مێتۆد خۆی تیئۆرییه. هه‌ر سه‌بکه مێتۆدێک له ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام له سێ دونیای جیاوازدا ده‌ژی. دونیای یه‌که‌م دونیای واقعییه، ئه‌و دونیای که هه‌ر مرۆڤێک به گوێره‌ی ده‌رک، لۆژیک و هه‌ستی خۆی، یا له ڕووی ئه‌زموون و مه‌نتیقی خۆیه‌وه پێناسه‌ی ده‌کات. دونیای سێیه‌م دونیای داهاتووه، ئه‌و دونیای که هه‌ر تاکێک به هه‌مان شێوه به گوێره‌ی خه‌یاڵ و توانای نۆڕماتیڤی خۆی پێشبینی ده‌کات. لێره‌دا باس له‌و دونیایه که هێشتا ته‌نیا له زه‌ین و له خه‌یاڵی تاکدا هه‌بوونی هه‌یه. واوه‌تر دونیای دووه‌م دونیای ڕه‌خنه‌یه، ئه‌و دونیای که چه‌شنی پردێکی په‌یوه‌ندی دونیای یه‌که‌م به دونیای سێیه‌مه‌وه گرێده‌دات. لێره‌دا پرسی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئایا دونیای دووه‌م چۆن و له سه‌ر بنه‌مای چ فه‌رهه‌نگێک شکڵ و قه‌واره ده‌گرێت. بێگومان هه‌موو شارۆمه‌ندێک ناتوانێت ده‌وری ڕه‌خنه‌گرێک بگێڕێت. ئه‌وه‌ی که ده‌بێته ڕه‌خنه‌گر، پێویسته خاوه‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی به‌رچاو بێت. یه‌کێک له گرینگ‌ترین خاڵه‌کان توانایی خوێندنه‌وه‌ی گرامه‌ر و ئیخلاقی پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانه. ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ ده‌غده‌غه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بێت، ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ چاوی ڕه‌خنه‌ی تیژ و به‌هێز بێت و خۆی بۆ گۆشه‌نیگایه‌کی شه‌فافی تێڕوانین و سه‌رنج ساخ کردبێته‌وه. به واتایه‌کی دیکه، ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ له گرامهرو گه‌مه‌ی هه‌ر سێ دونیای ناوبراو شاره‌زا بێت. زۆر نین ئه‌و که‌سانه‌ی که دونیای واقعیی به باشی ده‌خوێننه‌وه، پاشان توانای پێشبینی دونیایه‌کی باشتر و که‌م ئیرادتر ده‌که‌ن، له ئاکامیشدا ڕێزمانێکی پاراو و سه‌رده‌میی بۆ بونیادنانی دونیای ڕه‌خنه بژارده ئه‌که‌ن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی که ده‌بنه ڕه‌خنه‌گر، به‌رده‌وام هه‌ست به نائارامیی ویژدان و ڕۆح ده‌که‌ن، له ناخه‌وه خۆیان به قه‌رزداری کۆمه‌ڵگه ده‌زانن. هه‌ندێکیان خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بیننه‌وه و خۆیان به نامۆ له کۆمه‌ڵگه ده‌زانن، به چاو و هه‌ستێکی جیاوازتره‌وه له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه بۆ خودی کۆمه‌ڵگه ده‌ڕوانن. ئه‌وه ئه‌و که‌سانه‌ن که له سه‌ر لێواری بازنه‌ی کۆمه‌ڵگه گۆشه‌گیرن و گیرساونه‌وه. هه‌ندێ ڕه‌خنه‌گری دیکه هه‌ن که له نێو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ژین، به‌ڵام ئه‌مانه‌ش هه‌ر خۆیان به نامۆ و غه‌ریب ده‌زانن. ئه‌م شێوه ڕه‌خنه‌گره به باشی له هه‌موو گرامهرو ئه‌خلاق و دیارده‌کانی کۆمه‌ڵگه تێده‌گه‌ن، خۆیان به‌شێکن له کۆمه‌ڵگه، به‌ڵام له ناخه‌وه له کۆمه‌ڵگه دابڕاون، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ته‌نیا به جه‌سته له پانتایی کۆمه‌ڵگه‌دا ماونه‌ته‌وه، زۆر ده‌ترسن که خولیا‌و حه‌زی ئازادییان خه‌فه بکرێن. شێوه‌یه‌کی دیکه له ڕه‌خنه‌گر هه‌یه که به ته‌واویی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی ده‌ژی و په‌ڕاوێز خراوه و پاش ئاشنابوونی به شێوه ژیانێکی دیکه و به به‌دیلێکی دیکه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕه‌خنه ده‌کاته ده‌غده‌غه‌ی خۆی. زۆر جار له مێژوودا شۆڕش و بزووتنه‌وه گه‌وره‌کان به ده‌ستی ئه‌م شێوه ڕه‌خنه‌گرانه وه‌ڕێ خراوه و بوونه‌ته دیارده‌یه‌کی مێژوویی.
