ئەرکی هونەر بەرگری لە ئازادییە

بیرۆکەی ئەرکی هونەر بەرگری لە ئازادییە

لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرم بە کۆپلەیەک لە قسەکانی شاعیر و نووسەری ئازیز، فەریدون ئەرشەدی دەست پێدەکەم:
“لەسەردەمانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دا و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شار و گوندەکانی لە لایەن خەڵک و حزبە سیاسییەکانەوە، هەر وەها لە پاش هێرشی هەمەلایەنەی دەوڵەتی مەرکەزیی ئێران بۆ کوردستان و بەرخۆدانی پێشمەرگە قارەمانەکانی گەل و نیشتمان، سەرهەڵدانێکی چاوەڕوان نەکراو لە ئەدەب و هونەری بەرگریی لە رۆژهەڵاتدا دێتە ئاراوە کە سەرەڕای هەموو بێ ئیمکانی و کەم ئەزموونیەکان، پڕ بایەخترین و درەوشاوەترین بەرهەمی ئەدەبیی و هونەریی لێکەوتۆتەوە….”

پرسیار ئەوەیە بۆچی؟ بۆچی رێک لەم دەورەیەدا، ئەم رێنسانسە ئەدەبییە لە رۆژهەڵات روودەدا؟
من لام وایە وەک چۆن گوڵ بە ئاو و خاک و هەتاو دەپشکوێ، هونەریش ئاوا بە ئەرز و ئاو و هەوای تایبەت بە خۆی دەپشکوێ. ئەشقی خەڵک بە ئازادی لە کاتی خەفەقاندا، خەبات لە پێناو پاراستنی ئازادی لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکاندا و گیانفیدایی شۆڕشگێڕانی پێشڕەو بۆ پەرەدان بە ئازادی لە رۆژگارە رەشەکاندا، ئەو ئاو و خاک و هەتاوە تایبەتیەن کە تۆوی هونەری بەرگریی دەگرنە خۆ و بە نهێنی هێز و وزەی پێدەبەخشن و لە هەڵکەوتی خۆیدا دەیکەن بە گوڵی ئازادی و لە یەخەی گەلی دەدەن.
ئاوا نیە کە تەنیا لە سەردەمەکانی شۆڕشدا هونەری بەرگری بوونی هەبێ. نا، تۆوی هونەر وە بە تایبەت هونەری بەرگریی، لە کاتی خەفەقان و لە زستانی سیاسی و دیکتاتۆریدا دەنێژرێ. هونەری بەرگریی رێک وەکوو هێز و هزری خەبات، لە تەنگانەکانی خەڵکدا، لە ئەستووری زۆرداری دا، لە جەنگەی غەدر و ستەمکاریدا، لە کاتی رەشەکوژی ناو کۆمەڵگا و ئێعدام و لە سێدارەدانی لاواندا، لە قووڵایی ئێش و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیاندا، لە کاتی هەستکردنی مرۆڤ بە سووکایەتی و لە زەلکاوی ریاکاری و گەندەلێدا و رێک لەو دیوی رووناکایی ئازادی و، کوت و مت لە ناو دڵی تاریکی دنیاداگردا گەرا دادەنێ و هەوێنی بوونی لە منداڵدانی کۆمەڵگادا دەمەیێ. هونەری بەرگری رەگ و ریشەی لە خاکی رەشی چەوسانەوە و لە مەینەتی کارەساتی کۆیلەتی و لە برینی مائەساتی داگیرکاریدا دادەکوتێ. دواتر هەر قومە بارانێکی هزری ئازادی، هەر نەرمە هەوایەک کە بۆنی هیوا و شادی پێوە بێ، پەنجەی رەگەکانی لە ناو خاکی رەشدا بڵاو و درێژ و بە هێز دەکا و هەر ترووسکاییەکی ئومێد، بەهاری عومری نزیک و نزیکتر دەکاتەوە. راستە ئەو کاتە دەپشکوێ کە دەورە دەگۆڕێ، کە شۆڕش بەرپا دەبێ. بەڵام ئەمە لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤ لە دۆخی رزگاریدا، هەست بە ئازادییەکی بێ ئەوپەڕ دەکا و دەتوانێ باڵەکانی تەواو بکاتەوە و پڕ بە گەرووی خنکاوی خۆی دەنگ هەڵێنی و بێ پەنا و پەردە و بێ سایە و سانسۆر قسەی دڵی خۆی بکات.
با هەر لە سەرەتاوە روو راست بین. من شتێک لەو دیو سنووری هونەری بەرگرییەوە، بە ناوی هونەر ناناسم. هونەر واتە بەرگری لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی. هەر بەرهەمێک ئەگەر رەوایی بە خولیایەکی خەڵک نەدا و تەزوو بە لەشی هیواکانیدا نەهێنێ و دنەی نەدا بۆ بووژانەوە، هەر بەرهەمێک ئەگەر شادی نەخاتە ناو ماڵ و خێزانی دیل و هەژارانەوە و دڕوویەک لە قاڵبی خەڵک دەرنەهێنێ و ئۆخناییەک نەخاتە ناو هەناوی ئاشقانەوە، هەر بەرهەمێک ئەگەر باوەڕ بەخۆیی گەنجێک بۆ یاخی بوون لە ستەم قایمتر نەکا و گوڵێک لە یەخەی خەزاڵێکی رەنگ زەردی وڵات نەدا، هەر چیرۆکێک ئەگەر نەهایەتەن بزەیەک نەخاتە سەر لێوی دایکێکی جەرگسووتاو، چۆن دەتوانێ نازناوی پیرۆزی هونەری لێ بنێیت؟ هەر بەرهەمێک کە رێز لە رۆحی بەهاکانی مرۆڤایەتی نەگرێ، من بە هونەری نازانم و یەکسەر فڕێی دەدەمە ناو یەکەم زبڵدانی پەنا دەستم.
هونەر راچڵەکاندنی خەڵکە لە خەوەبەردینە. هونەر یاخیبوونە لە ستەم. هونەر خەباتکردنە لە پێناوی ئازادی و بەختەوەری مرۆڤدا. هونەر رەخساندنی دۆخی شادی و خۆشحاڵیە بۆ خەڵک بۆ گەنجان، بۆ مناڵان. هونەر بەرگریکردنە لە ژن و مافە لێزەوتکراوەکانی کە هەر ئێمە خۆمان کردوومانەتە یەخسیری ئەبەدیی سەدەکان. هونەر لێدان لە شەرارەتی جەهل و بەرگرییە لە زانست و جوانی و شادی و فراوانی و پێشکەوتن. هەر بەرهەمێک ئەگەر بۆن و بەرامەی ئەوانەی پێوە نەبێ، من تووڕی دەدەمە ناو یەکەم قەناتی ئاوەڕۆوە.
