(ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له داڕشتنی شاعێری به‌ڕێز حسه‌ین شه‌به‌ق)
ژانڕی ستاتیکا و ئه‌ده‌بییات خاوه‌ن وزه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێشن؛ وزه‌یه‌ک بۆ ڕوانین، ئاماژه‌دان و ده‌ربڕینی خواست و خولیا گه‌وره‌کانی مرۆڤ وه‌ک تاک، به‌ڵام ئه‌و تاکه‌ی که له خۆیدا و بۆ خۆی تاکه و هاوکاتیش هه‌ڵگری خۆزگه، خه‌یاڵ و ترسه سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤه به گشتیی. ئه‌وه ساڵانێکی زۆره که فه‌لسه‌فه زیاتر و زیاتر بۆ داڕشتن و به‌هێزکردنی زۆر تێز و په‌یامی خۆی په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی مێدیای ستاتیکا و ئه‌ده‌بییاتی ره‌خنه‌گرانه. زۆر جار شێعر، رۆمان، هونه‌ری نیگارکێشی و هونه‌ری په‌یکه‌رسازی ده‌بنه ئیلهام و سه‌رچاوه بۆ داهێنانی کۆمه‌ڵێک سه‌رنجی جوان و پڕ واتا بۆ ده‌سته‌به‌ندی و گه‌شه‌پێدانی بیرۆکه‌ی وه‌ک: ئازادیی، دادپه‌روه‌ریی، ناساخیی کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ده‌رخستنی تیپی جۆراوجۆر له تاک، له مرۆڤی سه‌رده‌م؛ ئه‌و تیپ و شێوانه له مرۆڤ که داهێنانی خودی کۆمه‌ڵگه‌ن، به‌ڵام خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، یاخۆ له سه‌ر لێواره‌کانی چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌دۆزنه‌وه، جا زۆرینه‌یان یا گۆشه‌گیرن، یاخۆ له ناخدا ئاواره‌ی کۆمه‌ڵگه بوون و ته‌نیا به جه‌سته هاوشێوه‌ی هاووڵاتی ماونه‌ته‌وه. فه‌لسه‌فه به گشتیی زۆر که‌م ئاوڕ له چاره‌نووس و ئازاری تاک ئه‌داته‌وه. له مێژوی ئه‌ده‌بییاتدا کۆمه‌ڵێک شاکاری ئه‌ده‌بی خوڵقاون که ڕه‌نگه هاوشێوه‌ی به‌رهه‌مه مه‌زنه‌کانی بواری فه‌لسه‌فه و زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی کاریگه‌ر بووبن. هه‌ر که‌س به‌رهه‌مه‌کانی نوسه‌ری روسی “میخایل فیۆدۆر دۆستهیهفسکی” بخوێنێته‌وه، زۆر به باشی به ئاخ و داخ و سووچی تاریک و نه‌بینراوی تاک ئاشنا ده‌بێ، له پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانێ به‌ستێنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و دیاردانه بخوێنێته‌وه. له به‌رهه‌می “تاوان و سزادا”، پرسی دادپه‌روه‌ری، هه‌ژاری، کۆمه‌ڵگه‌ی ناساخ، هاواری کپ و نه‌بیستراو به شێوه‌یه‌کی ته‌واو شه‌فاف و به هزروبیرێکی زۆر تیژ و پڕ له هه‌سته‌وه له لایه‌ن ئه‌و گه‌وره ئه‌دیبه‌وه ده‌خرێنه ڕوو. کام ژانڕی لۆژیک و هزری نه‌زمدار ده‌توانێ به‌و شێوه چه‌ندان دیارده‌ی ژیانی تاک به کۆمه‌ڵێک گه‌شه‌ی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گرێ بدات؟ فیکری سیسته‌ماتیکی زۆر سه‌رنجڕاکێش و به‌سووده و زۆر بزووتنه‌وه‌ی هزری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی داهێناوه، به‌ڵام هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ که‌لێن، بۆشایی و سووچی نه‌بینراوی هه‌یه که به خودی خۆی پڕناکرێته‌وه؛ هه‌ر بۆیه “خوێندنگای ڕه‌خنه‌گرانه‌ی فڕانکفۆرت” گه‌وره‌ترین تازه‌کاری خۆی له‌وه‌دا ده‌بینی، به هاوکاریی چڕوپڕی ژانڕه مرۆییه جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک: فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسیی، زانستی سیاسی، ده‌روونناسی، مێژوو، زانستی ئابووری و ئه‌ده‌بییات ئه‌و که‌لێنه پڕبکاته‌وه، هه‌تا له ئاکامدا بتوانێ تیئۆریه‌کی قوڵ و