ خۆلادان لە بیرە سلبییەکانی ئەنارشیزم و جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندیەکانی لەگەڵ سۆسیالیزمدا. “ماتیو ئێس ئادەمس” و “کارل لیڤی” دەنوسن کە چەمکی ئەنارشیزم بۆ وەسفکردنی باڵی دژەچەوسانەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بەکاردێت. “نوام چامسکی”، ئەنارشیزم لەپاڵ مارکسیزمی لیبەرتاریا بە “ئازادیخوازترین فراکسیۆنی سۆسیالیزم” وەسف دەکات. “دانیال گرین” دەنوسێت:
ئەنارشیزم بە ڕاستی هاوواتای سۆسیالیزمە. ئەنارکیست بە شێوەیەکی سەرەکی سۆسیالیستێکە کە ئامانجەکەی هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوەی مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەکانی ترەوە. ئەنارشیزم تەنیا یەکێکە لە تەوژمەکانی بیری سۆسیالیستی کە پێکهاتە سەرەکیەکانی خەمی ئازادی و تەوژم بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت دەگرێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەنارکیستەکان لە گۆڕەپانی ئازادیدا ئێفرات دەکەن و “پرۆدن و باکونین” جگە لە تواناکانیان لە شۆڕشدا هیچ سنوورێک ناناسن و هەر جۆرە دەوڵەتێک بە خراپەی ڕەها دەزانن کە تێئۆرییەکی توندڕەوانەیە.
هەندێک لە ڕەخنەگران ئەنارشیزمیان وەک ئەوە پێناسە کردووە: سیستمێکی هزری کۆمەڵایەتی کە مەبەستیەتی گۆڕانکاری بنەڕەتی و بونیادی لە کۆمەڵگەدا دروست بکات و بە تایبەتیش گۆڕینی حوکمی دەسەڵات.
ئەمەش ئەو توخمە هاوبەشەیە کە هەموو شێوەکانی ئەنارشیزم بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کێشەکە لەوەدایە کە هەندێکیان ئەم “وەرچەرخانە بنەڕەتییە” بە تەنیا کارێکی شۆڕشگێڕانەی وێرانکەر دەزانن و لە سەرووی هەمووشیانەوە وێرانکاریی بە “درووستکەر” دەزانن و پێیانوایە درووستکردنی هەر سیستمێکی “هاوکاریی” تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی ئۆبجێکتەکانیش کە بە دەوڵەت پێناسە دەکرێت.
بەتایبەتی ئەگەر سەیر بکەین کە لەداهاتوویەکی زۆر دووردا سوپاو پۆلیس و داد بەهۆی موعجیزەی ڕۆشنبیریەوە هەڵوەشاوە هەژمار بکرێن، هێشتا دەزگاکانی پێویست بە کاری ڕۆشنبیری و تەندروستی لازم دەبن.
بەڕای دامەزرێنەرانی ئەم قوتابخانەیە دوو غەریزەی ناکۆک لە مرۆڤدا هەیە: غەریزەی “حب ذات” کە کارەکە بەرەو قازانج کردن دەکێشێت و غەریزەی کۆمەڵایەتی کە پێویستی بە نادۆستی هەیە. بەڵام قازانجخوازیی زاڵ بووە بەسەر نەوع دۆستی. بە وتەی “هابز” مرۆڤ بووەتە گورگی مرۆڤ. لە ئاکامدا مرۆڤ بۆ بەرەنگاریی لە گەڵ ئەم کێشەیە دەستی داوەتە درووست کردنی دەوڵەت. بۆیە ئەرکی دەوڵەتیش پاراستن و پاراستنی ئازادیی تاکەکانە.