ئەی ئەو کەسەی لە ناو تاریکیدا بۆ دۆزینەوە رێگای خۆت دەستەدەکوتە دەکەی، ئاگاداربە ئەوەی وردە وردە چرای رۆشنی رۆحت کز و کزتر دەکا و بەرچاوت لێڵ و تاریکتر دەکا و کەم کەم وەجاخی بیر و تێگەیشتنت کوێر دەکاتەوە و سەرشۆڕ و خەفەتبارت دەکا و سەرەنجام بە چۆکت دادێنێ، ئەوە هونەر نیە. ژەهری تاریکییە، حۆقەبازێک بە هەڵکەوت بەرگی بووکێنی لەبەر کردووە.
ئەوەی هەوڵ دەدا بتترسێنێ و دەروونت پڕ کا لە خۆف و ئەژنۆی هیوات بشکێنێ و لە مرۆڤێکی داهێنەر و پڕ بەهرەوە بتکا بە کۆیلەیەکی چاو لە دەست و دەستەمۆ، هونەر نیە، چەقۆیەکی ژەهراویە بە هەڵکەوت قاتڵێک هەڵیگرتووە. قاتڵێک کە بەرگی قارەمانیان لەبەر کردووە.
ئەوە هونەری دەسەڵاتدارانی فاشیست و دیکتاتۆرە کە، دەر و ژووری ژیان و گیانت پڕ کەن لە خۆف و ترس و بێباوەڕیی و داوەشان. ئەوان ئەو کارە بە مەلاکان و بە مەداحانی خۆیان دەکەن. بە چیرۆکی زۆر ترسێنەری دوور لە واقع. بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی جەهەننەم و مار و دوپشکی بەقەد وشتران. نەکرا بە سەرنیزە و رەشبگیر و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و سێدارە دەیکەن. هەر نەکرا ئینجا بە مەواد بڵاوکردنەوە لە ناوخەڵک و لاوەکاندا دەیکەن. هونەری ئەوان بڵاوکردنەوەی تریاکە جا چ ئەو تریاکەی کە رۆحتان دەکووژێ و چ ئەو تریاکەی کە جەستەتان لەناو دەبات.
ئەی ئەو کەسەی لە ناو تاریکیدا بە دوای دۆزینەوەی حەقیقەت و رێچارەدا دەگەڕێی، ئاگاداربە! هونەر ئەو کڕووزانەوە و پاڕانەوە و ئەو لاڵانەوە و نووشتانەوە و ئەو عەزا و شین و شەپۆڕ و باوکەڕۆییە نیە کە پاشماوەی سەدەکانی ناوەڕاست تۆوی پیسییان لە ناو زەلکاوەکانی کوردستاندا بڵاوکردۆتەوە.
سێ جومگەی سەرەکیی هونەر، سێ کوچکەی بنەڕەتی هونەر، سێ پایەی ئەسڵی هونەر، سێ وشەی هەمیشە ئازیز لای من، ژیان و شادی و ئازادییە. رەگی ئەم سێ بنەمایەی هونەر هەتا نەهایەتی بێسنووری هەبوون لە ناو دڵ و هزری مرۆڤ دا رۆچۆتە خوار و هونەرمەندان هەرگیز، ئەبەداوئەبەد لە وەسفی ئەم سێیە تەواو نابن. گەر رۆژێک دیتت هونەرمەندێک بۆنێکی لەم سێ بۆنانە، رەنگێکی لەم سێ رەنگانە، دەنگێکی لەم سێ دەنگانە پێنییە، هەتا زووە لێی دوور کەوە. هەتا زووە پشتی تێکە با دەرفەتت لێنەهێنێ، با زەفەرت پێ نەبا و زیانت پێنەگەیەنێ.
بۆ تۆی خوێنەری هونەردۆستیش زۆر گرینگە کە بۆ دۆزینەوەی هونەر، لە کۆسپی ئیسم و میسمان تێپەڕی. ئەم ئیسم و میسمانە ئێستا هەن، رێک وەک پەرژینی بێستان وان. تۆ پێویستە لێیان تێپەڕی و خۆت بگەیەنیە بەرهەمی بێستانەکە. زۆر گرینگە بۆ تۆی تازە نووسەریش کە پەرژین و پەردە تار و مارەکان لە دەوری بیر و هزر و خەون و خولیای خۆت لادەی و لە کۆتاییدا هونەر وەک خۆی کە هەیە بەدی بکەی. بە راستی و پاکی و زوڵاڵی و لە کانی و سەرچاوەی رەسەنی خۆیەوە کە هەمانا ژیان و ئاوات و ئارەزووەکانی خەڵکە.
هەر بەند و رستە و هەر وشە و شێعر و گۆرانییەک، جوانییەکی سەرنجڕاکێشی دەروونی هەبوو کە ژێیەکانی ویژدانی مرۆڤبوونی تۆی هەژاند، کە هانی دای بەرەو جووڵە و پێشکەوتن، هەر دەنگێک کە هەستت کرد لە دڵەوەڕا هات و راست نیشتە سەر دڵت، هەر هاوارێک بانگی کردی تا لە ستەم یاخی بی و قەت کۆڵ نەدەی، هەر هێمایەک کە هانی دای تا لەخۆڕادیو و شاد و دڵخۆش و سەرفراز بی، هەر نیشانەیەک کە نەهی کردی تا ویژدانت نەفرۆشی و بەها ئینسانیەکانی خۆت لە دەست نەدەی، بزانە کە ئەوە رێک خودی هونەرە، هونەری بەرگرییە.
ئەم وینە و تابلۆ و شانۆ و ئاواز و مۆسیقایەی دڵت خۆش دەکات و دەتخاتە پێکەنین و سەما، یان هێزت دەداتێ و هەستی جوانیپەرستیت دەباتە لووتکە، بزانە کە ئەوە هونەرە. هونەری رەسەن دایمە دڵڕفێن و رۆح هەژێن و هێزبەخش و نشات هێنە.
ئەم وتانەی کە باوەڕ بەخۆییت زیاد دەکا و هیوات بە داهاتوو دەبووژێنێتەوە، بزانە هونەرە. هونەرە، چوونکە لە توێ توێی رەنگ و دەنگ و وشە و وتە بە نرخەکانیدا هەوڵدەدا تا وشیارت کاتەوە، هەوڵ دەدات تا خەوت بزڕێنێ و بەرگری لە خۆت و داهاتوو و هیوا و ئارەزووەکانت بکات.

قەڵەمێ سەری خۆی هەڵگرت
هیچ دەفتەر و هیچ کاغەزێ
نەیانزانی
رووی لە کوێ کرد
چونکە ویستیان دای بدەن و
خۆی بە خۆی بکووژێننەوە!
چونکە ویستیان وا بنووسێ
هەر بە تەنیا سوڵتانەکان
بیخوێننەوە!

