ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی فیکر و ئه‌ندێشه‌ی سێسه‌د ساڵی ڕابردوو بده‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر به سه‌رنجی ورده‌وه بۆ زۆرینه‌ی بزووتنه‌وه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڕوانین، ئه‌وه گومان له‌وه‌دا نامێنێ که ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی چه‌شنی ئاورینگ و جرهقه گه‌وره‌ترین وزه و تینی به داگیرسانی گۆڕانکارییه‌کان به‌خشیوه. کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی هه‌ن که له دونیای هزردا بنه‌ڕه‌تین و جه‌مسه‌ره هه‌ستیاره‌کان هێڵکێشی ده‌که‌ن؛ به‌ڵام هیچ کام له‌و ده‌سته‌واژانه ناتوانن به بێ واتای ئازادی خۆیان پێناسه بکه‌ن. ئازادی به واتای سه‌ربه‌خۆیی تاک، گه‌وره‌ترین وزه بووه بۆ ڕه‌هابوونی تاک و کۆمه‌ڵ له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی و زۆر نۆڕمی ئه‌خلاقی و که‌لتووری. هه‌ربۆیه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی و دادپه‌روه‌ری به گه‌وره‌ترین پۆلێنه‌کان له قه‌ڵه‌م ده‌درێن؛ هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌فلاتوونه‌وه تا به ئه‌مڕۆی سه‌رده‌می پهسامۆدێڕنیزم، ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تیان بۆ دونیای ڕه‌خنه به‌ده‌سته‌وه داوه. پێناسه‌کردن و تێگه‌یشتن له ئازادی ئه‌مڕۆ ته‌نیا ئه‌رکی فه‌لسه‌فه نه‌ماوه، به‌ڵکه شاخهزانستی نویڕۆلۆجی و ده‌روونناسی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌یان به فه‌لسه‌فه که‌م تا زۆر به‌رته‌سک کردووه؛ هەرچەن هەڵگری مەیلێکی بەهێزن بۆ ئەوەی گوتاری زاڵ و سەرەکییان بەدەستەوە بێ، به‌ڵام هه‌روا به هاسانی به سه‌ر تواناکانی فه‌لسه‌فه‌دا باز ناده‌ن؛ ململانێی نێوان ئه‌و دوو بیردۆزه هێشتا له سه‌ره‌تادایه و له ده‌یه‌کانی داهاتووشدا درێژه‌ی ده‌بێ. من که‌متر خۆم به‌و دیارده تازه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌که‌م و زیاتر به شیاوی ده‌زانم ئاوڕێک له سێ فۆڕمی ئازادی بده‌مه‌وه که له سه‌ده‌کانی ڕابردوودا به شێوه‌یه‌کی ته‌واو به‌رچاو پاڵنه‌ری گه‌شه‌ی مۆدێڕنیزم (ڕۆشنگه‌رایی) بوون، جا مۆدێڕنیزم به لایه‌نی ده‌وڵه‌تداری، ئه‌خلاق و پێناسه‌ی تاکه‌وه. یه‌که‌م مۆدێلی ئازادی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی وڵاتی ئینگلیز و سه‌ده‌ی شازده و حه‌ڤده و بۆ هزری بیرمه‌ندانی وه‌ک «تۆماس هه‌بس و جان لاک»، ئه‌م شێوه له ئازادی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ناوی ئازادی نه‌رێنی ناوی ده‌رکردووه(١). دواتر باس له مۆدێلێکی دیکه‌ی ئازادی ده‌که‌م که خۆی به ته‌واوکاری سه‌بکی یه‌که‌م ده‌زانێت و له هزری بیرمه‌ندانی وه‌ک «ژان ژاک ڕۆسۆ، ئیمانوێل کانت و یۆهان گۆتفڕید هێرده‌ر»−وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و به ئازادی ئه‌رێنی ناو ده‌برێت(٢). له دوایین هه‌نگاودا تیشک دهخەمه سه‌ر ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م شێوه ئازادییه به ته‌واوی واته‌وه به ناوی بیرمه‌ندی ئاڵمانی «گیۆرگ ڤیلهێلم فڕیدڕیش هێگله‌وه» گرێدراوه و بۆ خۆی کردۆته به‌رنامه و ئه‌رک، واتای تیئۆریی ئازادی به‌رینتر بکاته‌وه و له کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا وێنا و واقعیی بکات(٣).
(١)
ئایدیای ئازادی نه‌رێنی یه‌که‌م به‌رنامه‌ی واتاکراوی ده‌سته‌واژه‌ی ئازادییه. یه‌که‌م واتای ئازادی که ئاوڕ له ماف و ده‌سه‌ڵاتی تاک له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا ده‌داته‌وه. یه‌که‌م واتا که باس له مه‌ده‌نییه‌ت ده‌کات و سنووری نێوان ده‌وڵه‌ت و تاک و نێوان تاکه‌کان به گشتی دیاری ده‌کات. دیاره ئه‌م ڕوانگه پێش هه‌موو شت تاک ده‌خاته مه‌ڵبه‌ند و به ئازادییه‌ک له قه‌ڵه‌م ده‌درێت که ئازادبوون له ده‌ستێوه‌ردان و ده‌ستدرێژکردنی بێبنه‌مایه؛ له‌م به‌ستێنه‌دا شعور ده‌ور ده‌گێڕێ، مرۆڤ له دۆخی سروشتی و غه‌ریزه دێنێته ده‌ره‌وه و له سه‌ر بنه‌مای مه‌عریفه به ماف و ئازادی ده‌وروبه‌رانی ئاشنای ده‌کات. پرسی ئازادی ده‌کاته پرسێکی دوو لایه‌نه، پرسی من و ئه‌و، ئازادی ته‌نیا کاتێک مانای هه‌یه که ئازادیی من و ئه‌و بێ؛ کاتێک که منی تاک ئازادی خۆم به به‌هایه‌کی بێهاوتا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م، که‌وایه ده‌بێ ئه‌و مافه‌ش به ده‌ووروبه‌رم به ڕوا بزانم. به واتایه‌کی دیکه ئه‌م گه‌شه، گه‌شه‌یه‌كی سیاسی به‌رین و ههنگاوێکی گه‌وره‌یه به‌ره‌و شاره‌ستانییه‌ت. له ئاکامدا سه‌ره‌کیترین پله‌ی بیرۆکه و نیزامی دیموکڕاسییه. گه‌ر به سه‌رنجی ورده‌وه بۆ نه‌زم و نیزامی سیاسیی دیموکڕاسی بڕوانین، ئه‌وه ناتوانین ئاوڕ له ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌ینه‌وه. له حه‌وزه‌ی سیاسی‌دا ده‌سه‌ڵات گرینترین دیارده‌یه. ده‌سه‌ڵات به‌و واتای که ده‌توانێت هه‌م سازێنه‌ر و داهێنه‌ر بێت و هه‌م ڕوخێنه‌ر و شێونهریش بێت. به‌ڵام من باسم له دیموکڕاسی کرد، نیزامێک که ده‌سه‌ڵات دابه‌ش و کۆنتڕۆڵ ده‌کات. هه‌ر بۆیه یه‌ک پڕه‌نسیپی بنه‌ڕه‌تیی هه‌یه که هه‌م له بیرۆکه‌ی ئازادی نه‌رێنیدا و هه‌م له نیزامی دیموکڕاسییدا به‌رچاوه، ئه‌ویش پڕه‌نسیپی دوولایه‌نه و گشتییە. هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک که من بۆ خۆمی به ڕه‌وا و مهنتهقیی ده‌زانم، ده‌بێ هه‌مان کرده‌وه‌ش به به‌رامبه‌ره‌که‌م ڕه‌وا ببینم. هەر بۆیە ده‌سه‌ڵات پێناسه‌یه‌کی دیکه وه‌رده‌گرێت، ده‌سه‌ڵات ئه‌رکی ته‌نیا ئهمردان نامێنێ، ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بڕیار نادات، چونکه ڕووبهڕووبوونهکان و کرده‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی به‌ڕێوه ده‌چن، ئه‌مه لایه‌نێکی پڕنسیپهکهیه که له ژێر ناوی دوولایه‌ندا باسی لێده‌کرێت. به‌ڵام لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌و پڕه‌نسیپه لایه‌نه گشتییه‌که‌یه‌تی، ئه‌م لایه‌نه ئاماژه به‌وه ده‌دات، که هه‌موو نۆڕم و یاساکان گشتین و سه‌رده‌می هه‌ڵاواردن و نایه‌کسانی به‌سه‌ر چووه، سه‌رده‌می ژێرده‌ستی و باڵاده‌ستی بڕیاردان به‌سه‌ر چووه، سه‌رده‌می ئازادی جیاواز و ئازادی زیاتر و که‌متر بۆ من و بۆ تۆ به‌سه‌ر چووه. چونکه جه‌وهه‌ری ئه‌و پڕه‌نسیپه ئاوڕدانه‌وه له به‌هاگه‌لی وه‌ک که‌رامه‌تی مرۆڤ و ڕێزگرتن له بوونه‌وه‌ری مرۆڤه. ئازادی نه‌رێنی ئازادبوونه له ده‌ستی زۆر و خواستی بێبنه‌مای ده‌وڵه‌ت. هه‌ربۆیه بیرمه‌ندانی گه‌شبینی وه‌ک «جان لاک، ئێدم سمیز و جۆن ستوارت میل»، قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌یه که هه‌ر تاکێک پێویستی به حه‌وزه‌یه‌کی شه‌خسیی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش حه‌وزه‌یه‌ک که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کی و ده‌وڵه‌ت ده‌ستی پێینه‌گات. پاراستنی یاسایی ئه‌و حه‌وزه شه‌خسییه زۆر کاریگه‌ره، به تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ر تاکێک له‌و حه‌وزه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێبدرێت، خۆی بۆ کورتماوه په‌ڕواێز بخات و به‌شداریی ژیانی حه‌وزه‌ی گشتی نه‌کات، تا به وردی به ناخی خۆیدا بچێته‌وه و بیر له مانای ژیانی خۆی و سه‌بکی هه‌ڵسووکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی بکاته‌وه، به مه‌رجێ که ئه‌و مافه‌ش به هه‌موو تاکه‌کانی دیکه ڕوا ببینێ. ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆکی باسه‌که‌م جه‌م بکه‌مه‌وه، ئه‌وه ده‌توانم بڵێم، هه‌وڵی سه‌ره‌کیی ئازادیی نه‌رێنی هاوسهنگیڕاگرتنی نێوان سه‌روه‌ری تاک و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته. هاوکات له ته‌ک ئه‌وه‌شدا سنووری نێوان تاکه‌کان هێڵکێشی ده‌کات، هیچ تاکێک مافی نییه سه‌بکی ژیان و بیر‌و هزر و جیهانبینیی خۆی به سه‌ر تاکێکی دیکه‌دا بسه‌پێنێت. پلوڕالیزم ئا لێره‌وه چه‌که‌ره ده‌کات و ده‌بێته به‌هایه‌کی سه‌رده‌میی و تۆلهڕانسخوازی. به سه‌ر ئاماژدان به‌و هه‌موو لایه‌نه ئه‌رێنیه‌ی ئازادی نه‌رێنیدا، نابێ پشت گوێی بخه‌ین که له ئاکامی گه‌شه‌ی ئه‌و ئایدیادا، کۆمه‌ڵێک خه‌سڵه‌تی وه‌ک خۆویستی له ڕاده‌به‌در و دوورکه‌وتنه‌وه له هه‌ستی به‌رپرسی په‌ره‌یان سه‌ندووه. بیرمه‌ند زۆرن که ماکی ئازادی نه‌رێنی به نه‌زمی فیکری لیبڕالیزم و نیولیبڕالیزمهوه گرێ ده‌ده‌ن، ئه‌و هێڵه ڕه‌خنه‌گره له گه‌شه‌ی ڕادیکاڵی ئازادی تاکدا، سه‌رهه‌ڵدانی ناساخیی به‌ستێنه‌ی یاسا و ڕه‌وشت به‌دی ده‌کات؛ واته دوو شێوه ناساخی که له‌تمه‌ی گه‌وره له پڕۆسه‌ی دیموکڕاسی ده‌ده‌ن. ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کانی جیهاندا دوو شێوه تیپ له مرۆڤ سه‌ریان هه‌ڵداوه که هه‌ردووکیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌شه نهرێنییهن. یه‌که‌م تیپ بریتییه له جۆره مرۆڤێک که له ته‌ک ئازادی تاکدا به گوێره‌ی پێویست مامه‌ڵه ناکات و بووه‌ته که‌سێکی بێبڕیار، چونکه ناتوانێت له نێوان دیارده به‌رفراوانه‌کاندا بژارده‌ی بڕیاری سه‌ربه‌خۆ بکات. دووه‌م تیپ جۆره مرۆڤێکه که بڕیاری ئێستا و ئه‌مڕۆی تا دوای نیوه‌ڕۆ و ئێواره بڕ ده‌کات و بڕستی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه بڕیاری به بنه‌مای درێژماوه بدات. کاتێک که سه‌رده‌می پهسامۆدێڕنیزم ڕه‌وشت ده‌کاته ئه‌مری شه‌خسی تاک، کاتێک ئایین ته‌نیا ئه‌رکی سهبووریبهخشینی ماوه، کاتێک سیاسه‌تی نیولیبڕالیزم واتای تاک له شێوه‌یه‌ک ئهتۆمبوونی تاکدا قه‌تیس ده‌کاته‌وه، ئه‌وکات سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شێوه تیپانه له مرۆڤ چاوه‌ڕواننه‌کراو نییه. بۆ وێنه له به‌ستێنی یاسادا تاکه‌کان به شێوه‌یه‌ک بارهاتوون و په‌روه‌رده کراون، که له بچووکترین کێشه، گرفت و وهیکچوونی بنه‌ماڵه‌ی و کۆمه‌ڵایه‌تییدا په‌نا بۆ یاسا ده‌به‌ن، ئه‌وه یاسایه که ده‌بێ کێشه خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌ی کوا بڕستی ئاخافتن، گفتوگۆ و هاوکاری بۆ نه‌هێشتنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان؟ به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌رده‌وام درووشمی بریقه‌دار بۆ دیسکورسی مه‌نتیقی و دیموکڕاسی ده‌درێت. دیاره سه‌رەتای سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئایدیای ئازادی نه‌رێنی بۆ به‌ستێنێکی مێژوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه که تێیدا شه‌ڕی ئایینی و ڕوانگه‌ی موتڵه‌ق باڵاده‌ست بوون و تهباییە کۆمه‌ڵایه‌تییەکانی خه‌وشدار کردبوو. له‌و کاته‌دا دیاریکردنی سنووری نێوان تاکه‌کان و بایه‌خدان به فیکری سه‌ربه‌خۆ زۆر پێویست بوو، هه‌ربۆیه ئاکامی ئه‌و گه‌شه ده‌بێته هۆی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی نیزامی دیموکڕاسی.