به گشتی له فه‌لسه‌فه‌دا چه‌ند سه‌بک و مێتۆدی جیاوازی ڕه‌خنه‌گرتنمان هه‌یه، من لێره‌دا به پێویستی نازانم که ئاوڕ له مێتۆده گه‌وره جێکه‌وتووه‌کان بده‌مه‌وه، به‌ڵکه زیاتر به شیاوی ده‌زانم که سه‌رنجتان بۆ سێ شێوه ڕوناکبیر و ڕه‌خنه‌گر ڕابکێشم که یه‌ک، دوو ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر بیرمه‌ندی ئامریکایی (مایکل وهڵزهر) ده‌ستنیشانیان ده‌کات. له ڕابردووی نزیک و تازه‌دا هه‌ر پێناسه‌ی ئه‌و سێ سه‌بکه له ڕه‌خنه‌گر بوون که له بازنه‌ی ئه‌کادیمییدا گفتوگۆی زۆری هه‌ڵگرتووه و خراوه‌ته مه‌ڵبه‌ندی دیسکورسهکان. له سه‌ره‌تاوه ناوی هه‌رسێکیان دێنم و دواتر یه‌که به یه‌که‌یان به کورتی تاوتوێ ده‌که‌م.
یه‌که‌م ڕه‌خنه‌گر چه‌شنی پێغه‌مبه‌رێک ده‌وری خۆی ده‌گێڕێت، دووه‌م سه‌بک له بواری داهێناندا، واته له خه‌یاڵدا بنه‌مای ڕه‌خنه‌کانی داده‌ڕێژێت و سێیه‌م ڕه‌خنه‌گر بۆ واقعییه‌تی کۆمه‌ڵگه و پێکهاته‌کانی ده‌ڕوانێت و به ته‌فسیرکردنی ئه‌و ڕاستییانه هه‌م ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێت و هه‌م له خۆی ڕاده‌بینێ ههنگاوێکی پێشنیاریی بۆ داهاتوو و بۆ دۆخێکی باشتر و له بارتری کۆمه‌ڵگه هه‌ڵبگرێ.
