بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی مرۆییه که هیچ سنوور و فه‌رهه‌نگێک نیسبی ناکاته‌وه. بێگومان خودی ئه‌م تێزه گفتوگۆ و مشتومڕی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. ڕوانگه هه‌ن که ئه‌م ئایدیا به داهێنانێکی ڕۆژئاوایی و ئه‌ورووپایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به داهێنانێک که له سه‌ر بنه‌مای تاکپه‌ره‌ستی و تاکخوازی (لیبڕالیزم)، یاخۆ مه‌نتیق و بایه‌خدان به ئازادی بێسنووری تاک دامه‌زراوه و له ته‌ک فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهاندا یه‌ک ناگرێته‌وه و ته‌با نییه، هه‌ربۆیه گواستنه‌وه‌ی بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئاسان نییه. زۆر جار ده‌گوترێت که جه‌وهه‌ری ئه‌م ئایدیا ناتوانێت هیچ هه‌ستیاریه‌ک به‌رامبه‌ر به فه‌رهه‌نگ و به‌ستێنی مێژوویی جیاواز له لیبڕالیزم پیشان بدات؛ واهوهتر خۆ بیرۆکه‌ی ناوبراو بێجگه له جه‌مسه‌ری تاکخوازی، ئاوڕ له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵ و ئه‌نجوومه‌ن و ده‌سته‌واژه‌ی هاوپشتیی ناداته‌وه. له ته‌ک ئه‌وه‌شدا ڕوانگه هه‌ن، که کاکڵی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به شیاو و به گه‌ردوونیی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. گه‌شبینه‌کان له‌و به‌ستێنه‌دا ده‌ڵێن: لایه‌نی به‌هێزی فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ له‌وه‌دایه، که خۆی داهێنانێکی ئیخلاقی زه‌وینییه و په‌یامێکی ئاسامانی نییه؛ ئه‌م ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌بێته هۆی ئه‌وه، که ئایدیای ناوبراو مه‌شروعییه‌تێکی گه‌ردوونی په‌یدا بکات و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه سووننه‌تی و ئاینییه‌کانه‌وه وه‌ربگیردرێت. له پاڵ ئه‌وه‌شدا خۆ په‌یامی شه‌فاف و موتڵه‌قی فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ ته‌نیا بایه‌خدانی زۆر و زیاتره به که‌رامه‌تی مرۆڤ. ئه‌ویش مرۆڤی سه‌رده‌می مۆدێڕنیزم که له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی ژیانیدا خوازیاری ئه‌وه‌یه به شێوه‌ی کوێرکوێرانه مامه‌ڵه‌ی له ته‌کدا نه‌کرێت، چونکه دونیای ئیخلاقی ئه‌مڕۆ دونیای هۆکاره، واته دونیایه‌ک که ده‌رفه‌ت به مامه‌ڵه‌ی بێبنه‌ما و هاکه‌زایی نادات. ئه‌مڕۆ هه‌موو شێوه مامه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خوازیاری هۆکار و مه‌نتیقێکی شه‌فاف و بێگه‌ردن. بنه‌ماو پڕه‌نسیپی ئه‌خلاق، ماف و ده‌رفه‌تی ئه‌وه به هیچ که‌س نادات، سه‌ره‌ڕۆیانه و به بێهۆکاری عه‌قڵانیی مامه‌ڵه له ته‌ک ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه‌دا بکات. به واتایه‌کی دیکه، ئه‌وه پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤه که ده‌خرێته چوارچێوه‌ی یاسای داڕێژراو و کاریگه‌ریی له سه‌ر فه‌رهه‌نگی ئیخلاقی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک داده‌نێت.
به‌ر له‌وه‌ی من ئه‌و دیالۆگه فه‌لسه‌فی و سیاسییه به وردی تاوتوێ بکه‌م و بیروڕای خۆم بخه‌مه ڕوو، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به چه‌ند لایه‌نی هه‌ستیاری بیرۆکه‌ی ماڤی مرۆڤ بده‌م. مافی مرۆڤ لایه‌نێکی «ئیخلاقیی» هه‌یه، ئه‌و لایه‌نه پێناسه‌ی خواست و پهیداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مرۆڤ ده‌کات، واته ئه‌و خواست و داواکاریانه که بۆ به ئاکام گه‌یشتنییان مامه‌ڵه‌ی مرۆڤانه ده‌که‌نه پێوه‌ری ئه‌خلاق و نابێ له هیچ سووچێکی ئه‌م گۆی زه‌وییه به ده‌ستی که‌م بگیردرێن؛ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ که ته‌نیا فه‌رهه‌نگێکی گه‌وره‌و کامڵ توانای فهڕزکردن و پیرۆزکردنی ئه‌و نۆڕمه پێشنیارییهی هه‌یه. واتا فه‌رهه‌نگێک که پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤه بکاته لووتکه‌ی ئامانجه ئیخلاقییهکانی خۆی؛ ئه‌وه خودی شوناس و پێناسه‌کردنێکی هومانیستیی مرۆڤه که ته‌نیا له به‌ر مرۆڤبوونی مرۆڤ [به‌رزترو کامڵتر له هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه، سه‌رتۆپی پڕۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن]، ڕه‌وایی به خودی که‌رامه‌ت و پاراستنی که‌رامه‌ت ده‌دات. ئاستێکی دیکه لایه‌نه «یاساییه‌که‌ی» مافی مرۆڤه، چونکه ئه‌و بیرۆکه بووه‌ته بنه‌مای زۆرینه‌ی یاسا گشتی و ده‌وڵه‌تییه سه‌رده‌مییه‌کان، واوه‌تر سه‌ره‌تاییترین مافه‌کان دیاری ده‌کات و ده‌بێته بناغه‌ی زۆرینه‌ی گرێبه‌ست و بڕیارنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. پاشان لایه‌نێکی «سیاسیشی» هه‌یه که جێگه‌ی سه‌رنجه. له دونیای ئه‌مڕۆدا هیچ پێکهاته و دیارده‌یه‌کی سیاسی ناتوانێت ئاوڕ له ده‌سته‌واژه‌ی مافی مرۆڤ نه‌داته‌وه، هه‌ربۆیه ته‌نانه‌ت دواکه‌وتووترین نیزامه سیاسییه‌کانیش بۆ وه‌رگرتنی مه‌شروعییه‌تی خۆ، به‌رده‌وام پاڵ به ده‌سته‌واژه‌ی مافی مرۆڤه‌وه ده‌ده‌ن و یهکتوپڕو له ناکاو هه‌لپه‌ره‌ستانه خۆیان به شاره‌زای هه‌موو گه‌مه سیاسییه دیمۆکڕاسییهکان ده‌زانن. جێگای سه‌رنجه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته دواکه‌وتوو چه‌قبه‌ستووانه‌ی که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یه‌وه به ڕژیم و ده‌سه‌ڵاتی دژه مافی مرۆڤ و دژه دیموکڕاسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن و زۆرجاریش خودی خۆیان بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ وه‌ک دیارده‌یه‌کی پاوانخوازی ڕۆژئاوایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، بۆ بهڕهسمییهتناسینی بڕیار‌و داواکارییه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیان، ئاماژه به ئایدیای مافی مرۆڤ ده‌ده‌ن و خۆیان به داکۆکیکاری هومانیستی (مرۆڤدۆستیی) سه‌رده‌م له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هه‌ربۆیه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییدا گه‌وره‌ترین مشت‌ومڕ له سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی ناوبراو هه‌یه، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ و له هه‌رشوێن مافی مرۆڤ پێشێل بکرێت، ئه‌وه به زووترین کات ئه‌و پرسه دێته ئاراوه، که چۆن به‌ر به‌و تاوان و که‌رامه‌ت شکاندنه بگیردرێت. گرامهرو ئه‌ده‌بیاتی مافی مرۆف ڕێزمانێکه، که بۆ تانه‌گرتن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به کار دێت. واوه‌تر لایه‌نه «مێژووییه‌که‌ی» ئه‌و ئایدیا بۆ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جیددی ده‌بێت. ئه‌گه‌رچی تا به ئه‌مڕۆش له سه‌ر ئه‌وه کۆک نین که سه‌ره‌تای داهێنانی ئه‌و بیرۆکه بۆ که‌ی و بۆ کوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه، یاخۆ له بنه‌ڕه‌ته‌وه پێناسه‌ی ئه‌و بیرۆکه چۆن و چی بووه، به‌ڵام هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه که بۆ داڕشتنی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی به بنه‌ما و قووڵی مافی مرۆڤ زۆر لایه‌ن و دیارده‌ی ئه‌و ئایدیا جێی بایه‌خن، به مه‌رجێک هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له شوێن و به‌ستێنی خۆیاندا به شێوه‌یه‌کی شیاو ئاماژه‌یان پێبکرێت. هه‌ربۆیه نابێت له‌و به‌ستێنه‌دا کاریگه‌ری لایه‌نه «کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی» مافی مرۆڤ پشت گوێ بخه‌ین. چونکه له هه‌ر شوێن و له هه‌ر کات و ده‌رفه‌تێکدا که باس له مافی مرۆڤ کرابێت و هانا بۆ ئه‌و ئایدیا برابێت، ئه‌وه له ئاکامی چهوسانه و سه‌رکوتکردنی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و چین و توێژێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگه‌دا ڕووی داوه؛ به واتایه‌کی دیکه ئه‌وه به شه‌فافی به‌رچاو بووه که گه‌مه و بێڕێزی به که‌رامه‌تی کۆمه‌ڵێک مرۆڤ کراوه و ئه‌و کرده‌وه بێجێیه، توڕه‌یی و وه‌ڕزیی کۆمه‌ڵگه‌ی ورووژاندووه. جا که‌رامه‌ت شکاندنی مرۆڤ پرسێکی حه‌یاتیی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه، چونکه که‌رامه‌تشکاندن کرده‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه که مافی ئه‌وه به‌خۆ ده‌ده‌ن بێڕێزی به مرۆڤ بکه‌ن، به گشتی ڕێز بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌ویش ئه‌و ڕێزه‌ی که ده‌بێ هه‌موو مرۆڤه‌کان به بۆنه‌ی مرۆڤبوونیانه‌وه به یه‌کتری ڕه‌وا ببینن، ڕێزێک که هه‌موو مرۆڤه‌کان قه‌رزداری یه‌کترن. به واتایه‌کی دیکه مافی مرۆڤ که‌ره‌سه‌یه‌که که بۆ به‌رگرتن له هه‌موو شێوه بێڕێزی و که‌رامه‌ت شکاندنێک داهێنراوه. ئه‌گه‌ر لایه‌نه «شۆڕشگێڕییه‌که‌ی» ئه‌و بیرۆکه بخه‌ینه ڕوو، ئه‌وه ئه‌و ئایدیا که‌ره‌سه‌یه‌ک یاخۆ گرامهرێکه که بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و بێڕێزی و کرده‌وه‌ی ناپه‌سه‌ندو بێبنه‌ما به‌کار دێت. هه‌ر نه‌زم و قه‌واره‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که شایه‌نی وه‌رگرتن و پشتگیری لێکردن بێت، ئه‌وه ده‌بێ خاڵ به خاڵی گرامه‌ری ئیخلاقی خۆی له سه‌ر بنه‌مای ئایدیای مافی مرۆڤ دابڕێژێت؛ چونکه کۆمه‌ڵگه به مرڤه‌وه کۆمه‌ڵگه‌یه و به هزرو ده‌ستی مرۆڤ بینا ئه‌کرێ و ته‌نیا بۆ پێکهێنانی ژیانێکی مرۆڤانه ڕه‌وایی په‌یدا ده‌کات.