بنەماکان:
ئەم فەلسەفەیە بنەماکانی دەوڵەت بە دروستی ناناسێتەوە، ئەگەر بەربەستێک لە ڕێگای نەبێت، ئازادییە تاکەکان لەناودەبات نەک پارێزگارییان لێ بکات.
بۆیە ئەنارشیزم دەگەڕێتەوە بۆ بنەچەی خۆی و دوژمنایەتی ڕەهای خۆی بۆ دەوڵەت ڕادەگەیەنێت.
بەڵام ئایدیالیزمی ئەڵمانی کاریگەری زیاتری لەسەر ئەنارشیزم هەبووە و لەگەڵ “هێگڵدا” بە لووتکە دەگەیێت. کرۆکی فکری “هێگل” ئەوەیە کە جیهانی بابەتی جگە لە دروست بوونی “ڕۆح” یان “بیرۆکە” هیچی تر نییە و عەین و زێهن کە بە جیا دیارن لە کۆتاییدا لە “ئیده” دەگەنە یەک.
هێگل خۆی هاوسەنگی دروست دەکات لە نێوان ئەم تێپەڕاندنە و “ئەو شتەی کە هەیە”، بەڵام دوای مردنی، ناکۆکییەک لە نێوان لایەنگرانی “بوونی ئۆبجێکتێک لە خۆیدا” و “بەرزبوونەوە لە ئۆبجێکتی خۆی” دەستپێدەکات، که به قازانجی فراکسیۆنی یه‌که‌م کۆتایی دێت، ئەم بیرۆکەی ڕەهایە، لەگەڵ “فۆیرباخ”، دەبێتە موتڵەقی بوونی مرۆڤ، بەڵام لە فەلسەفەی “مارکسدا” دەبێتە موتڵەقی پرۆلێتاریا.
کام لەم جەمسەرانە ڕێگایەکی ڕاست دەڕوات؟ ئەو هێڵەی کە دەچێتە پاڵ “هێگلەوە” بۆ “فۆیرباخ” و پاشان “باکۆنین”. تەنانەت پێدەچێت لە ڕووی دڵسۆزییەوە بۆ سیستەمەکە سەروەریی ئانارشیسم لەبەرچاو بگیرێت”، لە کۆتاییدا هەردوو قۆتابخانەی مارکسیزم و ئەنارشیزم لە ژێر کاریگەری مەسیحییەتدا دەردەکەون و لە ڕەوتی مێژوودا هەریەکە بە لایەک دەڕۆن. یەکێ لە ڕێبەرە مەزنەکانی ئازادیخوازی و ئەنارشیزم باکۆنینە کە تا ئێستاش بیرۆکەکانی جێی سەرنجن و لێکۆڵینەوەیان لە سەر دەکرێت.