(٢)
به سه‌ر هه‌موو خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی ئایدیای ئازادی نه‌رێنییدا، ئه‌و ئایدیا ته‌واو کامڵ نه‌بوو و پێویستی به ته‌واوکاری زیاتر بوو. له فه‌ڕانسه‌وه «ژان ژاک ڕۆسۆ»، له وڵاتی ئاڵمان «ئیمانووێل کانت و یۆهان گۆتفڕید هێرده‌ر» بوون که په‌نجه‌یان نایه سه‌ر کەمایەسییەکانی ئه‌و مۆدێله له ئازادی و چه‌ند دانه توخمی تازه‌یان پێ زیادکرد، جا گومان له‌وه‌دا نییه که به‌و کاره ئایدیای ئازادیان زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندتر و کامڵتر کرد. هه‌روه‌ک پێشتر باسی لێ‌کرا، ئازادی نه‌رێنی بۆ ڕووی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ڕوانی و بریتی بوو له ئازادبوون له ده‌ستتێوه‌ردانی ناڕه‌وای ده‌ره‌کیی بێبنه‌ما. به‌ڵام ئازادی ئه‌رێنی بۆ ناخی تاک ده‌گه‌ڕێته‌وه و بۆ ڕووی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ڕوانێت. ئازادی ئه‌رێنی بریتییه له په‌یوه‌ندییه‌کی ئازاد له ته‌ک خودی خۆدا؛ هه‌ربۆیه ئه‌م ئازادییه زیاتر به ڕەسەن و «ئۆرجینال» له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌وه «ژان ژاک ڕۆسۆ»یە که به هه‌ستێکی ناسک و بیرێکی تیژه‌وه هه‌ر به زوویی ئاماژه به کهموکهسریی ئازادی نه‌رێنی ده‌دات و ده‌ڵێ: ئاخر خۆ ته‌نیا به‌رگرتن له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌وه، ناتوانێ ئازادی پێناسه بکات. هه‌ر بۆیه له به‌رهه‌مه گه‌وره‌که‌یدا «بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی» باس له واتایه‌کی ئاڵۆزی ئازادی ده‌کات و ئاماژه به خواستی ئازادی تاک ده‌دات. «ڕۆسۆ» هه‌موو جۆره کرده‌وه‌یه‌ک به کرده‌وه‌ی ئازاد له‌قه‌ڵه‌م نادات، کرده‌وه‌یه‌ک که له پێناو حه‌زدا ئه‌نجام ده‌درێت، بە کرده‌وه‌یه‌کی ئازاد نازانێت و پێیوایە ته‌نیا کرده‌وه‌یه‌ک که له پێناو بڕیار و یاسایه‌کی مهنتهقیدا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌ویش بەپێی یاسایەک که خۆمان له سه‌ر بنه‌مای مه‌نته‌ق بۆ خۆمانمان بڕیوەتەوە و واژۆمان کردووه. دیاره «ڕۆسۆ» زۆر به باشی وێنه‌ی پێگه‌یشتنی تاکی سه‌رده‌می مۆدێڕنیزمی له به‌رچاوه و له ڕێگای واتای ئازادییه‌وه بناغە بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سهبجهکت و تاک داده‌ڕێژێت. به‌ڵام «ڕۆسۆ» هێشتا نه له «بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی» وه نه له «ئێمیل، یان سەبارهت به په‌روه‌رده» وێنا و واتای خواستی ئازادیی له به‌ر چاودا بووه، هه‌ربۆیه زۆر ناخایه‌نێت و دوو دانه بیرمه‌ندی دیکه چه‌که‌ره‌ی ئه‌و هزره سه‌رنجڕاکێشه هه‌ڵده‌گرنه‌وه و ده‌یکه‌نه هه‌وێنی دوو هێڵی فیکریی ئازادیی ته‌واو جیاواز له یه‌ک. هێڵی یه‌که‌م به هێڵی «ئیمانول کانت» ناو ده‌رده‌کات و هێڵی دووه‌م به ناوی «یۆهان گۆتفڕید هێرد»ه‌وه ده‌بێته گرامه‌رێکی سه‌ربه‌خۆی ئازادی. بۆ کانت زۆر بنه‌ڕه‌تییه که مرۆڤ توانا و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه، خۆی سه‌روه‌ر بێ و یاساداڕێژه‌ری کرده‌وه و ڕه‌وشتی خۆی بێت. هه‌روه‌ک پێشتر «ڕۆسۆ» ئاماژه‌ی پێده‌دات، بۆ «کانتیش» ته‌واو ڕوونه که خواست نابێ هێج سات ببێته به‌رده‌ی حه‌ز و ڕه‌وشته نامهنتهقییهکان. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و خواسته هیچ ده‌رفه‌تێکی دیکه‌ی بۆ نامێنێته‌وه بێجگه له‌وه‌ی که خۆی یاساداڕێژه‌ری خۆی بێ. چونکه مه‌نتیق ئه‌وه ده‌سه‌لـمێنێت، که هه‌ر تاکێک ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک ڕه‌وشت و کرده‌وه‌ی خۆی میزان بکات، که هه‌مان کرده‌وه بۆ هه‌موو لایه‌ک هه‌ڵگری مه‌نتیق بێت و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌ی تێدا بێت، چه‌شنی یاسایه‌کی گشتیی خاوه‌ن پڕه‌نسیپی دوو لایه‌نه و گشتی بێت. واته ئه‌و ڕه‌وشته ده‌بێ ئه‌وه‌نده مه‌نتیق هه‌ڵبگرێت که من هه‌رگیز له لایه‌نی بەرانبەریشمی به ئیراد نه‌گرم، واته چۆن خۆم بۆ خۆمی به ڕه‌وا و درووست ئه‌زانم، ده‌بێ به‌هه‌مان شێوه بۆ هه‌موو که‌سێکی دیکه‌شی به‌ڕه‌وا بزانم و قه‌ناعه‌تیشم به‌وه هه‌بێ که ئه‌و کرده‌وه له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیقی بێگه‌رد ده‌توانێ هەموو کاتێک چه‌شنی یاسایه‌کی گشتی کاریگه‌ریی هه‌بێ. دواتر “کانت” له فۆڕملێکی ناوداریدا زۆر به باشی کۆبه‌ندی ئه‌و بیرۆکەیە ده‌کات و ده‌ڵێ: مرۆڤ پێویسته کرده‌وه‌کانی به شێوه‌یه‌ک دابڕێژێ، که هیچ سات نه لەگەڵ تاکه مرۆڤێکی دیکه و نه لەگەڵ مرۆڤایه‌تی به گشتی چه‌شنی کاڵا مامه‌ڵه بکات، واته هیچ سات مرۆڤ نه‌کاته که‌ره‌سه، به‌ڵکه خودی مرۆڤ به هۆکاری سه‌ره‌کی ببینێ. مرۆڤ ده‌بێ خواستی ئازادی خۆی له ئازادی‌دا پێناسه بکات و ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وه نه‌هێڵێته‌وه له ڕووی هه‌ست و حه‌زه‌وه هێڵی خواستی دیاری بکات. لوتکه‌ی ئه‌م ئایدیا زۆر به‌رین و ئاڵۆزه، چونکه کاتێ که هه‌ر تاکێک باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌تی به مه‌نتیق هه‌بوو، ئه‌وه ده‌بێ له دوایین هه‌نگاودا خوازیاری نه‌زمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت که له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق به‌ڕێوه ده‌چێ و ئه‌ندامه‌کانیشی خاوه‌ن ڕه‌وشتێکی مهنتهقین. هێڵی دووه‌می پرسی ئازادی ئه‌رێنی به ناوی «هێرده‌ر»ه‌وه گرێدراوه و به هه‌مان شێوه سه‌رنجڕاکێشه، ئه‌م هێڵه فیکریه له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا بووژاوه‌ته‌وه و له به‌ستێنی دیسکورسی فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بایه‌خی زۆری پێده‌درێت، ئه‌ویش به تایبه‌ت له پرسی ڕوانیین بۆ ژیانێکی باش و خۆپێگه‌یاندنی تاک. دیسکورسی بهڕهسمییهتناسین ئاوڕ له ڕه‌سه‌نبوون و خۆبوونی تاک ده‌داته‌وه و هزری «هێرده‌ر» ده‌کاته سه‌رچاوه و ده‌یهێنێته‌وه به‌رچاومان که فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌وشتی گه‌ردوونی، لایه‌نی نادیار و تاریک و لاوازی هه‌یه و ئه‌م ڕوانگه‌ی «هێرده‌ر» ده‌توانێت به‌دیلێک بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نه لاوازانه‌ی هێڵی ناوبراودا. «هێرده‌ر» به پێچه‌وانه‌ی «کانت» قه‌ناعه‌تی به‌وه هه‌بوو، که تاک ده‌بێ مۆڵه‌تی ئه‌وه‌ی پێبدرێت به ناخی خۆیدا بچێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خولیا و حه‌زه ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆی بناسێت، دواتر بتوانێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه شه‌خسیانه‌ی خۆی بخاته چوارچێوه‌ی ڕێزمانێکی گشتییه‌وه. بیرمه‌ندی ناوبراو باوه‌ڕی به‌وه هه‌بوو که هه‌ر تاکێک خۆی، خاوه‌ن ڕۆحێکی سه‌ربه‌خۆ و بێهاواتایه، ڕۆحێک که به خزمه‌تگوزاری رێکوپێک، چه‌شنی گوڵێک دەگاتە ئەوپەڕی گەشەی خۆی. هه‌ر تاکێک بتوانێ له پڕۆسه‌ی لهخۆپرسینهوهدا به ته‌واوی واتاوه به قوڵترین ئاستی ناخی، یاخۆ کرۆکی خۆی بگات، ئه‌و کات به باشی بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێ، ئیتر گومانم له‌وه نییه که گه‌شه‌ی جیسمی و که‌سایه‌تییم به‌و ئاست و شوێنه گه‌یشتووه که ده‌بووا بگه‌شتایه. هه‌ردوو بیرمه‌ندی ناوبراو، واته «کانت و هێرده‌ر» له دوو خاڵی بنه‌ڕه‌تییدا کۆکن، یه‌که‌م له سه‌ره ئه‌وه‌ی که ئازادی نه‌رێنی کەموکووڕیی هه‌یه و پێویستی به ته‌واوکاری هه‌یه، چونکه ڕووی ئازادی نه‌رێنی ڕوو به‌ده‌ره‌وه و دیگهرانه و که‌متر بایه‌خ به کرۆکی خودی تاک ده‌دات. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه‌ی بیرۆکه‌ی ئازادی ڕه‌سه‌ن ته‌نیا له وجوودی خودی تاکدا به‌دی ده‌کرێت، بۆ «کانت» ئه‌و سه‌رچاوه بریتییه له خۆ ڕزگارکردن له حه‌ز و خولیای بێبنه‌مای نامه‌نتیقی، حه‌ز و خواستێک که چه‌شنی چڵی سه‌ر ئاو گه‌مه به تاک ده‌کات.
هه‌ربۆیه پێشنیاری یاسابهخۆدانێکه که له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیقی بێگه‌رد دامه‌زرابێت، یاسایه‌ک که تاک خۆی له ڕووی مه‌نتیقی خۆیه‌وە دایده‌رێژێت و دواتر به ته‌واوی واتاوه په‌یڕه‌ویی ده‌کات؛ هه‌تا جێگه و مه‌یدان بۆ غه‌ریزه و حه‌زی بریقه‌دار نه‌هێڵێته‌وه. به‌ڵام هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا «هێرده‌ر» ڕێگایه‌کی دیکه هه‌ڵده‌بژێرێ، ناوبراو بایه‌خ به خۆزگه ڕه‌سه‌نه‌کانی تاک ده‌دات، به‌مه‌رجێک ئه‌و ئاوات و خۆزگانه له دۆخێکی ئازاد‌دا و دوور له هه‌ر شێوه گوشارێک به ئاکام و ئه‌وپه‌ڕی گه‌شه‌ی خۆیان بگه‌ن. له ئاکامدا بۆ «کانت» زه‌رووره که تاک خۆی داڕێژه‌ری یاسای مهنتهقیی کرده‌وه و ڕه‌وشته‌کانی خۆی بێت و بۆ هێردهریش زه‌رووره که تاک دوور له هه‌ر چه‌شنه گوشار و ڕێگرییه‌ک ده‌رفه‌تی خۆدۆزینه‌وه‌ی پێبدرێت. کاریگه‌ری هزری «کانت» له سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی، که‌رامه‌تی مرۆڤ و ڕێزی بنه‌ڕه‌تی بۆ مرۆڤ، جێگای ڕێز و پێزانینه، کاریگه‌ری هزری «هێرده‌ر»یش له سه‌ر درووستبوونی خواست و خۆزگه‌ی ڕه‌سه‌نی تاک ئاوێته‌ی پرسی که‌سایه‌تی په‌روه‌رده‌کرن و خۆ پێگه‌یاندن ده‌بێت و به‌هه‌مان شێوه جێگه‌ی رێز و پێزانینه. واوه‌تر پاش مه‌رگی «هێرده‌ر» تا ڕاده‌یه‌ک ماڵئاوایی له‌و ڕوانگه کرا که ئازادی ته‌نیا له کرۆک و ناخی تاکدا ده‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵام لایه‌نه گرنگه‌که‌ی ئه‌و ڕوانگه که بریتییه له بێهاواتایی هه‌ر تاکێک، تا به ئه‌مڕۆ کاریگه‌ره و له زۆر شاخهزانستی مۆدێڕن‌دا ده‌ور ده‌گێڕێ. له فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵ و ڕه‌وشتدا، له به‌ستێنی پرسی به‌ڕه‌سمییه‌ت ناسینی هه‌ر که‌لتوور و که‌مینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگه‌دا، یاخۆ له شاخهزانستی په‌روه‌رده‌دا ئه‌و په‌یامه باڵاده‌سته، که هه‌ریه‌ک له ئێمه، پاش ناسینی خۆ و پاش ده‌ستبه‌رکردنی شوناسی تاک و گروپ، مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه که خوازیاری بهڕهسمییهتناسران بین، واوه‌تر کۆمه‌ڵگه‌ش وهڵامدهرهومان بێت و ئه‌و داواکاریهشمان به جیددی بگرێت، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه هه‌ندێ جار داواکاریه‌کان ته‌واو ڕه‌وا و بهرحهقیش نه‌بن. ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ پاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی په‌سامۆدێڕن کاڵبوونهتەوه و نیسبی کردنی زۆر به‌های کۆمه‌ڵایه‌تی خراوه‌ته‌وه ژێر پرسیار، هه‌مان خاڵی هزری «هێرده‌ر» جێگای سه‌رنج بێت، که داوای به‌ناخ گه‌یشتن و داوای به ڕەسەنایەتی گه‌یشتنی ناخی مرۆڤ و تاکی ده‌کرد. چونکه پێکهاته ده‌وڵه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به وزه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌وه ئه‌رکی په‌روه‌رده‌ی منداڵ و عامیان گرتۆته ئه‌ستۆ و هه‌وڵی هاودهستکردنی “تاکی” ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن. بۆ «هێرده‌ر» زۆر زه‌رووره که هه‌ر تاکێک ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێبدرێت له پاناتایی کۆمه‌ڵگه‌دا به ئازادی و به ڕێزمانێکی حه‌وزه‌ی گشتی سه‌باره‌ت به خواست و خولیا شه‌خسییه‌کانی خۆی بدوێ. چونکه هه‌ر تاکێک ڕۆحێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ و نه‌گۆڕی هه‌یه، ئه‌و ناخه چه‌شنی کاکڵ و تۆمێکه که گه‌شه ده‌کات و به ئه‌وج و ئاکامی خۆی ده‌گات. واوه‌تر ئه‌و تاکه هه‌رچی زیاتر و هه‌رچی قوڵتر به ناخی خۆیدا ڕۆبچێت و به بنه‌ڕه‌تی فیکر و خولیا جوان و مهقبوولهکانی بگات، ئه‌وه باشتر وه‌ڵامی پرسیارێکی سه‌ره‌کی خۆی، واته من کێم؟ ده‌داته‌وه و ده‌ڵی من ئه‌وه‌م که ده‌بووا ببم و پێیبگه‌م، بووشم، پێیگه‌یشتووم. پاش سه‌رنجه‌کانی «ڕۆسۆ» هه‌م «کانت» و هه‌م «هێرده‌ر» له‌و خاڵه‌دا هاوده‌نگن، که ئازادی نه‌رێنی ئاوڕ له پڕه‌نسیپی دوو لایه‌نه و بازتابی ناداته‌وه، واوه‌تر پڕۆگرامی ئازادی نه‌رێنی خاوه‌ن به‌رنامه و دوامه‌به‌ست نییه. بۆ هه‌ردوو بیرمه‌ند ڕوونە، که ئازادی ته‌نیا ئه‌و کات ده‌توانی هه‌ڵگری واتای ئازادی بێ، که له سه‌ر بنه‌مای خواستی ئازاد دامه‌زرابێت و تاک به به‌رنامه‌و مه‌به‌سته‌وه ڕێگه و ڕچه بۆ خۆی دابڕێژی و لێره‌و له‌وێش به‌ربه‌ستی هه‌ندێک خواستی لامهنتیقی بێت و سنوری ڕه‌وشت هێڵکێشی بکات. لە ڕوانگەی «کانت»ەوە یاساداڕشتن له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق زۆر پێویستە و له‌و به‌ستێنه‌دا ئاماژه به ده‌سته‌واژه‌ی ڕێز ده‌دات، ڕێز له لای «کانت» هه‌ستێکه، به‌ڵام هه‌ستێکی زۆر جیاواز له هه‌سته‌کانی دیکه، واته ئه‌گه‌رچی ڕێز هه‌ستێکه هاوشێوه‌ی هه‌سته سروشتییه‌کانی دیکه، له خاڵێکی تایبه‌تدا رێز ده‌چێته چوارچێوه‌ی مه‌نتیقه‌وه، رێز هاوشێوه‌ی هه‌ستی وه‌ک ترس و حه‌ز نییه، به‌ڵکه رێز زۆرجار به‌هایه‌که که له خۆپه‌ره‌ستی و خۆخوازی ناساغ دوورمان ده‌خاته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه «هێرده‌ر» جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه دەکات که تاک به ناخی خۆیدا ڕۆبچێتهوه، هه‌تا ناخی ڕەسەنی خۆی بناسێ و دوور له هه‌ر گوشار و گیرۆدهییهک کاکڵی ئه‌و ناخه‌ی خۆی گەشە پێبدات و به ئاکام بگه‌یێنێت و خۆی پێبگه‌یێنێت. ئه‌گه‌رچی لایه‌نی ئینتزاعیی فیکره‌کانی «کانت» وردە وردە بە تێپەڕینی کات ئاوێته‌ی هێڵی فه‌لسه‌فه‌ی (ئینتهرسهبجهکتیڤیتی) ده‌بێت، به‌ڵام حاشا له‌وه ناکرێت که له بواری فه‌لسه‌فه‌ی ڕێزی گه‌ردونی، فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ربه‌خۆیی تاک و بنه‌ماکانی نه‌زمی دیموکڕاسی گه‌وره‌ترین کاریگه‌ریی هه‌بووه. به هه‌مان شێوه پاش مه‌رگی «هێرده‌ر» ئه‌و لایه‌نه‌ی بیرۆکه‌کانی که گوایه تۆم، کاکڵ و ناخی مرۆڤ نه‌گۆڕه‌و ڕاستی ڕاسته‌قینه ته‌نیا له ناخی خۆماندا ده‌دۆزرێته‌وه، که‌وته ژێر پرسیاری جیددیه‌وه، چونکه ڕۆژ به ڕۆژ ڕوڵ و کاریگه‌ریی په‌روه‌رده بایه‌خی پێدرا و ئه‌و ڕوانگه باڵاده‌ست بوو که په‌روه‌رده هه‌موو شت ده‌گۆڕێ. به‌ڵام به ناخی خۆدا چوونه‌وه و به ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆ گه‌یشتن، هێشتا هه‌ر بایه‌خی پێده‌درێت، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پرس ببێته پرسی پێگەیاندنی که‌سایه‌تی خۆ و خۆکامڵکردن. گومان له‌وه‌دا نیه که چ ئازادی نه‌رێنی و چ ئازادی ئه‌رێنی له سه‌ر بنه‌مای وێنه‌یه‌کی تایبه‌تی مرۆڤ و مرۆڤبوون داڕێژراون، من لێره‌دا ناڕۆمه نێو ئه‌م باسه، به‌ڵام ڕه‌نگه پێویست بێ، زۆر به کورتی ئاماژه به‌وه بده‌م که ئازادی نه‌رێنی ده‌چێته چوارچێوه‌ی جیهانبینیی لیبڕالیزمه‌وه و ئازادی ئه‌رێنی تا ڕاده‌یه‌ک ڕێگه بۆ ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆش ده‌کات و له لایه‌ن کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی چه‌په‌وه به گه‌رمی پێشوازی لێده‌کرێت.