ئه‌مه‌یه په‌یامی سیاسی، ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فیی چه‌رخی تازه و کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رده‌می مۆدێڕن. سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌و په‌یامه ئه‌خلاقییه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت که هیچ پێکهاته، چین و توێژ و تاکێک مافی ئه‌وه‌ی نییه، کوێرانه‌و به‌بێ هۆکار، یاخۆ سه‌ره‌ڕۆیانه له سه‌ر بنه‌مای هێز و جێگه‌و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مرۆڤ و تاک پێشێل بکات. دونیای ئیخلاقی ئه‌مڕۆ دونیای هۆکاره، دونیای به‌قه‌ناعه‌ت گه‌یاندن و دونیای دیسکورس و مه‌نتیقه. دونیای ملهوڕی و ده‌سه‌ڵاتداریی ئاوتۆریته‌ی کلاسیک کۆن بووه و به سه‌ر چووه، هیچ نه‌بێت له ڕوانگه‌ی ئایدیای پێشنیازی و نۆڕماتیڤییهوه. ئه‌وه‌ی که ئه‌و پێشنیازه هێشتا له که‌مترین شوێنه‌کانی ئه‌م گه‌ردوونه مه‌یدانی و واقعی بووه، هیچ له بایه‌خ و به‌ها، له مانا‌و بنه‌مای ئه‌و خواسته که‌م ناکاته‌وه.
ئێستا له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ئاماژه به کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ند ده‌ده‌م که ئه‌مڕۆ له بازنه‌ی ئه‌کادیمی و له په‌یوه‌ند له ته‌ک فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤدا خاوه‌ن گوفتوومانێکی جێگه‌ی سه‌رنج و جێکه‌وتوون. چونکه هه‌ر یه‌ک له‌و بیرمه‌ندانه له سووچێکی تایبه‌ته‌وه بۆ بیرۆکه‌ی ناوبراو ده‌ڕوانێت و هه‌ر یه‌ک له‌وان به سه‌بکێکی سه‌ربه‌خۆ له هه‌وڵدان، ئه‌و بیرۆکه بکه‌نه ئامڕازێکی باش و شیاوی کۆمه‌ڵایه‌تیی و پێکه‌وه‌ژیان. له هه‌نگاوی دووه‌مدا ڕوانگه و بۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به لایه‌نی ئهنتڕۆپۆلۆجی (مرۆڤناسی و سروشتی مرۆڤ) ئه‌و ئایدیا به‌یان ده‌که‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م که به گرامهرو سه‌بکێک بدوێم، تا ئه‌و ئه‌ده‌بیاته وزه‌و کارایی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، گه‌ردوونی بوونی ئایدیای مافی مرۆڤ بسه‌لمێنێت. له دووایین هه‌نگاودا هه‌وڵی گرێبه‌ندێکی فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌ده‌م، ئه‌گه‌رچی زۆر باش ده‌زانم که کۆمه‌ڵێک گرفت له سه‌ر ڕێگه‌ن و له ته‌ک کارێکی دژوار‌و دیارده‌یه‌کی نهناسرودا ڕووبه‌ڕووم ده‌که‌نه‌وه. بۆ وێنه بۆ کامه کۆمه‌ڵگه بڕوانم، بۆ کامه پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بۆ کامه مۆڕاڵی سێکولاری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و بۆ چ نیزامێکی دیموکڕاسی و بۆ چ فه‌رهه‌نگێکی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگه بڕوانم. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه، چه‌ند پێشنیار داده‌ڕێژم، به هیوای ئه‌وه‌ی که قابیلی قه‌بووڵ بن، یا وه‌ک بزوێنه‌ر ببنه هه‌وێن و ورووژێنه‌ری فیکر و بیرۆکه‌ی تازه. پێش هه‌موو شت ئاماژه به‌و ڕوانگه فه‌لسه‌فیانه ده‌ده‌م که ئه‌مڕۆ چه‌شنی سه‌رچاوه‌و سووژه کاریگەرن.
(١). ڕوانگه‌ی یه‌که‌م ڕوانگه‌یه‌کی ئێخلاقییه، ئه‌م ڕوانگه بایه‌خ به خولیا و خواسته‌کانی مرۆڤ ده‌دات. بۆ وێنه بیرمه‌ندی ئه‌مریکی «جه‌یمس گریفین» کاکڵی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییه‌وه گرێ ده‌دات، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر باس له هه‌ڵسووڕان و کرده‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئازادی مرۆڤ بکه‌ین، ئه‌وه له ئاکامدا خواست و خولیا بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیین که ده‌بنه بنه‌مای ماڤی مرۆڤ. له به‌ستێنی هه‌مان ڕوانگه‌دا بیرمه‌ندانی وه‌ک «جه‌یمس نیکل» و «جۆن تاسیولاس» به‌رینتر بیر ده‌که‌نه‌وه و بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی قووڵ و بهبنهماوه بۆ ژیانێکی باش و شیاو گرێ ده‌ده‌ن؛ ژیانێک که دوور بێت له ئازار و ناڵێن و نه‌هامه‌تی. ئه‌وه مافی مرۆڤه، که توانای سازدان و خولقاندنی ده‌رفه‌ت وچوارچێوهیهکه بۆ پیاده‌کردنی ژیانێکی له‌م چه‌شنه. چونکه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه که هه‌م خولیا و هه‌م مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ژیانێکی باش و شیاو بۆ خۆی دابین بکات. بێگومان ڕوانگه‌ی ژیانێکی باش خۆی زۆر ئاڵۆزه و گفتوگۆ هه‌ڵده‌گرێت؛ چونکه هه‌ر فه‌رهه‌نگ و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، مێژوویه‌کی تایبه‌ت و ڕوانگه‌و پێشبینیه‌كی سه‌ربه‌خۆی بۆ ژیانێکی باش هه‌یه. ئه‌گه‌رچی لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی باش تا ڕاده‌یه‌کی نیسبی ده‌بیندرێت و ناتوانێت گه‌ردوونی بێت. ڕه‌خنه‌کان له‌م ڕوانگه تا ڕاده‌یه‌ک ساکارن و ده‌ڕۆنه نێو ورده‌کارییه‌وه، بۆ وێنه زۆر جار ده‌گوترێت، ئاخر خۆ هه‌رکه‌س له ئێمه ده‌توانێت خولیا و خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، که خۆشه‌ویست بێت و وابه‌سته‌ی ئه‌وینی که‌سانی ده‌وروبه‌ری بێت، ته‌نانه‌ت پێشبینی ژیانێکی باش به‌و خۆشویستنه‌وه گرێ بدات! بەڵام ئایا ده‌کرێت ئه‌م جۆره که‌سانه له سه‌ر بنه‌مای ماڤی مرۆڤ داوای ئه‌وه بکه‌ن که ده‌بێ خۆشبوویسترێن؟ ئاخر خۆ خولیاکان زۆرن و زۆریش جیاوازن، چۆن ده‌توانین له سه‌ر ئه‌و بنه‌ما، فۆڕم (قه‌واره) و جه‌وهه‌ر و مانا به مافی مرۆڤ ببه‌خشین؟ چۆن ده‌توانین ئه‌و خواسته ته‌واو شه‌خسییه ئه‌وه‌نده فه‌ڕز بکه‌ینه‌وه؟ به مه‌رجێک باش ده‌زانین که خۆشویستن هیچ سات له‌ڕووی مافه‌وه ناسه‌ندرێت، خۆشه‌ویستی و ئه‌وین وێنای ئازادی ده‌که‌ن، ئه‌ویش ئازادییه‌ک که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به یاسا کرا، له ناو ده‌چێت؛ واوه‌تر خۆشه‌ویستی ته‌نیا له حاشییه‌ی نه‌زم و یاسادا سه‌رچاوه ده‌گرێت.
به سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه‌شدا نابێ هه‌رگیز له یادی بکه‌ین که فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی باش یه‌ک دونیا پۆته‌نسیال و ده‌رفه‌ت به ده‌سته‌وه ده‌دات و کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاوی هه‌یه؛ زۆر بیرمه‌ند له سه‌ر ئه‌وه کۆکن که ژیانی باش دایم به ئایدیای دادپه‌روه‌رییه‌وه گرێدراوه و له ته‌ک ئه‌و فه‌لسه‌فه‌دا ته‌بایه. ژیانی باش ته‌نها ئه‌وکات به باش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، که ده‌رفه‌تی خۆپێگه‌یاندن و خۆبوون بۆ هه‌موو تاکێک ته‌رخان بکات، واوه‌تر دادپه‌روه‌رانه هه‌مان شێوه ژیان به ده‌ورووبه‌ر و ئه‌وانی دیکه ڕوا ببینێت، له ئاکامدا فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی باش به‌ر به زۆر خه‌سڵه‌تی ناشیاو و ناپه‌سه‌ند ده‌گرێت. ژیانێکی باش ئه‌و ژیانه نییه، که هه‌موو ماف و ده‌رفه‌ته‌کان ته‌نیا به من، یا به هه‌ندێ توێژ، لایه‌ن و کۆمه‌ڵ ببه‌خشێت و به که‌سانی دیکه نه، ئه‌م شێوه ژیانه دادپه‌روه‌رانه نییه، که‌وایه باشیش نییه. سه‌بک وناوه‌رۆکی ژیانی باش ته‌نیا به ڕوانگه و هاوده‌نگیی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته پێناسه‌ی ژیانی باش. هه‌رکه‌س ته‌نیا خۆی بۆ خۆی و بۆ بازنه‌یه‌کی بچووکی داخراو پێناسه و پێشبینی ژیانێکیی باش ده‌کات، ئه‌وه با بڕوات و له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، له خه‌ڵوه‌تدا ئه‌و شێوه ژیانه پیاده بکات و بژی. پاشان خۆ زۆر شه‌فاف و ڕوونه که درووستبوونی خودی ئه‌و ڕوانگه و ئه‌و پێشبینییه بۆ ژیانێکی باش، داهێنان و به‌رهه‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. مه‌گه‌ر ئه‌وه ڕێزمان نییه، که ده‌بێته هۆی داهێنانی ئایدیا و داڕشتنی پێشبینیی و خه‌یاڵ، به‌ڵێ، ئه‌وه ڕێزمانه که له هه‌موو ئامڕازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه زیاتر به‌رهه‌می کۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و ئامڕازه‌ی که پێشبینی و پێناسه‌ی ژیانێکی باشی پێده‌کرێت. له ئاکامدا هه‌ر شتێک نه‌خرێته چوارچێوه‌ی وشه‌وه، هه‌بوون و واقعیبوونی ئه‌سته‌مه، ئه‌وه خودی ڕێزمانیشه که پێکه‌وه‌مان گرێده‌دات و ده‌بێته بنه‌مای داهێنانی هزر و تێڕوانینمان بۆ شێوه ژیانێکی باش و شیاوی مرۆڤ.
(٢). ڕوانگه‌یه‌کی دیکه باس له لایه‌نی سیاسی و به یاساکردنی ماڤی مرۆڤ ده‌کات. به پێی ئه‌م ڕوانگه پێویسته مانا و گرینگی بیرۆکه‌ی ماڤی مرۆڤ به یاسا و سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه گرێ بدرێت. له لایه‌که‌وه بیرمه‌ندی ئه‌مریکی «جۆن ڕۆڵس» فه‌لسه‌فه و به‌رنامه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌کان ده‌کاته بنه‌مای بیرۆکه‌ی ماڤی مرۆڤ و له لایه‌کی دیکه‌وه بیرمه‌ندانی وه‌ک «یۆسێڤ ڕاز و چاڕڵس بایز» هه‌مان بیرۆکه به سیاسه‌ت و یاسای مه‌یدانیی په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانه‌وه گرێ ده‌ده‌ن. «ڕۆڵس» له به‌ستێنه‌ی ئه‌و باسه‌دا ئاماژه به سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌کان ده‌دات، واته باس له پێناسه‌یه‌کی شیاوی نه‌ته‌وه‌کان ده‌کات، پێناسه‌یه‌ک که بیرۆکه‌ی ماڤی مرۆڤ بکاته کاکڵی خۆی، تا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێناسه بۆ پرسی شه‌ڕ و ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی بڕوانین. لێره‌دا زۆر شه‌فاف دێته به‌رچاو که «ڕۆڵس» به هه‌ستیارییه‌وه بۆ کاته‌گۆریی نه‌ته‌وه ده‌ڕوانێت و هیچ ئاماژه به ده‌وڵه‌ت نادات. ئه‌وه مافی مرۆڤه که دوایین بڕیار له سه‌ر پرسی شه‌ڕو به‌زاندنی سنووری ده‌وڵه‌تێک (بۆ پاراستنی مافی مرۆڤی ئه‌و نه‌ته‌وه) ده‌دات. پاش شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م ئه‌و بیره به ته‌واویی جێکه‌وتووه، که هیچ دوڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێک مافی ئه‌وه‌ی پێ‌نادرێت، به‌ری له به‌ها مرۆییه‌کان مامه‌ڵه له ته‌ک نه‌ته‌وه‌ی خۆیدا بکات. هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا پێویسته خودی مافی مرۆڤ به‌ر به شه‌ڕ و مه‌شرووعییه‌تدان به شه‌ڕی نێونه‌ته‌وه‌یی بگرێت. له‌م خاڵه‌دا سه‌روه‌ریی خودی ده‌وڵه‌تی بهڕهسمییهتناسراو ده‌کرێته ئاماناج و پاراستنی سنووره‌کانی گه‌وره‌ترین بایه‌خی پێده‌درێت. بێگومان «جۆن ڕۆڵس» بیرۆکه‌ی ماڤی مرۆڤ به پرسی ئاشتیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه گرێ ده‌دات و هاوکات له ته‌ک ئاشتیدا به خودی هه‌مان بیرۆکه تیشک ده‌خاته سه‌ر پێکهاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتیخواز و دیموکڕاسیخواز. هه‌ربۆیه ڕیزگرتن له ماڤی مرۆڤ ته‌نیا بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه و له نێوان ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا به‌هایه‌کی سه‌ره‌کییه که له سه‌ر بنه‌مای دیموکڕاسی پێکهاتوون و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی لیبڕاڵن. دیاره «ڕۆڵس» باوه‌ڕی به سه‌بک و نیزامی جیاوازی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی نه‌ته‌وه‌کان هه‌یه، به مه‌رجێک هه‌ریه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه کۆمه‌ڵێک عونسوری دیموکڕاسی ڕه‌چاو بکه‌ن. هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه عونسورهن که ده‌بنه هۆی فره‌چه‌شنی و دۆخێکی ئاشته‌وانی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام له‌م به‌ستێنه‌دا دێته به‌رچاو که «ڕۆڵس» باس له ته‌نیا یه‌ک بنه‌مای گشتگیر ناکات، واته کۆمه‌ڵگه لیبڕاڵ و مه‌نتقییه‌کان ده‌توانن له سه‌ر یه‌ک بنه‌ما و واتای مافی مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیان دامه‌زرێنن و ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی که له‌و شێوه فه‌رهه‌نگه دوورن، ده‌بێ خۆیان له سه‌ر واتا و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیکه‌ی مافی مرۆڤ ڕێک بکه‌ون.