میشایل باکۆنین‏ (1876-1814)
“میشایل باکۆنین” ڕووسییە و بە سروشتیش هەندێک تایبەتمەندی ئەم گەلەی هەیە: ڕەنگێک لە توندوتیژی کە گەشە دەکات و بڵاو دەبێتەوە، لە چینی ئەشرافەکان و ئەفسەری ئەرتش، یاخی و پیلانگێڕە و زۆر بە سەرسوڕهێنەرانە ستایشی وێرانکاری دەکات، بۆیە “وودکۆک” بەشێکی لە کتێبەکەی بەو ئێختێساس داوە لە ژێر ناوی “شوور و سۆزی وێرانگەری”. ئەو شارەزایە قەڵەمێکی نییەوە هیچ کتێبێکی لە دوای خۆی نەهێشتووەتەوە و تەنیا توانیویەتی وتار بنووسێت. بەڵام هەتا بتەوێت قسە خۆش و حەڕاف بووە و شەوانە تا بەیانی قسەی کردووە. زۆرتر پیاوی کردەوەیە تا بیرۆکە. بۆیە دەکێشرێت بۆ “نێودەوڵەتی یەکەمین” کە تێیدا بە سەختی لەگەڵ مارکسدا تێوەگلاوە و بە هەوڵەکانی بانی کۆمۆنیزم و درووست کردنی مەلەف بۆ ئەو (بە پێی وتەی وودکاک) دەر دەکرێت ئەو لێکچوونانەی کە ئەم دوو کەسەی هێنا بۆ ناو ئەنجومەنەکە بەم شێوەیەیە:
هەردووکیان زۆر لە سەرچاوەی توند و یاخیبوونی فەلسەفەی “هێگڵیان” خواردبووەوە و ئەمه تا کۆتایی ژیانیان لەگەڵیان بوو. هەردووکیان بە شێوەیەکی سروشتی تاکڕەوی بوون و لایەنگری شۆڕش. سەرەڕای هەڵەکانیان هەردووکیان بە پاکی گیان لە سەر دەستان بوون بۆ ئازادکردنی چەوساوەکان و هەژاران.
بەڵام جیاوازییەکانیان گەورەتر بوو، یەکەم جیاوازییەکە ئەوەبوو: “باکۆنین” زۆر دووربین بوو و عەقڵێکی کراوەی هەبوو و مارکسیش پیاوێک بوو کینەیی و زۆر لە سەر قسەی خۆی دەڕۆێشت. باکۆنین تێکەڵێک بوو لە پیاوێکی ئەرستۆکرات و نامۆتەعارف، کە ئاسودەیی و ئاسانی ڕەفتارەکەی وای لێکرد هەموو بەربەستە چینایەتییەکان ببەزێنێت، کە مارکس بۆرژوازیەکی بێ خەمڵاندن بوو، ناتوانا لە دامەزراندنی پەیوەندی تایبەتی تاکەکەسی لەگەڵ نموونە ڕاستەقینەکانی پرۆلێتاریا کە هیوادار بوو ئەوان بکێشێنێتە نێو ئایینی خۆی.
بێگومان باکۆنین وەک مرۆڤێک شایانی ستایشی زیاتر بوو لە “مارکس”. جوانی کەسایەتیی، هێزی بینینی فەلسەفی ئەو زۆر جار باڵادەستیی بەسەر مارکسدا دەبەخشی، بەڵام لە فێربوون و توانای ڕۆشنبیریدا مارکس بەرزتر بوو لە ئەو.
بەڵام جیاوازی بیروڕا کە ڕەنگدانەوەی بنەماکانی فکری هەردوو کەسەکەیە: “مارکس” دەسەڵاتخواز بوو و باکۆنین ئازادی خواز. “مارکس” لایەنگری ناوەندگەرایی بوو و “باکۆنین” حەزی لە سیستەمی فیدڕاڵی دەکرد؛ “مارکس” پشتیوانی لە کردەی سیاسی کرێکاران ئەکرد و پلانی گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەدا، بەڵام “باکۆنین” دژی کاری سیاسی بوو و هەوڵی لەناوبردنی حکومەتی دەدا. “مارکس” بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێمە ئەمڕۆ بە نەتەوەییکردنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان ناومان ناوە و باکۆنین پشتیوانی لە سەرپەرشتیکردنی کرێکاران دەکرد لەسەر بەرهەمهێنان.”سەرپەرشتیکردنی کرێکاران لەسەر بەرهەمهێنان” پێشنیارێکە کە ئەمڕۆ وەک “چاودێری کۆمەڵگای دێمۆکرات بۆ بەرهەمهێنان” سەرلەنوێ ژیاوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە هزر و ئەندێشەی باکۆنیندا ناکۆکی بەرچاو هەیە، واتە لە هزری ئەم “یاخیبووە شۆڕشگێڕ”ە سەرسوڕهێنەر و سەرکەشەدا، پڕشورترین ستایشی ئازادی بەدی دەکرێت، کە دەکرێ بەشێ لە وتە بە نرخەکانی لێرە دا بهێنین:
لە ستایشی شۆڕشدا، تێکۆشانی مرۆڤ بەم شێوەیەیە: بێ پایان و لێنەبڕاو و لە هەموو ڕوویەکەوە کامڵ بۆ تێرکردنی خاتری مەغروورترین رۆح و دڵەکان.
لە گەڕان بۆ مەحاڵە کە مرۆڤ هەمیشە بە مومکین گەیشتووە. ئەوانەی ژیرانە کارەکانیان سنووردار کردووە بۆ ئەوەی کە مومکینە هەرگیز یەک هەنگاویان نەناوە بۆ پێشەوە.
هەموو دامەزراوە نادادپەروەرەکان لەناوبەرن. دابینکردنی یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان فەراهەم بکەن. تەنیا لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئازادی، ئەخلاق و مرۆڤایەتی پشت بەستوو بە هاوپشتی سەر بەرز دەکاتەوە
ڕەوشتی ئەخلاقی کۆن مردووە و زیندوو نابێتەوە. زەرورەتی دروستکردنی ڕەوشتێکی نوێی ئەخلاق هەستی پێدەکرێت، بەڵام هێنانەدیی لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەستە بە ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیەوە.
کاری داڕشتنی پرەنسیپە تیۆرییەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوانیتر بەجێبهێڵین و خۆمان بە شێوەیەکی فراوان لە جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانە و هەروەها لە یەکخستنیان بۆ نێو واقیعەکان ساز بدەین.
ئەمڕۆ نابینایان هەر چی بڵێن، دەبێ بوترێت، ئێمە لە خاڵی کۆتایـــــــــی شۆڕشداین.
دەبێت بەسەر شەپۆلەکانی زەریای شۆڕشدا سوار بین.
شۆڕشی فەڕەنسا داوای شتێکی زۆر گەورە بەڵام مەحاڵی کرد: دامەزراندنی یەکسانی لە ڕژێمێکدا کە نایەکسانی دروست دەکات. شۆڕشی فەرەنسا ئامرازەکانی بەدەستهێنانی سێ دروشمەکەی خۆی [ئازادی، یەکسانی، برایەتی]، لە بیر برد.
ئاگادار بن! کاتێک شۆڕش بە ئامانجی ئازادکردنی مرۆڤ دەسپێبکات، حەتمەن ئەبێت ڕێز لەژیان و ئازادییەکانی مرۆڤ بگیردرێت.
زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک خۆیان ڕەتدەکەنەوە و دیلی هەڵەتێگەیشتنی بەردەوامن و عادەتەن، تێبینی ئەوە ناکەن مەگەر ڕووداوێکی نائاسایی لەخەونەکانیان وه‌خه‌به‌ریان بێنێ و ناچاریان بکات گۆشە چاوێک لە خۆیان و دەورو بەریان ببڕن .
تەنانەت شۆڕش چوونکە ئەیەوێت بەردەوام بێت، خیانەت لە خەڵک دەکات. ئاگادار بن.