شێرکۆ وا دەڵێ: ئەو بەم چەند وشە کەمە رەوایەت لە خەفەقان دەکات. شێرکۆ بەو چەند رستەیە تابلۆی دیکتاتۆریەت نیشان دەدا. ئەم شاعیرەی بەرەی بەرنگاریی و شۆڕش، هەوڵ دەدا تا تۆی هاووڵاتی، تۆی نووسەر و شاعیری تازە پێگەیشتوو لە خەتەرێک ئاگادار کاتەوە. شێرکۆ هەرگیز بەر لە نووسین بیری لەوە نەکردۆتەوە کە چ بنووسێ و چۆنی بنووسێ و لە سەر چ رێباز و سبک و ئیسمێک بینووسێ. ئەو دەزانێ کە پۆست مودێرنیسم و پەسا مودێرنیسم و سەدان ئیسمی دیکە، نازناوی کاتیی و کەم بەهان و خاوەنی هیچ رەسەنایەتییەک و هەڵگری هیچکام لە رەساڵەتەکانی هونەر نین. جەوێکن ساز دەبن و تەمێکن بە سەر سرووشتی کۆمەڵگادا دەکشێن و بەرگێکن لەبەر دەکرێن و هەور و هەوایەکن کە دێن و دەڕۆن.
هاوڕێم، هونەر بۆ هونەر و هەروەها هەموو ئیسمهکان وەک هەوری سپی ئاسمانی هاوین نەزۆک و بێ بارن. زۆر نابا کە لە بەرابەر خۆری حەقیقەتدا کەم کەم، کەم دەکەن و دەتوێنەوە. هونەر ئەوەیە کە لە هەناسەیەکدا، دڵ و مێشک و گەرووت پر کا لە هەستێک، لە هەوایەک، لە شتێک کە تۆ خۆیشت نازانی چیە، بەڵام حەزی پێدەکەی. هەستێک کە نشاتت پێدەبەخشێ و پڕت دەکاتەوە. بریسکەیەک، هەوایەک کە بەر چاوت رووندەکاتەوە. شتێک کە وا دەکات تا هەستێکی توانابەخش دەروونت دادەگرێ، هەبوونێک کە بەراستی ئاسان نییە پێناسەکەی. بەڵام رێک دوای هاتنی، دوای دیتنی، دوای گوێ لێگرتنی، پاشی خوێندنەوەی، ئیتر تۆ هەست دەکەی کە ئەو کەسەی جاران نەماوی، گەورەتربووی، بیر روونتر بووی. بەهێزتر بووی، قایمتربووی و وشیارتربووی و پشوویەکت هاتۆتەوە بەر و نــــوێ بوویەوە.
دوو ئیسم بەڵام لە مێژووی هونەردا هەن کە باوەڕ پێکراون و راستەقینەن. رەگیان لە زەوی و سەریان لە ئاسمانە. رئالیسم و رۆمانتیسم. هەموومان دەزانین کە بوون و نەبوون، مەرگ و ژیان، شەو و رۆژ، خێر و شەڕ، تاریکی و رووناکی و جەهل و دانایی دوانەی یەک زگ و تەواوکەری یەکترن. بــۆ وایــە؟ من نازانم. بەڵام ئەوەندە دەزانم کە لە جیهانی ئەدەبیاتیشدا، واقع و خەیاڵ، رئالیسم و رۆمانتیسم ئاوان. تەواوکەری یەکترین. هیچکامیان بە بێ ئەویتریان نابن. هەر کامەیان بە بێ ئەویتر سیس و ژاکاوە و وەک وێنەیەکی شێواو و ناکامڵ دەنوێنێ.
هونەرمەند هەیە وەک «ژوڵ ورن» کە بەهرەکەی زیاتر لە نبووغی خەیاڵە سەرکەش و بزۆزەکەی دایە و شاکاری وەک “سەفەر بۆ ناوەندی زەوی”، “بیست هەزار فەرسەخ لە ژێر دەریا”، “دەوری زەوی بە ٨٠ رۆژ”، “سەفەر لە زەوییەوە بۆ مانگ”، “پێنج حەوتوو لە ناو باڵۆن “ی نووسیوە. نووسەرێک کە زۆر بە دەگمەن خاکی شار و وڵاتەکەی خۆی فەڕانسەی جێهێشتووە. تەنیا خەیاڵی کردووە. ئارەزوو و خەیاڵەکانی خۆی نووسیوەتەوە. لە سەردەمی ئەودا هێشتا نە تەیارە بوونی هەبوو، نە ژێردەریایی، نە قەتار، نە سەفینە و نە نەخشەی ورد و دەقیقی دنیا کە هەموو خەڵک و زمان و کلتوورەکان نیشان بدا. «ژوڵ ورن» هەموو ئەو دیاردانەی بە خەیاڵ نەخشاندووە. ئەو لە راستیدا ئارەزووی گشتیی و هاوبەشی هەموو مرۆڤەکانی لە رۆمانەکانیــدا نەخشاند. ئەم خەیاڵە سەرکەشە، «ژوڵ ورن»ی کردە یەکێک لە ١٠ کەڵە نووسەری گەورەی هەموو جیهانی سەردەم.
نووسەریشمان هەیە وەک «چێخۆف» زۆر واقعگەرا و رئالیستە. یان وەک «داستایووسکی» کە کەسێکی زۆر گەڕیدە و دنیادیدە بووە و هەرچی دیویەتی نووسیویەتەوە. بۆ نموونە “براکانی کارمازۆف”. ئەم دوو نووسەرە هەر دووکیان توانایی ئەوەیان هەبووە هەرچی کە دەیبینن کوت و مت بیهێننە سەر کاغەز. بە جۆرێک کە ژیانی ناو کۆمەڵگای سەردەمی خۆیان وەک تەماتەیەک قاش دەکەن و ناوەکەی بە جوانی نیشانی خەڵک دەدەن و پێیان دەڵێن:
“ئەوەتا خەڵکینە! تەماشا کەن! ئەوە ئێوەن. ئێــوە ئــاوا دەژیـن.
هاورێی من ئەگەر تۆ دەتەوێ هونەرمەند و نووسەر و نەقاش یان شاعیرێکی رەسەن بی، گوێ مەدە ئیسم و میسمەکان. بنووسە. بەرگری بکە لە خۆت، لە مافەکانت و لە خەونەکانت. بەرگری بکە لە ئارەزووت، لە خەیاڵت لە هیواکانت. چاوت لە دووی ئافەرینی کەس نەبێ و دەس لە کیسەی پیس و پڕ لە خوێن و چڵکاوی گەورەکانی دەور و بەرت رامەکە.
شەو و رۆژ دێن و دەڕۆن، ئاشقان دێن و دەڕۆن، فەقیر و دەوڵەمەند دێن و دەڕۆن، حیزب و گرووپ دێن و دەڕۆن. دەوڵەتەکان دەڕۆن. کلیسا و مزگەوتیش دێن و دەڕۆن. کەم و زۆر چاک و خراپ دێن و دەڕۆن، بەڵام واقع و خەیاڵ هەر دەمێنن. هەبوون و ئارەزووەکان هەر دەمێنن. هەرێمی ژیان و هومێدەکان هەر دەمێنن. بەرهەمی هونەری رەسەنیش بێگومان هەر لە هەوار و هەرێمی ئەم خەون و ژیانەوە، دیسانەوە لە دایک دەبن.
دۆستانی من! راستە کە هەنووکە ستەمکاریی و ریاکاریی و گەندەکاریی باوە. راستە کە ئێستا باو باوی رێوییە و شێری بێشە هەنگاوی شل و خاوە. بەڵام ئەمە دۆخێکی کاتییە و تێدەپەڕێ. لە سەرووی هەورە رەشەکانی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و چۆڵپەرەستیدا، رۆژی روونی حەقیقەت و بیر و خەونی ئازادیخوازی و ئەڵماسی مافخوازی و زێڕی سپی شادی، هەردەم لە درەوشانەوە دایە و دەبێ. پێویستە کە تۆ لەوە دڵنیابی کە خەونی بەختەوەریی و جوانیخوازیی مرۆڤ و، داکۆکی لە مرۆڤایەتیی، چەشنی رووباری خوڕێنی بەهارە کە بە شڵپ و هۆڕ و کەفچڕێن دێ و تێدەپەڕێ و قەت قەت لە شەپۆل و جووڵە ناکەوێ. ژیان و خەونەکانمان هەدا نادەن!
«لنگستۆن هیوز» شاعیری رەشپێستی ئەمریکی دەڵێ:

هیواکانت لە دەس مەدە.
چونکە ئەگەر هیواکانت لە دەست بدەی،
دنیا وەک بیابانێکی رووت و بەرەهووتی لێدێ.