زۆر به کورتی و به واتایه‌کی دیکه: «ڕۆڵس» فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ به پرسی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه گرێ ده‌دات؛ له‌و به‌ستێنه‌دا ئه‌و بیرۆکه ده‌بێته هۆی پێوه‌ر و خواستی پێشنیازی بۆ بڕیاردان له سه‌ر ده‌ستپێکی شه‌ڕ و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تێکی تایبه‌ت. له ئاکامدا ده‌بێ سڵکردن له پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ببێته هۆکارێکی سه‌ره‌کی بۆ ئاشتیخوازیی نه‌ته‌وه‌کان. ئه‌گه‌رچی له ئاستی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا کۆکبوون له سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ زۆر ئه‌سته‌مه، به‌ڵام ڕێکه‌وتن و کۆكبوون له سه‌ر هه‌ندێ لایه‌ن و هه‌ندێ له مافه‌کان، ده‌توانێت نه‌ته‌وه‌کان له یه‌ک نزیک بکاته‌وه و ئاست و ڕێژه‌ی ئاشتی به‌رز بکاته‌وه. بڕێ بیرمه‌ندی دیکه به‌دوا ئه‌م ڕوانگه‌دا ڕۆیشتن و تا ڕاده‌یه‌ک ڕادیکاڵتریان کرد. بۆ وێنه هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، «چاڕڵس بایز» بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به نه‌زمی ئیخلاقی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات، ناوبراو به پێچه‌وانه‌ی «ڕۆڵسهوه» مافی مرۆڤ به سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه گرێ نادات، به‌ڵکه خودی یاسا داڕێژراوه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، واته ئه‌و یاسانه‌ی که په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان هێڵکێشی ده‌که‌ن، هه‌ڵپێچی مافی مرۆڤ ده‌کات. به سه‌ر ئه‌و جیاوازیهشدا «چاڕڵس بایز» هاوشێوه‌ی «ڕۆڵس» به شیاوی ده‌زانێت، که مافی مرۆڤ و پرسی ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی و نیزامی له یه‌ک جودا نه‌کرێنه‌وه. «یۆسڤ ڕاز» به هه‌مان هێڵدا ده‌ڕوات و بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ به پرسی سیاسه‌تی نیونهتهوهییهوه گرێ ئه‌دات. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی «ڕۆڵس و بایز-وه» «یۆسێڤ ڕاز» ڕه‌خنه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و به بنه‌ما له‌و به‌رنامه ده‌گرێت، «ڕاز» ئێژێ: ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه فه‌لسه‌فه‌یه‌کی قووڵ و به بنه‌ما نییه، چونکه سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕدایه و بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ ناکرێ خۆی به دۆخ و ئاڵوگۆڕه‌کانه‌وه به‌ند بکات و گرێبدات، مافی مرۆڤ به‌هایه‌که که بنه‌مایه‌کی پته‌و و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی قووڵی له پشته‌وه‌یه. به واتایه‌کی دیکه، ئه‌وه بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤه که ده‌بێته پێوه‌رو پێشنیار بۆ ئاڵوگۆڕ و سه‌بکی شیاو و تایبه‌تی مامه‌ڵه‌ی مه‌نتیقی؛ ئه‌وه سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییه که ده‌بێ ملکه‌چی واتا «نۆڕماتیڤیهکهی» مافی مرۆڤ بێت، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه.
(٣) کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی دیکه هه‌ن که بۆ سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ له ئاستی جیهاندا، ئاماده‌ن له سه‌ر چه‌ند مافی بنه‌ڕه‌تیی کۆک بن. مافی پاراستنی گیان و مافی ئازادیی شه‌خسی ده‌توانن زۆر یارمه‌تیده‌ر بن و له لایه‌ن زۆرینه‌ی که‌لتوره‌کانی دونیاوه وه‌ربگیردرێن. ئه‌م وه‌رگرتن و کۆک بوونه ده‌توانێت به‌ر به کۆمه‌ڵێک کاره‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بگرێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بیرۆکه بۆ بیرمه‌ندی چه‌پی که‌نه‌دی «میشایل ئیگناسیهڤ» ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام بیرمه‌ندی ئه‌مریکیی «یۆشوا کۆن» دێژێت، ئه‌گه‌ر ئێمه له به‌ستێنی سه‌لماندی زه‌رووره‌تی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤدا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به که‌مترین و ساکارترین مافه‌کان ڕازی بین، ئه‌وه دیاره به‌و بیرۆکه‌وه مامه‌ڵه ده‌که‌ین و هێشتا به گوێره‌ی پێویست له جه‌وهه‌ری ئه‌و خواسته تێنه‌گه‌یشتووین. کاتێک ئێمه ته‌نیا له سه‌ر که‌مترین و بنه‌ڕه‌تیترین مافه‌کان کۆک بووین، ئه‌وه مه‌ترسی ئه‌وه‌ش زۆر گه‌وره‌یه، که وزه و خواستی قووڵ و بنه‌ڕه‌تیی مافه‌کان نیسبی بکه‌ینه‌وه. دیاره له لایه‌که‌وه «ئیگنیاسیڤ» و هاوڕاکانی به پێویستی ده‌زانن که له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئاوڕ له به‌هاگه‌لی وه‌کوو فره‌چه‌شنی و تۆله‌ڕانس بدرێته‌وه، به‌ڵام «یۆشوا كۆن» و بیرمه‌ندانی جه‌مسه‌ری به‌رانبه‌ر، بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ ده‌که‌نه پاڵنه‌ر و پێوه‌ر بۆ ئایدیای مافی شارۆمه‌ندبوون، جا شارۆمه‌ندبوون به هه‌موو مافه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیه‌وه. خودی ئه‌م مافه کۆمه‌ڵیک مافی دیکه به‌دوا خۆدا ڕاده‌کێشێت. به پێی ئه‌و ڕوانگه ده‌بێ هه‌ر شارۆمه‌ندێک خاوه‌نی ئه‌و مافه بێت، چه‌شنی شارۆمه‌ندێکی خاوه‌ن مافه سه‌رکییه‌کان مامه‌ڵه‌ی ته‌کدا بکرێت، واته ئه‌وه مافی ماف هه‌بوونه که له‌و پرسه‌دا ده‌ستنیشان ده‌کرێت. ئه‌و مافه سیاسییه به شه‌فافی به‌یانی ده‌کات، که هه‌ر شارۆمه‌ندێکی نێو کۆمه‌ڵگه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، خواست و ڕا و بیروبۆچوونی به گوێره‌ی پێویست جێگای ڕێز بێت و پشتگوێ نه‌خرێت. لێره‌دا مافی شارۆمه‌ندبوون ده‌توانێت کۆمه‌ڵێک مافی بنه‌ڕه‌تیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دابین بکات. بێگومان «یۆشوا کۆن» به‌م به‌رنامه‌وه هیوای گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه، که بتوانێت زۆر ئایین و بیرۆکه‌ی ئه‌خلاقیی و فه‌لسه‌فه‌ی جوداو جیاواز له فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا‌و لیبڕالیزم به‌ره‌و ئایدیا و به‌ره‌و پڕۆگرامه‌که‌ی خۆی ڕابکێشێت. «یۆشوا کۆن» ئه‌م هه‌وڵه به هه‌وڵێکی مه‌نتیقی گه‌ردوونی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌و ڕوانگه‌دایه بتوانێت له زۆرینه‌ی خاڵه‌کانی ئه‌م گه‌ردوونه هاوده‌نگ و پشتگیر بۆ خۆی بدۆزێته‌وه. گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه له‌م ڕوانگه ئه‌وه‌یه، که ئاماده نییه ته‌واو ڕاشکاوانه خوازیاری نیزامی دیموکڕاتیک بێت، هه‌ربۆیه ئاماده‌یه به نه‌زم و نیزامگهڵێگ ڕازی بێت، که له سه‌ر ئه‌و بنه‌ما دامه‌زرابێتن، مافی شارۆمه‌ندبوون به ڕه‌سمییه‌ت بناسن و هه‌ندێک یاسا و ڕێسای لیبڕاڵ ڕه‌چاو بکه‌ن.
ئێستا له هه‌نگاوی دووه‌مدا ڕاو ڕوانگه‌ی شه‌خسیی خۆم سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ به‌یان ده‌که‌م. بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ پێش هه‌موو شت له سه‌ر مانا‌و واتای که‌رامه‌تی مرۆڤ دامه‌زراوه. به بێ ئایدیای که‌رامه‌تی مرۆڤ سه‌لماندنی حهیاتیبوونی مافی مرۆڤ زۆر ئه‌سته‌مه. به‌ڵام که‌رامه‌تی مرۆڤ بریتییه له چی؟ مرۆڤ ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکه که ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی خۆی به یه‌که‌وه گرێ ده‌دات. مرۆڤ ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکه که له ئاکامی گه‌شه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی‌دا تووشی ئازاری ڕۆحیی، ده‌روونیی و جه‌سته‌یی ده‌بێت، جا هه‌موو ئه‌و ئازارانه کاریگه‌ری نه‌رێنی و درێژخایه‌ن له سه‌ر ناخ و جه‌سته و ئه‌مڕۆ و داهاتووی داده‌نێن. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه که خاوه‌ن ئیراده، فه‌خر و قورسی که‌سایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌ربۆیه بیرمه‌ندی ئاڵمانی «ئێرنست بلۆخ» زۆر به باشی ئه‌و لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌رامه‌تی مرۆڤ پێناسه ده‌کات. «بڵۆخ» ده‌ڵێت: مرۆڤی خاوه‌ن فه‌خر و که‌رامه‌ت به‌رده‌وام سه‌به‌رز و ڕاستوڕه‌وان به ڕێگادا ده‌ڕوات. مێژوو سه‌لماندویه‌تی که ئه‌و وته‌ی «بلۆخ» زۆر به باشی وێنای فه‌خر و خاوهنخۆبوون ده‌کات، وێنای قه‌دو قیافه‌یه‌کی فهخراوی و وێنای جه‌سته‌و ڕوخساری که‌سێک، که دوور له شه‌رمه‌زاری بێت، که‌سێک که له کۆمه‌ڵگه‌دا شه‌رم و شوره‌یی به مرۆڤبوونیهوه نه‌کات. زۆر به‌ڵگه‌ی مێژوویی پیشانی ده‌ده‌ن، ئه‌و که‌سانه‌ی که دژی خواستی خۆیان به به‌رده‌و کۆیله ڕاگیراون و خزمه‌تی چینی سه‌رمایه‌دار و چه‌وسێنه‌ریان کردووه، به‌رده‌وام شان کز و لاره‌مل دیار بوون، یا به واتایه‌کی دیکه، به‌رده‌وام به سه‌ری شۆڕه‌وه به ڕێگادا ڕۆیشتوون. شه‌رمێک و توڕه‌ییه‌ک له ڕوخساریاندا بینراوه، به فه‌خر و به سه‌ربه‌رزییه‌وه به ڕێگادا نه‌ڕۆیشتوون، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان که‌سایه‌تی و که‌رامه‌تیان شکاوه. چونکه به باشی هه‌ستیان به دۆخ و به له ده‌ستدانی قورسایی کۆمه‌ڵایه‌تییان کردووه.