١. ڕه‌خنه‌گر وه‌ک پێغه‌مبه‌رێک. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه که وزه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌و خولیایه‌کی زۆر به‌تینی بۆ ئازادی هه‌یه. جا هه‌ریه‌ک به گوێره‌ی توانای خۆی و به پێی تێگه‌یشتنی خۆی ته‌فسیرو پێناسه‌ی ئازادی ده‌کات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی بۆ ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بڕوانین و خولیای ئازادیی مرۆڤه‌کان بخوێنینه‌وه، ئه‌وه ناوه‌رۆکی ئه‌و کاته‌گۆرییه خۆی له خاڵێکی به‌رچاودا به‌یان ده‌کات. ئه‌و خاڵه‌ش برتییه له خولیای به‌رده‌وامی مرۆڤ بۆ خاوه‌ن خۆبوون (سه‌ربه‌خۆبوون). مرۆڤ، به تایبه‌تی مرۆڤی سه‌رده‌می مۆدێڕن، زۆر له‌وه ده‌ترسێت که بکه‌ر نه‌مێنێت، واته خۆی نه‌توانێت بڕیارده‌ری ژیانی خۆی بێت. مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌وه زۆر په‌ست ده‌بێت که ته‌نیا گوێڕایه‌ڵی بڕیار‌و به‌رنامه‌ی ئاوتۆریته‌ی وه‌ک ئایین، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، نۆرم و فه‌رهه‌نگی بێبنه‌مای به‌سه‌رچوو بێت. ڕه‌نگه زۆرجار زۆربه‌مان بڕیارده‌ری هه‌موو بواره‌کانی ژیانی خۆمان نه‌بین، به‌ڵام هه‌بوونی ئه‌و هه‌سته ئهرخهیانیهیی، که گوایه خۆم هێشتا ده‌توانم ڕۆژێک له ڕۆژان و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خاوه‌نی بڕیاردان ببم و بمێنم، ده‌توانێت ئارامییه‌کی گه‌وره‌م پێببه‌خشێت. به واتایه‌کی دیکه، ئه‌وه هه‌ستی سه‌ربه‌خۆییه که بووه‌ته جه‌وهه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی ئازادی بۆ تاک و بۆ کۆمه‌ڵ. جا ڕه‌خنه‌گری پێغه‌مبه‌رئاسا خواست وخولیای بۆ ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه له ڕاده‌به‌ده‌ره. واوه‌تر چونکه دونیای سێیه‌می خۆی ئه‌وه‌نده به ڕازاوه‌یی و خه‌یاڵیی له به‌رچاوه، به‌رده‌وام بۆ گه‌یشتن به‌و دونیا ئیلهامی ئاڵوگۆڕکردن وه‌رده‌گرێت. پاشان به‌رده‌وام و له زۆر شوێن و بواردا ده‌ترسێت که ڕووبه‌ڕووی کرده‌وه‌ی هاکه‌زایی، بێبنه‌ما، بێهۆ و نامهنتهقیی ده‌وروبه‌رانی ببێته‌وه. ئه‌وه ئیده‌ئالێکی به‌هێزی مه‌نتقییه که زوو زوو ئێخه‌ی ده‌گرێت و هانی ده‌دات بۆ ڕه‌خنه‌گرتن. ڕه‌خنه‌گری پێغه‌مبه‌رئاسا پێویست ناکا په‌یامه‌کانی له شاخ، له ئه‌شکه‌وت، له غارێک و له زاتێکی گه‌وره‌تر له مرۆڤ وه‌ربگرێت. به‌ڵکه خۆی ده‌بێته داهێنه‌ری یاسا و ئیخلاقێکی تازه. دیاره مه‌رج نییه که ئه‌م ڕه‌خنه‌گره ئه‌خلاقێک دابێنێت که له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا هه‌رگیز نه‌بووبێت، به‌ڵکه زۆرینه‌ی پڕنسیپه‌کانی ئه‌خلاق هه‌بوون و هه‌ن و له به‌ستێنی تایبه‌تدا ئه‌زموون کراون. ئه‌خلاق به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕدایه. شاکاری ئه‌م ڕه‌خنه‌گره له‌وه‌دایه، که ده‌توانێت گرامه‌ری ئه‌خلاقی ئه‌مڕۆ و ئێستا به باشی بخوێنێته‌وه، به‌شێکی زۆری بخاته چوارچێوه‌ی ده‌سته‌واژه‌وه و