کورد و جووڵانەوەی شۆڕشگێڕیی کورد پێویستی بە هیوا و هیممەت و جەربەزە بووە و هەیە بۆ ئەوەی گەلی کورد، لە کۆست و تەنگانەکاندا بەسەر کێشە و شەڕ و گرفتەکانی دا سەر کەوێ. شێعر و سروودەکانی بەرەنگاریی، شان بە شانی گوللەی تێکۆشەر و خەباتکاران لە بەرەی جەنگی کورددا، لە بەرەی خەڵکی بەشمەینەت و چەوساوەدا، ئێستاشی لەگەڵ بێ، لە شەڕدا بوون و هەن و بەردەوام شکۆ و شاکاری نوێ دەخولقێنن.
شێعر و هونەری بەرەنگاریی ئاوێنەی باڵانوێنی ئاواتەکانی خەڵک و خەبات و شۆڕشن. هونەری بەرەنگاریی بە حەق دەوری سەرەکی گێڕاوە لە هیوا و هومێد بەخشینەوە بە جووڵانەوە و دۆزی رەوای کورد. شاعیرانی کورد لەم بوارەدا بوونە لووتکەی بەرزی لە شکان نەهاتوو. مێژوو شاهیدە کە زۆربەیان لە ریزی رابەرانی پێشڕەوی خەباتی گەلی کوردا بوون وهەن.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەدەبیی کورد دا بخشێنین، بە تایبەت مێژووی ئەدەبیی سەردەم، تاقە یەک شاعیری گەورەی کورد نابینی کە شێعری بەرەنگاریی نەوتبێ.
بۆ نموونە گۆران. با لە گۆرانەوە دەست پێبکەین. گۆران، گۆرانی جوانی ناس، گۆرانی رچەشکێنی شێعری نوێی کوردی لە باشوور. گۆران شاعیری، شێعری “ئافرەت و جوانی”، “گوڵی خوێناوی”، “بۆ جوانی لادێ”، “لە درزی پەچەوە”، “جوانی بێ ناو”، “بۆ بلبل”، “گەشت لە هەورامان” و دەیان شاکاریتر کە شێعرەکانی کوت و مت تابلوی نەقاشیین، تەنانەت ئەو شاعیرە یەکجار جوانیپەرەستەش نەیتوانیوە خۆ بە دوور بگری لە وتنی شێعری بەرەنگاریی. لە راستییدا ئەوە شێعرە بەرنگارییەکانیەتی کە زیاتر گۆرانیان لە ناو خەڵکدا ناساندووە و خۆشنێویان کردووە. شێعرە بەرەنگارییەکانی بوونە شاکارەکانی دیوانەکەی. بۆ نموونە لە شێعری “بەستەی نەبەز” دا لە ساڵی ١٩٥٣ دا دەڵێ:

من ئەو دیـــلەم لە زیندانی تاریکا
هەتاوی بیر ڕووناک ئەکا بەرچاوم؛
بە ناو هەزار حەڵقەی داوی باریکا
قەفی زنجیر ئەپچڕێنێ هەنگاوم!

*
من ئەو دیــــلەم لە پشت شوورای پۆڵاوە
ئاسۆی هیوای گەشم هەرگیز ون ناکەم؛
لە ڕووی ئاسمان بە گڕی سوور نووسراوە
بـەندە بـەندەی ئـایین نـامەی بــــڕواکەم!

*
من ئەو دیــــلەم ئامانجم قیبلەی گشتە؛
با سامدار بێ و پڕ دڕک بێ ڕێی ڕاستم،
مــادام هێــزی زۆربـەی گـەلم لە پشتە:
دڕک گــوڵە و تـرس ئــارامە بۆ خواستم!

*

من ئەو دیلەم کـە سـرنجی بێ باکم،
سڵ لە چــاوی پـڕ لە قینی زەق ناکا؛
دانەچیڕەی گورگی هاری سەر لاکم
زاتـی گیـانی نـەلـەرزیـوم لەق ناکا!

*
من ئەو دیلەم کە دیل کەری زۆردارم
دڵی لەبەر گـــــوڕی ناڵەم ئەلەرزێ؛
تا شــڕتر کا کەڵبەی لەشی زامارم،
خـــۆی خراپتر لەناو خوێنا ئەگەوزێ!

*
من ســەربازی ئـامــانجێکم: پیــــرۆزە،
فیــداکاری ڕێـگایـەکــــم: بێ گـــەردە،
ڕەنجێک ئەدەم ڕەنجی پیاوی دڵسۆزە،
لە ڕێیەکا بێ باک ئەمرم: ڕێی مەردە!