ئاخر مرۆڤ به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌وه خاوه‌ن ده‌رکێکی ئینتزاعی و ئهبستڕاکته و باش ده‌زانێت که ئه‌و دۆخه ده‌روونی و جه‌سته‌یی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی ئێستا‌و ئه‌مڕۆی، کاریگه‌ری له سه‌ر ته‌واوی ژیانی داده‌نێت. هه‌ربۆیه له به‌ندیخانه‌ی زۆر وڵاتی دوواکه‌وتوو و تاریکبیردا، به شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه له ته‌ک به‌ندکراوه‌کاندا ده‌که‌ن، که که‌رامه‌تیان ده‌شکێنن، فه‌خری مرۆڤبوونیان لێده‌سێننه‌وه، سووکایه‌تییان پێده‌که‌ن و له زۆر به‌ها و خه‌سڵه‌تی مرۆڤبوون دایاندهماڵن. بۆ ئه‌وی ئه‌و که‌سانه به ته‌واوی واتاوه سه‌رشۆڕ و شه‌رمه‌زار بکرێن، هه‌تا که‌سایه‌تیی خۆیان له لا سووک ببێت، هه‌تا باوه‌ڕیان به هه‌بوونی که‌رامه‌تی خۆیان نه‌مێنێت. پاشان ئه‌وه ته‌نیا که‌رامه‌ته که مرۆڤ له‌و کاره‌ساته ده‌پارێزێت، چه‌شنی کالاو شتومه‌ک سه‌یری بکرێت. کاتێک ترس و سام له که‌رامه‌ت شکا، ئه‌وه هیچ سنوورێک له نێوان مرۆڤ و کالادا نامێنێت، چۆن مامه‌ڵه له ته‌ک کالادا ده‌کرێت، چۆن نرخ و بێنرخی بۆ شتوومه‌ک دیاری ده‌کرێت، به هه‌مان شێوه‌ش مرۆڤ به بێ ترس و سام و سڵکردن له مرۆڤبوونی، ده‌ستاوده‌س ده‌کرێت و هاوشێوه‌ی کالایه‌کی بێ‌نرخ مامه‌ڵه‌ی ته‌کدا ده‌کرێت. به‌ڵام که‌رامه‌ت و نرخ هه‌رگیز ناتوانن به یه‌که‌وه ته‌با بن، هه‌ربۆیه که‌رامه‌ت پێناسه‌ی ئه‌و دیارده‌مان بۆ ده‌کات، که ژیانی هیچ مرۆڤێک له ژیانی مرۆڤێکی دیکه گرینگتر و به بایه‌ختر نییه، چ منداڵ، لاو و پیر، چ ژن و چ پیاو، چ ده‌وڵه‌مه‌ندو چ هه‌ژار، ژیانی هه‌موو لایه‌ک به یه‌ک ڕاده و ڕێژه به‌بایه‌خه. بۆ وێنه له‌م سه‌رده‌می کۆڕۆنادا، له هه‌ندێ وڵاتی دیموکراسی که بایه‌خ به مافی مرۆڤ ده‌درێت، ترسی سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو، که ئه‌گه‌ر هاتوو یه‌کتووپڕ له ته‌ک ڕێژه‌یه‌کی له ڕاده به‌ده‌ر له تووشبووان به‌ره‌وڕوو بووینه‌وه و زۆرینه‌یان له نه‌خۆشخانه‌کان که‌وتن و به یه‌ک ڕاده واداری چاره و یارمه‌تیدان بوون، به‌ڵام ده‌واوده‌رمان و ئامڕازه پزیشکییه‌کان کافی نه‌بوون، چۆن بتوانین بڕیار بده‌ین و له سه‌ر چ بنه‌ما و چ پێوه‌رێک ده‌ست له ژیانێک به‌ربده‌ین و ژیانێکی دیکه ڕزگار بکه‌ین. ئه‌م دیارده زۆر گرینگه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک و هه‌ر کلتورێک بتوانێت به‌م شێوه له ته‌ک که‌رامه‌تی مرۆڤدا مامه‌ڵه بکات، ئه‌وه زۆر به ئاسانی ده‌توانێت له ته‌ک بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤدا دۆستایه‌تی هه‌بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و بیرۆکه به‌رینتر و به‌رفراوانتر بکات.
هه‌تا ئێره‌و له‌و لێکدانهوهمدا که‌م تا زۆر دێته به‌رچاو، که من چۆن بۆ پرسی مافی مرۆڤ ده‌ڕوانم و له‌به‌رچی باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه، که داهێنه‌ری بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ ته‌نیا نه‌ته‌وه پێشکه‌وتووه‌کانی ئه‌ورووپا نه‌بوون. من له لام ڕوونه، که زۆرینه‌ی فه‌رهه‌نگه باڵا و پێشکه‌وتووه‌کانی مێژووی به‌شه‌رییه‌ت ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ ئاوڕیان له‌و پرسه داوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه گرامهرو پاڕادایمه‌کان جیاواز بووبن، به‌ڵام بۆ وێنه فه‌لسه‌فه‌ی خودی «ستووا» که سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ یۆنان و ئێرانی کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌تا ڕۆم ده‌ڕوات، ئاماژه‌ی به «کۆسمۆپۆلیتی» (جیهانوه‌ته‌نی) داوه‌و پێشبینیه‌کی بۆ به گهردوونییبوونی هه‌ندێ به‌های مرۆیی بووه. هه‌ربۆیه له ئاکامدا دێژم که تێزی سه‌ره‌کی من ئه‌وه به‌یان ده‌کات: مرۆڤ، جا زاده‌ی هه‌ر فه‌رهه‌نگێک بێت، ڕوو له هه‌ر قیبله‌یه‌کی ئاینی بکات، سوجده بۆ هه‌ر خودایه‌ک ببات، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه وه‌ربگرێت که خودی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ههستیارو خاوه‌ن شعووره و هه‌ر له سروشته‌وه دژی سه‌رشۆڕی و مامه‌ڵه‌ی بێبنه‌ما و کوێرانه‌یه. پێشتر ئاماژه‌م به وته‌که‌ی بیرمه‌ندی ئاڵمانی «ئێرنست بلۆخ» دا، که ده‌ڵێت: مرۆڤ زۆر به سه‌رشۆڕی پهستهو خوازیاری ئه‌وه‌یه به شکۆ و قامه‌ته‌وه ده‌ربکه‌وێ و ببینرێ، قیت و قنج و سه‌ربه‌رز به ڕێگادا بڕوات و خۆی به شه‌رمه‌زاری هیچ که‌س و هیچ پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌زانێت. جه‌وهه‌ری ئه‌م ڕوانگه خۆی شێوه‌یه‌ک له ئهنتڕۆپۆلۆجیه، ئه‌و هه‌ست به ئازارکردن و ئه‌و فه‌خر و سه‌ربه‌رزییه‌ی که فۆڕم و قه‌واره به که‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌دات، یاخۆ له جه‌رگه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی که‌رامه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌دی ده‌کرێت، له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا مانا ده‌به‌خشێت و له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بنه‌ڕه‌تیترین هه‌نگاوه بۆ دابینکردن و ده‌رفه‌تدان به ژیانێکی باش. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆڤدۆستدا خه‌وشدارکردنی که‌رامه‌تی مرۆڤ بڤه‌یه، بۆیه بڤه‌یه، چونکه ژیانی باش هه‌روه‌ک «جه‌یمس گڕێڤین» ده‌ڵێت، خولیا و ئاره‌زووی هه‌ر مرۆڤێکه؛ به‌ڵام ژیانی باش ته‌نیا ئه‌و کاته به باش له قه‌ڵه‌م ده‌درێت که که‌رامه‌تت پارێزراو بێت. مافی مرۆڤ و هه‌موو لایه‌نه‌کانی، یاخۆ هه‌ر سێ جیله‌که‌ی له ئاستێکی دیکه‌دا هه‌وڵی پاراستی که‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌ده‌ن. له ڕوانگه‌ی منه‌وه زۆر پێویسته که خودی که‌رامه‌تی مرۆڤ بکرێته بنه‌مای هاوپشتیی و په‌یوه‌ندیی پته‌و و پێکه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌کان. به‌ڵام به مه‌رجێک که پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤ به هیچ سنوورێک، هیچ فه‌رهه‌نگ و ئایینێک به‌رته‌سک و قه‌تیس نه‌کرێته‌وه. به داخه‌وه چ «جۆن ڕۆڵس»، چ «چارڵس بایز و چ یۆسڤ ڕاز» ئاماژه به‌وه ناده‌ن، که وڵاته زلهێزه‌کان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی سنووری وڵاتی خۆیاندا بایه‌خ به که‌رامه‌ت و مافی مرۆڤ ده‌ده‌ن و ئه‌و به‌ها سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئهنتڕۆپۆلۆجییه به‌رز و فه‌ڕز ده‌که‌نه‌وه. له ئاکامدا زۆر جار بینه‌ری ئه‌و کاره‌ساته بووین که گه‌وره‌هێزه‌کان مافی مرۆڤیان کردۆته به‌هانه‌و به‌و په‌ڕی که‌مته‌رخه‌مییه‌وه کۆمه‌ڵێک شه‌ڕو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به ئاکام گه‌یاندووه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، زۆر ڕژیمی وه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران به چرکه‌و به خووله‌ک مافی مرۆڤ پێشێل ده‌کا، که‌رامه‌تی تاک و کۆمه‌ڵ ده‌شکێنێ، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌هێزه‌کانی جیهان هیچ هه‌ڵوێستێکی جیددیی سیاسی پیشان ناده‌ن، چونکه لێره‌شدا ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری، سیاسی و ستڕاتیجیی خۆیان له نه‌زه‌ر ده‌گرن. له ئاکامدا ده‌توانین بێژین، که که‌رامه‌ت و مافی مرۆڤ یه‌ک دونیا ده‌رفه‌ت و پۆتانسییه‌ل بۆ ژیانێکی باش و بۆ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه به‌ده‌سته‌وه ده‌دات و ئایدیایه‌کی به‌رز و به‌هایه‌کی گه‌ردوونییه. ئه‌گه‌رچی هێشتا خودی مرۆڤایه‌تی و زۆرینه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کان به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتوون، که پشتگیریی به بێ ئه‌ملاولا له‌و به‌هایه بکه‌ن. ئایدیای ئه‌و به‌ها مرۆییه ته‌نیا کاتێک به ته‌واویی پیاده ده‌کرێت و ده‌بێته واقعییه‌تێک، که فه‌لسه‌فه‌که‌ی بچێته ناو خوێن و ده‌ماری مرۆڤه‌کانه‌وه، که ببێته سروشتی دووه‌می مرۆڤه‌کان. له‌و به‌ستێنه‌دا پێویسته هه‌موو پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان له بواری په‌روه‌رده‌دا گه‌وره‌ترین ده‌ور و ڕۆڵیان هه‌بێت. مافی مرۆڤ ته‌نیا به کۆمه‌ڵێک به‌های سیاسی و ئییخلاقیی دیکه‌وه مافی مرۆڤه. مافی مرۆڤ په‌روه‌رده‌ی جیلێکی تازه‌ی، واته جیلی داهاتووی ده‌وێت. پێناسه‌کردن و سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی ئه‌و ئایدیا یه‌که‌م هه‌نگاوه، مافی مرۆڤ به بیرۆکه‌ی دیموکڕاسییهوه، به ئایدیای دادپه‌روه‌رییه‌وه و به فیکری کراوه‌و و تۆلهڕانسخوازییهوه گرێدراوه، چونکه مافی مرۆڤ ئاینێکی زه‌وینییه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژایه‌تی له ته‌ک سنووردانانی ناڕه‌وای نێوان مرۆڤه‌کان ده‌کات. به واتایه‌کی دیکه، نه ئایین، نه ڕه‌گه‌ز و نه پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت مرۆڤێک گه‌وره‌تر، مه‌زنتر، قورس‌تر و فه‌ڕز بکاته‌وه، مافی مرۆڤ یه‌کسانی ده‌نوێنێت. یه‌کسانیش هه‌م له ئایدیای دیموکڕاسی و هه‌م له کاته‌گۆری دادپه‌روه‌ریدا گه‌وره‌ترین ده‌وریان هه‌یه. له ئاکامدا ده‌یبینین که ته‌نانه‌ت وڵاته دیموکڕاسییهکانی ئه‌ورووپا که ئه‌زموونێکی گه‌وره و فه‌رهه‌نگێکی جێکه‌وتووی دیموکڕاسییان هه‌یه، هێشتا له به‌رامبه‌ر گه‌ردوونیبوونی مافی مرۆڤدا به‌بێ هه‌ڵوێستن؛ یا هیچ نه‌بێت هه‌ڵوێسته‌که‌یان زۆر لاوه‌کی و زیاتر شوعارئاسا بانگه‌شه‌یه‌کی بریقه‌داری به‌تاڵه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌م که‌لێنه گه‌وره پێش هه‌موو شت که‌لێنێکی ئیخلاقییه، هه‌روه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی ئیخلاقدا ئاماژه‌ی پێده‌درێت، چ مرۆڤ، واته تاک، یا چ کۆمه‌ڵگه، هه‌ردووکیان ده‌بێ بۆ کامڵ‌بوون و گه‌یشتن به لووتکه‌ی ئیخلاقییان، چه‌ند ئاست و پله‌ی گه‌شه تێپه‌ڕ بکه‌ن. تاکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌بێ پێش هه‌موو شت و له پله‌ی یه‌که‌مدا خۆی و که‌سایه‌تیی خۆی و ناخی خۆی بناسێت، دواتر ده‌ره‌وه‌ی خۆی، پاشان ئه‌وانی دیکه و له دوایین ئاستدا گه‌ردوونیش بناسێت، یان هیچ نه‌بێت، زانیاری و شوناسی قووڵ و به‌رینی له سه‌ر گه‌ردوون هه‌بێت، ئه‌وه‌یش به شێوه‌یه‌ک که تایبه‌تمه‌ندی هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک نیسبی بکرێته‌وه و له‌و باوه‌ڕه دووری بکرێ که زۆر دیارده‌و پێکهاته خوداپێدراو بن، چونکه ئاست و گه‌شه‌ی هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌کان به‌رهه‌می ڕه‌نج و تێکۆشانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تین. هه‌روه‌ک له ده‌روونناسییدا ده‌گوترێت که هیچ مێشکێک بێ کاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆی هیچ سات له ته‌نیایی و له خه‌ڵوه‌تدا کامڵ نابێت، فه‌رهه‌نگه‌کانیش به درێژایی مێژوو به‌رده‌وام له ژێر کاریگه‌ریی یه‌کتردا بوون و ته‌واوکاریی یه‌کتریان کردووه. هه‌ربۆیه زۆر جار باس له دهروونناسیی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، یاخۆ باس له زه‌یین و زه‌هنیه‌ت، باس له ئاستی گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی و به ئاگایی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌کرێت. هه‌ربۆیه له‌و به‌ستێنه‌دا زۆر ژانڕی زانستی مرۆیی خۆیان به داڕمان و ئاستی گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیخلاقی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌که‌ن.