(٣)
له دوایین هه‌نگاوی ئه‌م داڕشتنه‌دا ئاماژه به ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌م؛ تا ئێستا به باشی بینیمان که هه‌م ئازادیی ئه‌رێنی و هه‌م ئازادیی نه‌رێنی ته‌نیا تاک ده‌خه‌نه مه‌ڵبه‌ند و به هیچ شێوه ئاماژه به پێکهاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناده‌ن، ئه‌گه‌ر ئاماژه‌ش بده‌ن، ئه‌وه له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بۆ تاک ده‌ڕوانن و دواتر به بێ پله‌یه‌کی دیکه‌ی ڕوون، واته به بێ ئاستێک که به‌یه‌که‌وه بیر له تاک و پێکهاته بکاته‌وه، تاک له ته‌ک پێکهاته‌کاندا ڕووبه‌ڕوو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی بیرمه‌ندانی ئاڵمانی «یورگن هابه‌رماس و کارل ئۆتۆ ئادۆ» به تئۆریی په‌یوه‌ندی له سه‌ر بنه‌مای ئاخافتن ههنگاوێکی گه‌وره بۆ داڕشتنی ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام سه‌ره‌تای ئه‌و بیرۆکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌خنه‌کانی «گیۆرگ ڤیلهێلم فڕیدڕیش هێگل» له سه‌ر ئه‌و دوو مۆدێله‌ی پێشوو له ئازادی. «هێگل» هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئازادیی نه‌رێنی و ئه‌رێنی ڕه‌ت ناکاته‌وه، بایه‌خدان به به‌رگری ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای دەرەکی ناخاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵکه زۆر زیاتر بۆ ده‌رفه‌تی ڕیالیزه‌کردن و به ئاکام گه‌یاندنی ئایدیاکانی ئازادی ئه‌ڕوانێت. بۆ هێگل زۆر گرنگه که ئازادی ته‌نیا خولیا و خه‌یاڵ و ئایدیا نه‌بێ، به‌ڵکه ئازادی ده‌بێ ببێته ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ڕوون که له ناوه‌رۆکدا به‌تاڵ نه‌بێ، به‌ڵکه قه‌واره‌یه‌کی ڕئال و واقعی بێ، قه‌واره‌یه‌ک که واتایه‌کی مه‌نتیقی گشتی له خۆ بگرێت. هه‌ر لێره‌وه جه‌خت له سه‌ر واقعی ده‌ره‌وه‌ی ئایدیای ئازادی داده‌نرێت، واوه‌تر چاو له سه‌ر بازنه‌ی تاک لاده‌برێت و ئازادی به پێوه‌رێکی دیکه پێوانه ده‌کرێت؛ تا ئێره و ئه‌م ئاسته زه‌روور بوو که تاک به ناخی خۆیدا بچێته‌وه و حه‌ز، خولیا و مه‌به‌سته ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆی بناسێ، به‌ڵام لێره‌وه ده‌بێ واتای ئازادی به که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به که‌سانی ده‌وروبه‌ریه‌وه گرێ بدات. «هێگل» هه‌ر له سه‌رتاوه چاو ده‌بڕێته پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک هاوڕێیه‌تی (ڕه‌فاقه‌ت)، ئه‌وینداریی ڕۆمانسی و دواتر بنه‌ماڵه و خێزان، چونکه دیارده‌ی ئازادی خۆی له‌و پێکهاتانه‌وه ده‌رده‌خات و ڕیالیزه ده‌کات. لێره‌دا زۆر سه‌رنجڕاکێشه که «هێگل» ئاماژه به‌و سێ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌دات، چونکه تاک له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا چاوپۆشی لە هەندێ بەرژەوەندی شەخشیی ده‌کات و به‌شێک له ئازادی خۆی له ده‌ست ده‌دات، هه‌تا ئه‌و ئازادیه له ئاستێکی به‌رزتردا به‌رفراوان و زیاتر بکات. تاک کاتێک که په‌یوه‌ندی له گەڵ تاکێکی دیکه‌دا دروست ده‌کات، ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک له خۆی دوور ده‌که‌وێته‌وه و دواتر له ئاستێکی دیکه‌دا له ناخی که‌سێکی ده‌ره‌وه له خۆیدا، خۆی دیسانه‌وه ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌م دیارده کارێک ده‌کات که تاک که‌سی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به که‌سێکی دیکه‌ی خۆی و هاوشێوه‌ی خۆی ببینێ، چونکه باش ده‌زانێ که چۆن ئەوی دیکە هاوشێوەیەکی ئەمی پێویسته، ئه‌میش به هه‌مانشێوه ئەوی پێویسته، واته هه‌ردووک گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ن به‌یه‌کتر، به‌ڵام قه‌بووڵ کردنی ئه‌و وابه‌سته‌بوونه هه‌ردوولا ئازاد ده‌کات. «هێگل» له به‌ستێنی دیارده‌ی ئه‌وینداریی ڕۆمانسییدا ڕسته‌یه‌کی زۆر جوان و پڕ واتای هه‌یه که ده‌ڵێت: “با من له ناخی ئه‌وی ڕووبهڕوومدا خۆم بدۆزمه‌وه، له لای وجودی ئه‌و خۆم بدۆزمه‌وه و به خۆم بگه‌مه‌وه.” بێگومان «هێگل» له ژێر کاریگه‌ریی بیرۆکه‌کانی بیرمه‌ندی پێش خۆی «فیشته»دا بووه، هه‌ربۆیه دواتریش فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕه‌سمییه‌ت ناسینی خۆی له سه‌ر بیرۆکه‌کانی «فیشته» داده‌ڕێژێت. من مه‌به‌ستم نییه لێره‌دا به وردی ئاوڕ له فه‌لسه‌فه‌ی بهڕهسمییهتناسین بده‌مه‌وه، ئه‌گه‌رچی بۆ تێگه‌یشتن له ئازادی، تێگه‌یشتن له‌و بابه‌ته زۆر گرینگه، به‌ڵام تاوتۆکردنی پرسی بهڕهسمییهتناسین هه‌ڵده‌گرم بۆ شوێن و به‌ستێنێکی دیکه. بەڵام له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا به کورتی ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی به فهرمیناسین. بۆ «فیشته» زۆر گرینگ بوو که پرسی ئازادی و یه‌ک بهڕهسمیهتناسین به پرسی ماف، یاسا و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه گرێ بدات، واته مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن مه‌نتیق ده‌بێ خۆی و ده‌وروبه‌ری بۆ ئه‌وه هان بدات، که به مه‌نتیقه‌وه خۆی بناسێ و پێناسه بکات. بۆ «فیشته» زۆر زه‌رووره بیخاته به‌رچاو، که مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن له ئازادی و بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که چۆن بتوانێت خاوه‌ن کرده‌وه (بکه‌ر) بێت، ئه‌وه ده‌بێ بزانێت که ده‌وروبه‌رو و هه‌موو هه‌بووه‌کان به‌ره‌نگاربوونه پیشان ده‌ده‌ن و سنوور ده‌خه‌نه به‌ر ده‌می. «فیشته» له‌و بڕوادایه که هه‌ر تاکێک له پله‌ی یه‌که‌مدا «ئهبجهکتێکی» خاوه‌ن مه‌نتیقه، به‌ڵام له پله‌یه‌كی دیکه‌شدا خودی خۆی «سهبجهکته» که به مه‌نتیقه‌وه بۆ «ئهبجهکت» ئه‌ڕوانێ. له هه‌مان کاتدا ئه‌و «ئهبجهکته» به شێوه‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی سهبجهکت ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک بێت که خودی سهبجهکت به دیارده‌یه‌کی ده‌ره‌کی له خۆی بزانێت، که له ئاکامدا کاریگه‌ریی له سه‌ر خودی سهبجهکت داده‌نێت. سهبجهکت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ک سهبجهکت بناسێ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به تاک، پێویسته ئه‌و ئه‌زموونه بکات که ته‌نیا وه‌ک ئهبجهکت سه‌یری نه‌کرێت، به‌ڵکه وه‌ک سهبجهکت مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ بکرێت. واوه‌تر پێویسته که ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه کراوه بێت و له ناوه‌رۆکدا موتڵه‌ق نه‌بێ، چونکه واتای ئازادی نابێ له خاڵ و واتایه‌کدا قه‌تیس بکرێتەوە. خودی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه که واتایه‌کی کراوه‌ی هه‌یه، هه‌مان واتایه که «فیشته» به هاندان به‌ره‌و ئازادی له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات، هاندانی بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن ده‌رک و مه‌نتیق. ئا لێره‌وه کاکڵ و تۆمی ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و چه‌که‌ره‌کردن ده‌ڕوات، چونکه ئازادی ته‌نیا له به‌ستێنی په‌یوه‌ندیدا ده‌بێته خاوه‌ن واتای به بنه‌ما. لێره‌وه خۆویستی موتڵه‌ق و ناساغ سنووردار ده‌کرێ، چونکه تاک له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق ناچار ده‌بێ هه‌ندێک له ئازادییە تاکەکەسی و شهخسییەکانی خۆی له‌ده‌ست بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌ستێنی ئازادی کۆمه‌ڵدا شێوه‌یه‌کی دیکه له ئازادی به ده‌ست بێنێت، ئازادیه‌کی ئاڵۆزتر که هه‌ڵگری مه‌نتیقه. ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه زۆر گرینگه، چونکه وه‌رگرتنی ئه‌و شێوه ئازادیه چوارچێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پێویسته، نه‌زم و یاسا و ڕێسایه‌کی پێویسته که خودی خۆی له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق دامەزرابێت. که‌وایه «فیشته» بیرۆکه‌ی ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی و خودی مه‌نتیق له یه‌ک جیا ناکاته‌وه. واوه‌تر کاتێک هه‌موو پێکهاته یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق دامه‌زران و بوونه هۆی په‌روه‌رده‌یه‌کی مه‌نتیقیی تاکی نێو کۆمه‌ڵگه، ئه‌وه زۆر به ئاسانی واتای ئازادییه‌ک قه‌بووڵ ده‌کرێ که خوازیاری چاوپۆشییە و هه‌ر تاکێک به‌وه ناچار ده‌کات، که ته‌نیا له به‌ستێن و هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی تاکەکانی دیکەدا ده‌توانێ ئازادیی تاکەکەسیی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات. بێگومان ئه‌و ئازادییه پێویستی به کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌ی سیاسی، یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه که گشتی و فه‌رمیی ده‌که‌ن، که له‌م جیل بۆ ئه‌و جیل ده‌یگوازنه‌وه، به مه‌رجێ که له چوارچێوه‌دا ده‌رفه‌تی ئالووگۆڕ و گه‌شه‌سه‌ندن بهێڵێنه‌وه، ئه‌گینا ئه‌و واتا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به واتای ئازادییه‌وه نامێنێ. پڕۆگرام و به‌رنامه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بهڕهسمییهتناسین ده‌بێته جه‌وهه‌ری تێگه‌یشتنێک له ئازادی، که ئاماژه به چه‌ند ئاست و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌دات، هه‌روه‌ک پێشتر به کورتی ئاماژه‌م پێدا، «هێگل» بۆ دامەزراوەی هاوڕییه‌تی، ئه‌وینداریی ڕۆمانسی، بنه‌ماڵه و ده‌وڵه‌ت ده‌ڕوانێت، واته بۆ ئه‌و پێکهاتانه که ههرکامەیان به شێوه‌یه‌ک ده‌رفه‌ت بۆ په‌روه‌رده‌ی تاکی مه‌نتقیی و ئازادیخواز ده‌خولقێنن. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ زۆر تیئۆریی ده‌روونناسی ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که به چ شێوه‌یه‌ک دایک و باوک و که‌سانی ده‌ورووبه‌ر ده‌توانن کاریگه‌ری له سه‌ر منداڵ دابنێن و به چ شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی درووستبوونی که‌سایه‌تییه‌کی پته‌و و بڕوابه‌خۆ بده‌ن، واته هه‌ر له ته‌مه‌نی شه‌ش مانگییه‌وه ده‌کرێ به شێوه‌ی ئه‌رێنی یاخۆ نه‌رێنی کاریگه‌ری له سه‌ر که‌سایه‌تی منداڵێک دابنێت. منداڵ هه‌ر له ته‌مه‌نی شه‌ش مانگییه‌وه ده‌زانێ که دایک، باوک (یان هەر کەسێک کە خێوی منداڵەکە بێ) که‌سێکی جودا له خۆیین و ئه‌وانیش خواست و خولیا و داواکاریی شه‌خسیی خۆیان هه‌یه، ئه‌م دیارده هه‌ندێ جار ده‌بێته هۆی ناڕاحه‌تی و سه‌رلێشێوانی منداڵ، به‌ڵام بۆ هاتنه ده‌ره‌وه له‌و دۆخه، پێویسته که خێو زۆر به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی ته‌کدا بکه‌ن. زۆر جار ئه‌و منداڵه له به‌ر ئه‌وه‌ی که له ته‌ک کۆمه‌ڵێک زانیاری زۆردا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و هه‌موو ئه‌و دیارده تازانه به خێرایی هه‌زم ناکات، ده‌ست ده‌کات به لێدانی خێو و ته‌نانه‌ت به گازگرتن و هه‌ندێ کرده‌وه‌ی تووندوتیژ، هه‌موو ئه‌و کرده‌وانه بۆ ئه‌وه‌ن که سنووره‌کانی خۆی بناسێ، واته له‌و ئاسته‌دا ئه‌و وێنه‌ی که له دایک یاخۆ باوک هه‌یبوو، واته وێنه‌یه‌ک که دایک و باوکی تێدا ته‌نیا هاوشێوه‌ی ئهبجهکت هه‌ڵگرتبوو، له ناو ببات، چونکه ئه‌و ئهبجهکته ته‌نیا بۆ به ئاکام گه‌یاندنی حه‌ز و خواست و داوکارییه سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی به‌کار ده‌هات، به‌ڵام پاش سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه ته‌ک وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی که‌سه نزیهکهکانییدا ئاشنا ده‌بێ، وێنه‌یه‌ک که به ڕوونی ده‌یخاته به‌رچاوی که ئه‌وانیش به چه‌شنی خۆی خاوه‌ن خواستی شه‌خسیی خۆیانن و ته‌نیا بۆ خزمه‌تکردن به خواست و پهیداویستییهکانی ئه‌و دروست نه‌کراون. لێره‌وه یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆ بوون و به‌ره‌و بڕوا به خۆبوون، ده‌ستپێده‌که‌ن. لێره‌دا ده‌بێ خێو هه‌ستی ئه‌منییه‌ت و ئه‌رخه‌یانی به‌و منداڵه بدات، هیچ سات به تووڕه‌یی و به تووندوتیژی مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا نه‌كه‌ن، ئه‌و کات منداڵه‌که به هه‌ستێک ده‌گات و ده‌زانێت که دایک و باوکیش خۆیان ژیان و خواستی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام هیچ سات منداڵه‌که وه‌لانانێن و به‌رده‌وام هه‌ستی ئه‌رخه‌یانی پێده‌به‌خشن. دواتر ئه‌و منداڵه ده‌توانێت به هه‌ستێکی پته‌و و باوه‌ڕبه‌خۆبوونێکی مه‌زنه‌وه بێته نێو کۆمه‌ڵگه‌وه و بتوانێ خاوه‌ن که‌سایه‌تی و خاوه‌ن خواست و هه‌ڵوێستی خۆی بێت. واته که‌سێک بێ، که پێشبینی بۆ ژیانێکی باش و شیاو هه‌بێت و به‌و هه‌ڵوێسته‌وه بۆ پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڕوانێت و ده‌ورووبه‌ر و کەسانی دیکەش قه‌بووڵ کات و مافی ئازادیش به‌وان ڕواببینێ. ئه‌مه بنه‌مای هه‌مان مهنتیقە که «فیشته» باسی لێده‌کات و «هێگل» چوارچێوه‌ی بۆ داده‌ڕێژێت. کاتێک که منداڵ له سه‌ر بنه‌مای په‌روه‌رده‌یه‌کی سڵامه‌ت بڕوابەخۆبوونێکی پته‌و دروست ده‌کا، دواتر له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق ئازادیی خۆی به ئازادی تاکەکانی دیکەوە به‌ند ده‌کات و بۆ ڕێزگرتن له ئازادی خۆی ئاماده‌یه ڕێز له ئازادی ده‌وروبه‌ر بگرێت، ئه‌وکات له پله‌ی سێهه‌مدا ئاماده‌یه ڕێز لە پۆته‌نسیال و چالاکی و توانایی داهێنانی هه‌ر تاکێک بگرێت و خۆشی هه‌وڵی ئه‌وه بدات به توانا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه به که‌ڵکی کۆمه‌ڵگه بێت و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه هه‌بێ که ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی به ڕه‌سمییه‌ت بناسێ. خه‌سڵه‌تی باوه‌ڕبه‌خۆبوون، دواتر خه‌سڵه‌تی ڕێزگرتن له سه‌ر بنه‌مای مه‌نتیق، یاخۆ ڕێزگرتن له تایبه‌تمه‌ندی و توانا بێهاوتاکانی هه‌ر تاکێک بۆ کۆمه‌ڵگه، ئازادیی شه‌خسی و ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو به هه‌نگاو زیاد و زیادتر ده‌که‌ن. کۆمه‌ڵناسی ئینگلیزی «تۆماس هامفره‌ی ماڕشاڵ» زۆر به وردی دیخاته به‌رچاومان که چۆن ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی له ساڵی ١٨٣٠ وه ده‌ڕژێته چاورچێوه‌ی یاساوه. هه‌ربۆیه زۆر چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگه به ئاسانی جیاوازی و نایاکسانی یاسایی قه‌بووڵ ناکه‌ن و یاسا به‌رگی یه‌کسانی لەبهردهکرێ، به تایبه‌ت له نێو کۆمه‌ڵگه مۆدێڕنه‌کاندا که هه‌نگاوی جیددی به‌ره‌و نیزامی دیموکڕاسی هه‌ڵده‌گرن. له جه‌رگه‌ی ئه‌و دیارده‌دا په‌یامێک باڵاده‌سته، ئه‌ویش ئه‌و په‌یامه که هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵگه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، خۆی به شارۆمه‌ندێکی ته‌واو و خاوه‌ن مافی یه‌کسان لەگەڵ تاکەکانی دیکەدا بزانێ. ئه‌و کات هیچ مه‌نتیقێک وه‌ری نه‌ده‌گرت که ڕێگری له هه‌ندێک کۆمه‌ڵ و توێژ بکه‌یت و وایان لێبکه‌یت له بڕیاره سیاسییه‌کاندا بێده‌نگ و بێڕه‌نگ بن. له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ڕاپه‌ڕین و تێکۆشان و هه‌وڵ زۆرن که له شاره گه‌وره‌کانی ئه‌ورووپادا به‌ڕێوه ده‌چن و خوێندن و به‌شداری منداڵ له پڕۆسه‌ی خوێندندا به یاسایی ده‌که‌ن. ئه‌م گه‌شه دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به نرخه و بۆ داهاتوو و بۆ ڕاهێنان و بۆ پڕۆسه‌ی به‌رینکردنی دیموکڕاسی ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ی شارۆمه‌ندانی داهاتووی کۆمه‌ڵگه به باشی له رێزمان و گرامه‌ری دیموکڕاسی و یه‌کسانی و دادپه‌وه‌ری بگه‌ن. له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ئازادی تاک و ئازادی لیبڕال ڕژانه چوارچێوه‌ی یاساوه، له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌شداریکردنی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه له پڕۆسه‌ی ده‌نگ و بڕیاری سیاسیی‌دا کۆڵه‌که‌یه‌کی دیکه‌ی پته‌وی به بیرۆکه‌ی دیموکڕاسی و یه‌كسانیخوازی زیاد کرد. له سه‌ده‌ی بیستدا ئایدیای ئازادی له ژێر سێبه‌ر و گه‌شه‌ی بیرۆکه‌ی سۆسیالیزمدا ههنگاوێکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی ئه‌رێنی هه‌ڵده‌گرێت. ئاخر خۆ ئازادی دونیایه‌ک ده‌رفه‌ت و ئیمکانیاتی پێویسته، چ شارۆمه‌ندێکی نه‌دار و هه‌ژار ده‌توانێ که‌ڵک له ئازادی وه‌ربگرێت، یاخۆ چینی کرێکار و چینی چه‌وساوه چۆن ده‌توانێت له مانای ئازادی بگات و چۆن ده‌توانێت ئه‌و ئازادیه که ته‌نیا په‌یامێکی بریقه‌داره به ئازادی خۆی له قه‌ڵه‌م بدات و ته‌بایی له ته‌کدا هه‌بێت. له ساڵی ١٨٣0 – یه‌کانه‌وه بگره، جا چ له لایه‌نگرانی «ڕۆبه‌رت ئۆڤن» له وڵاتی ئینگلیز یاخۆ لایه‌نگرانی «ساینت سیمۆن» له فه‌ڕه‌نسا، هه‌موو ئه‌م بیرۆکانه په‌نجه‌یان ده‌نایه سه‌ر گه‌شه‌ی نه‌شیاوی سه‌رمایه‌داری و ڕه‌خنه‌ی جیددیان ده‌خسته به‌ر ده‌ست و پێشانیان ده‌دا که چۆن ئه‌و نیزامه بێڕه‌حمه ئازادیی کۆمه‌ڵێکی زۆر له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه پێشێل ده‌کات. بێگومان ده‌سته‌واژه گه‌وه‌رکانی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا هه‌ر کاریگه‌ر مابوون و چه‌شنی هێمایه‌ک و چه‌شنی که‌ره‌سه‌یه‌کی به‌هێزی ڕه‌خنه که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گیردرا، به تایبه‌ت له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستییه‌وه. من لێره‌دا بازنه‌ی فیکره‌کانی خۆم ده‌بستم و تاوتۆکردنی بیرۆکه‌ی ئازادی و سیسته‌می فیکری سۆسیالیزم هه‌ڵده‌گرم بۆ ده‌رفه‌تێکی دیکه. ئه‌وه‌ی که لێره‌دا نابێ نه‌گوتراو وه‌مێنێ ئه‌وه‌یه که بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم ئازادی تاک به ناکامڵ و ناته‌واو له قه‌ڵه‌م دەدات، به‌ڵام ههنگاوێکی پێویست که ده‌بووا ئه‌و کات بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ههڵیبگرتبا و هه‌ڵی نه‌گرت ئه‌وه بوو، که بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له ئازادی تاک و ئازادی نه‌رێنی ته‌نیا ڕوویان کرده بواری ئابووریی نیزامی سه‌رمایه‌داری و چه‌وساندنه‌وه و ڕووتاندنه‌وه‌ی چینی کرێکار، به‌ڵام واتای گه‌وره و به‌رینی ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تییان گرێ نه‌دا به زۆر بواری گرینگی دیکەی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه. ئه‌م که‌مته‌رخه‌مییه به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌کانی سۆسیالیزم له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. بیرۆکه‌کانی «هێگل»، جا به سه‌رنجی قوڵ و ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌وه بۆ بواره جۆروجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێڕن (بنه‌ماڵه، نیزامی ده‌وڵه‌تداری (دیموکڕاسی) و بواری ئابووری) و پۆته‌نسیال و ده‌رفه‌تی ئازادی ده‌سته‌به‌رکردنیان، ده‌یتوانی زۆر ڕێگه‌خۆشکەر بێت بۆ ده‌ستکه‌وتی مێژوویی گه‌وره‌تر، به‌ڵام بیرمه‌ندانی چه‌پی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر ساکار دووریان له «هێگل» کرد و هه‌لێکی گه‌وره‌یان بۆ خزمه‌تکردن به ئایدیای ئازادیی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ست خۆ دا.
مانگی مارسی ٢٠٢٢
ئه‌رکی بهسهرداچونهوە و هه‌ڵه‌چنیی ئه‌م داڕشتنه که‌وتۆته سه‌رشانی زۆر به‌ڕێز ئه‌سعه‌د درودی.