لە ستایشی ئازادیدا:
یەکسانی بەدەست ناهێنرێت جگە لە گەڵ ئازادی و لە دەستی ئازادیدا…یەکسانی بەبێ ئازادی واتە ستەمکاریی دەوڵەت و دەوڵەتی دیسپۆت تەنانەت یەک ڕۆژ بەبێ یەک چینی چەوسێنەر و دەوامی نابێت. مەزنی هەموومان “پرودۆن” دەڵێت: کە کارەساتبارترین تێکەڵەی مومکین پەیوەندی نێوان سۆسیالیزم و حوکمی ڕەهایە. ئەگەر خواستە جەماوەرییەکان بۆ ڕزگاری ئابووری و خۆشگوزەرانی مادی لەگەڵ حوکمی دەسەڵاتخواز و بە تەرکیزی هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە دەست دەوڵەت، هەموویان لە یەک شوێن کۆ بکەیتەوە کارەساتێکی دەگمەن ڕوودەدات.
هیواخوازم ئایندەمان لە فەزڵی ستەمکاری بپارێزێت و بە ئومێدی ئەوەی کە لە ئاکامە کارەساتبار و شۆکەکانی سۆسیالیزمی دەسەڵاتخواز و خاوەنی مەزهەبی “دۆکترین”، و هەروەها لە خراپە و شەڕی دەوڵەت ڕزگارمان بکات.
یاسای ئازادی تەنیا بە ئازادی دەنووسرێت. ئازادی ناتوانێت و نابێت بەرگری لەخۆی بکات، جگە بە دەستی ئازادی و بەچەکی ئازادی. زیانگەیاندن بە ئازادی مەترسیدار و تێکدەرە وە بەو پێیەی ئەخلاق و سەرچاوەکانیتر و هاندەرەکانیتر و مەبەستەکانیتر جگە لە ئازادی هیچی تریان نییە، هەر سنوردارکردنێک کە ئامانج لێی پشتگیری ئەخلاق بێت هەمیشە و هەمیشە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەخلاق.
هەندێ لە مارکسیستەکان بە باوەڕێکی خورافی دەوڵەتەوە، لە ڕاستیدا دەڵێن بۆ ئەوەی جەماوەر ئازاد بکرێن، دەبێت سەرەتا زنجیر بکرێنەوە ….بەڵام هەر ستەمکاریەک بۆ جەماوەر هیچی تر ناهێنێت جگە لە کۆیلایەتی و کۆت و زنجیر. تەنیا ئازادی خوڵقێنەری ئازادیە و بەس.