به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تی دابڕێژێ. دیاره ئه‌مڕۆ به‌رنامه و سه‌بکی ئه‌و بزووتنه‌وه فیکریه به گشتی ئه‌وه‌نده بریقه‌دار نه‌ماوه، به‌ڵام گه‌وره بیرمه‌نده‌کانی جیلی سێی “تیئۆری ره‌خنه‌گرانه” هێشتا به ته‌واویی ماڵئاواییان له‌و پڕۆگرامه نه‌کردووه. ئه‌مڕۆ هه‌ر له ئه‌وروپای ناوه‌ندیه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مریکا، هه‌موو بیرمه‌نده گه‌وره‌کان بایه‌خێکی زۆر به ژانڕی هونه‌ر ده‌ده‌ن و به تایبه‌ت قورسایی زۆر له سه‌ر مێدیۆمی رۆمان داده‌نێن. من لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه به خۆم ده‌ده‌م له سه بنه‌مای ئه‌م چه‌ند دێڕه ئاوڕێک له بابه‌تێکی به‌ڕێز شاعێری شۆڕشگێڕی کورد حوسه‌ین شه‌به‌ق بده‌مه‌وه، ئه‌ویش بابه‌تێک که له ژماره دووی هێمادا له ژێر ناوی “ئه‌رکی هونه‌ر به‌رگری له ئازادییه” بڵاو بووه‌ته‌وه. به‌ڕێز حوسه‌ین شه‌به‌ق که‌سێکی سیاسی و خاوهنههڵوێسته و له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک شێعری سیاسی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی جوان و کاریگه‌ری بڵاو کردۆته‌وه. ڕه‌نگه له به‌ستێنه‌ی هۆنراوه‌کانیدا به باشی بێته به‌ر چاو که هێڵی سیاسی ناوبراو چۆن و چییه؛ به‌ڕێزی زۆر به شه‌فافی داکۆکی له چینی چه‌وساوه و هه‌ژاری نێو کۆمه‌ڵگه کردووه، به واتایه‌کی دیکه “شه‌به‌ق” له به‌ره‌ی چه‌پدا بووه و زۆرینه‌ی شێعره‌کانیشی خزمه‌تی ئه‌و هێڵه سیاسییه‌یان کردووه. ئه‌گه‌ر لێره‌وه بپه‌رژێمه سه‌ر شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی که له گۆڤاری ژماره دوودا بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاماژه به ڕسته‌یه‌کی سه‌رنج ڕاکێش ده‌ده‌م که کۆمه‌ڵێک پرسیار ده‌هێنێته ئاراوه. شه‌به‌ق له کۆتایی لاپه‌ڕه‌ی ٤٢ و له سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه ٤٣ ده‌نوسێت: “با هه‌ر له سه‌ره‌تاوه روو راست بین. من شتێک له‌و دیو سنووری هونه‌ری به‌رگرییه‌وه، به ناوی هونه‌ر ناناسم.” من ئه‌م ڕسته گرێ ده‌ده‌م به ڕوانگه‌یه‌کی به‌ڕێزیه‌وه که چه‌ند دێڕ پێشتر داڕێژراوه و به شێوه‌یه‌ک ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێ که گوایه هونه‌ر و داهێنانی کاریگه‌ر و به وزه ته‌نیا له خه‌فه‌قان و تاریکستاندا چه‌که‌ره ده‌کات؛ واوه‌تر گوایه ئه‌وه دۆخی دژوار و سه‌خت و له ئازادی به‌دووری نێو کۆمه‌ڵگه‌یه که هونه‌رمه‌ندی به توانا و یاخی داده‌هێنێت. ئه‌م شێوه بیره تا به ئه‌مڕۆش جێگه‌ی گومانه، من نه به گشتی ڕه‌تی ده‌که‌مه‌وه، وه نه به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق هاوده‌نگیم، چونکه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌وه، ئه‌و ڕاو بۆچوونه‌ش هه‌یه که هونه‌ری جوان و کاریگه‌ر، ئه‌و هونه‌ره‌ی که زۆرینه‌ی هه‌سته‌کانی مرۆڤ ده‌بزوێنێت ته‌نیا له جه‌و و دۆخێکی ئارام و پڕ له ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تییدا درووست ده‌بێ و سه‌ر هه‌ڵده‌دا. واوه‌تر ئه‌و ڕسته‌ی که پێشتر بژارده‌م کردبوو، له ئاکامدا که‌م تا زۆر ته‌واوکاری روانگه‌ی شاعێر ده‌کات. لێره‌دا زۆر به باشی دێته به‌ر چاو که شاعێر، واته شه‌به‌ق، رۆڵه و په‌روه‌رده‌ی چ کۆمه‌ڵگه‌یه‌که و بۆچی پشتگیریی له‌و لایه‌نه‌ی هونه‌ر ده‌کا. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هیچ سات سه‌روه‌ریی و ئازادیی به‌خۆیه‌وه نه‌دیبێ، نه‌ته‌وه‌یه‌ک که ته‌نیا له گه‌ڵ دۆخی ناله‌بار و له گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌دا سه‌روکاری بووبێت، هه‌موو ژانڕه فیکری و هزریه‌کان ده‌خاته خزمه‌ت پێناوی ئازادی و ڕزگار بوونیه‌وه. نه‌ته‌وه سه‌ربه‌ست و ئازاده‌کان به شێوه‌یه‌کی دیکه، یاخۆ هیچ نه‌بێت ئاماژه‌ش به لایه‌نێکی دیکه‌ی هونه‌ری جوانیناسی و ژانڕی ئه‌ده‌بی و ستاتیکا ئه‌ده‌ن. بێگومان کاتێک باس له جوانیی ده‌کرێ، جا ئه‌و جوانیه له هه‌ر دیارده‌یه‌کدا به‌دی بکرێت، ئه‌وه باس له هاڕمۆنی و دیارده‌یه‌کی بێ ئیراد و ڕێکوپێک ده‌کرێ؛ ئه‌و جوانیه ده‌کرێ له نه‌زم و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌دی بکرێ، ئه‌و جوانیه ده‌کرێ له ههرههبوویهکدا بێ که هه‌موو به‌ش و لایه‌نه‌کانی ته‌واوکاری یه‌کترن و له زه‌ین و ڕوانگه‌ی ئێمه‌دا ته‌بایی و هاوده‌نگی و نه‌زمێکی جوان ئه‌خولقێنن. کاتێک جوانیی ته‌بایی و هاڕمۆنی و هاوده‌نگی ده‌نوێنێ، ئه‌وه ئاساییه که هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی پێشنیازی وێنای جیهانێکی بێئیراد و جوان ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه واتای خودی جوانیی واتایه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه، جوانیی به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ئه‌و دیوه‌وه‌ی خۆی پێناسه ده‌کات، ئه‌گه‌رچی زۆر جار ده‌گوترێ که جوانیی خۆی بۆ خۆی ده‌دوێ و خۆی له خۆیدا کافییه. مرۆڤی ژیانخۆشهویست نه‌ک هه‌ر به پێویست، به‌ڵکه به حه‌یاتیی ده‌زانێ، که هه‌موو هه‌ست و لایه‌نه‌کانی جه‌سته، له‌ش و ڕۆح له گه‌ڵ چێژ و خۆشی‌دا ئاشنا بکات، ته‌نانه‌ت هه‌موو خۆزگه و ئاواته‌کانی، جا چ له به‌ستێنه‌ی کانوونی فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌وشت و ئیخلاقێکدا بێ، هه‌ندێ جار له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش، به سه‌مه‌ر بگه‌یه‌نێ. شه‌به‌ق له‌و ڕسته‌دا په‌یامێکی شه‌فافی به‌هێز به‌یان ده‌کات، به‌ڵام هه‌ر پاش ئه‌و رسته واتای خودی ئه‌و رسته نیسبی ده‌کاته‌وه. چوونکه کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی مرۆڤ ریزبه‌ندی ده‌کا، که شایه‌نی پاراستن و ڕێزلێگرتنن و هونه‌ریش ده‌بێ ڕه‌چاویان بکات. دیسانه‌وه پاش ئه‌و چه‌ند دێڕ و ئه‌و ریزبه‌ندییه باس له پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی هونه‌ر ده‌کرێ، که بریتییه له: “هونه‌ر راچڵه‌کاندنی خه‌ڵکه له خه‌وه‌به‌ردینه. هونه‌ر یاخیبوونه له سته‌م […] هونه‌ر ره‌خساندنی دۆخی شادی و خۆشحاڵیه بۆ خه‌ڵک، بۆ گه‌نجان، بۆ مناڵان”. هونه‌ر لێره‌دا هه‌موو ده‌ورێک ده‌گێڕێ. پاشان له لاپه‌ڕه‌ی ٤٤–دا باس له سێ دانه پایه‌ی سه‌ره‌کی هونه‌ر ده‌کرێ که بریتین له: ژیان، شادی و ئازادی. به‌ڵام ئه‌و سێ ده‌سته‌واژه له هه‌موو هزر و فیکرێکی سیسته‌ماتیکیدا ده‌ور ده‌گێڕن؛ شه‌به‌ق له‌و خاڵه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌دا که هونه‌ر ده‌بێ له هه‌موو “ئیسم و میسمهکان” تێپه‌ڕێ، واته له هه‌موو هزره نهزمدارهکان، هه‌تا وه‌ک هونه‌ر، وه‌ک هونه‌ری ڕاسته‌قینه خۆی بنوێنێ. به واتایه‌کی دیکه شه‌به‌ق پێشنیاری ئه‌وه ده‌کا، که ئه‌و هزره نهزمدارانه ڕێگری له گه‌شه‌ی هونه‌ر ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت به لاڕێیدا ده‌بن و ڕه‌نگه له هونه‌ری راسته‌قینه دوورمان بخه‌نه‌وه. “هه‌ر به‌ند و رسته و هه‌ر وشه و شێعر و گۆرانییه‌ک، جوانییه‌کی سه‌رنجڕاکێشی ده‌روونی هه‌بوو که ژێیه‌کانی ویژدانی مرۆڤبوونی تۆی هه‌ژاند، که هانی دای به‌ره‌و جووڵه و پێشکه‌وتن، هه‌ر ده‌نگێک که هه‌ستت کرد له دڵه‌وه ڕاهات و راست نیشته سه‌ر دڵت، هه‌ر هاوارێک بانگی کردی تا له سته‌م یاخی بی و قه‌ت کۆڵ نه‌ده‌ی، هه‌ر هێمایه‌ک که هانی دای تا له خۆڕادیۆ و شاد و دڵخۆش و سه‌رفراز بی، هه‌ر نیشانه‌یه‌ک که نه‌هی کردی تا ویژدانت نه‌فرۆشی و به‌ها ئینسانیه‌کانی خۆت له ده‌ست نه‌ده‌ی، بزانه که ئه‌وه رێک خودی هونه‌ره، هونه‌ری به‌رگرییه”(لاپه‌ڕه ٤٤). من له‌م چه‌ند ڕسته‌دا خه‌سڵه‌تی هونه‌ر، فه‌لسه‌فه، ئایین، خورافات و زۆر ژانڕی دیکه‌ش به‌دی ده‌که‌م، به‌ڵام خاڵێک که بۆم سه‌رنجڕاکێشه، ده‌سته‌واژه‌ی به‌رگرییه. به‌رگری له ویژدان و مرۆڤبوون نه‌ک هه‌ر به‌جێ و زه‌رووره، به‌ڵکه حه‌یاتییه، هه‌ربۆیه ژانڕی فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی بایه‌خی پێده‌ده‌ن. به‌ڵام لێره‌دا چۆن ده‌توانین که جیاکاری نێوان ئه‌و ژانڕانه بکه‌ین که هونه هه‌موو شت بێ، ئه‌ی کارێک که دوور له جه‌وهه‌ری هونه‌ر بێ چۆن پێناسه ده‌کرێت. چ کارێک و چ داهێنانێک و چ په‌یامێک و چ تابلۆیه‌ک هونه‌ره و به پێچه‌وانه‌شه‌وه چ شێعر و چ نیگارێک و چ کارێکی ئه‌ده‌بی جیلوه‌ی هونه‌ری تێدا نییه؟ شاعێر له لاپه‌ڕه‌ی ٤۵دا ده‌نووسێ که ته‌نیا دوو دانه “ئیسم” له ژانڕی هونه‌ردا جێگایان ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش رئالیسم و رۆمانتیسم”. ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه هه‌م له فه‌لسه‌فه‌دا و هه‌م له زۆر شاخه‌ی زانستی دیکه‌دا ده‌ور ده‌گێڕن و هه‌ردوو لا یا باس له نه‌زمێکی فیکری تایبه‌ت یاخۆ باس له قۆناغبه‌ندی دیارده و مێژوو ده‌که‌ن. شه‌به‌ق بۆیه له چوارچێوه‌ی ژانڕی هونه‌ردا جێگا به‌و دوو ده‌سته‌واژه ده‌دا، چونکه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ته‌نیا واقع و خه‌یاڵن که ده‌مێننه‌وه و به‌رده‌وام له گه‌ڵ بوونه‌وه‌ری مرۆڤدا هاوڕێن. “دۆستانی من! راسته که هه‌نووکه سته‌مکاریی و ریاکاریی و گهندهکاریی باوه. راسته که ئێستا باو باوی ڕێوییه و شێری بێشه هه‌نگاوی شل و خاوه. به‌ڵام ئه‌مه دۆخێکی کاتییه و تێده‌په‌ڕێ.” من له‌لام ڕوون نییه که ئایا ئه‌م په‌یام و ئه‌م ورهبهخشینه ئه‌رکی سه‌ره‌کی هونه‌ره، هونه‌ری به‌رگری، یاخۆ ئه‌م شێوه هیوابه‌خشینه به زۆر لایه‌نی دیکه‌ی هزر و زانست باشتر وه‌ڵام ده‌درێته‌وه یانا؟ مه‌گه‌ر ئه‌و خولیا و ئه‌و بۆ پێشه‌وه روانینه ئه‌رکی فه‌لسه‌فه نییه، فه‌لسه‌فه‌یه‌ک که دۆخی ڕابردوو و ئێستا به باشی ده‌خوێنێته‌وه و هاوکات هه‌نگاوێکیش بۆ پێشه‌وه باز ده‌دات و له سه‌ر بنه‌مای لۆژیک هێڵکێشی جیهانێکی دیکه و باشتر ده‌کات. کاتێک شه‌به‌ق بۆ سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی هیوا له چوارچێوه‌ی واتای واقع و خه‌یاڵدا په‌نا ده‌باته به‌ر کۆپله شێعرێکی شاعێری ئه‌مریکی “لنگستۆن هیوز”، ئه‌وه من هه‌مان بیرۆکه‌م دێته‌وه زه‌ین که به‌هێزترین لایه‌نی هونه‌ر له‌وه‌دایه، ئاوڕ له چارنووسی تاک بداته‌وه، به‌ڵام هونه‌ر هیچ سات ناتوانێت به‌رنامه و پڕۆگرامێکی بۆ ژیانی باشتر و بۆ داهاتوو پێبێ. ئه‌و کۆپله شێعره ئه‌مه‌یه: (هیواکانت له ده‌ست مه‌ده. چونکه ئه‌گه‌ر هیواکانت له ده‌ست بده‌ی، دنیا وه‌ک بیابانێکی رووت و به‌ره‌هووتی لێدێ). ئه‌م رسته ده‌کرێ رسته‌یه‌کی ئایینی بێ، رسته‌یه‌کی ئێسۆتیریک بێ، به‌ڵام رسته‌یه‌کی لۆژیکی و رسته‌یه‌کی واتا هه‌ڵگر نییه که بۆ تۆ و بۆ من و بۆ هه‌موو که‌س مانابه‌خش بێ. ئایه ئه‌مه هونه‌ره؟ شه‌به‌ق له لاپه‌ڕه‌ی ٤٧وه ده‌په‌رژێته سه‌ر پرسی کورد و پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری به‌رگریی و شۆڕشگێڕانه‌ی کوردی. پێش هه‌موو شت زۆر سه‌رنجڕاکێشه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له سه‌ده‌کانی ڕابردوودا شاعێری زۆر به توانا و کاریگه‌ری بووه، به تایبه‌ت له بازنه‌ی هونه‌ری به‌رگرییدا، به‌ڵام له لایه‌نی فه‌لسه‌فه و تیئۆری سیاسی و کۆمه‌ڵناسییه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ژار ماوه‌ته‌وه؛ خۆی ئه‌مه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه، ئه‌م دیارده ئاستی خوێنده‌واری و فه‌رهه‌نگی نووسین و داڕشتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێناسه ده‌کات. شه‌به‌ق له مامۆستا گۆرانی شاعێره‌وه ده‌ست پێده‌کا، بڕێک له شێعری “به‌سته‌ی نه‌به‌ز” ده‌خاته به‌رچاو، شێعرێک که باس له زیندان و ئاسۆ و خه‌باتی به‌رحه‌ق ده‌کا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوی ڕه‌خنه‌وه بۆ ئه‌و شێعره بڕوانین، بێجگه له باس کردن و وێناکردن هیچ وزه‌یه‌کی گۆڕانکاری بۆ داهاتوو ناخاته به‌رده‌م، من هیچ ئه‌رکێکی ڕۆشنگه‌رایی تێدا به‌دی ناکه‌م. لێره‌دا ناچار ده‌بم، ئاوڕ له دوو هێڵی سه‌ره‌کیی کۆمه‌ڵناسیی بده‌مه‌وه، هێڵێکیان ته‌نیا پێناسه ده‌کات و دۆخی واقع به شیاوترین و به وورده‌کارییه‌وه ده‌خوێنێته‌وه، واوه‌تر تا ئێره ده‌ڕوات و ده‌ڵێ، له پێناسه‌کردن و دۆخ خوێندنه‌وه‌دا هه‌موو لاوزی و ناساخییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌خه‌مه ڕوو. به‌ڵام ڵایهنهکهی دیکه به‌و شێوه مێتۆده ڕازی نییه و ده‌ڵێ، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ژانڕی کۆمه‌ڵناسی کۆمه‌ڵگه گۆڕینه. کاتێک که من ناساخی و گه‌شه هه‌ڵه و نه‌رێنییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به باشی ده‌خه‌مه به‌رچاو، ئه‌وه ده‌توانم ڕیگایهکیش بۆ گۆڕانکاری و بۆ داهێنانی تازه هه‌ڵبژێرم. بۆ وێنه ئه‌م لایه‌نه که به‌رده‌وام بۆ گۆڕانکاری هه‌وڵی داوه به ناوی کۆمه‌ڵناسی ئاڵمانییه‌وه “کارڵ مارکس” ناوی ده‌رکردووه؛ ئه‌گه‌رچی مێتۆد و سه‌بکی داڕشتنی ئه‌و تیئۆرییه بۆ بیرۆکه‌کانی فه‌یلسووف “هێگل” ده‌گه‌ڕێته‌وه. کاتێک من له لاپه‌ڕه‌ی ٤٩دا سه‌رنجه‌کانی شه‌به‌قم سه‌باره‌ت به مامۆستا هه‌ژار خوێنده‌وه، به‌شێکی زۆری وه‌ڵامه‌که‌ی خۆمم وه‌رگرته‌وه. ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه هه‌ندێ شت ده‌سه‌لمێنن: “کتێبی “بۆ کوردستانی” هه‌ژار هه‌ڵده‌یته‌وه، له که‌م جێگا تووشی شێعر و هۆنراوه‌یه‌ک ده‌بی که بۆنی به‌رنگاریی پێوه نه‌بێ. هه‌ژار هێنده له شێعری به‌ره‌نگاریی و فیکری به‌ره‌نگاریدا قاڵ بوه‌ته‌وه که به راستی دیدی خۆی هه‌ژار کردووه و ئه‌و کاتانه‌ی که ئاگره تونده‌که‌ی ده‌روونی هه‌ڵیگرتووه ره‌کیفی له ده‌ست ده‌رچووه و ته‌نانه‌ت په‌لاماری خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ی تریشی داوه”. ئه‌م شێوه کێشه و ئه‌م شێوه موتڵه‌ق بیرکردنه‌وه، یاخۆ یه‌ک روانگهییه ئێخه‌ی زۆر بیرمه‌ند و شاعیری گرتووه؛ مێژوو پڕه له‌و جۆره دیاردانه. من ئه‌وه‌نده “هه‌ژار”– ناس نیم، هه‌تا بتوانم هاوڕای شه‌به‌ق بم، به‌ڵام خاڵێک که لێره‌دا بۆ من زه‌رووره ئه‌وه‌یه، هونه‌رێک که یه‌کلایی بێ، واته هونه‌رێک که ته‌نیا هونه‌ری به‌رگریی بێ، خاڵی لاوازی زۆر ده‌بێ. پاشان هونه‌ر نابێ و ناکرێ ته‌نیا له دۆخی به‌رگریدا خۆی ببینێته‌وه، ئه‌گینا قین و توڕه‌یی، جا ئه‌وه‌ش هه‌ندێ جار به‌رحه‌ق و هه‌ندێ جاریش به‌ناحه‌ق ده‌بێ، زۆر وزه و پۆته‌نسیالی ئه‌رێنی له ناو ده‌بات. هه‌ر بۆیه به شیاوم زانی که ئه‌م چه‌ند دێڕه له گه‌ڵ سه‌ر تیتری داڕشتنه‌که‌ی کاک حسه‌ین شه‌به‌قدا رووبه‌ڕوو بکه‌مه‌وه. خاڵێکی دیکه که من له فه‌رهه‌نگی کورددا ده‌یبینم و ته‌باییم له گه‌ڵیدا نییه، ئه‌وه‌یه که زۆر شاعیری کوردی زۆر لێهاتووانه ته‌نیا باس له هه‌ژاریی و به‌دبه‌ختیی کورد ده‌که‌ن، زۆر جار ته‌نیا باس له‌وه ده‌کرێ که چه‌نده کراوینه قوربانی و چه‌نده داماو و چه‌نده چاره‌ڕه‌ش بووین. من خۆم زیاتر تهمایلم به‌ره‌و ئه‌و نووسراوه‌و ئه‌و ده‌قانه ده‌ڕوات که وره‌به‌خشن، یاخۆ زیاتر هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌خۆ بێین و چیدیکه باس له چاره‌نووسی ڕه‌ش و چیدیکه باس له داماویی نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌که‌ن، به‌ڵکه ئاسۆیه‌ک و داهاتوویه‌کی جوان و باشتر نیگارکێشی و وێنا بکه‌ین که شایسته‌ی ئه‌وه بن به‌ره‌وپیریان بڕۆین. بۆ وێنه مێژووی نه‌ته‌وه‌ی جووله‌که زۆر ئاڵۆزتر و زۆر دژوارتر و زۆر پڕ له کاره‌ساتتره هه‌تا مێژووی کورد، به‌ڵام ئه‌وان داهێنه‌ری گه‌وره‌ترین بیرمه‌نده‌کانی جیهانن که نه‌ک هه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی خۆیان خزمه‌تیان کردووه، به‌ڵکه شاکاری مه‌زن و بێهاوتایان به ته‌واوی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیی به‌خشیوه. شه‌به‌ق به ئاماژه‌دانی به ۵٠٠ ساڵ ژێرده‌ستبوونی کورد (لاپه‌ڕه ۵٠)، هه‌وڵ ده‌دات که مه‌شروعیه‌ت به‌وه بدا، که شاعێرانی کورد، هه‌ر له پیره‌مێرده‌وه هه‌تا ده‌گاته ره‌حیم لوقمانی، فه‌ریدون ئه‌ڕشه‌دی و بێبه‌ش، هه‌موویان له به‌ره‌ی هونه‌ری به‌ره‌نگارییدا چالاک بوون و ته‌نانه‌ت ناچار بوون که خۆیان له‌و پرسه لانه‌ده‌ن. بێگومان من تا راده‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا هه‌م که هونه‌ری به‌ره‌نگاریی هاوشێوه‌ی هێما و ئیده‌ئالێک بووه‌ته، یاخۆ کراوه‌ته ڕێچکه‌ی سه‌ره‌کیی و هه‌موو هونه‌رمه‌ندێکی به تواناش خوازیاری ئه‌وه بووه که له‌و هێڵه‌دا جێگه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی وه‌دیار بێ. به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و تێبینی و ڕه‌خنانه‌ی که تا ئێستا باسم کردن و ئاماژه‌م پێدان، له لاپه‌ڕه‌ی ۵٢دا له ته‌ک چه‌ند دێڕدا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه که به پێی تێگه‌یشتنی من ده‌قاوده‌ق هه‌مان واتا ده‌گه‌یێنن، که من به خولیا و ئاواتی تاکی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م و ڕنگه ژانڕی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی بتوانن به باشترین شێوه وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه، یاخۆ به باشترین شێوه پێناسه‌یان بکه‌ن و بیانخه‌نه چوارچێوه‌ی ڕێزمانه‌وه. “له هونه‌ردا