له ڕوانگه‌ی منه‌وه که‌لێن و بۆشاییه‌کی ئه‌خلاقی له کۆمه‌ڵگه به ناو پێشکه‌وتووه‌کانی جیهاندا به‌دی ئه‌کرێ، چونکه هه‌موو ئه‌و به ناو دیموکڕاسیخواز و داکۆکیکارانه‌ی مافی مرۆڤ، هه‌م دیارده‌ی دیموکڕاسی وه هه‌م فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤ ته‌نیا بۆ چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان به ڕه‌سمییه‌ت ده‌ناسن. هه‌موویان زۆر به باشی ده‌زانن که له سه‌ر وێر و له سه‌ر سه‌رمایه و سامانه سروشتیه‌کانی وڵاتانی «جیهانی سێ» ده‌ژین و چێژ له خۆشگوزه‌رانیان ده‌بن. هه‌رکه‌س به وردی سه‌رنج بداته سه‌بک و فه‌لسه‌فه‌ی پێکهاته و ئینستیتووته جیهانییه‌کان (بانکی جیهانی، ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و هتد.)، زۆر به شه‌فافی ده‌یبینێت، که ئه‌و پێکهاتانه ته‌نیا بۆ پاوانخوازی و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره‌هێزه‌کانی جیهان دامه‌زراون، به‌رنامه‌ی سه‌ره‌کییان ته‌نیا وابه‌سته‌کردنی نه‌ته‌وه‌کانی جیهانی سێیه؛ خودی ئه‌م خه‌سڵه‌ته ته‌واو دووره له پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤ. ڕه‌نگه شیاو بێت ئه‌م تێزه‌و ئه‌م پرسیاره بۆ کات و سات و بۆ به‌ستێنێکی گونجاوتر هه‌ڵبگرم. ئێستا له دوایین هه‌نگاومدا ئاوڕێک له پرسی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌ده‌مه‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی له دوایین هه‌نگاومدا بڕۆمه نێو ورده‌کارییه‌کانه‌وه، ده‌بێ دیسان ئاماژه به هه‌ندێ لایه‌نی دیکه‌ی بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤ بده‌م، هه‌ندێ لایه‌ن که ده‌توانن بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان کاریگه‌ر بن. بێگومان واتا فه‌لسه‌فیه‌که‌ی ده‌سته‌واژه‌ی مافی مرۆڤ زۆر گرینگتر و هه‌ستیارتره هه‌تا لایه‌نه مه‌یدانییه‌که‌ی، دواتر دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م خاڵه. تا ئێستا زیاتر باسم له کاریگه‌ریی شیاو و لایه‌نه ئه‌رێنییه‌که‌ی مافی مرۆڤ کرد، با بزانین ئه‌و دیوه‌وه‌ی په‌رده چۆنه، واته با بزانین دۆخه‌که چۆن ده‌گۆڕێت، که ئاماژه به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بده‌ین. چونکه بنه‌مای ئیخلاق له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، له زۆر به‌ستێن و ئاستی په‌یوه‌ندییدا هێشتا هه‌ر به ئایین و فه‌رهه‌نگێکی سوونهتییهوه به‌نده. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی خاوه‌ن هیچ ئه‌زموونێکی دیموکڕاسی نییه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ له دونیای مۆدێڕن‌دا هیچ سه‌بکێک له حوکمڕانی ناتوانێت به‌ربه‌ره‌کانێ له ته‌ک سیسته‌می دیموکراسیدا بکات. مێژووی به‌شه‌رییه‌ت پڕه له ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌بکی جیاوازی حوکمڕانیی، به‌ڵام هیچ کام له‌و سهبکانه نه‌یانتوانیوه به هاوشێوه‌ی سیسته‌می دیموکڕاسی مه‌شروعییه‌ت په‌یدا بکه‌ن و زۆرینه‌ی سیسته‌مه فیکرییه‌کان له ژێر یه‌ک چه‌تری ده‌وڵه‌تدارییدا کۆ بکه‌نه‌وه. ئه‌م فره‌چه‌شنی و ته‌باییه‌ی سیسته‌مه فیکرییه‌کان له پاڵ یه‌کدا، کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی بووه و هه‌یه. زۆر لایه‌ن و سیاسه‌ت توانیویانه له به‌ستێنی ئه‌و فرهچهشنیهدا بایه‌خ په‌یدا بکه‌ن، فیکر و هزری شارۆمه‌ندی سه‌رده‌م کراوه و ئازاد په‌روه‌رده بکه‌ن. هه‌ر له تێڕوانین بۆ که‌مینه‌ی کۆمه‌ڵگه بگره، هه‌ر له ئازادی بیروڕا ده‌ربڕینه‌وه، هه‌ر له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا، تا ده‌گاته مافی شارۆمه‌ندبوون، یا دادگای سه‌ربه‌خۆ، واوه‌تر تا ده‌گاته داڕشتنی یاسای گشتی له سه‌ر بنه‌مای که‌رامه‌تی مرۆڤ، هه‌موو ئه‌م دیارده مۆدێڕنانه یارمه‌تیده‌ر بوون و زه‌مینه‌یان بۆ چه‌که‌ره‌کردنی مافی مرۆڤ خۆش کردووه. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌م دیارده مۆدێڕن و تازانه بێبه‌ش بووه، ئه‌زموونی ژیانی نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئارام و سه‌روه‌ری نه‌کردووه. په‌روه‌رده‌ی جیله‌کانی ڕابردوو له ته‌ک زۆر هه‌وراز و نشێو و داڕمان و قه‌یراندا ڕووبه‌ڕوو بووه. ناخ و ده‌روونی مرۆڤی کورد، ناخ و ده‌روونێکی بریندار و پڕ له ترس و نائارامیه. ژێربه‌نای ئایدیای پێکهاته‌ی بنه‌ماڵه و بنه‌مای په‌روه‌رده به گشتیی لاواز و له‌رزۆک و دوور له بیرۆکه‌یه‌کی ئازادیخواز و دیموکڕاسیخواز بووه. ته‌نانه‌ت له وڵاتانی ئه‌ورووپایی ناوه‌ندی گه‌شه‌ی دیموکڕاسی په‌روه‌رده‌و پڕۆسه‌ی دیموكڕاسی نێو بنه‌ماڵه بۆ شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ مێژووی ئه‌م دیارده کۆن نییه. ڕێک ئا لێره‌دا لایه‌نه قورس و قووڵه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی مافی مرۆڤ دێته به‌رچاو. ئایدیای مرۆڤبوون و ڕوانگه‌ی مرۆڤدۆستی به هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به ئاسانی هه‌زم ناکرێت. هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، ئه‌وه ئاستی گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگ (فه‌رهه‌نگی سیاسیش) و که‌لتووره، ئه‌وه ئاستی ڕوناکبیری و خوێنده‌واری و به ئاگایی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که، که سه‌بکی مرۆڤبینینی دیاری ده‌کات و مامه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕێکده‌خات و نۆڕمیان بۆ داده‌ڕێژێت. به واتایه‌کی دیکه، ئه‌وه نه‌زمی بهڕهسمییهتناسین و ته‌حه‌مولکردنی یه‌کتره، که نۆڕمی پێکه‌وه ژیان داده‌هێنێت، که ڕۆح و گیانی وابه‌سته‌بوون به یه‌کتر و گیانی هاوپشتیی درووست ده‌کات. خودی ئه‌م داواکاریانه ته‌نیا له جه‌رگه‌ی فه‌رهه‌نگێکی ناسک و هه‌ستیار و به‌رزدا به ئاکام ده‌گه‌ن. بۆ وێنه خودی زمان و گرامه‌ری ئاخافتن، ڕێزمان و له یه‌کگه‌یشتن بنه‌مایه‌کی به هێزی شه‌راکه‌ت و یه‌کگرتنه. ته‌نانه‌ت لێره‌شدا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی گرفتی هه‌یه، ئه‌م ناوچه ئه‌و ناوچه به ڕسمییهت ناناسێ، ئه‌م زاراوه خۆی به کامڵتر و باشتر ده‌بینێ تا ئه‌و زاراوه؛ ئێستاش له سه‌ر ستانداردێکی گشتی یه‌ک نه‌که‌وتووین. ئه‌م ورده‌کاریه باس زۆر هه‌ڵده‌گرێت، من ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو ئاماژه به ئاستی گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی بده‌م، که به داخه‌وه هێشتا ئه‌رکی زۆری په‌روه‌رده‌ی له پێشه، به تایبه‌ت که خوازیاری ئه‌وه بێت، هاوشێوه‌ی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کان گه‌شه بکات. لێره‌دا جارێکی دیکه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌مه‌وه، ته‌نیا فه‌رهه‌نگێکی سیاسیی پێشکه‌وتوو، فه‌رهه‌نگێک که به ئاستێکی هه‌ستیار گه‌یشتبێت و پرسی دیموکڕاسی ته‌نیا به قه‌واره‌ی سیاسییه‌وه به‌ند نه‌کات، به‌ڵکه دیموکڕاسی به شێوه‌یه‌ک له ژیان و به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ژیان ببینێت، ده‌توانێت مافی ڕه‌وای ئایدیای که‌رامه‌تی مرۆڤ بدات. چونکه مافی مرۆڤ داواکارییه‌کانی ته‌واوی بواره‌کانی ژیان ده‌گرێته‌وه. هه‌ربۆیه لێره‌دا به کورتی تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر چه‌ن داواکاریی پێشنیاریی که له بیرۆکه‌ی مافی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