کۆی ئازادی و یەکسانی
من لایەنگر و باوەڕمه‌ندم بە دادپەروەریی ئابووری و کۆمەلایەتی، چونکە دەزانم لەدەرەوەی ئەم یەکسانییە دیارییەکانی وەک ئازادی و دادپەروەری و لێهاتوویی مرۆڤ و ڕەوشت و بەختەوەری تاکەکان و پێشکەوتنی نەتەوەکان هەرگیز جگە لەدرۆ هیچی تر نابێت، بەڵام من بەو ڕادە لایەنگری ئازادیم، کە ئەمە یەکەم مەرجی مرۆڤایەتییە، لەو باوەڕەدام کە یەکسانی لە جیهاندا دەبێت لە لایەن ڕێکخراوە خۆڕسکەکانی کرێکاران و خاوەندارێتی دەستەجەمعی گروپە بەرهەمهێنەرە ئازادەکانەوە دەستەبەر بکرێت، نەک بە کردەوەی حکومەت.
ئەمە ئەو شتەیە کە سۆسیالیستەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان لە کۆمۆنیستە دەسەڵاتخوازەکان جیا دەکاتەوە و پشتیوانی لە کردەوە ڕەهاکانی دەوڵەت دەکات. ئیتر ئەوە کە سۆسیالیزم لەگەڵ توندوتیژیدا نییە، و هەزار جار مرۆڤانەتر لە میتۆدی ژاکۆبینەکانە بۆ شۆڕشی سیاسی.

مانگی فێبریوه‌ری ٢٠٢٢

سەرچاوەکان:
‏1.(1965.P.14 DANIEL GUERIN L;ANARCHISME,IDE;ES,PARIS,)
2. جرج وودکاک (VOODCOCK) آنارشیسم، ترجمه هرمز عبداللهی، انتشارات معین، تهران، سال 1368، ص 13
3.دایرەالمعارف لاروس
(PARIS,1965,P.32. BAKOUNINE,CHOIX DE TEXTES,ED.J.J.PAUVERT,)

ئه‌رکی به‌سه‌رداچوونه‌وه و هه‌ڵه‌چنی که‌وتۆته سه‌ر شانی به‌ڕێز محه‌مه‌د فه‌رهادزاده.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سیاسی فەلسەفە

ماركسی نوێ

ماركس لەگەڵ سۆسیالیستەكانی پێش خۆی ‌و سۆسیالیستانی هاوسەردەمی خۆی جیاوازی بنەڕەتی هەبوو، بەو بڕوایەی كە لای ئەو سۆسیالیزم تەنیا بە ویست ‌و خواست نابێ، چ ئەم ویستە هەڵبژاردنی ئازادانەی سۆسیالیزم بێت، یان بە زۆر ‌و سەپاندن بێت، بۆیە سۆسیالیزم لە لای ماركس لە قۆناغی گونجاوی مێژوودا دێتەدی. بڕواكانی ماركس بەشێوەیەك بوو كە لەیەك كاتدا هەم […]

Read More
سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌ی دیارده‌یه‌ک.

دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئیخلاقی و سیاسییه‌ و له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمێکی سیاسییدا رۆڵێکی به‌رچاو و حه‌یاتیی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بتوانێ هاوشێوه‌ی دادپه‌روه‌ری کاریگه‌ر بێ و چه‌شنی ئیده‌ئالێکی نۆڕماتیڤی بڕی هه‌بێ. چ کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تی و چ کۆمه‌ڵگه‌ مۆدێڕنه‌کان، هه‌ریه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک و له‌ سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک ده‌ق ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوه‌رۆک و واتا پڕ […]

Read More
ئابووری سیاسی فەلسەفە کۆمەڵایەتی

سه‌باره‌ت به‌ ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانیی

بیرمه‌ندی ئه‌مریکایی “ڕۆناڵد دوۆرکین” زۆر به‌ شیاوی ئاوڕ له‌ گه‌شه‌ی ناوه‌رۆکی ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسانیی ده‌داته‌وه‌، ناوبراو ئاماژه‌ به‌ یه‌کسانیی ده‌رفه‌ت و ئیمکانیاتی شارۆمه‌ندان ده‌دات؛ “دوۆرکین” بۆ سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی ئه‌و ناوه‌رۆکه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر پڕه‌نسیپێکی باڵای ئیخلاق و زۆر که‌متر هاوشێوه‌ی “جۆن ڕۆڵس” پڕه‌نسیپی هاوکاریی شارۆمه‌ندان ده‌کاته‌ پێوه‌ر، واوه‌تر ماڵئاوایی له‌ پڕه‌نسیپی بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات و ڕوانگه‌و […]

Read More