بتوانێت گه‌شه نه‌رێنیه‌کان ده‌ستنیشان بکات و به زمانێکی ڕه‌وان و ساده ئاڕاسته‌ی خودی کۆمه‌ڵگه‌ی بکاته‌وه. زۆر جار ده‌گوترێت ئه‌وه توانا و پۆته‌نسیالی خوێندنه‌وه‌ی کات، به‌ستێن و گه‌شه ئیخلاقییهکانه که ئه‌م جۆره، یا ئه‌م تیپه له ڕه‌خنه‌گر دروست ده‌کات. به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، ڕه‌خنه‌گری پێغه‌مبه‌رئاسا مرۆڤێکی نائارامه، به‌رده‌وام له گه‌ڕاندایه، به‌رده‌وام دونیای یه‌ک و دونیای سێ پێکه‌وه گرێ ده‌دات. واوه‌تر خۆی له دونیای یه‌که‌مدا نامۆ ده‌بینێت، ئه‌گه‌رچی له جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ژی، به‌ڵام به مێشک و به هزر له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گهمهکهدایه، په‌ڕاوێز خرواه. هه‌ربۆیه زۆر جار له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه بۆ خودی کۆمه‌ڵگه ده‌ڕوانێت. له په‌یوه‌ند له ته‌ک ئه‌م باسه‌دا هه‌ندێ بیرمه‌ند هه‌ن که ئاماژه به ژیانی یه‌هودیه‌کانی (جوله‌که‌کانی) چه‌رخی ناوه‌ڕاستی شاری ڕۆم ده‌ده‌ن. سه‌رده‌مێک که جوله‌که‌کان له شاری ڕۆمدا په‌ڕواێز خرابوون و سوچ و جێگه‌ی تایبه‌ت به خۆیان پێ‌درابوو، ناچاربوون ته‌نیا له چوارچێوه‌و بازنه‌ی داخراوی ژیانی هاوبه‌شی خۆیاندا زمان و فه‌رهه‌نگیان زیندوو ڕابگرن. واته له ئێواره به‌ولاوه ژیانی جوله‌که‌یی خۆیان ده‌ژیان و به ڕۆژیشدا له‌ناو جه‌رگه و بازاڕی شاری ڕۆمدا به شوناسێکی ڕۆمیهوه به‌ڕێوه بوون و مامه‌ڵه‌یان ده‌کرد. ئه‌م دیارده کارێکی کردبوو که جوله‌که‌کان خاوه‌ن دوو شوناسی جیاواز بن. چونکه له ژیانی حه‌وزه‌ی گشتیی و بازاڕییدا فێر ببوون گرامهرو ڕێزمان و ئیخلاقی ژیانی ناوشار بخوێننه‌وه، واوه‌تر له ناوچه‌ی خۆیاندا بایه‌خێکی گه‌وره‌یان به که‌لتوور و ئایینی خۆیان ده‌دا. ژیانی نێو ئه‌و دوو دونیایه ده‌بێته هۆکاری درووست‌کردنی گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌گره‌کان. به‌ڵام هۆکاری سه‌ره‌کی ئەو دیاردە چی بوو؟ مرۆڤه بیرتیژهکان فێرده‌بن و به‌وه ڕادێن که هه‌م له گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه بۆ خۆیان و بۆ ژیانی خه‌ڵکی ڕۆم بڕوانن و هه‌م له گۆشه‌نیگای خه‌ڵکی ڕۆمه‌وه بۆ خۆیان و بۆ شارۆمه‌ندانی ڕۆم بڕوانن. ئه‌م ڕاهێنانه ده‌بێته باشترین په‌روه‌رده بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له کۆمه‌ڵگه. چونکه له لایه‌که‌وه خۆت به‌شێکی له دونیای واقعی، وه له لایه‌كی دیکه‌وه خۆت له ده‌ره‌وه‌ی ژیانی واقعی بۆ به‌سه‌رهات و ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ڕوانیت. له ئاکامدا به باشی له گرامه‌ری دوو فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیلهامبه‌خش و خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌گه‌یت که هه‌ردووکیان له بواری داهێنانی ئه‌خلاق، ڕه‌خنه‌و پێوه‌ره‌وه یه‌ک دونیا ده‌رفه‌ت و پۆتنسیال به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن.
٢. ڕه‌خنه‌گر وه‌ک داهێنه‌ر. ئه‌م تیپه له ڕه‌خنه‌گر له تیپی یه‌که‌مه‌وه دوور نییه. به‌ڵام له ڕووی خه‌یاڵه‌وه خۆی به ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بینێت. باشترین وێنه بۆ ئه‌م شێوه له ڕه‌خنه به‌رهه‌مێکی فه‌لسه‌فیی بیرمه‌ندی ئامریکایی (جۆن ڕۆڵسه). ناوبراو له ساڵی ١٩٧١_دا به‌رهه‌مێکی سه‌رنجڕاکێشی فه‌لسه‌فیی سه‌باره‌ت به دادپه‌روه‌ری بڵاوکرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ر له کاتی پهخشبوونیهوه بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره و مه‌زن بۆ بیرمه‌ندانی هاوچه‌رخی خۆی و پاش خۆی. به‌رهه‌می ناوبراو بووه‌ته داهێنه‌ری کۆمه‌ڵیکی زۆر له تیئۆری سه‌رنجڕاکێش و به بنه‌مای کاریگه‌ر. ڕۆڵس بۆ پێشبینیکردنی دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی دادپه‌روه‌رانه په‌نا ده‌باته به‌ر بیرۆکه‌یه‌کی ئه‌زمووننه‌کراو و لامهیدانیی. بیرمه‌ندی ناوبراو ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ خاڵێکی سفری خه‌یاڵی، که هیچ کام له ئێمه تێیدا نه جێگه‌و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، نه ئایین وه نه جیهانبینی موتڵه‌قمان ده‌ناسین، ئه‌وکات له‌ڕووی مه‌نتیقی بێگه‌رده‌و به‌بێ غهلوغهشمانهوه کۆمه‌ڵێک پڕه‌نسیپی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی بژارده ئه‌که‌ین و دائه‌ڕێژین که له ڕوانگه‌ی هه‌موومانه‌وه دادپه‌روه‌رانه بن و هیچ که‌سمان په‌ڕاوێز نه‌خات. دیاره من لێره‌دا زۆر به‌کورتی ئاماژه به‌و به‌رهه‌مه مه‌زنه ده‌ده‌م و ڕه‌نگه لێره‌دا نه‌توانم به گوێره‌ی پێویست قه‌درو پێزانینی خۆم به‌رامبه‌ر به ڕۆڵس ده‌رببڕم، به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه‌دانه به شێوه‌یه‌ک ڕه‌خنه‌گر که خۆی به داهێنه‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌دات. جیاوازی ئه‌م تیپه له ته‌ک سه‌بکی پێشوتر له ڕه‌خنه‌گرتن له چیدایه؟ پێش هه‌موو شت هه‌ردووکیان توانای خوێندنه‌وه‌ی گرامه‌ری مۆڕاڵی کۆمه‌ڵگه‌یان هه‌یه. ڕه‌خنه‌گری داهێنه‌ر خۆی به ئه‌ندامێکی خاوه‌ن پێگه‌ی نێو کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت و که‌متر نائارامه و باوه‌ڕێکی پته‌وی به هزری مهنتهقیی و به وزه‌ی داهێنانی خۆی هه‌یه. دواتر هه‌موو سیسته‌مه فیکریه‌کان به باشی ده‌ناسێت و له هه‌وڵدایه که زۆر لایه‌ن به یه‌که‌وه گرێبدات، تا بتوانێت له‌و ڕووه داهێنان بکات. ڕه‌نگه تیپی داهێنه‌ر که‌متر له ڕووی هه‌سته‌وه و زیاتر له ڕووی ناخێکی قوڵتره‌وه بۆ دیارده و بۆ گه‌شه کۆمه‌ڵاتییه‌کان بڕوانێت. به واتایه‌کی دیکه بۆ ئه‌م ڕه‌خنه‌گره شۆڕشی ئاڵوگۆڕ زیاتر له زه‌ین و هزردا ڕووده‌دات. له ئاکامدا به پێویستی نازانێت وزه‌ی خۆی سه‌رفی خوێندنه‌وه‌ی زانسته مه‌یدانیی و ئه‌زموونییه‌کان بکات، چونکه ئه‌و له پله‌ی یه‌که‌مدا ڕۆڵی خۆی له داهێنانی دونیایه‌کی تازه‌دا ده‌بینێ. به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ که‌ڵک له کۆمه‌ڵێک پڕه‌نسیپی ئێستا‌و ئه‌مڕۆیی کۆمه‌ڵگه وه‌رده‌گرێت. جێگه‌و په‌نای ئه‌م شێوه ڕه‌خنه‌گره زیاتر له دونیای سێیه‌مدایه، به‌ڵام ژیانی دونیای یه‌که‌می له یاد نه‌کردووه، به‌ڵکه ته‌نیا هه‌ندێ لێی هیلاک و بێزار بووه. پاشان خاڵی به‌هێزی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێت که ده‌توانێت له ئاستێکی سه‌ره‌وه‌ی خودی کۆمه‌ڵگه بۆ دیارده‌کان بڕوانێت و که‌متر خۆی ئاوێته‌ی هه‌ست و به‌زه‌یی و وه‌فاداریی و ئه‌م جۆره خه‌سڵه‌تانه بکات، تا له دوایین هه‌نگاودا ته‌نیا مه‌نتیقی بێگه‌رد بکاته ئامڕازی ڕه‌خنه‌و بڕیار.
٣. ڕه‌خنه‌گر وه‌ک تهفسیرکار. ڕه‌خنه ئه‌و کات له نێو زه‌یندا دروست ده‌بێت و چه‌شنی ئیلهام و داهێنان دێته به‌رچاو و ده‌ڕژێته قاڵبی ده‌سته‌واژه‌وه، که تۆ بتوانیت بیرتیژانه هه‌موو پێکهاته‌و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بخوێنیته‌وه‌و ته‌فسیر بکه‌یت، به واتایه‌کی دیکه، پێویسته که تۆ به ده‌رکێکی به‌رین و ئه‌زموونێکی باشی سیستهماتیکیهوه هه‌ڵپێچان و گریدانی ڕابردوو و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی (داهاتوو) بکه‌یت. کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ند هه‌ن که په‌یڕه‌ویی ئه‌م مێتۆده ده‌که‌ن و قه‌ناعه‌تییان به‌وه هه‌یه که هه‌ر پێکهاته‌و دیارده‌یه‌ک خۆی له ناخ و کاکڵی خۆیدا وزه‌ی ئاڵوگۆڕی تێدایه. واته هه‌ر خه‌سڵه‌ت و هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک خۆی هه‌ڵگری ئیده‌ئالی باش و ئاکامی خۆیه‌تی. به‌ڵام هونه‌ری سه‌ره‌کی له‌وه‌دایه که تۆ ده‌رفه‌ت بۆ ئازادکردنی ئه‌و ئیدئاڵه بخولقێنیت، هه‌تا به ئه‌وج، لوتکه‌و ئاکامی گه‌شه‌ی خۆی بگات. باش ته‌فسیرکردنی دیارده‌کان خۆی پێشبینی و نزیکبوونه‌وه‌یه له ئیدئالی ئه‌و دیارده. به واتایه‌کی دیکه ته‌فسیر ڕه‌خنه ده‌ورووژێنێت و ڕه‌خنه‌ی جیددی دروست ده‌کات. بۆ وێنه هه‌ر له سه‌رده‌می یونانی کۆنه‌وه، یان هه‌ر له کاتی فه‌لسه‌فه‌ی ئاڕیستۆوه نۆڕم و ئیدئالی هاوڕێبوون (ڕه‌فاقه‌ت) داڕیژراوه و چه‌ندان جیل و چه‌ندان سه‌ده‌ی تێپه‌ڕ کردووه و هه‌ر کاریگه‌ری خۆی ماوه. ئاریستۆ چه‌ند شێوه له ڕه‌فاقه‌ت