به‌رگرتن به هه‌ژاری یه‌کێک له‌و داواکاریانه‌یه، چونکه هه‌ر مرۆڤێک پێویستی به بنه‌ڕه‌تیترین و سه‌ره‌تاییترین پهیداویستییهکانی ژیانه. «بێرتۆلت بڕێشت» شاعیری چه‌پی ئاڵمانی زۆر جوان په‌نجه ده‌نێته سه‌ر ئه‌و خاڵه. «بڕێشت» ده‌ڵێت: کاتێک که زگت تێر بوو و برسیت نه‌بوو، ئه‌و کات ده‌توانیت باس له پرسی ئیخلاق و هه‌ڵسووکه‌وتی جوان و کۆمه‌ڵایه‌تیی بکه‌یته‌وه. هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک خاوه‌ن سه‌رمایه و سامانی کافی بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌تی دا، چین و توێژ و کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه له ههژارایدا بژین، ئه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵگه ڕێزی پێویست بۆ مرۆڤبوون و بۆ که‌رامه‌تی مرۆڤ دانانێت، ئه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵگه به ئاستێکی به‌رزی فه‌رهه‌نگی نه‌گه‌یشتووه. ئه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵگه هێشتا بۆ خۆی پێناسه نه‌کردووه، که که‌رامه‌ت چییه، که مرۆڤبوون بریتییه له چی، چونکه مرۆڤبوون و هه‌بوون زۆر له‌وه زیاتره، تا ئه‌وه‌ی ته‌نیا بایه‌خ به هه‌بوونێکی جه‌سته‌یی بده‌یت. خاڵی دووه‌م مافی شارۆمهندبوونه، به‌ڵام شارۆمهندبوونێک که داوای کۆمه‌ڵێک ماف ده‌کات. زۆر گرینگه که مرۆڤ سه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێناسه‌کراو بێت و له‌و کۆمه‌ڵگه‌دا خاوه‌ن بنه‌ڕه‌تیترین مافه‌کان بێت. هه‌ر شارۆمه‌ندێک کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆی خۆش ویست و ئاماده بوو خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بکات، ئه‌وه هیچ سات ناتوانێت له به‌رامبه‌ر دیارده‌و گه‌شه نه‌رێنیه‌کاندا بێ هه‌ڵوێست بێت. به‌ڵام ئه‌و پرسه پرسێکی دوو لایه‌نه‌یه، شارۆمه‌ند ته‌نیا کاتێک ده‌توانێت کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆی خۆش بووێت، که ئه‌و کۆمه‌ڵگه به کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی بزانێ، بێگومان پێویسته له سه‌ره‌تاییترین پله‌دا ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ درووست بێت، که له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌نگی ده‌ڕوات و توانای گۆڕانکاری و کاریگه‌ریی هه‌یه. لێره‌دا باس له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌که‌ین که ده‌نگی شارۆمه‌ندان ببیستێت، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که خه‌م و په‌ژاره‌ی شارۆمه‌ندانی به جیددی بگرێت. واته کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که خوازیاری هارمۆنی و ته‌بایی بێت، به مه‌رجێ ئه‌و خواسته له لایه‌ن شارۆمه‌ندانه‌وه به شه‌فافی ببینرێت و هه‌ست پێبکرێت. واته ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی که گه‌وره‌ترین هه‌وڵی خۆی بۆ کهمڕهنگکردنهوه و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه ده‌ستکرده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو شارۆمه‌ندان بدات. ڕه‌نگه لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی باوه‌ڕ به خۆبوون شیاو بێت، چونکه مرۆڤ بێجگه له‌وه‌ی که بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن غه‌ریزه‌ی هێشتنه‌وه و ڕاگرتنی ژیانی خۆیه‌تی، له ناخیدایه خۆی له هه‌موو چه‌شنه مه‌ترسییه‌ک بپارێزێ، بوونه‌وه‌رێکه که خاوه‌ن هه‌ستی باوه‌ڕ به خۆ بوون و فه‌خر به‌خۆ کردنه. جا بریندارکردنی ئه‌م هه‌سته ڕه‌نگه له تاڵانکردن و مافخواردنی مادیی زۆر ئازاربه‌خشتر بێت، یاخۆ زۆر له ئازاری جه‌سته‌یی ئازاربه‌خشتر بێت. هه‌ربۆیه زۆر جار له زمانی کوردی‌دا کاتێ باسی ڕێز و حورمه‌ت ده‌کرێت، ده‌گوترێت خۆ من سه‌گ نیم و که‌رامه‌تم هه‌یه (ئه‌مڕۆ له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهاندا باس له مافی ئاژه‌ڵ ده‌کرێت، به‌ڵام که‌رامه‌تی ئاژه‌ڵ هێشته جێگای باس نییه). دیاره ئه‌م خوێندنه‌وه و ئه‌م تێگه‌یشتنه له که‌رامه‌ت کاربوردی زۆره و په‌یامێکی سیاسیشی له پشتهویه، ئه‌و په‌یامه‌ش بۆ بیرۆکه‌ی ئازادی و یه‌کسانیی شارۆمه‌ندانی کۆمه‌ڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ وێنه باشووری کوردستان دوو تا سێ ده‌یه ده‌بێت که ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌زموونی ئاوا فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بکات و یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی بۆ هه‌ڵبگرێت. هۆکاری سه‌ره‌کیی تاقینهکرانهوهی ئاوا بیرۆکه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان ئاستی فه‌رهه‌نگ که پێشتر ئاماژه‌م پێدا. زۆر شیاو و سه‌رنجڕاکێش ده‌بوو، که شارۆمه‌ندانی کوردستانی باشوور له ته‌ک ئه‌زموونێکی ئاوادا ڕووبه‌ڕوو ببونایه‌ته‌وه.
دیاره کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به ده‌ستی قه‌واره‌یه‌کی دیکه‌ی سیاسیه‌وه ده‌ناڵێنێت، واته گیرۆده‌ی نه‌زمێکه که هیچ بایه‌خێک به که‌رامه‌تی مرۆڤ نادات. نه‌زم و نیزامێک که ژیانی شارۆمه‌ندی له لا هه‌رزان و بێنرخه. نیزامێک که به شێوه‌ی سه‌رده‌می به‌ڕبه‌ڕیه‌ت بۆ مرۆڤ ده‌ڕوانێت. هه‌ڵواسین و له سێداره‌دانی گه‌نج و لاو و هه‌ر مرۆڤێک له جه‌رگه‌ی شار‌و له حه‌وزه‌ی عموومیدا زۆر به باشی ئاستی نزمی فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئه‌و ڕژیمه ده‌خاته به‌رچاو. هه‌ربۆیه ڕه‌نگه شیاو بێت که ڕووی ئه‌م خواسته بکرێته هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان، با ئه‌و ئینستیتووتانه له جه‌رگه‌ی خۆیانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ن و هه‌وڵی جێخستنی ئاوا فه‌رهه‌نگێک بده‌ن، هه‌وڵی فه‌رهه‌نگێکی سیاسی که له هه‌موو ئان و ساتێکدا ده‌غده‌غه‌ی مرۆڤ پێگه‌یاندن بێت، واته چه‌شنی خوێندنگه یان فێرگه‌یه‌ک که په‌روه‌رده بکاته یه‌کێک له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی.
با لێره‌شدا واقعبین بین و ڕیالیستی بیر که‌ینه‌وه، هه‌موو ڕێکخراوه سیاسییه‌کانیش په‌روه‌رده و هه‌ڵقوڵاوی هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌ن که له مێژووی تازه‌و و کۆنیدا له‌و فه‌لسه‌فه مرۆڤدۆستییه دوور بووه، هه‌موو له کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه که له ته‌ک فه‌لسه‌فه‌ی که‌رامه‌تی مرۆڤدا ئاشنایی که‌مه. ئه‌گه‌رچی نابێ ئه‌وه‌ش له یاد بکه‌ین که تێگه‌یشتنێکی ئایینی له سه‌ر که‌رامه‌ت و مافی مرۆڤ کاریگه‌ریه‌کی قووڵ و به‌رچاوی بووه. ئه‌وه مۆڕالێکی ئایینه که لێره‌و له‌وێ کاریگه‌ری ئه‌رێنی بووه و هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا ئیخلاقی کۆمه‌ڵگه‌ی لێره‌و له‌وێدا دیفۆڕمه و خواروخێج کردووه. هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا ئێمه باش ده‌زانین که ڕێکخراوه سیاسییه‌کان به بۆنه‌ی ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تیان له‌و فه‌رهه‌نگه خۆیان ئۆرگانیزه کردووه و ده‌ستیان داوه‌ته چالاکیی سیاسی به هه‌موو ئامڕازهکانییهوه. ڕه‌خنه‌گر، جا ئه‌ویش تاک بێت، یاخۆ پێکهاته‌یه‌کی سیاسی یا مه‌ده‌نی، هه‌موو کات پێشبینی بۆ داهاتوویه‌کی جیاواز و باشتر (له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه) هه‌یه، هه‌ر بۆیه خۆی ده‌خاته دۆخی ناڕازیبوون و هه‌ڵسووڕانه‌وه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه گه‌وره‌ترین ئاڵوگۆڕی هزریی ئه‌و کات ده‌سته‌به‌ر ئه‌کرێت، که پرسی که‌رامه‌تی مرۆڤ بکرێته پرسێکی بنگه‌هی، پرسێک که ده‌کرێت به گه‌وره‌ترین ئامانجی سیاسی و گه‌شه‌ی به‌شه‌ریه‌ت له قه‌ڵه‌م بدرێت. هه‌موو شۆڕش و هه‌موو ڕاپه‌ڕینه سیاسی و زۆرینه‌ی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ په‌یامی ئاوا ژیانێکیان له پشته‌وه بووه. بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم له زۆرینه‌ی سیسته‌مه فیکرییه‌کانی دیکه بوێرانه‌تر و قووڵتر بۆ که‌رامه‌تی مرۆڤ و ژیانێکی شیاوی مرۆڤی ڕوانیوه‌و هه‌وڵ و چالاکیی جیددیشی له پێناو به ئاکام گه‌یاندنی ئه‌و بیرۆکه‌دا داوه؛ ڕه‌نگه خودی ئه‌و ڕادیکاڵبوونه له هه‌ندێ به‌ستێنی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی‌دا به زیانی ته‌واو بووبێت. به‌ڵام به سه‌ر ئه‌وه‌شدا حاشا له‌وه ناکرێت، که ئایدیای سۆسیالیزم زیاتر له هه‌موو سیستمه فیکرییه‌کانی دیکه خودی مرۆڤ و واتای مرۆڤبوونی خستۆته مه‌ڵبه‌ند و جه‌رگه‌ی جیهانبینیهکهیهوه. ئه‌وه‌ی که پیاده‌کردن و پڕاکتیزه‌کردنی ئه‌و ئایدیا له زۆر شوێن له ته‌ک هه‌ڵه‌ی بنه‌ڕه‌تییدا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه، خۆی پرسێکی دیکه‌یه و ده‌بێ له شوێن و له ده‌رفه‌تێکی دیکه‌دا تاوتوێ بکرێت.
ئۆکتۆبری ٢٠٢١