ئەمە تەنیا یەک نموونەیە. گۆران دەیان شێعری بەرەنگاریی هەیە وەک: “زیندانی ئەژدەهاک”، “تاسەی دیدار”، “نەورۆز”، “بەری بەیانە”، “دەمی راپەڕینە” و “ساوای ئاشتیخواز” و هتد.
فایەق بێکەس کە شاعیری ناسراوی کوردە، دوای شەڕی جیهانی یەکەم، گەرای هەست و بیری داکۆکی لە کورد و کوردستان و خەڵکەکەی خۆیەتی. کەس ناتوانێ بڵێ کە فایەق بێکەس شاعیری بەرەی بەرەنگاریی و شۆڕش نەبووە. هەمووان دەبینین کە بێکەسی باوک لە سەردەمی خۆیدا و دوای خانی و حاجی قادری کۆیی یەکێک لە پێشڕەوانی هونەری بەرگریی بوو. ھۆنراوەی “بیست و حەوت ساڵە”کەی کە تیایدا داگیرکەرانی کوردستان سووک و ریسوا دەکات، کراوە بە سروودی نەتەوەیی و هەتا ئێستاش وێردی زمانی چووک و گەورەیە لە کوردستان.
هێمن شاعیری رقی پیرۆز،
دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە رق ئەستوورترم،
لێمدەدا، ئەمما لە سەر داوا رەواکەم سوورترم،
دەمکوژێ، ئەمما بە گژ جەللادەکەم دا دێمەوە،
کـوردم و ناتــوێـمەوە، ناتـوێـمەوە، ناتـوێـمەوە.
یەک لە گەورەترین شاعیرانی کوردی دوای شەری جیهانی دووهەمە. هێمنی راستگۆ و رەوان بێژ و هەست ناسک، دەیان شێعری بەرەنگاریی هەیە کە زۆربەیان کراونەتە سروود و گۆرانی وەک: “ئەمن کوردم”، “تۆم هەر لەبیرە”، “رۆژگاری رەش”، “بەغدا نیوەی رێیەت بێ”، “تەپڵی ئەمان”، “پەری شێعر”، “مەتەرێژی شەرەف”، “ترووپکی رزگاری”، “شەو و شەیتان”، “سنوور”، “ئارەق و تین”، “کاروانی خەبات”، “بناری هەڵگورد”، “رقی پیرۆز”، “بەهاری ئاڵ”، “فرمێسکی رونوو”، “زیندە بە چاڵ”، “دەستڕێژی لاوان”، “رەوەز ورد نابێ”، “بەهار هەر دێ” و زۆری دیکەش.
کتێبی “بۆ کوردستان”ی هەژار هەڵدەیەوە، لە کەم جێگا تووشی شێعر و هۆنراوەیەک دەبی کە بۆنی بەرەنگاریی پێوە نەبێ. هەژار هێندە لە شێعری بەرەنگاریی و فیکری بەرەنگاریدا قاڵ بووەتەوە کە بەراستی دیدی خۆی بچوک کردۆتەوە و بە جارێک خۆی هەژار کردووە و ئەو کاتانەی کە ئاگرە توندەکەی دەروونی هەڵیگرتووە رکێفی لە دەست دەرچووە و تەنانەت پەلاماری خەڵک و نەتەوەی تریشی داوە.
قانع شاعیری چەوساوەکان، شاعیری راساو لە بێعەداڵەتیی و زوڵم و جەوری دەرەبەگ و شێخ و مەلا و دەوڵەتەکان، هەرگیز قەناعەتی تەنیا بە جوانی و جوانیناسی و هونەر بۆ هونەر نەبووە. قانعی حەقبێژ کەم شێعری هەیە کە لە رەنجێک و ئازارێکی قووڵی دەروونی خۆی و ژیانیەوە سەرچاوەی نەگرتبێ:

ئاخرین ماڵی ژیانم گونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە،
زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕزڕەی زنجیر ئەکەم
سەیری ئەم زنجیرە کەن! وەک زیوەری شاهانەیە
….
گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەپچە، لام وەکو ئەفسانەیە
چاوەڕوانی میللەتم بۆ ئەو مەبەستە، کردەوەی شێرانەیە،
…..
شۆڕشێکم عالەمێ رزگار بکا

سوارەی تیژ و وردبین و خۆشبێژ و جوانەمەرگمان کە رچەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژهەڵات شکاند، هەر تەنها بە کارتی “خەوە بەردینە”وە دەتوانێ بچێتە ریزی شاعیرانی بەرەی بەرەنگاریی و شۆڕش. ئەوە بێجگە لەوەی کە شێعری دیاری وەک “شار”، “کچی بەیان”، “خێڵی درۆ” و “بر خوان خورشید”یشی هەیە.
بەرهەمە ئەدەبیەکانی ئیبراهیم ئەحمەد کە وەک باوکی ناسیۆنالیزمی کورد دێتە ئەژمار، بە گشتیی دەچنە بەرەی هونەر و شێعری بەرەنگارییەوە. ئەگەر هەر بە تەنیا باسی شێعری “شیرین بەهارە”کەی بکەین، دەبینین کە چۆن لە کاتی خوێدا ژیلەمۆی کوردایەتیی گەشاندۆتەوە و ئاگرێکی سەراسەری بەرەنگاریی لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان هەڵایساندۆتەوە.
پەشێو، پەشێوی ئاشقە حەق و ئاشقە جوانی هێشتا گەنجێکی کەم تەمەنە کە ژیان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر رەد دەکاتەوە و رێگای شاخ و هەندەران دەگرێتە بەر.

دەریان کردم،
چوونکە شێعرم
مناڵێکی چەتوون ئاسا،
پلووکەبەردی هاویشتە
ماڵی شووشەبەندی گەوران!
دەریان کردم،
چوونکە شێعرم هێڵی بەزاند،
لە ڕووی گەنجینەی دزراو
گڵۆپێکی
دە هەزار ڤۆڵتی داگیرساند!