به‌ڵام، به گشتی ره‌مز و رازێک، حه‌ز و خوازێک، خه‌ون و خه‌یاڵێک، هه‌ست و هه‌وایه‌ک و ده‌رد و ده‌وایه‌ک و دووڕڕ و گه‌وهه‌رێک هه‌یه، که نه‌گۆڕ و گشتیی و ئه‌به‌دیه”. منیش زه‌رووره‌تی هه‌بوونی ژانڕی جوانیناسی و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب رێک له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌دا ده‌بینم، رێک ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌یه که ئه‌و ژانڕه بۆ بواری فیکر و ئه‌ندێشه به سوود و پڕ بایه‌خ ده‌کات. شه‌به‌ق ئاماژه به کۆمه‌ڵێک هۆنراوه و سرود ده‌دات که به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی به توانای کورد گوتراون و کاریگه‌رییان له سه‌ر یه‌ک دوو جیل داناوه. “گۆمه‌شینی” ئه‌حمه‌د بازگر، “ده‌لالۆ هه‌سته‌وه‌ی” شێرکۆ بێکه‌س، “ئاگره سووره‌ی” نه‌که‌رۆز و “کینه‌م–ی” به ده‌نگی شوانپه‌روه‌ر؛ هه‌موو ئه‌و سرودانه له بواری هه‌ست بزواندن و جه‌ماوه‌ر کۆکردنه‌وه له ده‌وری بیرۆکه‌یه‌ک کاریگه‌ربوون؛ واوه‌تر زۆر ڕوونه که بیر و هزری سیتسهماتیک و ره‌خنه‌گرانه تێگه‌یشتنی ده‌وێ، هه‌زمکردنی ده‌وێ و ئه‌رک و ماندووبوونی زۆر زیاتری ده‌وێ، هه‌ربۆیه ئه‌و هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌ی که به رێزمانێکی جه‌ماوه‌ریی ده‌دوێ، ده‌نگ و ده‌ستی به عام و زۆرینه ده‌گات و ئاسانتر له پانتایی کۆمه‌ڵگه‌دا جێگه‌وپێگه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه. ئه‌مه نه به‌ده‌ست که‌مگرتنی ئه‌و ژانڕانهیه وه نه ره‌خنه‌یه‌کی نه‌رێنییه، به‌ڵکه ته‌نیا ئاماژه‌دانه به جیاوازیی نێوان ژانڕه جیاوازه‌کانی فیکر و ئه‌ندێشه‌و هونه‌ر. هونه‌ر هیچ سات ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسه زه‌رووره‌کانی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ بێت، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ش ده‌بێ و پێویسته ده‌رفه‌ت به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ر و ئه‌دب بدات و ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی زانا و زیره‌ک بۆ هه‌رچی باشتر خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت. شه‌به‌ق له لاپه‌ڕه‌ی ۵٤دا به‌ره‌و ڕوانگه‌یه‌ک ده‌ڕوا که به باشی ده‌زانم، ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌دات، که ده‌نگ و لایه‌ن هه‌ن باس له سه‌رده‌می پهسامۆدێڕنیزم ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: ئێستا سه‌رده‌می هونه‌ری به‌رگریی ته‌واو بووه و به سه‌رچووه، ئه‌مڕۆ هونه‌ر ته‌نیا بۆ خودی هونه‌ره. ئه‌وه‌ی که هونه‌ر ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی په‌نجا، شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ری نه‌ماوه، حاشای لێناکرێت، ئه‌وه‌ی که شه‌ڕی جیهانی دووه‌م هاته ئاراوه‌و یه‌کێک له هۆکاره‌کانی قه‌ڵاچۆکردنی هونه‌ر بوو، ته‌واو به درووستی نازانم. بێگومان به باشیی له مه‌به‌ستی مرۆڤدۆستی و هومانیستی به‌ڕێز شه‌به‌ق ده‌گه‌م، به‌ڵام هۆکاری شه‌ڕی جیهانی دووه‌م زۆر ئاڵۆزتره له‌وه‌ی که به دهنگکپکردنی هونه‌ریه‌وه گرێی بده‌ین؛ ڕه‌نگه ئه‌م ناکۆکیه‌ش دیسان بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هونه‌ر به شێوه‌یه‌ک پێناسه کراوه که زۆر شتی گرتۆته‌وه، هونه‌ر چیه و چی هونه‌ر نییه، ئه‌م پرسه یه‌ک لایی نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی له سه‌رده‌می مۆدێڕنی پاش مۆدێڕنه‌دا ده‌ژین، ئه‌گه‌رچی له سه‌رده‌می به تاکبوون و نیسبیکردنه‌وه‌ی ئیخلاق و ڕوانگه و هونه‌ردا ده‌ژین، هێشتا هه‌ر پێناسه و جوداکاری ده‌ور ده‌گێڕێ، هه‌موو ده‌قێک ده‌قی فه‌لسه‌فیی نییه و هه‌موو وێنه و داڕشتنێک شێعر نییه. هه‌ربۆیه من ڕیز له‌و داڕشتنه‌ی کاک حسه‌ین شه‌به‌ق ده‌گرم که به رێزمانێکی جوان و پاراو نووسراوه، که ئاماژه‌ی به زۆر لایه‌نی زه‌رووری هونه‌ری به‌رگری داوه، واوه‌تر کاکڵی داڕشتنه‌که مرۆڤدۆستی و پشتگیری له نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست و چینی چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه. به‌ڵام کاتێک هونه‌ر خۆی ته‌نیا له رۆڵی به‌رگرییدا ببینێ، ئه‌وه خۆی له زۆر لایه‌نی جوانی خۆی بێبه‌ری ئه‌کات. هیچ ده‌ق و نووسراوه و هیچ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی و شێعر بێلایه‌ن نییه، هه‌ر سه‌بک و هه‌ر نیگار و ئیده‌ئالێک ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بانگه‌شه‌یه بۆ فیکر و روانگه و دیارده‌یه‌ک. ئه‌وه مرۆڤ و بیرمه‌ند و هونه‌رمه‌ندی ڕه‌خنه‌گره که گوڵبژێری باش له خراپ، جوان له که‌متر جوان ده‌کات. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ری کردن له سه‌ر ئه‌و پێوه‌ر و بڕیاردانه فه‌رهه‌نگ و ده‌رک پێویسته، فه‌رهه‌نگ و ده‌رکیش به پێی کات و شوێن ده‌گۆرێن. با لێره‌دا به‌م چه‌ند دێڕه جوانه‌ی شه‌به‌ق بێمه کۆتایی: “هونه‌ری به‌رگری، به‌رگرییه، له ئازادیی. به‌رگرییه له مافه ڕه‌واکانی گه‌ل، له مرۆڤایه‌تی. هونه‌ری به‌رگری، به‌رگرییه له هونه‌ر خۆی. له هه‌مان کات و له یه‌ک وشه‌دا هونه‌ری به‌رگری سه‌رچاوه و دایکی راسته‌قینه‌ی ئازادی و ئاڵۆگۆڕه”. (لاپه‌ڕه ۵۵). هه‌موو ئه‌و مه‌به‌ست و مه‌رامانه‌ی هونه‌ر جوان و به‌جێن؛ به‌ڵام هه‌موو فه‌یلسوف و کۆمه‌ڵناس و سیاستوانێکی خاوه‌ن که‌رامه‌ت و خاوه‌ن ئیدئال هه‌مان داواکاری و مه‌به‌ست و خولیایان هه‌یه؛ من خۆم له‌و بڕوادام که زانسته مرۆییه‌کان له پرسی ئاڵوگۆڕدا به کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سه و ئامڕازی شیاوتره‌وه چالاکن. به تایبه‌ت فه‌لسه‌فه هاوشێوه‌ی چه‌ترێک به سه‌ر هه‌موو ژانڕه‌کانی دیکه‌دا ده‌ڕوانێ و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که هه‌موویان پێکه‌وه گرێ بدات؛ ئه‌ویش له دونیای ئه‌مڕۆدا که هه‌موو شاخه زانستییه‌کان بۆ سه‌لماندنی زه‌رووره‌تی هه‌بوونی خۆیان له گه‌وره‌ترین هه‌وڵدان خۆیان پێناسه بکه‌ن و ئه‌رکی خۆیان دیاری بکه‌ن. ته‌نیا سه‌رنجێک بۆ لایه‌نه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵناسی زۆر شت ده‌خاته به‌ر چاو، ئه‌مڕۆ باس له کۆمه‌ڵناسی بنه‌ماڵه، منداڵ، ئیش، ئێلیت، خوێندنگه و پێکهاته و هتد..ده‌کرێت، به‌ڵام که‌م کۆمه‌ڵناس ده‌توانن تیئۆریه‌کی به بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تی دابڕێژن. ئه‌وه خودی فه‌لسه‌فه‌یه که به که‌ڵکوه‌رگرتن له ئیشی مه‌یدانیی کۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی و په‌روه‌رده و بابه‌ته ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کان ژێربه‌نای تیئۆرییه کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی خۆی به هێز و پته‌و ده‌کات.
د. هیوا عه‌لیدوست، فیڤریوهری ٢٠٢٣