پێناسه ده‌کات، به‌ڵام لوتکه‌و به‌رینترین شێوه له هاوڕێیه‌تی ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت که دوو ڕۆحی جیاواز ئاوێته‌ی یه‌ک ده‌بن و ده‌بن به یه‌ک. دوو ڕۆح که به هیچ شێوه خۆشی و سه‌ختیی و که‌سه‌ره‌کانی ژیان له یه‌ک جودا ناکه‌نه‌وه. دیاره زۆر شێوه‌ی دیکه‌مان له هاوڕیبوون هه‌یه، بۆ وێنه هاوڕێی کاتی و هاوڕێی هاوکاری و هاوڕێی پێکه‌وه خواردنه‌وه هتد.. به‌ڵام له ڕووی به‌رزی و فه‌ڕزی ئیدیئالهوه، هیچ کام له‌و شێوه هاوڕێیه‌تییانه ناگه‌نه سه‌بکی یه‌که‌م. ئێستاش زۆر په‌یوه‌ندی و زۆر دۆستایهتیێک هه‌ر ئه‌و شێوه له ئاوێته‌بوون ده‌که‌نه ئیدیاڵ و پێوه‌ر، به‌ڵام که‌مترین په‌یوه‌ندییه‌کان به‌و ئاسته ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌نده قووڵ ده‌بنه‌وه. ئەگه‌ر لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسه سه‌ره‌کییه‌که. ڕه‌نگه که‌سێک که چاوی ڕه‌خنه‌ی ڕانه‌هاتبێت و په‌روه‌رده نه‌کرابێت، ته‌فسیر ته‌نیا له ئاستی خوێندنه‌وه‌و باسکردندا بهێڵێته‌وه. به‌ڵام ڕه‌خنه‌گری خاوه‌ن پۆتنسیالی به ئه‌زموون زۆر جار ئاوڕ له بنج و بناوانی زۆر کرده‌وه‌و دیارده ده‌داته‌وه. زۆر کات له پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ڕه‌ت و مێژووی ئه‌و دیارده، ئیده‌ئالی گومبووی تۆزلێنیشتووی ئه‌و خه‌سڵه‌ته په‌یدا ده‌کاته‌وه. چونکه گه‌شه‌ی ئه‌خلاق و زۆر دیارده‌ی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ندێ جار به لایه‌نی نه‌رێنییدا ده‌برێن، هه‌روه‌ک ده‌گوترێت، زۆر جار ئه‌و گه‌شه له به‌ستێنێکی مێژوویی تایبه‌تدا به لاڕێدا ده‌برێت. به‌ڵام ئه‌م تیپه له ڕه‌خنه‌گر دوو سه‌بکه‌که‌ی دیکه به ده‌ستی که‌م ده‌گرێت و به پێویستی نازانێت بۆ پیاده‌کردنی ڕه‌خنه‌ی خودی کۆمه‌ڵگه خۆی گۆشه‌گیر و په‌ڕواێز بکات، یاخۆ په‌نا بۆ خه‌یاڵ و داهێنانی دوور له ڕاستیی به‌رێت. چونکه خۆی به به‌شێک له کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت، له دونیای یه‌که‌مدا له ماڵه‌وه‌یه، خۆی به یه‌کێک له پێکهێنه‌رانی کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت و ئاماده‌یه له ناوخۆوه ده‌ست به ڕه‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه بکات. ئه‌م تیپه له ڕه‌خنه‌گر نه باوه‌ڕی به شۆڕش هه‌یه وه نه بایه‌خ به دونیای خه‌یاڵی ده‌دات. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بێ و باوه‌ڕێکی پته‌وی به خۆی و هزرو مه‌نتیقی هه‌بێت، ئه‌گینا ناتوانێت به ئیده‌ئالی دیارده‌کان بگات و پێوه‌ری ناخی خۆیان و پێوه‌ری گه‌شه‌ی ئه‌رێنیان بۆ دابڕێژێت. هه‌ربۆیه ئه‌رکی ئه‌م تیپه له ڕه‌خنه‌گر له ئه‌رکی دوو سه‌بکه‌که‌ی پێشووتر به قورس‌تر له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌مڕۆ ڕێژه‌ی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سه‌بکه له مێتۆد کارد ده‌که‌ن زۆر نین. به‌ڵام هه‌ر که‌س به‌و مێتۆده کار بکات، له ڕاستییه‌وه دوور نییه‌و ئاوڕ له ژێربه‌نایه‌کی به‌هێزی تیئۆری ده‌داته‌وه. تیئۆریه‌ک که به‌شی مه‌یدانیی زانست و لایه‌نی ئه‌بستراکتی (ئنتزاعیی) پێکه‌وه گرێ ده‌دات. په‌یڕه‌وانی هێڵی ئه‌م ڕوانگه ئێژن، ئاخر خۆ داهێنانیش سنووری هه‌یه، ئێمه به پێچه‌وانه‌ی میتۆده‌کانی دیکه‌وه ته‌نیا ئه‌و ئایدیا و ئیده‌ئالانه ئه‌هێنینه‌وه ئاراوه و تیشکییان ده‌نێینه سه‌ر که له دونیای یه‌که‌مدا هیچ نه‌بێت نیوه سه‌رچاوه‌یه‌کیان هه‌یه، تۆم و بناغهیکییان هه‌یه، ئێمه ته‌نیا ئه‌و ئایدیا سه‌رنجڕاکێشانه په‌یدا ده‌که‌ینه‌وه که هه‌ر هه‌بوون و هه‌ن، به‌ڵام ڕه‌نگه ده‌وران و دۆخ و هه‌لومه‌رج له به‌رچاوی گوم کردبین. واوه‌تر با له‌و به‌ستێنه‌دا داهێنان به مێتۆدی زانسته سوروشتییهکانهوه گرێ نه‌ده‌ین. مه‌گه‌ر چ سیسته‌م و جیهانبینی و پێشبینی چ نیزامێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌توانێت له خاڵی سفری نادیاره‌وه سه‌رچاوه بگرێت؟ هه‌ربۆیه ڕه‌خنه‌گری سێیه‌م له‌و بڕوایه‌دایه که ڕه‌خنه‌گری داهێنه‌ر هه‌رچه‌ند وزه و پۆتنسیالی مه‌زنی هه‌بێت، هه‌رچه‌ند خۆی له کۆمه‌ڵگه‌دا گۆشه‌گیر بکات و له سه‌ر لێوارو سنووره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه بۆ خودی کۆمه‌ڵگه بڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ی دیدێکی باشتر و ڕاسته‌قینه‌ی بۆ ڕه‌خنه‌گرتن هه‌بێت، هه‌ر به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌و هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵگه ده‌مێنێته‌وه. له کۆتاییدا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بده‌م که هه‌ر سێ سهبکهکه کاریگه‌ری جیاوازی خۆیان هه‌یه. به‌ڵام ڕه‌نگه مێتۆدی سێیه‌م باشتر له دوو مێتۆده‌که‌ی دیکه بتوانێت هه‌ر سێ دونیاکه پێکه‌وه گرێ بدات، پاشان ئه‌گه‌ر له ئاکامی ئه‌و شێوه ڕه‌خنه‌دا ئاڵ‌وگۆڕێک بێته ئاراوه، ئه‌وه ئه‌و گۆڕانکارییه له سه‌ر بنه‌مایه‌کی پته‌و به‌هێز ڕوو ده‌دات و ئه‌کرێ کاریگه‌ری ئه‌رێنی درێژماوه‌ی زیاتری هه‌بێت.
تێبینی:
ئەم بابەتە مانگی مه‌ی ٢٠٢٠ له دووحه‌وتوونامه‌ی دواڕۆژدا بڵاو بووه‌ته‌وه، لێره‌دا به هه‌ندێ گۆڕانکارییه‌وه دیسانه‌وه په‌خش ده‌بێته‌وه.