زۆرینەی کار و تابلۆ و بەرهەم و شێعرەکانی قانع، هێمن، هێدی، هەژار، پیرە مێرد، دڵدار، رەفیق سابیر، پەشێو، شێرکۆ بێکەس، جگەر خوێن، لەتیف هەڵمەت، جەلال مەلەکشا، هادی زیائەدینی، شۆڕش ئاهی، شەریف، ئاسۆ، چاوە، رێبوار، کەماڵ میراودەلی، قوبادی جەلیزادە، سارا فەقێ خدر، حەمە سەعید حەسەن، ئەحمەد بازگر، ن. حیسامی، فەرهاد سەنگاوی، رەحمان بێساران، رەحیم لوقمانی، فەریدون ئەڕشەدی، بـێـبـەش، کاکە، و زۆر شاعیر و نووسەر و وێنەکێشی دیکەشمان دەچنە قاڵبی شێعر و بەرهەمی بەرگرییەوە.
ئەگەر مانای بەرەنگاریی بە قووڵی وەرگرین و بزانین کە داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ بە گشتیی و دیفاع لە مافی چین و توێژ و کەمایەتیە نەتەوەییەکان بە تایبەتی، هەر هەمووی دەچێتە خانەی بەرەنگارییەوە، ئەوسا هیچ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندێکی رەسەنی کورد نابینییەوە کە بەرهەمەکانی مۆری بەرەنگارییان لێ نەدرابێ.
کورد وەک نەتەوە ئەوە ٥٠٠ ساڵە لە دۆخی بەرەنگاری لە خۆی دایە. بــــــۆ؟! چونکە چەندین نەتەوەی خۆ بەزلزان و دڕ و مرۆڤکوژی دیکەی دەور و بەری، ئاشتیخوازییان کردە خاڵی لاوازیی و پەلاماری خۆی و خاک و کلتوورەکەیان دا. قابیلە کە هونەرەکەی رەنگدانەوەی بەرگریکردن لە خۆی و خاک و کلتوورەکەی نەبێ؟
تــــۆ بـــڕۆ ملوانکەی شینی شەریف هەڵدەوە، تاقە یەک شێعریم نیشان بدە کە شێعری بەرەنگاریی نەبێ. دیل، فرمێسکێ بۆ فەلەستین، قوتابخانە، نامە بۆ کۆڕی شاعیران، کۆچ، رووبار، ژار، دایە گیان بگری، هەڵاڵە، لانەی بایەقووش و هتد.
بەڵام رێگەم بدەن با من خۆ لە ناوهێنان بپارێزم چونکە یەکەم هەموو هونەرمەندانی جیلی خۆم و جیلی نوێ ناناسم و دووهەم ئەگەر ناو ریز بکەم دەبێ باسی زیاتر لە ٣٠٠ شاعیر و نوسەر و شانۆکار و نەقاش و هونەروانی دیکەی کورد بکەم کە لەم کورتە باسەدا بۆم جێ بە جێ نابێ.
من تێدەگەم کە تۆی نووسەر، شاعیر یان هونەرمەندی ئەمڕۆ کە هەنووکە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان دەژی، هەڵبەتە دەبێ هونەرەکەت رەنگدانەوەی سەردەمی خۆت و خەون و خەیاڵی خۆت و خەڵکەکەت بێت. دەبێ بەم ژان و حەزە نوێیانەوە ژانت بـێتـێ و بژیی و بـێـیە دەنگ کە هەنووکە خەڵکەکەت پێوەی دەشەکـێن و دەشکـێنەوە. راستە کۆمەڵگای کوردستان ئێستا چینایەتی و هاوکات چەند توێژە بۆتەوە و دۆخەکان ئێستا زۆر لە سەردەم و زەمانی ئێمەمانان ئاڵۆزترە و دەرد و ژانە کۆمەڵایەتیەکان بەژانتر و چەقۆ لە سەر زامی دڵی خەڵک قووڵتر چووەتە خوار. بەڵام ئایا بە راستی هەر ئەم دۆخە نالەبارە نیە کە خۆی لە خۆیدا بۆتە هۆکاری سەرەکیی کاردانەوەی هەموو رۆژەی خەڵک و خەبات و بەرخۆدان و خوڵق و خوو و کردەوەی بەرگری و خەون و خولیای رزگاریی؟ ئەی باشە ئەگەر وایە، ئەو هونەرەی کە راست لەم دۆخە دەدوێ، راستیە تاڵ و حاشاهەڵنەگرەکان دەردەخا، باس لە ئارەزووەکان دەکا و بیر و خەونی گۆڕینی ئەو دۆخە دێنێتە ئاراوە، هونەرێکی رەسەن نیە؟ من پێم وایە هەر راست ئەمەیە کە بووەتە سەرچاوەی هونەری رەسەن. هونەری رەسەن دووان لە واقع و لە خەون و ئارەزووەکانی ئێمەیە. هونەری رەسەن، رەسەنایەتیەکەی لە بەرگری لە خەڵک و ئارەزووکانی خەڵک و تێکۆشان بۆ گۆڕینی دۆخی هەبوو (وضع موجود) وەردەگرێ. هونەری رەسەن، هونەری بەرگرییە. گەرای شاکارە گەورەکان لێرە دەبەسترێ و حیماسە و تراژیدیایەکان لێرە لە دایک دەبن و رۆمانە هەرە گەورەکان لێرەوە دەست پێدەکەن.
مێژووی کلتوور و ئەدەبی کوردی خۆیشی خەزێنەیەکی پڕ بایەخی هونەری بەرنگارییە. ئەگەر بەم دیدەوە بێین چاوێک بە شێعر و گۆرانی و بەیت و باوەکانی کۆنی کوردی دا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە زۆر دەمێکە لە وڵاتی پان و بەرینی کوردستان هونەر و شێعری بەرگری خەریکی خەبات و تێکۆشانە بۆ خزمەت بە خەڵک و بۆ وشیارکردنەوەی تاکی کورد:
….
بێگانە نەڵێن کە کورد نەزانن
بێ نووسەر و هۆنەر و زمانن
پێمان نەڵی وێژەوانی بیر ورد
دڵداری نەبوو لە نێو کورد
کوا ئێوە نە دڵتەڕن نە دڵبەر
لەم رێگە نە رێڕەون نە رێبەر
….
کورد نە هێندە گێل و گێژ و کاسن
داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن
ژیر و بەدڵن گەلێک دەزانن
بێ خێوییە بێ سەر و زمانن
….

ئەمە چەند کۆپلەیەک لە پێشەکی مەم و زینی ئەحمەدی خانییە کە نزیک بە ٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە. هەژار هێناوێتە سەر دیالێکتی سۆرانی.
شێعری زۆربەی لایە لایەی دایکانی کورد بۆ کۆرپە ساواکانیان دەچێتە خانەی هونەری بەرگرییەوە.
بێگومان زۆربەتان گوێتان لە لایە لایەکەی ماملێ بووە کە چەنە بە سۆز و دڵهەژێنە. وابزانم شێعرەکەی هی مامۆستا هەژارە و لە راستیدا لە فۆلکلۆر وەرگیراوە. بڕۆ جارێکی دیکەش گوێی لێ بگرەوە بزانە ئایا ئەمە ناچێتە خانەی هونەری بەرگرییەوە؟
لەم رۆژگارە رەشەی نێزەبەدەستانی رەشپۆشی چەقۆ وەشێنی فاشیزمدا، لە دەورەی مرۆڤ سووتێنەکاندا، سەیر نیە ئەگەر کەسی دەربەدەر و شێعر و شاعیری دەربەدەر، زۆریش دیار نەبن. ئەمە بەڵام زۆر گرینگ نیە. دەربەدەریی و دووریی فیزیکی ئێمە لە خەڵک، تا رادەیەک وێنەی روخساری ئێمەی لە زەینی کۆمەڵگادا کاڵ کردۆتەوە. خەڵک بە تایبەت گەنجی وا هەیە کە نامانناسێ و بۆژۆیی بە بوونمانەوە دەکات. روخساری ئێمە چەشنی زەردەی خۆری پاییز، تیشکەکەی بەرەو ئاوابوونە. من خۆمان دەڵێم ها، نەک هونەر.
لە هونەردا بەڵام، بە گشتیی رەمز و رازێک، حەز و خوازێک، خەون و خولیایەک، هەست و هەوایەک و دەرد و دەوایەک و دوڕڕ و گەوهەرێک هەیە، کە نەگۆڕ و گشتیی و ئەبەدیە. تێپەڕینی رۆژگار کۆنی ناکات. ئەوە هیچ پەیوەندی بە دیاربوون و دیارنەبوونی فیزیکی ئێمەوە نیە. ئێمە ببین و نەبین هەر وایە. هەر رێک لەبەرئەوەشە کە شێعر و نووسین و تابلۆکانی ئێمەمانانیش هەمیشە خوێنەر و بینەری خۆی هەیە و دەیبێ و قەت لەبڕەو ناکەوێ و هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.

لــە دڵـی خوێنـم من دەخوێنـم
پـــڕ بە دنیــــا دەنگ هەڵدێنــم
جـەهـەننـەمـی ئــەم دنیـــایە
هەرگیز جەستــەم پێی رانـایە

ئـــــەی لاوەکان ئــەی مناڵان
خەرمانی خـەم بەن بە تـاڵان
گــــۆرانی نــــــوێ بـڵـێـنـەوە
گـــوڵی هیــــــوا بـژێـنـنـەوە،

نـەرگسەکـان چــاو هـەڵیـنـن
دەشتــی ســووتاو بخەمڵینن
مەلی شـەیدا دەنگ هـەڵـێنە
بە سـەد نەغمــە بچــریکێنـە
با بــەهـار و شــەیــدایی بێ
پـــەژارە و خــەم کۆتایی بێ
ژیــــان ئـەمـرۆ زینــــدانییە
دنیــــــای ئـێـمە بـەیـانییە.

ئەمە شێعری منە. قسەی دڵی منە. ئێمە شاعیرانی بەرەی بەرەنگاریی، خوازیاری ئاڵووگۆڕی بنەڕەتی لەم بارودۆخەی ئێستاین. بە هونەرەکەمان بۆ پێک هێنانی ئەم ئاڵووگۆڕە تێدەکۆشین. هونەری ئێمە هەڵوێستی ئێمەیە. هەڵوێستی ئێمە دەنگی ئێمەیە. دەنگی ئێمە هاواری خۆشەویستی و جوانی و ئەشق و ئازادییە.
من کە سەرگوزەشتەی خۆم دەخوێنمەوە دەبینم کە شەپۆلە سەرکەشەکانی کۆمەڵگا بە بێ خواستی خۆم هەڵیانگرتم و لەگەڵ خۆیانیان بردم. بێ خواستی خۆم بووم بە شاعیرێکی دەربەدەر. دەربەدەرێک کە هەڵبەتە ئێستا لەم زستانە سیاسییەی ژیانی کۆمەڵگادا، شێعرەکانیشی قاچاخ و دەربەدەرن. تاری جاڵجاڵووکەی سیخوڕەکانی دیکتاتۆری هیچ کون و قوژبنێک نەماوەتەوە کە بە چەکی چەپەڵکاری خۆیان نەیان تەنی بێ. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا و رێک لەوەها سەردەمێکیش خەڵک و بە تایبەت لاوەکان شێعری ئێمە دەست بە دەست دەگێڕن و دەیکەن بە گۆرانی و سروود. بــــۆ؟ رێک لەبەر ئەوەی کە لە رێگایەک، لە هەوایەک، لە نەوایەک، لە دەوایەکی تازە دەگەڕێن. لە رێگایەک تا بیکەنە رێبازی دەرچوونیان لە دۆخی نالەباری ژیانیان. لە هەوایەک کە پشوویەکی تێدا بدەن، نەفەسێک تازە کەنەوە. لە دەوایەک کە وەکوو مەرهەم بیخەنە سەر دڵی بریندار و تەشەنای خۆیان.
کێ هەیە “گۆمە شین”ی ئەحمەد بازگری بە دەنگی رەزازی نەبیستبێ و پێی خۆش نەبوو بێ؟
کێ هەیە “دەلالۆ لالۆ هەستەوە”ی شێرکۆی نەبیستبێ و دەیان جار سروود و گۆرانیەکەی لێنەدابێتەوە؟
کێ هەیە “ئاگرە سوورەی”ی نەکەرۆزی بە دەنگی کاک نەجمەی غولامی نەبیستبێ و نەبووبـێـتە وێـردی دڵ و زاری؟
کێ هەیە “کینە ئەم”ی شوانپەروەری گوێ لێ نەبووبێ و هەموو مووی بەدەنی راست نەبووبـێـتەوە؟
زۆربەی گورانیبێژە گەورە و هەڵکەوتەکانی کورد، کاتێک ناویان دەرکەوتووە و خەڵک ئامێزی خۆشەویستی بۆ کردوونەوە کە شێعری شاعیرێکی بەرەی بەرەنگارییان کردووەتە سروود یان گۆرانی. نموونەی هەرە دیاری ئەم ئیدعایە تاهیر تۆفیق، شوانپەروەر، رەزازی و نەجمە غولامین. پرسیار ئەوەیە: ئەو ئازیزانە بۆ ئاوا خۆشەویستن؟ من لام وایە کە ئەوەی ئەوانی ئاوا شیرین کردووە لە راستیدا ئەو دەنگ و نەغمە و ئەو وشە و رستانەیە کە شاعیرەکان گوتویانە و هۆندویانەتەوە. ئەوانە ئەو وشە بەنرخانەن کە خەڵک، خەڵکی داگیرکراو، خەڵکی رەنجکێشاو و ئازاردیتوو، خەڵکی لە زوڵم و ستەم وەگیانهاتوو حەز بە بیستنی دەکەن. حەز بە بیستنی دەکەن چونکە کوت و مت خۆیان و خەون و خەباتی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. چونکە رەوایەت لە رەنجێک یان خولیایەکی ئەوان دەکات. لێرەدایە کە کەسی ژیر و وردبین بۆی دەردەکەوێ کە شێعری بەرەنگاریی چەکێکە کە خەڵک دژی داگیرکەران بەدەستییەوە دەگرن و بەمشێوەیە پارێزگاری لە خۆیان و خەونەکانیان دەکەن. چەکێک کە پێی بە هێز دەبنەوە. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە شەمشەمە کوێرەکانی تاریکپەرەست، دێوەزمەکانی دیکتاتۆری و خەفەقان، گوێ لەمستان و خۆفرۆشان بە چاوی دوژمن چاو لە شاعیران و شێعرەکانی بەرەنگاری دەکەن و تیر و شیریان لێ دەسوون و قاچاخ و بزریان دەکەن و تەنانەت چڵکاوخۆرەکانی خۆیان و قەڵەمفرۆشەکانیان لە دژی ئەم هونەری بەرگرییە بەسیج دەکەن. هەوڵ دەدەن وا بە خەڵک بقوڵێنن کە “تەواو ئیتر ئەمە کۆتاییە. هونەری بەرگری و شێعری بەرگری تەواو بووە. دەوری بەسەرچووە و تازە کەس چاو لە شتی وا کۆن ناکات. ئێستا ئیتر دوای پەسامۆدێرنیزمە. ئێستا ئیتر ئەوەی باش و شایستەیە تەنیا هونەر بۆ هونەرە.
ئەم خۆڵ بە چاوداکردنەی خەڵک لە لایەن دیکتاتۆر و قەڵەمفرۆشەکان ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە ئورووپا و ئەمریکاش باو بوو. بەڵام ئەم تەپ و تۆزە هەنووکە لەوێ نیشتۆتەوە. خەڵکی ئورووپا و ئەمریکا ئێستا چاوی خۆڵتێکراوی خۆیان هەڵدەگڵۆفن و دەبینن کە چ کڵاوێکیان چۆتە سەر. هەر ئەم خۆڵ لەچاوکردنە بوو کە تووشی شەڕی جیهانی دووهەمی کردن. ئەوان هەر خەڵکیان گەوجاند و بازرگانیان بە خوێنیانەوە کرد. خەڵک درەنگ لە درۆ و فڕوفیشاڵەکانیان گەیشتن. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئەوان ئێستا تێگەیشتوون کە دیکتاتۆرەکان بـــۆیە وایانکرد تا خەڵک بە گشتیی لە گێژاوی بەدبەختی خۆیاندا خول بخۆنەوە. بەرچاویان لێڵ و تاریک بێ. هێچ نەبینن و نەزانن کە خوێنخۆر و خوێنڕێژەکان چ دەکەن.
کورد دەڵێ بەرخ هەر لەبن سەوەتەی دا نامێنێتەوە. خەڵکیش ئاوا بۆ ئەبەد خۆڵی لە چاو ناکرێ. خەڵک تا ئەبەد گێژ نابێ. پاشنەی ئاشیلی دیکتاتۆرییەکان لێرەدایە. لە تاریکی موتڵەقیش دا ئەگەر تۆ شقارتەیەک لێدەی، تاریکی دەشکێنی. شێعری شاعیرێکی بەرەنگاری هەر هیچ نەبێ مۆمێکە لە تاریکی دنیاداگری ئەواندا. بێگومان ئێمە ئەو مۆمە هەڵدەکەین. بە خۆشیەوە هەموو وڵاتی کورد ئێستا پڕپڕ لەو مۆمە رۆشن و پڕشنگدارانەیە.
گەرچی شێعری بەرگریی ژیانێکی نوێ بەبەر مرۆڤ و کۆمەڵگا و ژیان دەکاتەوە و دەبێتە دەنگی دلێری ئەشق و ئازادی، بەڵام گرینگتر و خۆشتر لەو شێعر و هونەری بەرگرییەش، ژیان خۆیەتی. ژیان و جیهان هەر دووکیان زۆر زۆر جوان و شیرینن. هەر بۆیەش نابێ رێگە بدەین کە زۆردار و چەوسێنەر و گەمژە و زەین کوێر و ستەمکار و گەندەڵ و بازرگانی خوێنی خەڵک، خۆشی و جوانی و شیرینی ئەم جیهان و ژیانەمان لێ بکەن بە ژان و برک. بە دەرد و رەنج و یەخە دادڕین و بــاوکــەڕۆ.
ئێمە هەین هێشتا. ئێمە ماوین. تێکۆشان و هەوڵ و هاواری ئێمەی هونەرمەند و شاعیرانی بەرەی بەرخۆدان و بەرەنگاری رێک و راست بۆ گێڕانەوەی ژیان و جیهانە بۆ دەق و دۆخە جوان و شیرینەکەی خۆی. ئێمە دەنگی رەوای گەلێکی بەشمەینەتین کە هەنووکە بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی خۆی دەجەنگێ. ئەوە ئێمەین کە بە هەوڵ و هیمەت و خوێن و قوربانیدانی خۆمان هاوارمان کرد و دیسانیش هاوار دەکەینەوە کە بــەرخـــۆدان ژیــانـە!
ئەگەر شێعر و شاعیر و نەقاش و نووسەر و شانۆکار و سناریۆنووس و هەر هونەر و هونەرمەندێک خزمەت بەم رەوت و رێگایە و بەم خەون و خولیایە و بەم ئەرک و ئاقارە نەکات بێگومان بن کە بەرهەمەکەی کەڵەی ناو بێستان و ژەهری ناو شەکران و بژێوی خۆپەرەستان و خزمەت بە هەلپەرەستانە.
ئەمە ئاگادار کردنەوەیە بۆ هەموو ئەو گەمژانەش کە پاڵیان وە لیخاوی گەندەڵی ئیسلامی سیاسیەوە داوە و بە ناوی هونەرمەند و نووسەر و رووناکبیر خەریکی شڵپە شڵپ و چڵکاو چڵپێنن و وایان داناوە کە ئەم دۆخە چەپەڵە ئەبەدییە و بۆ هەمیشە دەتوانن لەم قوڕاو و گەندکاوەدا ماسی رۆحی خەڵک بگرن. ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکیشە بۆ ئەوانە کە هەر ئێستا رێک وەک مەلا کەڵەک، بە هونەرەکەیان خەریکی لە خشتەبردنی خەڵکن. با هەمووان بزانن و ئاگادار بن کە سۆنامییەک بەڕێوەیە. سۆنامییەک کە هەموو دار و دیوارە کۆنەکانی کلتووریی و ئابووریی کۆمەڵگای کۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رەگ و ریشەوە لەبەریەک هەڵدەتەکێنێ و تۆوی جیهانێکی شیاوی ئینسانی نوێ لە زەوی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکاندا دادەچێنێ. ئەم سۆنامییە رێنسانسێکی کۆمەڵایەتی هونەر و زانست و ئابووریە. ئەم رێنسانسە لە سەنگەری ئازادی، لە هونەری بەرگری لە دایک دەبێ.
هونەری بەرگری، بەرگرییە لە ئازادی. بەرگرییە لە مافە رەواکانی گەل، لە مرۆڤایەتی. هونەری بەرگری، بەرگرییە لە هونەر خۆی. لە هەمان کات و لەیەک وشەدا هونەری بەرگری سەرچاوە و دایکی راستەقینەی ئازادی و ئاڵ وگۆرە.

ئهرکی بهسهرداچوونهوه و ههڵهچنی کهوتۆته سهر شانی بهڕێز محهمهد فهرهادزاده.

 

Avatar photo

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەدەبییات

ئایا ئه‌رکی هونه‌ر “ته‌نیا” به‌رگری له‌ ئازادییه‌؟

(ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ داڕشتنی شاعێری به‌ڕێز حسه‌ین شه‌به‌ق) ژانڕی ستاتیکا و ئه‌ده‌بییات خاوه‌ن وزه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێشن؛ وزه‌یه‌ک بۆ ڕوانین، ئاماژه‌دان و ده‌ربڕینی خواست و خولیا گه‌وره‌کانی مرۆڤ وه‌ک تاک، به‌ڵام ئه‌و تاکه‌ی که‌ له‌ خۆیدا و بۆ خۆی تاکه‌ و هاوکاتیش هه‌ڵگری خۆزگه‌، خه‌یاڵ و ترسه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤه‌ به‌ گشتیی. ئه‌وه‌ ساڵانێکی زۆره‌ که‌ فه‌لسه‌فه‌ زیاتر و […]

Read More
ئەدەبییات سیاسی

سوارە، بیرمەندێکی هێژا و نوێخواز!

سوارە، بیرمەندێکی هێژا و نوێخواز! سواره‌ ئیلخانیزاده‌ (1937-1976) گوڵبژێرێک لە ئافۆریزمەکان و دەربڕینە کورت و پڕ ماناکانی سوارە:  *من ڕۆڵەی چیام، چۆن لە چیا کەمتر بم.  *هیچ کەس شیاوی ئەوە نییە کە بە برسیەتی سەر بنێتە سەر سەرین.  *بەڵام لە شەڕ ناخۆشتر ئەمەیە کە تەسلیمبوون و سەرشۆڕکردنمان پێناخۆش نەبێت. *دەردی زانین، گاهێ لە ئێشی نەزانین […]

Read More
ئەدەبییات سیاسی

پێشه‌کییه‌کی تیۆریک

پێشه‌کییه‌کی تیۆریک: عادڵ قادری (زه‌هاوی) ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌ده‌ب له‌ ژێر ناوی جه‌نگ یان به‌رگری و به‌رخۆدان یان هه‌ر پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌ بێت، زیاتر ناونانێکه‌ که‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ دوو دۆخ یان هۆکار؛ یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگا یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ ناو فه‌زا و دۆخێکی جه‌نگیی به‌رده‌وامدا بێت و دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگا یان زمان یان که‌لتوورێکی […]

Read More